جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » گۆڕانییەکی ڕەسەنی فولکلۆری ناوچەی بیجاڕ/ لەیل چوو بۆ حەمام

سەلام ئیسماعیل سورخ

گۆڕانییەکی ڕەسەنی فولکلۆری ناوچەی بیجاڕ/ لەیل چوو بۆ حەمام

0
کد خبر: 3118

گۆڕانییەکی ڕەسەنی فولکلۆری ناوچەی بیجاڕ/ لەیل چوو بۆ حەمام

حەشیمەتی ناوچەی گەڕووس نزیک بە 100 هەزار کەس دەبێ، کە زۆربەیان کورد (شیعە- سوننی) و کەمینەیەکی تورکیشی بۆ لای "زەنگان" هەیە، کە بەیەکەوە جۆشیان خواردووە. 
گۆڕانییەکی ڕەسەنی فولکلۆری ناوچەی بیجاڕ کە بۆ هەوەڵ جار 100 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەفسەرێکی ئینگلیسی لە ناوچەی بیجاڕ زەفت و تۆمار کراوە؛ لە موزەی لەندەن پارێزگاری لێ دەکرێ.
لەیل چوو بۆ حەمام لەیل چوو بۆ حەمام

فەرمان دا کەنیز خاسەکی غوڵام
بێرن بۆ یارم فەوتە و تاسوو جام

کەوشەل زەڕنگار خەست وەکەف پا
بە ئیزنی حەمام ڕاهی بوو وەڕا

باڵا بەو بەرزی قەد وێنەی نەمام
وارد بوو وەناو دەریانەی حەمام

دەست وێنەک تەڵا دەرهاورد لە دەست
دای بە حەمام چی قوڵفوو قاپی بەست

لە دەرگای حەمام سەری کێشا ناو
شوعلە ئەکێشێ وەک شوعلەی ئافتاو

کەف پا باریک پشت پاژنە وەرشەو
ناو حەمامەکەی کردە مانگەشەو....

شاری بیجاڕ ناوەندی ناوچەی "گەڕووس"ە، هەڵکەوتوو لە پارێزگای کوردستان کە ڕووبەری 4350 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. بە بەرزایی 1920 میتر لە سەرووی دەریای ئازاد. ناوچەیەکی کوێستانی، کە تایبەتمەندی ئاو و هەوای سارد و بای زریان (زەلان) لە زۆر وەرزی ساڵ خۆ بە دەشت و کێودا دەکوتێ. لە چۆمە بەنێوبانگەکانی ئێران لە ناوچەی کوردستان چۆمی "قزڵ وزان"ە کە لە شاخەکانی "چل چەمە"ی دیواندەرە سەرچاوە دەگرێ و بە ناوچەی لێوارەکانی "بیجار"دا دەخوشێ، و لەگەڵ بەشێک لە چۆمیلکەکان وەک "تەڵوار"، "قەمچوقای" تێکەڵاو دەبێ، خۆ دەخاتە باوەشی "سفیدرود" و لە ئاکامدا دەچێتە نێو زەریای مازندەران.
حەشیمەتی ناوچەی گەڕووس نزیک بە 100 هەزار کەس دەبێ، کە زۆربەیان کورد (شیعە- سوننی) و کەمینەیەکی تورکیشی بۆ لای "زەنگان" هەیە، کە بەیەکەوە جۆشیان خواردووە. لە ڕابردوویەکی نە زۆر دوور کەمینەیەکی سەنعەتکاری "کەلیمی" لە شاری بیجاڕ بوون کە زۆر خۆشنێو بوون کە ئەوڕۆکە هیچیان نەماوە. 
کشتوکاڵ و دەوڵەتداری و هونەری فەرش و مافوورەی بیجاڕ کار و فەرمانی ئەو ناوچەیە کە ژیان و ژیواری مسۆگەر کردووە. لەو دواییانەدا سەنعەت و کارخانەی چیمەنتۆ (سیمان) لە شاری بیجاڕ کار و پیشەی زۆر وەبڕەو خستووە و پاشماوەی پەزەکێوی (ئەرمەنی) لە ناوچەی بیجاڕدا واتە "قەمچوخای"، "زەڕین کەمەر"، "کانی کوچکین" لە 45 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژئاوای شاری بیجاڕدا دەژین، و لەلایەن یانەی ژینگەی (ادارە محیط زیست) ئەو ناوچەیە چاوەدێرییان لێی دەکرێ. مێژوو و ئاسەواری زۆر کۆن و کەونارا وەک "قەڵای قەمچوخە" و "قەڵای زەڕرین کەمەر" کە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی مانناکان و زۆر شوێنی دیکەی ساسانیان لەو ناوچەیەدا بە یادگار ماوەتەوە، وەک دەورانی "سەفەوییە". 
ئەگەر بۆ جارێکیش بێ سەرێک بەو ناوچەیەدا بگێرن، هەتا پەی بە ڕازی نهێنی زۆر لە نادیارەکان بەرین کە ڕەمزی ڕووداوەکان و ئەم جیهانە پڕ لە ئاژاوەیە، بۆچی وا سووڕی خواردووە، کە ببێتە خوێندنەوەیەک، ئەقل و تەجروبەیەک بۆ نەزم و ئاشتەوایی و خۆبەڕێوەبردن. ئێرە کوردستانە و هەر لە بەرەبەیانی مێژوو، لانکەی (بێشکەی) ژیواری ئەو گەلە بووە. بە هەزاران ڕووداوی تاڵ و شیرینی بەسەردا هاتووە و سەدان هێرشی دوژمنانی قین لە دڵی بەخۆوە دیوە. ئەو گەلە ئازا و کۆڵنەدەرە کە لە ئاست مردن و ئازایەتی سەری پێوە نییە، بۆ لە ئاست چارەسەرکردنی تەنگ و چەڵەمەی ژیانی بێ سەر و سامانی بەچۆکدا هات و دەستەوئەژنۆ دانیشت و هیچ بیرێکی لە دواڕۆژی داهاتووان نەکردەوە. جا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە کە بیر و زەینمان ختۆکە دەدا، دەبێ وریا بین، بگەڕێین، بنووسین، بخوێنین، یەک بین، ڕێک بین و لە بەستێنی هاوبەشی ئەزموونی مرۆڤەکان و ئەوانەی شاد و ئازادن دەرس و وانەی پەیجۆری بخوێنین، هەتاکوو لە ڕەوت و ڕێبازی مێژوو لەوە زیاتر دوا نەکەوین.
مێژووی گەڕووس، ئاڵوگۆڕی زۆری بەخۆیەوە دیوە و لە چەرخ و خولی ڕۆژگار بە دوور نەبووە، لە ڕابردوویەکی نە زۆر کەونارا ئەو ناوچەیە بە (زرین کمر) ناسراوە کە قەڵایەکی خاپوورکراوی دەورانی "ماننا"کان بە نێوی قەڵای "قەمچوخە" و لەسەر چۆمی قزڵ وزان قەڵای خاپوورکراوی "زەڕین کەمەر" وەک یادەوەری مێژووی "ماننا"کان دیوار، کول، بورج، توونێل و... شاهیدی مێژوون کە دوایی بۆتە ناوەندی دەسەڵاتی "دەوڵەتیارخان" و قەوارەی حکوومەتی "سیاسەران" یەکێک لە هۆزە گەورەکانی کوردی گەڕووس کە ناوچەی سوهرەوەردی (سورەبەردی)ش دەکاتە بنکەی خۆی کە لە دوایی هەوای سەربەخۆیی دەکەوێتە سەری و قەڵای ئەستەمی بیری پێ گۆڕی و نۆکەری کردنی سەفەوییەکانی پێ سەرشۆڕی بوو. لە شەڕ و تێهەڵچوون لەگەڵ قزڵباشەکان، لە ئاکامدا دەشکێن و ئەو شوێنەوارانە بە دەستی "شا عەبباس" خاپوور و وێران دەکرێ. 
هەتاکوو ساڵەکانی (1309 هـ.ق) ناوەندی دەسەڵاتی کوردستان، کرماشان، سایین قەڵا، تیکاب و گەڕووس بە "حەسەنعەلی خانی" گەڕووس ئەسپێردراوە کە ناوەندی بیجاڕ بووە. لە شەڕی عالەمی یەکەم ئەو ناوەندە بۆتە تەڕاتێنی سپای ڕووس و عوسمانی و ئینگلیس، کە زۆر وێرانی بەخۆیەوە دیوە. لە ئاکامی ئەو شەڕە، دوایی وشکەساڵی و گرانی (1339- هـ.ق) نەهامەتییەکانی ئەو مەڵبەندە زۆرتر دەکا و بە شێوەی ڕابردوو خۆی ڕاست ناکاتەوە. هەتا ئەم دواییانە، لە زۆر ناوچەکانی کوردستان دوورەپەرێزێکی نەخوازراو لەگەڵ ناوچەی گەڕووس بەتایبەت شاری "بیجاڕ" هەبووە، کە بیر و ئەندێشەمانی ختۆکە دەدا داخۆ دەبێ ئەو بەرەیە لە کوردستان لەو ناوچەیە لە چ لێوارێکدا بیر دەکەنەوە. 
زمان و ئەدەب لە چ حاستێک دایە؟ ئەو پەراوێزخستنە لەلایەن ئێمەوە جەغزێکی سەقەت بوو! هەتا لەم ساڵانەی دواییدا کە لە هاوکەوشەنی "بیجاڕ"دا دەژیم، و هاتوچووم لەگەڵیان پەیدا کرد، کۆمەڵی بایەخی فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردانە لە نێویاندا بەدیم کرد، وەک پێویست لە ڕابردوودا ئاوڕمان لێی نەداوەتەوە بەتایبەت زاراوەی گەڕووسی وەک زاراوەیەکی شیرینی زمانی کوردی. 
ئەوڕۆکە وەک ڕۆنسانسێک لەو ناوچەیەدا بە نووسین و ئاخاوتن لە گەشە و نەشەدایە. شارستانییەتێکی دەوڵەمەند لە هەستان و دانیشتن، ژیانی ڕۆژانە بە ڕڕایی کۆمەڵگای بیجاڕی پێکهێناوە. پیشەسازێکی زۆر گەشاوە لە فەرش چنین و مافوورەی دەستی بە مێژوویەکی زۆر کۆن کە زۆربەی مووزەکانی دونیای پێ ڕازاوەتەوە و نێو ماڵی زۆر لە ماڵەکان بە تەونی فەرش و ڕاخەری بیجاڕ ئاوەدان کراوەتەوە. 
ئەگەر زەمانێک بەهۆی جیاوازی "ئایین" دوژمنانی نەتەوەی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانتوانی کەڵکی لێ وەرگرن و ئاوری دووبەرەکی بنێنەوە، ئەوڕۆکە خوێندنەوەیەکی نەتەوەیی لەئارادایە کە ناوبژی پێوەندیکانمان لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی، یەکترناسین، پێکەوەژیانە کە لەم دواییانەدا دەیان نووسەر وەک شاعێر و ئەدیب و فەرهەنگ نووس و هونەرمەند کەوتوونە بەستێنی نووسین بە زمانی کوردی بەتایبەت ڕۆمانی "سەمای چارەنووس" بە قەڵەمی ڕێزدا خاتوون "فەوزییە بەشارەت" خەڵکی بیجاڕ بە زاراوەی گەڕووسی کەوتۆتە بەردەستی خوێنەران؛ کە هەڵگری زۆر بایەخی ئەدەبی ڕۆمانتیکانە و زمانێکی شاعیرانەیە کە کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند کراوە کە خوێندنەوەی ئەو کتێبە فێرمان دەکا بە کردەوەکانمان، خولیاکانمان، وەهمەکانمان، بە پەیوەندیگەلێک کە یەکمان دەخاتەوە لە خەڵوەتی ویژدانماندا. کتێبی "فەرهەنگی گەڕووس" بە زەحمەتی بێوچانی "ڕەزا سوهرابی"، "جەعفەر سریش ئابادی" زمانی ڕەسەنی گەڕووسی دەوڵەمەند کردۆتەوە.
"جەمشید فەرەجوەندفەردا" وێنەگرێک کە گیان دەخاتە بەر مردوو! ڕەسەنایەتی کوردانە، خۆشەویستی، جوانناسی، زەحمەت و کاری کردۆتە "وێنە" بۆ ئافراندنی هونەر و ئازادی کە نە تەنیا کوردستان بەڵکوو لە ئێران و دونیا نێو و نێوبانگی وەک گەورە هونەرمەندێک دەرکردووە. ڕێزدار "عەلیڕەزا قاسمی فەر" و ڕێزدار "فەرمانی" وەک شاعێر و نووسەری ئەدەبی زارۆکان بە زاراوەی گەڕووسی چالاکانە بۆ ئەو بەرەیی نەتەوەکەمان لە هەوڵدان. 
هێندێک لە باسەکە دوور کەوتمەوە، بەڵام ویستم بەپێی ئەم نووسراوە کورتە پێناسەیەک بێ لەسەر مێژوو، ئەدەب و کلتووری کۆمەڵگای گەڕووس کە دەتوانێ ڕۆڵێکی سەرنجراکێشی هەبێت لە بیری گشتی و کۆمەڵگای کوردستان، بۆ ئەو بەشە لە نیشتمانمان.
بەڵام پێشینەی ئەو گۆرانییە فولکلۆری ناوچەی بیجاڕ نازانین چۆناوچۆنە، بەڵام وەک پانوڕامایەک دێتە بەرچاو، کە چێژبەخشە. هەرچەند ئەوەی کە ڕوونە هەوەڵ گۆرانییەکی تۆمارکراوی کوردی لە وڵاتی "ئەڵمان" لە ساڵی 1908 زایینی بە دەنگی دوکتور (جەواد قازی)ە کە ئەویش توێشەبەرەی ڕۆح و گیانە کە گوێم لێ بووە کە دڵگرانییەکانمان ئەهوەن دەکاتەوە.
ئەو گۆرانییە مێژووییەی ناوچەی بیجاڕ من ئەوەندەم بۆ ساغ بۆتەوە کە گوێم تێوە بووە. هەڵمان دەبڕێ و دەمانبا بۆ شوێنێک لەوپەڕی مێژوو، دەورانی ئاغا و ڕەعییەتی کە خاتوونێکی ئەعیان لەگەڵ کەنیزەکەی دەچێ بۆ حەمام، لەیلێکی باڵابەرز، کە وەک خۆر ئەدرەوشێتەوە. 
لەو کۆمەڵگایەدا کە ڕۆژ نییە بە هەواڵی ناخۆش ژیانی ڕۆژانەمان دۆژ دانەمێنێ و ڕۆحمان نەژاکێنێ بەڵام بە بیستنی گۆرانییەکی ڕەسەن لە دڵگرانییەکانمان کەم دەکاتەوە و هەستی ئێمە دەپاڵێوێنێ. وەرن با لەگەڵ کەنیشک و کوڕانی گەڕووس ڕەشبەڵەکێک بگێڕین، بە سێ پێی و سێ جا، بۆ ڕۆژانی تێپەڕبووی تاسەبار، خولیاکان خولمان بدەن. هاوبەشبوون لە ئەزموونی بەکۆمەڵی مرۆڤانە کە دەتوانێ بەرزترین دەسکەوتی ژیان و خۆشییەکانمان بێت.
ژێدەر: بەشێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەی گەڕووس
1- غوڵامعەلی بایندۆڕ: فەرماندەی هێزی دەریای ئێران؛ لە ساڵەکانی 1315-1320 لە کاتی هێرشی ئینگلیس لە خوڕەمشار کوژرا. لەدایکبووی 1277 شەمسی. 3 خەرمانان 1320 لە شەڕی دووهەمی جیهانی کوژرا.
2- یەدوڵڵا بایندۆڕ: برای غوڵامعەلی بایندوڕ بوو. لەدایکبووی 3 گەڵاوێژ 1292 شەمسی. لە 4 خەرمانان 1320 لە شەڕی جیهانی دووهەم لە "بەندەر ئەنزەلی" کوژرا.
3- پرۆفسور ستارە: گەورەترین پرۆفسۆری بیرکاری (ریاضیات) ئێران، خەڵکی بیجاڕ. هەتا کۆچی دوایی هەر لە زانکۆی کوردستان وانەی گوتووە و خزمەتی بە زێد و نیشتمانی کردووە.
4- حەسەنعەلی خانی گەڕووس کە مەشهوور و نازناوی (امیرنظام گروس)ە، خەت خۆش، سیاسەتوان و باڵوێزی ئێران لە کاتی خۆی لە وڵاتی ئوتریش، عوسمانی، فەڕەنسا و ئەدیب و نووسەرێکی بەناوبانگ بووە.
5- دوکتور ڕیازی، دوکتور و پسپۆری لەش، کە زۆر سەردەرچوو بوو و هەر لە کوردستان خزمەتی کرد.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان
کلید واژه ها:
سەلام ئیسماعیل سورخ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید