نووسین و کۆ کردنەوە: ساسان مۆنفەرێد[بێوەر]سەوڵاو
گوڵجاڕێ لە زانین و تیشکێ لە بڕوا/ حاجی کاکە شێخ سەوڵاوا
بەرە بەرە وەک کەسایەتیەکی بە ئێخلاق جێی خۆی لە دڵی خەڵکا کردەوە و وەک ئۆستادێک کەوتە پێش دیدەی دڵان و له زێدەکەی خۆیدا مەدرەسەی عیلمیه دادەمزرێنێ و خانقاوتەکیەی بەردەوام بووە بۆ پێشوازی لە دەراویش و خزمەتی گشتی لە بەر چاودا بووە.
وێنەیەک لە حاج کاکەشێخ سەوڵاوا
کە ڕوو لە سەوڵاوا دەکەین پیرەپەڵکێ بەتەمەنێ زۆرتر له 750 ساڵ و بەباڵایی بەرزتر لە 30متر لە پاڵی کۆنەمزگەوتێکی میژوویی بەناوی مزگەوتی حاجی کاکەشێخ سەرەنجمان ڕادەکێشن؛ ناوێک پیرۆز کە بووەتە ناوی مزگەوتێک؛ حاج کاکەشێخ سەوڵاوا. کە ئەمە گۆشەنیگایەکە بە ژیاننامەی ئەم کەڵەپیاوەی نیشتمان:
مامۆستا سەیید مۆحەممەدی حسەینی ناسراو بە حاج کاکەشێخ سەوڵاوا کوڕی سەییدحاج شێخ عەبدولفەتاح کوڕی سەیید شێخ عەبدولجەلیل کوڕی سەیید عەبدولکەریمی سەوڵاوایی کوڕی سەییدسڵێمان ئێڵانپێ کوڕی سەیید شێخ موحەممەدی تەڕاتەوەن لە ساڵی 1298ی کۆچی هەتاوی لە داوێنی کۆساڵانی سەربەرزەوە لە مەڵبەندی زانا پەروەری سەوڵاوا لە دایک بووە لە نەتەوەی ساداتی بەرزەنجی دۆڵ پەموو باشوورن.
حاج کاکەشێخ لە منداڵیەوە لەمەکتەبی پڕله زانایی وعێرفانی باوکی ئازیزیا فێری وانەی مرۆڤایەتی دەبیت و پاش ماوەیێ ژیان بەرگی هەتیوی بەباڵایا دەبڕیێت و لە نێعمەتی دایک وباوک بێبەش دەبێ بەڵام ئەو زامە سەختە لە دڵیا بە دڕێژە دان بە ڕێگاکەیان ساڕێژ ئەکا و دەبێتە شاسواری ڕێبازی ئەژدادەکەی و بۆ گوڵمژین لە گوڵستانی زانست ڕوو ئەکاتە مەڵبەندە زاناپەروەرەکان و ساڵەها لەخزمەت مامۆستایان شێخ عەبدولکەریمی سەوڵاوایی، عەبدۆلمەجیدی سەوڵاوایی، مەلا سماییلی بانەیی، سەیید باباشێخی خالدی، سەییدحسەینی تزارەیی، حاج شێخ حسەین گلەیی و... فێری زانستی زۆرتر دەبێ و لەگەڵ مامۆستا مەلا تەیووبی نسڵ و سۆفی موحەممەد مونفەرێد(حەمەشانازنسڵ) و زۆرێک تر لە ناودارانی ناوچەکە دۆستایەتی باش دەبێ و پاشان دەگەڕێتەوە زێدەکەی خۆی و تێکەڵاوی دنیای عێرفان و تەریقەت دەبێ و دەبێتە ڕێبواری ڕێکەڕێگەی مەعریفەت و شۆڕشێک لە ناخیدا هەڵ ئەدا و وەک پەپوولەیەک بەعەشقەوە لە دەوری شەمعی ڕێگای تەرێقەتی قادریەی حەزرەتی عەبدولقادری گەیلانی هەڵسووڕا و ماڵی بوو به ناوەندێ بۆ پەرەپێدانی تەریقەتی قادریه لە ناوچەکە.
نامەیەکی حاج کاکەشێخەکە[ دەستخەتی خۆی] کە بۆ مامۆستا مەلا تەیووبی نسڵی نووسیوە
بەرە بەرە وەک کەسایەتیەکی بە ئێخلاق جێی خۆی لە دڵی خەڵکا کردەوە و وەک ئۆستادێک کەوتە پێش دیدەی دڵان و له زێدەکەی خۆیدا مەدرەسەی عیلمیه دادەمزرێنێ و خانقاوتەکیەی بەردەوام بووە بۆ پێشوازی لە دەراویش و خزمەتی گشتی لە بەر چاودا بووە.
حاجی کاکەشێخ زانست و قوتابخانەی بە بەشێکی زۆر گرینگی ژیانی خۆی داناوە و هەردەم خەڵکی بەرەو فێربوون و خوێندنەوە هان داوە و لە خورافات و نەزانین دووریانی کردووەتەوە.
حاجی کاکە شێخ لە «طب»ی سوننەتی و»طب»ی گیایی دەستێکی باڵای بووە وخوێندن و لێکۆڵینەوەیەکی بەرچاوی لە بۆاری گیاناسی هەبووە و جیا لە نووسینەکانی ئایینی لە بۆاری گیا دەرمانیەکانەوە کتێبی نووسیوە و هەربۆیه وەک حەکیمێکی شارەزا دەواودەرمانی گیاهی درووس کردووە و بۆ نەخۆشەکانێ نواندووە کە زۆرجاران مایەی شیفای دەردەدارانێ بووە کە لە دێهات و شارەکانی تردا ڕوویان کردووەتە دەواخانەی خۆماڵی نێو ماڵەکەی حاجی کاکە شێخ لە سەوڵاوای سەرو.
له حاج کاکە شێخ کتێبێکی ئایینی بەناوی «اهل بیت رسول اللە از دید ما» بەچاپ گەیشتووە و ئەم بەرهەمانەی بەداخەوە هێشتا لەچاپ نەدراون:
1. دفاع از سادات
2. عرفا چه میگویند؟
3. کتاب انساب
4. داروهای گیاهی
5. نقش خاندان برزنجی در تاریخ منطقە
ئەمە نامەیەکی شێخ عەبدولفەتاحە بۆ مامۆستا مەلامەعرووفی نسڵ
بەداخێکی گرانەوە لە ڕۆژی 18ی سەرماوەزی ساڵی 1376ی هەتاوی لە باخچەی ژیاندا گوڵی تەمەنی هەڵدەورێت و تێکەڵ بە کاروانی نەمران دەبێت و لە پاڵی گۆڕی ئازیزانیدا له گۆڕستانی سەوڵاوای سەروو[گەڕەکی شێخان] جەستەی پاکی ڕاسپاردەی خاک دەکرێ.ڕۆحیان شاد وڕێگایان پڕڕێبوار.
پێمانوابێت ئەم شێعرەی خوارۆ مامۆستا مەلا لەتیفی ڕەحیمی قەڵاگا بۆ فەوتی حاجی کاکەشێخ نووسیویه کە بە حەسێبی ئەبجەد کات ومێژووی گیان لەدەستدانی حاجی کاکەشێخ بەیان دەکا بۆمان:
«هجدە آذر هزار و سیصد و هفتاد و شش
آفتاب دانش و عرفان افولش کرد ریش
قلب رهپویان به «لاابن»حضرت مشکاە نور
چونکە بی همراە خصرش حیران زقطع راە خویش
درگذشت قطب اعظم حاج کاک شیخ ما
زخمی بودبر دیدگان زد افعی دوران نیش»
کۆکردنەوە و نووسین: ساسان مۆنفەرێد[بێوەر[
سەرچاوەکان: وتووێژی ساڵانی پێشووم لەگەڵ سەیید بابەشێخی حسەینی و سەید عەبدولقادری حسەینی لە مناڵانی کاکەشیخ
کتێبی «اهل بیت رسول اللە (ص)» نووسینی حاج کاکەشێخ
٭*********
مامۆستا سەیید عەبدولفەتاح حسەینی[حاجی شێخ]کوڕی سەیید شێخ عەبدولجەلیل سەوڵاوایی لەنەتەوەی شێخ عەلی کۆسەی دۆڵپەموو و شێخ مۆحەممەد نۆدهێ(کەسایەتیەک کە لەو سەردەمەدا 48 تەسنیفی بووە)
لەساڵی 1285ه.ق لە بنەماڵەیکی زانا لە دایک دەبێ، بنەماڵەیەک کە ڕوانین بە ڕەچەڵەکیان دەرخەری شانازیە بۆ هەمووان.
شێخ عەبدولفەتاح هەر له منداڵیەوە بوو بە ئاڵاهەڵگری ڕێبازی باب و باپیرانی و قورئان و کتێبە ئایینیەکان لە خزمەتی باوکی ئازیزیا بە ڕێکووپێکی فێر دەبێ (7ساڵ)و پاشان ڕوو دەکاتە حوجرەکانی ئەوکاتی ناوچە و لە ئاواییەکانی گۆشخانی، باقلاوا، سەرووماڵ و ناوچەکانی باشوور و... بە ماوەیی دەساڵ لە خزمەتی مامۆستایانێ وەکوو مەلا عەبدولڕەحمان پێنجوێنی، سەیید حەسەن چۆڕی، مەلاعەلی قزەڵچی و... فێری زانست دەبێ و ئیجازەنامە وەردەگرێ و پاشان دەڕواتە خزمەتی حاجی سەیید کاکە ئەحمەد شێخ کۆڕی شێخ موحەممەد نۆدهی لە سلێمانیه و لەوێ دڵی بە دڵی پیرانی تەرێقەت گرێ ئەدا و پاش ماوەیێ بۆ پەرەپێدانی شەریعەت وتەرێقەتی قادریە ڕوو ئەکاتەوە زێدەکەی خۆی و لەسەر بەرماڵی عێرفان نوێژی ئەمەگدراری خۆی دەخوێنێ و پاشان دەڕواتە بەغداد و لە پاڵی مەزارگەی حەزرەتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بۆاری تەرێقەتەوە پۆختەتر دەبێ و دیسان دەگەڕێتەوە سەوڵاوا و دەبێته خاوەنی دەیان شاگردی تر و لە پاڵی خزمەتکردن بە ئایین بەڕگی کشتیاری دەپۆشێ و ئەویش وەک زۆربەیەک لە بنەماڵەگەلی ئەم وڵاتە بۆ بژیوی ژیانی خەریکی کشت وکاڵ ئەبێت.
وێنەی نووسەر وتوێژەر خوالێخووشبوو سەیید بابەشێخ حسەینی کۆڕی حاج کاکە شێخ سەوڵاوا
هەروا کە لە دەستنووسه بەجێ ماوەکانیانی دیارە شێخ عەبدولفەتاح دۆستایەتیەکی خۆشی لەگەڵ مامۆستا مەلامەعرووفی عەلیزادەی نسڵ بووه و خاوەنی بەرهەمی چاپ نەبووە.
بەداخەوە له ساڵی 1353ە.ق لە سەوڵاوا گیانی ئازیزی بەختی ڕێگاپیرۆزەکەی دەکات و مەزارگەی پیرۆزی لەگۆڕستانی سەوڵاوای سەرۆ دایه.
**شێخ عەبدولکەریم باوای شێخ عەبدولفەتاح بووە و ئەمیش چەشنی ئەژدادی کەسایەتیەکی ناودار وزانای ناوچەکە بووە کە لەخزمەتی باوکیانا [شێخ سولەیمان] فێری زانست دەبێ و پاش مەرگی باوکیان لە ئێڵانپێیەوە بەرەو ناوچەی شامیان بارگەی سەفەر لە کۆڵ دەنێ و لە سەوڵاوا بۆ خزمەت بە ئایین و زانست ژیان بەسەر ئەبات و خزمەت و خۆشناویەکەی دەبێتە وێردی زاری خەڵک.
شێخی گەورە خاوەنی پێنج کوڕ ئەبێ کە لە ئاواییەکانی سەوڵاوا، ئەسکۆڵ، کاڵ سفلی، نژمار، بالک بۆ خزمەت بە ئایین نیشتەجێ ئەبن.
لە ساڵی1283ە.ق چرای ژیانی کوژایەوە و ئەمیش وەک ئەژدادی تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.
هەروەها کە لەکتێبی بنەماڵەی زانیارانی مامۆستا عەبدولکەریمی مۆدەڕێس نووسراوە، شێخ کەریمی سەوڵاوا خاوەن هەستێکی شاعێرانە بووە کە لە شێعرێکا بە پیتی ئەبجەد مێژووی فەوتی باوکی خۆی ئاوەها نووسیوە:
الف و نون و را و غین خوش دلی
سوی جنت شد سلیمان بن محمد علی
یەکێ لە کوڕکانی شێخ عهبدولکەریم، شێخ عەبدولجەلیلی سەوڵاوایە، ناودارێ کە لە ساڵی 1249ە.ق لە دایک بووە و تاساڵی 1320ە.ق ژیاوە کە لە خزمەت باوکی ئازیزیا فێری زانست دەبێ کە لەگەڵ حەزرەتی کاک ئەحمەد شێخ ئامشۆی زۆری بۆوە و پاشان لە شاری سەوڵاۆا چرۆی ژیانی هەڵدەوەرێ.
سەرچاوەکان: دانیشتن لە گەڵ سەیید باوەشێخی حسەینی لە ساڵانی پێشوو و لێدوانێ لە گەڵ سەیید عەبدولقادری حسەینی ئیمام جومعەی سەوڵاوا، هەروەها لاپەڕەی258ی کتێبی بنەماڵەی زانیارانی مامۆستا عەبدولکەریمی مۆدەڕێس.
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان
آدرس کوتاه خبر: