دوشنبه، 31 اردیبهشت 1403
روژان پرس » کوردی » نەخۆشییەکی مەترسیدار بەڵام بێدەنگ!

دوکتۆر بێهزاد دافیعی

نەخۆشییەکی مەترسیدار بەڵام بێدەنگ!

0
کد خبر: 1118

نەخۆشییەکی مەترسیدار بەڵام بێدەنگ!

پاش ئەوەی کەسەکە وەک هەڵگری ڤایرۆسەکە ناسرا بارودۆخی کۆئەندامی بەرگری لەش دیاریکەری ماوەی دەرکەوتنی بالووکی زایەندی لە سەر پێستە. ناونجی ماوەکە ٣ مانگە، بەڵام ئەگەر کۆئەندامی بەرگری کەسەکە لاواز بێت زووتردەردەکەوێت.
هیچ شتێک لەم دونیایەدا تەواو نییە. توێکڵی هەر نانێک دەسوتێت، هەر میوەیەک کرمی تایبەت بە خۆی هەیە.  هەر لەبەر ئەم هۆکارە دادپەروەرییەکی تەواو نییە؛  تەنانەت کردەوەی چاکیش لێکەوتەی خراپی هەیە، باشترین پاڵنەرەکان ڕەنگە ببێتە هۆی مردن و دۆڕاندن.
«سینووهه»
نەخۆشی زایەندی بالووک
نەخۆشی زایەندی بالووک یەکێک لە هەوکردنە باوەکانی پێستە کە ژێرکۆمای هەوکردنە گواستراوەیییە زایەندییەکانە (STA).
جۆرێک ڤایرۆس بە هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە ناسراوە کە لە یەکەم جووت بوون لەگەڵ کەسی تووشبوو سەر هەڵدەدات. ئەم نەخۆشییە لە شێوەی بالووکگەلێک بە قەبارەی جیاواز لە بەشە جیاوازەکانی کۆ‌‌ئەندامی جووت بوون و کۆمدا خۆی نیشان دەدات.
لەگەڵ دەستپێکردنی پەیوەندی زایەندی مەترسی تووشبوون بە بالووکی زایەندی گەشە دەکات. لە ئێستادا تەمەنی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە بەداخەوە گەیشتووتە سنووری ١٤ ساڵ.
پاش ئەوەی کەسەکە وەک هەڵگری ڤایرۆسەکە ناسرا بارودۆخی کۆئەندانمی بەرگری لەش دیاریکەری ماوەی دەرکەوتنی بالووکی زایەندی لە سەر پێستە. ناونجی ماوەکە ٣ مانگە، بەڵام ئەگەر کۆئەندامی بەرگری کەسەکە لاواز بێت زووتردەردەکەوێت. لە هەندێک حاڵەتدا کەسەکە تا کۆتاییی تەمەنی تەنها هەڵگری نەخۆشییەکەیە وهیچ نیشانەیەکی بالووکی زایەندی لەسەر پێستی نابینرێت، بەڵام دەتوانێت نەخۆشییەکە بگوازێتەوە بۆ هاوبەشە زایەندییەکەی.

جیاوازی نێوان بالووکی زایەندی و بالووکی ئاسایی
سەبارەت بە جیاوازی نێوان بالووکی زایەندی و ئاسایی پێویستە بگوترێ کە هەموو بالووکێک بەهۆی جۆرێک لە ڤایرۆسەوە چێ دەبێت کە پێی دەوترێت ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ(HPV)
زیاتر لە ١٠٠ جۆر ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ هەیە. هەندێکیان پێش دەرکەوتن کۆئەندامی بەرگری لەش لە ناویان دەبات. هەندێک تریان بەردەوام بەسەر پێستتدا دەجوڵێن و کاتێک پێست خراپ یا بریندار دەبێت دەبنە هۆی درووستبوونی بالووکی ئاسایی. بالووکی پێیەکان یان جۆرەکانی تری بالووک بێجگە بالووکی کۆئەندامی زایەندی.
هەندێکی تر لە ڕێگەی چالاکی زایەندی دەگوازرێنەوە و دەبنە هۆی دروستبوونی بالووکی کۆئەندامی زایەندی. سەرچاوەی هەردوو بالووکی کۆئەندامی زایەندی و ئاسایی  ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤە، بەڵام بەهۆی جۆرەکانی ڤایرۆسەکەوە دەرکەوتنیان جیاوازە.

نیشانەکانی بالووکی زایەندی
ڕواڵەتی گشتی بالووکی زایەندی وەکوو بالووکی ئاساییە، تەنیا جیاوازی نێوانیان شوێنی دەرکەوتنیانە. بالووکی کۆئەندامی زایەندی لە ناوچەی لینجاوی(ئەو چینە خانەیە کە پارێزگاری لەو بەشانەی لەش دەکات کە نابێت وشک ببنەوە. ئەم پەردانە دەمولووت، ناوەوەی پێڵوی چاو،  کۆئەندامی زایەندی، هەرس و هەناسەدان دادەپۆشن) جەستەدا توانای گەشەکردنی هەیە. کە بریتین لە:
ناوچەی کۆئەندامی زایەندی، کۆم، دەم ولێو، زمان و قوڕگ. پەیوەندی زایەندی لە ڕێگەی دەم و زوان لە گەڵ کەسی تووشبوو ئەگەری وەدیهاتنی بالووک لە دەوری لێو، دەم، زمان و قوڕگدا هەیە.
بالووکی کۆئەندامی زایەندی لە پیاواندا لەم ناوچانەدا دەردەکەوێت:
ئەندامی زایەندی
سکرۆتۆم
لای ڕان
ڕان
ناو کۆم یان دەوروبەری کۆم

لە ئافرەتان بالووکی ئەندامی زاوزێ
لەم ناوچانەدا دەردەکەوێت:
ناوەوەی ئەندامی زایەندی یان کۆم
بەشی دەرەوەی ئەندامی زایەندی یان کۆم
لەسەر ملی مناڵدان

بالووکی ئەندامی زایەندی لەسەر لێو، دەم، زمان، یان قوڕگ لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە پەیوەندی زایەندی دەم و زوانیان تەک کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی HPV بووە.
تەنانەت ئەگەر بالووکی ئەندامی زاوزێ دەرنەکەوێت دەتوانێت ببێتە هۆی ئەم نیشانانەی خوارەوە:
دەردانی نایاسایی لە ئەندامی زایەندی
خوران
خوێن بەربوون
سووتان
ئەگەر بالووکی ئەندامی زایەندی گەورە بێت یان بڵاو بێتەوە دۆخێکی ناخۆش و ئازاربەخش دروست دەکات.

ئەمانەی خوارەوە گرنگترین نیشانەکانی بالووکی ئەندامی زاوزێن
بوونی قیتکە گۆشتیی بەرز و پتەو لە شێوەی بالووک لە دەوری ئەندامی زایەندی ، کۆم و دەم.
تاکە بالووکی پەرش و بڵاو، بچووک یان گەورە و چڕ لە شێوەی کۆپەڵە.
هەستکردن بە سووتیانەوە و خوران لە شوێنی بالووکدا.
دزاو لە شوێنی بالووکدا.
بوونی نەخۆشییە گواستراوەیییە زایەندییەکانی تر.
هەستکردن بە ئازار لە کاتی میزکردن یان پەیوەندی زایەندی.

هۆکارەکانی بالووکی کۆئەندامی زایەندی
بالووکی کۆئەندامی زایەندی بەهۆی ڤایرۆسیHPV.
ئەم ڤایرۆسە کە بە پاپیلۆمای مرۆڤ ناسراوە بە هۆکاری بنەڕەتی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ دەناسریت و زۆر تەشەنەسێنە، بەجۆرێک هاوکات لەگەڵ یەکەم پەیوەندی زایەندی لەگەڵ کەسی تووشبوو و پەیوەندی ڕاستەوخۆی پێست بە پێست لەگەڵ ئەو شوێنانەی تووشی بالووک بوون ، ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە یەکسەر دەچێتە ناو لەش.
ئەگەر ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) پێستی بەشی زایەندی و کۆم تووش بکات، دەبێتە هۆی بالووکی کۆئەندامی زایەندی.
بالووکی کۆئەندامی زاوزێ زنچکاوێکە کە لە ڕێگەی پەیوەندی زایەندییەوە دەگوازرێتەوە. ڤایرۆسی پاپیلۆما زیاتر لە سەد جۆری هەیە کە هەریەکەیان بەشە جیاوازەکانی جەستە تووش دەخەن، وەک دەست و قاچ.
نزیکەی سی جۆر ڤایرۆسی پاپیلۆما لە بەشی زاوزێ و کۆم و دەوروبەری هەیە.
بەڵام هۆکاری بالووکی کۆئەندامی زاوزێ تەنیا دوو ڤایرۆسی جۆری شەشەم و یازدەهەمە
ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ هەڵگری(DNA)ە کە زیاتر لە ٢٠٠ جۆریان ناسراوە و پتر لە ٤٠ جۆریان بەشی زاوزێ دەگرێتەوە.
یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە پەیوەندی زایەندییە.
لە هەر ٤ژن، ٣ کەسیان لە ماوەی تەمەنیاندا تووشی ئەم هەوکردنە دەبن.
زۆربەی کات ئەو زووخانەی کە بەهۆی(HPV) یەوە چێ دەبێت مەترسیدار نین، دەرناکەون و لە بەین دەچن بێ ئەوەی پێویستیان بە چارەسەرکردن بێت. لەبەر نەبوونی نیشانەی دیاریخەر، ڤایرۆسی (HPV) بە مەترسی سەرەکی پەیوەندی زایەندی نەپارێزراو دادەنرێت.(HPV)  باوترین ڤایرۆسە کە لە ڕێگەی پەیوەندی زایەندییەوە دەگوازرێتەوە.
تەنیا چەند جۆرێکی ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی ئەندامی زاوزێ و کۆم و قوڕگ. پاکژی لە پەیوەندی زایەندی و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی زایەندی مەترسیدار باشترین ئامرازە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە، مەبەست لەپەیوەندی زایەندی مەترسیدار بە واتای پەیوەندی زایەندی نەپارێزراوە لە ڕێگەی دەم، کۆم، ئەندامی زاوزێ، تەنانەت پەیوەندی ڕاستەوخۆی پێست یان دەست لەگەڵ ئەندامی زاوزێی کەسی تووش بوو. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستیی باوەڕپێکراو نییە بۆ پشتڕاستکردنەوە لە سەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی ‌حەوزی مەلەکردن و کورسی  مەستەراو(تەوالێت).
ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ بە ئاسانی دەگوازرێتەوە و بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی کە ڤایرۆسەکانی تری وەک ئایدز(HIV) مەترسی سەرەکی پەیوەندی زایەندی نەپارێزراون، HPV باوترین ڤایرۆسە کە لە ڕێگەی پەیوەندی زایەندییەوە دەگوازرێتەوە.
ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) زیاتر لە 100 جۆری جیاوازی هەیە. زۆربەیان نابنە هۆی شێرپەنجە و تەنیا دەبنە هۆی بالووک یان برینەکانی پێست و هەندێکیش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن. چینە شێرپەنجەیییەکان بریتین لە ڕیزەکانی ١٦، ١٨، ٣١، ٣٣، ٣٥، ٣٩، ٤٥، ٥١، ٥٢، ٥٣، ٥٦ و ٥٩.
ئەگەر ئەم جۆرە ڤایرۆسە لە جەستەی تاکێکدا دەستنیشان بکرێت، ئەوە ئاماژەیە بۆ مەترسی  تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ، ملی مناڵدان، کۆم و قوڕگ.
کۆمەڵێک لەو ڤایرۆسانە بە کەم مەترسی ناسراون، کە تەنیا هۆکارن بۆ دروستبوونی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ، بەڵام گروپێکی تری ئەو ڤایرۆسانە لەجۆرێکی مەترسیدارن کە جگە لەوەی دەبنە هۆی بالووکی ئەندامی زایەندی، ڕێخۆشکەری تووش بوون بە شێرپەنجەی مناڵدان، کۆئەندامی زاوزێ، کۆم، قوڕگ و بەربینگ، دەم و زمان.
هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە پەیوەندی زایەندییە. چوون بابەتی پەیوەندی ڕاستەوخۆی پێست بە پێست بەرچاوە ڕێگاکانی خۆپاراستن وەک کۆندۆم کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت.

جۆری کەم مەترسی ڤایرۆسی HPV
جۆری کەم مەترسی HPV  تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ، کۆم و دەم و هەموو جۆرە بالووکی ئاسایی لە  جەستەدا. ئەم بالووکانە هیچ هەوکردنێکی تایبەتیان تێدا نییە و کێشەیەکی تایبەت دروست ناکەن و زۆربەیان دوای ماوەی ١٨ بۆ ٢٤ مانگ لە ناو دەچن.
جۆرەکانی کەم مەترسی  HPV بریتین لە؛ ٦، ١١، ٤٠، ٤٣، ٤٤، ٥٣، ٥٤، ٦١، ٧٢ و ٧٣.

جۆری مەترسیداری ڤایرۆسی HPV
ئەم جۆرە ڤایرۆسە جگە لەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ، کێشەی دیکەی لێدەکەوێتەوە . یەکێک لە نەخۆشییە کوشندەکانی ئەم جۆرە لە HPV شێرپەنجەی ملی مناڵدان، کۆئەندامی زایەندی و (کۆم)ە کە ساڵانە لە هەموو جیهاندا زۆر کەس دەکوژێت، شێرپەنجەی ملی مناڵدان سێیەم جۆری شێرپەنجەی ژنانە لە جیهاندا.
مەترسیدارترین جۆرەکانی ڤایرۆسی HPV بریتین لە؛ ١٦، ١٨، ٣١، ٣٣، ٣٥، ٣٩، ٤٥، ٥١، ٥٢، ٥٦، ٥٨، ٥٩ و ٦٨.
جۆری  هەرە مەترسیداری ڤایرۆسی HPV دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی ناو مناڵدان، کۆئەندامی زایەندی و دەمی کۆئەندامی زاوزێ  ژنان، شێرپەنجەی کۆئەندامی زاوزێ لە پیاوان، کۆم، قوڕگ، زمان و دەم.
وەک دەبینین HPV تەنیا وەدیهێنەری نەخۆشێ بالووکی کۆئەندامی زایەندی نییە. بەڵکوو هۆکاری نەخۆشیەکانی تری وەک شێرپەنجەیە، بۆیە هەبوونی هۆشیاری گشتی و زانیاری پێویست سەبارەت بەم نەخۆشییە پێدەچێت زۆر پێویست بێت.

ڕێگاکانی گواستنەوەی بالووکی کۆئەندامی زایەندی
بالووکی کۆئەندامی زایەندی یەکێکە لەو ئاڵۆزیانەی کە شێوازێکی دیاریکراوی گواستنەوەی هەیە و بە هه ر شێوەیەک ناگوازرێتە وە.
ڕێگاکانی گواستنەوە:
بەرکەوتنی  ئەندامی زایەندی: گواستنەوەی ڤایرۆسی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ لە ڕێگەی پەیوەندی زایەندی باو و ئاساییە.
باشتر وایە پێش هەر پەیوەندییەکی زایەندی ناوچەی زاوزێ بشۆردرێت بۆ ئەوەی دوور بێت لە پیسبوون.
پەیوەدی زایەندی لە کۆمەوە: زۆرێک لە پزیشکان پەیوەندی زایەندی لە ڕێگەی کۆمەوە قەدەغە دەکەن بەهۆی زۆری مەترسییەکانییەوە.
ئایدز، سۆزی، سفلیس، هێرسیس(یاومز، خشرۆک)، شانکرێ، شانکرۆید ئەو نەخۆشیانەن کە لە ڕێگەی  پەیوەندی زایەندی کۆمەوە دەگوازرێنەوە. ئەگەر هاوسەرەکان ئارەزووی ئەم جۆرە لە پەیوەندییان هەبێت، دەتوانن کۆندۆم و ئامێرە تەندروستییەکانی دیکە بەکار بێنن.
پەیوەندی زایەندی لە ڕێگەی دەمەوە: ئەم جۆرە لە پەیوەندی دەتوانێت ببێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسی بالووکی کۆئەندامی زایەندی لە ژن و پیاودا لە ڕێگەی لیک و توێکڵی ناودەم کە وەک پەڵەی دیار و گۆشتن لە سەر لێو و دەوربەری زمان خۆی دەردەخات.
هەڵکەندن و لەناوبردنی موو(ئێپیلاسیون): هەڵکەندنی موو لە ناوەندە باوەڕپێنەکراوەکان و ناپاکەکان دەتوانێت زەوی بۆ هەوکردنی پێست و بالووکی کۆئەندامی زایەندی خۆش بکات.  هەڵبەت لابردنی مووی زیادەی لەش بە ئامێر و کەرەستەی جێی متمانە دەتوانێت ڕێگری بکات لە گواستنەوەی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ.
جگە لەوانەی باسکران، هۆکاری دیکەش هەن کە دەتوانن کاریگەر بن لە گواستنەوەی بالووکی کۆئەندامی زاوزێ:
گرنگی نەدان بە ئامۆژگارییە تەندروستییەکان
ئەو کەسانەی کە چەندین پەیوەندی زایەندییان هەیە
تووش بووان بە نەخۆشی ئایدز
ئەو کەسانەی دەستدرێژیی زایەندییان کراوەتە سەر
ئەو منداڵانەی کە لە دایکانی تووشبوو بە ئایدز لەدایک دەبن
ئەو کەسانەی کۆئەندامیەمی بەرگری لەشیان لاوازە
ئەگەر لە منداڵاندا تووشی کێشەیەکی لەو شێوەیە بووین، پێویستە ئەم ئەگەرانەی خوارەوە بپشکنین؟
بەرکەوتنی دەستی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لەگەڵ پێستی منداڵەکەدا
دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر منداڵان

ئایا HPV لە دایکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە و ئایا دەتوانرێت بە قەستەرە مەترسی گواستنەوە کەم بکرێتەوە؟
بەداخەوە باس لەوە کراوە کە ڤایرۆسی HPV لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی ڕۆنانی برین لە دەم و قوڕگی کۆرپەلەدا. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە جۆری منداڵبوون... واتە قەستەرە یان سروشتی هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی HPV لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە نییە. لە ڕاستیدا بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیێک خاترجەم نییە بۆ دەستەبەرکردنی تەندروستی منداڵێک کە دایک و باوک  یان یەکێکیان تووشی ڤایرۆسی HPV بوون، یا پشکنینی دەستنیشانکراو بۆ دیاریکردنی تەندروستی کۆرپە یان منداڵانی خوار تەمەنی ٧ ساڵ نییە.
تاکە ئامۆژگاریەک کە پێویستە قورس‌وقایم وەربگیرێت چارەسەرکردنی برین و بالووکی چالاکە پێش دووگیانی. کوتان(دەرزی وەشاندن) لە کاتی دووگیانیدا مەترسیدارە.

ئایا ڤاکسینی HPV کاریگەرە؟
ڤاکسینەکان بۆ بەرگریکردن لە تووش بوون بە HPVکاریگەرن. یەکەم جۆری ڤاکسین (HPV) کە هاتە بازاڕەوە ڤاکسینی سێرڤاریکس بوو کە جەستەی لە دژی جۆرەکانی ١٦ و ١٨ HPV دڵنیاکرد و بەم شێوەیە ڕێگری لە ڕوودانی شێرپەنجەی مناڵدان کرد...

ئایا ڤاکسینی HPV کاریگەرە؟
ڤاکسینەکان بۆ بەرگریکردن لە تووش بوون بە HPVکاریگەرن. یەکەم جۆری ڤاکسین (HPV) کە هاتە بازاڕەوە ڤاکسینی سێرڤاریکس بوو کە جەستەی لە دژی جۆرەکانی ١٦ و ١٨ HPV دڵنیاکرد و بەم شێوەیە ڕێگری لە ڕوودانی شێرپەنجەی مناڵدان کرد.
ڤاکسینی گاردەسیل و گاردەسیل ٩ لەش لە جۆرەکانی ٤ و ٩و جۆری  شێرپەنجەی ڤایرۆسی HPV دەپارێزن.
بێگومان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم ڤاکسینانە دەبێت پێش تەمەنی دەستپێکردنی پەیوەندی زایەندی و یەکەم پەیوەندی زایەندی وەربگیرێن.
ڕەشنووسی پێوانەی جیهانیی بۆ کوتانی ڤاکسینەکە تەمەنی یازدە ساڵییە. بەڵام لەو ناوچانەی کە چالاکی زایەندی مرۆڤەکان زووتر دەست پێدەکات یان تەمەنی پێگەیشتن بە شێوەیەکی سروشتی کەمترە دەتوانرێت لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە وەربگیرێت.
ئەم ڤاکسینە پێویستە دوو جار پێش تەمەنی ١٥ ساڵی و سێ جار دوای ئەو تەمەنە وەربگیرێت بۆ ئەوەی بەرگرییەکی پێویست مسۆگەر بکات . دەوترێت ئەم ڤاکسینە لە ئافرەتان تا تەمەنی 26 ساڵی و لە پیاوان تا تەمەنی 21 ساڵی کاریگەرە و دوای ئەوەش کەمتر کاریگەری دەبێت.
بێگومان ئەوانەی کۆئەندامی بەرگریان لاوازە یان نەخۆشییەکی بنەڕەتی وەک شەکرە یان دەرمانی سەرکوتکەری بەرگری وەک کۆرتون وەردەگرن مەترسی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی HPV زیاترە. دەرمانی کۆرتون: کۆرتون ئەو دەرمانانەیە کە مرۆڤ دروستی دەکات و زۆر لە کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی سروشتی) دەچێت. (پتر بە کۆرتونەکان دەوترێت ستیرۆید)
پێشنیار دەکرێت کە تەنانەت لە تەمەنی سەرەوەشدا ڤاکسینەکە وەربگرن. سەرنج بدەن هیچ سنوورێکی تەمەنی دیاریکراو بۆ کوتان دانەنراوە و کوتان ڕاسپاردەیەکی گشتگیرە بۆ ژنانی تەمەن نێوان ٩ بۆ ٢٦ ساڵ و پیاوانی نێوان ١١ بۆ ٢٦ ساڵ، چونکە کاریگەری ئەم کوتانە لەم تەمەنانەدا فرەترە و سەروی ئەو تەمەنە کاریگەری ڤاکسینەکە کەم دەبێتەوە.
بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە پێویست بە دڵنیایی تووش نەبوون ناکات و لە هەردۆخێکدا ڤاکسینەکە دەتوانێت بەرگری لە هەمبەر ڕیزەکانی تر تووش نەبوون دابین بکات.
جگە لەوەش پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دووبارەکردنەوەی ڤاکسینەکە گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی نیشانەکان و ڕچاوکردنی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا بۆ ئەو کەسانەی هەڵگری نەخۆشی (HPV)ن.

جیاوازی  تووشبوون بە HPV لە ژن و پیاودا
لە ڕووی ڕواڵەتەوە جیاواز نین، بەڵکو لە ڕووی شوێنی دەرکەوتنەوە جیاوازن.
ئایا کەسێک کە هەرگیز پەیوەندی زایەندی نەبووە تووشی HPVدە بێت؟
ئایا خاتوونێک دەتوانێت تاقیکاری پاپ سمیر بکات بێ ئەوەی نیگەران بێت لە گۆڕینی شێوەی تێپەڕگەی ئەندامی زێ؟
ڕێگای گواستنەوەی جۆرە مەترسیدارەکانی ڤایرۆسی HPV پەیوەندی زایەندییە و چوونە ناوەوەی ئەندامی نێرینە تەنیا یەکێکە لە ڕێگاکانی پەیوەندی زایەندی.
کەواتە تەنانەت بە گریمانەیەک کە کەسەکە پەیوەندی زایەندی نەبووە بەڵام ئەگەر بەر پەیوەندی زایەندی بکەوێت، ئەوا تووشی HPV دەبێت. بەرکەوتنی زایەندی واتە بەرکەوتنی پێست بە پێست؛ جگە لەمەش شتێک بە ناوی پەردەی کچێنی بە شێوەی دڕاو بوونی نییە و تاقیکاری پاپ سمیر پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودان و گەشەکردنی شێرپەنجەی مناڵدان.
لە دۆخی پێداگریدا بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە شێواندنێکی نۆکەنی ناوەوەی زێ دەتوانرێت سواپی تایبەت بە قەبارەی بچووکتر بەکاربهێنرێت یان دەتوانرێت نموونە لە ڕووی برینەکە وەربگیرێت. (سواپی تایبەت ئامێرێکە بۆ پشکنینی تایبەتی ئافرەتان)
بەڵام وەڵامی ڕاست بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە بەبێ گوێدانە پەردەی کچێنی و یاساغەکەی پێویستە فێرکاری پاکژی پەیوەندی و خۆپارێزی دروست ڕێبخرێت.
ئەگەر شارەزاییەکی تەواو هەبێت و پەیوەندی زایەندی تەک هاوسەری یان  پەیوەندی زایەندی لە شێوەی تراو بیت، پێویست بە نیگەرانی ناکات.
پەیوەندی زایەندی لەگەڵ کەسێکدا کە برین و بالووکی دیار بێت قەدەغەیە. سەرنجدان بە پاک وخاوێنی و گرنگیدان بە پاکژی زایەندی لە هەموو پەیوەندییەکی زایەندیدا پێویستە. بە تووش بوون بە هەر نەخۆشییەکی زایەندی پێویست بە ئاگادارکردنەوەی هاوژین و دوای چارەسەرکەوتنە.
هاوژینەکان بەرانبەربە یەک ڕوون و ڕاستگۆ بن و زانیاری پێویست سەبارەت بە نەخۆشییە زایەندییەکان بە دەست بهێنن.
ڕاگرتنی پەیوەندی زایەندی کاتێک هەست بە مەترسی لە سەر تەندروستی دەکرێت بۆ دوای چارەسەرکردن.
پاراستنی تەندروستی لە کاتی پەیوەندی زایەندی و تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە گەڵ هاوبەشی زایەندی.

ئایا چارەسەری یەکجارەکی بۆ HPV هەیە؟
تا ئێستا هیچ شێوازێکی چارەسەرکردن بۆ ماوەی دیاریکراو بۆ ئەوەی ڤایرۆسی HPV بە تەواوەتی لە جەستەدا لە ناو ببات دەسنەکەوتووە، تەنیا بەپێی توانای کۆئەندامی بەرگری لەشی کەسی تووشبوو لەوانەیە ڤایرۆسەکە تا ڕادەیەک ناچالاک یا لە ناو ببرێت.
پێویستە ئاگاداربین پاش نەمانی هێماکانی ڤایرۆسی بالووکی کۆئەندامی زایەندی و چارەسەرکردنی، کەسی تووشبوو وەک هەڵگری ڤایرۆسەکە دەمێنێتەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکان دەتوانین دڵنیا بین لە نەمانی یەکجاری ڤایرۆسەکە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن
بەکارهێنانی ڤاکسینی گارداسیل، کۆندۆم یا شێوازەکانی تری بەرگریکردن لە کاتی پەیوەندی زایەندی زارەکی، کۆم و زێ بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییە گواستراوەیییە زایەندییەکان. بە دڵنیاییەوە کۆندۆم بە تەواوەتی ڕێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە ناکات.
ڕچاوکردنی پاکژی زایەندی لە هەر بارودۆخێکدا.
دووریگرتن لە هەرچەشنە پەیوەندییەکی زایەندی ناتەندروست.
دەرکەوتنی بالووکی ئەندامی زایەندی و نیشانەکانی تری گومان لە تووشبوون بە HPVهەیە و بە دیتنی ئەم نیشانانە بە زووترین کات دوای چارەسەری تەواو کەون.
دواخستنی بەرکەوتنی زایەندی تا دوای چارەسەری بە دیتنی بالووک لە سەر جەستە.
بۆ خۆپاراستن لەم نەخۆشییە زۆر گرنگە بەشێوەیەکی دروست ناوچەی زاوزێ پێش و پاش پەیوەندی زایەندی بە ئاو و سابوون بشۆردرێت و لە سەرەتای زایەندەوە کۆندۆم بەکاربهێنرێت. هەروەها دووری گرتن لە هەبوونی چەند هاوبەشی زایەندی
.
ئایا ڤایرۆسی (HPV) لە ڕێگەی ماچکردنەوە دەگوازرێتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە کەمێک ئاڵۆزە چونکە ڤایرۆسەکە لە لیکی هەڵگرەکەشدا هەیە. لە لایەکی ترەوە ڕێگەی سەلمێندراوی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە، پەیوەندی زایەندییە لە تەک کەسی تووشبوو. بۆیە ماچکردن ئەمڕۆ بە جۆرێک لە جووتبوونی زایەندی نازانرێت کە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسی HPVی هەبێت (بەڵام ناکرێ بە دڵنیاییەوە بگوترێ کە ماچکردن ڤایرۆسەکە ناگوازێتەوە).

بۆ پشکنینی بوونی زنچکاو لەم حاڵەتانەی خوارەوە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە
ڕوودانی نیشانەکان یان گومانلێکردنیان لە خۆت یا هاوژینتدا.
ئەگەر تۆ یا هاوژینت زایەندی بێ پاراستنتان کردبێت.
هەبوونی جۆرێکی تری هەوکردنی زایەندی که دەتوانرێت لە ڕێگەی جووتبوونی زایەندییەوە بگوازرێتەوە
دووگیان بوون یان بەنیازی دووگیان بوون
شێوازی دەستنیشانکردن
نموونەگرتنی بالووکی کۆئەندامی زایەندی
بۆدەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە چەن شێوازی نموونەگرتن بەکاردێت. سامپڵ وەرگرتن یان بایۆپسی کە بریتییە لە لابردنی پارچەیەکی بچووک لە شانەکانی پێست کە دەنێردرێت بۆ تاقیگە بۆ پشکنین.
نموونەگرتنی دروست و بنەڕەتی بالووک پێویستە بە وردی و بە ڕوونی جۆری ڤایرۆسی HPV دیاری بکات.

دوو شێوەی نمونەگرتن لە تاقیگە:
پشکنینی پاپ سمیر
شێوازی مۆلیکولی PCR

چارەسەر
بالووکی کۆئەندامی زایەندی خۆڕسک چارەسەرنابێت.
ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە و لە جەستەدا دەمێنێتەوە.
چارەسەری ڤایرۆسی HPV تەنیا بە بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش دەبێت. شێوازەکانی وەک لەیزەری‌دی‌ئۆکسیدیکاربۆن، چارەسەری سەرمابوون بە نایترۆجینی تراو، ئەلفا ئینتەرفیرۆن و چارەسەری فۆتۆداینامیک بە تێزاوئەمینۆلۆلۆنیک بە سادەیی بۆ لابردنی برینەکان بەڕێوە دەبرێن.
ڕێژەی گەڕانەوەی پاشماوەی بەرز لە نێوان لەسەدا ٤٥ بۆ ٩٠ دایە. هەروەها دەرمانی ناوەوە تەنیا بۆ لابردنی برینەکانی سەر پێست بەکاردەهێنرێت، وەک کرێمی ئیمیکویمۆد و تێزاو(ئاسیل) کلۆرۆئەسیتیک، پۆدۆفیلین و پۆدۆفیلۆکس، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردەهێنرێن بەڵام کاریگەرییان کەمترە. هەندێک لەو دەرمانانە دەبێت بۆ ماوەی چەند مانگێک بخورێن.
تا ئەمڕۆ هیچ چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ بالووکی کۆئەندامی زایەندی نەدۆزراوەتەوە و چارەسەری لەیزەر تەنیا بۆ لابردنی برینەکانی سەر پێست بەکاردەهێنرێت و ڕەگەکانیان دەمێننەوە.

چ پشکنینێک ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە؟
پشکنینی خوێن بۆ دیاریکردنی ڤایرۆسی بالووکی کۆئەندامی زایەندی ئەنجام نادرێت.
ستافی چاودێری تەندروستی دەتوانن بە پرسیارکردن لە نیشانەکان و پشکنینی بالووکەکان، بزانن کە ئایا بالووکی کۆئەندامی زایەندی بوونی هەیە یا نە.
بۆ دیاریکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی (HPV) لە ملی مناڵداندا ڕوو دەدەن، پێویستە پشکنینی پاپ سمیر ئەنجام بدرێت.
پێداگری لە سەرئەم پشکنینە پێویستە، چوونکە زوو دەستنیشانکردنی دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ بگێڕێت لە چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی شێرپەنجەی ملی مناڵدان. هەروەها پێشنیار دەکرێت بۆ ئەو پیاوانەی نێربازی دەکەن، پشکنینی شێرپەنجەی کۆم بە هێند وەربگرن(پاپ کۆم). بە تایبەتی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسی ئایدزن، پێویستە لە سەر پشکنینی زایەندی کۆم پێداگر بن.
یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکییە گرنگەکانی ئەم ڤایرۆسە کاریگەرییە لەسەر ڕەگەز و DNA و گۆڕانکارییەکانیان بە تێپەڕبوونی کات. ئەگەر ئەم نەخۆشیە چاوەدێری نەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ئاکامی گۆڕانی DNA بۆماوەیەک بەهێزتر بێت.
بەم شێوەیە ئەم ڤایرۆسە سەرکەوتوو دەبێت لە زۆربوون و بەرهەمهێنانی خۆی بە سوودوەرگرتن لە خانەکانی کۆئەندامی بەرگری (بەرگری بنیاتنەر) و وەک ڤایرۆسی ئایدز کاردەکات و دەبێتە پەتایەکی کوشندە.

لە ئەمریکا نزیکەی ٨٠ ملوێن کەس تووشبووی ڤایرۆسی HPV هه‌یه
بالووکی کۆئەندامی زایەندی هۆکارێکی ڤایرۆسی هەیە و هۆکارەکەی بەکتریایی نییە، بۆیە دژە بەکتریایییەکان لە چارەسەرکردنیدا سوودیان نییە.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە ئێران لەسەر ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵانیان دەچنە قوتابخانە، لە سەدا، ٧٦یان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە HPV نەبووە.
بالووکی کۆئەندامی زایەندی جیاوازە لە هێرسس(تێمیسک)ی کۆئەندامی زایەندی کە بەهۆی ڤایرۆسێکەوەیە هاوچینەی ڤایرۆسی هێرسیسی دەموچاو(یاومزی کۆئەندامی زایەندی هەوکردنێکی باوی زایەندییە کە بەهۆی ڤایرۆسی هێرسیس سیمپلێکس (HSV)ەوە چێ دەبێت. بەرکەوتنی زایەندی یەکەم ڕێگایە بۆ گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە لە کەسێکی تووشبووەوە بۆ کەسێکی تر»تبخال».
ئەوەی پێویستە لە کۆتاییدا بگوترێ دایکان و باوکانی ئازیز، منداڵەکانتان سامانی داهاتووی ئەم وڵاتەن، زۆر ئاگاداری ئەم سامانە بەنرخە بن.
چاوەدێریکردن بە مانای وەرگرتنی ئازادی نییە، بەڵکو وریابوون و ئاگاداربوونە لە منداڵان. دوژمن لە بۆسە دایە، وریا بە.!
بالووکی کۆئەندامی زایەندی کە بە بالووکی زایەندێش ناسراوە یەکێکە لە باوترین نەخۆشییە گواستراوەیییە زایەندییەکان(STA)، ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا زیاتر لە یەک میلیۆن لە دانشتوانی ئێران تووشی ئەم نەخۆشییە درمییە ن. بەپێی شێوازی پەیوەندی زایەندی گەنجان لەم بارودۆخەی ئێستادا پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە ڕوو لە زیاد بوون بکات.
بیرکردنەوە لەم ئامارە ئەوە دەگەینێت ڕووبەڕووی پەتایەکی بەرفراوانین کە بێتو بیر لە چارەسەریەک قایم نەکرێت بۆ بەرهەڵستدانەوەی، دەتوانێت ئەم نەخۆشییە لە ئایدز مەترسیدارتر بکات. ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم کارەساتە مرۆییە یەکێکە لە ئەرکە قوڵ و قورسەکانی کۆمەڵگای پزیشکیی کە لە ئاکامدا دەبێتە هۆی وشیاری خەڵک و شێوازی بەرەنگاربوونەوەی  کاریگەر له‌ هەمبەرئەم پەتایە.

سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان ژماره‌کانی: 742 و 744 جۆزه‌ردانی 1402
دسته بندی: کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید