پنج شنبه، 29 شهریور 1403
روژان پرس » اخبار » بیرەورییەکی بەنرخ لە حەسەن زیرەک

سەلام ئیسماعیل سورخ

بیرەورییەکی بەنرخ لە حەسەن زیرەک

0
کد خبر: 2002

بیرەورییەکی بەنرخ لە حەسەن زیرەک

بە تەنیا ڕێگای سەرەوخواری بەرەو بۆکانم گرتە بەر. جریوەی چۆلەکە، چریکەی پەلەوەر لە سەر لەق‌وپۆپی دارەکان، سەوزایی دەشت و سەحرا، گوڵە‌گەزیزە سەریان وەدەر نابوو، قاسپەی کەو هەر یەکەی مێلۆدییەکیان بۆ خۆیان بوو...
پاییز، شای وەرزەکانە کە سروشت لە هەموو رەنگێک دەنوێنێ، بەڵام ئۆقرەیێکی تێدا بەدی دێت. ئەرکەکان ڕاپەڕیون و کار سووک بووە. کات وسات بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەکان زۆرتر دەبێ. بە هۆی شەوگاری درێژ لە گەڕی مەجلیسەکان کەڵکەڵەی دانیشتنەکان بۆ دواندن زۆرترە. گێڕانەوە لە کۆڕەکان دەبنە دڵخوازی زۆرمان. ئەوەش بۆخۆی لەخۆیی‌دا دەبێتە بنەمایەکی داهێنان، لێک تێگەیشتن و ئەزموونەکان ببنە ئەندیشە، ئاوێتە بوون، پێگەیشتن و بەرژەوندی خوڵقاندن و چیرۆکی تازە.
لە شەوێکی پاییزی لە کۆڕێکی خۆمانە لە گەڵ کاک محەممەد قادرزادە کە خەزوورەی نیمای کوڕمە و لە مێژ نییە بووینە خزم، دانیشتبووین قسەمان گەرم کردبوو. بەختەوەرانە لە خوێندنەوە بێ‌بەهرە نییە و عومری لە حەفتاکان تێپەڕیوە. بۆخۆی وەک کەسێکی بە ئەزمون سەربردەیەکی لە ڕابردوو پێ‌بوو کە گێڕانەوەی بۆ من زۆر بەبایەخ بوو. با سمان لە هونەر و وێژە و گۆرانی کرد، گەرمی قسە بووین. باسمان لە هونەر و گۆرانی و دەنگی خۆش کرد، بە چەشنێک بوو بە شەوچەرەی کۆڕەکەمان کە چ‌شتێک دەبێتە هۆکار کە هونەرمەندێک لە بازنەیەکی چکۆلەدا نەمێنێتەوە و خول نەخوا، بەڵکوو ڕۆحێکی گەورەی نیشتمانی پەیدا بکات و ببێتە ناسنامەیەکی نەتەوەیی. ئایا کوو زەمان و ڕۆشەنگەری وەک ئەندازیارانی مێژوو یاریدەدەر بوون؛ یاکوو ئەوان بۆ خۆیان وەک داهێنەرێکی هونەری ڕچەشکێن بوون، کە پێشتر لەوان کاری وا نەکراوە. یاکوو لێوەشاوەیی وەک خوڵقێنەر بەهانایانەوە هاتووە. خوێندەواری، سەروەت و سامان بۆ ڕاپەڕاندنی کارە بەرچاوەکان یاریدەدەر بوون. ئەی چلۆن کەسێکی بێ‌سەواد و دەست پێڕانە- گەیشتوو بە سەروەت و سامان «وەک حەسەن زیرەک» ئەو پاڵپشتی نەبووە دەبێتە ئەستێرەیەکی بەتروسکەی گەشەگەش لە ئاسمانی هونەری گۆرانی و لە نێو دڵی نەتەوەی کورد بە گشتی بدرەوشێتەوە. مشوورخوازی، هەستی داهێنان وەک خاڵێکی گرینگ، پشت  بەستن بە هونەری فولکلۆر و ئەدەبی نەتەوەکەی، دەنگێکی ڕەسەن وەک شاخێکی هەزار بە هەزار بوو بە گەورەترین داهێنەری گۆرانی کوردی، زیرەک قەت لە یاد نەچێتەدەر. وتەیەکی بە نرخی فیلم‌سازی بەناوبانگی ڕووس بە نێوی»ئاندڕە تارکۆفسکی» هەیە کە دەڵێ: ئەگەر بە ئیمانەوە دارێکی ویشک ئاو بدەی ئەو دارە زیندوو دەبێتەوە. هەر ئەو ئیمانەیە لە گۆرانی حەسەن زیرەک کە ڕۆحی وەبەر گۆرانی کوردی ناوە، کە فولکلۆری کردە سەرچاوەی داهێنان بەتایبەت لە ناو مۆسیقای فولکلۆرێک کە مێلۆدی Melodi و شێعر پێکەوە ئاوێتە ئەبن زۆر باش ئەتوانین چەندین نیشانەیه¬ک لەدەنگدانەوەی سۆزی دەروون و عاتیفەی ئەوان هەست پێبکەین. هەر لە بەر ئەوە زۆر لە مێژە دەماودەم بەردەنگی زۆری لە نێو دڵی خەڵکی کۆمەڵگا خۆ ئەنوێنێ. بە جوانی لەم میرات و فەرهەنگی کۆنەساڵی موسیقای کورد لەم بابەتەوە نەخشێکی شیاو و سەرنج ڕاکێشی ڕاستی هەیە. فولکلۆر هەر وەک وێژە و ئەدەبی نەنووسراوی نەتەوایەتی لق‌وپۆپ و ڕیشەی بەربڵاو و پڕپەراوێزی هەیە. ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆکەدا کەسێک بۆ هەوڵین لەمپەڕ و تەمبازایی «دست انداز» کە لە ژیان دا دێتە ڕێی وەها دەستەوستان و ناهۆمێد دەکەوێ کە نە تەنیا هەموو هزر و ئەندیشەیەکی لێ دەسێندرێتەوە، بەڵکوو لە ژیانی ئاسایی خۆی دا دەبڕێ. ئە ی بەو هەموو تەگەرە و هەڵات هەڵاتەیە کە لە ژیانی حەسەن زیرەک دا ڕووی داوە چلۆن ئەو هەموو بەرهەم و هەوای ڕەسەن و ناوازەی خوڵقاندووە کە هەموو بۆنی داهێنان کە بۆنی ڕۆحی گەورەی نەتەوەیی پێوە دیارە. نە تەنیا کۆسپ و تەگەرە بەڵکوو کێوێک لە گرفت بە بارستایی ژیان دایمە میوانی بووە بەڵام بۆ ساتێکیش لە زەلکاوی بێواری‌دا نەکەوتووە و پێم وایە ئەو ڕۆحە گەورە تایبەت بەو بووە کە بۆ داهێنانی گۆرانی ڕەسەن، یاریدەدەری بوون.
«زیرەک زۆرت کرد خزمەتی هونەر      ژینت لە پێناو هونەر بردە سەر
ڕۆژگارت ساتێ بە بێ‌خەم نەبوو         بەڵام لە هونەر هیچت کەم نە بوو»
فولکلۆر یا هونەری عامیانە و هونەری کۆی گشتی خەڵک بنەڕەتی هونەرە کە لە ڕاستیدا بەدی دێت، بەتایبەت لە مۆسیقاو و وێژە و نووسیندا بنج و بناوانی هەرە گەورە و سەرشاری هونەرە. چونکە شوێنەواری فولکلۆر دەستکردی تەنیا کەسێک نییە. گۆرانی، ئاهەنگ، مەقام و بەستە میراتی دەستکردی کۆی گشتی کۆمەڵگایە، بۆیە پشت بەستنی زیرەک بەو میراتە گەورە ئەوی لە دڵی گشتی خەڵک‌دا سەقامگیر کردووە. بەتایبەت گیرسانەوەی لە ئیزگەو ڕادیۆی کرماشان و وێک گەیشتنی میرزادە، حەسەن زیرەک وەک «شەمس» و «مولانا» ئەوانە تەواوکەری یەک بوون ئەو شانسەی زەمان بەو دوانەی‌دا کە بە یەک بگەن. گۆرانییەکانی زیرەک ئەوندە ڕەسەنایەتی هەواو و بەستەی کوردی پێوە دیار بێ. ئەوکات «عبدولسەمەدی»بە سازی «قەرەنەی» و میرزادە بە ویۆلۆن و «ئەیزەدی» بە سەنتوور و «پووڵەکی» بە زەرب شاکارێک لە هونەری گۆرانی خوڵقاند وەک کانیاوێکی زوڵاڵە کە قەت لێڵاو نابێ. گۆرانییەکانی لیپاولیپە لە هونەرێکی ساکار، قووڵ وەک گۆمێکی مەند وەک شاخێکی هەزار بە هەزار کە لێوڕێژە لە هەست و هەناسە بە تایبەت ڕەنگ دانەوەیەکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی لە گەڵ ئافرەتی کورد هەیە کە لە گەڵیان تێکەڵاو دەبێت، دەستەملانیان پڕ بە هەست ڕایان دەمووسێ، هیچ جووانیێکێان نامێنێ لە بەر چاوی شاراوە بێت، پێیاندا هەڵ‌دەڵێ  تێر دەڕوانێتە بەژن و باڵا و خاڵ و میل و چاو و برۆ، ئەگریجەو شان و شەدەو دەسماڵ و قەد و پشتوێنی کیژی کورد، کە بە لای کەسەوە بڤە نییە و ڕەخشی خەیاڵمان بۆ بیستنی ئەو دەنگە بە سۆزە تاو ئەدا. لە ژیانی پڕ لە مەینەتی حەسەن زیرەک بەڵام هەستی جووان بینی وی ڕوویە جووانەکەی مرۆڤ پیشان دەدا. هەستی لێوڕێژ لە عاتیفە و ئەوین بێ ئەملا و ئەولا بە ژنی کورد نیشانی دەدا کە مرۆڤی سەردەمی خۆیەتی.گۆرانی زیرەک شێوازی بیستن و سەیر کردنی مرۆڤی کوردی گۆڕی. بوو بە هۆی گەشەی عەقڵی و ڕۆحی کۆمەڵگا، زیرەک شەیدای جوانی ئافرەتی کورد بووە.  
کۆچ کردوو، کاک محەمەد قادرزادە کە کاتی خۆی ئەو بیرەوەریەی لە حەسەن زیرەک بۆ گێڕامەوە
هەرچەن لە کۆمەڵگای سوونەتی ئەو دەمی کوردستان زۆر شت بڤە بوو. بەڵام گۆرانی حەسەن زیرەک کولتورێکی دروست کرد،  کە ڕێز لە هەستی جوان‌بینی ئەو هونەرمەندە بگرێ و وێستگەیەک پێک بێنێ کە پێدا هەڵ‌گوتنی زیرەک بە جوانی ئافرەتی کورد بە عەیب وەرنەگیرێ، بێ خۆشاردنەوە خۆشەویستەکانی بدوێنێ و بوو بە هۆی ئەوە کە ژیانی پڕ لە کۆسپ و تەگەرە لە بنی نەهێنێ ئەوەش تەنیا بە هێزی هونەر دەکرا کە خاونی زیرەک بوو. وەک کەسێکی کۆچەر هیچ کات لە خاڵێکدا ئۆقرەی نەدەگرت عەشق بە ئافرەتی کورد دەبێتە شێوازی بنەڕەتی بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری مێژوویی لە ژیانی‌دا خۆشەویستەکانی دەدوێنێ پێیان‌دا هەڵدەڵێ، مریەم بۆکانی، ئایشیلێ، ڕزیە، گەوهەرێ. مەینەتییەکان نەبوونە هۆی بەربەست و لە ژیانی هونەری دابڕاو بێ!
هەستی خۆشەویستی دەبێتە خوڵقێنەری ڕەسەنترین گۆرانی کە کۆمەڵگای کوردی لە یەک نزیک بکاتەوە لە شوان و سەپان هەتا ڕووناکبیر، شێخ و مەلا بە بیستنی دەنگی ئەو ناوازە هەموو وەک خه‌رمانی سوور دەگەشێنەوە؛ سنوورەکانی کۆمەڵگای کوردی دەبڕێ و سنوور بەزێنە. ئەوەش دەبێتە هۆکارێک کە ناڕاستەوخۆ کۆمەڵگای کورد لە پارچەکانی دیکە پێکەوە بلکێنێ و لێک حاڵی بوونێکی فەرهەنگی پێک‌بێنێ کە بێ تەقەو شەڕ و پێک‌دادان سنوورەکان پێکەوە بلکينێ و دڵەکان بەیەکەوە گرێ بدات، ئەوە شتێکی نامۆیە کە بە هیچ حیزب و دەسەڵاتێک ناکرێ، تەنیا بە هێزی هونەر. وەک دوو شایەری چاک بۆ یەکترمان دەگێڕاوە، ئەو بێ‌دەنگ دەبوو من دەکەوتمە ڕاوێژ و قسە، جاری وابوو کاک محەممەد بۆی تێدەکردمەوە، شەوگاری درێژی پاییز وتوو وێژەکەمانی زۆر خۆش کردبوو کوتی: وام چاو لێ‌مەکە عومرم لە حەفتاکان تێپەڕیوە بیرەوەرییەکەت لە حەسەن زیرەک بۆ دەگێڕمەوە کە ئەو کەلێنە فەرهەنگییەی بۆ ئێمە چلۆن پڕ کردەوە، ئەو شتەی کە وەک فولکلۆر دەیبیست زۆر بە مەشوور زوو دەیقواستەوە و بەو ڕووحە داهێنەرەی کە بووی زۆر زوو تیف‌تیفەی دەدا و دەیکردە گۆرانییەکی ڕەسەن و زۆر زوو دەکەوتە بەرگوێی بیسەرانی. بێ دەستێوەردان بیرەوەریێکی کاک محەممەد دەگوێزمەوە سەر کاغەز:
  ساڵی 1345ی هەتاوی بوو تازە لە سەربازی نه‌جاتم ببوو. لە هاوینی ئەو ساڵەدا بە نیازی دامەزران و وەرگرتنم لە هێزی ئاسمانی (نیروی هەوایی)چووم بۆ تاران. دایکم زۆر مخالیف بوو؛ دوعای دەکرد قبووڵ نەبم و وەرنەگیرێم. هەر وای لێهات دوعاگیری بووم و قبووڵ نەبووم. نزیک سەعات 10ی بەیانی بوو لە بن سێبەری حەساری مسافیرخانەی «حەقیقەت» لە کووچەی «عەڕەبان» نزیک خەیابانی «ناسر خەسرەو»ی تاران ـ کە ئەو سەردەمە کوردەکان زۆرتر ڕوویان دەکردە ئەو مسافیرخانەیە ــ دانیشتبووم. «حەسەن زیرەک» کۆت‌وشاڵوارێکی ڕەشی لە بەردا بوو، کیفێکی چکۆلەی بە دەستەوە بوو، هاتە حەسارەکە. چاوێکی گێڕا، منیش کە چەند جار لە بۆکان دیتبووم، لە بەری هەستام و سڵاوم لێکرد و بە خێر هاتنم کرد. بە زەردەخەنەیەکەوە جوابی سڵاوەکەی دامەوە.
 هات لە سەر کورسییەکە لەو شانی مێزەکەوە دانیشت و لێی پرسیم خەڵکی کوێی، ناوت چییە؟ خۆم پێ ناساند. گوتی بۆ هاتووی بۆ تاران؟ گوتم بۆ کار! گوتی حای حای کورد لە وڵاتی خۆی کاری نییە، مەجبوورە بێ بۆ تاران.
 دەستی بە شاڵوارەکەی‌دا کرد و پارەیەکی زۆری دەرهێنا، گوتی خۆت بێ پووڵ مەکە. عەرزم کرد باوکم خۆش بێ، ناهێڵێ بێ پووڵ بم؛ مەمنوونتانم پووڵم پێویست نییە. گوتی ئای ئافەرین کاکە عەبەی برام بۆ کوڕی تەربیەتت کردووە. دوای تەعارف و خواردنەوەی چادانێک چا پێی گوتم ئەوە سەفحەیەکم پێیە بە ناوی «گولدر، مەنی گولدر» تازە وەرمگرتووەتەوە. لە‌گەڵ خانم سۆڵماز کە هونەرمەندێکی تورکە، دووقۆڵی گتوومانە؛ کوردی و تورکی تێکەڵە. قسەمان خۆش کرد. لە درێژەی قسەکانی‌دا گێڕایەوە: جێژنی نەورۆزی ساڵی 1345 چووبووم بۆ «زەنبیل»، لە خزمەت سەیدی زەنبیل‌دا بووم. نەهاتبایەمەوە بۆکان هەر لە ماڵی سەیدی زەنبیل دەحەسامەوە. چەند ڕۆژێکم پێچووبوو، وردە‌وردە وەڕەز بووم، چەند جار بوو ئیزنم لێ دەخواست بگەڕێمەوە. بۆ تارانی کوت یان بۆ کرماشان، باش لە بیرم نەماوە جەنابی سەیدی زەنبیل ئەوەندە لوتفی لە‌گەڵم هەبوو ئیزنی نەدەدام لە خزمەتی مەرەخەست بم. ڕۆژی دوایی چوومە خزمەتی عەرزم کرد بە سەرت قەسەم ئەگەر ئیجازەم نەدەی بڕۆم بە کێوان‌دا دەڕۆم! فەرمووی حەسەن لێم وەڕەز بووی؟ عەرزم کرد نەخێر قوربان بۆخۆم وەڕەز بووم. فەرمووی هەر چەند پێم خۆش نییە بڕۆی، بەڵام قەیدی ناکا دوعای بە خێرت بۆ دەکەم؛ بڕۆ بە خودای گەورەت دەسپێرم. بە پیاوێکی فەرموو کوڕە نەچی حەسەن بە جێ بهێڵی. خولاسە پیاوەکە بە دڵ‌خۆشییەوە دوو چاروای زین‌کراوی هێنا، خورجینێکی گەورەی دووتایی پڕ لە نان و پێخۆر لە پاشکۆی زینەکەی خۆی توند کرد، یا ئەڵڵا و یا عەلی مەدەد، سوار بووین بەرەو بۆکان. گەیشتینە ئەو دیوی زەنبیل، بە پیاوەکەم گوت ڕاوەستە، ئەو لە چارواکەی دابەزی، گوتی: دەفەرمووی چی؟ منیش لە چارواکەم دابەزیم، پێم گوت، تۆم ناوێ لە‌گەڵم بێی. بیست تمەنم‌دایە گوتم ئەگەر ڕێت کەوتە بۆکان بیدە بە شیرینی و تۆشە بۆ منداڵەکانت، ئێستاش بگەڕێوە. لەو خوارەوە بە نێو باغەکان‌دا بڕۆ و خۆت نیشانی جەنابی سەید مەدە تا تەشریفیان دەچێتەوە دیوەخان، ئەوسا چارواکان بەرەوە.
بە تەنیا ڕێگای سەرەوخواری بەرەو بۆکانم گرتە بەر. جریوەی چۆلەکە، چریکەی پەلەوەر لە سەر لەق‌وپۆپی دارەکان، سەوزایی دەشت و سەحرا، گوڵە‌گەزیزە سەریان وەدەر نابوو، قاسپەی کەو هەر یەکەی مێلۆدییەکیان بۆ خۆیان بوو، ماشاڵڵا خودایە چەند جوان و دڵڕفێن بوو! لە‌پڕ نەسیم هات و لە دوورەوە دەنگێکی بە گوێم دا‌دا، ئەی خاڵوو ڕێبوار ڕێگا نازانم. بە دوای دەنگەکەدا ڕۆیشتم، زۆرم چاو گێڕا کەسم بەدی نەکرد. دیسان هەر ئەو دەنگە با بە گوێچکەی دادامەوە. ئەم جار گوتم ئەبێ خاوەنی ئەو گۆرانی و دەنگە پەیدا کەم و بچم بۆ لای. چەقۆیەکی چاکم پێبوو، گەیشتمە سەر چۆمەکەی «زەنبیل»، داردەستێکم بڕی و بە دارەکەوە لە ئاوەکەم دا، زۆر سارد و قووڵ بوو.  هەر چۆن بوو پەڕیمەوە. گوێم لە هۆهۆی جووتیارێک بوو. بە شانی کێوەکەدا ڕۆیشتم، تەماشام کرد کابرایەکی جووتیار لە قەدی کێوەکە جووتی دەکرد. چووم بۆ لای و سڵاو و ماندوو نەبوونیم لێکرد. بە خێر هاتنی کردم و پێی سەیر بوو! گوتی ئەمە ڕێگا نییە، حەتمەن ڕێگات لێ گۆڕاوە! ئەوە کانییەکە لەو پشتەوەیە، ها ها... سەر ترۆپی دارەکانی دیارن. بچوو کەترییەکە پڕ لە ئاو و ئاورەکە بکەوە‌، منیش گایەکانم ماندوون، ئەو دوو سێ خەتەم ماوە بەریاندەدەم و دێم نان و چایەکەمان دەخوێن.
 ئاورێکم کردەوە زۆر بەتین، ئاخر لە‌گەڵ میرزا عەبدوڵڵای باوکت پێنج شەش ڕۆژ بووین بە پیاوی حاجی عەزیزبەگی «کوڵتەپە»ی بۆکان و ئاوری چاکمان دەکردەوە. جاحێڵ بووین، جارجار لە هیچ و خۆڕایی لێک هەڵدەبەزینەوە، باوکیشت دەنگی خۆش بوو، بەڵام کە لێک هەڵبڕاین، ئەو چوو بۆ سەنعەتی خەیاتی و ئەمنیش وە‌دوای هونەرەکەم کەوتم. باوکت چاکی کرد نەبوو بە هونەرمەند و گۆرانی‌بێژ.
 
خوا لێخۆشبوو حەسەن زیرەک لە هەر جێیەک گۆرانییەکی بیستبێ، بە دوای‌دا چووە و بە شێوەیەکی زۆر وەستایانە دەرحەق بەو شوێنە بە جوانترین شێوە بە ڕێکوپێکی گۆرانییەکەی گوتووە

بەڵێ چوومە سەر کانییەکە؛ شوێنێکی خۆش و بەربڵاو بوو. چەند دارچنار و بی لە خوارووی کانییەکە بوو. دوو جێگا ڕۆنی کەرەی حەیوانی و دیزەیەکی گڵی پڕ لە ماستی مەڕ لە نێو کانییەکەدا بوو. قامکێکم لە ڕۆنە کەرەکە و قامکێکم لە ماستەکە خوارد، تەح! خودایە چەند خۆش بوو! کەترێ ڕەشم پڕ لە ئاو کرد و تۆزێکیش بە گۆزەڵە شکاوە گڵێنەکە ئاوم خواردەوە؛ وەک ئاوی حەیات وا بوو. هاتمەوە بۆ لای ئاورەکە، کەترێ ڕەشەم بە لای ئاورەوە نا و کەتری هاتە کوڵ. چاییم لێدا و دامنا دەم بێنێ. کابراش گایەکانی کە یەکیان ڕەش بوو و ئەوی دیکەیان زەرد، بەری دان و لەو لاترەوە گوێدرێژێکی بە بەردێکەوە بەستبۆوە. لەبادێکی پێوەبوو، هێنای ڕایخست گوتی عەرزەکە تەڕە. لە سەر لەبادەکە دانیشتین و دیسان بە خێر هاتنی کردم، گوتی: کاکە خەڵکی کوێی و لە کوێیەوە هاتووی، بۆچی ڕێت کەوتووەتە ئەم کێو و شاخە؟ گوتم لەوەی گەڕێ، گوێم لە ئاهەنگێک بوو خاڵوو ڕێبواری دەگوت، تۆ نەبووی؟ گوتی بەڵێ وەڵڵا من بووم، جارجار لەبەر خۆمەوە ویرەویرێک دەکەم. گوتم دەکرێ بۆ منیشی بڵێی؟ دەستی نا بنانگوێیەوە «هەی خاڵوو ڕێبوار ڕێگا نازانم، ڕێگام نیشان دە خەڵکی بۆکانم» و هەر وەها  دوو سێ دێڕێکی دیکە‌ی گوت و بێدەنگ بوو. گوتم بۆم بڵێیەوە. دیسان دەستی پێکردەوە. گوتم ئەم جارەشم بۆم بڵێیەوە. گوتی باوکم خۆ من حەسەن زیرەک نیم لە ئێزگەی ڕادیۆی تاران یان کرمانشان دانیشتبێتم!
 ئەمنیش ئەو جار تێمچریکاند «ئەی کاکی جووتیار، جووتت پڕ گۆل بێ، تۆوەکەت ڕازیانە، خەرمانت گوڵ بێ. بە گا دەیکێڵی ئەو کێو و هەردە، گایەکت ڕەشە و گایەکت زەردە،» کابرا واقێکی بردەوە! پێی گوتم تۆ سەری شای نوورانی (شای حکیم، کە پێم وایە باوکی سەیدی زەنبیل بوو) ئەتۆ حەسەن زیرەک نی؟ گوتم حەسەن زیرەک چۆن پیاوی وەک من لەگەڵ خۆی بە ڕێ‌دا دێنێ. کابرا هەستا و دەستی‌دایە نەقیزەکەی، هەڵات بۆ لووتکەی کێوی هەتا هێزی تێدا بوو هەرای کرد، هۆی سۆفی کەریم، دەروێش ڕەحیم، کا حەمەساڵح و ئەم شەو وەرن بۆ قاقڵاوا، حەسەن زیرەک میوانمە؛ کابرا هاتەوە دانیشت.
 چەند جاری دیکە پێی گوتم یا ڕەبی بە خێر بێی. باشە چۆنە ڕێت کەوتە ئەم لایە؟ چۆنیەتی میوان بوونم لە زەنبیل و لە خزمەت جەنابی سەید، کە بە سەید نوورانی مەشهوور بوو، گێڕاوە و بە کابرام گوت تا دوو سێ ڕۆژی دیکە دەگەمەوە تارانێ یا کرمانشان، ڕادیۆکەت بگرە ئەو گۆرانییەی خۆت دەبیستییەوە. خولاسە بۆ لای عەسر و ڕۆژاوا چووینەوە نێو دێی قاقڵاوا. عالەم هاتبوونە سەر گوێسوانەی سەربانەکانیان، چاوەڕێی هاتنی حەسەن زیرەک بوون. قسەی خۆش ون نەبێ باشە، گەورەکچان ئەو دێیەیان وەک گوڵ لێکردبوو، بۆنی بەهەشتی لێدەهات. ئەو شەو هەتا نزیکی پارشێو گۆرانیم بۆ گوتن و پێی هەڵپەڕین. بەیانی هاتم ئیزن لە خانە‌خوێیەکەم بخوازم و بەرەو بۆکان وەڕێ بکەوم، سوێندی لێ خواردم، گوتی بە سەری شای حەکیم، بەو سەیدی نوورانییە، دایک و بابم بە قوربانی بێ، ناهێڵم بڕۆی. دەبێ دوو سێ ڕۆژیش میوانی من بی. «دار پیر دەبێ جارێک باز بە سەرییەوە دەنیشێ.» خۆ هەموو ڕۆژێک حەسەن زیرەک ڕێی ناکەوێتە ئەم مەڵبەندە و میوانم بێ. ئەو ڕۆژە و شەوی دوایی مامەوە و خەڵکی تەواوی دێهاتی ئەو دەوروبەرە هاتبوون بۆ قاقڵاوا. ئەو شەوەش هەتا درەنگانێک گۆرانیم بۆ گوتن. بۆ سبەینێ ئیجازەم لێ خواست. پیاوێکی بە ئازووقەیەکی زۆرەوە بە دوو چارواوە لەگەڵ خستم. بە پیاوەکەی گوت هەتا خاکی بۆکان بە جێی نەهێڵی و لە خزمەتی‌دا بە. بۆ لای عەسر گەیشتینە بۆکان و لەوێش 20 تمەنم بە کابرا دا و پێم گوت بچۆ کاروان‌سەرا. خۆت و چارواکانت ماندوون؛ بحەسێنەوە و بەیانی بڕۆوە.
بە پێویستی دەزانم ئەوەتان عەرزکەم: ماوەیەک لەمەوبەر هونەرمەندی گەورە و بەڕێز کاک ئەنوەر قەرەداغی ویۆلۆن ژەنی بە نێوبانگ و موسیقا ناسی کورد لەبابەت گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەکەوە لە یەکێ لە شاشە کوردییەکاندا فەرمووی: خوا لێخۆشبوو حەسەن زیرەک لە هەر جێیەک گۆرانییەکی بیستبێ، بە دوای‌دا چووە و بە شێوەیەکی زۆر وەستایانە دەرحەق بەو شوێنە بە جوانترین شێوە بە ڕێکوپێکی گۆرانییەکەی گوتووە کە لە پشت ڕاست کردنەوەی فەرمایشی ئەو مامۆستا بەڕێزە ئەو گۆرانییەی کە بە باغی زەنبیل و خانەقای زەنبیل دا هەڵی گوتوە ئەو ڕاستییە بە چاکی دەردەخات.
1-زەنبیل: ئاواییەکە لە ٣٥ کیلۆمێتری باشووری ڕۆژئاوای بۆکان، کە خانەقای زەنبیل لە مێژە کۆی پەیڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی لە خۆی دا کۆ دەکاتەوە حەسەن زیرەک موریدیان بووە، بە تایبەت سەید محەممەد نوورانی زۆری خۆش ویستووە.    
٢- قاقڵاوا: ئاواییەکە ڕووبەڕووی دێ زەنبیل کە چۆمێکیان لە نێوان دایە ٣٠ کیلۆمێتری بۆکان.
٣- بەش: گای نێو چاوان بەش یانی گای نێو چاوان سپی، گای قەشقە.
٤- کوڵتەپە: دێیەکە نزیک بۆکان یانی تەپەی کۆڵ، تەپەی چکۆلە.

سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان- ژماره‌ی 918
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید