سه شنبه، 18 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » شێعر زریانێکه پڕ له هه‌ست

دیمانه‌یه‌کی جیاواز له‌گه‌ڵ مامۆستا «محەممەد ڕەسول»

شێعر زریانێکه پڕ له هه‌ست

0
کد خبر: 1233

شێعر زریانێکه پڕ له هه‌ست

دیمانەکەم کۆتایی پێ دێنم و ئەڵێم: شێعر و پەروەردە بارانی بەهارن، تێنووێتی زەوی مێشک دەشکێنن..
شێعر هەر لەدێرینەوە ڕۆڵی کارای گێڕاوە لەنێو کۆمەڵگەدا؛ جیا نەبۆتەوە لەبابەتە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسی و نەتەوەییەکان. دەکرێ بەشێعر زریانێک لەوەی دەتەوێ بەرپا بکەی.
شێعر واتای چیە بۆچی شێعر ئەنووسین؟ شێعر وەک ژیان فرەڕەنگ و فرەشێوازە، بۆیە فرەجۆر، فرەمانایە و ناتواندرێت لە چواچێوەی لێکدانەوەیەکی هزریدا، بناسێنرێت. زۆربەی ئەو بۆچوونانەی لەبارەی شێعر و ماهییەتی شیعرەوە دەوترێن و دەنووسرێن، دەشێت وەکو بیروڕا یان ئەزموونی کەسێک (شاعیر، یان رەخنەگر) دابندرێن، نەک پێناسەی شێعر و ئاشکراکردنی ماهییەت و جەوهەری شیعر. لەوەتەی شێعر هەیە و تا بمێنێت، بە شێوە و جۆری جیاواز، پێناسە دەکرێت. ئەمەش سروشتی تایبەتی شێعر و سەختیی ناساندنی شێعر پێشان دەدات. بۆیە شێعر لە لایەنی هەستی و عەقڵی بەدوور نییە، بەڵام مەرج نییە بەو جۆرە بێت کەمن وەکوو نووسەرێک  نام هێناوە، و پێم وایە کە شێعر، وەک هونەرێک، دەتوانێت چەندان توخمی لێکجیاواز و پێکناکۆک لەخۆیدا کۆ بکاتەوە.
بۆیە شێعر ناتوانێت بە تەنیا نە تایبەت و هەستی، نە گشتی و عەقڵی بێت. هەروا وەک هونەرێک ئەگەر ئەرکێکی هەبێت، ئەو ئەرکە پەیوەندیی بە جوانی و بوون و مرۆڤ و جیهانی ناوەوەی مرۆڤەوە هەیە.
شیعر، هەروا ئەدەبیات بە گشتی، پێش هەر شتێک زمانە. بەبێ زمان، یان دروستتر بڵێم بەبێ بەکارهێنانی داهێنەرانەی زمان، شاعیر، هەروا نووسەران و بیرمەندان بە گشتی ناتوانن باس لە هزر و خەیاڵ و ژیان و بوون و دنیای تایبەتی خۆیان بکەن. بۆیە هیچ تێکستێک لە دەرەوەی زمان نییە. مانا و جوانیی هەر تێکستێک، ئەدەبی یان فەلسەفی، پێش هەر شتێک لە زمانەکەیدا، یان دروستتر بڵیم لە چۆنییەتی بەکارهێنانی زمان و دەرخستنی جوانیی زمان و توانای داهینەرانەی زماندا دەردەکەوێت. بەڵام پەیوەندیی نێوان زمان و شێعر تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ واتا لەو پەیوەندییە جیاوازترە کە لە نێوان زمان و ژانرە ئەدەبییەکانی ترو جۆرەکانی دیکەی نووسیندا هەیە.
شێعر چڕترین ژانری ئەدەبییە؛ لە‌م رێیەوە زمان، بە پوختەیی و چڕی و بە شێوازێکی جیاواز پێشان دەدرێت، جوانی و راز و سیحرەکانی دەردەخرێن. زمان لە شێعردا، بەهۆی پەیوەندیی هونەرییانەی نێوان وشەکان و مێتافۆر و لێکچواندن و سیمبول و شێوازی دیکەی وێنەی ئەدەبییەوە ، فۆرمی نوێ و توانا و وزەی نوێی دەربڕینی بەبەردا دەکرێت.
لە ئەنجامدا زمان لە ئامرازی دەربڕین و لەیەکتری گەیشتن و گەیاندنەوە، دەگۆڕدرێت بە بواری پشکنین و داهێنان و وێناکردنی جوانی و دەرخستنی هەست و هزری مرۆڤ. بۆیە ئەفلاتۆن رای وایە کە شێعر لە سێ رەگەز یان لایەن پێک دێت: وشە، مۆسیقا و ریتم.
لێرەدا وشە بەواتای زمان دێت؛ چونکە وشە فۆرمی زمانە. زمان لە رێی وشەوە خۆی دەردەخات، توانا و هێزی خۆی و سروشتی فرەڕەنگی و جۆراوجۆریی خۆی پێشان دەدات. زمان بەبێ وشە نییە و نابێت؛ بەڵام زمان هەر وشە نییە، بەڵکو سیستمێکی ئاخاوتن و بیرکردنەوە و ئامرازی گەیاندن و مەیدانی داهێنانی شێعری و ئەدەبی و فیکرییە. شێعر لەودیو زمان و لە دەرەوەی زماندا نییە. بۆیە لەنێو ئەو سێ لایەنەی شیعردا کە ئەفلاتۆن پێی وایە شێعر پێک دەهێنن، زمان هێندە گرنگ و بنەڕەتییە کە مۆسیقا و ریتم (دیارە لەشێعردا) بەهۆی زمان و چۆنییەتیی بەکارهێنانی زمان و بەشیعرکردنی زمانەوە دەردەکەون و دەبن بە بەشێکی ئۆرگانیکیی شێعر.
لەبەر ئەوەیە من ئەڵێم شێعر داهێنانە لە زماندا و لە رێگای چالاککردنی هونەرییانەی زمانەوە، مانا بە خۆی دەدات و بەهانەی بوونی خۆی وەک هونەرێکیسەربەخۆ، دەسەلمێنێت. هەر بە هۆی داهێنان لە زماندا و دەرخستنی راز و جوانی و توانا شاردراوەکانی زمانیشەوە، ماهییەت و تایبەتمەندیی خۆی پێشان دەدات.
ئاشکرایە خەیاڵ و هەست و بیری مرۆڤ لە زمان فراوانتر و بەرینترن. بیر و خەیاڵی مرۆڤ سنووریان بۆ نییە، کەچی زمان چەند دەوڵەمەند بێت، هێشتا سنووردارە. هەروا رادەی زانین و شارەزابوونی مرۆڤ لە زماندا، ئاستێکی دیاریکراوی هەیە.
هەموو داهینانە زانستی و ئەدەبییەکان، خەیاڵ و خولیای پشکنینی گەردوون و چوون بۆ سەرمانگ و ئەستێرەکان، سەرەتا لە بیر و خەیاڵی مرۆڤدا دەرکەوتوون و دواتر لە زماندا جێیان کراوەتەوە؛ یان لە رێی زمانەوە باس کراون و روون کراونەوە و ناو نراون. زۆربەی شاعیران، لە ئەزموونی خۆیانەوە، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە زمان، بەو هەموو دەوڵەمەندی و فراوانییەوە تەسک و سنووردارە و ناتوانێت بە تەواوی خەیاڵ و بیر و هەست و دنیای ناوەوەی ئەوان پێشان بدات.
بۆیە شێعر، وەک هزر و فەلسەفە، دواجار لە فۆرمی زماندا دادەڕێژرێت. بەپێزیی زمان و جوانی و درەوشاوەیی زمان، لە هەر تێکستێکدا، تا رادەیەکی زۆر پەیوەندیی بە شێوازی نووسین و توانای زمانیی نووسەرەکەی و چۆنییەتی بەکارهێنانی زمانەوە هەیە. داهێنانیش لە شێعردا پێش هەر شتێک، داهێنانە لە زماندا، گۆڕینی زمانە لە ئامرازی پەیوەندی و گەیاندنەوە بۆ بواری خوڵقاندن و داهێنان. دوورکەوتنەوەیە لە قالبە سواوەکانی زمان و دۆزینەوەی شێوازی نوێی وتن و دەربڕین.
و پێویستە بڵێم پەروەردە چیە؟
بیرمەندانی بواری پەروەردە پێناسەی جیاوازیان لەسەر پەروەردە هەیە لەژیانی تاک کۆمەڵدا.
«ژان ژاک رۆسۆ» پەروەردە بە کەشتییەک دەشوبهێنێت کە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بکات. ئەو پێی وایە پەروەردە، بنەڕەت وژێرخانێکە کە دەکرێت سەرخانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەسەر دروست بکەیت.
پەروەردە بابەتێک نییە کاتی بۆ دیاری بکرێت وەک وانەکانی ماتماتیک، زانست، وەرزش یان هەر بابەتێکی تر، بەڵکوو پەروەردە بوونی هەیە لە هەموو وانەکان.
مامۆستاکان نمونەیەکن بۆ قوتابیەکانیان و هەڵس و کەوت و شیواز و قسەکردن و ڕێزگرتن لە خۆیان و قوتابیەکانیان و شیوازی وانە بێژی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێ لەسەر قوتابیەکانیان، لە مامۆستاکەیانەوە فێردەبن و دەبێنە بەشێک لە پەروەردە وکەساییەتیان.
پەروەردە پرۆسەیەكی بەردەوامی مرۆڤایەتییە و، هاوكاتە لەگەڵ بوونی مرۆڤ. لە كۆمەڵگه بەرایییەكانەوە تا دونیای هاوچەرخ، پەروەردە خەم و هیوای مرۆڤەكان بووە بۆ بەردەوامیی ژیان و شارستانییەتییەكان. لە هەموو قۆناغە مێژوویییەكاندا مرۆڤ هەوڵی بەجێگەیاندنی پەروەردەكردنی نەوەكانی داوە. هەر كۆمەڵگه‌یەك بە شێوازی په‌روه‌رده‌ی پەسەند و دڵخوازی خۆی پەروەردەی بەئەنجام گەیاندووە. زۆر بیرمەند و نووسەرانی دونیا قسەوباس و لێكۆڵینەوەیان لە پەروەردە كردووە، تیۆریزەی چەندین بیر و تیۆرییان كردووە بۆ ڕێكخستنی پرۆسەی پەروەردەیەكی تەندروست و، چەندین ئامانجی خێرا و دوورمەودا بۆ ئاسوودەیی و پێشكەوتن و هۆشیاریی تاك و كۆمەڵگه، دیاری كراوە.
كۆمەڵگه‌ی ئێمە - كۆمەڵگه‌ی كوردی- پێویستی بەو بۆچوونە فەلسەفییانەیە كە لە ناخی كۆمەڵگه‌كەمانەوە هەڵقووڵابێت؛ بەو بۆچوونە بوێرانەیە كە دەرمانی دەردەكانمان بكات و كێشەكانمان چارەسەر بكات، وەك چۆن لە هەمان كاتدا پێویستمان بە سیستەمێكی پەروەردە و پرۆگرامێكی فێركردن هەیە، كە لە تونایدا بێت لە بواری پراكتیكدا بۆچوونە فەلسەفییە دروست و بەسوودەكان جێبەجێ بكات.
مامۆستا «محەممەد ڕەسول» یەکێکە لەمامۆستا پڕ لەئەزموونەکانی شاری ڕانیە کە دەروازەی ڕاپەڕینە. نووسینی فیکری و پەروەردەیی زۆرترە لە شێعرەکانی کە بۆ خۆی و هاوڕێ و قۆتابیەکانی پەلکەزێرینەیەکە لە ئەم ژیانە پڕ لە نەهامەتیەدا ئەدەڕەۆشێتەوە.
دڵ و هەناوی وەک باران وایە کە هەمیشە بەفیکره جوانەکانی وانەی ڕازاوە ئاراستەی قۆتابیەکانی دەکات و وانە پەروەردەییەکان لەگەڵ شێعردا تێکڵاو دەکات و بەهۆی نووسینە فیکرییەکانیەوە کاریگەری ئەرێنی و گرنگی هەیە لەسەر خەڵک و کۆمەڵگا.
ئەو لەشێعردا تەقلید لەکەس ناکات؛ خودی خۆیەتی و شێعرەکانی ئاوێنەیەکەن لەخۆی.
بۆیە بڕیارماندا لە‌گەڵ ئەم مامۆستا گەنجه‌ دیمانەکەی جیاواز بکه‌ین سەبارەت بەشێعر و پەروەردە.
مه‌رزیه خاکی

* سەرەتا دەکرێت خۆتان بێناسین بۆلایەنگران وخوێنەرانی ڕۆژنامەی رۆژان؟ 
- سڵاو لەخوێنەران و هیوای ڕۆژانێکی خۆش بۆ هەوادارانتان.
من موحەممەد ڕەسوڵ، دانشتووی شاری ڕانیەم  لەدایکبووی ساڵی ۱۹٨۹م ، پیشەم مامۆستایەو نوسەرم.
* محەممەد لەکه‌یەوە دەستی کردووە بەنووسین؟ لەنێو ئەوانەدا ئایا شێعر ئیلهامە؟
- لە ساڵانی 2006 ــەوە دەستم  پێکردووە کلیلی نوسینەکانم کورتە چیرۆک بوو، دوای ئەوە ئیلهامی شێعریم زۆری بۆ هێنام شێعرم هۆنیەوە.
* چە نازناوێکت بۆخۆت هەڵبژاردووە و بۆچی؟
- لەسەرەتادا (ڕەنجـــا) بەڕەنجانم لە ناشیرنی و نادادپەروەری و ناپەسەندی و هەموو سیفاتە هاوشێوەکانیان...
* شێعر چی بەخشیووە پێت؟ 
- بەگشتی نەک هەر شێعر بۆ نووسینەکانم ووتوومە: ئەمەوێ بەهۆیانەوە فرمێسک بڕێژم و ئاسوودەیی بەدەروونم ببخەشم.
* چۆن بوو دەست دایە شێعر نووسین؟
- وەک ووتم بەشێعر دەستم پێ نەکردووە، بەڵام بۆ شێعریش من دەستم نەداوەتە شێعر نووسین ئەو دەستی داوەتە من!
* ئایا شاعیرکان هەموویان عاشقن؟
- بە عیشقەوە ژیان و گیان گەشترە، جا عیشق بە مانا فراوانەکەیەوە. 
* لەشێعردا ژیان چۆن وەسف دەکەیت؟
- ژیان لەوە جوانترە و ڕازاوەترە کە لەدونیای ئاسایی مرۆڤەکاندا بوونی هەیە و ده‌رکی پێ دەکرێت. ژیان لەشێعردا ده‌رکی تێنەگەیشتنەکانە!
* ڕۆڵی ئافرەت لەشێعردا چۆن هەڵدەسەنگینیت؟
- هەر لەسەرەتاوە و لەتەواوی شێعری نوسراوو ووتراویشدا، ئافرەت بەشێکی دانەبڕاو و سەرەکی بووە. 
* زۆرتر خولیای کام شاعیریت؟
- زۆرینەی شێعرەکان و شاعیرەکان گەشتم بەنێویاندا کردووە بەڵام مەحوی و نالی و مەولەوی چێژێکی تایبەتیان پێ بەخشیوم.
* جیاوازی نێوان شێعر و پەخشان چییە؟
- ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی جیاوازی ئەم دووانە بخەینە ڕوو زۆری دەوێت وەک خۆت ووتەنی بەپێی ئەزموونی خۆم بۆتان ڕوون دەکەمەوە؛ شێعر زیاتر زادەی ویژدان و سۆزە، بەڵام پەخشان هۆش و ژیرییە. لەشێعردا ئاوێتەیی(ترکیبی) دەنوێنن دەربڕینەکان بەڵام لە پەخشاندا شیکاری (تحلیلی)، کێش و سەرواش یەکێکی ترە لە جیاکاری شێعر کە لەپەخشاندا مەرج نیە. شێعر شاعیر دەنووسێتەوە بەڵام لە پەخشاندا ئەمە بەدی ناکرێت. 
* ئایا شێعرکانت بڵاو کردووەتەوە؟ و کۆی شێعرەکانت چەندە؟
- لە گۆڤاردا بەردەوام سەردەمێکی بایەخم پێ دەدان دواتر لە نامیلکەیەکی بچوکدا بەناوی (هەستی ڕاستی) هەندێکیانم خستنە بەر دیدی هەواداران. کۆی شێعرەکانم ژمارەیان ڕوون نیە بەڵام دەکرێ بڵێم؛ ژمارەیەکی سێ خانەیی گرتۆتەوە. 
* ئەگەر پێناسەی دایکت بەشێعرێک بکەیت چی ئەڵێیت؟
- بۆم ناکرێت و نەشمکردووە!
* بۆ ئەوكەسانەی تازە ئەیانەوێت دەست بکەن بەشێعرنووسین چەپێشنەهارێک ئەدەیت؟
- نەک هەر تەنها شێعر هەر نووسینێک بێ پێیان دەڵێم: بنووسن و بنووسن. بیر لەوە مەکەنەوە ئەنجامی چی دەبێت و بۆ بڵاو کردنەوە و بینیان مەرج نیە بنووسن.. فشار لە ووشەکان مەکەن... ڕەهاییان پێ بدەن...
* زۆرتر شێعر و نوسینەکانت بۆ کی ئەنووسیت؟
- مادام دەڵێی: بۆ کێ دەتەوێت کەسێک دیاری بکەم، بەڵام نوسینەکانم گشتگیرن و پەیامدارن..
* ئایا خۆشەویستی ڕاستەقینەت لە‌شێعرا دۆزیوەتەوە؟
- لەشێعرا ئاسوودەییم دۆزیوەتەوە، لەشێعرا جوانی و مێهرم دۆزیوەتەوە..
* زۆرتر لەچەبووارێکدا کتێب ئەخوێنیتەوە؟
- بەپێی قۆناغ و ئاستی خۆم لەهەموو بوارەکاندا لەخوێندنەوەدا ئەزموونی چاکم کردووە... گەیشتوومە ئەوەی هەر بوارێک بێت ئاسایی بێت بخوێنمەوە بەڵام لەبواری ( ئەدەبی و فکری و پەروەردەیی) دانابڕێم. 
* ئامانجت بۆ داهاتوو چییە؟
- من لە ئێستادا دەژیم هەمیشە... زۆر کات و بوارەکانم بۆ داهاتوویەک کەناتوانم پێشبینی هاتنی بکەم لەدەست نادەم ، بەڵام هەڵچنین و گوڵچنینم لە ئێستاکانمدا هەیە.
* پەروەردە چیە و کێ لێی بەرپرسیارە؟
- پەروەردە هەم ئەرکە هەم مافە، هەموو بوونەوەرێک بەشێکی ئەم بەرپرسیارییەتیەی لە ئەستۆیە؛ هەریەکە و لەشوێنی و پلەی خۆیدا..
* بەڕای ئێوە وەک مامۆستایەک پەروەردە بابەتێکە کاتی بۆ دیاری بکرێت؟
- پەروەردە لەپێش فێربوونە لەپێش زۆرێک لە چەمکەکانە، پەروەردە فراوانە و یەکانگیر و ئاوێتەیە لەگەڵ هەر شتێک و کارێک و هەنگاوێک.. بەپێویستی دەزانم بڵێم؛ کات لە خزمەتی پەروەردەدایە..
* بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و سەرکەوتوومان هەبێت پێویستمان بەچ شێواز پەروەردەیەکە؟
- هەر کۆمەڵگەیەک لایەنی پەروەردەیی سەرکەوتوو بوو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و سەرکەوتووە، هەر کۆمەڵگەیەک پێویستی بە شێوازێکی پەروەردەیی جیاو و گونجاو بە بنەما و ژینگەکەی دەبێت..
* ڕێگاکانی پەروەردەکردن کامانن؟
- ڕێگاکانی پەروەردە زۆرن و جۆراو جۆرن بەڵام پەروەردەی لەگەڵدا بوون و لەتەک دابوون بەمانایەکی تر پەروەردەیەکی کرداریانە و هاوسۆزیانە و دڵسۆزانە یەکێکە لەڕێگا سەرکەوتووەکانی پەروەردە.
* ئەرکی پەروەردە چییە؟
- ئەرکی پەروەردە تاک بەهێزکردنە، هۆشیارکردنەوەیە، سەرکەوتن بەخشینە، متمانە دروست کردنە، ڕاسپاردەییە، گوێگرتنە، کۆمەڵایەتیکردنە، ...هتد
* ڕۆڵی پەروەردە چیە لەسەر خێزان و کۆمەڵگە؟
- ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەدروستکردنی تاکێکی سەرکەوتوو و هۆشیار و خێزانێکی شاد و بەختەوەر و دواتریش کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو ..
* چەمکی پەروەردەیی چیە؟
- وەک چەمک تا ڕادەیەک دەکرێت بڵێین؛ چەمکێکی فراوانە و فرە ڕەهەندە بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، خۆی لە باڵابوونی مرۆڤ و سەرکەوتن و هۆشیاری و کۆمەڵایەتی بوون و بەهێزکردنی تاکدا دەبینێتەوە..
* مێژووی پەروەردە بۆکەی ئەگرێتەوە؟
- مێژوویەکی دێرین و دووری هەیە هەر لەسەرەتای مرۆڤایەتی و شارستانییەکانەوە وجودی هەبووە و یەکێکە بووە لەبابەتە سەنتەرییەکان..
* ئامانجەکانی فەلسەفەی پەروەردە چیە؟
- ئامانجەکانی دەکرێت کورتی بکەمەوە لەوەدا کە بڵێم: بۆ مرۆڤە و ئاسوودەیی مرۆڤی پێوە وابەستەیە، وەک لە ڕۆڵ و ئەرکی پەروەردەشدا ئاماژەم بە لێکەوتەکانی کردووە. 
* هەڵسوکەووتی باش و خراب چ لێکەوتێکی هەیە لەسەر پەروەردە؟
- هەر خۆی پەروەردە ئیش لەسەر ئەوە دەکات و لێکیان جیا دەکاتەوە و مرۆڤ ئاڕاستە دەکات بەرەو باش و پەسەندەکان.
* بۆچی ئەڵێن هەموو پەروەردەیەک پەروەردە نیە؟
- بێگومان لەهەموو کارێکدا هەنگاوەکانی و ڕێگەی زانین و تەندروستی نەدۆزرێتەوە دەبێتە کوشندەیی بەو ناوەوە..
* پەرەوردەییەکی باش چۆن سەرچاو دەگرێت؟
- پەروەردەی دروست و باش لە دڵسۆزبوونەوە سەرچاوە دەگرێت، لەئەزموونکردن و ڕاوێژ کردن بە ئەزمووندارانەوە، بە خود پەرەپێدان و خوێندنەوە و کۆکردنەوە و هەڵبژاردنی ڕێگە سەرکەوتووەکان..
* لەپەروەردەییدا تا چ رادەیەک پەیوەندیی ماڵەوە لەگەڵ قۆتابخانە و سەردان کردنی دایک و باوکەکان گرنگن؟
- پەروەردە وەک ڕوونە پڕۆسەیەکی هەمە لایەنە، کە واتە پێویستی بەهەماهەنگی و هاوکاری هەموو لایەنەکانە.. بۆ یەک ئامانجی و تێکەڵنەبوونی ئاڕاستەکانیش سوود بەخشە.
* ئامانجی پەروەردەیی و زانستی مناڵ چۆن بەدەستی ئەهێنێت؟
- لەگەڵدا بوون لە تەمەن و قۆناغ و پلیکانە سەرەتاکانی پەروەردەدا هەنگاوەکانی تر پەلکێش دەکات و کار ئاسانی دەکات..  بێگومان هاوسۆزی و دڵسۆزی لێرەشدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
* مامۆستا محەممەد وەکوو شاعیرێک بە بۆچوونی ئێوە ئایا شێعر تایبەتی و هەستیە، یان گشتی و ئەقڵییە؟
- بەڕای من وەک لەسەروەشدا ئاماژەم پێداوە، هەم تایبەتی و هەست و سۆزی تێ دەکەوێ هەمیش گشتگیر و ژیری و فکر و پەیامدار.
* بەمانایەکی تر شێعر ئیحساسی خودیە یا خود رۆڵدار و ئەرکدارێکی گشتی و ئەقڵیە و دەبێت ئەو رۆڵەی خۆی بکات؟
- شێعر دونیایەکی فراوان و فرە ڕەنگە هەم هەست و سۆزی خودییە هەم ئەرکی پەیامداری هەیە هەم ژیر بێژیە..
* زمان چ رۆڵێک دەگێرێت لە دەرهاویشتنی ئەو کڵپەیەی ناوەوەی شاعیردا؟
- زمان هۆکارە بەڵام مەرج نیە هەرچی کڵپە و ناخی نوسەرە پەی پێ ببرێت و زمان تەحەمولی دەربڕینی بکات..
* یەکێک لەشێعرەکانی خۆتان پێشکەش بکە بەخوێنەرانی ڕۆژنامەی رۆژان:
- دەروونم زۆر غەمناکە کاتێ
چـــاو جوانی بین نەبێ ..
وەکو مەلی باڵ کراوەن
ئەویش بەبـاڵ شەیدا دەبێ
دڵ؛ ئەی دڵەی ســۆزداری وجوان
ئەی فەلسەفەی خۆشی و خەمان
جوان و پاکی یادەکانم بەتۆوە بەندە
تۆش هەمیشە ئــاوارە و سەرگەردان
یاد؛ ئەی یــادەی ســـۆمای پڕشنگی
تۆش لەخەمی من خەریکە باڵ دەگریت و
ووردە .. ووردە .. بەجــێم دێــڵی
خـەم؛ ئەی ئەو خەمەی لەباوەشی 
ســـۆزداری ژیــــن چەقێنراوی..
پڕ گریان و فرمێسکن چــــاو
بــــۆ ڕەنجــــانی  یـــادەوەری
* من چەندانە وشەت لێ دەپرسم تۆ پێناسەی بکە بۆم بەوشەی جوان ؟
دایک: ئارامی ژیان
نیشتیمان: هێز و ئیرادە 
هاوسەر: هاوبەش و هاوڕێ و.. هەموو وشە پێشگرە (هاو)ــەکان
عەشق و ئەوین: گەشی و جوانی
سه‌فه‌رکردن: بوونی نیە
مامۆستابوون: دڵسۆزی
دوونیای شێعر: باخچەیەکی ڕازاوە و فراوان
ژیان:  بەخشین + وەرگرتن ..
نووسەر: خزمەتکردن بە ووشە
خۆشەویستی: خۆشی ویستن بۆ یەکتر
هیوا:  مانەوەیە بە بەهێزی
مرۆڤ بوون: ئەرکە و بەردەوامیشە
هاوڕێ: زۆرترین و بەبەهاترین بەرژەوەندیی
قۆتابی: نەوەی داهاتوو 
* ناوی چەند کتێبم پێ بڵێ کە تۆ وەکوو خوێنەرێک سوودت لێ بینیبێت؟
- من سوودم لەهەموو کتێبێک بینیوە هەریەکە و بەپێی خۆی و بەشی خۆی زیانەکانیشیانم لێ فڕێداون نامەوێ بۆ ئەمە هیچ دیاری بکەن بەپێی پسپۆڕی و ئاست و ئەزموونی خۆیان بخوێننەوە. 
* سپاس بۆئامادەبوونت؛ کۆتا پەیامی خۆت بۆخەڵک چیە:
- زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بۆ بەسەر کردنەوەتان، دوا پەیامم بۆ خەڵکی ئەوەیە:
ئارام بن... لێو بەخەندە بن
بەرهەمدار بن.. گەشاوە بن
شکێنەر مەبن .. هاندەر بن
تەنها بەدوای جیاوازییەکانماندا نەگەڕێین هاوبەشیەکانیشمان بدۆزینەوە..
دیمانەکەم کۆتایی پێ دێنم و ئەڵێم: شێعر و پەروەردە بارانی بەهارن، تێنووێتی زەوی مێشک دەشکێنن..
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید