دوکتور سادق یووسف نژاد
دژایەتی پەرلەمان بۆ فێرکردنی زمانی نەتەوەکان هەنگاوێکە بۆ دواوە
دەوڵەتی ئێستا لەسەر کۆدەنگی و هاوسۆزی، پێشبینی ئەکرێت دەوڵەتی ١٤ هەنگاوی جددیتر بنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە دەستوریە.
مادەی ١٥ دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕوونی جەخت لەوە ئەکاتەوە کە زمان و ڕێنووسی ڕەسمی ئەم وڵاتە فارسیە، بەڵام لە هەمان کاتا کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی دیکەی ئێرانی لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندن و قوتابخانەکان شانبەشانی زمانی فارسی ئازادە.
ئەم پرەنسیپە یاسایە دەرفەتێکە بۆ پاراستنی فرەچەشنی فەرهەنگی و زمانی لە ئێران، وڵاتێک کە نەتەوەی جیاواز بە زمان و کولتووری جیاوازەوە هەیە. زمانی دایکی، وەک پێکهاتەیەکی ناسنامەی تاک و دەستەجەمعی، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە بەستنەوەی مرۆڤەکان بە ڕابردوو و کولتوورەکەیانەوە و جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە ئەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیانە.
لەو وڵاتانەی کە هەمەچەشنی زمانی هەیە، فێرکردنی زمانی دایکی نەک هەر هەڕەشە نیە بۆ سەر یەکیەتی نەتەوەیی، بەڵکو هاودەنگی و یەکگرتوویی نێوان نەتەوە جیاوازەکان بەهێز ئەکات.
ئەزموونی زۆرێک لەو وڵاتانەی کە زمانی جیاواز لە سیستەمی پەروەردە ئەخوێندرێن، دەریخستووە کە ئەمە هەستی یەکگرتوویی کۆمەڵگا بەهێز ئەکات؛ لە کاتێکا کە لەو وڵاتانەی کە تەنیا یەک زمانی فەرمی جەخت ئەکەنەوە، ڕەنگە هەستی ناڕەزایی و هەڵاواردن لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانا گەشە بکات، لە ئێران جێبەجێکردنی مادەی ١٥ ئەتوانێت وەک هەنگاوێکی کاریگەر بەرەو بەهێزکردنی هاودەنگی نەتەوەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی مامەڵە بکات.
ئێران بە هۆی فرەچەشنی زمانی و نەتەوەیی، پێویستی بە سیاسەتی دادپەروەرانە هەیە کە دان بە مافی نەتەوە جیاوازەکانا بگرێت. زمانی گەلانی ئێران بەشێکن لە فەرهەنگی دەوڵەمەند و شوناسی ئەم نەتەوە و پشتگوێخستنیان ئەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە هەڵاواردن و نادادپەروەری لە نێو ئەو گەلانە. ئەگەر زمانی دایکی لە قوتابخانەکان بخوێندرێت، ئەوا نەتەوە جیاوازەکان ئەتوانن جگە لە پاراستنی زمانەکەیان پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ کولتوور و مێژووی خۆیانا دروست بکەن.
هەرچەندە ماددەی ١٥ دەستوور ئەم ئەگەرەی ڕەخساندووە، بەڵام دوای چل و پێنج ساڵ هێشتا ئەم ماددەیەی دەستوور جێبەجێ نەکراوە. بەشێک لە پەرلەمانتاران بە هۆکاری جوراجور دژی جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە وەستانەوە. ئەزموونی جێهانی دەری ئەخات کە گرنگیدان بە فرەچەشنی زمانی نەک هەر هەڕەشە نیە بۆ سەر وڵات، بەڵکو ئەتوانێت هاودەنگی نێوان نەتەوەکان بەهێزتر بکات. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەبێتە هۆی لێکترازان لە وڵاتانا هەڵاواردن و پشتگوێخستنی مافی نەتەوەکانە. گرنگی نەدان بە زمانە ڕەسەنەکان و پشتگوێخستنی کولتوورەکان ئەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوون و ناڕازیبوون، وەک لە هەندێک وڵاتانا بەدی کراوە.
دەوڵەتەکان لە ئێران لە قۆناغە جیاوازەکانا زۆر بەڵێنیان داوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی مادەی ١٥، بەڵام هێشتا ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون. بە لەبەرچاوگرتنی جەختکردنەوەی دەوڵەتی ئێستا لەسەر کۆدەنگی و هاوسۆزی، پێشبینی ئەکرێت دەوڵەتی ١٤ هەنگاوی جددیتر بنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە دەستوریە. ئەم هەنگاوانە نەک هەر ئەبێتە هۆی بەهێزبوونی دادپەروەری پەروەردەیی و فەرهەنگی، بەڵکو هەستی یەکگرتوویی نەتەوەیی لە نێوان نەتەوەکانی ئێران بەهێزتر ئەکات.
زمانی فارسی زمانی باوی ئێرانیەکانە، بەڵام ئەمە نابێت بە مانای پشتگوێخستنی زمانی نەتەوەکانی دیکە بێت.
ڕێزگرتن لە فرەچەشنی زمانەوانی و فەرهەنگی لە ئێران ئەتوانێ دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، هاوپشتی و دادپەروەری لە وڵات لەبری ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی نەتەوەیی، بڕەخسێنێت.
جێبەجێکردنی مادەی ١٥ دەستوور ئەتوانێت وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دروستکردنی ئێرانێکی یەکگرتوو و سەرکەوتوو مامەڵە بکات، کە هەموو مرۆڤێک بەبێ گوێدانە نەتەوە و زمانی دایکی هەست بە ئاسایێش، بەها و سەر بە زێدی خۆی بکات.
آدرس کوتاه خبر: