نووسین ولێکۆڵینەوە: ساسان مۆنفەرێد(بێوەر)
«سوورەتوو» هەوارگەیێ بۆ مێرخاسان/ ژیانی مامۆستا مەلا موحەممەدسدیق ئیبراهیمی
دایکی خاتوون جەواهێرە و ناوی باوکی فەرجۆڵڵایه و لە ڕەچەڵەکی پیرخدری شاهۆن کە زۆربەیان زاناو مامۆستای ئایینی بوونە و مۆمی تەمەنیان لە ڕێگای خزمەت بە ئایین و وڵات کوژاوەتەوە.
نیشتمانی کوردەواری و پێگەی ئایینی هەردەم بێشکەیەک بووە بۆ پەروەردەکردنی ڕۆڵەگەلێکی مەزن وناوازە کە بە کۆچ کردنی زۆرێک لەو ئینسانە پێگەیشتوو و تێگەیشتووانە کەلەبەرێ گەورە بۆ کۆمەڵگا بەجێ دەمێنێ کە تەمەنێکی دووری پێویستە تا ئەو کەلەبەرانە پڕ بێتەوە وبەدڵ هەستمان پێکردووە کە «موت العالم، موت العالم»ە.
یەکێ لەو کەسایەتیە وانەبێژ و خۆشناوانەی وڵات بەڕێز مامۆستا مەلاسدیق ئیبراهیمی سوورەتووە کە لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا پێگەیێ بەرزیان بۆ خۆیان مسۆگر کردووە.
مامۆستا مەلا موحەممەد سدیق ئیبراهیمی سوورەتوو لە ڕۆژی 2ی پووشپەڕی ساڵی 1306ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی سوورەتوو(سوورەتفێ) سەر بە شارستانی سەوڵاوا چاوی بەژیان هەڵێناوە.
دایکی خاتوون جەواهێرە و ناوی باوکی فەرجۆڵڵایه و لە ڕەچەڵەکی پیرخدری شاهۆن کە زۆربەیان زاناو مامۆستای ئایینی بوونە و مۆمی تەمەنیان لە ڕێگای خزمەت بە ئایین و وڵات کوژاوەتەوە. بە پێی شەجەرەنامەیەک کە لە بەردەستدایە لە بنەڕەتدا لە نەتەوەی مەلا جانەئەڵڵای دێوەزناون [مەلاسدیق کوڕی فەرجوڵڵا کوڕی مەلا ئیبراهیم کوڕی مەلا عەبدولکەریم کوڕی مەلاڕەحمان کوڕی مەلاموحەممەد، کوڕی مەلا عومەر مەولوود کوڕی مەڵا جانەڵڵای دێوەزناوی کە مەزارگەی له سەر پیری هەورامانە].
مەلا سدیق لە تەمەنی 12ساڵیدا دەبێ کە بەرگی هەتیوی دەبڕێتە باڵای و ولەلایەن زەعفەران خاتوونی دایە گەورەی دەنێرێتە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان و له ئاوایی دزەوەنی سەرۆ له خزمەت مامۆستا عەبدولکەریم فێری قورئان و کتێبە سەرەتاییەکان دەبێت و پاشان وەک زۆربەی فەقێیەکانی ئەودەم بۆ پاراو کردنی باخی زانستی لە ساڵی 1320ی کۆچی هەتاوی ڕوو ئەکاتە حۆجرەی ئاوایی سیویە و ماوەیێ لە خزمەت مامۆستا شێخ عێماد دەبێ[لەو دەمەیدا خەرجی حوجرەی فەقێیەکانی ئەو ئاواییە وەک ئەڵێن لە لایەن سێ شێخ بەناوەکانی حاج شێخ مۆحەممەد و شێخ ساحێب و شێخ سدیق بووە کە لە شێخانی بەناوبانگی تەرێقەتی قادری بوونە] و پاشان دەڕواتە خزمەت مامۆستا حەسەن لە ئاوایی ماسان لە ناوچەی کامیاران و هاوکات بۆ ئاریکاری لە گەڵ بنەماڵەکەیدا [کاروباری کشت و کاڵ و...] گەڕاوەتەوە زێدەکەی و دوواتر ڕوو ئەکاتە ئاوایی پایگەلان و لەخزمەت مامۆستا مەلا مۆحەممەد ئەمین و مەلا ئەحمەدی ڕیازی فێری زانستی زۆرتر دەبێت[بەوتەی یەکێ لە شاگردانی مامۆستا، بەناوی مەلا مدریک لەشاری کامیاران، لەو کاتەدا مامۆستا گشت نووسینەکانی کتێبی عێلمی مەنتەق(عەبدۆڵڵایەزدی] سەرجەم لە بەربووە و زیرەکانە لەو بۆارەدا شارەزابووە]
مامۆستا مەلا سدێق لە ساڵەکانی 1328و 1329ی کۆچی هەتاوی لە خزمەت مەلا موحەممەد ئەمینی پایگەلان ئیجازەنامە وەر دەگرێت و بۆ خزمەتی زۆرتر بە ئایین(تەدریسی علوومی دینی، قەزاوت و مەسائیلی شەرعی، ئیمامەت و....) ڕوو ئەکاتەوە ئاوایی سوورەتوو(بانگبێژ و مامۆستای ئەو دەمەی ئاوایی سوورەتوو کاک نەسرەددین بێسارانی بووە و دوواتر مەلاسدێق.)
مامۆستا تا ساڵی 1340ی کۆچی هەتاوی هەر له زێدەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە و پاشان بەهۆی کێشەگەلێکی تایبەتی ناچار ئەبێ بە ماوەی دوساڵ بەرەو ئاوایی تفێن کۆچ بکات و لەوێ دەست دەکا بە وانە وتنەوە و لەوێ شاگردانێ وەکوو مامۆستا مەلاتۆفێق قوربانی بزوەشی[ئیمام جومعەی کامیاران بووە پێشتر]، مامۆستا موحسین بەشیری دێوەزناوی[له کامیاران دەژێت]، مامۆستا سەییدجەباری نییەری، مامۆستا عەلی بزەوەشی، حاجی موحەممەد بزوەشی و زۆرێک تر له مامۆستایان پەروەردە دەکات و دوواتر پاش چارەسەرکردنی کێشەکانی لە ساڵی 1342بۆ جارێکی تر دێتەوە ئامێزی زێدەکەی و تاساڵی 1359 لە سەنگەری خزمەت لەو ئاواییەدا دەمێنێت و دوواتر بۆماوەی ساڵێک لە ئاوایی ژریژە دەژێت و پاشان دێتەوە بۆ ئاوایی سوورەتوو دەبێتە ئۆستادی شاگردانێ وەکوو مامۆستا مەلامدریک،مامۆستا مەلا عەبدۆلقادر[کە بەماوەی دەساڵ پاش فەوتی مەلاسدێق پێشنوێژ وئیمامی جومعەی مزگەوتی ئاوایی سوورەتووبووە]، مامۆستا لوتفۆڵڵای دێوەزناو، مامۆستا مۆحەمەد لاوی سوورەتوو وزۆرێک تر.
مامۆستا مەلاسدێق لەو دەمەیدا کە ئاواییەکانی دەوروبەری زێدەکەی مامۆستای ئایینیان نەبووە بۆ خزمەتی زیاتر ڕووی کردووەتە ئەو ئاواییانەو مەراسماتی ئایینی، نێکاح و تەشیع جەنازە، قەزاوەت و... بەڕێوەبردووە و له نێو خەڵکانی ئاواییەکانی دهکانان، تفێن، دزەوەنی خوار وژوور، کانی حسەین بەگ، دێبەر، ژریژە، کوڵیژ، سەروماڵ و کەکڵیاوا و...خاوەن ڕێزێکی تایبەت بووە و ئەمڕۆکەش ناوویادی بەرزەدەنرخێنن.
مامۆستا مەلاسدێقی سوورەتوو لە پاڵی کاروباری ئایینیەوە سەرقاڵی کشت وکاڵ و ژیانێ وەکوو زۆربەی خەڵکانی لادێ نشین دەبێت و لە ماوەی ژیانیدا سێ جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە [بەناوەکانی ئەسماخاتوون کە 5کچ و2کوڕی هەبووە لێ کە دواتر دو کوڕ وکچێکیان کۆچی دوایی کردووە، پاش فەوتی ژنی یەکەمی لەگەڵ هاجر خاتوونی دێوەزناوی ژیان بەسەر ئەبات و لەمیش خاوەنی دومناڵ
ئەبێ کە هەردوکیان لە تەمەنی مناڵیدا کۆچی دواییان کردووە و ژنی دوایینی خاتوون زیوەر مۆحەممەدیە کە لەویش دوکوڕ و کچێکی هەیه کە دوواتر یەکیان بەناوی مامۆستا مەلا ئیسحاق ئیبراهیمی ڕێبازی باوکی جێ ناهێڵێ و خوێندنەکانی ئایینی تێپەڕ دەکات.
مامۆستا مەلاسدێق ئێبراهیمی تاساڵی 1387ی کۆچی هەتاوی هەر لە ئاوایی سوورەتوودا خزمەت دەکات[بۆ ماوەی 57ساڵ بەخۆڕایی]ودوواتر بەهۆی نەخۆشینەوە لە ڕۆژی جومعە 3ی گوڵانی ساڵی 1389ی کۆچی هەتاوی بەرەو هەوارگەی هەتایی کۆچ دەکات و تەرمی پیرۆزی له مەزارگەی ئاوایی سوورەتوو بەخاک دەسپێریێ.
سەرچاوەکان:وتووێژێ له گەڵ مامۆستا ئیسحاق ئیبراهیمی سوورەتوو کوڕی خوالێخووشبوو مامۆستا مەلاسدێق، دەسنووسەکانی مامۆستا مەلاسدێق، شەجەرەنامە و دەقێکی فارسی.
آدرس کوتاه خبر: