نووسین وکۆکردنەوە: ساسان مۆنفەرید (بێوەر)
گەشت و سەردانێک بۆ مەزاری شاعێری گومناو یۆسۆ ئاسکە
چیرۆکی ژیانی یووسف یاسکە [وێسۆ ئاسکە] دوور و درێژە. میرزا موحەمەدی بەختیاری باپیری کاتبی دیوەخانی میرنشینی دڕنە و میرزا یۆنسی باوکی ئەڵکاداری هەڵۆخانی ئەردەڵان بووە لە بێڵەوار. هەر بۆیە وێدەچێ یووسف لە ناوچەی بێڵەوار لەدایک بووبێت.
بێوەر. س.م:
چیرۆکی ژیانی یووسف یاسکە [وێسۆ ئاسکە] دوور و درێژە. میرزا موحەمەدی بەختیاری باپیری کاتبی دیوەخانی میرنشینی دڕنە و میرزا یۆنسی باوکی ئەڵکاداری هەڵۆخانی ئەردەڵان بووە لە بێڵەوار. هەر بۆیە وێدەچێ یووسف لە ناوچەی بێڵەوار لەدایک بووبێت.
بەجوانی باوکی دەمرێت و یووسف و موحەمەد شادمانی برای و دایکی لەگەڵ ماڵی هەڵۆخان دەکەون لە ناوقەڵای پاڵنگان. یووسف هەر بە مناڵی دەبێتە هاوبازی و هاوڕازی خان ئەحمەد خان. هەر بۆیە وێدەچێ بەپێی تەمەنی خان ئەحمەد خان، ئەمیش لە ۱۰۰۰ـ۱۰۰۲ کۆچی لەدایک بووە.
کاتێ خان ئەحمەد خان دەبێتە میری ئەردەڵان، یووسف دەبێتە کاردار و کاتب لە قەڵای زەڵم. پێوەندی ئەو دوو بنەماڵەیە زۆر نزیک بووە. هەر بۆیە دەستی دوژمنایەتی ڕەقیب لە کۆڵی نەبووەتەوە. قسەی ئەوە دەکەوێتە شوێن یووسف کە پێوەندی ژێربەژێری هەیە لەگەڵ کڵاوزەڕ هاوسەرە فارسەکەی خان ئەحمەد خان. هەر بۆیە خان زیندانی دەکا و یووسف بە زیندوویی لە توێی دیوار زیندووکوژ دەکا. دواتر یاسکە [یاسەمین ـ ئاسەمین] دایکی هانا دەبات بۆ ماڵەباوانی لە کۆساڵان. خێڵی هەوەشی ئەوکاتە لە جوغرافیای ئیستەی بنۆڵ و دزڵی و تفڵی بوون. هەتا ئیستەش لە نێوان سێکوچکەی قەڵاجێ و بنۆڵ و تفڵی هەوار و کۆنەدێی هەوەشی ماوە. هەوەشیەکان شەوێ هەڵدەکوتنە سەر زەڵم و تەرمی یووسف هەڵدەگرن و دەیهێننەوە و لە سەرووی گوندی هەوەشی لە نزیک قەڵای غەریوان دەینێژن. شوێنەکەی ڕێک دەکەوێتە سەر زنجیرە چیای بانەسار و لە نێوان قەڵای غەریوان و بان هەوەشی و پشتی تاشی ڕێقنەچەرموو و بەرامبەر قەڵای پیرباڵێناندا هەڵکەوتووە و شوێنەکە ناسراوە بە قەور وێسۆ ئاسکە.
لەسەر زاری ئەو ئاواییانە وا دەگێڕنەوە پیاوێکی شاعیر و فەقیر و پیاوخاس بووە. ژنی حاکم کڵاوی ناوەتە سەری و دوایی زۆر بە نامەردی کوژراوە.
ڕێکەوتی 16ی خەزەڵوەری 1403 بەرانبەر بە 6ی نۆڤەمبەری 2024 لەگەڵ چەند هاوڕێیەک کاک (فەرهاد عەزیززادە قەڵاجێ، ئیدریس شەریفی هانەگەرمەڵێ، همایۆن نیکڕەفتار زاوەر و ئیرەج مورادی باقلاوا) چووینە ئاوایی تفڵی ـ سەوڵاوا. بەرنامەمان ئەوە بوو ژمارەیەک هاوڕێیتر هەم لەگەڵمان بن، تا بتوانین بە دەسگەل مەزارەکە هەڵبەستینەوە و کێلی نووسراوی بۆ دابنین. چونکا پارەکە کەسانی هەلپەرستی نەناسراو بۆ گەڕان بەدوای زێڕ و زێوی بن گڵ بەزەییان بە مەزاری یۆسف یاسکە نەهاتووە و هەڵیانداوەتەوە. بە هەر حاڵ ئەم گەشتە وەک یەکەم هەوڵی چالاکانی بواری ئەدەبیاتی کوردی وای بۆ ڕەخسا. بەشکوو کەسانیتر بکۆشن ناسنامە و کێل و خزن و نیشانەی مەزاری ئەو شاعیرە هاوشێوەی مامۆستا بێسارانی نۆژەن بکەنەوە. هەرچی بێ ئەو دوو شاعیرە هاوسەردەم و هاوڕێ و هامفەرد بوون. شایانە وەک یەک ڕێزیان بۆ دابنرێت.
وێنەی بەڕێز کاک ئیرەجی مۆرادی لەگەڵ مامەشوانە کاک ئەحمەدی مۆحەممەدی لە ئاوایی تفڵی
پێشتر کاک ئیرەج بۆ نووسینی وتارێ لەسەر ئەو شاعیرە و ڕێکخستنی پێشەکی دیوانی شێعرەکانی زنجیرە گەشتێکی بۆ هەموو ئەو ناوچانە (تفڵی، بنۆڵ، دێوەزناو، سلێن، دزڵی، زەڵم، حەسەناوا، زێران، کاژاو و ڕانیە) کردووە وا پێوەندی بە یووسف یاسکەوە هەیە. بۆ یەکەم جار لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا کاک ئیرەج گەلێ زانیاری مەیدانی و سەرچاوەیی لەسەر ئەو کەسایەتیە کۆ کردووەتەوە و چاپی کردووە.
بڕوانە: هەوڵێک بۆ نووسینەوی ژیانی یۆسف یاسکە، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ساڵی 2022
وەک خۆی باسی دەکا «هەتا ئیستە ۲۵ شێعری شاعیری دەست کەوتووە و ئامادەیە بۆ چاپ و وەک خۆیان ئەڵێن: ئەڵبەت بەداخەوە کەسانێک لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا بەناوی خۆیانەوە زانیاریەکانی کاک ئیرەج لە کاناڵی (دەستنووسخانەی دیجیتاڵی باقلاوا) و وتاری گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، بێ هیچ ئاماژە و ناوهێنانێک دەگوازنەوە و لە کاناڵی بە ناوی خۆیانەوە (وەکوو: کاناڵی یوسف یاسکە ـ مەلا ئەحمەدی ئیسماعیلی هانۆڵان) دایدەنێن».
یووسف لاوێکی جوانخاس و دەنگخۆش بووە و بە مامۆستای سیاچەمانەبێژ هەم ناسراو بووە. لە منداڵیەوە لەگەڵ خان ئەحمەد خانی کوڕی هەڵۆخان خوێندوویەتی و گەورە بووە. لە شێعرێکیدا باسی بەندکردنی له زیندانی خان ئەحمەدخان خانی ناموەر کردووە و خۆی بە یووسفی چاڵی کەنعان شوبهاندووە. سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کاتێک دەنگۆی پەیوەندی دڵداری نێوان کڵاوزەڕ هاوسەری خان ئەحمەدخان و یۆسف یاسکە بڵاو بووەتەوە، خان سەرەتا زیندانیی و دوایی زیندەبەچاڵی دەکات.
ئەو شاعێرە لەسەر زاری خەڵک بە یۆسۆ یاسکە، وێسۆ یاسکه، یۆسوو یاسکە، وێسۆ ئاسکە و... ناسراوە.
خان ماوەيەک یووسف لە زيندانی قەڵای زەڵم ئەشکەنجە ئەدا و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکا. خێڵی هۆشی (هۆشیار) کە پێشتر هاتوچۆی شارەزووريان کردووە و شارەزای قەڵای زەڵم بوون، پیشەيان خومکەری بووە و بە گیای ڕەژيلە و ڕۆنیاس شاڵ و هەلاوەی سوور و زەرديان بۆ دانیشتووانی شانشینی زەڵم دروست کردووە، توانیویانە تەرمەکەی هەڵبگرن و بیهێننەوە بۆ کۆساڵان.
یەکەم، ماڵەباوانی یاسکە واتە هەوەشیەکان شەوێ هەڵدەکوتنە سەر زينانی قەڵا و يۆسف ڕزگار دەکەن. بەيانی خان ئەحمەد خان پیاوەکانی بە چوار دەورا ئەنێرێ. فەرمان ئەکا لە هەر کوێ يۆسف ياسکەتان گرت، بیکوژن. ئەو سەردەمە هەوەشییەکان هەواريان لە کۆمسايی و باوەخوشینی کۆساڵان بووە. گوايە پیاوەکانی خان لە شاخی پیرباڵەوين (باڵێنان)، يۆسف ياسکە دەکوژن. (وتووێژ، ٢٠٢٠-٢٠٢١: وەستا موحەمەد ئەمین قادری لە بنۆڵ، مەلا فايەق قوتبی [وەگیراو لە باوا قوتبەدين دەل] و سۆفی حەبیب دەبیری دەگاشێخان).
دووەم، دوای ئەوەی يۆسف ياسکە لە قەڵای زەڵم زيندەبەچاڵ دەکرێ، ياسکە داوا لە خێڵی هەوەشی دەکا فريای بکەون و لاشەی کوڕەکەی دەربهێنن و لە شوێنێ وەک مردووی موسڵمانان بینێژن. هەوەشییەکان شەوێک هەڵدەکوتنە سەر شوێنی زيندەبەچاڵەکە و لاشەکە دەردێنن و دەيبەن لە نێوان بانەسار و قەڵای پیرباڵێنان دەينێژن. دواتر کە خان بەو کارە دەزانێ هەڕەشە لە هەوەشییەکان دەکات کە ئیستا زستانە، ڕچە شکا هەمووتان تەفروتوونا دەکەم. بەهار کە دادێت خان کوێر دەبێت و بڕيارەکەی ناچێتە سەر.
هەروا کە وتمان لە سەرجەم ناوچەکانی ئەردەڵان، هەورامان و شارەزوور باس و چیرۆکی يۆسف ياسکە هێشتاکە لەسەر زاراندا ماوە. لە پاڵ سەرچاوە و دەستنووسەکان، گێڕانەوەکانیش بەشێک لە وێنەی ژيانی ئەو شاعیرەمان بۆ ڕاست دەکەنەوە. چیرۆکی بەسەرهاتی يۆسفی ياسکە جیا لە گێڕانەوەی سەرزاران، هێشتاکە لە باس و ناونیشانی شوێنەواری جوغرافیايی و مێژوويی چەند شوێنی کوردەواريدا بەرچاو دەکەوێت، وەکوو شاخی وێسووتەڵەشن و چنارەکەی وێسووياسکەلە لە زێران، قەڵای وسوو ئاسکە لە دەربەندی زمکانی لای ڕانیە، ياگەو وێسوو ياسکە لە مەڵەخوردی زەڵم، کانی خان ئەحمەد خان (شوێنی لادانی خان و يۆسف ياسکە) لە ئاوايی بەلەبزانی لای نەوسوو، شوێنی زيندەبەچاڵی يۆسف ئاسکەی بەرانبەر تەختی خان ئەحمەد خان لە زەڵم و گۆڕی وێسوو ياسکە لە شاخی کۆساڵان.
وێنەی بەڕێز کاک ئیرەجی مۆرادی لەگەڵ مامەشوانە کاک ئەحمەدی مۆحەممەدی لە ئاوایی تفڵی
جیا لەمانە بۆخۆی خەڵکی دوو گوندی زێران و هانۆڵان لای جوانڕۆ خۆیان بە وەچەی ئەو شاعیرە دادەنن. کاک ئیرەج سەردانی ئەو دوو گوندەی کردووە و شەجەرەی هەموو ئەو بنەماڵەیە نووسیوە و هەر لە میرزا موحەمەدی بەختیاری تا منداڵی ئێستا کێشاویەتیەوە.
گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی یۆسف جۆراوجۆرە. لە ئاواییەکانی سلێن و دێوەزناوی هەورامان هەم کە جۆرێتر لەو چیرۆکە هەیە، دەگێڕنەوە: کاتێ خان ئەحمەد خان لەگەڵ کڵاوزەڕ و دارودەستەيەکی قزڵباش لە ئەسفەهان دەگەڕێنەوە، هەڵۆخان ئەو هاوسەرگیری و دۆستايەتی و خاوبوونەوەی کوڕەکەی بەرامبەر بە ڕێباز و ئايینی قزڵباشەکانی بەلاوە خۆش نابێ، خان ئەحمەد خان زۆربەی کاتی بە ڕاوياری، مەستی و ڕابواردن بەسەر بردووە. کڵاوزەڕ بەو کارەی هاوسەرەکەی خەم و تەم دايدەگرێ، نامەيەک لە باسی چیرۆکی ژيانی خۆی و حاڵی مێردەکەی بۆ شاعەباس دەنێرێ. [وەختێ دەبینێ هیچ ئەنجامی نییە ئەويش] دڵ ئەداتە داوی جوانخاسی دەنگخۆشی کوڕێکی جوان بە ناوی يۆسف و جارجارە لە حەرەمسەرا دەستی لەگەڵ تێکەڵ دەکا. بەرەبەرە ئەو باس و دڵداريیە دەگاتە ماڵ و کۆڵانان و دەبێتە گۆرانی و بەيتی خۆشی سەرزاران. باسەکە بەرگوێ خان دەکەوێ. يۆسف بۆخۆيشی لەبەر جوانی و زاڵبوونی دڵداريەکەی هەندێ شێعر و گۆرانیی کە بۆ کڵاوزەڕ داناوە، بۆ هاوڕێیەکانی ئەخوێنێتەوە. شەوێکیان کە خان ئەحمەد خانیش لە کۆڕی بەزمی قەڵادا ئامادە دەبێ يۆسف ئەو شێعرانە دەخاتە ناو گۆرانیەکانی. ئیتر بەوە خان لە گومان و دەنگۆکە دڵنیا دەبێتەوە. ئەگەرچی زۆريش خۆشی هاتووە لە جوانی و دەنگ و بەزمی يۆسف. درەنگانی شەو بانگی دەکا و دەيخاتە ژێر لێپرسینەوە. ئینجا لەسەر ديواری قەڵاکە ملی دەکاتە پەتەوە و لاشەکەی لە توێی ديوارەکە دەشارێتەوە. بەيانی کە ڕۆژ دەبێتەوە کڵاوزەڕ هەواڵی کوشتنی يۆسف دەبیستێ. چەند ڕۆژان لەگەڵ مێردەکەی شەڕ و ناخۆشی دەکا. دواتر کڵاوزەڕ هەوڵ ئەدا خان دەرمانداو بکا. يەکێ لە کارەکەرەکانی پێی دەزانێ و نەخشەکە دەگێڕێتەوە بۆ دايکی خان. پاش ئەوە ئیتر خان ناوێرێ نزيکی خواردن و خواردنەوەی دەستی کڵاوزەڕ بێتەوە. باسەکە دەگاتەوە گوێی شاعەباس. ئەويش کڵاوزەڕ بانگ دەکاتەوە بۆ دەربار. خانیش بە تەرز و ئامادەکاريەکی شايستەوە دەينێرێتەوە بۆ ماڵە باوانی. لە سەرچاوە و گێڕانەوەکانیتر وا باس دەکرێ يۆسف ياسکە لە زيندانی قەڵای زەڵمدا بەند دەکرێ و دوايی بە زيندەبەچاڵی دەکوژرێ.
وێنەیەک لە گڵکۆی وێسۆیاسکە.
بەڵگەکان زۆرن کە بیسەلمێنن یۆسۆ یاسکە شاعێر بووە. کاک ئیرەج زۆر بەوردی لە وتارەکەی باسی کردووە. دواتر ئیشەڵا له دیوانەکەشدا بەچاپ دەگەیێت کە ئەمە چەند نموونەیێ بچووکن لەو بەڵگانە:
مەلا عەوەزعەلی ئەلشتەری لوڕستانی لە شێعرێکیدا سەبارەت بەو شاعیرە نووسیويە:
زەيد عەلی وە جاف نەجەف وە کەلهوڕ
يۆسف ياسکە ژ کووی کەماڵ پوڕ
مامۆستا ساڵحی لە کتێبی سرود بادیه ئاوای ناساندووە:
يۆسف ياسکە ئەسڵ جافانم
دايم جە مەڵمەی سینەسافانم
قەڵای پیرباڵێنان
یۆسف ياسکە لە سەردەمی شاعیرانێک وەکوو حاجی ئەڵوەند، عەزيزۆڵا جاف، نەريمان جوانڕۆيی و مەلا موستەفا بێسارانی ژياوە.
لە سەردانەکەی کاک ئیرەج بۆ زێران چەند چیرۆک و گێڕانەوەی لە یۆسف یاسکە تۆمار کردووە: کەژی چڵەی مەڵەکشا و سۆڵە و کەڵیەمار (شوێنی ڕاوی خان ئەحمەد و يۆسف ياسکە)، چنارەڕەشەکەی وێسووياسکەلە يا چنارەکەی وێسووتەڵەشن (شوێنی ڕاو و وچانی يۆسف ياسکە)، تلەکەوە لە دەشتی شێخ زەينەڵ (شوێنی ماڵی يۆسف ياسکە)، کووڵی شێر (شوێنی شەڕی شێری بێشە و يۆسف ياسکە)، بەردەکەوەی لای چۆمی لێڵەی بەرماڵی زێران (شوێنی بەستنەوەی ئەسپە کەووگ و تاڵەشەڵی يۆسف ياسکە و کوشتنی شێری بێشە) و کانی هانۆڵان (هەوار و بنکەی يۆسف ياسکە). لەو ئاوايیە هەر سێ خێڵی ياروەيس، خدروەيس و عەلیوەيس خۆيان بە وەچەی يۆسف ياسکە دادەنن. واتا ئەو سێ کەسە کوڕانی يۆسف ياسکە بوون و دوای مردنی باوکیان لە زەڵم گەڕاونەتەوە بۆ زێران. کاتی خۆی میرزا موحەمەدی بەختیاری باپیری يۆسف ياسکە کاتبی ديواخانی قوباديیەکانی کۆنەشاری دڕنە بووە. دواتر يۆنسی کوڕی چووەتە قەڵای پاڵنگان و لەلايەن هەڵۆخان کراوەتە کارگێڕی مڵکی ناوچەی ڕوانسەر و بێڵەوار. هەر بۆيە هەندێ يۆسف ياسکە بە بێڵەواری دەناسن.
سەبارەت بە میرزا موحەمەدی بەختیاری هەندێک لە خەڵکی زێران لەسەر ئەو باوەڕەن کەخەڵکی ناوچەی بەختیاری بووە. هەندێکی تر دەڵێن ناوی موحەمەدی بەختیاری يا موحەمەد کوڕی بەختیار بووە و سەر بە تیرەيەکی جافەکانی دڕنە و دەرەتەنگە. کاک شەهاب کە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و هەماهەنگی وتووێژەکان هاوڕێیەتی کاک ئیرەجی کردووە، کۆلکەی بنەماڵەيی بەم شێوەيە: شەهاب کوڕی فەرەج کوڕی موحەمەد ساڵح کوڕی مەجید کوڕی نادر کوڕی ياروەيس کوڕی يۆسف کوڕی ياروەيس کوڕی موستەفا کوڕی ئیسحاق کوڕی ياروەيس کوڕی يۆسف ياسکە کوڕی يۆنس (يا ياسین: ناسراو بە میرزا وێسکەلە) کوڕی میرزا موحەمەدی بەختیاری.
خاڵێکیتر پێوەندی یۆسف یاسکە و مامۆستا بێسارانییە. بەپێی دوو شێعری ئەو دوو شاعیرە بۆمان دەردەکەوێ کە لەسەر ڕاسپاردەی يۆسف، کەسێک چووەتە زيارەتی بابا شێخی بێساران. ئەوکاتە مەلا مستەفا ناسراو بە مەحزوونی لە بێساران ژياوە. زيارەتکارەکە موراد و نیازی دڵی بەدی نەهاتووە يا نەخۆشییەکەی چاک نەبووەتەوە، يۆسف گلەیی و بناشتی لە مەحزوونی کردووە. لە ڕووی بەکارهێنانی وشەی لەيل و دەستەواژەی دڵدارانەی ناو شێعرەکە، وێدەچێ ئەو کەسە دڵبەر و دڵداری يۆسف ياسکە بووبێ.
یووسف یاسکە ئەفەرمێ:
جە بێساران ماڵ، جە بێساران ماڵ
یا «پیر باباشێخ» جە بێساران ماڵ
ئاما وەستانەت، لەیلێ وە مەلاڵ
نەگێرتەت قیمەت قەدر دانەی لاڵ
جە بارگەی «بابا» نەگێرتش وایە
سۆرمە و سەندەلش گشت شی بە زایە
لەیلێ بە ناخوون مەکەندش خاڵان
سەیلی ئەسرینش لای سەمەند باڵان
ئەسرینان مەیان وە جایی تێخدا
مەتکیان وە قەبر «باباشێخ»دا
«مۆستەفا» وادەی هەزار و ئەندەن
جە «پیرباباشێخ» هیمەت نەمەندەن.
کە مامۆستا بێسارانیش بەم شێوەیه وڵامی داوەتەوە:
یۆسف کەم نیەن، یۆسف کەم نیەن
جە بارگەی «بابا» هیمەت کەم نیەن
نە زەدەی دێـــوەن، نە سای پەریەن
لەیلێ جە جامدا زوڵفی وێش دیەن
زوڵفی وێش بیەن شنیان وە ڕووی خاڵ
جە سای زوڵفی وێش، پێش یاوان مەلاڵ
جاڕ دام بە دێوان تەمام سەرزەمین
یە سای گیانەن یاوان بەو جەمین؟
دێوان گشت حاشا، ئێمە بێ تاوان
جێمە زەرەرێ بەو خاڵ نەیاوان
لەیلێ ساداریش جە زوڵفی وێشەن
خەتای «باباشێخ» بێساران چێشەن؟
هیمەتت بەو کەس بیناکارانەن
سەرمایەی سەودای دەردەدارانەن
تێبینیتر لە ژیانی ئەو شاعیرە، باسی پێگەی یاسکەی دایکیە لە چیرۆک و بەسەرهاتی و هەروەها باسی شێعرەکانی. ئێستاکەش لە هەندێ شوێنی کوردەواری ناوی ياسەمین بە ياسکە و ئاسکە دەگۆڕدرێت. ئەوسا کاتێ باوکێک مردووە و کوڕی ساوای لێ بەجێ ماوە، زۆر جار بە ناوی دايکیەوە بانگ کراوە. ديارە کە باسی يۆسفیش وەهايە و بە ناوی ياسەمەنی دايکیەوە ناسراوە. خاڵی گرينگ ئەوەيە لە ڕووی ئەو شێعرانەی ياسکە وامان بۆ دەر ئەکەوێ کە کەسێکی خوێندەوار و شارەزا بووە. هەروەها دەتوانین ياسکە بە دەسپێکی يەکەم ژنی کورد لە شاعیريدا دابنین کە بەم پارچە شێعرە پاڕانەوەيەکی بێوێنەی بۆ میری مەزن داناوە:
يەک سەری مووتەن، يەک سەری مووتەن
دوو جیهان بەهای يەک تايی مووتەن کەعبەی مورادات مەقسوودات ڕووتەن
قیبلەی موئمینان تاق ئەبرووتەن
لە دوو شێعری ديکەدا وەک ئەوە دەچێ ياسکە لە دەرەوەی زيندان داوای يارمەتی و ئازادبوون و لێخۆشبوونی بۆ يۆسفی کوڕی کردووە. بەڕاشکاوی ناوی زيندان، بەند، زنجیر، تەوق، تاريکی و زوڵمات دەبا کە هەموو پێوەندی بە کەسێکی زيندانییەوە هەيە:
يا شا ڕەها بۆ، يا شا ڕەها بۆ
میرزام جەی بەندە بە زوو ڕەها بۆ
سپەردەی دەوای قەديمنما بۆ
دەستش بە دامان ئیمام ڕەزا بۆ
ئەخی حاجەت واز بکەرۆ حاجەت
بە سەر سايەش بۆ سای دەست
یا ئەڵێ:
ياسکە ياوا یاسکە یاوا
بای شەماڵ نامەت ياونا و ياوا
عەرزەی ناڵانت تەوەن پێ تاوا
پەردەی دەروون پێی شەق بی شکاوا
وەنەت مالووم بۆ نوور ديدەی من
مايەی زيندەگی بەرگوزيدەی من
مەلا عومەری زەنگەنە ناسراو بە ڕەنجووری (١١٦٤-١٢٢٢کۆچی) لە شێعرێکیدا ناوی ژمارەيەک شاعیری کۆن و سەردەمی خۆی هێناوە. وەک خۆی وتوويە ئەوانە ناودار و ناسراون، وەکوو مەلا مستەفای بێسارانی، خانای قوبادی، يۆسف ياسکە، مەلا نەجەف و تاد.
زانیاریەکانی ئەم یاداشتە ڕاستەوخۆ لە وتارەکەی کاک ئیرەج لە گۆڤاری زانکۆی سلێمانی و هەروەها ئەو شتانەی ڕۆژی گەشتەکە لەسەر مەزاری شاعیر باسی کرد، وەرگیراوە.
لە کۆتاییدا سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێزان کاک هووشەنگ غەنییان لە تفڵی، دکتۆر دارا ئازادواری تفڵی و کاک ئەحمەدی موحەممەدی ناسراو بە ئەحای حاجی سادق و ئەحمەدی قادری لە بنۆڵ دەکەین کە هەر یەک بە جۆرێ یارمەتیدەرمان بوون بۆ دۆزینەوە و نیشاندانی ڕێگای ئەو مەزارە و هەروەها سپاسێ تایبەت بۆ بەڕێز سەیید کەمالی ئیبراهیمی تفڵی.
سەرچاوەکان:
ــ شاخەوان سدیق، ئەدەبیاتی هەورامی و چەند باسێک، (وتاری:)، وتارەکانی کونگرەی ئەدەبی هەورامی لە هەڵەبجە، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی،
ــ مورادی ئیرەج، هەوڵێک بۆ نووسینەوەی ژیان و بەسەرهاتی یۆسف یاسکە، بەرگی ٦، ژمارە ۳، گۆڤاری زانکۆی جیهانـسلێمانی، حوزەیرانی ۲۰۲۲، لاپەڕە: ۶۰ـ۹۱
ــ زانیاریە مەیدانیەکان لە بەساڵاچووانی تفڵی و بنۆڵ
آدرس کوتاه خبر: