سه شنبه، 3 تیر 1404
روژان پرس » اخبار » ڕۆڵی مەوشنگرافیکس لەدوونیای مرۆڤایەتیدا

عه‌بدوڵڵ دارا

ڕۆڵی مەوشنگرافیکس لەدوونیای مرۆڤایەتیدا

0
کد خبر: 2791

ڕۆڵی مەوشنگرافیکس لەدوونیای مرۆڤایەتیدا

باشترین کار کە ناوەندەکانی خوێندن بیگرنە ئەستۆ، ئەوەیە کە لەبازاڕی کار و دونیای مرۆی تێبگەن، هەوڵبدەن پڕۆگرام و پسپۆڕیەکانی خوێندن فراوان بکەن، بەکردنەوەی بەشی نوێ.
گەر بگەڕێینەوە ملوێنیان ساڵ پێش ئێستا، بونەوەرێکی ئاست سەرەتای وەک مرۆڤ جگە لە ڕاکردن بەدوای پێداویستیە سەرەتاییەکانەوە لە خواردن و تێرکردنی غەریزەکانی و خەوتنی، کارێکی تری نەبووە. بەو مانایەی مرۆڤ بە چەشنێک سادە ژیاوە کە خاوەنی خاڵێکی گەوهەری نەبووە کە جیای بکاتەوە لە ئاژەڵ. بەهەر نرخێک بێت سوڕی ژیان خۆی گەیاندە شوێنێک کە مرۆڤ توانیتی بەها بدات بە شتەکانی چواردەوری. من نامەوێت تیشک بخەمە سەر شارستانیەت و خاڵە وەرچەرخانە مێژوویەکانی مرۆڤ، بەڵکو دەمەوێت پسپۆڕی مەوشنگرافیکس وەک یەکێک لە گەورەترین توانای مرۆییەکان بگێڕمەوە کە ئەمڕۆ بە پیشەیەکی زۆر سەردەمیانەی پێشکەوتوو دادەنرێت، وە لەسەرجەم سێکتەرەکانی دوونیادا ڕۆڵ و ماهیەتی بەرز و سوود و کەڵکی و جێدەستی خۆی بەجێهێشتووە.

مەوشنگرافیکس چیە؟
مەوشنگرافیکس لەهەردوو وشەی (Motion) و (Graphics) پێکدێت کە بە وەرگێڕانە وشەسازیەکە دەبێتە گرافیکی جوڵاو. مەوشنگرافیکس جوڵەدەدات بە تووخمەکانی وەک نووسین و دەنگ و وێنە و ڤیدیۆ بۆ گەیاندنی پەیامەکان لەبەرزترین ئاستدا، جا گرنگ نیە پەیامێکی ڕێکلامی بێت، یاخوود ئاینی، سیاسی، پەروەردەی. 
مۆشن گرافیک خاوەنی چەندین فۆڕم و ژانری جیاوازە وەک: تایپۆگرافی ئەنیمەیشن، ئینفۆگرافیکی جوڵاو، کاریگەری بینراو (Visual Effect)، ئەنیمەیشن بۆ لۆگۆ، ئەنیمەیشنی کارەکتەری دیجیتاڵی، جوڵەدان بەگرافیک، کارە سێ ڕەهەندیەکان، ئەنیمەیشن و کارتۆنسازی. 

پەیوەندی نێوان داهێنانی مرۆڤایەتی و بواری مەوشنگرافیکس
پەیوەندی نێوان مەوشنگرافیکس و بەرەوپێشچوون و داهێنانەکانی مرۆڤ، ئەوەمان پێ دەڵێن کە چۆن دەکرێت بەهەماهەنگی توانای مرۆڤایەتی و تەکنەلۆجیا، بزوێنەرێک دروست بکەین کە گەیاندنی پەیامەکان ئاسانتر و باشتربن، تا ئاستێک کە لە دامودەزگایەکی حکومەتەوە تا دوکانێکی بچووکی بازرگانی و تەنانەت ناوەندێکی خوێندن و سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤایەتی پێویستیان بە کادیری پێشکەوتووی مەوشنگرافیکس هەیە.

دیجیتاڵ میدیا چیە و ڕۆڵی چیە لەدوونیای مرۆڤایەتیدا؟ (تەلەفیزۆن، سۆشیال میدیا، پلاتفۆڕم، وێبسایتەکان) 
1ـ جاران مرۆڤگەلێک هەبوون کە سنوری شارێکیان دەبڕی تا دەستیان بگات بە سەرچاوەیەکی مەعریفی، یاخود کەلوپەلێک بکڕن، یاخود هەواڵیان دەربارەی بابەتێک دەست بکەوێ. بەڵام ئێستا هەموو ئەمانە لەدوونیای دیجیتاڵی و میدیا و پلاتفۆڕمەکاندا بە کلیکێک دەستت دەکەوێ و دەتوانی لە ڕێگای شاشەیەکی مۆبایل یاخوود کۆمپیتەر ئاگاداری دورترین وڵات بی لەڕوی جیۆگرافیەوە. ئێستا لە مۆبایلەکەتەوە و لەڕێگای پلاتفۆڕمەکانەوە دەتوانیت لەدوورترین چێشتخانەی شارەکەت داوای خواردن بکەیت و دەگاتە بەردەم دەرگاکەت، تەنانەت بەبێ ئەوەی شۆفێری ماتۆڕەکەش هاوڕێت بێ و شارەزای ماڵت بێت. ئەمە پێی دەوترێن جیهانی ئینتەرنێت، جیهانی دیجیتاڵ میدیا، پلاتفۆڕمەکان.
2ـ ئەمڕۆ دونیای میدیا و بڵاوکراوەکان، ڕۆڵێکی گرنگیان لەگەیاندنی پەیام و پێشخستن و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا هەیە. ئەم بەرپرسیارێتیە گەورەیەی دونیای میدیای، کایەیەکی هونەری و ئاست بەرزە، بۆیە پێویستی بە کادیری هونەری و ئاستبەرزی وەک مەوشنگرافیکس هەیە.
3ـ هەموو دامەزراوە گرنگەکانی جیهان لەبواری خۆیاندا خاوەنی چەندین کامپەینن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بۆنموونە ڕێکخراوی جیهانی WHO ــی تەندروستی، لەبواری پزیشکی و تەندروستیدا خەروارێکە، هەر ئەم دامەزراوە گرنگە لەدیزانکردنی پۆستەرێکی هۆشیاری، ئینفۆگرافیکێک، مۆنتاژێک، بەڵگە ڤیدیۆیەک، دیزاینی پاکێجێک، دیزاینکردنی وێبسایتێک، لەهەموو ئەمانەدا پێویستیان بەکەسانی پسپۆڕی ڤیژواڵ دیزاینەر و مۆشنگرافیکسە. 

پەیوەندی نێوان مەوشنگرافیک و دیجیتاڵ میدیا
دوای ئەوەی کە زانیمان دونیای دیجیتاڵ میدیا چ ڕۆڵێکی گەورەی لەژیانی مرۆیدا هەیە، ئێستا بابەتێکی تر دێتە بوون کە بۆچی دونیای دیجیتاڵ میدیا پەیوەندیەکی بنەمای هەیە لەگەڵ مەوشنگرافیکدا؟
1_ ڕێستۆرانت پێویستی بە چێشتلێنەرە، جەنگ سەربازی دەوێ. بەهەمان شێوە بڵاوکراوەکان و  میدیاکانیش پێویستیان بە مۆوشن دیزاینەرە تاکوو بەرگێکی شایستە بە پەیامەکان ببەخشێ.
2_ لەهەموو کارێکی میدیایدا چوار قۆناغی سەرەکی بوونیان هەیە کە قۆناغەکانی پری-پڕۆدەکشن، پڕۆدەکشن، پۆست پڕۆدەکشن، دیستربیوشن.
ئەتوانم بڵێم هەر بازنەیەکیان کۆمەڵێک کادیری تایبەت بەخۆیان هەیە بەڵام دیزاینەران و بەتایبەت مۆشن دیزاینەران لەهەموو بازنەکاندا ڕا و بۆچوونیان وەردەگیرێ، گەرچی مۆشندیزاینەران بەرپرسیاری سەرەکی پۆست-پڕۆدەکشن و ئاستی دوای بەرهەمهێنانن، چوونکە ئەوان دەتوانن ڕۆحی هونەری و زانستی بە ناوەڕۆکە بینراوەکان بدەن و کەمووکوڕیەکان بگۆڕن بۆ خاڵی وەرچەرخان. 

ڕۆڵی مەوشنگرافیکس لە ئاینی ئیسلامدا،  لە دنیای  مۆدێرن و میدیایدا
پێشەوای مرۆڤایەتی (دخ) فەرموویەتی : قال رسول اللەﷺ:
« رَحِمَ اللهُ مَنْ سَمِعَ مِنِّي حَدِيثاً، فَبَلَّغَهُ كَمَا سَمِعَهُ » واتا:
ڕەحمەتى خوا لەو كەسەبێ كە گوێبيستى فەرموودەيەك بووە لە من، وە دەیگەیەنێت بەکەسانی تر.
پێغەمبەری ئازیز ڕەحمەت بۆ کەسێک دەنێرێ کە فەرموودەیەکی گەیاندووە، ئەی بۆ کەسێک کە کارێکی مۆشن دیزاین بۆ زنجیرەیەک پڕۆگرامی ئیسلامی دەکات؟ یاخود لەتوێی کارێکی مۆشندا چەندین ئایەتی لەڕێگای گرافیکی جوڵاو گەیاندووە بەخەڵکی. ئەی دەبێت چی بەکەسانێک بڵێت کە بۆ کەمپەینێکی ئیسلامی و ئەخلاقی چەندین ڕۆژ خەریکی دروستکردنی پارچە ڤیدیۆیەک بوون تاکو بە باشترین کوالێتی کارلێک لەگەڵ چاوی بینەر بکات. کەواتە مۆشن دیزاین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی سامانی ئەخلاقی و ئاینی ئیسلامدا.

بۆچی بواری مۆشنگرافیک لەئاستێکی لاوازدایە لە کوردستان؟ 
1_ لەبەر ئەوەی کە ماهیەتی بوارەکە وا دەخوازێت کە ئەو کەسەی دەیەوێت بێتە ئەو بوارەوە دەبێت تەمەنی خۆی پێ ببەخشێ و بوارێکی پڕ وردەکاریە، بۆیە تا ڕادەیەک ئاساییە کە هەموو کەسێک نەتوانێت لەم بوارەدا خۆی بدۆزێتەوە.
2_ لەبەر ئەوەی نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکە خاوەنی سەدان برینی قوڵە، بۆیە هەلوومەرجەکان نەگەشتوونەتە ئەو ئاستەی کە سێکتەرەکانی خوێندن و فێرکردن و ئابووری، کار لەسەر پێگەیاندنی پیشەگەری دانشمەند بکەن. 
3_ لەبەر ئەوەی بوارێکە دەست مایە و ئامرازەکانی گرانبەهان. چ سەرچاوەکانی فێربوون چ ئەو ئامرازانەی کە لەم بوارەدا بەکاردێن تێچووی زۆریان هەیە.

چۆن بتوانین دەرگای مۆشنگرافیک بەڕووی ئارەزوومەندانی ئەم بوارە بکەینەوە؟
1_ پێویستە گەنجەکانمان بە ئوومێد و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ژیانی خۆیاندا بکەن، لەخۆبردوو بن بۆ ئازارەکانی ئێستایان، ئازارەکانی ئێستایان بگۆڕن بۆ سەرکردایەتی ئایندەیان.
2_ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە ڕێگەی پلانی ورد، کار لەسەر پێگەیاندنی تاک و گەنج و پیشەگەر بکەن، لەهەمبەردا کۆمەڵێک سەرچاوەی فێربوون بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.
3_ پێویستە ناوەندەکانی خوێندن و فێربوون هەنگاوی پیشەی بنێن.

ڕۆڵی ناوەندەکانی فێربوون چیە لە پێگەیاندنی پیشەگەر؟
بەداخەوە ئێمە جگە لەوەی کە خاوەنی میتۆدی باش و مەنهەجی بابەتی نین، لەهەمان کاتدا گەنجەکانمان لەنێوان چەندین پسپۆڕیدا چەقبەستوویان دەکەین. 
لەئێستادا زۆرینەی ئەو پسپۆڕیانەی کە لە زانکۆکانی کوردستان دەخوێنرێن، هیچ هەلی کارێکیان نیە. 

هیچ ناوەندێکی ئەکادیمی کوردی پڕۆگرامی مۆشنگرافیکس پێشکەش دەکەن؟ 
لەڕاستیدا نەک تەنیا مۆشنگرافیک، بەڵکوو سەدان پسپۆڕی تر ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستاندا پەراوێزخراون. بەڵام مۆشنگرافیک لەنێویاندا دیارترینیانە. گەرچی شایەنیەتی وەک خۆی باسی بکەین کە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی نەک تەنیا کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی عێراق کە پەیمانگایەکی تەکنیکی و پیشەی بەناوی بڕایت، لەبەرزترین ئاستدا بەشی مەوشنگرافیکسی بەڕووی خوێندکاران کردووەتەوە، کە خاوەنی تاقیگەی پێشکەوتووی خۆیەتی و پەیڕەوی میتۆدی (Project Based Learning) دەکات. لەڕاستیدا هەنگاوێکی ئاوا مەزن دەبێتە بەرپرسیاری ناوەندەکانی خوێندن، وە من دڵنیاشم لە ئەنجامی ئەو خاڵە وەرچەرخانەی کە لەخوێندنی باڵا و پەیمانگا و زانکۆکان گەر بکرێت. چەند ساڵی ئایندە بۆمان دەردەکەوێت بوونی ئەو ناوەندانەی خوێندن چەندە گرنگە کە کار لەسەر خوێندنی پیشەی دەکەن.

ناوەندەکانی خوێندن چۆن بتوانن هەوڵی باشترکردنی پڕۆسەی فێربوون و دروستکردنی پیشەگەری بەتوانا بکەن؟
پێویستە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن توێژینەوە و خوێندنەوەی بابەتیانەیان هەبێت بۆ بازاڕی کار. 
تێبگەین لەگەڵ فراوان بوونی لایەنەکان، خواست بۆ پسپۆڕی نوێ و جیاواز دروست دەبێت.
بۆیە باشترین کار کە ناوەندەکانی خوێندن بیگرنە ئەستۆ، ئەوەیە کە لەبازاڕی کار و دونیای مرۆی تێبگەن، هەوڵبدەن پڕۆگرام و پسپۆڕیەکانی خوێندن فراوان بکەن، بەکردنەوەی بەشی نوێ. پاشان ئەو بەش و پڕۆگرامانە ببەستەوە بەخواستەکانی بازاڕی کار. تاکوو لەدواڕۆژدا گەنجە خوێن گەرمەکانمان لەڕێگەی خوێندنەکەیانەوە بگەن بەداهات، وە بەداهاتەکەشیان بتوانن پڕۆسەی هاوسەرگیری و خێزانداری پێکبهێنن و سوڕی کۆمەڵگا بەرەو بەرزترین ئاستی خستنەگەڕی ببەن. لە ڕاستیشدا وڵات هەر ئاوا پێش دەکەوێت و تاکیش بەم شێوازە پێ دەگەیەنرێت.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ڕۆژان
کلید واژه ها:
عه‌بدوڵڵ دارا

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید