پوختەی وتاری بەرپرسی بونیادی زاگرۆسناسی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کوێستان
نەخشی جەللە کێوەکانی زاگڕۆس لە ژیانی بانووی(فلات)ی ئێران
لە ئێرانیش ئاوەدانیی ناوەندی گەورەی ئێران لەسەر دەستی چۆمەکانی زایەندەڕوود ، کەرخە، کاڕوون، سیروان، تەتەهوو(سیمینەرود)، جەغەتوو(زرینەرود)، کەڵوێ (زابکوچک) و سەدان چۆمیلکە کە ئاوی 83 شار 34 هەزار گوند و نیوەی حەشیمەتی ئێران و نیوەی کشتوکاڵی ئێران ڕاستەوخۆ گرێ دراوە بە ئاوی شاخەکانی زاگرۆس. ئەوە زاگرۆسە کە بە سەخاوەتەوە ئاوی پێویستی ئاوەدانیی فەلاتی ئێرانی لەسەر شانە . ئەوانەی شاخەوان بن دەزانن لە (دەماوەند) کە نەمادی بەرزی و هێمای سەربڵیندی ئێرانە. تەنیا چۆمێکی فەسلی واتە (تەلخەرود)ی لێی سەرچاوە دەگرێ، کە ئەلبورز تەنیا و تەنیا ناوچەیەکی زۆر بەرتەسک و ناوەندێکی چکۆلە لە باکووری ئێران ئاودێری دەکا و هەمووی چۆمەکانی (ئەلبورز) دەڕژێنە دەریای خەزەر هیچ چۆمێکی ئەلبورز نایەتە ناوەند و باشووری ئێران. لێرەدایە گەورەیی زاگرۆس زۆرتر دەدرەوشێتەوە، کە ئاوەدانیی ئێران لەسەر دەستی زاگرۆسە. وەرن بنواڕن بەهۆی جنسی خاکی زاگرۆس، زەوی زۆر ئاو نامژێ و ڕەهێڵە دەبێ بۆ چۆمەکان. ئەو عیلمە زانستێکە باسی ئاڵوگۆڕی چین و توێژەکانی زەوی دەکا لە زاگرۆس بەدیهێنەری ئاوە. ناوچە شاخاوییەکانی(چلچەمە) بەدیهێنەری سێ چۆمی گەورەیە:
1- سەرچاوەی ئاوی قزڵوزان دەڕژێتە سەر(سفید رود) کە لە شاخەکانی مزگەوت و میرزا و سوڵتان و سەرپلەی ساڕاڵ سەرچاوە دەگرێ
2- لە بەرپلەی ساڕاڵ و بەشێک لە شاخەکانی چلچهمه ئاوی کانیاو و بهفراوهکان دەڕژێتە ناوەندی (بەنداوی ئازاد) و ناوەندی سیروان.3333 جەغەتوو(زەرینەرود) و بەشێک لە چۆمەکانی سەرشیو کە دەڕژێتە ناو بەنداوی (لەگزی) یا سەدی بۆکان کە ئاوی پێویستی 4 میلیون ئازەری لە ناوەندی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دابین دەکا. ئەرێ شاخەکان هێمان! پێناسەن! نمادی ئەو سامانە نەتەوەیەیە بۆمان ماوەتەوە. لە شوێنێک ئەوین و ژیان دەبەخشێ و لە شوێنێکی دی نمادی ئوستوورەکانە و ڕەمزی ژیانە و کێو هەموو ئەو مانایە لە خۆ دەگرێ. هەر لەبەر ئەوە ئەگەر سروشت و کێو بە درێژایی ڕۆژگار پارێزگاری لێکردووین، دەبێ ئەوڕۆکە ئێمە پارێزگاری لە ژینگە و کێوەکان بکەین. هەر لەبەر ئەوەیە لێک هەڵاواردنی ژیان و کێو و خۆشەویستی و کورد گەلێک چەتوون بێ. لەگەڵ هەر هەنگاوێک لە کوێستانەکان هێزێکی شاراوە هەیە کە پەیوەندییەکی سەرسوورهێنەری لەگەڵ شانازی و زاڵ بووندا هەیە و ئێمە بۆلای خۆی ڕادەکێشێ. لەگەڵ هەر سەرکەوتن و دابەزینێک، ئازایەتی و سەرفرازی شاخ زیاتر لە ناخمان دەدرەوشێتەوە. شاخەکان جۆرێک ئۆقرەگرتن و هێمنایەتی تێدایە و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆسپەکانی ڕێگای نادیار و زۆر جاریش ڕەواندنی دڵەڕاوکەیەکی دەروون. شاخەکان نەتەنیا وەک بورجی بڵیندی زەوی، کانگای ئاوە. بەڵکوو لە هەزاران ساڵ لەوەبەر کە باوک و باپیرانی ئێمە لە داوێنی شاخەکانی زاگرۆس ئارامیان گرت. شاخ و بەندەن، بوون بە داڵدە و پشتیوان، کە بوو بە ڕازی مانەوە و حاوانەوەمان. کێو بوو بە نیازگا و چیرۆکی لەخۆ بردوویی و ژیان و ئاشتەوایی.
وتەیەکی فیلمسازی بەناوبانگی ڕووس (ئاندرۆ تاروکوفسکی) هەیە کە دەڵێ: ((ئەگەر بە ئیمانەوە و بە سۆز و عەشقەوە دارێکی ویشک ئاو بدەی، ئەو دارە سەوز دەبێتەوە.)) هیوادارم ئێوەی بەو سۆز و ئیمانەوە لە بەرامبەر نیشتماتان دا هەتانە، هەڵسوکەوت بکەن. ئەو کارەی لە دەستتان دێت ئەنجامی بدەن.
جا خۆشەویستانم بزانین زاگڕۆس کوێیە؟ زاگڕۆس وشەیەکی ڕەسەنی کوردییە، واتە زادەی ڕۆژ، یا کوو جێگای ڕۆژ، ئەگەر منداڵێکمان بێت پێمان خۆشە نێوی زاگڕۆسی لێبنێین. هەر لەکێوەکانی (تۆڕۆس) لە سنووری تورکیە کە دوایی دێت و سنووری ئێران لە کوردستان دەست پێدەکات کە بەشێوەی باکووری ڕۆژئاوا (شمال غربی) درێژەی هەیە کە1650کیلۆمێتر بەردەوامە و320 هەتا650 کیلۆمێتر پانایی زاگرۆسە کە 13 پارێزگا لەخۆ دەگرێ و دەڕوا هەتاکوو کێوەکانی (جوپار) لە پارێزگای (کرمان) بەجێدەهێڵێ و خۆ دەخاتە باوەشی (زەریای ئازاد) کە 4 پارێزگای کوردنشین کەوتۆتە زاگرۆسی باکووری (زاگروس شمالی) و نزمترین کێوی زاگڕۆس200میتر بەرزە و بەرزترین کێوەکانی (دێنا) کێوی (قاشمەستان) بە 4460 میتر بەرزایی سەر لە ئاسمان دەسوێ. لە کوردستان کێوی (حەوێخانی) بە3440میتر و شانشین و قۆڵی زڵێخا لە شاخەکانی (چلچەمە) بە بەرزایی 3190میتر چیرۆکێکی مەزن تۆمار دەکەن. قەندیل بە3460میتر تێکەڵاوی ئەفسانە و ئۆستوورەکان بووە. دارەستانەکانی زاگرۆس لە دوای دارستانەکانی (هیرکانی) کە زۆرتر بەڕوویە گەورەترین ناوەندی دارستانەکانی ئێران پێکدێنن ؛ کە 5 میلیۆن هێکتار بەراورد دەکرێ. کە ئەوڕۆکە بەداخەوە بێناز ماوەتەوە و دەسدرێژی بەو سامانە نەتەوەییە لە ئارا دایە.
زاگرۆس وەک دیوارێک لە بەرامبەری هەڵم و هاڵاوی زەریای (مێدیتەرانە) ڕاوەستاوە و هەڵم و بەرەکەتی ئەو دەریایە دەکاتە باڕشت و ئاوەدانی ئێرانی لێکەوتۆتەوە. زاگرۆس لە درێژایی باکوور بۆ باشوور و هەڵکەوتوو لە نێو 3 هەرێمی ویشک لە باکوور و ڕۆژهەڵات و هەرێمی بیابانی گەرم لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوا و هەرێمی نیوە گەرمسێری و بیابانی جنوب و زەریای (عوممان) هەڵکەوتووە. گرینگی زاگرۆس لێرەدایە، کە ئێرانی ویشک و نیوە ویشک نەجات دەدا؛ دەنا ئێران بیابانێکی قاقڕ و گەرمی وەک ( ئیتیۆپی) و (سوودان) دەبوو. ئەوەیە ڕازی سەربڵیندی زاگرۆس!
زاگرۆس یەکێک له کۆنترین و سەرەکیترین شوێنی ژیان، گوورانی(ژیار) بووە. زاگرۆسی سەوز و زیندوو باس لە کۆمەڵێ ژیان ، ڕابردوو ،ڕاپەڕین و ڕامیاری و دیاردە دەکا. میراتی دیکەی زاگرۆس بۆ ئێمە ڕووحی حاوانە و سنگ فراوانی و لێبوردوویی ئایینی بووە. بەتایبەت کانگای ئایین و ئایینزاکانە. کۆنترین ئایینی مرۆڤ کە ئایینی (مێهری)بێ و هێشتا ئاسەواری ئەو ئایینە لە کوردستاندا ماوەتەوە، و کوردەکان میراتگری ئەو ئایینەن. میترا یان خودای ڕووناکی، ژیان و خۆشی بۆ زەوی بە دیاری دێنێ و بە تین و تاوی خۆی سروشت دووگیان دەکا. ئاو بۆ ئاوەدانیی لە ئاسمانەوە بۆ زەوی ڕەهێڵە دەکا و گژ و گیا و دارستان دەڕوێنێ. مزگێنی سەرکەوتن بۆ کەسانێک دێنێ کە خاوەن کرداری چاک و دەسپاک بوون. ئەو ئایینە 1200 ساڵ پێش زایین هەتاکوو دەورانی ساسانییەکان بڕەوی بووە و دواتر لە ئاسیای سەغیرەوە چووەتە ئەورووپا و بەنێوی ئایینی مەسیحی پەرەی سەندووە. ئایینی میترا یان بە گوێرەی مێژووی کارتاژ (مێهری ڕۆمی) دواتر لە قەوارە ئایینێکی نوێ گەشە دەکات و خەڵک باوەڕی پێدێنن و ڕۆژی لە دایک بوونی میترا دەکەنە سەرەتای مێژووی خۆیان. دەکرێت هاوشێوە بوونی ئەم دوو ئایینە لە پێوەندی و ڕەچەڵەکی خودای بنیاتنەرەکەی بدۆزینەوە(میترا خودایە و عیسا کوڕی خودایە). مەسیح گۆڕدراوەی میرا و میترایە؛ بەم چەشنە ساڵڕۆژی لە دایک بوونی عیسا و میترا دەبێتە یەک ڕۆژ لە جیهانی مەسیحی پەسەند دەکرێت.
ڕوحی پێکەوە ژیان و زۆربوونی نەتەوە و ئایینەکان لە زاگرۆسدا هۆکارێکە کە لەژێر سێبەری ئەو، کلتوری زاگڕۆس لە کوردستان شوێندانەر بێ بۆ حاوانەوەی ئایینی. نەتەوەیەکین کە شەڕی ئایینیمان نەکردووە. ئەگەر لە فەترەیەکی زەمانیدا ململانێ و شەڕ و قەیرانی ئایینی هاتبێتە گۆڕێ ، مەودادار نەبووە و لە مەڵبەند و ناوچەیەکی تایبەتدا ڕووی داوە؛ پەلکێش نەبووە و قەت کوردستانی نەتەنیوە. ڕۆژهەڵاتناسی گەورەی ئینیگلیزی(هێنڕی ڕاولنیسۆن) لە دنیای عیلم و زانیاری یەکەمین کەسێک بوو ئەو ڕاستییەی سەلماند. لە ساڵەکانی 1836 زایینی ، ئەو پیاوە زانایە بۆ جاری یەکەم هاتە پێدەشتەکانی زاگڕۆس و لە کوردستاندا بە سینگی تاتەبەردەکانی دیوارەی تاقی بێستوندا وەسەرکەوت و نووسراوەی کەتیبەی داریوشی گەورەی کە بە خەتی بزماری(میخی) بوو؛ نوسخەبەرداری کرد و وەریگێڕایەوە سەر زمانە زیندووەکانی دنیا، کە دەڵێ: بەڕادەی مار و مێروو لە زاگرۆسدا ئایین وەدی هاتووە. (در اینجا بە اندازەی مور و ملخ دین تولید شدە است). ئەو لە جیهان و مەڵبەندێکی گەورەدا هاتبووە ئەو ناوەندەی کوردستان، کە بە شوناسێکی نوێیەوە دەیڕوانیە ئێمە. لە دنیای پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی ئەوڕۆکەدا ڕاکێشانی سەمبولەکان و بیروڕاکان بۆ ڕاستییەکان بەڵگەیەکە بۆ ڕزگار بوون لەدوای بێ مانایی توند و تیژی و عەشق و بیر و ئەندیشەی پێکەوە ژیان بابەتێکی گۆڕانسازە، بۆ سەقامگیر بوون بە شێوەیەکی مۆدێڕن لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوای هەڕەشەکان کە هەردەم ملهوڕانە خەونی ناخۆشمان بۆ دەبینن ، ئەوەش دەکرێ لە مێژووی خۆشەویستی پڕ لە شان و شەوکەتی سەراسەری ئەدەبیات و مێژووی زاگرۆس بەدی بکەین، کە تەنیا مەکۆی ئایین و ئایینزاکان نهبووە بهڵکوو بۆ ئێمەی کورد میراتێکی بەنرخە و ستایشێکە بۆ جوانی. لە زاگرۆسدا بەتایبەت کوردستان بەپێی بەڵگە مێژووییەکان بێشکەی کۆنترین هەڵبەستی خۆشەویستی گۆی زەوییە. بەپێی هەڵبەستە مێژووییەکەی (ئینهێ دۆنا) خاتوو و خودای شیعر بۆ (ئینانا)ی هۆنیویەتەوە، بەڵام چونکە خاوەنێکمان نەبووە لە سنووری جیهانی عیلم و زانایی و ناوشیاری خۆمان میرات و باگڕاوندی باش و بەنرخی خۆمان بە گوێی کەس ناگا و نەمانزانیوە خاوەنداری بکەین. لێرەدایە نەتەوەی یۆنان بەهۆی دەست پێڕاگەیشتنی سەواد و زانایی و کاریگەری خۆیان، بەردەنگی ئەوە دەبن کە یەکەمین هەڵبەستی خۆشەویستی لەلایەن (هۆمێر) هەڵبەسترابێ و ئەوەش شانازییەکە کە نەتەوەیەک بانگەشەی خۆشەویستی بکا و ئەدەبیاتی ببێتە بەشێک لە شوناسی خۆشەویستی. ئەوە لە کاتێک دایە بە شاهیدی عیلم و مێژوو و زانایی، هەزار و حەوسەد ساڵ بەر لە هۆمێر بە پێی بەڵگەی توێژەرانی وەک (سامۆئیل کریمێر)، (دیان فۆڵگشتاین)، کۆنترین هەڵبەستی خۆشەویستی لە هەرێمی زاگرۆس لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان لەلایەن ئافرەتێکی کورد بە ناوی (ئێنهی دۆنا) بۆ خاتوو خودای سامان و دەست ئاوەڵەیی (ئینانا) هۆندراوەتەوە، ئەم بابەتە دەبێتە داڕێژەری ئەدەبیاتێکی نوێ لە جیهان و شێوە ڕوانینێکی تازە لەسەر ژن و عەشق و خۆشەویستی. ئەوەش لە خۆیدا دەبێتە میراتێکی گەورەی فەرهەنگی کە لەو ساڵانەی دواییدا لە نێوان دوو چۆمان (بینالنهرین)دا دۆزراوەتەوە، کە بە زمانی سۆمەری لەسەر تەتەڵەکان ماوەتەوە.
خۆشەویستییەکانم لە تەپووتۆزی ڕێگای پڕ هەودای زەمان، زاگرۆس دەرس و وانەی مێژووییە. لانکەی ژیان و پێکهێنەری بەروبوو و سەروەت و سامانە. حەقایەت و ئەفسانە ، بەیت و باو و گۆرانی، هەڵقوڵاوەی سروشتی زاگڕۆسە. داستانی ئاشتی و پێکەوە ژیانە، بەو هەموو میرات و نیشانی کوردستان کە زاگرۆس بۆی بەجێهێشتووین، دەبێ ببێتە هەوێنی زیندوومانەوە. باوی هەنگاومان خۆشتر بکا بۆ تاوتوێ کردنی بەرهەمە گەورەکانی ژیان. زەوق و سەلیقە پەلکێشی ئاراستە ڕەواکان کات، ڕووگرژی ناڕەواکان بین، ئەزموونێکی نوێ بنیات بنێین؛ بەڵام مەخابن ئەوڕۆکە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و سامانی بێسنوور، دارستانی چڕوپڕ، گوڵ و باڵندە و سروشت و دڵ، پێشێل دەکا. ئاکامی ئەو نەزانین و هەڵەکارییە لە دوایە دەست بە ئەژنۆ دانیشتن، زووخاو خواردن، وشک بوونی دار و دارستان و داڕمانی سروشت لە بەرداشی زەماندا وێران بوونە. مرۆڤ بە سروشتەوە زیندووە. زاگڕۆس پەیکەرەی مرۆڤە. ئەگەر بمانەوێ بمێنین دەبێ لەگەڵ سروشت ئاخاوتن بکەین. ئازای جەستە و هەناوی ئێمە لەگەڵ زاگڕۆس گرێ دراوە، و بەشێکە لە سروشت کە حاشا هەڵنەگرە. ئازیزان بە تەواوی دڵئاوایی و سەخاوەتی زاگرۆس ، بەداخەوە ئەوڕۆکە بەدەست زۆر ئازار و ئێشەوە دەناڵێ لە زاگڕۆس 3 بەرابەری مامناوەندی دنیا بەهۆی لە نێو چوونی بوورە و بەیار و دارستان سوانی(فرسایش) خاک و خۆڵ هەیە! لە 50 ساڵی ڕابردوو تا ئەوڕۆکە ڕێژەی دارستان و بە تایبەت(بەڕوو) نیوە بووە. لە 120 هەزار هیکتاری بوورە و مەراتعی ناوچەی(ساڕاڵ) 10 هەزار هیکتار نەماوە! ئەگەر هەتا 20 ساڵ لەوەبەر ڕادەی کۆڵبەر نەدەگەیشتە گورهانێکی 500 کەسی ، ئەلعانەکە لەشکر، لەشکر کۆڵبەر، یانی بە هەزاران کۆڵبەری دەکا. ئەوە سڕینەوەی مرۆڤایەتییە. (ئیسپانیا400 ساڵ لەوەبەر بۆ هەژاندنی کەرامەتی مرۆڤایەتی لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی لە ئەمریکای ناوەندی وەک شیلی، پڕۆ، ئارژانتین و....) کۆڵبەریی کردبووە قانون و یاسا، تازە ئەوڕۆکە ئێمە بەرە و هەژاریمان دەبەن و تەنانەت بۆ کۆڵبەری گیانی خۆمانیشی لەسەر دادەنێن. مەسەلێکی کوردی هەیە دەڵێ : قسە هەزارە و یەکی بەکارە. بەڵام ئەگەر خەم هەزار بێ ، هەمووی بەکارە، ئەوەیە ئازارەکانی زاگڕۆس....
قسەکانم کۆتایی پێدێنم: بە وتەیەکی بەنرخی نووسەری گەورەی ئیتالیا(ئانتۆنیۆ گڕامشی) لە پانتای بەرێنی گەورەکان بۆ ئێمە بمێنێتەوە کە دەڵێ : ئەگەر چاو لە دنیای واقع دەکەین ئێمە ناهومێد دەبین؛ بەڵام ئەگەر چاو لە هومێد ، ئاوات و دەست و پەنجەمان دەکەین، گەشبین دەبین و بەو ئاواتەوە بژین، کە زاگرۆس ئاوەدان بکەینەوە.
دەستی بەتوانای مرۆڤە، وێرانە ئاوەدان دەکاتەوە. ڕۆڵەی ئەمەگناس میراتی باوکی بەبادا نادا. ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لەسەر زاگرۆس پێنییە.