لە کتێبخانەکەی کاک سەرکەوت لە قەڵاجێی سەوڵاوا یەکەم جار وێنەی شێرکۆ بێکەسم بینی!
«ژن و باران» ئەو کتێبەی بەرەو دونیایەکی تری بردم. تا ئەو دەم ناوی هیچ کتێبێ بەو شێوە سەرنجی ڕانەکێشابووم.
لە کتێبخانەکەی کاک سەرکەوت لە قەڵاجێی سەوڵاوا یەکەم جار وێنەی شێرکۆ بێکەسم بینی!
یەکەم جار دەنگی شێرکۆم له کاسێتێک بیست، و دەر و دیوار گەڕام تا لە مەریوان دەسمکەوت.
سەدان نا، بەڵکوو هەزاران جار گوێم دا. وشە بە وشەی نووسیمەوە و لەبەرم کرد.
ڕۆژانه دەنگی لە سەر کاسێتی ڕۆحم تۆمار ئەکرد.
وەخت بوو کاک سەرکەوت بەدەسمەو لە قەڵاجێ دەرچێت. تاونەتاوێ بۆ وشەیەک لەبەر دەرگەی ژوورەکەی سەوز ئەبووم و ئارامم لێ بڕیبوو.
جارێک وتی: ڕاوەستە شتێکت نیشان بدەم، لە دوتۆی کتێبێکا وێنەیەکی دەرهێنا، خۆی و شێرکۆ بێکەس لە تاران ئەو دەمەی خوێندکار بوو.
چاوانم پڕ بوو لە فرمێسک.
حازر بووم هەموو دونیام بدەم، شوێنی خۆم لە گەڵ کاک سەرکەوت لەو وێنەیەدا بگۆڕمەوە.
ساڵان تێپەڕیی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر شەیدای شێعری شێرکۆ ئەبووم.
ئەو ئارەزوەی لە نزیکەوە بگەمە خزمەتی حەزرەتی شێرکۆ، گەورەو گەورەتر ئەبوو.
٢٠١٠٫٦٫١ لە سلێمانی لەگەڵ دوکتۆر مەریوانی عومەر دەوڵەت و دوکتۆر کەساس جەباری بووم. باسی ئەو ئارەزووەم بۆ ئەوان ئەکرد. دوکتۆر مەریوان تەلەفوونەکەی دەرهێنا و لەگەڵ شوێنێکا قسەی کرد و وتی: هەورامان من ئەبێ تا کاتژمێرێکی تر لە دیدارێکدابەشدار بم، تۆیش وەرە.
لەگەڵی ڕۆیشتم.
گەیشتینە بەردەم چاپ و پەخشی سەردەم. وتی ئەزانی ئێرە کوێنەیە؟ وتم: یەکێ لە ناوەندە گەورەکانی چاپ و پەخشی کتێبه و وابزانم بە ئەستۆی مامۆستا شێرکۆیه.
وتی وەرە ئەچین بۆ لای کاک شێرکۆ؛ ئەزانی شێرکۆ خزمی نزیکمانه!؟
وەخت بوو دڵم لە سینگم دەرچێ! حاڵەتم وەکوو لاوە عاشقەکان و گەیشتن بە یەکەم ژوان بوو.
گەیشتینه نووسینگه و کەسانێکی زۆری لێبوو.
خانمێک لە ژوورەکەی مامۆستا هاته دەرێ و وتی کاک مەریوان فەرموون!
لەگەڵ دوکتور مەریوان ڕۆیشتین.
پیاوێک بە کۆت و شەڵوارێکی سپی و کراسێکی ڕەش. ڕۆخسارێ که بۆنی شێعری لێ ئەهات و سەرمێزێک کە پڕ بوو لە وشەی ڕەنگاوڕەنگ و قەڵەمێکی ڕوو سوور و کتێبخانەیەک که کتێبەکانی لە قامەتیا ئاوێزان بوون.
ڕەنگی پیری، وردە وردە لە سیمای نیشتبوو..
بە قامەتێکی گەنجانە هەستا و بەخێرهاتنێکی گەرم و گوڕی کردین.
ئێستاش وەسفی ئەو ساتانه نە بە زمانم و نە بە قەڵەمم ناکرێ.
چەند گۆڤارێکی خوێندکاری و چەند شێعرێکی هەژارم لا بوو. پێشکەشی مامۆستام کرد.
لە وەزعیەتی زانکۆ و خوێندکارەکان و ڕۆژهەڵات پرسی و بە گەورەیی یادی هەموو ناسراوەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵات کرد.
بە وردی سەیری شێعرەکانمی کرد و مانای چەند وشەیەکی هەورامی لێ پرسیم.
بە دڵێکی فراوان و بە وردی لە شێعرەکانم دوا و هیوای درێژەدانی بۆ کردم.
باسی خۆشەویستی خۆی و هەورامان و شێعری هەورامی و مەولەوی و مەولانا خالێدی بۆ کردم.
حەزم ئەکرد لە بری دەس و پا و سک و سەر و.. سەراپا ببم بە گوێ. یەکەم جار بوو هەستم کرد دوو گوێی مرۆڤ چەند کەمن بۆ بیستنی دەنگ و وشەکانی مامۆستا.
فۆرم و ناوەرۆکی وتەکانی بە جەستەی من هەڵنەدەگیرا.
مامۆستا شێرکۆ بە قەد بەرزی شێعری، ئەخلاق و ڕەوشتێکی بەرزیشی هەبوو.
چ بە ئارامی گوێی لە قسەت ئەگرت و چ بە ئارامی وڵامی ئەدایتەوە.
لەو تەمەنەدا بە بیستنی وشەیەکی نەبیستراوی هەورامی ئەهاتە سەما و چ بە تامەزرۆیەکەوە هەڵیئەگرت و ...
دوای بیست ساڵ ئێستاش گەورەترین فەخری ژیانم بەو ڕۆژەی ئەزانم گەیشتمە خزمەتی.
شێرکۆ بێکەس ئەو ناوەیە، لەوانەیە مردن بمرێ بەڵام ئەو نا.
آدرس کوتاه خبر: