مامۆستای پایەبەرز مەلا حەمە کەریم لە 2704 کوردی بەرانبەر بە 1384 هەتاوی گیانی پاک و بێگەردی بەرەو بەهەشتی بەرین کەوتە فڕین و خێوەتی سەربەرزی لە بەر بارەگای یەزدانی دڵاوادا بەرپا کرد و لە گۆڕستانی ئەسحابی ساڵحی هەڵیزاوادا نێژراوە.
مامۆستا مەلا حەمە کەریم لە سەر قەور فیرۆز و ناو شاخ تا ئەسحاب ساڵح و ئەحماوا دەشتە بەنرخەکەی ئەحمەد بەگی کۆماسی شاعیرەوە تاکوو گۆڕستانی مەلا مەحمەو کۆماسی و ئاغە و بەگەکانی بەردەسپی و هەنگەژاڵە و بلچەسوورەوە تا ئەگاتە شێخەکانی سوورکەوڵ و پیازەی گڵیە و خانەکانی زەنووری، ئەدەب و ڕەوشتی ئەخلاقی و ئیسلامی و نەتەوەیی پڕ و لێوان لێوی کردبوو، ئازا و دڵاوا، دەست و دڵ پاک و ئاکارچاک و گەلدۆست و دڵسۆزی وڵات بووە.
لە ساڵی 2620 کوردی بەرانبەر بە 1300 هەتاوی لە گوندەکەی مەحموود ئاغە (هەڵیزاوا ناوچەی کۆماسی سەر بە شاری مەریوان) لە بنەماڵێکی خوداترس و چاو ڕۆشن (دەروێش ئاغە و خاتوو نەجیمە) بە دونیا هات.
لە منداڵیەوە کاتێک نەونمامێک بووە، باوکی ئازیزی (دەروێش ئاغە) دهمرێ و سەرپەرەشت و قەییمی بنەماڵەکەی ئەکەوێتە ئەستۆی.
لە کاتی لاویدا بەرەو دەریای زانست و عیلم و عیرفان و قورئان، ڕوو ئەکاتە مەریوان و شارەکانی دیکەی کوردستان، لە هەر شوێنێک کۆڕی عیلم دامەزرابێ مامۆستا مەڵا حەمەکەریم لەوێ حازر بووە.
لە کاتی فەقێ بوونیدا ئەبێ بە هاو فەقێی مامۆستا قانێعی هەمیشە زیندوو، دوای تەواو کردنی دەرس، ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و جل و بەرگی مەلایەتی ئەچێتە بەری بۆ خزمەت کردن بە گوندەکەی و مەڵبەندی کۆماسی و بە ماوەی 40 ساڵ وەکوو مەڵا و زانا و کەسێکی دڵسۆز ئەبێ بە متمانە پێدراوی خەڵکی ناوچەکە، تەنانەت لە دادگای مەریوانەوە دەعوەتی لێ ئەکرێ کە ببێت بە قازی لە بواری شەرعدا بەڵام بە هۆی چەند کێشێکەوە قەبووڵی ناکا.
مامۆستا زۆر قسە خۆش نوکتە زێڕ و حازر جواب بووە و هەمیشه قسە و وتەکانی زۆر بە ڕاشکاویی باس دەکرد.
هەمیشە و هەردەم لە مەوعەزە و وتە و وتارەکانی ناو مزگەوت و لە ناو ماڵاندا بە چیرۆک و حیکایەتەکانی گوڵستان و بووستانی سەعدی شیرازی و لە شێعرەکانی حافز شیرازی و مامۆستایانی وڵاتەکەی (قانێع، نالی، مەحوی، مەولەوی، بێسارانی و خاڵۆی کۆماسی) کەڵکی وەرئەگرت و کۆڕ و مەجلیسەکەی بە جوانی ئەڕازاندەوە و ئێستاکەش هەر نوکتە و قسە خۆشەکان و چیرۆکەکانی لە ناو کۆڕ و ماڵاندا و لە نێۆ پیر و جوان باس دەکەن و دەیگێڕننەوە.
مامۆستای پایەبەرز لە 2704 کوردی بەرانبەر بە 1384 هەتاوی گیانی پاک و بێگەردی بەرەو بەهەشتی بەرین کەوتە فڕین و خێوەتی سەربەرزی لە بەر بارەگای یەزدانی دڵاوادا بەرپا کرد و لە گۆڕستانی ئەسحابی ساڵحی هەڵیزاوادا نێژراوە.
وا لە دنیا بژی ئەگەر بمری
هەر چی ناوت بزانێ بۆت بگری
پیاوی ئازا نەمان سەری نادا
ناوی چاک هەر دەژی لە دنیادا
لوقمان مورادی
آدرس کوتاه خبر: