یکشنبه، 1 تیر 1404
روژان پرس » اخبار » شەبەقێ لە عەوداڵان و ویرایێ لە بنۆڵ

نووسین و لێکۆڵینەوە: ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]

شەبەقێ لە عەوداڵان و ویرایێ لە بنۆڵ

0
کد خبر: 2198

شەبەقێ لە عەوداڵان و ویرایێ لە بنۆڵ

بنۆڵ یا بندۆڵ یەکێ لەو ئاواییە بێ بەشانەی شارستانی سەوڵاوایە و کە ئەگەرچی لە ئێمکانات وکەرەستەی ئاسوودەیی ژیان بە پێی ئاواییەکانی تر بێبەش بووە.
لە داوێنی عەوداڵان وله سێبەری تاشەبەردەکانی پیرباڵەوێن و له قەراخی چۆمی سیروان کانیەک دەتەقێ کە دەبێتە جێ حەسانەوەی هەزاران ڕێبواری تێنوو لەڕێی ئەشکەوتەکانی سووڕن و گاورەوە هەزبێیەک دەڕوێت کە بۆنی هەرنابڕێتەوە و لە هەوارێ لە دەروەن کەڵێم ڕێواسێک باڵا دەکا کە گەڵاکانی قەت زەردنابن.
بنۆڵ یا بندۆڵ یەکێ لەو ئاواییە بێ بەشانەی شارستانی سەوڵاوایە و کە ئەگەرچی لە ئێمکانات و کەرەستەی ئاسوودەیی ژیان بە پێی ئاواییەکانی تر بێبەش بووە بەڵام  لەوپەڕی هەژاریدا هەردەم لانکێ بووە بۆ پەروەردەکردنی زانست و زانا، یەکێ لەو کەڵەپیاوانە ناودارەی ئەم ئاواییە خنجیلانە:
خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا عەبدولعەزیزی ئیزەدیه کە مامۆستای ئازیز و هاوڕێی خۆشەویس بەڕێز دوکتۆر موحەممەدی ئیزەدی کۆڕیان لە دەقێکدا بە شێوەی ژێر ناساندوویه پێمان کە ڕوانین بە ژیاننامەیدا، ڕوانینە بە باڵای  تێکۆشان و ڕەوشت و دڵپاکی.
«مامۆستا مەلا عەبدولعەزیز کوڕی سۆفی موحەممەدڕەزا لە گوندی بندۆڵ سەر بە شارستانی سەوڵاوا لە ساڵی (1347ه/ 1928ز) لە بنەماڵەيێكی خواناس و ئايين‌پەروەر و هەژار، چاوی بە ژیان هەڵێناوە؛ باوكي واتە: سۆفی موحەممەدڕەزا سالارەپیاوێ ئازا و ڕووخۆش و خۆشڕەوشت و شوێن كەوتووی عيرفان و موريدی شێخ عەلائەددینی بيارە بووە؛ دايكيشی بە ناوی پيرۆزخاتوون ژنێکی باوەڕدار و لێهاتوو بووە كە لە تەمەنی مناڵی مامۆستادا كۆچی دوایی كردووە.
مامۆستا هەر لە تەمەنی مناڵی و كاتێ کە هەشت، نۆساڵان بووە، نێردراوەتە مزگەوت و دەستی كردوە بەخوێندنی قورئان و هەر بۆ ئەو مەبەستەش چووەتەوە گوندەكانی تفڵی و گڵيە و لە ماڵی خزماندا ماوەتەوە و لەلای مەلای مزگەوتەوە، فێری قورئانی پيرۆز بووە.
ديارە لای ئەوان، زانست و تەقوا لە هەموو شتێک، گرنگتر بووە، بۆيە لە تەمەنی یازدە ساڵيدا بۆ فێربوونی زانستە شەرعيەكان، بەرەو شوێنە پاک و بێگەردكانی كوردستان (حوجرەكان) كەوتوەتە ڕێ، ئەو حوجرانەی كە هەر چەند بە ڕەواڵەت، ژوورێكی تەسک و ترووسک و تاريکه بەڵام بە واقيع، ڕووناكترين شوێن و كانگاييەكی پڕلە عيلم و زانياری بوونە.
مامۆستا لە مەدرەسە و بارەگای بيارەدا دەستی كردووە بە خوێندنی كتێبی«تصريفی زەنجانی» و كتێبە سەرەتاييەكانی خوێندنی شەرعی، دووای ماوەیێک ئەگەرێتە حوجرەكانی سلێمانی و درێژە بە خوێندن دەدات.
قۆناغی دوهەمی خوێندنی لە شارەكانی سابڵاغ و شنۆ و لاجان و جەڵديان، بووە و لەخزمەتی مەلا و زانايانی ئەو كاتە، كەڵكی باشی وەر گرتووە.
لە قۆناغێكی تردا و لە ساڵەكانی1953ز تا 1957ز ڕوو ئەكاتەوە كوردستانی باشوور و لە سلێمانی و هەولێر و ڕەواندز و گوندەكانی كوليچ و سەرگەڵو و بەرگەڵو و ناووندە و بێشووک و... لە خزمەتی زانايانی سەردەم، بە جوانی بەهرەمەند دەبێ.
دواجار تەشريفی دێتەوە بۆ مەريوان و لە لای مامۆستا سەیید عەتای چۆڕ ئيجازەنامە و بروانامەی عيلمی وەردەگرێ؛ (دواتريش بە كاتي بووە بە مەلای گوندی زەڵم، دوبارە لەلای مەلا موحەممەد بەهائەددينی خورماڵ، ئيجازە، وەردەگرێ.)
ئەوەی كە لێی بيسراوە لە لای زۆربەی مەلا و زاناكانی سەردەمی خۆی، بەشداری وەرگرتنی عيلم و زانياریە شەرعيەكانی كردووە، وەكوو: ماموستا «عبدالكريم مدرس»، مامۆستا سەید عەتای چۆڕ، مامۆستا شێخ جەليلی دەمەيەو، مامۆستا شيخ موحەممەدی خاڵ، مامۆستا مەلا «محمد بهاالدين» خورماڵ و زۆرێک تر لە زانایان (خوای گەورە پلەو پايەيان بەرزتر بكاتەوە).
لە عيلم و گوتاری شيرين و نووسينەوەی بڕێ لە كتێبەكان و پەراوێز و حاشيەكان كە بەسەر كتێبەكانەوە نووسيويەتی، ڕوون دەبێتەوە كە تەمەنی فەقییەتی، مامۆستا، پڕ بووە لە تێكۆشان و وەرگرتنی عيلم و ئايين و خوداپەرستی و كات و تەمەنی خۆی لە شتی بيهوودە و بێ كەڵكدا نەبردوەتە سەر، تا ئەوەی دەسێكی باڵای لە خوێندنی مەلايەتیدا بە دەست هێناوە و لەگەڵ خوادا پەيمانی بەستووە كە تا دواترين هەناسەكانی ژيانی، ئەو ڕێگە پڕ لە خەیرە بەر نەدات.
بۆيە دووای بەجێ هێشتنی حوجرە و لە ساڵی 1960 ز لە زێدی خۆی واتە بندۆڵ  دەبێتە مەلا و پێشنوێژ و بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو ئه ركە گرنگە بە ئەستۆ ئەگرێ و لە ساڵی 1964 ز بۆدرێژەدان بەو ڕێگە و رڕێبازە، تەشريف دەباتە گوندی زەڵم (بناری شارەزوور)، و دە ساڵی ڕەبەق، پێش نوێژ و وتاربێژ و مودەڕيسی حوجرەی ئەوێ بووە و توانيويەتی خزمەتی باشی دينی و ئايينی بكات و سەدان كەس و دەيان مەلای، پەروەردە كردوە و پێ گەياندووە؛ دانيشتوانی گوندی زەڵميش، لەو پەڕی ڕێزدا، ڕێزيان، لێ گرتووە و باوەشی خۆشەويستيان، بۆ كردووەتەوە و لێی بەهرەمەند بوون، ئەويش لەوپەڕی دڵسۆزیدا لە فێر كردن و بار هێنانياندا درێغی نەكردوە.
لەساڵی 1974 ز لە بەر نالەباری بارودۆخی ڕامیاری كوردستان، تەشريفی بردوەتەوەبۆ  ئێران و بۆجاری دوهەم، لە گوندی بندۆڵ  دەبێتەوە مەلاو دە ساڵی تری تەمەنی پيرۆزی، بە خزمەتی هەمەچەشنە و هەمە لايەنە دەباتە سەر.
لە بەهاری 1984 ز بە ئامادەيیێكی زياتر و بە ورەیەکی قاییم و ڕۆحیەیەکی پتەوتر، ڕوو ئەكاتەوە تەدريس و وتنەوەی زانياريە شەرعيەكان، و دەگەڕێتەوە گوندی "دەرەتفێ"ی مەريوان، و درێژە بە مەلايەتی دەدا و حوجرە و مزگەوتی ئەو گوندە بە مەشخەڵی تەقوا و عيبادەت و وانە وتنەوە، ئاوەدان دەکاتەوە و فەقيێیەكی زۆر و عاشقانی ڕێگەی خوێندن، ڕائەگرێ کە بێ موبالەغه دەتوانين بڵیین، زۆربەی مەلاكاني ئەمڕۆی هەرێم و كوردستانی ڕۆژهەڵات، لە خزمەتيا خوێندوويانە و بەهرەی عيلم و تەقوايان دەس كەوتووە.
مامۆستا تەمەنی پڕ لەخێر و بێری بەرەو پير بوون دەڕۆيشت و لاشەی تووشی ئازار دەبوو، بەڵام هيچكام لە مانە نە تەنيا كۆسپ و لەمپەريان، لە بەرابەری ئيمامەت و عيبادەت و قورئان خوێندنی و ئامادەبوونی لە مزگەوتدا، دروس نەئەكرد، بەڵكوو زۆرترين كاتی خۆی بۆ ئەوانە دادەنا و بايەخێكی ئێگجار زۆری پێ ئەبەخشی.
مامۆستا زیاد لەوەی هەموو ڕۆژێك و لە دوو كاتی سەر لە بەيانی و دووانيوەڕۆ، دەرسی بە فەقێیەكان وتووە، قورئان و تەفسيری قورئانی زۆر خوێندووەتەوە و هەميشە حەزی لە خوێندنەوەی كتێب بووە  وسيرەی پێغهمبەر و نووسراوەكانی ئيمام موحەممەدی غەزاڵی و كتێبە چاپ كراوەكانی كوردی، كردبوو بە ئاوو خوانی خۆی و خاوەنی خوو ڕەوشتی بەرز و نموونەی هەڵسووكەوتی تەواوی ئيسلامي بووە.
رۆژی  21 / 2 / 2005 ز، بەياني زوو، وەكوو عادەتی هەميشەيی خۆيی ئەگەیێنێتە مزگەوت و پاش نوێژو ئەزکاری بەيانيان و خوێندنی جزمێ لە قورئانی پيرۆز، تووشی جەڵدەی مێشک ئەبێيت و ئەكەوێتەناو جێگە و ماوەیەکی درێژخايەن، ئازار و ئەشكەنجەی نەخۆشين، ئەبێتە مێوانی و ئەويش بە خۆی و بنەماڵەیەکی بە سەبر وخۆڕاگرتن، وەكوو بڕوادارێكی تێگەیشتوو لە گەڵیا مامەڵە ئەكەن.
تا سەرەنجام ڕۆژی يەكشەممە 20 / 7 / 2008 ز دووای چوار ساڵ نەخۆشينی سەخت، دڵە ناسك و بێگەردەكەی لە لێدان، دەكەوێت و ڕۆحی بەرزی بەرەو لای پەروەردگار، گەڕایەوەو و لەگەڵ ئامادە بوونی جەماوەرێكی زۆر لە خەڵكی خۆشەويستی كوردستان، لە گوندی دەرەتفێ مەريوان، بەخاك سپێردرا و ئەدەب و ڕەوەشت و سەڵاحەت و عيبادەتی وەک كەلەپووڕ، بۆ سەرجەم بنەماڵە وقوتابيان و گەلەکەی بەجێ هێشت، هيوادارم ڕۆحی بەرز بێ و ڕێبوارانی ڕێگەی ئەو، هەر لە گەشەكردندا بێ».
سەرچاوەکان: وتووێژێ لەگەڵ مامۆستای خۆشەویست دوکتور مۆحەممەد ئیزەدی کوڕی خواڵیخووشبوو و هەروەها دەقێکی بەڕێزیان
له ڕۆژنام‌ه‌ی ڕۆژانی 5ی گه‌لاوێژی 2724ی کوردی- ژماره 952 بڵاو کراوه‌ته‌وه

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید