پنج شنبه، 6 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اخبار » گەشتێک بۆ هەورامان و شاهۆ

سه‌لام ئیسماعیل سورخ

گەشتێک بۆ هەورامان و شاهۆ

0
کد خبر: 1032

گەشتێک بۆ هەورامان و شاهۆ

نووسراوە و زانیاریەکان لەسەر کێوەکانی کوردوستان بەداخەوە ویشک و قاقڕە؛ ئەو کێوانەی کە ئاو و ئاوەدانییان بۆ ھێناوین.
ئەم نوسراوەیە بەرهەمی چەندین ساڵ شاخەوانی بە سەر کێوە‌بەرزەکانی شاهۆ و هەوارەکانی هەورامانە کە خستوومەتە سەر یەک و کۆمەڵناسینێکی ڕەنگینیشی بە دیاری بۆ هێناوم.
سه‌لام ئیسماعیل سورخ

گەڕان و دیتن تەمەنی بە درێژایی تەمەنی مرۆڤە. ھۆی پێک‌ھاتنی ئاڵ‌وگۆڕی بیر و باوەر، ئەزموونی زۆرتر و حەسانەوەی ڕۆح و ڕەوانی مرۆڤه. ئیرادە و سۆزی دەروون بنەمای هه‌مووی ئەو کارانەیە. بوێری، ڕاسان، نەترسان و سه‌ره‌نجام دیتنی واقیعەکانی سروشت و ژیان بەری گەڕان و دیتنە.  ئامانج لەو هه‌موو هه‌ڵکشان و داکشانه‌ پرسیارێکە زەین و مێشکی مرۆڤی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.  شتێک کە هه‌موو کات هه‌وڵی بۆ دەدا ئەوەیە ڕۆحی پڕ لە ئەزموونی مروڤ لە یەک کات و سات‌دا ئۆقرە ناگرێ و ئەگەر تێکۆشێ، ھیچ شتێک ناتوانێ بەربەستی بکا.
  سعوود و هه‌ڵکشان بەرەو بەرزایی‌یەکان، ڕەفتارێکی سروشتییە و لە زاتی مرۆڤه‌وه‌ سەر هه‌ڵدەدا بۆ گەیشتن بە سوکنایی و زاڵ بوون بە سەر کۆسپه‌کانی ژیان و ئیرادە کردن بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجە بەرزەکان.

بەرەو سیروان دوای دوو ڕۆژ شاخەوانی (نووسه‌ر)

زنجیرە‌کێوی شاھۆ مووزەیەکی سروشتی و نیشانەی نەتەوەیی کوردستانە. لە هه‌ر کوێ باسی ک‌وردستان بێ، باس لە کێوە ڕژد و بەرزەکانی هه‌ر دێتە گۆڕێ. زەردوماهی سەخت، هه‌ڵەمووت، باڕەشتی لەزەبر، داوێنی پڕ ئاو، بە هه‌زاران جۆری گیاوگۆڵی سروشتی و دار و دەوەنی خۆڕسکی لە خۆی‌دا پاراستووە. زنجیرە‌کێوی شاھۆ وەک خەزێنەیەک بۆ فەرهه‌نگ و فۆلکلۆری ئەو نەتەوەیە وایە؛ بە سه‌دان بەیت و گۆرانی بە سەردا هه‌ڵکوتراوە.
 شاخەوانی بە سەر شاھۆدا و گەڕان بە نێو هه‌وارەکانی هه‌راوی هه‌ورامان بایخێکە و ئەزموونێکی تر. لە دیواندەرەوە بە مەبەستی گەڕان و دیتنی ناوەندی هه‌ورامان و هه‌وارەکانی، ڕێکەوتی 27/6/92 وەڕێ کەوتین.
ئاگادار کراین دوو گەڕیدە و کەژوانی ئاڵمانی لە سنەن و لە شیراز و ئیسفەھان‌ڕا گەڕاونەتەوە بە مەبەستی دیتنی شاری سنە و کارەکانی کاک ھادی زیائوددینی و بە مەبەستی دیتنی هه‌ورامان و شاھۆ ده‌یانەوێ بچنە ئەو مەڵبەندە و شارەزایی‌یان نییە. ئەگەر لە بەرتان گران نیێە، با لەو سەفەرە لەگەڵ ئێوە بێن. پێم ناخۆش نەبوو. ئێمە سێ شاخەوان بووین: سەلام ئیسلامی،  ئەشرەف مورادی و من. لە نزیکەوە هه‌ست‌وخوستی خەڵکی ئاڵمانم نەدیوه‌، پێم ناخۆش نەبوو زۆرتریان بناسم. چۆن بوو ھیتلێر لەو وڵاتەوه‌ دونیا نوقمی خوێن و مەرگ دەکا و بە ملیۆن مرۆڤی بێ‌تاوان تەنیا بە ھۆی ئەوە کە ئایینی وەک ئەوێیان نەبوۆە یاکوو لە ڕە‌گەزی خاوێنی ئاریایی نەبوون! ئێستا دوای نزیک بە 65 ساڵ لەو تاوانە گەورە، بەرەی نوێی ئاڵمان چۆن بیر دەکەنەوە. ئه‌وانه‌ چۆن ناسیاوی کوردستانیان پەیدا کردووە بە‌تایبەت هه‌ورامان و شاھۆ و دووبارە چۆن ئاڵمان بۆتە ئەو وڵاتە گەورە و بەدەسەڵاتەی ئەوڕۆ.
کێوەکانی ئەلبورز نەخشە و مێژووی کەژوانی ڕوون و بەرچاوی هه‌یە و لە سەدان ساڵ لەوە بەر مێژوونووسان، گەڕیدەی بیانی و شاخەوانانی لاوەکی ھاتوون و تۆژینەوەیان لە سەر کردووە و ڕاپۆرتی پوخت و پاراویان ناردۆ‌تەوە، بەداخەوە کێوەکانی زاگرۆسی باکووری (زاگرس شمالی) کە کوردستان کەوتووه‌تە ئەو مەڵبەندە ئەو کارەی لەگەڵ نەکراوە، نە مێژووی ناسیاو، نە نەخشە و کرۆکی بەرچاو، نە سەنەدی شیاو، وەک وڵاتەکەی فەقیره! ئەوانەی شاد و ئازادن؛ که هه‌ستان، هه‌ر له خه‌و هه‌ستان.
 به‌داخه‌وه‌ نووسراوە و زانیاری لە سەر کێوەکانی کوردستان به‌رته‌سکه‌ و که‌م‌وکووڕی له‌م به‌ستێنه‌دا گه‌لێک‌ به‌رچاوه، ئەو کێوانەی کە ئاو و ئاوەدانییان بۆ ھێناوین.

نەخشەی باکوور و باکووری ڕۆژاوای جەلەکێوەکانی شاهۆ

دەماوەوند بەرزترین کێوی ناوەندی ئەلبورز بە بەرزایی 5671 مێتر یازدە سەدە مێژووی موستەنەدەی کەژوانی ھەیە، ئەگەریش ھەڵکشانی ئەفسانەیی و ئەستوورەیی زەردەشتی پێغەمبەر بۆ سەر دەماوەند لێ دەرھاوێن.
- ساڵی 331 ھەتاوی به‌رامبەر 952 زایینی وەسەرکەوتنی (ئەبوو دڵفی خەزرجی جوگرافی زان و گەڕیدەی عەڕەب) بۆ سەر دەماوەند.
- ساڵی 1177 ھەتاوی به‌رامبەر 1798 زایینی ، ھەڵکشانی (گربرت ئۆتریشی) بۆ سەر دەماوەند.
- ساڵی 1215 ھەتاوی به‌رامبەر 1836 زایینی، ھەڵکشانی (تامسون، ئینگلیزی) بۆ سەر دەماوەند و مانه‌وه‌ی شەوێکی لەسەر دوندی دەماوەند.
- ساڵی 1236 ھەتاوی به‌رامبەر 1857 ھەڵکشانی (سەرھەنگ سادق خان، سەرگورد مستەفا قۆڵی، میرزا فەتحواڵڵا و عەسکەر خان) بۆ سەر چیای دەماوەند.
- ساڵی 1268 ھەتاوی به‌رامبەر 1889 ھەڵکشانی (ژاک دومورگان، پیرو ئەسلن) لە فەرانسە بۆ سەر لووتکەی دەماوەند.
- ساڵی 1312 ھەتاوی به‌رامبەر 1933 ھەڵکشانی (خاتوون سامر ئسکیل) لە ئینگلیز بۆ سەر دەماوەند.
لەوە بەدووا ئێرانییەکان زانیاری لەسەر دەماوەند پەیدا دەکەن و ڕووی تێدەکەن.
نووسراوە و زانیاریەکان لەسەر کێوەکانی کوردوستان بەداخەوە ویشک و قاقڕە؛ ئەو کێوانەی کە ئاو و ئاوەدانییان بۆ ھێناوین.
«جیمس ڕیچ»، دێته‌ کوردستان، ڕاوێژکارێکی ڕامیاری ئینگلیز بووە و زانیاری زیاتر لە سەر عێل و عەشیرەتەکانه‌ هه‌تاکوو جوگرافیای سروشتی‌. ژاک دۆمۆرگان، ساڵی 1268 هه‌تاوی کە دێتە ئێران، کوردستانیش بەسەر دەکاتەوە و بەشێک لە ئەشکەوت و دەخمە و شوێنە مێژوویی‌یەکان دەگەڵ کێوەکان دەبینێ.
ساڵی 1275 هه‌تاوی لێکۆڵەر و زانای ئاڵمانی «ھاوس کنێخت» کە دێتە ئێران، سەردانی هه‌ورامان و چیای شاھۆ دەکا و شارەزایی لە سەر گیاوگوڵی داوێنی شاھۆ پەیدا دەکا و بە ھۆی ئەوە زۆرێک لەو گیاو‌گوڵانە لە دنیادا نەناسراون. ئیدی له‌مه‌ زیاتر شتێکی بەرچاو له‌ سه‌ر جوگرافیای ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ نابیندرێ. بۆخۆشمان شتێکمان نەکردووە کە شیاوی باس بێ.
 

لە دوایی گەڕانەوە لە شاھۆ و ھەورامان «تریستان» Tristan و «یان» Yan بوونە میوانم

ھۆگریی گەڕان و شاخەوانیی شاھۆ، ده‌مانکاته‌ یه‌ک‌ڕا، ڕێکەوتی 27/06/92 لە تڕمیناڵی سنە بە مینی‌بۆس وەڕێ دەکەوین و دوو کەژوانی ئاڵمانی «تریستان» و «یان» لە سەر قەرار، تەیار و ئامادەن. تریستان (Tristan) وەک بۆخۆی دەڵێ بە زمانی ئاڵمانی یانی ورشەی شەمشێر و یان (Yan) یه‌کێک له‌ ناوه‌کانی یەزدانه، بە تەمەن 25 ساڵن، باڵابه‌رز، ڕەزاسووکن. تریستان خوێندکاری پزشکییە، یان گیاناس و خوێندکاری بەشی سروشتییە. خەڵکی ئەیالەتی باواریا و شاری مونیخن.
  جادە‌ڕێی سەرەکی سنە و مەریوان 127 کیلۆمیتر. هه‌وەڵین ئاوایی کە لێی دەرباز دەبین «سۆفێیان»ە. دوای بڕینی مەودایەک دەگه‌ینە ناوەندی که‌ڵاته‌رزان کە 40 ئاوایی دەبێ و ناوەندەکەی شارە‌دێی «شوێشە» یه‌ لە سەر ڕێگای سەرەکی. ڕێگای پێچەڵاوپووچ‌ و قەرەباڵغی بەشێکی بە ھۆی ترانزێتی ماشێن و کەرەسەیەکە دەچێتە ئەو دیو. لەو ماوە کورتەدا حەول دەدێن لێک نزیک ببینەوە، و پرسیاران دەکەوین. هه‌ر کە دەگه‌ینە ناوەندی ڕژد و شاخاوی کۆساڵان وردە‌وردە دارستانە چڕوپڕی دار بەڕوو، مازوو، مازوار، قەزوان و گێوژ خۆ وە دیار دەخەن. تریستان بە دووربینەکەی وەخۆ دەکەوێ؛ ئەو دیمەنانەی پێ جوان و دڵڕفێنە، وێنەیان لێدەگرێ. خوێندکاری پزشکییە، وەک بۆخۆی دەڵێ دەبێ وێنەی جوان لە سروشتی کوردستان و شاھۆ بۆ زانکۆکەیان بەرێتەوە. وا خافڵاوین بە خۆمان نازانین! خۆمان لە ئاوایی نگڵ‌دا دەبینینه‌وه‌ و دوندی شاخی «کوڕەی میانە»ی سەربەرز بە 2955 میتر بەرزایی وا لە سەر سەران. سڵاوێک لە نگڵ و نێل (ناوی کۆن و مێژوویی نگڵ وەختایەک کە پەیڕەوی ئایینی زەردەشت بوون) و قوڕئانی پیرۆزی کە بە خەتی کۆفی لە سەر پێستی ئاسک نووسراوەتەوە و نزیک 1000 ساڵە میوانی خەڵکی ئاوایی نگڵە. هه‌ر وا سڵاوێک بۆ ئاوایی میانە کە کەوتووه‌تە پشت نگڵ دەنێرین. وه‌ک شاخەوان ئەرکم زۆر بە سەریانەوە بووە، هه‌رکات بە کەژوانی ڕێم کەوتووه‌تە شاخی کوڕەی میانە لە کەوێلەکانیان‌دا حەساومەتەوە (ماڵێک کە لە هه‌وار سازی دەکەن بە هه‌ورامی کەوێڵی پێدەڵێن). بە‌تایبەت له‌ لای دایە خەجێ، کاک عەلی فەیزی، کاک محەممەد حەمیدی و کاکە جەمیل.
  وەخت و سات تێدەپەڕێ، دوای دوو سەعات گەیشتووینە سێ‌ڕێیانی بێکەڕە؛ 25 کیلۆمێتری دەمێنێ بۆ مەریوان. ئێرە دەروازەی هه‌ورامان و شاھۆیە کە لە شارەدێی دزڵی تێدەپەرێ. شوێنێکی دیکە بۆ دیتن و دەروازەیەکە بۆ هه‌رێمی شامیان. تویۆتای دووکابینە(مەنشوور بە دەندەلامل) ئامادەیە هه‌تاکوو دوایین مەنزڵ یانی ئاوایی «کەماڵە». «تریستان» و «یان»، ئەو تویۆتا دەندەلاملەیان پێ سەیرە. لە پشتەوە سوار دەبن هه‌تا بتوانن فیلم و وێنە بگرن.
  ئیدی هه‌ر شاخەوشاخ هه‌تاکوو دەگه‌ینە «دزڵی» کە ناوەندی شامیانە و مەزاری مامۆستا مەلا حەسەن دزڵی، ئەدیب و زانا و شاعیری گەورەی کورد کە سەد ساڵ لەوەوبەر سەری سوجدە و ستایشی بۆ زمانی نەتەوەکەی دانەواندووە و بە کوردی ھۆنراوەی بە سۆزی ھۆنیوەتەوە. بە پەنای گۆڕی ئەو زاتەدا تێپەڕ دەبین و ئێمەش سەری ڕێز و نەوازش بۆ گەورەیی ئەو زانا و ئەدیبە دادەنوێنین. مه‌لا حه‌سه‌ن لە دایک بووی 1275 مانگی، ئاوایی «وەیسیا»ی هه‌ورامان، بۆ خوێندن چۆتە موکریان، بەغدا، هەڵەبجە، مەککە و وڵاتی میسر. نازناوی «ھجری» بووە و بۆ ژیان زۆرتر لە دزڵی (دژی چکۆله) بووە و لە ساڵی 1365 مانگی لە دزڵی کۆچی دوایی کردووە.
تویۆتا، کەلی دزڵی تێپەڕ دەکا و بە ڕووکاری ئاوایی «دەرەکێ» دە‌ور دەگرێ و کێوەکانی «ئەستوولی» لە دەرەکێ بە خێر ھاتنمان پێدەڵێن. وردەوردە دەگه‌ینە گەردەنەی ژاڵانە کە سەرەولێژی و هه‌ورازێکی سەخت و سەرکەشە؛ تویۆتا به‌ ناڵەناڵ وەسەر دەکەوێ. لە بڵیندای گەردەنەی ژاڵانە دووڕێیانێکی سەخت و سەرکەشە. ڕێگایەکیان بۆ که‌لی «تەتە» دەچێ و شاری «نۆدشە» دەگرێتەوە. ئەوی دیکەیان ڕێگایەکی سەخت و سەرەوخوارە کە بەرەو هه‌ورامانی تەخت دەچێ؛ ئەوە ڕێگای ئێمەیە.
 

تریستان بە دووربینەکەی لە (ھەواری سەراج‌گا) لە مانگا و گوێرەکە وێنە دەگرێ

سروشتێکی ڕازاوە، باخی ڕەز و گوێز، خەڵکێکی بەسەلیقە و کاسب و میوانگر.
ئێرە هه‌رێمی هه‌ورامانی تەختە، شاخاوی‌ترین شوێنی هه‌ورامانە. ئاوایی‌یەکانی کەماڵە، هه‌ورامانی تەخت، سەرپیر، ڕۆری، مەرچەڵمێ (ئەو ئاوایی‌یە نەماوە)، وەرگەوێر (کاول بووە)، بڵبەر، ژیوار، سلێن، کەلجی، نوێن، ناو لە 61 کیلۆمیتری باشورری ڕۆژهه‌ڵاتی مەریوان هه‌ڵکەوتوون.
دە هه‌زار کەس حەشیمەتی مەڵبەندی هه‌ورامانی تەختە. ئه‌وه‌ی زۆر زوو دڵ و دەروونت دەلاوێنێتەوە جیا لە سروشتی سەرکەشی هه‌ورامان، خەڵکێکی ھێدی و نه‌رم‌ و نیانه‌، هه‌روه‌ها باخی ڕازاوە، مێعماری کوچکی ماڵەکانە کە لە هه‌زاران ساڵەوە بە ناوی مێعماری وێشکەچن ناسراوه‌. بە حەوسەلە لە بەردی داتاشراو سازی دەکەن، لە قوژبن و قولینچکی دیوارەکان بۆ وه‌ی باری قورسایی ماڵەکە بە هه‌ر چوار گۆشەدا بڵاو بێتەوە و نەخزێ، بوومەلەرزە زەفەری پێ نەبا، لە دارەگوێز، توو، گێوژ، چوارپالۆو دەیتاشن و بە سەر دیوارەکانی‌دا ڕایەڵی دەکەن و چینێکی دی بەرد بە سەردا. بەو دارانە دەلێن «دیمەک» یا «ئارەقە». بە وتەی عیلمی ئەوڕۆ فۆنداسیون؛ پێم‌وایە هه‌ورامانییەکان داھێنەری ئەو شێوە مێعماریە بووبن.
مێعماری دڵ و دەروونی کۆمەڵگای مەدەنییە. ئەگەر ئاوا بیر بکەینەوە، ڕابردووی مەدەنییەت و شارستانییەتی هه‌ورامان بۆ زۆر کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
ئێرە هه‌ورامانە، هه‌ورامان لە دوو وشەی «هه‌ورا» و «مان» پێک‌ھاتوو. «هه‌ورا» یا «ئەهه‌ورا» لە ئەوێستادا بە مانای ڕۆژ، خۆره‌ و «مان» بە مانای جێگا، واتە جێگای خۆره‌.
دەتوانین بڵێین یەکێک لە کۆن‌ترین شوێنەکانی سەرەکی ژیان لە کوردستان بووە. مێعماری ویشکەچن، سەرسەوزی ئەو هه‌رێمە، ئەشکەوت و داڵدە کوچکینەکانی به‌ر لە مێژوو و دارستانەکانی بەڕوو، مازوار، گێوژ، هه‌رمێ کێوی بۆ هه‌ر بینەرێک بیرەوەرییەکی لە بیرنەکراو بە یادگار دێڵێتەوە.
ئەحمەد شاملوو ساڵی 1351 دێتە پاوە و هه‌ورامان و فیلمی  شاری کوچک (شهر سنگی) بۆ کانوونی پەروەرشی فیکری ساز دەکا.
 هه‌ورامان بەشێک لە زاگرۆسی باکوورییە. وشەی «زاکرۆ» بە مانای کێوی بڵیندە و لە لای یۆنانییەکان بۆتە زاگرۆس. ھێندێکیش لە زانایان پێیان‌وایە وشەی زاگرۆس وەرگیراوە لە یەکێک لە بنەماڵەکانی ماد بە ناوی «ساگارتی» کە لە زەمان‌دا ئاڵ‌وگۆڕی بە سەردا ھاتووە. ساگارت بووه‌ته‌ زاگارت و زاگارت بووه‌تە زاگرت و زاگرۆس.
  هه‌رێمی هه‌ورامانی تەخت لە باکوورەوە دراوسێی ئاوایی ڕزاوە، لە باشورەوە لەگەڵ پاوە و هه‌رێمی کوردستان ھاوکەوشەنە، لە ڕۆژئاوا بە سەوڵاوا (سروآباد) مەریوان و لە ڕۆژهه‌ڵات جیرانی ئاوایی پایگەلانە. ئاوایی هه‌ورامانی تەخت لە باکوور بە ئاوایی سەرپیر، لە باشوور بە ئاوایی بڵبەر و کوێستانەکانی تەختی سانی (شاخێک لە شاخەکانی شاھۆ)، لە ڕۆژاواوە بە وێسیان و ڕۆری و لە ڕۆژهه‌ڵات جیرانی ئاوایی بڵبەر و ژیوارە.
  هه‌تاکوو 40 ساڵ لەوە بەر هه‌ورامان بۆ ئێمە وڵاتێکی نەناسراو بوو، بە ھۆی نەبوونی ڕێگا و ڕژد و شاخاوی بوون، تاک‌وتەرا هه‌ورامییه‌کانمان دەدی. بۆ سەودا و معاملە و فرۆشتنی ویشکە‌باری میوە و کاری دەستی (کەوچک، شانە، تەشی و(...  دەھاتنە مەڵبەندی موکریان. وەک خۆشیان باس دەکەن زۆرتر بۆ سەودا دەچوونە شارەزوور. هه‌ر بۆیە زاراوەی شارەزووری لە نێویان‌دا تەک‌وتەرا ماوەتەوە.
لە بیرمان نەچێ هه‌ورامانی له‌هۆنیشمان هه‌یە کە شار و شارۆچکەکانی پاوە، جوانڕو، ڕەوانسەر، نۆدشە، نەوسوود و باینگان و ئاوایی‌یەکانی و شاری تەوێڵە و بیارە و بەشێک لە هەڵەبجە لە خۆ دەگرێ و هه‌ورامانی ژاوه‌رۆ کە ئاران‌ترە و ئەو سەخت و ڕژدی هه‌ورامانی تەخت و لهۆنی نییه(هه‌رێمی بێساران، پایگەلان، پاڵنگان، سەوڵاوا) کە دەکەونە مابەینی سنە و کامیاران و مەریوان، بە ھێندێک تەوفیر شێوەی ژیان، مێعماری، گەرمێن و کوێستانیان و زاراوەیان وەک یەک دەچن.
دوایین شوێنێک کە تویۆتا لە کەلی ژاڵانە بۆی دەچێ ئاوایی «کەماڵە»یە کە 600 کەس حەشیمەتی هه‌یە و 58 کیلۆمێتر لە مەریوان دوورە. ئێرە دوایین شوێنێکە کە دەبێ لە تویۆتا دابەزین و کۆڵەکان بە کۆڵمانەوە دەین و بە داوێنی شاھۆ (کوێستانەکانی تەختی سانی) کە هه‌وارگەی ئەو لە ئاوایی مەڵبەندی هه‌ورامانی تەختە وە‌ڕێ کەوین.

مێعماری ویشکە چن لە ھەورامان

شاھۆ یا شاهکێو زنجیرە‌کێوێکە بە مەودای 80 کیلۆمێتر، لە ڕەوانسەرەوه‌ دەست پێدەکا و هه‌تاکوو هەڵەبجە و تەوێڵە درێژەی هه‌یە. بە سەدان شار و شارۆچکە و ئاوایی لە بناری شاھۆ و لە بەرەکەتی شاھۆ ژیان دەبەنە سەر. ھۆگری بە زێد و نیشتمان لە نێو خەڵکی هه‌ورامان و زەحمەت و کار و شارستانییەتی کۆن و مێژوویی، ڕژد و شاخاوی بوونی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆتە ھۆی ئەوە ھێزی بیانی وە دەرەکی زەفەرییان پێ نەبه‌ن. ئاو و لەوەڕگەی باش بە ده‌م سیروانەوە بووه‌تە ھۆی ئەوە کە هه‌ورامان ئاوەدان بمێنێتەوە. زنجیرە‌کێوی شاھۆ، کۆمه‌ڵه‌شاخێکی دوورودرێژە و بەشێک لە پارێزگای کرماشان و کوردستان بە شێوەی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا(شرقی، غربی) لە خۆ دەگرێ. بەشی باشووری ڕۆژهه‌ڵات (جنوب ـ شرقی) و باشووری و بەشێک لە باشووری ڕۆژاوا (جنوب ـ غربی) لە پارێزگای کرماشان و بەشی باکووری شاھۆ و بەشی باکووری ڕۆژاوا( شمال ـ غرب) و باکووری ڕۆژهه‌ڵات(شمال ـ شرقی) بەشی جوگرافیای پارێزگای کوردستانە.
ناوی زنجیرە‌کێوەکانی شاھۆ بە ھۆی بەربڵاوی و گەورەییەوە لە بواری فەرهه‌نگی و کولتووری ناوچەیی‌یەوە بە جۆری جیاجیا مانای لێدراوەتەوە. لە جوگرافیای ناوچەی ڕەوانسەر و کامیاران ناوی شاھۆ بە مانای تۆفان و باھۆی بەقەوەت مانا کراوە.  ئەو مەڵبەندە زستانی تووش و سەغڵەتی هه‌یە. لە شوێنی دیکە وا ڕوایەت کراوە کە پیرێک لە دێرێکی شاھۆ تەرکە‌دونیا دەژیا، لە لایەن پادشا و دەسەڵاتداری وەخت دێن بۆ لای دەڵێن لە لای شاوە ھاتوون. پیر بە قامک ئیشارە بۆ لای دوندی کێو دەکا و لە وڵام‌دا دەڵێ: «شاھۆ»؛ یانی ھۆوە شایە. ئەو ناو و عینوانە بە سەر ئەم شاخەدا دەمێنێتەوە و لە دوایی‌دا دەبێتە شاھۆ. ھێندێکیش لە سەر ئەو باوەڕەن کە شاکێوە بۆتە شاھۆ، بەڵام خەڵکی ناوچەی باکووری شاھۆ لە سەر ئەو باوەڕەن کە زەردەشتی پێغەمبەر بەشێک لە ژیانی خۆی لەو شوێنە بووە و ئەوە ناوێکە کە زەردەشتی پێغەمبەر لێی ناوە و شوێنی عیبادەتی خەڵکی لە سەر «پیرخزر» ـ کە هه‌مان حەزرەتی خزری پێغەمبەر بێ ـ دیاری کردووە. پیرخزر یەکێک لە شاخە بەرزەکانی شاھۆیە بە بەرزایی 3360 مێتر. ھێندێکیش لە خەڵکی سەرووی شاھۆ پێیان‌وایە ناوی شاھۆ کورت‌کراوەی «شاهه‌ڵۆخان»ە کە ناوەندی دەسەڵاتی شارەدێی «پاڵنگان» بووە. ھێندێکیش دەڵێن کە خاوەنی ئەو کێوە «شاوەھاب» بە زاراوەی خۆیان شاوەھاو بووە کە شوێن و یادگارەکانی لە تەنگەی «تەنگیوەر»دا ماوەتەوە. ئاسەواری کۆنینەی دەورانی ھیخامەنشیان و ساسانیان وە که‌تیبە و بەردەنووسێکی گەورەی ئاشووری کە وێنەی شایەکی ئاشوورییە و 45 دێڕ بە خەتی بزماری لە تەنگەی تەنگیوەردا ماوەتەوە.
  شاھۆ بە هه‌ر کام لەو ناوانەوە ناودێر کرابێ، کێوێکە بەرز و جوان هه‌تا بڵێی سەرکێشه‌ و نیشانەی خۆڕاگری، نیشانەی ژیان و مانەوەیە بە درێژایی مێژوو. پانایی ئەو کێوە لە هەندێ جێگادا دەگاتە50 کیلۆمێتر.
شاخە بەرزەکانی شاھۆ بریتین لە؛ «سان‌ئاو 2850 میتر»، «کڵونجی 2900 مێتر»، «سەرچاڵ 3300 میتر»، «پیرخزر 3360 مێتر»، «شاخی عەلی‌سوور 3320 مێتر»، «گاقران 3370 مێتر»، «حەوی‌خانی 3410 مێتر»، «زاوڵی 3340 میتر»، «نوور 3200 میتر» کە ده‌ڕوانێتە شاری پاوە. نوور لە هه‌ورامی‌دا بەو چاڵاوانە دەڵێن کە ساڵه‌وساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە کە ناوی دوندی نوور لەو چاڵاوانەوە وەرگێراوە. شاھۆ لە درێژەی جوگرافیای 46 دەرەجە و 28 دەقیقەی ڕۆژهه‌ڵات و 35 دەرەجەی باکوور هه‌ڵکەوتووە؛ دوای قەندیل بەرزترین کێوی کوردستانە.

گرووپی شاخەوانی (سەلام ئیسماعیل‌سورخ- یان- ئەشرەف مورادی-سەلام ئیسلامی- تریستان) لە ھەورامان

ئه‌و شار و ئاواییانه‌ی له‌ باشووری شاھۆ هه‌ڵکەوتوون بریتین لە: شاری ڕەوانسەر، ئاوایی که‌لجی، ملەپڵینگانە، دێ لەیلی، شووانکارە، قۆری‌قەڵا، قەڵاگا، قشڵاق، مەنسوور ئاقایی. (ئەو دوو ئاوایی‌یە تێکه‌ڵ بوونە‌تەوه‌ و پێیان‌دەڵێن شاری شاھۆ (تازئاوا، سریاس، میوان، شەمشێر، تازەدێ، درەبیان، نوسمە، چۆڕێژی، دووری‌سان و شاری پاوە.
خەڵکی هه‌ورامان زۆرتر بە کوردی هه‌ورامی قسه‌ دەکەن و بەشێکیش بە زاراوەی سۆرانی. سوننی‌مه‌زه‌بن. زۆربەی خەڵک بە ئیشی باخەوانی و دەوڵەتدارییەوە خەریکن. بەشێکی کەم لە سه‌ر سنووری ئێران و عێراق سەودا و معامەلەی سەر‌سنووری دەکەن. هه‌نار، گوێز، ترێی دێمەکار واتە (ترێ‌ڕەشە، توو، هه‌نجیر، هه‌رمێ) میوەی باغاتیان پێک‌دێنن.
 داوێنی زنجیرە‌کێوەکانی شاھۆ «تەختی‌سانی» و هه‌وارەکانی ئەو دە ئاوایی‌یه‌ی هه‌ورامانی تەخت ڕێگامانە. کۆڵەپشتییەکانمان بە کۆڵەوەیە، دیتنی مێعماری هه‌ورامان باخ و باخاتی پڕ میوە، شوێنی چڕگن و شاخاوی بۆ «تریستان» و «یان» زۆر جێی سرنجە و بە دووربینەکانیان تێدەکۆشن بە یادگار بیبەنەوە. دوای چەند سەعات شاخەوانی لە هه‌وارێکی «ھانی‌ھۆڕ» وچانێک دەدەین. به‌ کانی و ئاوێکی سازگار و خواردنەوەی چای و خواردنی ترێ‌ڕەشە و گوێز، ماندوویی لە لەش دەردەکەین. «ھانی»، بە هه‌ورامی بە مانای کانییە و ناوی کەنیشکانه‌شە. ئاوایی‌یە‌کانی کەماڵە، سەرپیر و هه‌ورامانی تەخت و باخ و باخاتی شێخ عوسمان لە سەر هه‌ورامانی تەخت بە ناوی «هه‌ڕەڕە» لەو بەرزایی‌یە لە بەر چاومانە و وەک پەردەیەکی سینه‌مایی، دڵمان نایە چاوی لێ خافڵ کەین، بە‌تایبەت باخەکەی شێخ عوسمان بە سەر کێوی سەرووی هه‌ورامانی تەخت کە لە وەختی خۆی‌دا مشوورانە کارێزێکی بۆ لێدراوە و ئاوه‌که‌ی تەواوی ئەو باخانە پاراو دەکا. لە نێو باخەکە کۆشک و سەرا و حەوزێک زۆر موهه‌ندسی چێ کراوە؛ بەداخەوە خۆی بێ‌ناز ماوەتەوه.  پێرار لە مه‌راسمی جێژنی کۆمسای کە لە هه‌ورامان بووم، شەوێک لەو کۆشک و سەرایە ماینەوە کە بەداخەوە خەریکە وێران بێ و تێدابچێ.
جێژنی کۆمسای هه‌ورامان ته‌خت
جێژنی کۆمسای، جێژنی کۆنی خەڵکی هه‌ورامانە کە 45 ڕۆژ لە بەھار دەچێ و ده‌یانەوێ بڕۆن بۆ هه‌وار لە پیری شالیار ماڵ‌ئاوایی دەکەن و هه‌موو لە سەر مه‌زاری پیر، کۆ دەبنەوە بە لێنانی دوڵمە پەزیرایی لە میوانەکانیان دەکەن و بە گۆرانی و دەف لێدان ئەو ڕۆژە دەکه‌نه‌وه‌. جۆرێک هه‌ڵبژاردنی مەجلیسی شووڕا هه‌ر لەو ڕۆژەدا بەڕێوە‌چووە. هه‌زاران ساڵ لەوە پێش ژنی هه‌ورامی لەو مەجلیسەدا بەشداری کردووە و ڕای داوە و بە ئەندامی سەرەکی هه‌ڵبژاردراوە. مەجلسێک بووە بۆ دابین کردن و ڕاپەڕاندنی کاروباری ئاوەدانی، بەڵام بەداخەوە ئەوڕۆ کە ئیدئۆلۆژی و عەقیدە شەخسییەکان نەتەوەیان شەقارشەقار کردووە، ئەو مه‌راسیمە نەتەویی‌یە گه‌وره‌یان تێکداوە و بە کورتی و کرمانجی سەریان لە خەڵکی هه‌ورامانیش شێواندووە. «تریستان»، لێم دەپرسێ ئێوە زانیاریتان لە سەر ئەدیب و نووسەر و فه‌یلەسووفانی ئاڵمان چۆنە؟ ھیچتان لێ خوێندوونەوە؟ لە وڵام‌دا دەڵێم کێ هه‌یە نیچەی ئێوە نەناسێ. کتێبی «ئاوای کوت زەردەشت»(چنین گفت زردشت) بە کوردی و فارسی وەرگێردراوەتەوە؛ خوێنەری زۆرە. ئەنگڵزی ئێوە هه‌ر چەنەد زۆرتر لە لەندەن ژیا، بەڵام بە ڕەچەڵەک ئاڵمانی بوو. «یان»، وە قسە دێ دەڵێ ئەرێ ئەو جیهانی بوو. پێیان‌دەڵێم باوەڕم پێ بکەن 40 ساڵ لەوە بەر لە شارەکەمان‌دا شانۆی نووسەر و شانۆنووسی بە‌ناوبانگی ئاڵمانی «برتۆلت بذشت» لە سەر سەکۆی نمایشی شارەکەمان دیوە لە لایەن گرووپی شانۆی ئەو وەختی بۆکان بە ناوی «گرووپی جەوان»؛ بریتی بوون لە عەبدوڵڵا ئەمینی، محەممەد مێعمارزادە، عومەر حەمیدی، برایم فەرشی و... زۆری پێ خوش دەبێ وا هه‌ست دەکەم کە دەبێتە ھۆی نزیک بوونەوەی زۆرتری بۆ بیرەوەری.
  لەو بەرزایی‌یە بە سەر هه‌ورامانی تەخت‌دا زاڵین. گونبەز و بارگای ئارامگای پیری شالیار وەکوو ماریفەتی پیر دەدرەوشێتەوە و جوان لێمان دیارە، بانگی «تریستان» و «یان» دەکەم، دەڵێم ئەو ئارامگایە مەزاری یەکێک لە مریدەکانی زەردشتە بە ناوی پیری شالیار؛ نیچەی ئێوە ئاوا شەیدای ئەو بیروباوەڕە بووە، هه‌ر وا دەڵێم لە خۆشیان قوشقی دەبێ دووربین و سێ‌پایە و لێنز دەردێنێ و بە حەوسەلە پێم‌وایە پتر لە دە وێنە هه‌ڵده‌گرێ.
  وەڕێ دەکەوین، هه‌ر هه‌وارە و هه‌وار؛ دوای هه‌واری ھانی‌ھۆڕ هه‌واری ملرماف، هه‌واری زھوورە، تەل‌گاورە، هه‌واری شیرە‌دەرە و هه‌واری دەرەویان هی ئاوایی نسڵ و بڵبەرە و دوای ئەو هه‌واری کراوییە دۆڵە کەهی ئاوایی «نوێن»ە کە هه‌وارێکی شێخ حیسامەددین لەو هه‌وارە بووە کە ھاوینان لە کوردستان گەرمێن ڕاھاتووە بۆ هه‌واری کراوەیەدۆڵ و لە سەرووی هه‌واری دەرەویان هه‌واری «گوصيثه» کە هی ئاوایی کەلجییە.
باخاتیان لە میوەی پاییزی‌دا خەمڵیوە، بە هه‌ر هه‌وارێک‌دا تێدەپەڕین هه‌ر میوەیە دەماندرێتێ، لە گوێز و هه‌رمێ کرووزی بگرە هه‌تاکوو هه‌نجیر و ترێ‌ڕەشە. بەداخەوە بە ھۆی نەبوونی ڕێگای شیاو و نەبوونی کارخانەی تەبدیلی، بە سەدان تۆن ترێ‌ڕەشە بە دارە ڕەزەکانەوە یا ویشک دەبن یا قاڵاو و قاژوو دەیانخوا. تریستان دەڵێ لە تەواوی ژیانم میوەی بەتامی وەک ئەو ترێ‌ڕەشه‌م نەخوواردووە، ترێی فەڕانسە و ئیسپانیا حەدی چییە ببێتە ترێی هه‌ورامان!
زۆربەی دێهات و ئاوایی‌یەکانی هه‌ورامان بە دەم چۆمی سیروانەوە هه‌ڵکەوتوون و زۆر لە نزمی دان یانی بەرزایی 600 هه‌تاکوو 700 مێتره، هه‌ر بۆیە ھاوینانە گەرمه‌. ژیانی هه‌وار و هه‌وارنشینی بە هه‌زاران ساڵە لە‌گەڵ ژیانی خەڵکی هه‌ورامان تێکەڵاوە، مەڕ و ماڵاتیان بە دەم لەوەڕەوە هه‌تاکوو بەرزایی‌یەکانی 2800 و 3000 مێتری شاھۆ هه‌ڵدەکێشن، لە هه‌ر شۆێنێک کانی و ئاوێک هه‌بووە زۆر وەستایانە کارێز و باخاتییان تێدا چێ کردووە و ئاوەدانی ڕووی تێکردووە و نزیک 5 مانگ لە هه‌وار دەمێننەوە. گیا و لەوەڕی بەندەن دەدروونەوە و بە شەغرە بۆ ئاوایی‌یەکانیان ھێناونەوە.

بەروو بۆی باخە ڕەزەکانی ھەورامان کە تریستان و یان دەلێن ترێ فەڕانسە و ئیسپانیایی بە قوربان بێ

ئێوارەیە و شنەی کوێستان ئێجازەی ماندووبونمان پێنادا. جیا لە کەژوانی، لێرە کۆمەڵ‌ناسینێکی گەورە لە ئارادایە کە بۆ هه‌موومان دڵبزوێنە.
دوای 5 سەعات شاخەوانی خەریکە ئاوەژوو بیینەوە بۆ هه‌واری دەرەویان گۆڕستانێکی بنەماڵەی خان و ئەمیرنشینەکانی هه‌ورامان لە داوێنی شاھۆ کە بە کێل و بەردی داتاشراو و نووسراو بە خەتی عەڕەبی و فارسی کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سێ‌سەد سال، هه‌ر لەو هه‌وارە‌دا ماوەتەوە؛ دیتنیان دڵبزوێنە. وێنە دەگرین. وا دیارە لە پەنا ئەو زیارەتانە چاکەچکۆلەیەکیش هه‌یە یاکوو قەدەم‌گایەک. بە هه‌ر ھۆیەک خەڵک ڕوویان تێکردووە، بە کێلەبەردێکەوە خەڵک بۆ وەدی ھاتنی نیازی دڵیان بەردی پێوە دەنێن. ئێمەش لەگەڵ تریستان و یان بە خۆشییەوە بەرد پێوە دەنێین، چل دانە دەگرینەوە، دوای ماوەیەک خودا و ڕاستان بەردی هه‌موومان پێوە دەنووسێ. دەڵێن بڵێی چی بێ؟ دەڵێم یانی ئەوە سەفەرمان ئوغەر دەبێ.

لە سەر مەزاری یەکێک لە پیرەکانی ھەورامان وەک ئێمە بۆ نیازی دڵ چل دانە دەگرنەوە ، تریستان و یان بەرد پێوە دەنووسێنن

وە‌بیر منداڵی خۆم کەوتمە کە چوارشەممانە دەچووینە بابەقەتار لە خۆراسانە و شێخ نامەتوڵڵا لە نۆبار و چەند جارێکێش دوور ڕ‌ۆیشتین بۆ پیرمحەممەد چاومان لە خەڵک دەکرد نەشماندەزانی بۆ چییە! ئێمەش هه‌وڵمان دەدا بەردەکانمان پێوە بنووسێ.
تریستان دەڵێ بۆ شەوێ لە کوێ مەنزڵ دەکەین؟ منیش بە جەفەنگ دەڵێم ھۆتێل پێنج ئەستێرەی کاک شەریف لە هه‌واری دەرەویان کە هی ئاوایی «سلێن»ە.
ئاوایی ژیوار لە مابەینی دوو ئاوایی سلێن و بڵبەر هه‌ڵکەوتووە و هه‌وارەکانیان «خۆسەمڵێ» و «ھانێ‌لارە» کەوتووه‌تە بەری کۆسالان. بە ھۆی باڕشتی کەمی بەفری زستانی ڕابردوو ئاوی کانیەکان زۆر لە کەمی داوە، بەڵام ھیچیان ویشک نەبوون.  تریستان دەڵێ وڵاتی ئێوە لە چاو وڵاتی ئێمە زۆر ویشکە. لە ساڵ‌دا لە ئاڵمان 1600 mm باڕەشت هه‌یە، دەڵێم لە ساڵانی ئاسایی کوردستان mm 400 باڕەشتی هه‌یە کە ئەڵحانە‌کە بەو ڕادەیە نییە. تازە له‌ یەزد و شیراز و ئیسفەھان‌ڕا گەراوییەوە، لە وێ لە ساڵ‌دا باڕەشت ناگاتە mm 100. گیانیان بە کێوەکانی «زەردکێو» و «دنا»یە و یەزدیش بە «شێرکۆ»، دەنا قڕیان دەھات، وه‌بیر شێعرەکەی شێخی ئەجەل دەکەومەوە دەڵێ: «اگر باران بە کوھستان نبارد بە سالی دجلە گردد خشک رودی».
  6 ساعەت کەژوانی بە کۆڵە قورسەکانمان و چوار ساعەت سەر لە بەیانی لە ماشێن‌دا ماندووی کردووین، پیری کوێستان بە ھانامانەوە دێ. دوایین زەردەخۆری هه‌تاو خەریکە لە تەختی سانی‌شاھۆ ئاوا دەبێ دەگه‌یینە هه‌واری کاک شەریف. ساڵانی پێشوو ھاتبووم، ببووە دیوناسمان و ئەرکمان بە سەر شانیەوە بووە. بەرەو پیرمان دێ و دوای بەخێرھاتن میوانەکانیشمان سڵاو دەکەن و خۆ دەناسێنن. هه‌وارێکی ئاوەدان، سەرسەوز و کانییه‌کی پڕ ئاو و کارێزێک کە کاک شەریف بە دەستی خۆی لێیداوە و بە سەدان دارە‌گوێز گەیوەتە بەرهه‌م. لە پەنا کانی و بەر هه‌یوانەکە کۆڵە لە عەرز دەدەین. ئەوشۆش لە پەنا هه‌وار و گەرمیی دڵی هه‌وارنشینان میوانی هه‌ورامانین. کارەکان بۆ ئه‌وەی زوو ڕاپەڕێن، دابەش دەبین، یەکێک ئاور دەکاتەوە و کوچک‌ئاور ساز دەکا، ئەوی دی شێو ساز دەکا، ئەوی دی خاوێنی دەوروبەر وە ئەستۆ دەگرێ.
لەو مانگەشەوە خۆشەدا، ئاوایی هه‌ورامانی تەخت و ئاوایی سەرپیر لە دوورەوە ترووسکەی ڕووناکییان دێ. ماریفەتی پیری شالیار و هه‌ستی بەسۆزی «سەییدی هه‌ورامی» خەڵکی سەرپیر دوای سەد ساڵ بڵێسەی زانایی و شێعری ئەو زاتە ڕۆحمان ئاوپڕژین دەکا. وەرن دڵمان بە بیستنی ئەو شێعرە بەسۆزەی سەییدی سەرپیر زاخاو بدەین:
ئانەکام دڵەن وێش بە دڵ زانۆ
جە سەودای زوڵفت پەشێو مەمانۆ
ئەر شێخ ئەر مه‌لا ئەگەر دەروێشەن
سەودای زوڵفی تو، گرد عالەم پێشەن
باوەڕکەن قەت فەرھاد ئەوەندە سەوداسەر و بۆ خۆشەویستی ئەوەندە لێ بردوو نەبوۆە. و ئەگەر خاقانی و مەلای ڕۆم زیندوو ببنەوە بەخیلی بەو شێعرە بە سۆزانە دەبەن.  
لە ژیان و دەرس و سەفەرەکانی شتێکی وامان لە بەردەست‌دا نییە تەنیا ئەوە دەزانین لە دووایین  ڕۆژەکانی سەدەی دووازدەی کۆچی لە دایک بووە، بەڵام لە نێوەرۆکی شێعرەکانی بەشێک لە ژیانی پڕ لە مەینەتی ئەو زاتەمان بۆ دەردەخا وەکوو نەتەوەکەی چارەنووسێکی ناخۆش و پڕخۆزیا و بریای بووە. خەمێکی قورس دڵم دادەگرێ ھیچ شتێکمان لە دەست نایە بێجگە لەوەی خەم و پەژارەمان بە جووانییەکانی سروشتی ھەورامان بسپێرین، بۆ ڕۆحی ئەو زانا و شاعیرە ون‌بوومان کە لە ژێر خاک دا ئارامی گرتووە داوای حەسانەوە بکە‌ین.
ھەر لە پەنا ئەو زاتە پیرۆزە لە ھەورامانی تەخت کەڵەپیاوێکی زانا و ئەدیب و نیشتمان‌پەروەر بە ناوی عەبدوڵڵا بەگی ھەورامی ئارامی گرتوۆە، یەکێک لە خانەکانی ھەورامان بوۆە بە ھۆی ھەڵبەستی شێعری نەتەواییەتی و خۆشەویستی کوردستان لە ساڵی 1310 ھەتاوی بە دەست پەھلەوی ھەوه‌ڵ قوڵبەست و دوور خراوەتەوە بۆ زیندانی ئەسفەھان.
دوایی نزیک بە 80 ساڵ شێعرەکانی لە بەرزی دا شان لەشانی شاھۆ دەدات و لە گەل‌دۆستی دا وەک ھەورامان خۆشەویستە. لەوبەرزایی یە، لە به‌رامبەر ئەو ھەمووە زەریای بێ پایانی ئەو زاتە گەورە سەری ڕێز و ستایش دادەنوێنین یادی پیرۆز دەکەین.
ئێرە ھەواری ئاوایی سلێنە و مەنشوور بە دەرەویان. ئەو نێوە لەموکوریان‌دا و لە ساڕاڵی «دیواندەرە»شدا ھەیە کە ناوی ئاوایی‌یەکە، سوێیەکمان ھاتۆتەوە بەر، وەھا داسوکناوین دەڵێ تازە لە دایک بووین.! بە دەوری ئاورگە و چای و قسەی خۆش. مانگیش پێی حەیفە ھەوار و شاھۆ و ھەورامان بە تاریکی ببینێ. مانگ تەواو بە حەوێقی ئاسمانەوەیە وڵاتی وەک ڕۆژ لێ کردوە. کاک شەریف بۆ بەخێر ھاتنمان ھاتووە گوێز و ھەرمێ کروزی لێڕەوار و ترێ ڕەشەی بۆ ھێناوین. دوای حەسانەوە و شێو خواردن ھەلێکە بو ئاخاوتن و دوواندنی میوانە ئاڵمانێیەکان. پرسیارییان لێیدەکەم لە سنە ھادی زیائەدینیتان چۆن دی؟، Tristan دەڵێ قەڵافەت و نیگای ھادی جۆرێکە خۆشەویستی و ڕێز بۆ خۆی پێک‌دێنێ، بەڵام زۆرتر بێدەنگ و ئارامە. پەیکەرەکانیشم لە سنە زۆر پێ جوان بوو بە تایبەت پەیکەرەی مەستوورەی ئەردەڵان لە خوارو شوێنی کارەکەی «عیمارەتی خەسروئاوا» وەک شاژنێک ڕاوەستاوە. پێم خۆش بوو لە سەر بارودۆخی ئاڵمان زۆرتر بدوێین، چۆن بوو ھاتنە کوردوستان، ڕابردووی ئاڵمان، شەڕی دووھەمی عالەمی و فاشیستی ئاڵمان و ئاوەدانی دووایی شەر کە چۆن ئاڵمان بوو بەو ئاڵمانە ! ھەر لەبەر ئەوە نەم‌ویست بە جۆرێک مییوانەکان دڕدونگ کەین، بە Tristanم کوت ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆتان نادەیەوە بۆمان باس کەی؟
کوتی شتێکتان پێ بڵێم، ئاڵمان ھەتا دوو سەد ساڵ لەوەبەر وڵاتێکی تێک قرماو لە لایەن زل‌ھێزەکانی وەخت وەکوو فەرانسەو ئینگلیز و رووس زۆر جار داگیر و پچڕپچڕ کراوە، بەڵام لە باوەڕی خەڵکی ئاڵمان‌دا بە ھۆی ئەوە کە بە سەدان ساڵ ھاوسییەی و جیران بوون لە گەڵ نەتەوەی شەڕکەر و داگیرکەر خاراون، کاکڵەو نێوکێکی سەخت و قایم ھەیە کە ھیچ تێک‌شکانێک ئەوانی لە نێو نەبردووە. پیشانیان داوە ڕۆژێک نەبووە لە بیری نەجات و سەربلیندی خاک و کیانی ئاڵمان‌دا نەبن.

گۆڕستانی هه‌واری گۆزی بان، هی ئاوایی پاڵه‌نگان. سێ به رده کێلی قه‌دیمی که مێژووی 1207 مانگی لێی هه‌ڵکه‌ندراوه

فاشیستی ئاڵمان وڵاتی ئاڵمانی بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر چاوی خەڵکی دونیا قیزەون کرد بە میلیۆن کوشتنی ئینسانی بێ تاوان تەنیا بە ھۆی ڕەگەز و ئایین ھەر بەزار ھاسانە، خۆمانیشی لە پێش چاوی خۆمان خست. خەڵکی ئاڵمان بۆ ماوەیەکی زۆر سڕ بوون، تاوان و ئاکامی ملھوڕی و فاشیست و شەڕمان دی.
دوای شەڕ لە ئاڵمان‌دا تەنیا چاوە خانوویەکی ساغ نەمابوو کە دەوڵەتی دوای شەڕ کۆبوونەوەی تێدا ببستێ! ئاڵمان چۆن دروست بۆوە؟! باب و باپیرانی ئێمە بۆ ماوەی سی ساڵ شەو و ڕۆژ کاریان کردووە و تێر زگی خۆیان نانیان نەخواردووە و دایمە برسی بوون. ماوەیەکی دژوار و سەختییان تێپەڕاندووە. و ئاڵمان بۆ ماوەی 50 ساڵ دووکوت بوو. بەڵام لە شەڕ و کردەوەی فاشیستی، خەڵکی ئاڵمان زۆر دەرسی وەرگرتووە کە قەت بۆ لای نەچێ. ھەموو نەتەوەیەک لە مێژووی خۆی‌دا بڵیند و نەوی زۆری دیوە، ئەو دەورانە بۆ ئیمە و بۆ زۆران دەورانی نەوی بوو بەڵام ئەلحانەکە قسەمان ھەیە بۆ گوتن!
ئەوڕۆ وڵاتی فێدڕاڵی ئاڵمان بە 80 میلیۆن حەشیمەت یەکێک لە سێ وڵاتی گەورەی ڕامیاری و ئابووری و دەوڵەمەندی دنیا دێتە ئەژمار و لە ساڵ‌دا بە دەیان میلیارد دۆڵار بۆ سوڵح و ئاشتی عاڵەمی، بەربەرکانێ لەگەڵ شەڕ و بێسەوادی و ئیدز لە دونیادا سەرف دەکا: یەکێک لە وڵاتانی زۆر ئازادی دونیایە کە 5 میلیۆن پەنابەر تێیدا گیرساوەتەوە و نزیک بە نیو میلیۆن کورد، کە زۆریان خەڵکی کوردستانی باکوورن، بۆ ڕاگرتن و بەھێز کردنی یەکیەتی ئوروپا و یۆرۆ لە ساڵ‌دا بەدەیان ملیارد دوڵار ھاوکاری قبرێس، ئیسپانیا و یۆنان دەکا کەلەسەر پێ خۆیان ڕاوەستن.
بەڵام ئەگەر مەبەستی تۆ ئەوەیە کە ئێمە بەرەی سێهه‌می ئاڵمان بەرپرسی ئەو تاوانانە بین، نا وا نیێە ھەر چەند پێمان شەرم نییە و حاشای لێناکەین لە تەواوی ئەو نەتەوانەی کە لە شەری دووەمی عالەمی وەبەر تەوژمی فاشیستی ئاڵمان کەوتوون داوای لێبوردن بکەین و قرەبوی زەرەر و زیانیان بە دراو بدەینەوە و کردوومانە و پێ لەو تاوانە بنێن.
فاشیست، داذوخانثکی کۆمەڵایەتی بوو کە سەرجەم لایەن و بووارەکانی کۆمەڵگای ئاڵمانی گرتەوە، و لە ئەنجامی نەبوونی ھاوسەنگی لە نێوان بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵ لە لایەکی‌ترەوە زەبر و زەنگ، ترس و سەرکوت کردنی سیاسی. ئەنجامەکەی پەروەردە بوونی ئەوەبوو کە دیتمان، فاشیست پەیدا بوو. بەڵام دوای شەڕ، سیمای گشتی قۆناغی دوای شەڕ، سوڵح و ھێمنایەتی دەست‌نیشان کرد کە ھۆکارێک بوو،  بە خۆ داھاتنەوە و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بیر و ھزری ھەر ئاڵمانییەک کە لە دواییدا بوو بە بزاڤی بووژانەوەی فیکری، ئینسانی، و دادپەروەری و ئازادی و دێمۆکراسی.
بۆ ئەوەی ئاوری ئاورگ نەکووژێتەوە داری بەڕووی وە سەر دەخەم و Tristan زۆر ماندوو نەکەم ئەشرەف بە چایەکی پڕ مایەی تازەدێم ھەناوێکمان وەبەر دەنێ و Yan بەدەنگی خۆشی گۆرانییەکی خۆش دەچڕێ. گۆرانی imagne یانی وێنە بکەن ، باوەڕ بکەن (تصورکن) ھی گۆرانیبێژی ئەمریکایی John Lenon  (جان لێنون)ە کە گۆرانیێکی مەنشوورە لە دونیا واتە imagne there is noborderand  (بێنە بەرچاوت کە ھیچ مەرزو سنوورێک نییە) ، و خەڵک ھەموو وەک یەک وابن و برای یەک بن و...
لەو کاتەدا ئەشرەف کە کۆڕێکی قۆشمەیە دێتە نێو گۆرانیێەکەی و دەڵێimagne and your money in pocket bolong tome  (چ دەبوو پوول و دراوی گیرفانی تۆ بۆ من بوایە!)
بەڵام وەک شتێک کە باسی پووڵ و گیرفان دێتە گۆڕێ، ھەواڵی ئاڵمانی وشیار دەبێتەوە و Yan دەڵێ: Imagine it is empty  باوەڕ کە گیرڤانم بە تاڵە و ھیچی تێیدا نییە.
و ھەموو لە قاقای پێکەنین دەدین و...
ئاوری ئاورگ دەگەشێنینەوە و دەورێکی دی چای پڕمایە و بە خواردنی گوێز و ھەرمێ و بەرنامەی ڕۆژی داھاتوو، شەوگار وە درەنگێ دەکەوێ.
سروشت لە پەنای ھەواری دەرەوییان لە ئامێزی گرتووین، کات و زەمانی لە بیر بردووینەوە. بەڵام چونکینە سبەی دەبێ وەسەر شاھۆدا ھەڵگەڕێن و ئاوقای«سیروان» ببێینەوە، دەبێ زوو ھەستین گڕی لەنتەرەکە کز دەکەیین و دەخزێینە نێو کیسە خەوەکانمان،بۆ سبەینێ و ڕۆژێکی دی و مێژووێکی دی. پێنج شەممەیە، مەلا بانگ دان بەجریوەی چۆلەکەکان خۆ لە کیسەخەوەکان دەکێشینە دەرێ بە Tristan دەڵێم چۆن خەوتی؟ دەڵی ھوتێل حەدی چییە ببێتە ھەواری کاک شەریف، لە ماڵی خۆشمان وا نەخەوتووم.
خۆ تەیار دەکەین، ڕۆژێکی دیکەیە، خۆڕ ھەلاتێکی تر،سەرەتایەکی نوێ بۆ مێژوو.کۆڵە پشتیەکانمان ئامادەیە، بەڵام کە دیتم کۆلەپشتی Tristan زۆر قورسە، ھۆی دوواکەوتنی جاروبارەی دوێنێ ھەر ئەوەبوو. سێ پایەی دووربینەکەی دەدەم بە Yan ھەڵیگرێ، لە لاجانگی کۆڵەکەی قایمی دەکەم، کیسە خەوەکەییم‌دا بە ئەشرەف و کاپشێن و کراسێکی بۆخۆم ھەڵمگرت. ئەو جار کۆڵەکان ھاوسەنگی یەک ھاتنەوە، ئیدی ئەو جار کۆڵەپشتی بە شانی Tristan خۆش بوو گوێم لێ بوو بە Yanی دەکووت: «بایخی کەژوانی بەو کارانەوە جوانە، جۆرێک عەداڵەت، وەک شتێک کاپیتان جووان دەیبینێ و بەکردەوە عەمەلی پێدەکا». دوێنێکە شانم بەو کۆڵە قورسەوە داھێزرابوو. لە کاک شەریف و ھەواری دەرەویان بەو ھەموو سەفا و وفایە کە ئەوشۆ میوانی بووین ماڵ‌ئاوایی دەکەین، لە لایەکی دی ڕووبەڕومان بارەگای پیری شاڵیار و ئاوایی ھەورامانی تەخت و ئاوایی سەرپیر و باخەکانی شێخ عوسمان»ھەڕەڕە» لە پەڕاوێزی مێژوودا ئارامیان گرتووە و لە ناخی ژیان‌دا ڕاوەستاو. ژیان بە ھەموو ھەوراز و نشێوێکی بەردەوامە، ئێمەش بەڕێیەوە و بۆ مەنزڵێکی دی ماڵ‌ئاواییمان لێدەکەن، بە  YanوTristan  دەڵیم ئەگەر جارێکی دی ھاتنەوە کوردستان، ئەو جار بۆ زەماوەندی پیری شاڵیار وەرنەوە ھەورامان. لێم وە پرسیار دەکەون چۆن زەماوەندێکە و کەنگێیە؟ وڵامیان دەدەمەوە کە لە نێو باوەڕی خەڵکی ھەورامان وا بە یادگار ماوەتەوە کە لە زەمانی زوو شازادەیەکی ئێرانی کچی شای بوخارا ھێندێکیش پێیان وایە کەنیشکی حاکمی دیوەزناو بووە دوچاری نەخۆشیێکی سەخت دەبێ کە بۆ چارەسەری و مداوا دێتە لای «پیری شاڵیار» و لەلای پیر مداوا دەکرێ.
پیر تا ئەوکاتە بە ڕەبەنی ماوەتەوە و ژيانی هاوبه‌

گڵکۆی مێژوویی ئەمیرەکانی ھەورامان لە یەکێک لە ھەوارەکانی داوێنی شاھۆ بە 300 ساڵ مێژوو

شی پێک‌نەھێناوە، شازادە ناچێتەوە بۆلای کەس‌وکاری دڵی لە پیر دەچێ و دەڵێ شووت پێدەکەم. پیر کە ژیانێکی زۆر فەقیرانەی ھەیە پێیدەڵێ کە لە ژیانی ھاوبەش لەگەڵ من تاڵت لێدەچێ، خەڵکی ھەورامان کە ئەو ھەواڵە دەبیستن، دەست دەدەنە دەستی یەک و بە ھەرەوەزی خەڵکی ھەورامان ماڵێکی ڕێک‌وپێک بۆ پیر چێ دەکەن و خۆشی لە دڵی ھەمووان دەگەڕی. و زەماوەندی پیر لە گەڵ کچی شای بوخارا بەڕێوە دەچێت کە ھەموو ساڵێ 50 ڕۆژ لە زستان تێدەپەڕێ ھاوکات لە گەڵ جێژنی «سەدە» کە پێشتر لە ھەورامان بەڕێوە دەچوو، ساڵڕوژی زەماوەندی پیری شالیار یاکوو «شەھریار» لە سێ ڕۆژدا بەڕێوە دەچێ کە ئەویش دابەش کردنی گوێزی باخەکانی پیر و لێنانی جۆرێک دانوولەو زەماوەندێکی عارفانە بە دەف و گۆرانی تایبەتە.
بەرز دەبینەوە، شاھۆ لەسەر سەران، کاروانی کەژوانی ئێمە پێنج کەسین و سیروانمان لێ وەدیار دەکەوێ. بەخیلی پێدەبەم کە ھەمووکات میوانی ھەورامانە. ھەورامان و شاھۆ لە داڕشتنی فەرھەنگ و کولتووری نەتەوەی کورد نەخشی بەرچاوی ھەبووە. وەرن بنواڕن، کەم گۆرانی و ھۆرە و سیاچەمانە نەبۆوە لە نێو دڵی خەڵک و نووسەران و وێژەوانان ڕەنگ دانەوەی بەرچاوی نەبێ کە شاھۆیی تێدا بە یادگار نەمابێتەوە.
دیوانی بەھەشت و یادگاری «مامۆستا گۆران» زۆرتری لەسەر ھەورامان ھەڵبەستراوە:
«کۆمەڵە شاخێک سەختوو گەردن کەش          
 ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش
جۆگە ئاوەکان تێدا قەتیس ماوه                
ھەر ئەڕۆن ناکەن پێچی شاخ تەواو
سیاچەمانە... سیاچەمانە...
بەھەشتی عەشقە ئەم ھەورامانە»
«ڕه‌حیم لوقمانی» شاھۆی چەند لەلا پیرۆز و گران بووه کە پیرۆزبایی نەورۆز لەسەر شاھۆوە بۆ نەتەوەکەی دەنێرێ:
«لەسەر قەندیل وشاھۆ و نەکەرۆز
ئەڵێ گەلی کورد نەورۆزتان پیروز»
«جەلال مەلەکشا» دەبێ خەم و ئازارەکانی چەندە قورس بێ کە تەنیا سوکنایی بە شاھۆ بێت کە بێتە «عەواڵان»خەمی دڵی لەلا ھەڵڕێژێ.
«بلێین بە شاھۆ بێتە کۆساڵان
خاڵێکم دیوە وەبان عەواڵان»
عەواڵان شاخێکی سێ ھەزار مێترییە لە نێوان سنە و کامیاران کە جەلال خەڵکی ئەو مەڵبەندەیە.
لە زاراوەو فەرھەنگ و فۆلکلوری شاھۆ نیشان دەدا، شاھۆ لە ناو ناخ و دڵ و دەروونییان دا جێگای گرتووە، بە بەستە و گۆرانی لە نێو دڵ و دەروونی خەڵک‌دا ماوەتەوە، کوتراوە ھەتاکوو شاھۆ بێ ئەو ھەوا و گۆرانییانە دەمێنێ. وەرن پێکەوە با لەسەر شاھۆ چەند بەستەو شێعری فۆلکلۆر ببیستین.
تاوەرە زەردە شاھۆ مەئواشەن
سوێند بەو خۆرە زەردە کە شاھۆ جێگایەتی
دڵەکەم پەی دووری جەنگ و داواشەن
دڵەکەی من لە تاو دووری تۆ شەڕ و ھەرایەتی
شاھۆڵەی خاڵ خاڵ وەفری کاژەو لێژ
بەفری شاھۆ لە لای کانی کاژە خاڵ خاڵ بووە
تۆ ج گەرمیان من شاھۆم پێ کێش
تو لە گەرمیانی و من بێ تو شاھۆم
ناوی کاژە (کانیێکی خۆش و باسەفایە ھەڵکەوتوو لە ئاوایی دەڵەمەرز)
وە قوللەی شاھۆ ئاوێزانم کەن
تێکەڵ وە باڵای نازدارانم کەن
شاھۆ مەگرەوو ئاته‌ژگا ماتەن
شاھۆ دەگری کێوی ئاتشگا ماتە
وێ‌میر بە تەمای شنیای باڵاتەن
وێ میر یا بیدمیری بە تەمای لەنجەو لاری باڵای تۆیە
(ئاتشگا کێوێکە برامبەر شاری پاوە 2550 مێتر بەرزی ھەیە)
(وێ میر یاکوو بیدمیری دەشتێکی خۆش و پڕ ئاوە سەروی پاوەیە)
شاھۆڵەی بیناس مێزەری وەروێن
کێوی شاھۆ جامانەی بەفرینی بەست  
سەرەش تەمەنەو پایینکەش غەمگێن
سەری بە تەموو مژە داوێنەکەی غەمگینە
(خەلکی هەورامان لە خۆشەویستی شاهۆ، پێی دەڵێن شاهۆڵە، کە لامی خۆشەویستیی یا ته حبیبه)
ھەڵکشان بۆ سەر شاھۆ دونیای تایبەت خۆی ھەیە. بۆ Tristan و Yan بە وتەی خۆیان ئەوان تاکوو ئێستا بە سەر کێوی وادا ھەڵنەکشابوون، ھەر چەند بە شێکی زنجیرە کێوی بە سامی ئاڵپ لە ئاڵمانیش‌دا ھەیە. بەڵام بەرزترین زنجیرە کێوی ئاڵپ لە خاکی فەرانسە دایە و بەرزترین کێوی «مۆن بلان» 4810 میتره.
ھەڵگەڕان بە سەر شاھۆ جیا لە زیبک و زاکۆن بوون، زانای خۆی دەوێ، دەبێ گیرگە بناسی، بەردی خزۆک نەگری. شاھۆ دۆڵ و، ھەڵدێری سەیر و بەسامی ھەیە بەر بوونەوە یەک ئان و تێیدا چوون ھەمان.

تریستان و یان بە خواردنی ھەناری ھەورامان ماندوویی دەحەسێننەوە

لە قانوونی شاخەوانی‌دا دەبێ بۆ وەی بەر نبیێەوە، سێ گیرگەت گرتبێ، یانی دولاق و دەستێک، یاکوو دوو دەست و لاقێک؛ جا ئەوکات بۆ بەرزێکی دی خۆ ھەڵاوێ. قانونی شاخەوانی دەبێ بە پێی ھاوڕێیەکانت بڕۆی، ھیچ خوواردنێک بەتەنیا ناخورێ و ھەرچی خودا بە قسمەتی کا پێکەوە دەیخۆن.
یەکێک کارەساتێکی بە سەر بێ دەبێ بۆ ڕزگاری حەول بدەن و زور یاسای گەورە و ئینسانی تر.
بۆ وەێ ئەو دوو گەڕیدە و شاخەوانە ئاڵمانییە کە لە داوێنی زنجیرە کێوە سەرکەشەکانی ئاڵپەوە ھاتوون بە ڕەسمی یاسای میوانداری، کورتە باسێک لەسەر ئەو چیا و کەژە سەرکەشانەی ئەوان بدویین.
«ئاڵپ» لە بەشی ناوەندی ئورووپا ھەڵکەوتوۆە: (ALPI)بە ئیتالییایی (ALPES) بە فەرانسەوی (ALPEN)، بە ئاڵمانی (ALPS) بە ڕۆمانیایی، زنجیرە کێوێکە مەنشوور لە دونیادا وەکوو کەوان لەزەریای مەدیترانە، ھەتاکوو ئوسڵۆنی، ئوتریش، ئیتالیا، فەرانسە، ئاڵمان، سویس، ھەڵکەوتووە، کە بەرزترین کێوی ئاڵپ نیوی Mont Blanc، مۆن‌بلان واتە کیوی سپی 4810 مێتر لە خاکی سویس دا ھەڵکەتووە، و یەکێک لە کێوە بکووژەکانی  دونیایە، یانی لە ساڵ‌دا بە قەت کێوی K2 کە بەرزایی 8611 میبتر لە ھیمالایە کەژوان و شاخەوانی تێیدا دەکوژرێ و بەر دەبنەوە یاکوو سەرییان لێدەشێوێ.
ساڵی ڕابردوو شاخەوانی گەورەی ئێران بە نێوی «مێهدی عەمیدی» کە توانیبووی و سەرچیای ئێویرست و لۆتسه‌دا لە ھیمالایە، ھەڵکشی، لە شاخە 4000 مێتری ماترھۆڕن تێیدا چوو و جەنازەکەشی نەبیندراوە. ئاڵپ 82 دوندی بەرزتر لە 4000 مێتر و بە سەدان کێوی 3500 مێتر ھەتاکوو 4000 مێتری ھەیە.
زنجیرەکێوی ئاڵپ لە چاو زاگرۆس کێوێکی جه‌حێڵ و تازە گووراوە، لە مەودای 2450 مێتر ھەتاکوو 2900 میتر بەفر و سەھۆڵە، گەورەترین یەخچاڵی ئاڵپ بەدرێژایی 22 کیلومیتر نیوی Greal Alctsch، گرێل ئاڵچە.
لە داوێنی کێوەکانی ئاڵپ شاری توریستی، زانکۆی شاخەوانی، تلەکابێنی دوورودرێژ و جێگای ئێسکی (خلیسکێنی سەر بەفر) دروست بووە. گەورەترین زانکۆی شاخەوانی دونیا لە شاری شامۆنی وڵاتی فەرانسە لە داوێنی کێوی مون بلانە. زیندە ناو محەممەد ھەوراز 2 دەورەی شاخەوانی یانی گەورەترین نیشانی کەژوانی لەو زانکۆیە لە شامۆنی وەرگرتبوو. ھەناسەمان سوار نییە ھەر چەند شاھۆ ڕژدە لەسەر شاھۆین و یادی شاخەوانانی بەڕێز و لە بیر نەکراو محەممەدی ھەوراز، موقبیل ھونەرپەژوه هه‌روه‌ها سێ جوانەمەرگی شاخەوانی ئێرانی کە ئەو ھاوینە دوای وەسەرکەوتن بە سەر چیای 8050 میتری برۆدپیک لە ھیمالیا نەھاتنەوە بۆ ھەمیشە بوون بە مێوانی برودپیک و جەنازەیان نەگەڕاوە بە نێوی مێھدی جەراحی و دوو ھاوڕێیەکەی ئاییدین بوزورگی و پویا کەیوان ڕێز دەگرین.
دوو ھاورییەی ئاڵمانی لەسەر ھەوراز و ھونەرپەژووە لێم دەپرسن کە کەسایەتی ناسراوی شاخەوانی بوون نە تەنیا لە کوردوستان و ئێران، بەڵکوو لە جیھان، بۆ ھەوڵین جار ھەوراز شاخەوانی کورد و سێ شاخەوانی دیکەی ئێرانی لە 30/2/1377 ھەتاوی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین وەسەر بەرزترین کیوی جیھان ئێوێرێست وەسەرکەوتن، بەداخەوە لە مانگی خەرمانانی 1382 ھەتاوی لە سەر گاشربڕۆمی1 بەھۆی ھەرەس بەر بۆوە و گیانی لەدەست دا. موقبیل ھونەرپەژوه جوانترین شاخەوانی جیھانی لە سەر «لۆتسە» کە 18 ساڵی تەمەن بوو، کە کوردێک رکوردی دونیای ھەبوو بەداخەوە لەکاتی ڕاھێنان لە خەزەڵوەری سالی 86 ھەتاوی لە چیای بەردەزەردی بۆکان لە کاتێک‌دا 24 ساڵ تەمەنی بوو بەر بۆوە و بۆ ھەتاھەتایە چاوی وەسەر یەک‌نا.
بەسەر شاھۆ دیمەنی سیروان و کۆساڵان و بەشیک لە پاوەو نۆدشە دڵبزوێنە. کوێستان و شاھۆ ئێمەی لە ئامێز گرتوۆە، ھەواڵانی ئاڵمانی Tristan و Yan نە ئاخێک نە ئۆفێک لە چاو تەمەنییان کە زۆر جحێلن و 25 ساڵن پوخت و بە ئەزموون، ھەڵسوکەوتیانم زۆر لەبەر دڵانە. جیا لەوە زمان‌زانێکی باشن و ئینگلیزی جوان قسە دەکەن شاخەوان و کومەڵناسێکی گەورەن و خۆیان زۆر بە بەختەوەر دەزانن کە لەگەڵ ئێمە تووانییویانە جیا لە دیتنی ھەورامان بەگشتی بۆ سەر شاھۆ ھەڵکشن. لە سەر کێوەکان جوگرافیا لێک نزیک دەبێتەوە، وئەو نامۆیی و دوورە پەرێزییە لە نێو وڵاتەکان وە بەر چاو ناکەوێ.
ھەتاکوو ئێمه لە سەر شاھۆ پشوویەک دەدێن پێم خۆشە ئێوەی خوێنەر زانییاریکانتان لەسەر شاھۆ زۆرتر بێ و ئەو کەژە سەرکەش‌ و بەھەیبەتانە جوانتر بناسن.
  زنجیرە‌کێوی شاھۆ لە ژێر کاریگەریی باڕشتی زەریای مەدیترانە لە ساڵانێک کە سروشت پشووی سوار نەبوو 800mm باڕشتی لە ساڵ‌دا ھەبووە. بە بەری نساردا بە ھۆی ئەوەی زۆر شاخاوی و بەردەڵانە، ھەوارنشینەکان ناچارن بۆ لەوەڕگە و کانیاوی پڕ ئاو ھەتاکوو بەرزایی‌یەکانی شاھۆ ھەڵکشێن. بەشی زۆری شاخەکانی شاھۆ لە جۆری بەردی ئاھەکی واتە قسڵە کە تایبەتی دەورانی سێیەمی زەوی‌ناسی واتە «سنۆزۆئێک»ە کە غار و ئەشکەوت و چاڵاوی، زه‌ندۆڵ زۆر بە‌دیمەن و سەیر و خۆفناکی تێدا ھەڵکەوتووە.
 ئەشکەوتی «کاوات» وەکوو ئەشکەوتی قوریقەڵا ئاویی‌یە. ئاوی خواردنەوەی خەڵکی جوانڕۆ لەو ئەشکەوتە دابین دەبێ و مام‌ناوەندی ئاوی ئەشکەوتی کاوات 534 لیتر لە چرکە دایە. ئەشکەوتی قۆریقەڵا 248 لیتر لە چرکەدا ئاوی لێ دێتە دەر و لە داوێنی دوندی کێوی عەلی‌سوور یەکێک لە شاخەکانی شاھۆ ھەڵکەوتووە و «کانی بڵ» واتە خودای ئاو کە گۆیا ناوێکی یۆنانییە یەکێ لە چوار کانی بێ وێنەی دنیایە کە ئاوی تەواو خالیس و کانگایی‌یە، کانی ئاوا لە ئەمریکا و لەھستان و کانادادا ھەیە و بەس، مام ناوەندی ئاوی 1000 لیتر لە چرکەدایە کە لە مابەینی ئاوایی ھەجیج و قاوەخانەکەی «دەری بەر» لە سەر چۆمی سیروان ھەڵکەوتووە و بەخوڕ دەڕژێتە چۆمی بەخوڕی سیروان.
  ھەر لە کۆنەوە خەڵکی ناوچه‌که‌ به‌ ئاوی قوریقەڵایان ده‌زانی، بەڵام کارناسان و پسپۆڕانی ئینگلیز، لەھستان، فەڕانسە ھەتاکوو 3140 مێتری ئەشکەوتەکە تۆژینەوەی زانستییان له‌سه‌ر کردووه‌، دوایی شاخەوانانی کرمانشان و باقی شوێنەکانی دی زانیاریان لە سەر وە دەست ھێناوه. ئەشکەوتی «ملەپلنگانە» کە نزیک دوندی «سان‌ئاو» ھەڵکەوتووە لە ساڵی 1369ی ھەتاوی لە لایەن شاخەوانانی کرمانشان دیتنی لێکراوە.
  گیاوگوڵی شاھۆ ناو و ناوبانگی تایبەت بە خۆی ھەیە: کەما، لۆ، ھەڵز، بیزا، مەندێ، کارگ و کورادە یا کنیواڵ و تۆسی، گۆڵە مێلاق، گۆڵە شڵێرە، وەنەوشە، چنوور، ڕێواسی شاھۆ بامیە، کیوار، گوێنی، قەیتەران، جاترە، گۆڵە باخ و... زوری دیکە. لە گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی گوڵی کوێستان ڕەنگدانەوەی زۆریان ھەبووە و بە دەنگ و ئاوازی دەنگ‌خۆشان مێشکی ئثمەی زاخاو داوە، بۆ وێنە بەستەیەک لەو شێعرە فۆلکلۆرییە ببیستین. چنوور لە شاخان وەنەوشه‌ لە‌ گوڵ سەودای دیتنی تۆیان کەوتە دڵ. لەم دوایانەدا «حوسێن مەعرووفی» زانا و گیاناس ،لە ھەواری ئاوایی «سلێن»ی سەر بە ھەورامانی تەخت جۆرێک جاترەی پەل‌درێژەی پەیدا کرد کە لە دنیادا نەناسراو بوو و ناوی عیلمی لە سەر نەبوو و بۆخۆی لە دنیادا و به‌ ناوی «کوردستان» تۆماری کرد.
سەیر ئەوە بوو کە دەوڵەتی تورک لە فەرهه‌نگی جوگرافیای خۆی‌دا ناوی حوسێن مەعڕووفی، دۆزەرەوەی ئەو جاترەی نووسیوە، بەڵام کە دێتە ناوی «کوردستان» (ناوی گیایه‌که‌) کەڕ و کوێر دەبن و لە حاند ناوی کوردستان لاڵ دەبن و دەستیان قەڵەم ناگرێ و ئەو ناوەیان نەنووسیوە.
لەبەر باڕشتی زۆر، ھەتاکوو بەرزایی 2800 مێتری شاھۆ دارستانە واتە جەنگەڵە و دار بەڕوو، مازوار، ھەرمێ کێوی، گێوژ، قەزوان یا وەنەتەق(کە بنێشتی لێدەگرن)، کێکەف، دارە تراوی، بڵاڵووکە کێوی (تەنگز)، تاوگ و... پێک‌دێنێ کە سامانێکی چوار ھەزار ساڵەیە و میرات و سامانی ھەموومانە کە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین.
وێنەیەک لە ئاوایی ھەورامان تەخت و ئاوایی سەر پیر لە سەروی ھەورامان
  لە زۆر شوێنی داوێنی شاھۆ جێگای خۆش و باسەفا و لە بەر دڵان ھەیە کە گەشتیاری زۆر لە کوردستان و ئێران و دەرەوە ڕووی تێدەکەن وەکوو ئەشکەوتی ئاوی قۆریقەڵا، ھەڵانی، وێڵە، ھەنگەکوێر، شارا، تەوەرگەزێن، کانی خوڕێڵە، ئاتشگا، سەرا و میوان، سەراوی میراوڵی، وێراش (ھەوارگەی بنەماڵەی زەردوویی بووە کە تایفەیەکی گەورەی کوردی ھەورامانی)ن ، ئەشکەوتی حوسێن (کە لە عەجایباتی دنیایە پیاوێکی پیری 70 ساڵە کە لاقێکیشی پەڕیوە بە قولنگێکی دەستی لە دڵی شاخ و بەندەنی شاھۆ لە مەیگۆرە لە ماوەی 10 ساڵ.  نزیک دە وەتاغ و دیوی بەردی ڕێک‌وپێکی داتاشیوە و باغاتی ڕەزی بە دەوری‌دا ڕەعەمەل ھێناوە. بۆخۆی لە وێ‌دا دەژی و خەڵکانێکی زۆر ڕووی تێدەکەن، پیازدۆل کە شام و سەراوێکی خۆش و باسەفایە لە پاوە. لە سەر پیازدۆل لە نێو باوەڕی خەڵکی ھەورامان ئەفسانەیەک ھەیە کە ژنێک دووگیان بووە و مەگیرانی بە پیواز کردووە (بە مەگیرانی لە زاراوەی ھەورامی مژن دەڵێن)کە چۆتە ئەو دەشتە کە سەرووی پاوە و لە داوێنی شاھۆدایە و بە ئەمری یەزدانی گەورە ئەو دەشتە ھەموو دەبێتە پیواز.
 ھەر لە سەر چۆمی سیروان لە بەشی «شێخان پاوە» زیارەتگای کوردەکانی ئەھلی حەق یان یارسان ھەڵکەوتووە و لە هه‌موو ئێرانەوە دێن بۆ زیارەت و تەوافیان و بریتین لە سوڵتان ئیسحاق، سەید مستەفا دودان، سەید محەممەد گەورە‌سوار، حەزرەت داوود کۆسوار، سەیدزادە خاتوونی ڕەمزبار و بەردێکی گەورەیە بە ناوی «ساج نار» یاکوو سێڵی ئاور.
 کێوەکانی شاھۆ بە ھەر بەرزایی‌یەکی کە ھەیانبێ بەرز و گەورە و بەسامن کە لە مێژووی جوگرافیا و فۆلکلۆر و خەڵکی کورد ڕەنگدانەوەیەکی مێژووی ھەیە و جێگای ژیانی ھەراوی خەڵکی ناوچەیە، بەتایبەت کێوی «پیرخزر» کە لە فۆلکلۆردا ھاتووە کە قەدەمگای حەزرەتی خزر بووە، ئەو قەدەمگایانە لە کوردستان زۆرن، وەکوو کانی «خێرەزنە» لە داوێنی کێوی ئابیدەر لە سنە. بۆ یه‌که‌م جار ساڵی 1354، «گرووپی شاخەوانی سورتمه‌ی سنه‌» لە وه‌رزی زستان‌دا چوونە سەر ئەو کێوە که‌ 3360 مێترییە. دوای وە سەر کەوتن بە سەر دوندی پیرخزر بەفرێکی قورس دەبارێ و چوار شەو و ڕۆژ لە خێوەتەکانیان‌دا وەک زیندانی دەست بە سەر دەمێننەوه‌، دوای لێکردنەوەی بەفر ھەر ئەوەنده‌یان پێکرا خێوەت و کەرەسەکانیان بەجێ بهێڵن و خۆ دەرباز کەن و ساڵی داھاتوو کە بەھار ھاتەوە، شت‌ومەکەکانیان بردەوە. زۆر ئاوایی لە بناری شاھۆ و بە داوێنی‌دا لە سەر چۆمی سیروان ھەڵکەوتووە کە ژیان و ژیوار دەبەنە سەر وەکوو ئاوایی تەویرەڕێز «توبرە ڕێز»، ئاسنگەران، گەمەنە، ئافریان، ماویان، که‌لجی، لۆنی کۆن، لۆن سادات، کاوانە، چروسانە، زێویە، مێسووراو، تیلەکۆ. گازرخانی، بزوش، کاشتەر، یوزیدەر،«وێ زییەر»، تەنگیوەر، پاڵنگان، دێوەزناو، جۆلاندێ، دەڵەمەرز، زۆم، دەل، ڕووار، ئەسپەرێز، ھەجیج، ناو، داریان، وڕا (ئەو ئاوایی‌یە لە داوێن کەژێکە کە بەرد و داری ڕووخاوی لێیە کە بە زاراوەی ھەورامی پێیدەلێین وڕا). ئەو ئاوایی‌یانە لە داوینی زنجیرەکێوی شاھۆ لە باکوور ھەتاکوو باکووری ڕۆژاوا و ڕۆژاوا دەگاتە نوختەیەک کە چۆمی سیروان ئەو زنجیرەکێوە دادەبڕێ و بەشی شاھۆی ڕۆژھەڵات لە شاھۆی ڕۆژاوا جیا دەکاتەوە، ئەو ئاوایی‌یانە ھەتاکوو دەگەنە پاڵەنگان بە ھەرێمی «بێڵوار» دەناسرێ و سیروان بە ڕووکاری کوردستانی گەرمێن ئاوەژوو دەبێ و دەڕژێتە نێو بەنداوی دەربەندی‌خان.
 

چۆمی سیروان لە بەرزاییە‌کانی ناو

خەڵکی ھەورامان کە ژیان و حاوانەوەی ئەوان بە ھەوار و کۆچ گرێ دراوە بە مەڕ و ماڵات و خاووخێزان پتر لە 5 مانگ لە ھەوار دەمێننەوە و لە ماڵە کوچکینەکان کە پێیان‌دەڵێن «کەوێڵ» دەحاوێنەوە. گەورە‌ترین ھەوار هی ئاوایی ھەجیج لە «گاھۆڵ» بووە. ئاوایی 500 ماڵی ھەجیج ھەمووی خەڵکی ئاوەدانی  بە مەلا و مامۆستای قوتابی‌خانەی ھەڵدەگەڕانە ھەواری گاھۆڵ کە لە بناری نساری شاھۆ لە داوێنی «دوندی نوور» ھەڵکەوتووە. زەمانی خۆی تەنیا جێ ھەوارێک کە ماڵێکی تێیدا بحاوێتەوە بایخی بە قەت چەند دوکان لە ڕاستە بازاری مەریوان و پاوە ھەبوو. بەداخەوە ئەو ھەوارە بە زۆر ھۆێەوە لە ساڵی 1359وە بەو لا چۆل بووە و خەڵکی ھەجیج ئیتر نەچونەتەوە بۆ ھەوار. لە داوێنی ھەواری گاھۆڵ، ھەواری «دەشت»ە کە هی بەشێک لە خەڵکی ئاوایی داریانە و سەرووی ھەواری گاھۆڵ ھەواری «گردەڵێ» ھەڵکەوتووە کە هی ئاوایی «ئەسپەرێزە» کە بەداخەوە چۆل بووە، یەکێک لە پیرەکانی ھەورامان بە ناوی «پیرئیسماعیل» لە ئاوایی ئەسپەرێز ئارامی گرتووە و مه‌زاری فێنک‌کەرەوی دڵ‌سووتاوانە و سەرووی ھەواری ئەسپەرێز ھەواری «گردمیان» ھەڵکەتووە کە هی ئاوایی «زۆم»ە.
  زانیاری لە سەر ھەوارەکانی ھەورامان ئێمە لەگەڵ کۆمەڵ‌ناسی و جوگرافیای شاھۆ و خەڵک زۆرتر نزیک دەکاتەوە، وەرن با پێکەوە ھێندێک لە کۆن‌ترین ھەوارەکانی بناری شاھۆ بە سەر بکەینەوە ھەتاکوو بە ئاوازی سیاچەمانە توونییەتی ھەست و ھەناسەمان پاراو بکەین.
  ھەواری بەڵاڵوکان، تاڵگینە، زەردی شێخ، ھەواری تەخت، ھەواری کانی کڵەھۆ بە زاراوەی ھەورامی یانی سەربان ھەواری دۆولان بە زاراوەی ھەورامی لە نێوان دوو دۆڵ، ئەو ھەوارانە تێگرا هی ئاوایی کاشتەرە. ھراوییە ھەواری شێخ عەزیر، ناوملان، ھەوار کانییە، ھەوار خەسرەو، ھەوار بۆڵێن چکۆلە، بۆڵێن گەورە، ھەوار گۆزیبان، ھانییە، ھەوار چالاو، سەردەرۆن، چاڵاو شێخ عەزیز هی ئاوایی پاڵنگانە. ھەواری کانی بیزاوا، ھەواری دەشتێ، برێم هی ئاوایی گازرخانی و تەنگیوەرە. ھەوارە بەرزە، ھەوارە ساردە، میشیاو هی ئاوایی دێوەزناوە، ھەواری شەلێوان، پەچەڕەش هی ئاوایی یوزیەرە. ھەواری کانی بلە هی ئاوایی تیلەکۆیە. ھەواری بیری سەربان لە داوێن بان گەوی تایبەتی ئاوایی کاشتەرە.
بیرەسوور: ئەشکەوتی بیرەسوور، ئەشکەوتێکی خۆفناکە لە داوێنی شاھۆ لە ھەواری «ناوان»ی پاڵنگان ھەڵکەوتووە.
  ئەشکەوتی خۆڕێڵە کە له سەرەوەی شیلانان ھەڵکەوتوو لە بەرزایی‌یەکانی ئاوایی شەمشێر ھەڵکەوتوو لە باکووری ڕۆژاوای دوندی کێوی حەوی‌خانی. لە ساڵەکانی 1354 لە لایەن دەستەیەک شاخەوان و ئەشکەوتوانی فەرانسە تۆژیینەوەی تێیدا کراوە. بە قووڵایی ئەو بیرە بەسام و خۆفناکە ڕۆچوون و قووڵایی ئەو بیرەیان ھەتاکوو 1400 مێتر بەرئاورد کردووە و کارەکە ناتەواو ماوە. ھەتاکوو ساڵی 1356 دەستەیەکی شازدەکەسی شاخەوان و ئەشکەوتوانی وڵاتی ئینگلیز بە باسێکی کۆنەی دەستی دووی شاری بیرمەنگام بوو و تەعمیریان کردبوو ھاتنە ھەورامان و ناوەندی بارگاە و کارەکەیان لە ئاوایی «یوزیەر» واتە «ویزیەر» دامەزراند و پێداویستی خویان لەو ئاوایی‌یە بە یەستر و بە ڕێنمایی بەڵەدێکی ئاوایی بە ناوی «کەریم» دەگەینە شاخی ھەوارەبەرزە و بە دڵی ئەو ئەشکەوتە خۆفناکەدا دچنە خوارێ.
  ئاکامی زەحمەت و تێکۆشانێکی زۆر کە پێیان وایە لە ئەشکەوتی قۆریقەڵاش دوورودرێژترە بەڵام لە ئاکام‌دا بە ھۆی نەخۆش کەوتنی چەند کەسیان و تەواو بوونی تۆشە و ئازووقە و کەرەسەی پێویست و تەواو بوونی پووڵ و دراو کارەکە ناتەواو دەمێنێتەوە، باسەکەیان ماتۆڕەکەی دەسووتی لە ئاکام زۆر بە تووش و سەخلەتی و جیا جیا ڕوو لە وڵاتی خۆیان دەکەنەوە و ئەزموونێکی نێو جیاواز لەو شتەی کە لە ئێران دەکراو دەبیسرا لە شۆێن خۆیان بە یادگار ھێشتەوە، ھەتاکوو ئەلحانەکەشی لەگەڵ بێ ئەو ئەزموونە تامەزرۆیی خۆی ھەیە و لە لای شاخەوانانی ئێرانی و خەڵکی ناوچە ڕێزی لێدەگێرێ.
  لە سەر شاھۆ و ھەورامان مەیدانی تۆژینەوە ھەروا بەربڵاوە، و جێیەتی بە دەیان کتێب و نووسراوە و پەرتووک لە سەری بنووسرێ و ئەو سروشتە نەناسراوە، ئەو شاخە مەزن و سەرکەشانە بێتە نیو ناخ و ده‌ماری ئەو نەتەوەیە. لە ماوەی ھەژدە ساڵی ڕابردوو کە دیوناسی شاھۆ بووم و ھەر جارێ لە شوێنێک و ھەر ڕایەک لە ھەوارێک بۆ شاھۆ ھەڵکشاوم، جار لەگەڵ جار بۆم تازە دەبێتەوە و ھۆگری دەبم و ڕووگەمە و ڕووی تێدەکەم. پێویستە وەبیر بێنمەوە کە ھەوڵ جار بەھاری 1374 ھەتاوی لەگەڵ سیامەک ئەمیری، سولیمان حەریری، مەردانی لە ئاوایی مازی بن و دگاگا، بە پێیان وە‌سەر کۆساڵان کەوتین و شارەزایی‌یەکەمان لە سەر شاھۆ و ھەورامان‌ نەبوو، بە دۆلێ حەشەدۆل (حەشە بە مانای ورچ) کە دۆڵێکی لاپەڕ و خۆفناکە و زۆر ڕژدە بە دڵی سیروان‌دا ڕۆچووین ئەلحانەکەشی لەگەڵ بێ نازانم چۆن بە ساغی دەرچووین لە ھەباساوا بە ئاوایی «نوێن»دا خۆمان گەیاندە ئاوایی ھەجیج. لە ویشکە ساڵەکانی 1379 بوو کە لە ھەواری سەردەشت لە سەر کۆساڵان بە ڕووکاری ئاوایی ڕوواردا داگەڕاین و بە پێیان ھاتیینەوە قاوەخانەی (دەری بەر و کانی بڵ) ئەو دەم گوڕوتینی لاوەتی داشدارێکی گەورە بوو کە لە ھیچ شتێک نەدەپرینگاینەوە و ئەوەش سامانێکی گەورە بوو. شاخەوانانی ئەو گەڕە بریتی بوون لە سەعید مەجیدی، ئەنوەر میرزایی، سولێمان حەریری، عەلی عەبدی، زیندەناو سەمین ڕەزایی، برایم مورادی (یادی بەخێر)، زارعی کە لە سیروانە نابەڵەد بە دۆڵی ڕووکاری ھەجیج بەرەو شاھۆ ھەڵکشاین خافل لەوە لەو سێ ساڵ ویشکەساڵێیە کانییەکانی ئەو دۆڵە ویشکاوی ھاتووە و ھەتاکوو گەیشتینە ھەواری «دەشت»ی داریان، پێنج کاتژمێر کێوپێوان بەبێ ئاو لە ڕۆژگاری بەھاردا، تاقەت‌پڕووکێنە. ئەو شەوە لە دەشت ماینەوە و لە گاھۆڵ‌دا بۆ سبەی بەرەو شاھۆ ھەڵکشاین و بە پێیان ھاتینەوە شاری پاوە، یادی ئەو ڕۆژانە بەخێر بێ، ھەر دەڵێی دوێنێ بوو.
 ساڵی 1381 بوو لە پاڵنگانەوە وەڕێ کەوتین بۆ ھەواری گۆزیبان و ھانییە... یادی بە خێر ڕۆژانی لاوەتی. برایم ڕەزایی و جەعفەر سمایل‌سورخ، سمایل عەبدی، جەبار سولێمانی، ئەحمەد بابایی، عوسمان زارعی بە چاڵاوی به‌ڵاڵووکان و ھەوارەکانی پاڵنگان داگەراین وە سەر دوندی شاھۆ و کێوی عەڵی سوور و پیرخزر کەوتین و بۆ ڕۆژی دوایی خۆمان گەیاندەوە ئەشکەوتی قۆریقەڵا لە سەر جادەڕێی پاوە، ڕەوانسەر.
  جەوھەری زانیاریم لە‌سەر شاھۆ کە بەری ھەژدە ساڵ شاخەوانی لە سەر شاھۆ و ھەورامان بووە بە پێنووسی دەستم تکاندوومەتە سەر کاغەز و بۆتە ئەو نووسراوەیە لە بەر دەستتان. ھەر چەند پێم وایە ھەموو شتێکی لە سەر شاھۆ پێ نیێە، بەرەی نوێ ئەو ڕێیە تێپەر کەن و زانیاری تازە بە دەستەوە بدەن. ھەر ھەڵکشانێک، داکشانێکی ھەیە چونکینە ژیان و ژیوار لە سەر کێوەکان‌دا نییە و شار و شارۆچکە و پێدەشتەکانە کە مرۆڤ تێیدا دەژی و مەیدانی ھەراوی خەڵکە و جیگای ژیان، دەبێ ڕووی تێکەینەوە. لە شاھۆ دادەکشێین و بە ھەواری گۆڵی کە هی ئاوایی کەلجییە، تێپەڕ دەبین ھەوارێکی دڵ‌بزوێن. لە کانییەکی خۆ فێنک دەکەێنەوە بە خواردنی گوێز و ترێ ڕەشە ماندووی لەش دەردەچێ. ئەو ھەوارە وەک ئاوایی‌یەکی چکۆلە لە کۆێستان‌دایە کەوێڵەکان لە پەنای یەک، مێعمارێکی جوان کە تریستان وێنەی زۆر لەو ھەوارە دەگرێ ئاوەژوو دەبینەوە بە ڕووکاری سیروان کە دوڵ‌ودرەیەکی بە‌سام و ڕژدی 2000 ھەزار مێترییە کە ئاوایی (ناو) و ھەوار و باخاتیان کەوتۆتە نێو ئەو دۆڵ‌ودرەیە. دوایین ھەوار هی ئاوایی ناو دوو ھەوارە بە ناوی «سەراجگا» و «مخڵ» کە بە ڕووکاری یەک‌دا ھەڵکەوتوون کە ئاوەدان و ئاودار و سەرسەوز، بە تێپەر بوون لەو ھەوارە ئێدی لە ھەوار و، ھەوارگەنشینەکان ماڵئاوایی دەکەین و بەو دۆڵە سەرکەش و شاخاوییەدا بەرەو «ناو» سەرەوژێر دەبینەوە و 2 کاتژمێر دەخایێنێ.
  ئاوایی ناو ھەر وەک لە ناوەکەی دەردەکەوێ ئاوایی‌یەکی 300 ماڵیێە، خەڵکێکی زۆر بە سەلیقە و میوانگر و بەدین و باوەڕ کە دوایین ئاوایی پارێزگای کوردستانە لە نێو دوو دۆڵێ بەسام و شاخاوی ھەڵکەوتووە کە خوێندەواری چاک و زانا و پزیشکی زۆر تێیدا پەروەردە بووە. ئاوایی‌یەکی پڕ ئاوە لە سەر زەردومایەک چێ کراوە وەک شاری ماسوولە سەربانی ھەر ماڵێک بۆتە حەوشە و حەساری ماڵێکی تر. زۆر بە زەحمەت باخی ڕێک و پڕ سەمەر ڕەعمەل ھاتووە. ئێرە زەوی، بوورە  بەیاری نییە و تەنیا شاخ و زەردی بەسام. ھەتا نەیبینی نازانی کە بەرەی ڕابردوو بۆ ژیان چ ڕەنج و جەفایەکیان کێشاوە. لە ئاوایی «ناو» ھەتاکوو چۆمی بەخوڕی سیروان دۆڵ‌ودەرەیەکی بەسامی 1500 میتریە کە خەڵکی ئاوایی بە ھەر دوو لای دۆڵەکەدا وەک قەڵایەکی قایم و بەسام بە دەوری شاخەکەوە بەردیان ھەڵچنیوە بۆوەی دارەکان بگیرسێن و نەخەزێن، بۆتە کەردوو، کەردوو لە جێی دیکەرا خۆڵ و خاکیان ھێناوە و تەختییان کردووە داری ھەنار و گوێزیان تێیدا چەقاندووە. ئاوی کانیاوەکانی سەرێ زۆر وەستایانە بە جۆگە و شاجۆگە بە نێو ئەو باخ و باخاتی 300 ماڵی ئاوایی دابەش بووە جۆڕێک موھەندسی و ئەندازیاری و ھەر لەو دۆڵ و دارستانەدا ئاسەواری دوو ئاشی ئاویی بە کاولی ماونەتەوە وەک مووزه‌یەک وایە بۆ دیتن و بەرداشەکان بە ساغی ماونەتەوە.
  ھەر چەند زۆر دژوار و پڕ مەترسیە لە ئاوایی «ناو» دڵمان پێوەیە بە نێو ئەو دارستان و ھەڵدێری «ناو» ھەتاکوو قاوەخانەکەی دەری بەری سەرچۆمی سیروان وەڕی کەوین و بە جادەڕێ‌دا نەڕوێن.
  ھەڵدێر، دیواری ئەستەم، شاخی بەسام و ھەڵەمووت، ئێرە شاخەوانی بە ئەزموونی دەوێ و زۆر جار ترس و خوف ڕایدەچڵەکاندین و خورپەی دەخستە دڵمانەوە، بەڵام دیمەنی زۆر جوان، سروشت لێرە لەو پەڕی خۆی‌دایە. دارەھەنارەکانی پێگەیون و خواردنی ھەنار و ھەنجیر سۆیەکمان دەخاتەوە بەر. لە زۆر جییەگەش بە تەناف و گرێی شاخەوانی خۆمان ڕەیاڵ دەکرد و لە ھەڵدێرەکان تێپەڕ دەبووین. دوایی 5 کاتژمێر لە سەر چۆمی سیروان و قاوەخانەکەی «دەری بەر» بە خواردنەوەی چایی ماندووی لەش دەر دەکەین. ئێرە سیروانە و ڕووباری خۆشەویستی، نە زلکاوە لیخنەکانی نێو شارەکان، کانگای ژینە و ڕوانگەیەکە بۆ خۆشەویستی. لێرەدایە سیروان، لیزگەی شاخی شاھۆ بەھێز و قەوەتی خۆی‌دا دەپچڕێنێ، دەیکاتە دوو کوت. دەخوشێ و دەخوشێ، سنوور دەبەزێنێ لە پەنا «دەری بەر» و ئاوایی ھەجیج  «کانی بڵ» ھەڵدێرێکی  بەسام لە دڵی شاھۆ دێتە دەری دەڕوا بەرەو گەرمێن بە ڕادەی 1000 لیتر لە چرکەدا خۆ دەخاتە نێو باوەشی سیروان. بەڵام چ ببینین! لە 5 ساڵی ڕابردوو لە خوار ھەجیج نزیک ئاوایی داریان خەریکی چێ کردنی بەنداوێکی گەورەن کە ئاوی سیروان ڕایگوێزن بۆ خوارووی ئێران و بۆ وزەی کارەبا هێزگه‌ی (نیروگاه) لێ دامزرێنن.
  بەڵام وەھا ناشارەزایانە وڵاتیان تێک‌ومەکان داوە، دوژمنەکەت نەیبینێ. کانی بڵ کە یەکێک لە چوار کانی مەعدەنی دنیا بوو و کارناسان لە سەر ئەو باوەڕەن ئەگەر ھاتبایەن و ئاوی ئەو کانییەیان ھەلێنجابا و بیانفرۆشتبا داھاتی زۆر لەو بەنداوە لە درێژەی زەمان‌دا زۆرتر دەبوو و سروشتیش وا وێران نەدەبوو. بەڵام بە لێدانی ئەو بەنداوە دەکەوێتە ژێر ئاو. لە چەند جێدا دڕیان بەو کانییە داوە بە ڕەھەند و تۆنێل کە سەرچاوەی ئاوەکە ڕاگوێزن و نەکەوێتە ژێر ئاو، بەڵام مەخابن ئەو کانییە وا بریندار و وێرانە بووە کە چاوت ھەڵنایە و لە ئاکامی ئەم وێرانکارییە ئەویش تێیدا دەچێ. ئەوڕۆکە مروڤ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دارستانی چڕوپڕ، گوڵ و باڵندە و سروشت و دڵ پێشێل دەکا و ئاکامی دوایە دەست بە ئەژنۆ دانیشتن زووخاو خواردنە. ئاکامی ویشک بوونی گۆلی ورمێ دەبینن برینێکی قووڵ کە زووخاوی لێ دەتکێ!

ھەواری گوڵی ھی ئاوایی کەلجی

دوایی دوو ڕۆژ ھەڵکشان و داکشان بە ھەورامان و شاھۆ دڵبەستە و ھۆگڕی کردووین. تریستان و یان ھەستی غەریبی ناکەن. تۆزێ ڕێگا و زۆنگی دڵ و ماندووی لەش لە دوایین کاتەکان پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە ھەورامان و شاھۆ بکەین خۆمان بە شەپۆلەکانی سیروان دەسپێرین لە ئامێزمان دەگرێ و دەکەوینە مەلە وەک منداڵێک لە دایک دەبین.
  ئێرە دواین مەنزڵی ھەوارگەمان بوو لە ئاوایی ھەجیج کۆلەکانمان بە کۆڵەوە بەرەو شاری پاوە لە جادەڕێ نۆدشەوە مینی‌بۆسێک سوارمان دەکا. شاھۆ لەو بەرزایەی سەری لە سەر سەران ئەوە نوورە، ئەوە شاخی عەلی سوور، ئەوە پیرخزرە، ئەو حەوی خانییە یاخوا سەریان لەو سەرانە کەم نەبێ. لە پاوە بە ماشێنی دەربەست بەرەو ڕەوانسەر و قازانچی و لەوێش‌ڕا بەرەو سنە. تریستان و یان دنیایەک ئەزموون و خۆشی کە کوردستانیان دی و ئاڵ‌وگۆڕی بیر و ئەندیشە و بە سەدان وێنە و عەکس و یادگاری. ئەدرەس و ئاڵ‌وگۆڕی ژمارە موبایل و Email. بە تریستانم کوت ھەتاکوو ئێوەم نەدیبوو پێم وا بوو خەڵکی ئاڵمان زۆر لە خۆ ڕازی و لووت بەرز و بە ده‌عییەن لەو دوو ڕۆژ و سێ شەوە بۆم وەدەرکەوت وا نییە لە ڕهفاقەت‌دا ئارام و خاکی و بە ئیرادە و خەڵک‌دۆست و نەترس و بوێر و حەز بە جوانی دەکەن وڵاتی ئاڵمان دەبێ شانازی بکا بە وەی کە لاوی وەک ئێوەی ھەیە.
  لە وڵام‌دا ئەویش کەوتە قسە کە کاتێک لە ئەسفەھان‌ڕا بەرەو کوردستان دەھاتم لەو شارە پێیان دەکوتم مەچۆ بۆ کوردستان. بەڵام بەداخەوەم بۆ زووتر نەھاتووم بۆ کوردستان دڵئاوایی و میهرەبانیم چێژکە کرد، ھونەر و ئەندیشەم چاو پێکەوت، ھەڵس‌وکەوت لەگەڵ ئێوە زۆر شتی پێ سەلماندم، لە ھەموو شوێنەکان بۆ ھەر شتێک دەیانکوت پووڵ! بەڵام لە کوردستان ئەزموونێکی دیکە بوو، وا نەبوو، ھەر پوول نەبوو، ڕەفاقەت ھەبوو، ڕەنگی جوان و سروشتی ھەورامانم بۆ تازە بوو. خۆش‌ترین میوەم لێرە خوارد بیر و ئەندیشە لە گەڕ دایە . ئێمە سەرە‌ڕای جیاوازی نژاد و ئایین و دووری وڵاتەکەمان، بەڵام زۆر لە یەک نزیکن. ئەویش ڕۆحی گەورەی مروڤایەتییە ئێمەی بۆ ئەو سەفەرە لێبوردوو کرد و شاخەوانی وەک ھونەرێک ئێمەیی زۆر لێک نزیک کردەووە. بەڵێن بێ کە چوومەوە مۆنیخ لە زانکۆکەمان پێشانگای گەورە لە کوردستان و ئەو عەکس و وێنانەی لە شاھۆ و ھەورامان گرتوومن بەرپا بکەم و یادی ئێوە لە دڵم‌دا ڕاگرم و دۆستانم ھان بدەم بێن بۆ کوردستان.
  شەو دره‌نگان بوو ھاتینەوە شار و ئەو شەوە بوون بە میوانم. ھاوڕێیانی خوێنەر لە وێ کە بە شەپۆلی نەرمی شنەبای زەمەندی شاھۆ ھەناسەتان ھەڵمژی و لەگەڵ ئێمە بە دیتنی گوڵ و جریوەی ئەستێرەی مانگەشەو و شەپۆلی بلاوێنی دم ھەواری دەرەویان حەسانەوە، لەگەڵ مەبەست و ئامانج و بیر و ئەندیشە تەوافی پیرەکانی ھەورامان و کرد.
لەو شاخەوانییە، باری قورسی کۆڵەکان ماندووی نەکردن، لە زەریای ماریفەتی پیری شاڵیار بێ ماندوو بوون کەوتنە مەلە، ھەناسەمان لەگەڵ ھەناسەتان لەگەڵ دار بەڕووەکانی شاھۆ ئاوێتە بوو لەگەڵ خاک و ئاو کەوتنە وت‌ووێژ، لە سەر گڵکوی چاکەچکۆلەکان وەک ئێمە بۆ نیازی دڵ بەردو پێوە‌نا و چل دانەتان گرتەوە، لە شەپۆلی قەڵبەزی سیروان کەوتنە مەلە و ڕانەچڵەکین، ڕێگاتان ھەته‌ڵە نەکرد و ئەژنۆتان شل نەبوو و بە ئاوی کانیاوەکانی شاھۆ توونیاتیتان شکاند، ئەدیب و زانا و گۆر غەریبەکانتان بە سەر کردەوە و لەگەڵ ئێمە خانەخوێیەکی باش بوون بۆ میوانەکانمان، ھەر سەربڵیند و ڕاوەستاوبن.

سەرچاوە:
ـ کاری مەیدانی و شاخەوانی خۆم لە سەر شاھۆ و ھەورامان
لە ھەژدە ساڵی ڕابردوو و دیتن و ئاخاوتن و دیوناسی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ناوچە بوو بە ھەوێنێکی پوخت‌وپاراو تاکوو ئەوڕۆ و زانایی و کۆبوونەوەی دەسکەوتی عیلمی بوو، بۆ بونیادی زاگرۆس‌ناسی کە خۆم یەکێک لە دامەزرینەرانی بووم.
ـ وەرزنامەی کێوـ ئورگانی شاخەوانانی ئێران
Dear Tristan and yan
I hope you have a great experience in coming to Kurdistan esp to howraman with us and climbing to the top of shaho, one of the great beautiful mountains of Kurdistan.
I hope we have been able to in traduce you to some parts of pretty nature and rich culture of usand have been agoodhostfor you.
I hope you and other friends come to Kurdistan again. I do apologize that I couldn’t explain the details of the journey in English , but in Kurdish my mother language.
I  hope to climb the alpian mountains with you in future and it is hounorable for us that you come to Kurdistan and climedshaho and hawraman since when our children are born we call them shado for them to enjoy the pleasure freedom and glourious your sincerely capitan.   Salam Esmailsorkh

سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید