سه شنبه، 18 اردیبهشت 1403
روژان پرس » گفتگو » ڕێگاکانی خۆناسی عیرفانی و خۆناسی دەروونی چیە؟

دیمانه

ڕێگاکانی خۆناسی عیرفانی و خۆناسی دەروونی چیە؟

0
کد خبر: 1270

ڕێگاکانی خۆناسی عیرفانی و خۆناسی دەروونی چیە؟

خۆناسینی دەروونی زاراوەیەکە لە دەروونناسیدا بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو زانیاریانەی کە تاک لە کاتی دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیاری «من چۆنم؟» بەکاری دەبات.
ئه‌م پرسیاره که ڕێگاکانی خۆناسی عیرفانی و خۆناسی دەروونی چیە؟ پرسیارێکی جوانە بۆیە سەرەتای دیمانەکەم بەم پرسیارە لەخۆمەوە دەستپێدەکەم؟
رازی شاراوەی (سیر الی اللە) بریتییە لە سەفەرێکی دەروونی؛ لەم گەشتە روحییەدا مرۆڤ بۆ لای خودا گەشتی کردووە. بۆ نموونە پلەکانی پەیژە بێنینە بەر چاوی خۆمان، ئەو کەسەی سەفەر بۆ لای خودا دەکات پلە بە پلە بەرز دەبێتەوە و عروج دەکات و ده‌گاته لووتکە.
خۆناسی زاهیدانە/ باشترین نموونەی عیرفانی زاهیدانە ئیمامی غەزالییە، پیاوێک کە (خوف، ترس) سەرتاپای بوونی ئەوی داگیر کردووە.
لێرەدا مەبەست لە (خوف و ترس) بریتییە لە حاڵەتێکی وجودی، روو بە رووبوونەوەیە لەگەڵ پلەی باڵا. کاتێک مرۆڤ لەگەڵ ئەمرێکی باڵا لە رووبەروو بوونەوەدایە ئەوا وجودی مرۆڤ لە پلەی باڵا ئارام دەگرێت و ئەوەی بەجێ دەمێنێ سام و هەیبەتە، واتە هەیبەتی ئەو ئەمرە گەورە، سەراپای بوونی ئەو داگیردەکات.
مەولانا نموونەی شێر و ئاسکمان بۆ باس دەکات و دەڵێت: کاتێک ئاسک دەبێته نێچیری شێر، ئەوا لە بوونی ئەو ئاسکەدا چ شتێک دەمێنێتەوە؟
خۆناسی ئاشقانە/ عەشق وزەیەکە توانای تێپەرکردن بە مرۆڤ دەدات، وزەیەکە مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە پێ بە سەر دڵی خۆیدا بنێت و خۆپەرستی خۆی وەلا بنێ. قورئانی پیرۆز ئەمە بە واتای هاوکاری ناودەبات (لن تنالو البر حتی تنفقوا مما تحبون) ئێوە هەرگیز ناگەنە پلەی چاکەکاری، هەتا لەو شتانەی زۆر خۆشتان دەوێت نەیبەخشن.
مەولانا دەڵێت: عەشق پزیشک و تیمارکەر و دەوا و شیفایە، ئەویی دەردەی عەشق تیماری دەکات و شیفای دەدات دەردی مەعنەوی و ئەخلاقی مرۆڤە. کەوایە ئەم پرسیارە درووست دەبێت کە ئەخلاقی مرۆڤایەتی لەدیدگای عیرفانیەوە واتای چیە؟
لە کلتوری ئێمەدا ئەخلاقیەتی ئینسانی کە بە ئینسانییەت ناودەبرێت زۆر جێگای سەرنج بووە.
کاتێک ئێمە دەڵێین ئەخلاقیەتی مرۆڤانە، زیاتر مەبەستمان هەمان هەڵسوکەوت و کردار و ئاکار و خووی پەسەندکراوی مرۆڤە. بۆنموونە: راستگۆیی، دەست پاکی، میهرەبانی، دادپەروەری، ئەمانەت‌پارێزی و هتد؛ ئەمانە هەمووی بەشێکن لە ئەخلاقیەتی مرۆڤانە.
بە پێچەوانەوە (دزی، خیانەت، فێڵ و تەڵەکەبازی، شکاندنی بەڵێن، درۆکردن و هتد). ئەمانە کرداری ناپەسەندن لە مرۆڤدا.
ئەوەی کە بە دوای مرۆڤایەتییەوەیە لە هەوڵی نوێکردنەوەی فەزیلەتی ئەخلاق و بەهاکانی ئینسانیەتە. لەوێنەی: (راستگۆیی، کاری شیاو، دەست‌پاکی، وەفاداری بەرامبەر بەڵێن، تەوازع و ساکاریی، نەرم و نیانی، ئارامگرتن، هاوکاری کردن، دادپەروەری، میانه‌ڕەوی، بەخشین، پاک‌دامێنی میهرەبانیی و هتد).
ئەخلاقیەتی مرۆڤانە گشتگیرە، خاوەنی هیچ نەتەوە و کلتور و تەریقەت و ئاینێک نییە، لە تەواوی کلتوری مرۆڤایەتی، بێ دوودڵی کۆی سیفەتە جوانەکانی مرۆڤ کارگەلێکی پەسەندن؛ ئەم سیفەتە جوانانە لە هەموو مرۆڤێکد اهەیە بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە تەنها ئەوانەی بەدوای مرۆڤایەتیەوەن هەوڵی بێدارکردنەوە و ئاشکراکردنی ئەو ئینسانیەتە دەدەن کە لە وجودیاندا دەستی لێنەدراوە و چەقی بەستووە..
بۆیە دیمانەی ئەمجارم لەگەڵ گەنجێکی شاری هەڵەبجەی شەهیدە؛ شاری عیلم و عیرفان، شاری کتێب‌دۆستان. ئەو شاره‌ی بەهۆی شەهید کردنی پێنج هەزار پەپوولەوە ناوبانگی لە جیهاندا دەرچوو، بەڵام وێران کردنی ئەم شارە نەبووە ڕۆخاندنی زانست و زانیاری. ئەو شاره‌ی کە عومه‌ری خاوەر سونبولیەتی و هێمای باوکێکی بەسۆزی بەخشیوە بەشارەکەی. شاری سێو کە ڕۆژ بەڕۆژ ئەدیب و ڕۆشنبیری لەهەموو بوارە جیاوازەکاندا لەخۆی کۆکردووەتەوە و ئەمڕۆیش کەسێک لەم شارەدا هەڵکەوتووە وەک کاک عمران مەزهەر ناسراوە بەعمران ئەستێره.
ئەو گەنجه‌ی کە وەکوو ئەستێرە ئەم شاره‌ی ڕووناک کردووتەوە؛ لاوێکی ڕووح سووک کە هەلسووکەوتێکی تایبەتی هەیە کەبەشانازییەوە ئەتوانم بڵێم کەبۆ پارێزگاکەی خۆی، کەسێکی یەکجار سەرکەوتوو و خاوەن عەقیدەیەکەی جوان و پاکە، کەبۆ ئەم سەردەمە جێگەی ڕێز و ستایشە. با ئه‌ دیمانه‌یه پێکه‌و بخوێنین:
مرزیه خاکی


* لەدوای ڕێز و سڵاو ئەپرسم عمران مەزهەر کێیە؟
- ناوم عمران مەزھەرە ناسراوم بەعمران ئەستێرە، لەساڵی. ١٩٩٥ لە دایک بووم و لە ھەلەبجە دەژیم و نوسەر و خوێنەرم.
بەشی ئایتیم خوێندووە لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان لە سلێمانی؛ لە ئێستاداشدا لە رێکخراوی گولستان مامۆستام و بەرپرسی گروپی دۆستانی کتێبم. کارگێرم لە سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان.

* جیاوازی نێوان خۆناسی عیرفانی و دەروونی چیە؟

- جیاوازی خۆناسی عیرفانی و خۆناسی دەروونی. عیبادەت وەک نمونەیەک لێرەدا ئاماژەی پێدەکەمک:
ماوەیەکی باشە سەرقاڵی پرسی شوناس و پێناسی دەروونی بووم و ڕەنگە چەند بابەتێکیشم بڵاو کردبێتەوە دەربارەی؛ و بە گرفتتێکی هەمیشەیی تاک بە گشتی و گەنج بە تایبەتیم زانیوە و ڕێگەخۆشکەری
دروستبوونی هەرچی کێشەی دیکەشە و لەبەرامبەر ئەمەدا هەمیشە لە ئایندار و عیرفانیانم دەبیست کە مرۆڤ، بە خۆناسی دروست دەگاتە خواناسی حەقیقی و مرۆڤ تاوەکو خۆی نەناسێت هەرچی ئەکات لە کۆشش و عیبادەت هەمووی بۆ خوایەکی ساختەی دەکات یان بە جۆرێک دەرئەنجامێکی وەهای نابێت ئینسان دڵی پێی خۆش بکات.
ئیتر منی ئایینداریش هەمیشە بە شوێن ئەو «خود»ەوە بووم تا بیدۆزمەوە و شتێکم لێ حاڵی ببێ گەرچی زۆر بە تەڵخی باس دەکرا یان بە ناڕاستەوخۆ لە خۆناسی دەروونیدا شتەکە بەم شکڵەیە کە مرۆڤ دەبێت ئاشنا ببێت بە دیوە شاراوەکەی ناو «ناخ»ی خۆی کە بریتیە لە (هەستەکان، بیر و باوەڕەکان و تایبەتمەندیەکان) و هەندێ پۆلێنکاری دیکەش کراوە بۆ هەمان پرس بە جۆرێک هەر دەروونناسێک و جۆرە پۆڵێنێکی دەستنیشان کردووە بە پێێ تیگەیشتووی و سەردەمناسی خۆی و لە خودناسی دەروونیدا ئینسان بە شوێن ئەم پرسیارانەوەیە کە من چیم و ئاستی دەروونیم لە چ ئاستێکدایە و من کێم؟ ئاستی کۆمەڵایەتیم لە چ ئاستێکدایە و سەر بە کوێم؛ واتە پێگەی مێژوویی و کلتوریم چیە؟
بەڵام لە خۆناسی عیرفانیدا مرۆڤی خۆناس بە شوێن ئەم پرسیارانەوەیە کە من کێم واتە بەدیهێنەر و هێزی باڵا کێیە و بۆچی هەم واتە چ کارەم و وەزیفەم چیە لەم زەمینە و بۆ کوێ دەڕۆم؟ واتە کۆتایی ڕیگە کەشف دەکەین، لە ناو کتێبە دینیەکاندا مرۆڤی خۆناس بە عارفبوون گەیشتووە و هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامی بە مرۆڤی پێگەیشتوو یان کامڵ ناویان دەبەن.
ئیقباڵی لاهوری لە وەسفی مرۆڤی خۆناسدا دەڵێت: کەسێک کە خۆی دەناسێت لەناو کۆمەڵ و ئاپۆڕادا بوونی نیە و ئازادیشە، وەک مۆمی ناو بۆنەکان وەهایە تاک و قەشەنگ لە ناو هۆڵێک و ئاهەنگدا و ڕوناکیەکەشی بۆ ئەوانەیە کە لە هۆڵی ئاهەنگەکەدان.

* دۆزینەوەی ئایین کەڵک و سوودی چیە بۆ مرۆڤەکان؟

- دۆزینەوەی خودی ئایین، کەڵک و سوودی ئەوەیە کە ئینسان ئازاد دەکات لە شەڕ و مەشاکیلەکانی نەفسی و ئەم خودە لەگەڵ نەفسی ئینسان هەردووکی جیگەیان دەروونە دەکەونە شەڕێکی بەردەوام و قورسی دەستەویەخە و کاری ئیرادەی ئینسان لێرەدایە کە شەخسیات و مامەڵەی ئەو کەسە دیاری دەکات کە بە کام بارا ژیان بکات.
کاری عیبادەت،  یان کۆششکردن یان لە هەندێ دیندا بە وەرزش و نازانم یۆگا و ئەو شتانە باسی دەکەن. هەر عیبادەتێک مرۆڤ ئەنجامی دەدات کەڵک و سودی ئەوەیە کە خودی ڕاستەقینە و کامڵ بگەڕێنێتەوە بۆ ئینسان و لە دەست نەفسی ڕزگاری بکات. بیهێنە پێش چاوت ئینسان پەتێکی ڕاستی درێژە، سەرێکی نەفسە بەرەو خراپە و هەڵدێری بانگی دەکات، سەرەکەی دیکەی (خود)ە کە دەبێت بونیادی بنێت و لە دەستی نەفس رزگاری بکات و ئیرادەی ئینسان لەم نێوەندەدایە و کاری ئەوەیە ئینسان بخات بە لایەکدا.

* ڕۆڵی عیبادەتت چیە لەژیانی مرۆڤەکاندا؟

- ڕۆڵی عیبادەت ئەوەیە کە ئینسان بەم نوێژە(دەستنوێژ و ئامادەیی مزگەوت و سوننەت و ئەخلاق و تەواوی کەرەستەکانی نوێژێکی تەواو) کە ئەنجامی دەدات کەمێك لەو پەتە رادەکێشێت بەرەو لای خۆی لەدەستی نەفس کەمتر دەبێتەوە. ئینسان کە بەرەبەیان تا مەغریب خۆی دەپارێزێت لە هەرچی حەزی حەلاڵکراویەتی ئەم کارەی وا دەکات شەڕی نەفسی هەنگاوێک دوور بخاتەوە و هەنگاوێک لە خودی خۆی نزیک ببێتەوە.

* نوێژ کردن چ کارێکی دەروونی لەسەر تۆ وەک مرۆڤێک دیکات؟

- زۆرم فکر لەوە دەکردەوە کە نوێژکردن چ کارێک بۆ دەروونی من دەکات و چ کارێکی بەسەر خۆناسی منەوە هەیە و خودا چ کارێکی بە برسی بوونی من هەیە؟ وەڵامەکەی هەر لای ئیقباڵ دەستکەوت کە ئەم عیبادەتانە ئەو کارە بۆ ئینسان دەکات کە خودی خۆی بۆ وەدەست دەهێنێتەوە و لە شەڕی نەفس ئازاد دەبێت.

* عیرفان چیە و عیرفانی ئیسلامی چیە و خاڵە هاوبەش و ناكۆكە‌كانی تەسەوف و عیرفان چیە و مەبەست لە ئەدەبیاتی عیرفان و تەسەوف چیە؟

- عیرفان بە بۆچوونی من بەدەر لەوەی کە لەناو قورئاندا هاتووە که دەفەرمێت: الذین لاتهم دائمون. واتە ئەو کەسانەی کە بەردەوام لە نوێژێکی هەمیشەییدان. عیرفان واتە نوێژێک بەبێ ئەوەی مرۆڤ لەدۆخی چەمینەوە و سوژدەبردندا بێت. مەبەستم ئەوەیە کەسانی عیرفانی یا خوداعاریفان هەمیشە فکریان بەلای مەعشوقی خۆیانەوەیە. ئەمە بەشێکی سەرەکی عیرفانه و عیرفان ئیسلامییە کە مرۆڤی عاریف هەمیشە لە نوێژێکی هەمیشەییدایە. نوێژیش واتە ئەوەی کە مرۆڤ پیوەندییەک سەقامگیر بکات لە گەڵ خودای خویدا. عیرفان پەیوەندییەکی ئەوین‌ئاسایە لەگەڵ یەزداندا. واتە بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک بەندایەتی خودا دەکەیت و هەرچی بکەیت لەبەر ئەوینی خودا ئەنجامی دەدەیت. وەک بەندایەتی ئەخلاقیاتی دینی وا نییە کە باشە بکە و بچۆرە بەهەشتەوە یا خود خراپە بکە دەچیتە دۆزەخەوە. بەڵام عیرفان دێت و دەڵێت: ئەگەر بەهەشت و دۆزەخ بوونی نەبیت ئەوە خودا هەم شایستەی پەرستن دەبوو. عیرفان مامەڵەیەکی ئەویندارانەیە لەگەڵ خودای خۆشەویستدا. عیرفانی ئیسلامی خودا سەنتەرە واتە خودا بکەری ڕەها عیرفانی ئیسلامییە. ڕوونتر بڵێم بەبێ خودا، نەعیرفان عیرفانە نەدین مانای هەیە.
عیرفانی ئیسلامی پەیوەندییەکە لەخوداوە دەست پێدەکات بەرەو مرۆڤ؛ واتە دەبێت خوداسەنتەر بین بۆ ئەوەی بتوانین مرۆڤمان خۆش بوێت. لەوە باڵاتر ئەوەیە کە: هەتا مرۆڤمان خۆشنەوێت ناتوانین بانگەشەی ئەوینی خودا بکەین. لە عیرفانی هیندیدا نمونە ئۆشۆمان هەیە، عیرفانی ئۆشۆ مرۆڤ سەنتەرە؛ واتە مرۆڤێکی ئازاد بەرهەم دەهێنیت و دڵانە و ئازادانە مامەڵە دەکات. گرنگ ئەوەیە مرۆڤ هەم خوداسەنتەر بیت هەمیش مرۆڤ دۆست بێت.
خاڵی هاوبەش و ناکۆکی نێوان عیرفان و سۆفیگەری وەک شتێکی باڵا و جوان ناوکییەک بوونی نییە. هەرچی ناکۆکی هەیە لەنێوان دین و ئەقل، عیرفان و سۆفیگەری، دیندار و بێدین ئەوە گشتی لەناتێگەیشتووییەوە سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤ کاتێک تێدەگات بەجوانیی و باشی، ئەوە ناتوانێت ناکۆک بێت لەگەڵ هەقیقەتدا. بەڵام بەمەرجێک هەقیقەتخواز بێت.
سۆفیگەری پلەیەکی نزمتری هەیە لەعیرفان. من پلەبەندییەکانت بۆ بەیان دەکەم هەتاکوو تێبگەیت، ئێمە لەناو دیندا چەند دەستەیەکمان هەیە کەدینداری دەکەن، وەک: عابد، بەندە کە هەمیشە بەندایەتی خودا دەکات، زاهید کەهەمیشە پیشەی زوهدگەرایە. واته هەم دونیای دەوێ هەمیش بەهەشت، لەم لاشەوە سۆفیمان هەیە کە: تەزکییەی نەفس و دڵ و دەروون ساف و ڕوون دەکات. هەموو ئەم ڕیزبەندییە بە مەعریفە و ناسین دەکرێت. باڵاترین مەعریفەی عاریفی ئەویندارە، لەدینداریدا عیرفان باڵاترین پێگەی هەیە کە بریتییە لە ئەوین، ئەوین جیاوازە لە مامەڵەی ناوبراوانی پێشوو کە بریتی بوون لە: بەندە، زاهید، سۆفی.
ئەده‌بییاتی عیرفان بریتییە لە دەقی ئەویندارانە، واتە هەر دەقێک کە دەنووسرێت، ئیدی چ هۆنراوە بێت نوێگەریی و کلاسیک یاخود رومان بیت و هتد... هەموو ئەمە مەبەستێکی ئەویندارانەی لە پشتەوەیە. زۆریش جودایه لەدقەکانی تر. دەقی ئەدەبیاتی عیرفان وەک هۆنراوەی مەولانا یا خود مەحوی کە لێوڕێژە لە ئەوین.

* عیرفان چۆن مرۆڤ فێرئەكات كە خۆی بناسێت و لە ڕێگەی عیرفانەوە چۆن خوا بناسێت؟

- عیرفان وەها مرۆڤ فێر دەکات کە بتوانێت بەجوانترین دڵ و دەروون خۆی و خودا بناسێت، بڕوانە ئامانجی عیرفان خۆناسینە، تەواوی عیرفان خۆناسییە. لەشوێنێکدا گوتوومەکە: عەشق و عیرفان نامەحرەمە بەکەسێک کەخۆی نەناسیوە، عەشق و عیرفان بەرهەمی خۆناسینێکی کاملە، خۆناسیی عیرفانی بریتییە لەخاڵیبوونەوەی هەرچی پەیوەستییەکە: دوور ڕاتدەگرێت لە: ڕەزیلەتی نائەخلاقی، عیرفان دێت و خۆمان دەناسێنێتەوە بەخۆمان، ئەمەش پێویستی بەئاگایی و مەعریفەهەیە خۆناسیی و خوداناسی تەواوکەری یەکدین، کە مرۆڤ خۆی ناسی، هەقیقەتی بوونی خۆی ناسی، ئەوە خوداناسیش زۆر ئاسان دەبێت بەڵام بەمەرجێک خاکەڕایی بوونی هەبێت. بۆ نموونە حەللاج گوتی من خودام، ئەو مەست بوو وای ووت . بەڵام فیرعەون لەپەستیی و خۆبەگەورەزانینەوە وەهای گووت، جیاوازی زۆرەلەنێوان مەستی ئەوین و پەستی نائەخلاقی.

* دەوڵەمەندترین ئەدەبی عیرفانی لە ئەدەبیاتی تەسەوفدا چیە؟

- تاکە شتێک لەئەدەبیاتی عیرفانیدا دەوڵەمەند بێت عیشق و مەعریفەیە.مەعریفە ئەوین بەرهەم دەهێنیت، ئەو عەشقەی بەبێ مەعریفە و ئەقل ڕێگا تەی دەکات عەشق نییە، عەشق کاتێک عەشقە کەلەگەڵ ئاگاییی ئەقڵانیی و چاکەی ئەخلاقیی و مەعریفەی باشدا ئاوێتە بووبێت، ئەمەیە دەوڵەمەندی عیرفانی ئیسلامی کە بووەتە عیرفانی جیهانی بەهۆی ئەوین و مەعریفەکەیەوە.
مەعریفە واتە ناسین، مەعریفە کۆی مەعاریفی بەشەرییەتە بەتایبەت عاریفان و ئاقڵان و پەیامبەران، عیرفان ئەقلانییە.
ئێمەی مرۆڤ هەم عیرفانی ئەقڵیمان هەیە هەمیش عیرفانی ئەویندارانە. نمونەی ئیبنی سینا عیرفانی ئەقلانییە، بەڵام مەولانا عیرفانی ئەویندارانەیە، بۆیە عیرفان و دین و ئەخلاق بنەماکەیان ئەقڵ و مەعریفەیە. هەڵبەت ئەقڵ و مەعریفە پاکیزە، ئەو عیرفانەی کە هاودژی ئەقڵە هیچ بەهایەکی نییە. هەمیشە ئەقلانییەت خۆڵقێنەری باشترین مەعنەوییاتە وەک: ئەوین، ئەخلاق و ئیمان.

* جیاوازی نێوان عیرفانی ئەقلی لەگەڵ عیرفانی عەشقی چیە؟

- عیرفانی ئەقڵی بە فکری فەلسەفی بەدەست دێت و  عاریفی ئاقڵ یان عاریفی فەلسەفی زیاتر جەخت دەکاتە سەر فەلسەفە یان پرسی بنەرەتی بوون.
بەس عرفانی عەشقی ئەوەندەش خۆی ماندوو ناکات بە فکری فەلسفی بەڵکوو تەنیا دەچێژێت بە ئەوین.

* کۆتا پەیامی عیرفانی  چیە؟

ئەوەیە کە بڵێم عیرفان دڵداری و ئەوینە، کەشف کردن و خولیایی پشتی حیجابی دینە، مامەڵەی دڵە کە مرۆڤی خاوەن بیر و هۆش بەرو زانین ئەبات، کاری کەسێکە کە ئەیەوێت خۆی بناسێ، و کێ هێناوێتی؟ لە کوێوە هاتووە؟ بۆ کوێ ئەچی؟ کاری چیە؟ دەردێکی شیرینە بێ خەوی و کەم ووتن و بێ دەنگی بۆ مرۆڤ درووست ئەکات. تێڕامانه لەو گەردوونەدایە ئەیخاتە ژێر پرسیارەوە و عەوداڵی حەقیقەتە هەتا نەچێنە بنجو وبناوانی ئۆقرەی نایە. هەموو ئاینەکان خاوەنی عیرفانی تایبەت بەخۆیانن بەپی شەریعەت و مەرجعی خۆیان کاری لەسەردەکەن. عیرفان وشەیەکی عەرەبیە کە بەمانای زانین دیت، و عیرفان مەزهەبی هەرکەسێکە کەتیدا دروست ئەبیت و رۆح و دڵ ڕووناک ئەکاتەوە.
کەوایە ئەتوانم بڵێم: خۆناسینی دەروونی زاراوەیەکە لە دەروونناسیدا بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو زانیاریانەی کە تاک لە کاتی دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیاری «من چۆنم؟» بەکاری دەبات. لەکاتێکدا کە ھەوڵی پەرەپێدانی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدات، کە خۆناسینی دەروونی پێویستی بە خۆئاگاداری و خۆئاگایی بەردەوام ھەیە (کە نابێت لەگەڵ ھۆشیاریدا تێکەڵ بکرێت) و خۆناسینی دەروونی واتە هەوڵی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی باشترین شێوازی ژیان، هەوڵێکە کە لە ژێر کاریگەری هۆکارە بۆماوەییەکان و ژینگەییەکاندایە. هەموو مرۆڤەکان بەدوای بەدەستهێنانی بەختەوەری و کامڵ بووندا دەگەڕێن، بەڵام خۆناسین یارمەتی مرۆڤەکان دەدات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پێوانەکراو و هۆشیارانە خۆی بناسێت، ناسینی خۆت واتە زانینی خاڵە بەهێز و لاوازەکانت، بەرژەوەندی و ترسەکانت، ئارەزوو و خواستەکانت، کە دواجار دەبێتە هۆی ناسینی ئامانجەکەت لە ژیاندا. لە لایەکی ترەوە خۆناسینی دەروونی یارمەتیمان دەدات بۆ ناسینەوەی هەموو شێوازە بیرکردنەوە تێکدەرەکان و خوو ناتەندروستەکانمان و ڕاستکردنەوەیان. بە بەهێزکردنی ئەم لێهاتووییە، دەتوانیت بڕیاری باشتر لە ژیاندا بدەیت و کاردانەوەی ڕەفتاری ژیرانەتر لە بارودۆخە جیاوازەکاندا نیشان بدەین، بە خۆناسی دەتوانین تەندروستی ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتیمان باشتر بکەین. خۆناسی کاتێک گرنگە کە درک بەوە بکەین کە ڕەفتار و هەستەکانمان چەندە پەیوەستە بە بیروباوەڕەکانمانەوە. لە ڕاستیدا هەستەکانمان بەرامبەر بە جیهان و مرۆڤەکان لەسەر بنەمای هەڵوێست و باوەڕی خۆمانە. بۆ نموونە کاتێک کەسانێک درۆمان لەگەڵ دەکەن توڕە دەبین چونکە ئێمە  درۆ بە شتێکی خراپ لە قەڵەم دەدەین. بە بەکارهێنانی خۆناسینی دەروونی، دەتوانین ڕەفتارە خراپەکانمان بگۆڕین. ئەوەی جێگای سەرنجە ئێمە لەسەر بنەمای ئەم بەهایانە حوکم لەسەر خۆمان دەدەین و هەست بە شانازی و ڕازیبوون دەکەین، یان بە پێچەوانەوە هەست بە شەرمەزاری یان لۆمەکردن دەکەین. ڕوونە کە هەستەکانمان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە تەندروستی دەروونی و عیرفانی و ڕۆحیمان. شێوازی بیرکردنەوەمان گرنگترین دیارکەری چارەنووسی خۆمانە.
کەسێک کەلەناو خۆناسی عیرفانی و دەروونیدا بژی خاوەنی هەستێکی ناسک و دەروونێکی پاک دەبێ و شەو و ڕۆژ بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت و سەراسەری حەقیقەتە و لەمەشدا هیچ کاتێک ماندوو نابێت، بەڵکوو بەجۆش و خرۆشتر دەبێت، و هەمیشە هەوڵ ئەدات کەبەهەستێکی پڕ لەسۆز و ناخێکی عەوداڵەوە بژیەت عیرفانی  ڕاستەقینە مرۆڤ لەهەموو ژەنگ و ژارێک پاک دەکاتەوە، ناخی جوان دەکات و دەروونی دەکاتە ئاوێنە و تەواوی ناتەواویەکانی خۆی و خەوشەکانی خەڵکی پێ دەبینێت و کەسی خاوەن دەروون عیرفانی بەختەوەری و بەهرەوەریەکانی خۆی بەئاوێتەبوون بەعیرفانەوە ئەیدۆزێتەوە، و کەسانی عیرفانی بە دونیاپەرستان ئەڵێن ژیانپەرستی لەدڵی ئێوەدا هێلانەی کردووە و هەزارەها بێچووی هەڵێناوە، و دنیا بەشێوەی چوارگۆشەیی لەدڵتاندا لەنگەری گرتووە؛ هەر بۆیە مەعنەویەتتان لەدەست داوە و دووچاری ڕووکەش پەرستی هاتوون. لای خاوەن کەسایەتی عیرفانی عاشقی هەقیقی کەسێکە پشت لە وێنەی رووکاری دونیا دەکات و پشتی هەقیقەت دەگرێت و شەو و ڕۆژ بۆی دەسووتێت و جیهانی عیرفانی  پڕە لەعەشقی هەقیقی و جوانناسی، و لای عارف جوانی لەمانای قووڵ و ڕامان هەڵدەقووڵێ نەک رواڵەتبازی و پوچگەرایی و عارفان دەڵێن پێویستە ئەو زاتەمان خۆش بۆێت کەخۆشی دەوێین، مەبەستی لێرەدا خوایە گەورەیە، هەر ئەمەیە مەولەوی شاعیر دەجۆشێنێ و دەڵێت: گەر زەڕەی شعوور هەیە پێتەوە، کە ووتیان خودا دەبڕێتەوە.

* سپاس بو تێروانیین و شییکردنه‌وه‌کانت هیوادارم دیسان بگه‌ڕ‌ێینه‌وه خزمه‌تتان و لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه له‌مباره بۆ خوێنه‌رانی ڕۆژنامه‌که‌مان هه‌ڵبده‌ینه‌وه.

ئەمەی من باسم کرد دڵۆپێک بوو لە دەریایەک و تەنها دەلاقەیەک بوو بۆ خۆناسینی عیرفانی و دەروونی و بۆ شۆڕەبوونەوە بە جیهانی عیرفانی و خواناسی کە تەنها تامەزرۆشکاندنە و بەس.
کلید واژه ها:
خۆناسی مه‌رزیه خاکی
دسته بندی: گفتگو / کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید