سه شنبه، 18 اردیبهشت 1403
روژان پرس » کوردی » مرۆڤ له ئاوینه‌ی هزری جوانیدا

مه‌رزیه خاکی

مرۆڤ له ئاوینه‌ی هزری جوانیدا

0
کد خبر: 1303

مرۆڤ له ئاوینه‌ی هزری جوانیدا

ئەو مرۆڤەی کە وەک نووسەرێک لەنووسیندا وشەی ناڕەوا و ناشیرین و ناشایست بەکار ئەهێنێت، ئەبی لەوە تێبگات کەتووشی جەهل بووە؛ جەهلیش بۆ مرۆڤ گەورەترین تاعوونە.

مرۆڤ چەندی زیاتر مێشکی لەسەر بیرکردنەوەی جوان ڕابێنێت جیهانی مرۆڤ بوون ئەوەندە جوانتر ئەبێت. مرۆڤ کەپێی نا دنیاوە دروست وەکو: پەرتۆکێکی کراوە، ساکار و ساویلکەیە؛ ئەبێ چارەنووسی خۆی تۆمار بکات. بەڵێ چارەنووسی خۆی، نەک کەسێکی تر.
کێ ئەتوانێ ئەم ئیشە ڕێ بخات؟ چلۆن؟ لە پێناوی چی؟
کەپێی نایە دنیاوە! وەکوو دانەوێڵەیەک لە داییک بووە؛ دەتوانێت بە دانەوێڵه‌یی بمێنێتەوە و تیابچیت؛ دەشت‌توانێ ببێتە گوڵ و چرۆ و شکۆفە بکات. ئەتتوانێت ببێتە دار، و خۆ بنوێنیت!
ئەمە قسەی «اوشو»یە کە وای ووتووە بەڵام دوکتۆر «الکسیس کارل» بڕوای وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی یەکجار گچکەیە کە لە ناخی خۆیدا گرتۆلە و سەیروسەمەرەکانی دەیان کاکەشانی حەشار داوە. لە درێژەدا دەڵێ: جەستەی مرۆڤ هەڵگری /100/000/000/000 خانە و سیلوولە کە هەر دانه‌یێک لەم خانەیانە خۆی 100/000 ژێنی جۆراوجۆریان هەیە و هەر ژێنێک هەڵگری تاڵ و هەوداگەلێکی قووچ و پێچەڵ پێچی (دی. ان. ای)یە. هەر یەکێک لەم سیلوولە وردیلانە گەڵاڵەی ژێنێتیکی خانووبەرەیەک لە خۆ دەگرن. ئەگەر بمانەوێ ئەم هەودا پێچەڵ و پێچانە لێک بترازێنین و سەریان لێک ببەستین، درێژایی ئەوان دەگاتە /120/000/000/000 کیلۆمەتر کە لانی‌کەم 800 قات زیاتر دەبێت لە مەودای نێوان ڕۆژ و زەوی. سەرەڕای ئەمەش تەواوی ئەم ڕشتە مولوکولیە (دی. ان. ای)‌یانە لە جەستەی مرۆڤدا ئەوەندەی گوێزێک دەبن.
جەلالی ئال ئەحمەد، لە بارەی مرۆڤەوە دەڵێ: کونێک لە سەرێ و کونێکیش لە خوارێ و لەو نێوانەش‌دا کیلۆمەترگەلێک ڕیخۆڵە، ناودێر کراوە بە بنیایەم.
دوکتۆر شەریعەتی دەڵێت: بنیایەمی چوار چوکڵەی (سک، ژێرەوەی سک، سمت و پۆشاک) جوچکەداری دڵخۆش.
ئەنشتین دەڵێ: ئەگەر مرۆڤەکان لە درێژایی تەمەنیاندا ئەوەندەی یەک میلیونومی گەدەیان کاریان لە مێشکیان بکێشایەوە، هەنووکە گۆی زەوی پێناسەیەکی دی بۆ دەکرا.
بە ڕاستی جێی خۆیەتی بپرسین ئەرێ ئێمە لە شەووڕۆژێکدا چەن خولەک بیرکردنەوەمان هەیە؟
لوقمانی حکیم دەڵێت: بنیایەمی داماو و کڵۆڵ لە نێوان دوو ئابڕو و بەردایە:
یەکەمیان ئەڵێ: پڕم کە دەنا بێ‌ئابڕووت ئەکەم. کاتێکیش پڕ بوو پێی ئەڵێ: بەتاڵم وەکە، خۆ وانەکەی شەرم و حەیات پێوە ناهێڵم!
«جوبران خه‌لیل جوبران» دوای بیستنی قسەکانی لوقمانی حەکیم بە داخ و کەسەرێکی سەرساماوییەوە دەهۆنێتەوە:
خۆزگە ئەتتوانی لە گەڵ بەرامەی خۆشی زەویدا ڕێ بکەوی، وەکوو گیا و گوڵە باڵا بەرزەکان دەبوویت و تەنیا لە ڕووناکی ڕۆژ، خۆراکت وەرگرتایە.
مه‌ولانا دەڵێ: مرۆڤ دەکرێتە دوو بەشەوە، بەشێکی گیان و دڵە و بەشێکیشی ئاوو گڵ.
دوکتۆر شەریعەتی باوەڕی وایە: مرۆڤ خاڵێکه لە نێوان دوو بێسنووردا: بێ سنووری پۆخڵەیی و بێ سنووری فریشتە بوون!
نوسەرێکیش کەناوی نازانم بڕوای وایە: ئاستی مرۆڤایەتی هەر کەسێک ڕێک ئەوەندەی هەست کردنیەتی بە بەرپرسیارەتی لەبەرامبەر باوک و دایک (بنەماڵە) و هەروەها کەسایەتی خۆی، چونکە: هیچ کاتێک ڕێز لە کانیاوێکی وشک هەڵاتوو ناگیردرێت لە بەر ئەوەی کە پێشتر ئاوی هەبووە.
«سی. ای. فلین» پێناسەی مرۆڤ لە گەورەیی بیرکردنەوەکانیدا دەبینێت و دەڵێت: گەورەیی و شکۆی مرۆڤ لە گەورەیی و شکۆی بیرەوەریەکانیدا، لە گەورەیی عیشقەکەیدا، لە بڵیندایی بەهاکانیدا و لە شادی و خۆشی دابەشکراویدا شاراوەتەوە.
گەورەیی و شکۆی مرۆڤ، لە گەورەیی و شکۆی هزریدا، لە بایەخیداری دەستکەوتەکانیدا، لەو کانیاوانەی کە ڕۆحی تێراو دەکەن و لەو ڕوانگەی کە بە دەستی هێناوە، حەشار دراوە.
گەورەیی و شکۆیی مرۆڤ، لەو گەورەیی و شکۆ ڕاستەقینه‌دایە کە لە سەر لێوەکانی دەڕژێنە خوار؛ لەو یارمەتی و دستگرۆیەی پێشکەشی دەکا، لەو ئامانجەی بە شوێنیدا عەوداڵە و لەو شێوەی ژیانەیدا شاردراوەتەوە!
ئەگەر سەرنج بدەین: لە بەدوادا چونێکی سەرژمێریانەدا بەم دەستکەوتە گەیشتین
با وای دانێین مناڵێک لە سارایەکدا چاوی بە دنیا هەڵدێنێ، خۆراکی ئەم مناڵە چیە؟ سەرەتا شیر، دوای نان، هەنگوین، گۆشت و...، یانی هەنگ و مەڕو و ماڵاتەکان جوانترین و ناسکترین ڕووەکەکان دەخۆن و دوای ئاڵوگۆڕ لە کۆندامی ڕێکخراوی ئەو ئاژەڵانەدا لە شێوەی خۆراکدا ئەدرێتە ئەم مناڵە و لات وایە ئەم مناڵە دوایی چ شتێک لە ژینگەدا ئەخاتەوە؟
دیارە: پیسایی (میز و ڕیخێ)
هەنووکە بیهێنەرە بەرچاو کە ئەم باروودۆخە درێژەی هەیە و ئەم مناڵە بیست، چل، شەست ساڵ تێدەپەڕێنێ. مەڕووماڵاتەکان گژووگیا دەخۆن و شیلەکەی لە شێوەی شیردا دەدەنە مرۆڤ؛ هەنگیش هەڵاڵەی گوڵەکان دەمژێ و پوختەکەی لە شێوەی هەنگوینا دەداتە مروڤ. وا فەڕز کەین کە ئەگەر بێتوو ئەو پیسایەی مرۆڤ وەک خۆی بمێنێتەوە، پاش شەست ساڵ لە گەڵ چیدا ڕووبەڕوو دەبینەوە؟ ئەو مناڵەی دوێنێ ئێستە پیروو سەروگوێ سپی بووە و لەم‌لاو لاشی زەریایەک پڕاوپڕ لە میز و چیایەکیش ڕیخێ کە لە سەریەک کەڵەکە بوە.
ئەرێ دەستکەوتی ئێمە لە ژیان ئەمە بوو؟ باشە مەبەستی خوا لە ئافەراندنی ئەم هەموو ڕێکخراوە سەرکەوتوانە لە جەستەی مرۆڤدا بۆ گەیشتن بەم چیا ڕیخێ و زەریا میزاویە بوو؟
بەڵام ئەگەر سەرنج بدین لە تواناكانی مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانین.مەزنترین توانا و بەهرە تێيدا چیە؛ ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە مەزنترین توانا تێیدا بریتیە لە گەڕانی هەمیشەیی بۆ خوای بەرز و بڵند. تەنانەت پێیخۆشە لە خۆشەویستی خوادا بتوێتەوە و نەمێنێت.. وە هیچ شتێك لە خودی خۆی نەمێنێتەوە بۆی، بەڵكو هەمووی بۆ خوای گەورە بێت. بێگومان تا ڕادەیەكی زۆر ئاژەڵەكان بەشدارن لەگەڵ مرۆڤدا لە خواردن و خەوتن و خوونەریتە سروشتیەكانی تردا بگرە هەندێ لە ئاژەڵەكان لە بواری كار و فرمانی سەرسوڕهێندا زۆر لەپێش مرۆڤەوەن، ئەوەتا مێشھەنگ لە شیلەی گوڵ هەنگوینێكی بەنرخ دروست دەكات.. كە هەتا ئەمڕۆ مرۆڤ سەركەوتوو نەبووە لە دروستكردنی هاوشێوەی ئەو هەنگوینە. لەمەوە دەردەكەوێت كە چڵەپۆپەی كەماڵی مرۆڤ بریتیە لە گەيشتن بە خوای گەورە، لەبەرئەوە ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانی ئەوەیە كە بەردەوام پەنجەرەی دڵی كراوە بێت بەڕووی خوادا.
ئێمە لێرەوە باسی مرۆڤ بوون دەكەین: شتێك كە بوونی هەیە نەك نەبوو ، بەڵام پێویستە بزانین چۆن بگەین بەو قۆناغەی بوونەی چۆن لە خۆمانی بدۆزینەوە، پلەی مرۆڤ بوون شتێكی مەزنە بۆ مرۆڤەكان، ئەو كەسەی كە دەیەوێت پلەی مرۆڤبوون بەدەست بێنێ پێویستی بە هێزو هەوڵدانە، بۆیە پێویستە هەنگاوی یەكەم بگرینە بەر دەست بە بەرەو پێشچوونی خۆمان بكەین پێش كەوتنی هەمە لایانە بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئەنجامەی كە دەمانەوێ، من پێم وایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی لە كۆمەڵگەی خۆماندا نەمان توانیوە پێناسەیەكی جوان بدەین بە مرۆڤبوون، بە داخەوە وەكو چەمكێكی رووت مامەڵەمان لەگەڵدا كراوە هەر ئەمەش وای كردووە كە بەهاترین شت لە ژیانماندا لەدەست بدەین ئەویش مرۆڤ بوونە : لە كاتێك دا بەردەوام بەدوایدا وێڵین.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بزانین كە مرۆڤ بوون خۆی لە چەند تایبەتمەندییەكدا دەبینێتەوە كە ئەوانیش بریتین لە (لێبوردەیی، خۆشەویستی، ویژدان، یارمەتیدان، مێهرەبانی، رێزگرتن و هاودڵبوون) گەر ئێمە ئەم سیفاتوو رەوشتانەمان تیا نەبێ پێویستە فریای خۆمان بكەوین چونكە مرۆڤ بوونمان كەوتۆتە مەترسیەوە. لە كۆنەوە مرۆڤ ئەم ئەتوارانەی تیا نەبووە بۆیە مەیلی بەلای دڕندایەتی چووە، رەنجی چەندان ساڵای ویستوە تا گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە پەرە بە ئەقڵی خۆی بدات و هزری مرۆڤ بوون و دواتریش داهێنەرانە بێنێتە كا، هەر بۆ ئەمەشە خوای گەورە مرۆڤی بە باشترین شێواز دروست كردووە (لقد خلقنا الانسان فی احسن التقویم)، ئەگەر بیروڕاشمان لەیەك جودا بێت نابێت ببێتە هۆی ئەوەی كە یەكترمان پێ قبووڵ نەكرێت.
پێویستە مرۆڤایەتی سەرەتای هەموو شتێك و بنەمایەك بێت لەلای ئێمە، دواتر بنەماكانی دیكە بە هەند وەرگرین. پێویستە مرۆڤ بوونمان بخەینە سەرووی هەموو شتێك، چونكە مرۆڤ بوون كاڵایەك نیە لە بازار بەدوای بگەرێی و بیكڕی یاخود شتێك نیە بەدەم پیاسەوە بە رێكەوت لە رێگادا بیدۆزیتەوە، یاخود گەر بێتو بە شێوەیەكی میتۆدی سەیری مرۆڤ بوون بكەین شتێك نیە كە لە فەلسەفەدا بۆی بگەرێین و بوونی هەبێت بەڵكو مرۆڤبوون لە زاتی هەموو كەسێكدا بەدی دەكرێت و ئاوێتەی بونمانە بەڵام پێویستە لە خۆمانی بدۆزینەوە، چونكە پرۆسەیەكی زاتی ومورالیە، ئەنجامدانی هەندێك یاسا و نرخە كە لە ناخی هەموو كەسێكدا مەڵاسی داوە، بۆیە گەر بمانەوێت ژیانە ئەسڵیەكە بەدەست بێنین ئەوە پێویستە ببین بە مرۆڤ، چونكە ژیانە مەزنەكە لە مرۆڤبووندایە. دەتوانم بڵێم پلەی مرۆڤ ئەوەنە گەورەیە هەرچی شتێك لە دونیایەدا هەیە لە خزمەتی مرۆڤ دایە و خوای گەورە خستویه‌تە ژێر خزمەتی مرۆڤ.
 لە پۆستیكی باڵایدا خۆی دەبینێتەوە، بەم شێوە خۆی پێ جیاوازتر دەبێت لە مرۆڤەكانی دیكە و لەو روانگەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەكات و پەیوەندییەكانیشی لەسەر ئەو بناغەیە ڕێك دەخات، بۆیە ئەمە زۆر گرینگە كە ئاماژەی پێ بكەم ئەوەیە كە پێش ئەوەی ئێمەی مرۆڤ هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی شەهادەی ئەكادیمی تایبەت بە پسپۆریەتێك وەك (بوون بە پزیشك یان ئەندازیار یاخود ماموستا... هتد) بدەین یاخود پلەی وەزیفەیەك، ئەوا پێویستە سەرەتا شەهادە و پلەی مرۆڤبوون پێش ئەمانە بە دەست بێنین.
هەنێ جار بیر كردنەوە لە خۆمان و سەرزەنشت كردنی خۆمان زۆر زەروورە، وابكەین بەهێزی ئەقڵ هێزی خۆمان بەدەست بێنین، نابێ وەك كەسێكی بێكار لە خودی خۆی یاخود نەخۆش تەنها هۆكار هەست كردن بە هەبوونمان بوونمان زاڵ بون بێت و خۆ وەدەرخستن، ئەوەتا كاتێك سەبارەت بە خۆتان هەستێكی باشتان هەیە خەڵكیش لە هەموو كات باشتر دێنە بەر چاو؟ ئایا ئەم گۆڕانە لە خەڵكیش بە هەمان شێوەیە، چونكە جیهانی ئێمە رەنگ دانەوەی خۆمانە. من پێم وایە پێویستە عەقڵ و هزر لەگەڵ مەعریفیەتی دڵ و ویژدان پێكەوە بتوانن تایبەتمەندیەكانی گەیشتن بە پلەی مرۆڤ بوون جێبەجێ بکەن.
من بیردەکەمەوە؛ کە واتە من هەم. دیکارت وای ووتووە.
ئازادی مرۆڤەکان لەچیدایە؟ ئازادی مرۆڤ لەدەروونیدایە؛ مرۆڤێک کە لەدەروونەوە ئازاد بوو تەواوی هێزەکانی دونیا یەکبگرن ناتوانن ئەسیری بکەن  یا ئازادی پێبدەن. ئێستە ئەم پرسیاره‌م لا درووست دەبێت، ئایا مرۆڤ چێژ لەچەوساندنەوە زیاتر دەبینێت یان لەئازادی؟
ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گشت گیرە هەروەها کارێکی ئاسان نەبێت، چونکە ئەم دوو تەوەرە دوو جیهانبینی یەکجار دژ بەیەکن و پێکەوە ناتوانن هەڵکەن، مرۆڤ خۆی تەنیا بونەوەرێکە کە دەسەڵاتی بەسەر خۆی و زیندەوەرەکانی تریشدا هەیە. بۆیە هەر مرۆڤ خۆیەتی، داهێنەری ئەو دوو چەمکەدژەیشە و من بە یەقینەوە ئەڵێم مرۆڤ یان سروشت بەگشتی هیچ هێزێکی لەدەورا نیە هەلیبسوڕێنێت و بەپێی خواست و ویستی خۆی یاری بە توڕەیی یان نەرمی سروشت و زیندەوەرەکانی بکات. بە پێچەوانەوە ئەوە تەنیا مرۆڤ خۆی بوو لەبەرەبەیانی سەردەمی بەکارهێنانی عەقڵی و بەکارهێنانی دەستەکانی بۆ کارکردن پێیی لەپێناو خۆیدا و توانای گەڕان و داهێنانە سەرەتاییەکانی کارێکی وایکرد کەخۆی بۆخۆی هێزێک لەخەیاڵی خۆیدا دروست بکات و بیکات بەهەڵسوڕێنەری ژیان و سروشتیش.
زیندوەرەکانی تر وەک مرۆڤ نین؛ ئەوان نازانن ئازادی و چەوساندنەوە چ تام و لەزەتێکی هەیە، ئەوان تەنها لەپێناو تێرکردنی خۆیاندا پەنا دەبەن بۆخواردنی ئەوی بەرانبەری. نەک لەوەی بەدۆژمنی خۆی بزانێت، و بیەوێت خۆی بسەپێنێت بەسەریدا بەڵکوو تەنها بەرهەمی غەریزەی برسێتیە وای لێدەکات کە بەوکارە هەستێت. بەڵام مرۆڤ بەئاگاییەوە دەست بە کار و چالاکیەکانی خۆی دەبات و لە پێناویدا درێغی ناکات لەکوشتن و تێاچونی ئەوی رێگری بکات لە بەردەمیدا ئاخۆ ئامانجی مرۆڤ چیەلەژیاندا؟ ئایا مرۆڤ دەکرێت بۆخۆشبەختی و ئارامی داهاتوو دەست بۆ جەنگ ببات. یان تەنها بۆ چێژ جێنەخستنی ئازادی و ئارامی بۆ ئەوانی تر! مێژووی ڕابردووی مرۆڤایەتی بەپێی ئەو سەرچاوانەی کەتوانراوە هەڵبگیرێت ئاخۆ لەڕێگای نووسینەوە بێت یان لە ڕێگای مانەوەی ئەو وێنانەی دەگەرێتەوە بۆ پێش سەردەمی نووسین ، ئەو بەڵگانەی دەگێرنەوە کە مرۆڤ تەنها کائینێکی ڕووت نیە کەتەنها وەک ئاەلەکان ببینرێت بەڵکوو مرۆڤ خۆی هەر لە سەردەمی سەرەتایی پاش قۆناغی هەرەوەزی پێی ناوەتە نێو ئاکاری خودپەرستی ، لەپێناو دەست ڕاگەیشتنی بەزیاتر و زیاتردا، کەدەکاته بەشی ئەوانی تر
چەوساندنەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆنی مرۆڤایەتی و هەر لەو ساتەوەختانەوشەوە، بەشی سەرەوە واتە ئەوانەی هێز و هەیمەنەی خۆیان سەپاندوە بەسەر ئەوانی ژێر خۆیاندا بۆ چێژ وەرگرتنی خۆیان و ئازادی ڕەهایی خۆیان چەوساندنەوەیان وەک باشترین جێگیر بۆ ئازادیەکەی خۆیان دامەزراندووە. خۆ گەر چەوساندنەوە نەبێت ئەوە ئەوانەی سەرەوە ناتوانن ئازادیە خودپەرستیەکانی خۆیان درێژە پێبدەن . ئەوە ئەو چینه دەسەڵاتدارەیە، کەخۆی کردۆتە حاکم بەسەر کۆمەڵگاوە چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنێت ، ئاخۆ ئەو دەسەڵاتی سەرەوە نیە وا نیشان دەدات کەمرۆڤ خۆی زیاتر چێژ لەچەوساندنەوە وەر دەرگرێت تا چێژ لەئازادی؟ ئەوە سەرانی سیستەمی چینایەتین هەمیشە مرۆڤیان وا نیشان داوە کەبەرهەمی بان هێزێکی مرۆییەو ئەوەی لەچارەنووسی نووسراوەهەرئەوە دەبێتە بەشی! بۆ ئە چینە کۆمەڵایەتیەی بەردەوام لەنێو ئاستی نزمی هۆشیاری دایە، بونە مرۆییەکەی لەلایەن حاکمانی سەرەوە کەچی دینی بن یان عەقلانی، لێ دەسێنرێتەوە و ئەوی مرۆڤ تەنها وەک زیندەوەرێکی بێتوانا وێنا دەکرێت . بۆیە هەمیشە فەرهەنگی باوی چەوساندنەوە وا دەنەخشێنن کە ڕەوایەتیەکی ناڕاستەوخۆی پێ بدرێت و پێمان بڵێن گەر ئەو چینە فەرمان ڕەوایە نەبوایە ئەوا مرۆڤایەتی ئێستا نە دەگەشت بەم ئاستە پڕ لە داهێنانەی ئێستا.
سروشتییە مرۆڤ لەپێناو قەزیەیەکدا بنووسێت بەڵام ئەو مرۆڤەی کە وەک نووسەرێک لەنووسیندا وشەی نارەوا و ناشیرین وناشایست بەکار ئەهێنێت، ئەبی لەوە تێبگات کەتووشی جەهل بووە جەهلیش بۆ مرۆڤ گەورەترین تاعوونە. ئەو مرۆڤەی کەوەکوو نووسەرێک لەپێناو بێ ئابروویکردن بەژیان و بەبوون ئەنووسێت چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئە، جەللادەیا هەیە کە ئالوودەی غەدر و خوێن رشتن و خیانەت کردنە، لەگەڵ مرۆڤە ووشیار و فکر رۆشنەکاندا.
مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە فکرو بیریی  جیهان گیریی ووشە پڕ بەها جوانەکانی مێشکی زاخاودار بیت و حیکمەتی نووسینیش  لەوە دایە کەمرۆڤ لەڕێگەی قەڵەمەوە خزمەتی ژیان بکات یان واقعیەتێک بگۆرێت کەخزمەت بەژیان و بەبوون بکات.
کەوایە ئەبێت بەڵێم کە مرۆڤبوون چەند کارێکی گرانە و هیچ پەیوەندی بەئایینەوە نییە و زۆرن ئەو مرۆڤانەی بە قوڵایی ئاییندا ڕۆچون و شارەزایی زۆر باشیان هەیە لەئایین و دەقەکان، و هەزاران جار لەمینەبەرەکانەوە بۆیان شی کراوەتەوە بەڵام نەوتراوە مرۆڤانێک دروست بکەن بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی  و ئەوە رۆحی ئەو مرۆڤانەیە هەڵدەقوڵێت لەدەرەوەی بۆتەی ئایینە جوانیەکان دەخوڵقێن.


دسته بندی: کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید