«ئایشە شان» کێیە...؟
ئایشەشان بە گۆرانییەکانیەوە دەژیا، حەزی لەو شعر و وشە کوردییانە بوو کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگای کوردی هەبوو، ئێشەکانی کۆمەڵگا هەستەکانی ئایشەشانیان بریندار دەکرد، بۆیەش نەیدەتوانی لەبەرامبەر ئەو هەموو ئێش و ئازارەی گەلەکەیدا بێدەنگ بێت، ئایشە ناوی خۆی بە ورە و هەندێک پرەنسیبی ئەخلاقییەوە لە کوردستاندا بڵاوکردەوە، ئایشەشان گرێدراوی ئامانجەکانی بوو و هیچ کات لە بەرامبەر سیستمی ستەمکاری کەمالیستەکان و نەریتی پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردی سەری دانەنەواند.
ئایشەشان لە مێژووی کلتور و هونەری کوردیدا هونەرمەندێکی بەناوبانگە کە دژی سیاسەتی تواندنەوەی دەسەڵاتداری تورکیا لە کوردستان وەکو ژن بەرخۆدانی کرد، ئایشەشان بە دەنگە ناسک و گەرمەکەی و بە گۆرانییە ڕەسەنەکانیەوە ئەو وتەیەی پێشینانی سەلماند کە دەیانوت: “شێر هەر شێرە، چ ژنە چ مێرە”؛ ئەوەیش لە سەردەمێکدا کە کۆماری تورکیا بە هەموو هێزیەوە دەیویست گەلی کورد و هەموو تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد لەناو ببات.
ئایشەشان کە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە ئایشانی کورد، ئایشەشان، ئایشە خان، ئایشانی عوسمان و ئایشانی عەلی ناسراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا لە شاری ئامەد لەدایکبووە.
کاتێک گۆرانیبێژە کوردەکان لە ماڵی باوکی ئایشە کۆدەبوونەوە، ئایشە بە دەرفەتی دەزانی و لەگەڵ خوشک و براکانی لە پشت دەرگای دیوەخانەوە گوێی بۆ دەنگیان دەگرت و وانەی زۆر بەنرخی لەو گۆرانیانە وەردەگرت، ئەوین و عەشقی ئایشە بۆ گۆرانی وەکو گوڵێکی پشکوتو بوو.
ئایشە بە حەز و عەشقێکی بێ وێنەوە دەستی بەکاری هونەری کرد و ستایلی تایبەتی خۆی لە جیهانی هونەردا دۆزیەوە، لەناو ژنەکوردە هونەرمەندەکان وەکو مەریەم خان، نەسرین شێروان و ئەلماس خان، ناوی ئایشەشان ناوێکی ناسراوە و لە پاش خۆی گەنجینەکەیەکی دەوڵەمەند و تایبەتی بۆ هونەری کوردی بەجێهێشتووە.
ئایشەشان لە ساڵی ١٩٥٨دا بە هاوکاری نائیل بایشوو لە ڕادیۆ عەنتابدا بە زمانی تورکی کاری کرد و گۆرانی وت، بەڵام لەبەرئەوەی ئارەزووی ئەو بۆ گۆرانی کوردی بێکۆتا بوو، لە ڕادیۆ عەنتاب دەرکرا؛ پاشان ئایشەشان چوو بۆ ئەستەنبۆل و بۆ یەکەم جار بە زمانی کوردی گۆرانی تۆمار کرد، ئەو گۆرانیانە بۆ ئەو ژیانەوە و لەدایکبوونێکی نوێ بوون. گۆرانییە کوردییەکانی زۆر بە خێرایی سنوورەکانی باکوری کوردستانیان تێپەڕکرد و لە سەرتاسەری کوردستان بڵاوبوونەوە.
ناوەڕۆکی گۆرانییەکانی ئایشەشان سێ بابەتی کۆمەڵایەتی دەگرنەوە کە بریتین لە ‘نهتهوهیی، سیاسی و ڕووداوەکانی تایبەت بە ژیانی خۆی’
مەم و زین، لێ لێ بێماڵ، زەری حەیران، جەمیلە، بێریڤانێ، کۆچەرێ، لاوکی مەتینی، جەمبەلیا کوری میری هەکاری، مەیرۆ، حەسەنۆکە، قەدەری یار، غەریبم دایە، وەرن وەرن پێشمەرگە، نەورۆز و وڵاتی من دیاربەکر بەناوبانگترین گۆرانییەکانی ئایشەشانن.
ئایشەشان کە ساڵیانی درێژ تامەزرۆی بینینی گەلی کورد لە ههرێمی کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا سەردانی ههرێمی کرد و بە گەرمی لەلایەن گەلی کورد لە شارهکانی بەغدا، دهۆک، کەرکوک و هەولێر پێشوازی لێکرا و لەگەڵ هونەرمەندانی کورد وەکو محەمەد عارف جزیری، عیسا بەرواری، گوڵبەهار، تەحسین تەها، نەسرین شێروان و ژمارەیەکی دیکە لە هونەرمەندانی کورد گۆرانی وت و بەیەکەوە کۆنسێرتیان بەڕێوەبرد، هەروەها لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کور چاوپێکەوتنی کرد.
هونەرمەندی ناوداری کورد ئایشەشان، لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ پاش ئەوەی تەمەنێکی درێژ خزمەتی زمان و هونەری گەلەکەی کرد بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی شاری ئیزمیر گیانی لەدەستدا.
ئایشەشان وەسیەتی کردبوو کە لە ئامەد و لە لای گۆڕی دایکی بە خاک بسپێردرێت، بەڵام کوڕەکەی لەبەر هەژاری نەیتوانی وەسیەتی دایکی بەجێبێنێت و ئایشەشان لە گۆڕستانی شاری ئیزمیر بەخاک سپێڕدرا.