یکشنبه، 1 تیر 1404
روژان پرس » اخبار » ئایشەشان بە گۆرانییەکانیەوە دەژیا

عیماد کەریمیان

ئایشەشان بە گۆرانییەکانیەوە دەژیا

0
کد خبر: 2206

ئایشەشان بە گۆرانییەکانیەوە دەژیا

ئایشەشان کە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە ئایشانی کورد، ئایشەشان، ئایشە خان، ئایشانی عوسمان و ئایشانی عەلی ناسراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا لە شاری ئامەد لەدایکبووە.
٢٠ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد «ئایشە شان» تێپەر دەبێت.
«ئایشە شان» کێیە...؟
ئایشەشان بە گۆرانییەکانیەوە دەژیا، حەزی لەو شعر و وشە کوردییانە بوو کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبوو، ئێشەکانی کۆمەڵگا هەستەکانی ئایشەشانیان بریندار دەکرد، بۆیەش نەیدەتوانی لەبەرامبەر ئەو هەموو ئێش و ئازارەی گەلەکەیدا بێدەنگ بێت، ئایشە ناوی خۆی بە ورە و هەندێک پرەنسیبی ئەخلاقییەوە لە کوردستاندا بڵاوکردەوە، ئایشەشان گرێدراوی ئامانجەکانی بوو و هیچ کات لە بەرامبەر سیستمی ستەمکاری کەمالیستەکان و نەریتی پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردی سەری دانەنەواند.
ئایشەشان لە مێژووی کلتور و هونەری کوردیدا هونەرمەندێکی بەناوبانگە کە دژی سیاسەتی تواندنەوەی دەسەڵاتداری تورکیا لە کوردستان وەکو ژن بەرخۆدانی کرد، ئایشەشان بە دەنگە ناسک و گەرمەکەی و بە گۆرانییە ڕەسەنەکانیەوە ئەو وتەیەی پێشینانی سەلماند کە دەیانوت: “شێر هەر شێرە، چ ژنە چ مێرە”؛ ئەوەیش لە سەردەمێکدا کە کۆماری تورکیا بە هەموو هێزیەوە دەیویست گەلی کورد و هەموو تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد لەناو ببات.
ئایشەشان کە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە ئایشانی کورد، ئایشەشان، ئایشە خان، ئایشانی عوسمان و ئایشانی عەلی ناسراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا لە شاری ئامەد لەدایکبووە.
کاتێک گۆرانیبێژە کوردەکان لە ماڵی باوکی ئایشە کۆدەبوونەوە، ئایشە بە دەرفەتی دەزانی و لەگەڵ خوشک و براکانی لە پشت دەرگای دیوەخانەوە گوێی بۆ دەنگیان دەگرت و وانەی زۆر بەنرخی لەو گۆرانیانە وەردەگرت، ئەوین و عەشقی ئایشە بۆ گۆرانی وەکو گوڵێکی پشکوتو بوو.
ئایشە بە حەز و عەشقێکی بێ وێنەوە دەستی بەکاری هونەری کرد و ستایلی تایبەتی خۆی لە جیهانی هونەردا دۆزیەوە، لەناو ژنەکوردە هونەرمەندەکان وەکو مەریەم خان، نەسرین شێروان و ئەلماس خان، ناوی ئایشەشان ناوێکی ناسراوە و لە پاش خۆی گەنجینەکەیەکی دەوڵەمەند و تایبەتی بۆ هونەری کوردی بەجێهێشتووە.
ئایشەشان لە ساڵی ١٩٥٨دا بە هاوکاری نائیل بایشوو لە ڕادیۆ عەنتابدا بە زمانی تورکی کاری کرد و گۆرانی وت، بەڵام لەبەرئەوەی ئارەزووی ئەو بۆ گۆرانی کوردی بێکۆتا بوو، لە ڕادیۆ عەنتاب دەرکرا؛ پاشان ئایشەشان چوو بۆ ئەستەنبۆل و بۆ یەکەم جار بە زمانی کوردی گۆرانی تۆمار کرد، ئەو گۆرانیانە بۆ ئەو ژیانەوە و لەدایکبوونێکی نوێ بوون. گۆرانییە کوردییەکانی زۆر بە خێرایی سنوورەکانی باکوری کوردستانیان تێپەڕکرد و لە سەرتاسەری کوردستان بڵاوبوونەوە.
ناوەڕۆکی گۆرانییەکانی ئایشەشان سێ بابەتی کۆمەڵایەتی دەگرنەوە کە بریتین لە ‘نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی و ڕووداوەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی’
مەم و زین، لێ لێ بێماڵ، زەری حەیران، جەمیلە، بێریڤانێ، کۆچەرێ، لاوکی مەتینی، جەمبەلیا کوری میری هەکاری، مەیرۆ، حەسەنۆکە، قەدەری یار، غەریبم دایە، وەرن وەرن پێشمەرگە، نەورۆز و وڵاتی من دیاربەکر بەناوبانگترین گۆرانییەکانی ئایشەشانن.
ئایشەشان کە ساڵیانی درێژ تامەزرۆی بینینی گەلی کورد لە هه‌رێمی کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا سەردانی هه‌رێمی کرد و بە گەرمی لەلایەن گەلی کورد لە شاره‌کانی بەغدا، دهۆک، کەرکوک و هەولێر پێشوازی لێکرا و لەگەڵ هونەرمەندانی کورد وەکو محەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، گوڵبەهار، تەحسین تەها، نەسرین شێروان و ژمارەیەکی دیکە لە هونەرمەندانی کورد گۆرانی وت و بەیەکەوە کۆنسێرتیان بەڕێوەبرد، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کور چاوپێکەوتنی کرد.
هونەرمەندی ناوداری کورد ئایشەشان، لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ پاش ئەوەی تەمەنێکی درێژ خزمەتی زمان و هونەری گەلەکەی کرد بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری ئیزمیر گیانی لەدەستدا.
ئایشەشان وەسیەتی کردبوو کە لە ئامەد و لە لای گۆڕی دایکی بە خاک بسپێردرێت، بەڵام کوڕەکەی لەبەر هەژاری نەیتوانی وەسیەتی دایکی بەجێبێنێت و ئایشەشان لە گۆڕستانی شاری ئیزمیر بەخاک سپێڕدرا.
دسته بندی: اخبار / کوردی

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید