عه‌بدولناسر حه‌واری نه‌سه‌ب
عوسمان نیک‌مه‌نش؛ گیانێک له هونه‌ر،کۆته‌لێک له ڕه‌نج و تێکۆشان
ئێمه‌ی مناڵی تینووی ناسینی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند، هه‌رچه‌نده مناڵ بووین به‌ڵام هه‌ستمان به‌وه ئه‌کرد کە ئه‌مان که‌سانێکی‌ترن، جیاوازن و ڕوانگه‌یه‌کی‌تریان هه‌یه و ئامانجیان ته‌نیا هونه‌ر نییه.

کاک عوسمان شیاوی ئه‌وه‌یه کۆڕێکی به‌شکۆی بۆ بگیردرێ و هه‌موو هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌کانی ئێرانی تێدا به‌شدار بن. زۆرتر له 45 ساڵه ئه‌م مامۆستایه سه‌ری داخستووه و به دڵێکی پڕ له سۆزی نیشتمان و گیانێکی پاکی کوردانەوە هه‌وڵ و تێکۆشانی بێ‌وچانی خستووه‌ته خزمه‌ت گه‌ل و نه‌ته‌وه ماف خوراوه‌که‌ی.
نه بۆ ناونیشان و نه بۆ پاره و نه ته‌نانه‌ت بۆ بژێوی ژیانی، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ی کارێک بکات که به‌ر له خۆی که‌س ده‌سی بۆ نه‌بردبێ و وه‌کوو دیارییه‌ک پێشکه‌شی هونه‌ری چێو و په‌یکه‌رسازی بکات. کار له‌سه‌ر چێو له شاری سنه هه‌میشه به‌ناوبانگ بووه، به‌ڵام هیچ که‌س نه‌هاتووه چێو بکات به که‌ره‌سته‌ی په‌یکه‌رتاشی و له‌باتی چیمه‌نتۆ و به‌رد و ئاسن به‌کاری بێنێ، ئه‌م کاره گرینگه له کورده‌واریدا به ده‌ستی مامۆستا عوسمان جێبه‌جێ کرا.
مامۆستا هادی زیائه‌ددینی له قسه‌کانیدا باسی دۆستایه‌تی 45 ساڵه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ کاک عوسماندا به تام و چێژه‌وه گێڕایه‌وه و له به‌شێکیدا ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ی ئاوه‌ها هه‌ڵسه‌نگاند:
“گه‌وره‌ترین پاڵپشتی هونه‌ریی من، به‌وه‌فاترین دۆستم، زه‌حمه‌تکێشترین هونه‌رمه‌ندێ که تا ئێستا ناسیومه و ڕاستگۆترین مرۆڤێک کە به چاوم دیومه.”
من له سه‌رده‌می مناڵیمه‌وه به‌هۆی دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی شێوه‌کار کاک مه‌هدی زیائه‌ددینی شاهێدی دۆستایه‌تی و هه‌وڵ و تێکۆشانی بێ‌وچانی ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه(کاک هادی و کاک عوسمان) بووم، پێموابێ دوو ڕۆژ له هه‌فته ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ی که له په‌نجه‌کانی ده‌ست که‌متر بوون به‌ره‌و ئاویه‌ر و سه‌یرانگا خۆشه‌کانی ده‌وروبه‌ری سنه ئه‌که‌وتنه‌ڕێ و کوڵ و باریان ئه‌دا به شانیانه‌وه و بۆ کاری هونه‌ری و شێوه‌کاری بێ هیچ سه‌یاره و ئامرازێکی‌تر که‌ل و په‌له‌کانیان ئه‌گواسته‌وه. بیرم دێ زۆر جار کاک عوسمان ئه‌و باره قورسه‌ی له کۆڵی کاک هادی ئه‌کرده‌وه و بۆی هه‌ڵئه‌گرت.
ئێمه‌ی مناڵی تینووی ناسینی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند، هه‌رچه‌نده مناڵ بووین به‌ڵام هه‌ستمان به‌وه ئه‌کرد کە ئه‌مان که‌سانێکی‌ترن، جیاوازن و ڕوانگه‌یه‌کی‌تریان هه‌یه و ئامانجیان ته‌نیا هونه‌ر نییه. ئه‌مانزانی کاک هادی و دۆستانی خه‌ریکن ئه‌گه‌ڕێن بۆ ڕێگه‌یه‌ک که بتوانن ده‌رد و ڕه‌نجی گه‌لی چه‌وساوه و به‌ش خوراو و حاشالێکراوی کوردی پێ بخه‌نه به‌رچاوی هاوشارییه‌کان و هه‌موو خه‌ڵکی ئێران.
ڕه‌نگه ساڵی 1353ی هه‌تاوی بووبێت کە کاک هادی له شوێنی ئێستای شاره‌داری ناوه‌ندی سنەدا پیشانگایه‌کی له بەرهه‌مه‌کانی خۆی دانا‌و له‌وێدا ئه‌و بیرۆکە جیاواز و سیاسی و کوردانه‌یه به جوانی ده‌رخستبوو.
ته‌له‌فزیۆن له‌سه‌ر کتێب دانرابوو، خه‌ڵکی به پچه قسه و باسیان ئه‌کرد و مشکێک له درزی دیواره‌که‌وه گوێی لێیان گرتبوو. له‌و کاته‌دا سیخوڕه‌کانی ساواکی شایان، به مشک ناو ده‌برد. پیاوێکی هه‌ژاری کوردت ئه‌دی به ده‌م و چاوێکی ناله‌بار و خه‌فه‌تباره‌وه له شوێنێکدا وه‌ستاوه و چاوه‌ڕێ ئه‌کا بیبه‌نه سه‌ر کار.
هه‌ر له‌و کاته‌شدا کاک هادی په‌یکه‌رێکی به “گه‌چ” له مه‌هاتما گاندی دروست کردبوو، زۆریش جوان و هونه‌ری بوو. من کاک هادیم ئه‌ناسی، به‌ڵام کاک عوسمانم نه‌ده‌ناسی، کاک عوسمان له هه‌ر شوێنێک کاک هادی کاری هونه‌ری ئه‌کرد، ئەویش له لای بوو و پاڵپشت و یاریده‌دەری بوو.
ساڵ هات و چوو، کاک هادی وه‌کوو یه‌کێ له شێوه‌کاره‌کانی گه‌وره‌ی ئێران خۆی ناساند به‌ڵام ده‌نگێک له کاک عوسمان نه‌بوو. کاک عوسمان له‌م ماوه‌یه‌دا وێڕای هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ گوزه‌رانی ژیانی سه‌خت و پڕ له چەرمەسەری خۆی، ده‌ستی له کاری هونه‌ری هه‌ڵنه‌گرتبوو، له‌م ماوه‌یه‌دا بیری له کارێکی تازه ده‌کردەوە. کارێک که هونه‌رمه‌ندانی‌تر نه‌یانکردبوو. لە یه‌که‌م پیشانگای په‌یکه‌ره چێوییه‌کانی کاک عوسمان کە له ساڵه‌کانی حه‌فتادا له یانه‌ی فه‌رهه‌نگی شاری سنە به‌ڕێوه‌چوو، هاووڵاتیان هەموو سه‌رسامی ئه‌و هونه‌ره ناوازه و ئه‌و هه‌موو ڕه‌نج و تێکۆشانه ببوون. کارێکی ساده نه‌بوو، هه‌موو جوانییه‌کان له‌سه‌ر چێو پیشان بدرێ، ئامانج و هه‌ست و بیری کوردانه‌ت به چه‌قۆ له‌سه‌ر کۆته‌ره‌دارێ هه‌ڵبکه‌نی. ئه‌وه بوو که ناوبانگی کاک عوسمان له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا نه ته‌نیا سنه و کورده‌واری به‌ڵکوو ته‌واوی وڵاتی ئێرانی گرته‌وه.
ڕۆژێکیان له بیرمه (پێم وابێ 20 ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر) کاک عوسمانم له‌به‌ر دووکانی خۆم بینی. پێم وت چێوێکم دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌زانم بۆ جه‌نابت باشه. وتی ئه‌یبه‌م و شتێکی لێ دروست ئه‌که‌م. ئێواره‌ی هه‌ر ئه‌و ڕۆژه، چێوه‌که‌ی بۆ هێنامه‌وه که سه‌یرم کرد، ژنێکی کوردم بینی به ڕۆخسارێکی پڕ له ده‌رد و مه‌ینه‌ته‌وه، خوارووی چێوه‌که‌ش که‌وچکی خواردن بوو به شێوه‌یه‌کی جوان و هونه‌رمه‌ندانه تاشرابوو. (ڕه‌سمی ئه‌و که‌وچکه‌م له‌م وتاره‌دا هێناوه) کاک عوسمان سه‌باره‌ت به گه‌لی کورد ئه‌رکی سه‌رشانی به جوانترین شێوه ده‌ربڕیوه. ڕووداو و کاره‌ساته مێژووییه‌کان وه‌کوو هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال، کۆڕه‌وی خه‌ڵکی سلێمانی و هه‌ولێر له ساڵی 1370ی هەتاوی، ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌ندییه‌کان، هاواری دایکی شه‌هید و... هه‌مووی به‌و سه‌رپه‌نجه هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر چێو خوڵقاندووه و به پیشاندانیان له شاره‌کانی کورده‌واری و تاران و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، سه‌لماندوویه که هونه‌ری ڕاسته‌قینه هه‌میشه له گەڵ خه‌ڵک و بۆ خه‌ڵکه و جیا له‌وه‌ی هیچ مانایه‌ک له هونه‌را نییه.
کاک عوسمان له‌باری جوانکارییه‌وه توانیویەتی پله‌کانی به‌رزی هونه‌ر ببڕێ و بگاته لووتکه. کاره‌کانی له‌ژێر ناوی “کۆمه‌ڵه ئاوێنه‌کان” که به جوانترین شێوه له قه‌باره‌ی بچووک و گه‌ورەدا ئاوێنه‌ی به تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و سه‌مبۆله‌کانی کورده‌وارییه‌وه دروست کردووه.
کۆمه‌ڵێک کاری له‌سه‌ر “که‌ڵه‌کێویی کوردستان” کردووه که پێموایه ئاخرین ڕاده‌ی هونه‌ر و خولقاندنی جوانییه‌کان بێت له کاری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌دا.
ئێسته ئیتر که‌س نییه کاک عوسمانی نیک مه‌نش نه‌ناسێت. به ده‌م و چاوی گه‌شاوه و پێکه‌نینه هه‌میشه‌ییەکەیەوە، سه‌فا و پاکی ده‌روونی خۆی به هه‌موومان سه‌لماندووه. خۆی و کاره هونه‌رییه‌کانی میوانی دڵ و گیانی هه‌موو هونه‌ردۆستان و هونه‌رپه‌روه‌رانی کوردستانن و هیوادارم به په‌روه‌رده‌کردنی قوتابیانی، هونه‌ره به‌رزه‌که‌ی بۆ هه‌تاهه‌تای مێژووی سه‌نعه‌ت و په‌یکه‌رتاشی چێو له کورده‌واریدا بمێنێ و ڕۆژ به ڕۆژ گه‌شه بکات.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان- ساڵی پێنجەم ژمارەی 120 شه‌ممە 11ی به‌فرانباری 1395
آدرس کوتاه خبر: