فێستیڤاڵی فیلمی مۆسکۆ به کوردانی ئیزه‌دی پێشکه‌ش کرا
چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" تاکوو ڕۆژی ٢٢ی سیپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ درێژه‌ی ده‌بێت.
مه‌نسوور جیهانی ـ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" به پیشاندانی فیلمی سینه‌مایی "سنجار" ده‌ستی پێ‌کرد و به کوردانی ئیزه‌دی شنگاڵ پێشکه‌ش کرا.
ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" Moscow، به ئاماده‌بوونی مامۆستا "کەرەم گەردەن زەری" Kerem Gerdenzeri سه‌رۆکی فێستیڤاڵ، خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" Gulizer Gerdenzeri - "ئینا تێدژۆڤا" Inna Tedzhoeva بەرپرسیی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه، سینه‌ماکارانی ڕووسی، ده‌رهێنه‌ران، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، سینه‌ماکارانی جۆڕجیا و کوردانی دانیشتووی ڕووسیا، به پێشکه‌ش کاریی "ستاس بیلیائیڤ" ئه‌کته‌ری ڕووسی و به پیشاندانی فیلمی سینه‌مایی "سنجار" Sinjar له ده‌رهێنانی خاتوو "ئانا بوفاڕۆل" Anna M. Bofarul و به ئاماده‌بوونی ئه‌م خانمه فیلمسازه ئیسپانییه، له سینه‌ما "پارک مۆسفیلم" Mosfilmovskaya له شاری مۆسکۆ له وڵاتی ڕووسیا ده‌ستی پێ‌کرد و ئه‌م گه‌ڕه‌ی فێستیڤاڵ پێشکه‌ش به کوردانی لێقه‌وماو و زوڵم لێکراوی شنگاڵ پێشکه‌ش کرا.
ئاماده‌بوونی دادوه‌ران و ده‌رهێنه‌رانی له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه
له ڕێوڕه‌سمی ده‌ستپێکدا، ژماره‌یه‌ک له ده‌رهێنه‌رانی فیلمه به‌شداربووه‌کان له فێستیڤاڵ و هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران و نوێنه‌رانی پیشه سینه‌مای ڕووسیا له‌وانه؛ ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "فیلمه بڵینده سینه‌ماییه‌کان" پێکهاتوو له: خاتوو "ئانجلینا نیکۆنۆڤا" Angelina Nikonova ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له ڕووسیا، خاتوو "لیانکا گریۆ" Lyanka Gryu ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له ڕووسیا، "ماکسیم دۆبرۆمیسلۆڤ" Maxim Dobromyslov به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه سینه‌ماییه‌کان، به‌ڵگه‌فیلمه‌کان و زنجیره دڕاماکان له ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان" پێکهاتوو له: "ئێڤان بۆلۆتنیکۆڤ" Ivan Bolotnikov ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، "توماس سیدریس" Thomas Sideris ڕۆژنامه‌نووس، توێژه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له یۆنان، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "کورته فیلمه چیرۆکییه‌کان" پێکهاتوو له: خاتوو "ئێلێنا گلیکمه‌ن" Elena Glikman به‌رهه‌مهێنه‌ر له ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، "نه‌وزاد شێخانی" Navzad Shehani ده‌رهێنه‌ری ئیزه‌دیی و دانیشتووی ئه‌ڵمانیا، ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان" پێکهاتوو له: "لوقمان سوخه‌نوه‌ر" Loghman Sokhanvar مۆنتێر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، خاتوو "ڕووگه‌ش کیریچی" Rugesh Kirici ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر له باکووری کوردستان که و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک له ده‌رهێنه‌رانی فیلمه به‌شداربووه‌کان پێکهاتوو له: "مێهدی ئومید" ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "ئه‌سپ" Horse، "ئۆزکان کۆچۆک" Ozkan Kuchuk ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "ڕۆژ باش" Good Day، "سینا محه‌مه‌د" ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم" Transient Happiness ، "مێهران شیری" ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "مه‌هسا پێکه‌نی" Mahsa Laughed، "خه‌لیل سه‌حراگه‌رد به‌ڵگه‌فیلمی کورتی "دارتاش" The Carpenter، "نۆژین عه‌زیز" به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌ڵگه‌فیلمی کورتی "ژنان له کوێره‌دێیه‌کان" Women from Nowhere، "سامی کاکه" ده‌رهێنه‌ری سینه‌ما و ... ئاماده‌بوون.
سینه‌مای کوردیی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی
ڕاسته‌قینه، هیواکان و ئاواته‌کانه
له درێژه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" Gulizer Gerdenzeri - "ئینا تێدژۆڤا" Inna Tedzhoeva بەرپرسی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" گوتی: "فێستیڤاڵی ئێمه بۆته به‌ستێنێکی تایبه‌ت به پیشاندانی سینه‌مای ده‌وڵ‌مه‌ند و ڕ‌ه‌سه‌نی کوردیی که هه‌موو ساڵێک سه‌رنجی زیاتر له جیهاندا بۆلای خۆی ڕاده‌کێشێت. ئێمه شه‌ڕه‌فمه‌ندین که فێستیڤاڵ له چواره‌مین ساڵیدا هۆگرانی هونههری سینه‌ما له ده‌وریی یه‌کتریی کۆده‌کاته‌وه و ده‌رفه‌تێک ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ بینین و بیستنی چیرۆکه‌کان که ڕۆح ساڕ‌ێژ ده‌که‌ن، ئیلهاممان پێده‌به‌خشن و بینه‌ران هان ده‌ده‌ن که بیربکه‌نه‌وه. سینه‌مای کوردیی ته‌ةیا چیرۆک نییه، به‌ڵکوو ڕه‌نگدانه‌وه ژیانی ڕاسته‌قینه، هیواکان و ئاواته‌کانه."
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: "بۆ ئێمه شانازییه‌کی گه‌وره‌یه که ئه‌م به‌رهه‌مانه‌تان پیشکه‌ش بکه‌ین. له پێنج ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵدا، هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما و میوانانی به‌شداربوو له‌گه‌ڵ جۆراوجۆری سینه‌مای کوردی ئاشنا بن و له جوانناسی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی که‌لتووری نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریتی کۆنی کورده‌واریی و ڕه‌وتی که‌لتووری ـ کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م خه‌ڵکه ئاشنا بن."
پێشکه‌ش کردنی گۆرانی "شنگاڵ"
له لایه‌ن مامۆستا "کەرەم گەردەن زەری"
له به‌شی کۆتایی ئه‌م به‌ر‌نامه‌یه‌دا، مامۆستا "کەرەم گەردەن زەری" Kerem Gerdenzeri سه‌رۆکی فێستیڤاڵ و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی شێوازیی ڕاک و دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، نوێترین به‌رهه‌می خۆی با ناونیشانی "شنگاڵ" بۆ ئامادبووانی ناو هۆڵی سینه‌ما "پارک مۆسفیلم" خوێند که نووستی ده‌ق، ئاوازدانه‌ری، مۆسیقا و هه‌روه‌ها خوێندنه‌که‌ی له ئه‌ستۆ بوو. ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ناونابگه به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" Gulizer Gerdenzeri - "ئینا تێدژۆڤا" Inna Tedzhoeva، چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"یان کرده‌وه.
ئه‌م گه‌ڕه‌ێ فێستیڤاڵ، تایبه‌ته به خه‌ڵکی لێقه‌وماویی و زوڵملێکراویی شنگاڵ که گرووپی تیرۆریستی و تاریک په‌ره‌ستی داعش، بۆ ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵکوژیی و کرده‌وه قیزه‌ونه‌کانی خۆی هێرشی کرده سه‌ر شاری شنگاڵ و گونده‌کانی ده‌ورووبه‌ریی و تاوان و جینایه‌ته دڕندانه و وه‌حشییه‌کانی دژیی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامدا.
چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFF به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه "بڵینده سینەماییه‌کان"، به‌شی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلم"، به‌شی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی "پانۆڕاما" و هه‌روه‌ها به‌شی "شه‌ویی سینه‌مای کوردی" تاکوو ڕۆژی ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ له سینه‌ماکانی "مۆسکینۆ" Moskino لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا درێژه‌ی ده‌بێت.
آدرس کوتاه خبر: