ئەگەر سەیری شێوازی ڕێنووسی کوردییەکەشی بکەین، دەبینین ڕێنووسێکی تەواوی بێ ھەڵە و کەم و کوڕییە و زمانەکەشی تەواو پاراو پەتی و ساف و بێگەردە کە فێری وانەیەکی بەرزی خۆشەویستیمان دەکا.
گەشتێک بەناوی ژیانە ئالۆزەکەی پەشێودا
هیچ مێژوونووسێکی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی ناتوانێ هەروا ڕاگوزەر و خێرا و بەبێ هەڵوەستەکردنێکی جددی بەسەر کار و بەرهەمەکانی پەشێودا تێبپەڕێ.. ئێوە هیچ شەمەندەفەرێکی ئێکسپرێستان دیتییە لە وێستگەکانی بەرلین و پاریس ڕانەگرێ؟ شیعرەکانی پەشێو یەکێ لە پایتەختە گەشاوە و درەوشاوەکانی شیعری کوردین.
_شیعرەکانی پەشێو باخێکی گەورە و فراوانن، لەناو ئەو باخەدا بەدوای ژن، عەشق، نۆستالیژیا، هاواری یەکسانی، هەوای ئازادیی، بۆنی خاک، ڕۆحی نەتەوە، باهۆزی بەرگریی، ڕەخنە، لیرک و گۆرانی، غوباری غوربەت، دروشم، هەڵچوون و بورکان، هەڵوێست، ژیان و مەرگدا بگەڕێیت دەیدۆزیتەوە.
_نەوەیەک بە شیعرەکانی پەشێو شیعریان خۆشویست و لەژێر کاریگەری شیعرەکانی ئەودا شیعریان نووسی.. بۆ ئەوان پەشێو باوکە، باوکی ڕۆحیی شیعر.
_بە کورتی: پەشێو لۆگۆیێکی زێڕینە بە سینگی شیعر و زمان و ئەدەبیاتی کوردییەوە و منیش وەک خۆم بەقەد درێژایی ڕێگەی نێوان (بێرکۆت) و مۆسکۆ تا تەڕابلوس و هێلنسکی و لەوێشەوە تا قەڵای هەولێر ڕێز لە داهێنان و بەرهەمەکانی دەگرم و بەقەد هەموو چرکەکانی ئەو 77 ساڵەیش کە ژیاوە و ئەوەیش کە دەژیێ، پێویستە کوردستان شانازیی بە کار و بەرهەمەکانی بکا.
چەند چەمکێکی شێعری پەشێو ..
زمان و دەربڕین: پەشێو ھەر لە سەرەتای نووسیندا وەک مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و پێگەیشتوو و ھەست کردنی بە دابڕانی نەتەوەکەی لە بواری فیکریی و ھونەریی و کاریگەریی ڕوانگییەکان ھەوڵیداوە بە زمانێکی کوردیی پەتی و ڕەوان شیعر بنووسێت.
ئەگەر سەیری شێوازی ڕێنووسی کوردییەکەشی بکەین، دەبینین ڕێنووسێکی تەواوی بێ ھەڵە و کەم و کوڕییە و زمانەکەشی تەواو پاراو پەتی و ساف و بێگەردە کە فێری وانەیەکی بەرزی خۆشەویستیمان دەکا بۆ ھۆزان و ڕێنووسی کوردی و خزمەتێکی یەکجار نایابیشی پێشکەش بە ئێمە کردووە.سادەیی پەیڤ و گوزارشتەکانی پەشێو، بەرھەمی خاکەڕایی و سادەیی خۆیەتی، کە وەک خۆیشی دەڵێ: ئەو ھەمیشە سادەیە وەک ڕەنگ و ناوی نیشتمانەکەی.
ناوی شێعر: ڕۆڵی گەورەی «ناو» لە پرۆسەی گەیاندنی مەبەستدا، یەکێ لە تایبەتمەندییە دیارەکانی شیعری «عەبدوڵلاپەشێو»ە. لەبەر ئەوەی شیعرەکانی پەشێو کورتن ئەرکێکی جیاواز لە ناسنامەی شیعری بە ناو ئەسپێردراوە. پەشێو ھەوڵیداوە بەشێکی ھەرە زۆر لە ئەرکی گەیاندنی ویستی ناوئاخنی شیعر بخاتە ئەستۆی ناوەکەی. ئەمە ئەگەر نا بە سەرجەم شیعرەکانییەوە، بە زۆربەیانەوە دیارە.
نوستالژیا: جار و بارە نوستالژیا تێکەڵ ئاوات دەکرێت و وەک حەسرەتی دوورکەوتنەوە لە وڵاتێک یان دۆخێکی خەیاڵی کە لە واقیعدا بوونی نییە و تەنیا لە خولیای شاعیردا ھەیە وەک ئەوەی بکرایە ھەبێت – لە لای شاعیر خۆدەردەخات. وێلادیمیر ناباکۆف پێی وابوو «ھونەر حەسرەتێکە بۆ لەکیسچوونی جوانییەکان». بەشێکی زۆر لەم حەسرەتە ئەو لایەنە دەگرێتەوە کە شاعیر خەمی ئەوە دەخوات کە ئەو تەمەنەی وا ڕابرد ئەگەر وەک دەمھەویست وا ڕادەبرا چ دەبوو؟ ئەم چەشنە نۆستالژیایەیە کە بۆتە ھەوێنی زۆربەی شیعرە حەسرەتاویەکانی پەشێو.
ژن: ژن لەناو شیعرەکانی پەشێودا نە ھونەرە و نە شیعرە و نە خەونە، بەڵکو لە ھەموو ئەمانە بە گەورەتری دەزانێت، دەیکاتە ڕیالیتێ و ھەر لەم ڕێگایەشەوە ژن دەچێتە سەر ڕاستییە مرۆڤایەتییەکەی خۆی.لە ئەدەبیاتی کوردیدا پەشێو لە ڕیزی پێشەوەی ئەو شاعیرانەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی ژنەوە بەختەوەری دروست بکات، یان بەردەوامی بدات بە ژیان. کاتێک شێعرەکانی پەشێو دەخوێنیتەوە لە بەردەم زیاتر لە ژنێکدا دەوەستیت و ئاشنا بە چیرۆکێک دەبیت، کە زۆر جار شێعرەکان حیکایەتئامێز دەیگێڕنەوە
ڕاستگۆیی: بڵێی چ شتێک بووبێتە ھۆی ئەوەی پەشێو ئاوا جێی خۆی بکاتەوە و دڵ و دەروونان داگیر بکا؟ پێم وایە کلیلی دەرگەی ئەو ڕازە ئەوەیە کە شێعری پەشێو کانی و کانیاوی عاتیفە و ھەستێ بێخەوش و سەداقەتی لە ڕادەبەدەری لێ ھەڵدەقوڵێ، کەچی شێعری زۆربەی شاعیرانی ئەوڕۆی ئێمە وشکەڵانێکی کاکی بە کاکییە، شاعیر کون بە کون لە بیسەرێک دەگەڕێ پەشێو ڕاستگۆیانە لەگەڵ بەردەنگەکانی دەدوێ و ڕەنگە ھەر بۆیەش بێ کە حەشیمەتی دنیا تایبەتییەکەی ھەر دێ و زیاتر و زیاتر دەبێ. جەماعەتێک کە ڕەخنەی شاعیرەکەیان بەدڵە و پێیان وایە لە گەرووی ئەوانەوە دێتەدەر. بەڵگەی ئەم سەداقەتەش لە زوربەی ھەرە زۆری شیعرەکانیدا دەبیندرێ.
شارستانییەتی: لە کاتێکدا پەشێو لەناوەوەی «شارستانییەتی»ی ڕۆژئاوادایە، کەچی شیعرەکانی بە ھیچ شێوەیەک بۆنی ئەم شارستانییەی لێناێیت و لێی دوورکەوتۆتەوە و تەنانەت ڕەخنەشی لێگرتووە، بۆیە کەم شاعیر ھەن لە جیھاندا لەسەر دوو ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا شیعری بەرز بنووسن، ئەم کێشەیە کێشەیەکی جیھانییە، تا ئەمڕۆش ھەروایە.
ناسیونالیزم: پەشێو شاعیرێکی ناسیونالیست و نیشتمانپەروەرە و ھەر وەک زۆر چەلان لە وتووێژەکانیدا دەریبڕیوە، ڕێبواری ڕێگای شاعیرانی نەتەوەخوازی کورد «ئەحمەدی خانی
(١٧٠٦–١٦٥٠) « و حاجیقادی کۆیی (١٨٩٢–١٨١٥) یە.
کوردایەتی: پەشێوی شاعیر سەوداسەرێکی ڕاستەقینەیە و شێعرەکانی تاجی شانازی ئەدەبی شۆڕشگێڕی ڕەسەنن و بەگیانی کوردایەتی گڕ و کڵپە دەسەنن و مەحاڵە دابمرکێنەوە. بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە بابەت، شەقڵ، ھزر، ھەوێن و کەرەسەی ھەمیشە ئامادەکراو و لەبیرنەکراوی شێعرەکانین.
شێعری سیاسی: ڕەنگە لە شاعیرانی ھاوچەرخی کوردەواریدا کەس بەقەد «مامۆستا ھەژار» و «عەبدوڵڵاپەشێو» ئاوا بەزەقی قامکی لەسەر پەلەپیتکەی چەکی شیعر نەترازابێت. بە چاوخشاندنێک بەسەر کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی ئەو شاعیرانەدا باش دەردەکەوێت کە بێدەسەڵات بوون لە بواری شاعیرێتیدا وای نەکردووە ئەم لاڕێبازە ھەڵبژێرن، چونکە لێرەولەوێی دیوانەکانیاندا شاکارە شیعری وا خۆ دەنوێنێ کە بۆ دەسەڵات و نەمرییان بەڵگەیەکی سەلمێنەرە، بەڵام ئەوە ژانی ھەستکردن بە لاڕێداچوونی مێژووی گەلەکەیانە کە لێیان بۆتە بەرەژانی شیعر و وازی پێ لە چوونە ناخی خۆوە و خەریکبوون بە ڕۆحی خۆ ھێناون و فڕێی داونەتە ناو گێژاوی ئەو ژاوەژاوەی کۆمەڵگەی پێدەچەوسێنرێتەوە.
دوازە وانە بۆ منداڵان: پەشێو شیعری دوازە وانە بۆ منداڵان بە خاڵی وەرچەرخانی خۆی دەزانێ و دەڵێ: «چارەنووسم چ وەک شاعیر، چ وەک مرۆڤ، چ بە لای باشەدا، چ بە لای دەرد و بەڵای دنیادا، تا ڕادەیەکی زۆر دەرئەنجام و داڕشتەی ئەم شێعرەیە. دەمەوێ بڵێم: ئەگەر ئەم شێعرەم نەنووسیبا، کە نووسیشم جاڕم نەدابا و ڕووبەڕووی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەوان ڕۆژان نەبایامەوەچارەنووسێکی دیم دەبوو.»
سەربازی ون: تەنیا شاعیرێکی کوردی سەردەم، کە ناوی لە زانستنامە (٥) بەرگییەکەی «دایرەتولمەعاریفی نوێ»ی «عەبدولحوسێن سەعیدیان» ـ لێکۆڵەری ئێرانی ـ دا ھاتووە، عەبدوڵڵا پەشێوە. لەگەڵ وەرگێڕانی شیعری بەناوبانگی «سەربازی ون»ی پەشێو، دەڵێ: «پەشێو، خۆی گوتەنی، شاعیری ھەرێمی سەربازە ونبووەکانە. ئەو شوێنەی کە ھەموو ڕۆژێک ھەزاران حەماسەی سەرھەڵداوی خوێنی لێ دەبێتە مێژوو و ھەر سروودێ دەبێتە ئاڵایەک.»
درامای شیعری: پەشێو بۆ دروستکردنی درامای شیعرەکانی ھونەرمەندانە سوود لە ڕەگەزەکانی دراما وەردەگرێ و بە ئاسانیش دەریدەبڕێ، ئەگەرچی جاری وا ھەیە ڕەگەزەکانی دراما یا نیشانەکانی بەڕووکەشی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لەناو ڕستە و مانای گشتی و دیالۆگ و کێشمەکێشی ناوەوەی دەقەکەدا وەک دەقی درامائامێز خۆیان دەدەنە خوێنەر و لە گوتاری مانادا بونیادی دەقێک دروست دەکەن کە ئەو ڕەگەزە درامیانە ئیش بۆ دەلالەت و ئیحاو ھێما و ھۆشیارکردنەوە و مانای دەقەکان دەکەن و لە دواجاردا شتێک لای خوێنەر جێدەھێڵن و لەھەمان کاتیش ئەم شیعرە درامائامێزانە لیریکییەتی شیعرەکانی کەم دەکەنەوە و پەیامی شاعیر دەبەخشن.
فەلسەفەی مردن: بەپێچەوانەی سوکرات و حەللاج، کە بۆ زیندووبوونەوە خۆیان ئامادەکردبوو، باکیان بە مردن نەبوو و پێیان وابوو زیندوو دەبنەوە، ڕامانی پەشێو بەرامبەر بە فەلسەفەی مردن وەک ھی ئەپیکۆرییەکانە، کە ترسی مردن لایان ھیچ واتایەکی نییە. ئەم بە ئاگایی و ھۆشیارییەی پەشێو لەمردن جۆرە بەرگرییەک و گەشبینییەکی بۆ ئەفراندووە. ھەر ئەم ئاگاداربوونەشە لەڕاستیی مردن ناھێڵێ تووشی خەمۆکی و «ڕەشبینیی شۆبنھاوەرانە» بێ.
ژیانی پەشێو
پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی «بێرکۆت»ی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە (ئەو گوندە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ھەولێر). باوکی مەلای گوندەکە بووە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ھەر زوو ماڵاوایی لە دنیا دەکا، پەشێو دەڵێ: «مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی «خالیدیە بە عەرەبی دەمخوێند». ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نووسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی «ھەولێر»دا بڵاو دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ساڵانەدا دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و لە ڕۆژنامەی «الاخبار – دەنگ و باس» شیعر بڵاو دەکاتەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئەودەم ھەفتانە لاپەڕەیەکی بۆ کوردی تەرخان کردبوو. ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا دەکا و ھەر ئەو کاتەش «بتی شکاو»ی بە چاپ گەیاندبوو، ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری «سەربەخۆیی خوازی» بکا. ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی «کەنداڵ»ی دەشتی ھەولێر دەبێ بە مامۆستا.
کۆتایی ئابی ١٩٧٣دا، بەھەوڵی چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردستان، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەوسای یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەیدا ساڵح یووسفی، زەمانەی خوێندن لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران وەردەگرێ و ئیدی بەرەو وڵاتی پوشکین و گۆگل و تۆلستۆی دەڕوا. ساڵی ١٩٧٩ ماجستێری وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لە زانکۆی Maurice Thorez لە مۆسکۆ وەرگرت. ھەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێ کۆمەڵە شیعری «شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم» لە ڕێی کاک محەممەدی مەلا کەریم ساڵی ١٩٨٠ لە بەغدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٨٤ دوکتۆرای ئەدەبییاتی وەرگرت کە تێزەکەی لەسەر شاعیر و نووسەری گەورەی کورد پیرەمێرد بووە. ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لە زانکۆی ئەلفاتیح (بە عەرەبی: جامعة طرابلس) لە لیبیا مامۆستا بوو. پەشێو لە ١٩٩٥ەوە دانیشتووی شاری ھێلسینکی وڵاتی فینلاندە. پەشێو جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و ئالمانی زۆر باش دەزانێ و وەرگێڕدراوەکانی لەسەر پووشکین و ویتمەن بەڵگەی لێھاتوویی و بەتوانایی پەشێو نیشان دەدا لە وەرگێڕاندا.
پەشێو یەکەم ھۆنراوەی لە ١٩٦٣ و یەکەم کۆمەڵە شیعری لە ١٩٦٧ بڵاو کردوەتەوە.
فرمێسک و زام (١٩٦٥–١٩٦٧)، چاپی یەکەم لە کەرکووک ١٩٦٧
بتی شکاو (١٩٦٧–١٩٦٨)، چاپی یەکەم کەرکووک ١٩٦٨
شەونامەی شاعیرێکی تینوو (١٩٦٨–١٩٧٢)، چاپی یەکەم بەغدا ١٩٧٢
دیوانی براکوژی، چاپی یەکەم ھەولێر ١٩٩٤
دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێکی قەدەغە (١٩٦٩–١٩٧٣)، چاپی یەکەم بەرلین ١٩٩٧
شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم (١٩٧٣–١٩٧٩)، چاپی یەکەم بەغدا ١٩٨٠
برووسکە چاندن (١٩٨٠–١٩٨٨)، چاپی یەکەم سوید ٢٠٠٠
بەرەو زەردەپەڕ (١٩٨٩–٢٠٠١)، چاپی یەکەم سوید ٢٠٠١
پرێسکەی عاشقێکی زگماک، چاپی یەکەم کوردستان ٢٠٠٦
پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە ٢٠٠٦ ـ (کۆی شێعرەکانی ١٩٦٥ تا ١٩٧٩) ـ ھەولێر
ھەسپم ھەورە و ڕکێفم چیا ٢٠٠٦ ـ (کۆی شێعرەکانی١٩٨٠ تا ٢٠٠٥) ـ ھەولێر
سەوڵم پۆڵا و کەناریش دوور - (کۆی شێعرەکانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٩) - ھەولێر
پەشێو ھەروەھا بەرھەمەکانی چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی جیھان وەک واڵت ویتمەن و پووشکین وەرگەڕاندوەتە سەر زمانی کوردی.
بەشێک لە شێعرەکانی وەرگێڕانی پووشکینی لەم کتێبەدا بڵاو کردۆتەوە:
ئەلێکساندر پووشکین: ژیان و بەرھەمی شاکاری ١٩٨٣ ـ س.م. پێتڕۆف ـ وەرگێڕان: محەممەدی مەلاکەریم و عەبدوڵڵا پەشێو.
ڕاو بۆچوونی نووسەر و ئەدیب و شاعیرانی کورد لە سەر عەبدوڵڵا پەشێو
پڕۆفسۆر دوکتورمارف خەزنەدار (وێژەوان): زستانی باکوور بێ بەفر نابێ، کوردستانی ئێمە بێ گوڵ نابێ، پەشێوی شاعیریش بێ شێعر نابێ. پەشێو توانیویەتی تۆزێ وردەکاریی ڕۆمانتیکی، ھەندێ شیکردنەوەی سایکۆلۆژی، بڕێک وردبوونەوە و سەرنجدان لە تەنگوچەڵەمەی ژیان و دڵداری و بزووتنەوەی نەتەوایەتی بکا بە ھەوێنی شێعرەکانی.
شێرکۆ بێکەس (شاعیر): عەبدوڵلا پەشێو یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد، ھاوتەمەن و ھاوجیلی یەکترین. پەشێو خۆی بە خۆی تەئسیرێکی گەورەی کردە سەر بەشێک لە شاعیران و بەھرەدارانی شاری ھەولێر. دیوانەکانی دواییشی تا ئەوەی ئاخر کە من دیومە، ھیچ وەختێک خاڵی نەبووە لە نما و جووڵەی جوانی شیعری کوردی.
پڕۆفسۆر شوکریە ڕەسووڵ: جگە لەوەی خەڵکی شاری ھەولێرە، بەڵام لە ڕاستیدا پەشێو شاعیرێکی کوردستانییە. ڕاستە پەشێو پەیوەندی بە ھیچ حیزبێکی کوردستانییەوە نییە، بەڵام خوێنی کوردە و عەقڵی کوردە و ھەڵوێستەکانی کوردە. باشترین بەڵگەشم بۆ ئەوە ھەر چەندە ژنێکی ڕووسی ھەیە، وەکوو بیستوومە لای کەسوکاری، فێری کوردییەکی جوانی کردووە و منداڵەکانی فێری کوردی کردووە ئەوەش دەلالەتی کوردایەتی پەشێوە.
کەریم دەشتی (شاعیر): پەشێو ڕۆڵی گاندی بینی لە بەنرخ کردنی خۆی و دەنگی ئەراگۆنی نواند لە بانگەشەی ئازادی و ڕۆڵی «ئێلیۆت»ی بینی لە تازە کردنەوەدا!
سەلاحەددین ئاشتی (نووسەر): عەبدوڵڵا پەشێو شاعیری بۆنەیەکی تایبەت نییە، بەڵکوو شاعیری گەل و نیشتمانەکەیەتی، توانیویەتی لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا جێی خۆی بکاتەوە.
ئیسماعیل بەرزنجی (شاعیر و ڕۆژنامەنووس): پەشێو یەکێک لەو کەسانەیە بۆ ئێمەی ھەولێری، مۆسیقا و جۆش و خرۆشی لە لا دروست کردووین، خۆشەویستی کچ و جوانی ژن و شاخ و گوڵ و فێری کوردایەتی و دروست بوونی ھەڵوێستی کردووین، من دەڵێم پەشێو یەکسانە بە ھەولێر.
ئەنوەر مەسیفی (شاعیر): ئێمەی نەوەی دوای پەشێو بە شانازییەوە تەماشای شیعرەکانی دەکەین، ھەندێ جاریش من خۆم شیعرەکانی دەخوێنمەوە و ناتوانم ئەو جۆرە شیعرانە بنووسم، پەشێو یەکێکە لەو شاعیرە تاک و تەرایانەی کە وەکوو شاعیرێکی جەماوەردۆست خۆی لە کتابی شیعری جەماوەر نووسی، ئەگەر مۆزەیەکی مەڕمەڕی بۆ شاعیرانی کورد دروست بکرێ، دەبێ پەیکەری پەشێویش ھەبێ وەک چۆن بۆ نالی و بابا تاھیر و… ھتد دەبێ ھەبن.
فوئاد محەممەد ئەمین (چیڕۆکنووس): عەبدوڵڵا پەشێو ئەو نەفەسە درێژەیە کە توانی کردار و شیعر ئاوێتەی یەکتر بکا و بەو دەنگە نێرە و بەو وشە جوانانە و بەو تەعبیرە قووڵانەوە شیعر بگەیەنێتە نێو ھەموو ماڵێکی کوردەوە،
شیعری کرد بە چەکێکی بەرگری لە بەرامبەر داگیرکەرانی کورد و وای لە دەسەڵاتدارانی کوردی کرد کە شیعری ئەم شیعرێکی خۆفرۆش و تاس و لووس نییە خۆی جوان کا لە بەردەمیاندا و خۆی ئارایشت بکا تاکوو شوێنێک یا جێگایەکی بدەنێ و لێی بحەسێتەوە، پەشێو کە لە نامۆیی و ھەندەرانیش بووە، خاک و ئەشکەوتەکانی کوردستان و پیرێژنەکانی کۆڵانەکانی ھەولێر و کەرکووکی لە بیر نەچووە، بەڵێ پەشێو، پەشێو نییە بۆ پارە. پەشێو نییە بۆ برسێتی، بەڵکوو پەشێوە بۆ خاک و ئاو و سەربەخۆیی کورد.
ئەو شیعرانەی عەبدوڵڵا پەشێو کرانە بەرھەمی گۆرانی ئەمانەن لەگەڵ ئەو ھونەرمەندەی وتوویەتی
بژار دیلان: شیعری ئاڵای کوردستان
عەدنان کەریم: شیعرەکانی خاتوون و چاوەنواری و دارستانی سووتاو و لەبەر دەگا
مریەم ئیبراھیم پوور: شیعرەکانی لەبەر دەرگا و دڵی من و کێ بێ و نەورۆزی ٧٩
خاڵید ڕەشید: شیعرەکانی لەو ڕۆژەوە لەگەڵمانیت و نیشتیمان و سەربازی ون
عەزیز شاھڕوخ: شیعرەکانی دوازدە وانە و چۆن دەتوانم لەبیرت کەم
تایەر تۆفیق: شیعری لە دەستم دێ
محەممەد جەزا: شیعری لە دەستم دێ
ھەردی سەڵاح: شیعری لە دەستم دێ
ھاوتا ئەسعەد: شیعری دەرگەکەتم لێ بکەوە
مەرزیە فەریقی: شیعری نامە
عەتا قەرەداغی: شیعری جوانی ئەفسوناوی
محەممەد ناتلی: شیعری نامە
ناسر کەریمی: شیعری ساردیت دەمکوژێ
کاروان عوسمان: شیعرەکانی گەر ھاتی بەتەنیا وەرە و سەربازی ون و تۆش بەجێم دێڵی
(فوئاد ئەحمەد) شیعری پەشیمانی
(حسنی زیفایەتی) شیعری گەورە مەبە
نموونەی شیعرەکانی پەشێو
سەربازی ون
دەستکاری
کە وەفدێک دەچێتە شوێنێ،
بۆ سەر گۆڕی سەبازی ون،
تاجە گوڵینەیەک دێنێ.
ئەگەر سبەی وەفدێک بێتە وڵاتی من،
لێم بپرسێ:
((کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟))
دەڵێم:
((گەورەم!
لە کەناری ھەر جۆگەیێ،
لە سەر سەکۆی ھەر مزگەوتێ،
لە بەر دەرگەی
ھەر ماڵێ، ھەر کڵێسەیێ، ھەر ئەشکەوتێ،
لە سەر گابەردی ھەر شاخێ،
لە سەر درەختی ھەر باخێ،
لەم وڵاتە:
لە سەر ھەر بستەزەمینێ،
لە ژێر ھەر گەزە ئاسمانێ،
مەترسە! کەمێک سەر داخە و
تاجەگوڵینەکەت دانێ![٥]
گەنجینە
لەوساوە دنیا دنیایە
ئادەمیزاد ئەشقی گەوھەر، زێڕ و زیوە.
لە پێناویان
بنی دەریا و قوللەی کێوی پشکنیوە.
کەچی من ھەموو سبەینان
گەنجینەیەک دەدۆزمەوە،
کە دەبینم کەزی و بسکت
نیوەی بالیفمی تەنیوە
وەرگێڕانی بەرھەمەکانی پەشێو
شێعری پەشێو بۆ سەر زمانانی تر وەرگێڕدراوە، لەوانە زمانی فارسی. کە بەشێکیان بریتین لە:
کولە بارِ یک عاشق مادرزاد؛ گزیدە اشعار عبداللە پشیو، ترجمە: رضا کریم مجاور، انتشارات مروارید ١٣٨٧
زمانی گڕ (زبان شعلە)؛ شعر دو زبانە عبداللە پشیو، ترجمە: رضا کریم مجاور، انتشارات اتحادیە نویسندگان کُرد، ٢٠١٣
کاشتن رعد؛ گزیدە اشعار عبداللە پشیو، ترجمە: نیروان رضایی، نشر کتاب کولەپشتی، ١٣٩٤
پەشێو خۆشەویستی بۆ مرۆڤ و خۆشەویستی بۆ خاک (نیشتمان)ی لە دوو دیوی تەرازووەکەدا داناوە و لە لوتکەی قسە و هەستەکانیدا تیشکی خستۆتە سەر هەردووکیان. هەمیشە لە شەڕدا بووە لەگەڵ بارودۆخی هەنووکەیی لەپێناو باشترکردنی پەشێو تێڕوانینی ڕۆمانسی و شیکاری دەروونی و کێشە ڕۆحی و خۆشەویستی و خەباتی تێکەڵ دەکات و بنەمای شیعرەکانی لێ وەرگرتووە شاعیرێکی ڕاستگۆ و پابەندە بە میللەت و زۆر ڕێز لە بینەرەکانی خۆی دەگرێت
پەشێو پەیوەندییەکی ڕۆحی بەهێزی هەیە بە زەردەشت و وەک پێغەمبەرێکی ڕووناکی ناوی دەبات، تا ئەو ڕادەیەی کە ناوی تاقانە منداڵەکەی (کچەکەی) ناوە «ئاڤێستا». لە شیعرێکدا بە ناوی «هەولێر لە یەکی شوبادا ا» ناوی کچەکەی هێناوە؛ «... ئاڤێستا لێم دەپرسێ / بابە ! کەسیان دەناسی ؟ لە پڕمەی گریان دەدەم...»
ئەم چەند ڕستەیە کراوە بەفارسی:
اوستا میپرسد: پدر! کسی از ین جمع را میشناسی؟ هق هق گریەام میترکد!
آدرس کوتاه خبر: