مامۆستا مەلاعەبدۆڵڵا نەزیزی دەگاگا ناسراو بە عەبدۆڵڵای خاتوو ئەسما کوڕی حاجی مەلاعەبدۆلمەتینی کوڕی حاج مەلانەزیری تەوێڵەیه
وێنەی نووسەر لە سەر گۆڕی مەلاعەلی نەزیری
بنەماڵەی نەزیریەکان یەکێ لەو بنەماڵەگەلنە کە سێبەری قەڵەمیان بە سەر مێژووی ئەدەبی ئەم وڵاتەدا هەر دەمێنێتەوە کە خوێندنەوەی ژیاننامەیان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخا:
1. مامۆستا مەلاعەبدۆڵڵا نەزیزی دەگاگا
مامۆستا مەلاعەبدۆڵڵا نەزیزی دەگاگا ناسراو بە عەبدۆڵڵای خاتوو ئەسما کوڕی حاجی مەلاعەبدۆلمەتینی کوڕی حاج مەلانەزیری تەوێڵەیه: ئەو کەسایەتیەی کە 33 کەڕەت قورئانی پیرۆزی بەدەستخەتێکی جوان نووسیوەتەوە کە دووایین دانەیان ئەمڕۆکە له مزگەوتی مەلانەزیز لە گوندی تەوێڵەی ههورامان لهو دیوی کوردستانە.
مەلاعەبدۆلمەتین باوکی مەلاعەبدۆڵڵا سەردەمانێک بەهۆی ئەوەی کە ماڵ و زەوی و زارەکانی بەزۆردارانی ئەوکاتی ناوچەکە نافرۆشێ، ناچار ئەبێ تەویڵە بەجێ بێڵێت و ڕوو بکاتە ئاوایی دزاوەر و لەوێشەوە مەلا عەبدۆڵڵا ڕوو ئەکاتە ئاوایی دەگاگا سەربە شاری سەوڵاوا و لەشوێنێک بە ناوی"کەڵیمل"
ژیان بەسەر ئەبات و پێشنوێژی ئاوایی دەگاگا بە مامۆستاعەبدۆلقادری جەلالی ئەسپێرێ و دەست لە دەستی مەلاقادری جەلالی شاگردانێکی زۆر پەروەرده دەکەن و ئاڵای خزمەت بە ئایین و زانست شەکاوە ڕادەگرن کە لە شاگردەکانی ئەتوانین ئاماژە بکەین بە: مەلائەحمەدی دەگاگا، حاجی مەلاحەبیبەڵای دەگاگا، مەلا تاییری ژریژە و هتد.
مەلا عەبدۆڵڵا بەڕەوەشتی جوان و پاکیەوە بەزووترین کات توانی لە دڵی خەڵکا جێ بگرێ و ئەمڕۆش ناوی چەند شوێنەواری ئەو ئاواییە بەناوی مەلاعەبدۆڵڵا بەیادگار ماوەتەوە؛ بۆ نموونە ئەتوانین ئاماژە بکەین بە: هانەی مەڵاعەبدۆڵڵا، چاوکەی مەڵاعەبدۆڵڵا کە لە پاڵی کانی گەورەی کەڵیملدایە.
مەلا عەبدۆڵڵای خاتووئەسماش وەک ئەژدادی خەتاتێکی لێهاتوو ئەبێ کەبەداخەوە دەستخەتە جوانەکانی زۆر پێش چاوی خوێنەران نەکەوتووە و لەچاپ نەدراون.
بەهۆی ئەوەی کە ناوی دایکی ئەسما بووە بە مەلاعەبدۆڵڵای ئەسما ناوبانگی دەرکردووە، دایکی کچی یەکێک لەشێخەکانی سەرگەتی عێراق دەبی کە دایکی ئەو و دایکی شێخ عەبدۆلمەتین هەردو کچی خوالێخووشبوو شێخ سراجەددین بوونە کە لەگەڵ شێخانی سەرگەت دۆستایەتی و خزمایەتیەکی گەرم و گۆڕیان هەبووە، خاتوو ئەسمای دایکی یەکێ لەو شێرە ژنانەیە کە شێخ زیائەددینی نەقشبەندی بە یەکێ لەژنانی وانەبێژ و مامۆستا و لێهاتووی ئەو دەم ناوی بردووە.
گڵکۆی مامۆستا مەلا عەبدۆڵڵا لەئاوایی دەگاگادایه و کەسانی مۆعتەقێدی ئەودەم لەسەر ئەو بڕوایە بوونە کە ئەگەر منداڵێ نەخۆش ببوایێ لەڕۆژانی چوارشەمە پاش سەردانێ لەو مەزارە و خوێندنی فاتێحایەک، گوایە ئازارەکەیان لەکۆڵ بووەتەوە، و مەلا عەبدۆڵڵا پێش ماڵاوایی کردنی لە ژیان هەر لەو گۆڕستانەدا دار هەنجیرێکی ناشتووە کە پاش مەرگی مامۆستا، گوایه خەڵکی مۆعتەقێد بەرەی ئەو دارهەنجیرەیان بە تەبەرۆکێکی شیفادار بۆ نەخۆشینەکان داناوە کەگوایە بەخواردنی ئەو هەنجیره ئێش و ئازارەکەیان نەماوە.
مەلاعەبدۆڵڵای خاتوو ئەسما دو کوڕی زاناو لێهاتووی بەناوەکانی مەلاعەلی نەزیری و مەلا نەزیر نەزیری بووە کە ئەمەش بەشێ لە ژیاننامەی ئەو بەڕێزانەن:
2. مامۆستا مەلا عەلی نەزیری
2. کوڕی مەلاعەبدۆڵڵای ئەسما له ساڵی 1282ی کۆچی هەتاوی لە دایک بووە و لە پاش ئەوەی کە باوکی ماڵاوایی هەتایی لە ژیان دەکات سەرپەرەشتی بنەماڵەی وەئەستۆ دەگرێ و ئەمیش وەکوو باوکی ئازیزیان هەر هەوارگەی کەڵیمل خێوەتی ژیانێ پڕ له سەربەرزی هەڵئەدەن و گوایه لە پاییزی ساڵەکانی 1320 لەشکەر و سوارکارانی بەزیوی ئیران له مەریوانە بەرەو کەڵیمەل ڕێکەوتوونە و ئەوشوێنەیان بەتەواوی تاڵان کردووە و لەوەو بەدووا وەک پێشنوێژ و ئیمام جۆمعەی مزگەوت ڕوو ئەکاتە ئاواییەکانی ناوچەکە و کەڵیمل بەجێ دێڵن و له ئاوایی بۆڕیەر(پاش مامۆستا ئەسعەد ڕیازی) دەگرسێتەوە.
مەلا عەلی نەزیری بە زووترین کات دەبێتە خۆشەویسی خەڵکی ناوچە و بەدرێژەدان بەڕێگای باب و باپیرانی توانی هەر لەو ڕێبازەدا شاگردانێکی زۆر شارەزا وەک خۆی پەروەردە بکات و بە چاوی ئۆستادێکی لەبەر دیدە و دڵان دەرکەوێ.
حکوومەتی ئەو کات پێشنیاری دانانی بنکەی سەردەفتەری ژیانی هاوبەشی و جیابوونەی پێ ئەدەن بەڵام مامۆستا عەلی لەبەر ئەوەی کە هێشتا زامی تاڵان کردن و خاپوور کردنی ماڵی لە کەڵیمل لەدڵ ساڕێژ نەبووه و دڵێکی خۆشی لە حکوومەت نیه نابێتەپیاویان و ئەو پێشنیارەیان ڕەدەو دەکا و هەر بۆیه ناچارهن ئاوایی بۆڕیەریش بەجێ دێڵێ و ڕوو ئەکاتە پێنجوێن و پاش شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم دێتەوە بۆ ئاوایی ڕێخەڵان و لەوێ نیشتەجێ دەبێ.
لە شاگردەکانی مامۆستا عەلی نەزیری ئەتوانین ئاماژە بکەین بە: دوکتور مۆحەممەد ئەبووئاری بۆڕیەر کە ئەمڕۆکە وەک مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی فەڕانسەیه، ئەوکاتەی کە بۆریەر قوتابخانەی لێ نەبووە مامۆستا مەلاعەلی بەکۆکردنەوەی مناڵان لە مزگەوت هانیانی داوە بەرەو زانست و فێر بوون؛ یەکێ لەو مناڵانەی ئەوکات بەڕێز مۆحەممەد بۆڕیەری بووگە.
کاک مۆحەممەد لە منداڵیەوە نەبین و نابینا بووە، کە بە بیانووی ڕۆیشتن بۆ مزگەوت لەخزمەت مەلا عەلیدا فێری زانیاری زۆرتر دەبێ و وەک ئەڵێن مامۆستا هەر وانەیەکی وتبێ زیرەکانەتر و وریاتر لەشاگردانی تر، مۆحەممەد لەبەری کردووە، هەر بۆیه مەلاعەلی پەی بەزیرەکی و لێهاتوویی مۆحەممەد ئەبات و داهاتووی ئەو منداڵە گەشتر لەشاگردانی تری دەبینێ؛ هەر بۆیه ئەوکاتە کە مەلاعەلی بۆڕیەر بەجێ دێڵێت و ڕوو لە پێجوێن دەکات، مۆحەممەدیش لەگەڵ خۆی ئەبات و لەوێشەوە دەینێرێتە بیاره و بەجوانی قورئان و وانە ئایینیەکان فێرئەبێ و لەوێەوە بەرەو ناوەندی نابینایانی سلێمانی دەچێت (کە ئەو مەرکەزە بنکەیەک بووە لەلایەن خێرخۆازانی زاناوە بەڕێوە چووە) و لەوێ درێژە بەخوێندنی زیاتر ئەدات و دەبێتە دەرچووی زانکۆی بەغداد و پاشان دوکتورای مێژووناسی وەردەگرێ و دواترزانکۆی وڵاتی فەڕانسە وەک مامۆستا و ئۆستادێک دێتە بەرهو پیریەوە.
لەشاگردانی سەرکەوتووی دیکەی مەلاعەلی نەزیری ئەتوانین به مەلاقادری ڕواری و نووسەر و توێژەر کاک ئەحمەدی نەزیری کوڕی خۆی ناو ببەین.
مەلاعەلی دوکوڕی بەناوەکانی سەعدی و ئەحمەد هەبووە، کە مەلا ئەحمەدی نەزیری ئەو توێژەرە ناودارەیە کە توانی کتێبی زایڵەی زرێبار. دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی، تاریخ سلاطین اورامان کۆبکاتەوە و کتێبخانەی نیشتمانی پێ دەوڵەمەندتر بکاتەوە و لەپاڵی ئەمەشدا دیوانی مامۆستامۆحرێق، دیوانی فەریقی، گەنجینەی وشەی کوردی، هەورامانناسی کە کتێبێکی 6000 لاپەڕەییە کۆکردووەتەوە و ئامادەی چاپی کردوون بەڵام بە داخەوە هێشتا بەچاپ نەگەیشتوونە.[ژیاننامەی مەلائەحمەد لە درێژەی بابەتەکەدایه]
مامۆستا مەلاعەلی نەزیری لەتەمەنی 59ساڵیدا لە ساڵی 1341ی کۆچی هەتاوی، ماڵاوایی له ژیان دەکات و گوڵکوی پیرۆزی له مەودای ئاواییەکانی دووڕۆی خوار و دووڕۆی ژوورهوەیە له شاری سەوڵاوا.
3. مامۆستا مەلا نەزیری نەزیری
مامۆستا مەلا نەزیری نەزیری کوڕی مەلاعەبدۆڵڵای ئەسما کوڕی مەلاعەبدۆلمەتین کوڕی مەلانەزیری گەورەی تەوێڵەیی لە ساڵی 1305 کۆچی هەتاوی له ئاوایی دەگاگا سەربە شاری سەوڵاوا چاوی بەژیان هەڵێناوە.
هەر لە منداڵیەوە قورئان و کتێبە ئایینیەسەرەتاییەکانی ئەودەم لە خزمەت باوک و برای زانایا(مەلاعەلی نەزیری) دەخوێنێ و پاشان بۆ فێربوونی زیاتر دەچێتە خزمەت زانای پایەبەرز مەلامەحموودی سیاناوی و دوواتر دەڕواتە خزمەت مەلا موحەممەد ئەمینی عالی لە ئاوایی نژمار و پاشان لە ساڵی 1330ی کۆچی هەتاوی ئیجازەنامەکەی هەر لەوێ وەردەگرێ و پاشان دەڕواتە خزمەت پیری نەقشبەندی خوالێخووشبوو شێخ عەلائەددین له بیارە.
دوواتر مامۆستا نەزیر بۆ یەکەمین جار بە ماوەی 2 ساڵ دەبێتە پێشنوێژ و ئیمامی جۆمعه و جەماعەتی ئاوایی دۆڵەبی و پاشان بە ماوەی ساڵێک دەچێتە ئاوایی تووتمانی و بەهۆی ناکۆکی خەڵک ئەوێش جێ تێڵێ و دەڕواتە ئاوایی کانی سێف و بەماوەی 4ساڵ لەوێ ژیان بەسەر ئەبات و دوواتر لەسەر ئەمری شێخ عوسمانی نەقشبەندی بەماوەی مانگێک دەگەڕێتەوە ئاوایی سیاناو و دوواتر ڕوو ئەکاتە ئاوایی کاڵی سەرۆ.
مەلا نەزیری بەماوەی 23ساڵ لەخزمەت تەرێقەتی نەقشبەندیە دەبێت کە بەپێشنیاری شێخ عوسمان ڕووی کردووەتە ئاواییگەلێ وەکوو ئارەنانی سنە، ساروقامێش، کەڵەکان، ڕەزاو، دەگاشێخان و چەندین گوندی تر، کە ئەمرۆکەش ناو و یادی مەلانەزیر لەدڵی خەڵکی ئەو ناوچانەدا زیندووە.
لەساڵی 1358دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەگەڵ بنەماڵەی شێخ عوسمانی نەقشبەندی دووڕۆ ڕوو دەکاتەوە باشووری کوردستان و بەماوەی 10ساڵ وەک پێشنوێژ و مۆدەڕسێک لە مزگەوتی حەزرەتی عۆمەری کوڕی خەتاب خزمەت بە ئایین و زانست دەکات و لە ساڵی 1370 دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆی نەخۆشینەوە پاش چەند بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان دەکات و تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی ئاوایی دەگاگا دەنێژرێ.
4. مەلائە حمەدی نەزیری نووسەر و پەیجۆرکارێ لە ڕەنگی ماندوونەناسی
مەلائەحمەدی نەزیری کوڕی مەلاعەلی لەساڵی 1325 لەداوێنی بووک و مارانی لە پەنای کەشی سەرکەشی کۆساڵان لە بنەماڵەیەکی ناودار و زاناپەروەر له ئاوایی دەگاگا سەر بە شاڕستانی سەوڵاوا چاوی بە دنیا هەڵێناوە،
ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی تەوێڵەی باشوور کە پاشان بەرەومەریوان کۆچیان کردووە و باوکی دەبێتە مەلای ڕێخەڵان، هەروەها کە له کتێبی کاروانی پێنووسی بەڕێز کاک فاتێحی مۆستەفاییش ئاماژەی پێکراوە و نووسراوە: "مامۆستا ئەحمەد خوێندنی بە قورئانی پیرۆزەوە لای باوکی ئازیزیا دەست پێئەکات و بۆ درێژە بەخوێندن ئاواییەکانی سیاناو، وەیسه، کانی سانان، بالک، نژمار و بەرقەڵا گەڕاوە و لەتەمەنی 16ساڵیدا کەباوکی ماڵاوایی لە ژیان دەکات و ئەم دەبێتە سەرپەرشتی بنەماڵەکەیان و وەک مەلای مزگەوتی ڕێخەڵان بەجێگەی باوکی دەسنێشان دەکرێت و دوواتر دەڕواتە ئاوایی مازیبن و پاشان دەبێتە مەلای ژریژە و لەپاڵ مەلایەتیدا دەست دەکا بە دارتاشی و شووشەبڕی و
ڕەنگکاری و لەگەڵ پێکهاتنی ڕێکخراوی پیکار با بیسوادی بە واتای بەرەنگاری لەگەڵ نەخوێندەواری، کە لەدەیەی شەستی زاییندا لە ئێران دەستی بەچالاکی کردوە و ئەرکە سەرەکییەکەی خوێندەوار کردنی گەورەساڵانی نەخوێندەوار بووە. دوای سەرکەوتن لە تاقیکاریدا ئەبێ بە مامۆستای قوتابخانەی ژریژە و دواتریش دێوەزناو، لەدرێژەی خزمەتی مامۆستاییدا، لە دایەرەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان بەرپرسیارەتی وەئەستۆ دەگرێت و دواتر بۆ سنە ئەگوزێیتەوە و لە قوتابخانەکانی شاری سنەدا وانە ئەڵێتەوە و ساڵی 1988 لە تاقیکاری پلەی سێی مامۆستایانی ئایینی بەشداری ئەکات و لە لایەن وزارەتی زانست و فێرکاری باڵا دوکتۆرای پێ ئەبەخشرێت.
مامۆستا ئەحمەدی نەزیری یەکێ لەو کەسانەیە کە مامۆستا قانع کاریگەری زۆری له سەر داناوە و بەرەو نووسین هەمیشه هانی داوە"
ئەم بەرهەمانەی بەچاپ گەیاندووە:
کۆکردنەوەی دیوانی مامۆستا مەلاحەسەنی دزڵی، زایڵەی زرێباری مامۆستاقانع، ساغ کردنەوە و لەچاپدانی تاریخ سەلاتینی هەورامان قازی عەبدۆڵڵای شەیدا وهەروەها ئەم بەرهەمانەشی ئامادەی چاپ کردووە
کتێبی چریکەی میراجی ،" کتێبی هەورامانناسی له هەشت بەرگ و شش هەزار لاپەڕە[بەرەکۆڵێک لە هەورامانناسی]،بەرهەمی بڵاونەکراوەی مامۆستا ساڵحی ئەسپەرێزی ناسراو بە مۆحرێق، کتیێبی گەنجینەی وشەی کوردی، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی دیوانی فەریقی، کتێبی قسەخۆشەکوردییه کان و گوڵبژێرێک له ڕشتەی مرواری، کتێبی کایە کوردیەکان کە دووسەد و چوار گەمەی کوردی دەگرێتە بەر،"وهەروەها زۆرێک لە وتار ونووسینەکانیان لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا به چپ گەیشتووەو و لە زۆرێک لە کۆنگرە ئەدەبیەکانی دەوروبەر بەشداریەکی چڕوپڕیان هەبووە.
بەداخەوە مامۆستانەزیری لە ڕۆژی 9ی خەرمانانی 1398 کۆچی هەتاوی لەتەمەنی 70ساڵیدا بۆ هەمیشە بەهۆی نەخۆشینی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان ئەکات و واشەی ئەجەل مەلی ڕۆحی دەڕفێنێ و تێکەڵ بە کاروانی نووسەرانی نەمر دەبێت و لە گۆڕستانی شاری سنە دەنێژرێ.
شاعێر کاک حامی غەریبیش ئەم شیننامەیەیی بۆ کۆچی دووایی مامۆستا ئەحمەدی نەزیری هۆنیوەتەوە:
"مامۆسای دڵسۆز ئەحمەد نەزیری
مۆرە کریا بێ پەی ساقی و ژیری
کەلامش فکر و قەڵەم ڕەوان بێ
ئەدیبێ داخدار سۆر و گۆران بێ
ئاد٘ وێنەی فەرهادٚ لەیلش وەڵاتش
چوون کۆکەن نەمەن یاوۆ ئاواتش
بەڵام جای پەنجەش جە دوور دیارەن
پەوکا بیستوون پەرێش خەمبارەن
حەیفەن بڕێزۆ ئا پەنجە و قەڵەم
بەش کۆر بۆ دیدٚەی چەرخی پڕستەم
نەزیری لوا باقیەن نامش
وەتەن دەی تاشە جە شێوە و فامش
هەورامان خاکش سەرەن عەیارش
بەر مەیۆ چەنەش دۆس و دڵدارش"
سەرچاوەکان: وتووێژی ساڵانی پێشووم لەگەڵ کاک ئەحمەدی نەزیری و هەروەها لاپەڕەیێ لە کتێبی کاروانی پێنووس[تەنیا بۆژیاننامەی مەلائەحمەد]
نووسین وکۆکردنەوە: ساسان مۆنفەرێد[ِبێوەر]
آدرس کوتاه خبر: