لە حاڵەتی ڕودانی تەڵاقی جیاکەرەوە، لە ماوەی حەییەدا مێرد مافی گەڕانەوەی بۆ لای ژنەکەی نابێت، ماددەی 1144 لە قانوونی مەدەنی دەڵێت: لە حاڵەتی جیابوونەوەی جیاکەرەوە، مێرد مافی هەڵگەڕانەوەی نییە.
جیابوونەوە یان تەڵاق بە مانای کردنەوەی گرێ و وازهێنانە. لە فەقهی ئیسلامدا هاتووە: "تەڵاق یان جیابوونەوە لابردنی مەرجی هاوسەرگیری بە وشەیەکی دیاریکراوە." ماددەی 1139 لە قانوونی مەدەنی لەم بارەیەوە دەڵێت: جیابوونەوە تایبەتە بە گرێبەستی هەمیشەیی.
ئەبێ بزانین کە هاوسەرگیری دوو جۆرە هەمیشەیی و کاتی
لە هاوسەرگیری کاتی، جیابوونەوە لە کاتی بەسەرچوونی ماوەکەدا ئەنجام دەدرێت و ئێمە لەم وتارەدا تەنیا باس لە جیابوونەوە لە گرێبەستی هەمیشەیی دەکەین.
بەگوێرەی دەقە قانوونیەکان، جیابوونەوە یان تەڵاق مافی تایبەتی پیاوە واتە تەنها بە ویستی پیاو یان نوێنەرەکەی ڕوودەدات و پێویستی بە ڕەزامەندی ئافرەت نییە.
بەڵام بەپێی تاکە ماددەی هەموارکردنی قانوونی تەڵاق، ژن و مێرد دەتوانن لەسەر جیابوونەوە ڕێکبکەون. هەروەها دادگا دەتوانێت دوای دیاریکردنی نەبوونی سازش لە نێوانیاندا بڕیاری جیابوونەوە دەربکات. هەروەها دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە بە بێ ڕەزامەندی لایەنەکان یان دەرکردنی بڕیار و ڕەزامەندی دادگا جیابوونەوە ناکرێت.
جۆرەکانی جیابوونەوە بریتین لە:
تەڵاقی هەڵگەڕانەوە
مەبەست لە هەڵگەڕانەوە ئەوەیە کە لە ماوەی حەییە یان عیدەدا، مێرد دەتوانێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات دووبارە هاوسەرگیری بکات، بۆ لای ژنەکەی هەڵگەڕیتەوە و ژیانی دووقۆڵی خۆی دەست پێبکاتەوە. ئەمە بەپێی ماددەی 1148 لە قانوونی مەدەنی کە بە ئاشکرا هاتووە: لە تەڵاقی هەڵگەرانەوەدا، مێرد مافی هەڵگەڕانەوەی لە ماوەی عیدەدا هەیە.
شایانی باسە هەوڵی گەڕانەوە تەنیا بە خواستی مێرد قبوڵ دەکرێت و ویستی گەڕانەوەی ژن هیچ کاریگەرییەکی لە جیابوونەوەدا نابێت. لە جیابوونەوەی هەڵگەڕانەوەیی ماف و ئەرکەکانی ژن و مێرد لە ماوەی حەییە یان عیدەدا تا ئەو کاتەی لەگەڵ سروشتی جیابوونەوەکەدا گونجاو بێت دەمێنێتەوە ، بەخێوکردنی ژن لە ئەستۆی مێردەکەیە و لە حاڵەتی مردنی هەرکامیان، میرات لە یەکتر وەردەگرن.
تەڵاقی لێسەندنەوە یان خولع
خولع جۆرێکە لە تەڵاق کە تێیدا ژن ڕقی لە مێردەکەی دەبێت یان بە پێچەوانەوە مێرد ڕقی لە ژنەکەی دەبێت. بە شێوەیەکی سادەتر یەکێک لە لایەنەکان ڕقی لە ئەوی دیکەیە. ئەگەر ژنەکە داوای خولع بکات، دەبێت بەگوێرەی بارودۆخەکە بەشێک یان هەمووی مارەییەکە بدات. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا دەبێت زیاتر لەو مارەییەی کە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا هاتووە بە مێردەکەی بدات.
تەلاقی بێزاری یان موبارات
لە حاڵەتێکدا کە هەردوولا ڕقیان لە یەکتر بێت و لە یەک جاڕز بن و هەردوولا داواکاری جیابوونەوە بن ئەوا پێی دەوترێت تەڵاقی موبارەرات.
تەڵاقی جیاکەرەوە یان بائین
لە حاڵەتی ڕودانی تەڵاقی جیاکەرەوە، لە ماوەی حەییەدا مێرد مافی گەڕانەوەی بۆ لای ژنەکەی نابێت، ماددەی 1144 لە قانوونی مەدەنی دەڵێت: لە حاڵەتی جیابوونەوەی جیاکەرەوە، مێرد مافی هەڵگەڕانەوەی نییە.
پیاو دەتوانێت پاش حەییەی ژنەکەی هاوسەرگیری بکات و ژنیش دوای کۆتایی هاتنی ماوەی حەییە، ئەتوانێت جارێکی تر هاوسەرگیری بکات. لەم تەڵاقەدا شوێنی نیشتەجێبوونی ژن پاشکۆی مێرد نییە، سەرەڕای ئەوەش، مانەوەی پاشناوی مێرد بۆ ژنیش بە ڕەزامەندی مێردەکە ئەنجام دەدرێت. تەڵاقەکانی خولع ، موبارات، پێش نزیکی، و تەڵاقی سێیەمی ژنەکە بە تەڵاقی جیاکەرەوە لە ئەژمێر دێن.
شێوازەکانی جیابوونەوە
بە کورتی ژن و مێرد دەتوانن لەم دوو ڕێچکەی گشتی خوارەوە جیا ببنەوە:
1- جیابوونەوە لەسەر داوای پیاوەکە (هاوسەرەکە)
بە هەموار کردنی قانونی سزادانی ئیسلامی، پرۆسەی سکاڵای جیابوونەوە لەلایەن مێردەوە قورستر بووە و ئەگەر مێرد لە سەرداواکاری خۆی پێداگر بوو ئەوا دادوەر بە ناردنی کەیسەکە بۆ یەکەی ڕاوێژکاریی هەوڵ دەدات لایەنەکان ئاشت بکاتەوە. ئەگەر هەردوولا لەگەڵ یەکتر ڕێک نەکەوتن بڕوانامەی سازش دەردەکرێت و دوای ئەوە بڕیاری تەڵاق جێبەجێ دەکرێت و تۆمار دەکرێت. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئەگەر داوای جیابوونەوە لە لایەن مێردەوە بێت ئەوا مارەییەکە و خەرجی و کەل و پەلێک کە ژنەکە لەگەڵ خۆی هێناویەتی بۆ ماڵی مێردەکەی بە تەواوی بە ژنەکە دەدرێت و سەرەڕای ئەوەش بەپێی مەرجی دابەشکردنی یەکسانی، نیوەی موڵکی پیاوەکەش بە ژنەکە دەدرێت.
2- جیابوونەوە لەسەر داوای ژنەکە
جێی ئاماژەیه به پێی قانوونەکانی ئێستای وڵاتەکەمان جیابوونەوه له سەر داوای ژن هەندێک ئاڵۆزی هەیه بەڵام بە گشتی قانوون هەندێک حاڵەتی جۆراوجۆری بۆ داواکاری جیابوونەوە لە لایەن ژنەوە داناوە.
ژن دەتوانێت بە گوێرەی 12 مەرجی گرێبەستی هاوسەرگیری لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا داوای تەڵاق بکات:
• پێنەدانی خەرجی بە ژنەکە بۆ ماوەی 6 مانگ و خۆ بواردن لە دانی خەرجی پاش فەرمانی دادگا
• مامەڵەی خراپی مێرد لەگەڵ ژنەکەی تا ڕادەیەک کە ئیتر بەردەوامی ژیانیان ئەستەم بێت.
• نەخۆشی مەترسیداری پیاو ئەگەر تەندروستی ئافرەت بخاتە مەترسییەوە.
• شێتی پیاو ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری لە لایەن شەەرعەوە ئەستەم بێت.
• لە بەرچاو نەگرتنی فەرمانی دادگا و دامەزرانی پیاو لە کارێکدا کە پێچەوانەی کەرامەت و شەرەفی ژن و بەرژەوەندییەکانی خێزانەکەی بێت.
• مێرد بە سزای 5 ساڵ زیندانی یان زیاتر یان غەرامەیێک سزا بدرێت کە 5 ساڵ زیندانی و زیاتری لێبکەوێتەوە. (بێگومان دەبێت سزاکە جێبەجێ بکرێت.)
• گیرۆدەیی زیانبەخشی پیاو بە هەر چەشنە خوو و ڕەفتارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ژیانی هاوسەری.
• دووری کردنی بێ پاساوی پیاوەکە لە خێزانی بۆ ماوەی 6 مانگ لەسەر یەک.
• ئەنجامدانی تاوانێک کە سزاکەی بە پێچەوانەی کەرامەتی ژن و خێزانەکەی بێت.
• ئەگەر بەهۆی نەزۆکی یان ئاڵۆزییەکانی تری جەستەیی پیاو دوای 5 ساڵ لە هاوسەرگیری منداڵی نەبێت
• پیاوەکە لانی کەم 6 مانگ بێسەروشوێن بێت.
• دووباره ژن هێنانی پیاو بەبێ ڕەزامەندی ژنەکەی.
هیوادارم ئەم کورتە باسە جێی ڕەزامەندی ئێوەی خوێنەری هێژا بێت.
دسته بندی: کوردی
آدرس کوتاه خبر: