ئەگەر دیاردەیەکی ناحەز وەک پەڵەیەکی نەنگ سیمای کۆمەڵگای ئێمەی خەوشەدار کردبایە، قەت خۆی بە لاوە نەدەگرت، پێی وابوو لە هەموومان قەوماوە، کە ئاساری دەبێ بسڕێتەوە
هەرچی سەر و ژوور ئەکەم و چاو دەگێڕم لە ناوچەی دیواندەرە، گەورە پیاوێکی بە ئەزموون ئهبینم کە له سەواد و زانیاری و لێزانیی لە ئیشی سەنعەت هاوتای نیه. کەسایەتییەکی کەموێنە لە جەوهەر و ویقار کە دەستی چەپگەردی ڕۆژگار لە ڕووداوێکی هات و چۆدا تۆماری ژیانی پێچایەوە.
شێخ عابید ئهو کهسهیه کە تەنیا ڕۆژێکیش نەچووەته کارگا و کارخانەیەک، بهڵام لێزانی و زاناییان بۆ تازەگەری سەنعەت شتێکی سەر سوڕ هێنەر بوو کە بە کەسایەتی خۆی جەوهەری ژیانی پڕ بایەخ کردبوو. ئەوەی کە هەیبوو بەرهەمی ڕەنج و وشیاری خۆی بوو کە لە کوورەی ڕۆژگاردا لە کڵ هاتبوە دەرەوە.
شێخ عابید سەمەدی، کوڕی شێخ محەممەد پێشنوێژی ئاوایی «زەڕینە» و «کەڵەکان»ی ناوچەی هۆبەتووی دیواندەرە لە ساڵی 1323ی هەتاوی چاوی بە دونیای ڕوون هەڵێناوە. دەورانی فەقێیەتی «بوستان و گلستان» و قورئانی پیرۆز لە لای باوکی و حوجرە خوێندبوو. زیادتر لە 15 جزوی قورئان بە تەجویدێکی زۆر جوان لەبەر بوو. بەڵام لێهاتوویی و زانایی بۆ سەنعەت و تازەگەریی لە سەنعەت شتێکی سەیر و سەمەرە بوو کە ئەوی وەک وەستایەکی لێزان کردبوو. هێشتا لاوێکی کەم تەمەن بووه، که زەینی تیژ و هونەری خوڵقاندن پڕ بە باڵای گەشەی کردووە. ژیانی خۆی و بەڕێوە چوونی خاو و خێزانی تا دوایین کاتەکانی ژیانی بە ئارەقەی نێو چاوانی و سەنعەت و تەعمیراتی تراکتۆر و کەرەستەی کشت و کاڵ بەڕێوە بردووە. جەوهەری ژیانی پڕ بووە لە هاودەنگیی بۆ بەڕێوە بردنی کار و باری کۆمەڵگا.
بیری تێژ و هەستی ئینسانی وەک دارێکی خۆڕسک باڵای کردبوو، لە ڕەنج و کاردا قاڵ کرابوو. کەشەن و کەوی ڕۆژگار مرۆڤێکی بە نێوچاوانی کراوە لەو دونیای ڕەنگامەدا، جێی باوەڕ و متمانەی هەمووان بوو. سەد حەیف و مخابن، کۆگایەک لە خەم بە کۆڵەوە، بۆ کەسایەتیی شێخ عابید کە ئەوڕۆکە لە ژێر خاکدا ئارامی گرتووە.
شێخ عابید هەرچی بووی بەرهەمی زانایی و کار و ئیشی خۆی بوو. هەرچی فێر ببوو دەستمایە و زەحمەتی بێوچانی بوو کە لە کانیاوی بنەماڵەیەکی چاوکراوە و ئیماندار چرۆی کردبوو. ئەم جیهانەی بە تەواو تام و چێژێکەوە دەناسی؛ بەڵام قەت لێی بێزار نەبوو. خەم و حەسرەتی ژیان دەستی پێنەقووچاند و نێوچاوانی پێ تاڵ نەکرد. زۆرم لێ بیستبوو کە دەیکوت:
ابرو گشادە باش
چو دستت گشادە نیست
وەکوو کتێبێک دەچوو کە پێشەکی بوو و لاپەڕەیەکی زۆری لە شانازی هەبوو. کار کردن تا دوایین ساتەکانی ژیان، دەستپاکی و دڵپاکی و کردەوەی مرۆڤانە، ئەو کتێبەی نەخشاندبوو کە لاپەڕەکانی تەواو نەدەبوو.
شێخ عابید مرۆڤێکی ڕۆح سووک بوو کە هیچ کات کەس تووڕەیی پێوە نەدیوە و هێچ مرۆڤێکی هەرچەند کەم تەمەن بە نێوی چکۆلە نێو نەهێناوە و بانگی نەکردووە. ئیرادە و سۆزی دەروون نەجابەت و لێهاتوویی، ئەوی وەک مرۆڤێکی دڵپاک، خۆشەویستی خەڵکی ناوچە کردبوو. هەرکات لە چەواشەکاری و کاری ناڕێک دڵی دەهاتە کوڵ، پەنای بۆ شیعرەکانی سەعدی دەبرد. زۆرێکی لە شیعرەکانی گوڵستان و بووستان لەبەر بوو کە دەیکوت:
نخواهی که نفرین کنند از پَسَت
نکو باش تا بد نگویند کَسَت
لە سەبر و تاقەت و حەوسەلە مرۆڤی نەرم و نیانم وەک شێخ عابید کەم دیوە.
کە پەنای بۆ سەعدی ئاخر زەمان دەبرد: خوش است درد که باشد امید درمانش
دراز نیست بیابان که هست پایانش
هیچ کات لە واقیعەکانی دونیای خۆی دابڕاو نەبووە بۆیە لە وێستگهی ژیان و کۆمەڵگا گەشەی عەقڵی و ڕۆحی پەیدا کردبوو. ببوە خاوەنی بەهای گەورە و گرانی ئینسانی. ئەو بە عومری پڕ لە تێڕامان و کار و ئیشی مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ بووندا دەکرد؛ کە پێی وابوو خانە نشینی تێیدا نییە و ئەو جۆرە هەستان و دانیشتنە هەمیشە قسەی بۆ گوتن و فەلسەفەی ژیان هەیە و ئەو کەسایەتییانە لە جیهانی واقیع کە خەریکە بۆشایی تێدەکەوێ زۆر پڕ بایەخن. ژیان بە هەموو تام و چێژێکەوە، هەرچەن بمانهەوێ ئاڵ و گۆڕی تێدا پێک بێنین، مردن لە ناکاو بەربینگت پێدەگرێ. مردن دایکێکی مێهرەبان نیە. باری قورسی ژیان لێرەدایە مانا ئەبەخشێ. ئەو مرۆڤانە کڵۆڵن کە دەرەقەتی هەڵگرتنی باری قورسی ژیان نایەن. مردنی مرۆڤی بەهرەدار خەسارێکی گەورە لە ئەمڕۆی وڵاتی کوردەواری، هۆی دڵتەنگی و هەناسە ساردی لێ دەکەوێتەوە. هیوادارم دایکی نیشتمانمان لە ناخی خۆیدا بە مرۆڤی بەهرەدار سیمای نیشتمانمان ڕەنگین بکات و کۆمەڵگا تووشی قەیران نەبێ. کاتێک وڵاتەکەمان لە مرۆڤی لێهاتوو و دەستڕەنگین و دڵپاک، لاوازی تێکەوێ، نۆستالۆژی خەم و حەسرەت لە ناخماندا سەر هەڵدەدا و ئەوکات تۆ لە وڵاتی خۆت و لەبەر دەرکەی ماڵی خۆت غەریبی.
شێخ عابید قەت لە ژیانیدا دوچاری بەدگومانی نەبوو. خەونی ناخۆشی بە کەسەوە نەدیوە؛ کە مرۆڤی لەبەر چاو کەوێ. ژیانی وەک ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە مەینەتی و ئازاری تێدا بوو؛ بەڵام هێمنانە قۆناغی پوختەیی، هەست و هزری نهێنییەکانی ژیانی دیوەتەوە. ڕێگای لێ چەواشە و لاڕێ نەبووە. هەرچەند تەمەنی بۆ سەرێ هەڵکشابوو، پیریی جەستە و پیریی زێهنی تێیدا بەدی نەدەکرا. وەرزشی دەکرد، گۆشت و چەوری زیادە قەت میوانی لەشی نەبوو، هەتا بڵێی کەمخۆر بوو؛ دایمە کات و ساتی لە کار و سەنعەتدا بوو، کەس بە بێکاری نەیدیبوو. هەمووجارێ دەیکوت: مرۆڤ لە بێکاریدا جوانەمەرگ دەبێت. زەروورەتی یادەوەریی بۆ من وەک هاوکار و دۆستێکی خۆشەویست لە دەست چووە، زەروورەتی وەبیرهێنانەوەی خەسڵەتی مرۆڤانەی شێخ عابیدە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی بە شکۆتر لە ڕابردوومان پێببەخشێت. بۆ ئەوەی مەجالی خۆناسینمان هەبێ؛ بۆ بنیادنانی بیر و فەرهەنگ وڵاتێکی ئاوەدان. بۆ ئەوەی یادی دەکەم کە بە با و تۆفانی فەرامۆشی نەسپێردرێ.
هەرکات گەورەیی مرۆڤێک بە یاد دەکەین لە فەرامۆش بوون دەیان پارێزین؛ ئەوە ئەمەگناسییە. ئەوە داستانی زەروورەتی ئەوڕۆیە. هەرکات پەردەی ژیانی ئەو مرۆڤە گەورانە لا ئەدەین و بە یادەوەریی یادیان دەکەین. ئەو جەنگاوەری مەیدانی خۆی بوو. باوەڕمەندی بە یەزدانیی گەورە، ئیمان بە خێر و شەڕ کارێکی کرد هەتا مردن عەیبەی نەهاتەوە سەر. ئەگەر دیاردەیەکی ناحەز وەک پەڵەیەکی نەنگ سیمای کۆمەڵگای ئێمەی خەوشەدار کردبایە، قەت خۆی بە لاوە نەدەگرت، پێی وابوو لە هەموومان قەوماوە، کە ئاساری دەبێ بسڕێتەوە.
شیخ عابید خاوەنی وەها کەلتوور و بایەخی ئەخلاقی گەورە و پڕ بەها بوو کە هەرچی بنووسم، کەمم نووسیوە. ئەو بە عومری پڕ بایەخی خۆی بە ڕادەی توانایێ کە هەیبوو جیهانی ڕازاندەوە. لە زەمانی خۆیدا گلەیی لە کێشەکانی ژیانی کۆمەڵگای ئەوڕۆکە هەبووە بەڵام قەت دابڕاو نەبوو و ئەوەی لە دەستی دەهات بۆ بایەخ و ئەرزشی مرۆڤایەتی بەکار و کردەوەی خۆی بەردەوام لە هەڵسووکەوتدا بوو.
هەرچەند بە مەرگێکی لە ناکاو (هاتووچۆ) بە جەستە لە نێوماندا نەماوە بەڵام ڕەوشتی بەرز و ئینسانیی قەت لە یاد ناچێتەوە و دیاردەی فەرامۆشی لە ژەنگاری زەمان یادی پڕ لە بیرەوەری گەورەی داناپۆشێ. بۆ پێناسەی کەسایەتی «شێخ عابید» دەتوانم بڵێم پیاوی دەورانی خۆی بوو کە کەسایەتی و کردەوەی ئینسانی لە قەناعەت و سەربەرزی و هێدی و هێمنایەتی لە کۆنەستی مێژووی بۆ هەمیشە لە یاد و بیرەوەریی ئەو سەقامگیر دەکا.
منداڵەکانی شێخ عابید ڕێبواری ڕێگای پڕ لە شانازی باوکیان، وەفایەکە بۆ خێر و گەورەیی ئەو بنەماڵەیە کە یادگارییەکە لە شێخ عابید. بە مەرگی خۆی ناوچەی «هۆبەتوو»ی دیواندەرەی خستە خەم و ئازار.
ئەگەر بە «هۆبەتوو»دا ڕێبواربم، کێوی «حاجی سەید» چەن بە تاقەت و خۆڕاگر ڕاوەستاوە؛ تاقەت و حەوسەلەی تۆم دێنێتەوە یاد. بۆ یادەوەریی نێوی پاک و پڕ لە شانازی و مرۆڤانەی شیخ عابید بەو شیعرەی شێخی گەورە، حەزرەتی سەعدی کە زۆر دڵی پێدەکراوە ماڵاواییتان لێ دەکەم:
تبه گردد آن مملکت عنقریب
کز او خاطر آزرده آید غریب
یادی بەخێر و ڕێگای بەردەوام
سهلام ئیسماعیل سورخ
لە ڕۆژنامەی ڕۆژانی ژمارە ۶۰۳ یهکشهممه ۲۲ی جۆزهردان وهرگیراوه
آدرس کوتاه خبر: