من باوکی ئەو پزیشکەی نەخۆشخانەکە نییم، ئەویش کوڕی من نییە، هەژار و دەستکورت و بێتواناش نییم کە کارم دەکرد.ئمڕۆ ویستم بزانیت یارمەتیدانی مرۆڤەکان چەند خاو و خۆپەرستانەیە!
دەستێک جلی کۆن و پینەکراوی لەبەردابوو؛ سەر و ڕیشی بەتەواوی سپی ببوو. کڵاوێکی بازنەیی لەسەر بوو دەمامکی بەستبوو کە سەرنجمدا کۆکەیەکی کرد؛ وا دیاربوو نەخۆشبێت جارجار لەسەر کورسیەک دادەنیشت یانیش سینیە شیرینییەکەی هەڵدەگرد و لەمسەر بۆ ئەوسەری شەقامەکە دەڕۆیشت و دەگەڕایەوە.هەرچەندە کەشەکە ساردبوو، هیچ کەسێکی ئەوتۆ لەبازاڕدا نەبوو بەڵام کۆڵی نەدەدا. سەرەڕای ئەمانە دەستەکانی دەلەرزین چەند جارێک بەخراپی دەکۆکی، هەستم بە لیرخەی سینگی دەکرد کەچۆن لەتاو ئازار بەئەستەم هەناسەی دەدا. سینیە پاقلاوەکەی لەدەست کەوتەخوارەوە دۆخی پەشێو بوو کەوتە سەرئەژنۆ. بەخێرایی خۆم گەیاندەلای، دەستم خستەسەر شانەکانی هەرچەندە باران بەلێزمە دەباری بەڵام ماوەی چوار کاتژمێر لەژێر چەترێکی خراپ و شکاودا بۆ فرۆشتنی شیرینیەکانی وەستابوو ئەو چەند کەسەی بەوێدا تێدەپەڕین هیچ کامیان هەستیان بەوە نەدەکرد مرۆڤێک لێرە کەوتوە و دۆخی خراپە هەرچەند هاوارم دەکرد و داوای یارمەتیم دەکرد بێسوود بوو.تەلەفۆنەکەم دەرهێنا بەخێرایی پەیوەندیم بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە کرد، وەڵامیان نەدەدایەوە چەندین جار دووبارەم کردەوە بێ سوودبوو. توڕە و نائومێدبووم تەلەفۆنەکەم خستەوە گیرفانم، ڕامکردە بەردەم فرۆشگاکانیتر لەپەنجەرە و لەدەرگاکانم دەدا، لێ هیچ کەس وەڵامی نەدەدامەوە سەرجەمیان سەرقاڵی کاری خۆیان بوون.یەکێکیان بە کۆمپیوتەرەکەی یاری عەتاری دەکرد ئەویتر کڕیاری بەڕێدەکرد، لەولاوە کەسێک پەیتا پەیتا پارەکانی نێودەستی دەژماردەوە، لەلایەکیترەوە خەریکی ڕابواردن و کات بەسەربردن بوون. گەڕامەوە لای پیرەمێردەکە جەستەم لەئاودا خوسابوو کەشوهەوا تادەهات سەختتر دەبوو. پیرەمێردەکەم دا بەکۆڵمدا و بەرەو ئۆتۆمبێلەکەم ڕۆیشتین. هەرچۆنێک بوو خۆمان گەیاندە ناوی هەستم دەکرد بەئەستەم هەناسە دەدات خۆشحاڵبووم کە هێشتا زیندووە گەیشتینە بەردەم نەخۆشخانەکە بەپەلە چوومە ژوورەوە و بانگی پەرستارەکانم کرد بردیانە ژووری پشکنین. هێشتا پزیشک نەهاتبوو لە ڕێڕەوەکەدا چاوەڕێ بووین نیو کاتژمێر تێپەڕی و هەواڵی هاتنی پزیشک لەگۆڕێدا نەبوو، نەخۆشخانەکە چەند نەخۆشێکی تریشی لێبوو هەریەکەیان گیرۆدەی دەردی خۆیانبوون مات و سارد لێی دانیشتبوون دەیانڕوانییە نینۆکی خۆیان.بێزاربووم لەدۆخەکە ئارامیم لەبەربڕا و هاوارمکرد:
لەکوێن؟ بۆچی بەوشێوەیەن؟ خێراکەن یارمەتیمان بدەن ئەگینا دەمرێت!
وەلێ سوودی نەبوو تێنەدەگەیشتم بابەتەکە چییە، دووبارە گەڕامەوە لای و لەتەنیشتی دانیشتم هەوڵمدا هیچ نەبێت گەرم دایپۆشم پاش کاتژمێرێک پزیشکەکە هات. چوومە بەردەمی و لێی پاڕامەوە کە بەزوویی یارمەتیمان بدات بە ساردییەکەوە سەرێکی لەقاند و بانگیکردین بۆ ژووری پشکنین، زۆر بەخاوی چەند پشکنینێکی بۆکرد و دەرمانی بۆ نووسی.نرخی دەرمانەکان زۆر زیاتربوون لەوەی پێشبینیم دەکرد پاشان گوتی:" چوونکە باوکمە کێشە نییە نرخی کەمتر وەردەگرم!".سەراسیمە بووم لەخۆمم دەپرسی چۆن دەکرێت ئەم پیرەمێرد و پزیشکە باوک و کوڕ بن؟! چۆن توانیوێتی لەدۆخێکی وەهادا تەنیای بکات! خۆ ئەگەر نەمگەیاندبایەتە نەخۆشخانە ئەگەری هەبوو بمرێت.کاتێک بەهۆڵەکەدا تێپەڕدەبووین پەرستار و نەخۆش هەریەک بەچاوێکی جیاواز و سیمایەکی کەم بایەخەوە لێیان دەڕوانین، بەساردییەکەوە بێئەوە گوێ بەتانە و قسە بێماناکانیان بدەم گەڕاینەوە ناو ئۆتۆمبێلەکە. نەمدەویست بەتەنیا جێیبهێڵم بردمەوە ماڵەکەی خۆم، لەسەر قەنەفەکان پاڵمخست و هەوای هۆڵەکەم گەرمکرد بەتانیەکم بەنیوەیی پێدادا هەرچۆنێک بێت لە ئینتەرنێتەوە هەوڵمدا شۆربایەکی تەندروستی بۆ ئامادەبکەم. کاتێک بەخەبەرهات دۆخی باشتربوو چوومە لایەوە و شۆرباکەم پێیدا پاشئەوەی هەستمکرد باشبووە لێی چوومە پێشەوە و کەوتمە پرسیارکردن لەوەی؛ بۆچی کوڕەکەی پزیشکە و لەهەمانکاتدا لەگەڵیدا خراپە؟ڕووخساری مۆنکردەوە چەندینجار پرسیم تاکوو وەڵامم بداتەوە ڕازینەبوو. زەنگی تەلەفۆنەکە هات، چووم وەڵامبدەوە کارمەندی گەیاندنبوو پێی گوتم تابەرداگاکە بچم بەئاماژە بەپیرەمێردەکەم گوت دەگەڕێمەوە.
پاش دە خولەک گەڕامەوە ژوورەوە. ئەوی لێنەبوو هەموو ژوورەکان گەڕام بێسوود بوو چوومەوە هۆڵەکە بەتانییەکە بەقەدکراوی لەسەر قەنەفەکەبوو تیانووس و پێنووسەکانیش لەسەر مێزەکە هەموو شت ڕێکوپێک بوو، بەشێوەیەکی سەیر هەستمدەکرد کزەبایەکی سارد لە پەنجەرەکەوە دێتەژوورەوە چووم و دامخست وەک ئەوەی لەوێوە ڕۆیشتبێت!بیرم بۆ ئەوە دەچوو بە پرسیارەکانم بێزارمکردبێت بەدڵتەنگیەوە گەڕامەوە هۆڵەکە. زۆر پەشیمانبووم لەوەی بێزارمکردبوو بەخۆمم دەگوت"کوڕە یەکجار یارمەتی مرۆڤێکت دا بێزارتکرد و لەدەستت هەڵهات"لەسەر قەنەفەکە پاڵمدایەوە لەپڕ چاوم چووە سەر ئەو کاغەزەی لەتەنیشت شوشەی مۆمەکەوە دانرابوو بەخێرایی چنگم خست. بەخەتێکی ناتۆخ و ناڕێک نووسرابوو:
(زۆر سوپاست دەکەم ڕۆڵەکەم، هەرگیز دڵتەنگی ئەوە نەبیت کە پرسیاری زۆرت لەمن کردبێت
تەنیا دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانەی نێو سەرت بدەمەوە. من باوکی ئەو پزیشکەی نەخۆشخانەکە نییم، ئەویش کوڕی من نییە، هەژار و دەستکورت و بێتواناش نییم کە کارم دەکرد.ئمڕۆ ویستم بزانیت یارمەتیدانی مرۆڤەکان چەند خاو و خۆپەرستانەیە!
بەڵام خۆشبەختانە تۆ تاکە مرۆڤی خاوەن هەستبووی بەسەر ئەو شەقامانەوە، خوات لەگەڵ.)
آدرس کوتاه خبر: