بێدەنگ بووم. دواتر وتم: "ئەمە ماڵی منە." پێ کەنی و وتی: "تۆ شێتیت."
لەسەر جێگەکەم ڕاکشابووم، جەستەم وەک پارچەدارێکی ڕەق لێ هاتبوو. تەنها گوێم لە دەنگی هەناسەم دەبوو کە لە میوزیکێکی ئارام دەچوو. چاوەکانم بە ماندووییەوە سەیری درزی ژوورەکەیان دەکرد؛ درزەکە لە چەمێکی بێ ئاو دەچوو. هەموو شوێنێک بێدەنگ بوو.
مێروولەیەک لەبەردەم درزەکە دانشتبوو ، بە پۆزێکەوە سەیری ناوچاوی کردم و وتی: "هێی! تۆ چی دەکەیت لەپێش ماڵەکەم؟" بێدەنگ بووم. دواتر وتم: "ئەمە ماڵی منە." پێ کەنی و وتی: "تۆ شێتیت." خەریک بوو دەڕۆیشت، داوام لێ کرد بمێنێتەوە، ئەویش ڕازی بوو. لەپێش درزەکە کە ماڵی بوو دانیشت و وتی: "ئادەی بڵێ بڵێ چیت دەوێت. من ماندووم و ناتوانم زۆر دانیشم، دەبێت سبەینێ بڕۆم کارم هەیە."
دەستم بە گریان کرد، گریانێکی بێدەنگ. فرمێسکەکانم وەک منداڵێک کە نایەوێت باوەشی دایکی بەجێبهێڵێت، نەیان ویست بێنە خوارەوە. دەنگم لەناو قوڕگمدا وەک چەقۆیەک قوڕگمی دەبڕی، وەک چۆلەکەیەک کە دەیەوێت لە قەفەزەکەی هەڵبێت. هەناسەم لە میوزیکێکی ئارامەوە بوو بە هاوارێک کە گوێچکەکانی ئازار دەدام.
مێروولەکە بێدەنگییەکەی شکاند و وتی: "تۆ کێیت؟" وتم: "لە جەستەیەکی مردوو دەچم کە کاتێک مێرووەکان لاشەی شی دەکەنەوە، هاوار دەکات." خەمبارییەک ڕووخساری داگرت . پێی وتم: "وەرە بۆ ماڵەکەم." پێم وت: "جێگام نابێتەوە." پێی وتم: "دەتەوێت درزەکە ماڵت بێت؟" وتم: "بەڵێ." پێی وتم: "گەر ببیتە پارچەی بچووک، دەتوانیت ئەم ماڵە بەدەست بهێنیت." هەندێک بیرم کردەوە.
دواتر وتم: "ڕاست دەکەیت، بەڵام دەتوانم ببم بە درزەکە. ئێوە لە مندا نیشتەجێ ببن، چونکە من خۆم درزەکەم. گەر پارچە پارچە ببم، ماڵەکەت دەڕووخێت." مێروولەکە چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک. پێی وتم: "من لەناو تۆدا دەژیم، ئەی هاوڕێ." هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و ڕۆیشت. لە کاتی ڕۆیشتنیدا ئاوڕێکی دایەوە و وتی: "درزەکان ڕووخان نین، ماڵێک دروست دەکەن."
دسته بندی: کوردی
آدرس کوتاه خبر: