پنج شنبه، 3 اسفند 1402
روژان پرس » اخبار » ئه‌و مامۆستایه‌ی کە بە وتەکانی ژیانی چەند کەسی گۆڕیوه

مه‌رزیه خاکی

ئه‌و مامۆستایه‌ی کە بە وتەکانی ژیانی چەند کەسی گۆڕیوه

0
کد خبر: 1592

ئه‌و مامۆستایه‌ی کە بە وتەکانی ژیانی چەند کەسی گۆڕیوه

عیشق لەنێوان عەقڵ و ئاییندا، ئەم كتێبە یەكەم كتێبی منە و خۆشەویستییەكی تایبەتم بۆی هەیە، خوێنەرانیش زۆریان بەدڵ بووە.
مامۆستا قانع خورشید کێیە؟ بە وتەکانی ژیانی چەند کەسی گۆڕی؟
ناوی تەواوی قانع خورشید ڕەشیدە، نووسەر و ڕووناکبیرە، لە فیکری عیرفانییەت و بیری میانڕەویی ئیسلامی شارەزایە، خاوەنی چەندین بەرنامە و کۆڕ و سیمینارە لەو بوارانەدا.
ساڵی (۱۹٨۲)ـی زایینی لە گوندی شێخ لەنگەری زەنگاباد لە ناوچەی گەرمیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لە قوتابخانەی قانع لە ناحیەی سموود وەرگیراوە و دەستی بە خوێندن کردووە و، ساڵی ۲۰۰۱ قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە قوتابخانەی بەمۆ تەواو کردووە. ساڵی ۲۰۰۱ی زایینی لە بەشی ئیسلامیی کولێژی شەریعەت لە زانکۆی دهۆک وەرگیراوە و، لە دوای تەواوکردنی ساڵی یەکەم، بۆ خوێندن چووەتە شاری هەولێر لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین لەوێ درێژەی بە خوێندن داوە و لە ساڵی ۲۰۰٥دا بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خوێندنی زانکۆ دەهێنێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری زانستە شەرعییەکاندا بە دەست دەهێنێت و هەر لە هەمان ساڵدا لە وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانەی (ئایندەی بنەڕەتی) وەک مامۆستا دادەمەزرێت.
وتنەوەی وانەی عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامی بواری کارکردنی دەبێت و پاش ۹ ساڵ خزمەتکردن لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، بۆ درێژەدان بە خوێندن پەیوەندی دەکات بە کۆلێژی واتە (دانشکدە) ئیلاهییات و مەعاریفی ئیسلامییەوە لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتی ئیران بۆ خوێندنی ماستەر و لە پاش دوو ساڵ بڕوانامەی ماستەر لە بواری (ئەدیان و عیرفان) بە دەست دەهێنێت. ماستەرنامەکەی واتە (پایان نامە) دەرباری (دیدگای کەلامی و عیرفانییەکانی ئەحمەدی خانی) بووە.
مامۆستا قانع خورشید هاوشانی درێژەدان بە ئەرکی پەروەردە و فێرکردن، لە نووسین و لێکۆلینەوە و وەرگێرانیش دانەبڕاوە و، لەم بوارەدا خاوەنی چەندین بەرهە. کتێب و بەرهەمەکانی هەمەچەشنن، بەرهەمی فیکری، ئایینی، فیقهی و ئەدەبی. هەر لە بواری نووسیندا زیاتر لە بیست کتێبی هەیە، گرنگترینیان ئەمانەن:
١- عیشق لەنێوان عەقڵ و ئاییندا
٢- چاوەکانی هۆشمەند
٣- مرۆڤ و پەیامداری
٤- عیشق وەک چەمکێک بۆ ژیان
٥- زۆرخۆری و زۆرخەوی
٦- کەمتەرخەمی
٧- ژیان چییە؟
٨- ئەڤین تەنیا بیانووی ژین
٩- بۆ ئەو گەنجانەی دەچنە زانکۆ و ئەوانەیشی لە زانکۆن
١٠- لە خەڵوەتدا
١١- قومێک ئاوی سارد بۆ گەروویەکی تینوو
١٢- برینی پرسیار و هەتوانی وەڵام
١٣- فڕی فڕی، قەڵ فڕی
١٤- مەلای گەورە کوێخای دیوەخانی هرز و میوانی دیوانی شیعر
١٥- ئەبوو حامدی غەزالی و تێڕوانینی بۆ زانستی کەلام
١٦- ئیستیمنا لەنێوان شەرعزان و پزیشکاندا
١٧- دیاردەی هەڵگەڕانەوە لە دین «بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێناس ئەحمددا»
١٨- دەرکردنی نرخ لە زەکات و سەرفترەدا
١٩- لە شامەوە بۆ شیراز
٢٠- بۆ ئەوانەی وەک خۆمن «پێنج بەرگ»
٢١- تەفسیری مەلای گەورە
٢٢- دیوەکەی تری جەلالەدینی ڕوومی
٢٣- سەلەفییەت، واتا و مێژوو
٢٤- سیستەمی ستەمکاری، سەرهەڵدان و ڕووخانی
٢٥- لەبارەی تەنیاییەوە
٢٦- نووری بوونت لە ئاوێنەی گشت هەبوویەکدا دەبینم
٢٧- گوڵبەهارێک لەم پاییزی عومرەمدا دەڕوێت
٢٨- گەڕان بە دوای مانادا «وەرگێڕان بە هاوبەشی لەگەڵ هاروون ماهووتیدا»،
٢٩- بررسی دیدگاهای کلامی و عرفانی احمد خانی
٣٠- الغيرة، دراسة فی أعماق النفس
٣١- محمد(ص)بين العبقرية والنبوة
دامەزرێنەری «ناوەندی بیری میانڕەو» و «پڕۆژەی بیری میانڕەو»ـە، ئێستا سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاوسانییە بۆ پەروەردە و مەعریفە.سەدان وتار و بابەتی هەمەڕەنگی لە بەشێک لە گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتە ئەلیکترۆنییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، لەوانەیش گۆڤاری لڤین، گۆڤاری خاڵ، گۆڤاری پەیامی ڕاستی و وێبسایتی هاوسانی و هتد... .‎
جگە لە نووسین و وەرگێڕانی کتێب، چەندین کۆڕ و سیمیناری لە بواری فیکری و پەروەردەیی و مەعریفیدا هەبووە و، لە ڕێی چەند پڕۆگرامێکی ڕادیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەوە چەندین وانە، بابەتی فیکری، ئایینی و ئەدەبیی وتووەتەوە و بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار کراون و لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوبدا بەردەستن، بەشێک لەو وانە و بابەتانەی گوتوونیەتییەوە بریتین لە:
١- قەرەزاوی ڕابەری بیری میانڕەو: پڕۆگرامێکی ڕادیۆییە بە زنجیرەباسێک باس لە قەرەزاوی و بۆچوونەکانی دەکات، لەگەڵیدا چەندین بابەتی فیقھی و فیکری تاوتوێ دەکات.
٢- مەم و زینی ئەحمەدی خانی: شرۆڤە و ڕاڤەکردنی کتێبی مەم و زینە، کە ئەحمەدی خانی نووسیویەتی، مامۆستا بەدرێژی و لە دووتوێی زیاتر لە سەد ئەڵقەدا دەقی داستانی مەم و زینی خانی دەخوێنێتەوە و شرۆڤەی دەکات، ھاوکات زۆر بابەتی تری فیکری و ئەدەبی لەگەڵدا باس دەکات.
٣- چەشنی چرا: پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنییە، لە کەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش کراوە، بەرنامەیەکی فیکریی ئیمانییە. مامۆستا بە شێوازێکی نوێ و جیاواز ئیمان وەک چارەسەری دەردەکانی سەردەم دەخاتە ڕوو.
٤- شەرحی ڕیسالەی قوشەیری: بەشەکانی سەرەتای ئەم وانەیە بە دەنگ تۆمار کراون، ڕاڤەی دەقی کتێبی (ڕیسالەی قوشەیری لە عیلمی تەسەووفدا)ـیە، کە کتێبێکە بابەتەکانی ھەموو بابەتی عیرفانی و ئیمانین.
5- منھاج العارفین: زنجیرەوانەیەکی دەنگیی ڕاڤەی دەقی کتێبی (منھاج العارفین)ـە، کە پێشەوا ئەبوو حامیدی غەزالی نووسیویەتی، ھەموو بابەتی عیرفانی و ئیمانیی جوان و قووڵن.
٦- عیوب النفس: زنجیرەوانەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە، مامۆستا دەقی کتێبی (عیوب النفس/نەنگییەکانی دەروون) ڕاڤە دەکات، کتێبەکە باس لە عەیب و نەنگی و نەخۆشییەکانی دەروونی مرۆڤ دەکات و ‎دەستنیشانیان دەکات، باس لە چارەسەر و ڕێگای نەھێشتنی ئەو دەردانەیش دەکات
٧ـ ڕاڤەی المنقذ من الضلال: ڕاڤەی کتێبی (المنقذ من الضلال)ـە، ئەم کتێبە پێشەوا ئەبوو حامیدی غەززالی نووسیویەتی، باس لە ئەزموونی فیکری و ڕۆحیی خۆی دەکات لەگەڵ فەیلەسووفان و ئەھلی کەلام و سۆفییەکاندا.  
٨- مەجالیس: ڕاڤە و باسی کتێبی (المجالس)ـە، کتێبی مەجالیس کۆکراوەی چەند کۆڕ و وتارێکی عیرفانیی پێشەوا ئەحمەدی غەزالییە کە لە مزگەوتی خۆی لە بەغداد بۆ مورید و قوتابییەکانی پێشکەشی کردووە و ئەوانیش نووسیویانەتەوە.
مامۆستا قانع خورشید نووسین و کاری فیکری پیشەی سەرەکییەتی، لە قۆناغی ناوەندییەوە خەریکی نووسین بووە، بەڵام تا ساڵی سێیەمی زانکۆ شتێکی دیار و بەرچاوی نەبووە لەنێو کومەڵگەدا و، ئەوەی هەیبوو بەس بۆ خۆی و هاوڕێ نزیکەکانی بوو، بەڵام کە چوویە زانکۆ دەستی بە بڵاوکردنەوەی کارەکانی کرد.
یەکەمی کتێبی خۆی بە ناوی «عیشق لەنێوان عەقڵ و ئاییندا» لە ساڵ ۲۰۰٤ تەواو کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ کە کۆتا ساڵی زانکۆی بوو، چاپ و بڵاوی کردەوە، کە ئەو کتێبە بووە سەرەتای ناساندنی قانع خورشید لەناو خەڵکدا.
دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی زانکۆ زۆر بەگەرموگوڕییەوە دەستی کردەوە بە نووسینی بەرهەمەکانی و چەندین گەنج و لاوی کۆمەڵگەی بە وتە بەنرخەکانی پێگەیاند، کە ئێستە بەشێک لەو گەنجانە نووسەر و وەرگێڕی بەتوانان.
کتێبی بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن یەکێک لە پڕخوێنەرترین کتێبەکانی مامۆستایە.
هەرچەند لە سەرەتاوە نەبوونی داهاتێکی باش بووەتە هۆکاری گرفت بۆ مامۆستا، هەر وەک خۆیشی دەڵێت: پارەی کەم و زۆر هەمیشە هۆکاری ناڕەحەتین بۆ مرۆڤ.
پاڵپشتە بەهێزەکانی مامۆستا قانع خورشید بریتی بوون لە خێزانەکەی و هاوسەرەکەی، بەتایبەت دکتۆر هێمنی برای.
قانع خورشید لە ساڵی ۲۰۰٦ ژیانی هاوسەرگریی پێکهیناوە و خاوەنی پێنج منداڵە، ٢ کوڕ و ٣ کچ، ناوەکانیان بە ڕیزبەندیی لەدایکبوونیان «محەمەد، دیمە، یووسف، پەروا، میهرا».
مامۆستا لە زاری خۆیەوە دەڵێت: «هەموو کتێب و بەرهەمەکانم وەک منداڵەکانم خۆشدەوێت، بەڵام بە هیچ کتێب و بەرهەمێکی خۆم سەرسام نیم، کات بگەڕایەتەوە زیاتر دەمخوێندەوە و گوێم بۆ کەسانی زانا و ژیر و خاوەن ئەزموون دەگرت، زمانی زیاتر فێر دەبووم، زیاتر لە خزمەتی دایکمدا دەبووم و زیاتر گوێم بۆ قسەکانی دەگرێت. لە وڵاتی خۆماندا زۆر زەحمەتە نووسەری جددی سوودی ماددی لە کتێب ببات، منیش شتێکی ئەوتۆم لە ڕێگەی نووسینەوە دەست نەکەوتووە و، پێیشم قورس نییە. هەرچەندە دەسکەوتی ماددی نەک عەیبە نییە، بەڵکو مافێکی سەرەتایی نووسەران و وەرگێڕانە. ئەوەیش دەزانم کە پەیام باجی هەیە، دەبێت ئامادەی بەخشین بین نەک چاومان لە پارە و ماددە بێت.»
قانیع خورشید خۆی بە بانگخواز دانانێت، بەڵکوو ئەو نووسەرێکە لە بواری چاکسازی فکریدا کار دەکات، هەرچەند خەڵک بە هەندیک وشە دەترسێن، بەڵام بۆ قانع خورشید وشەی بیرمەند گونجاوترە لە بانگخواز.
پڕۆژەی هاوسانی
کارێکی تری قانع خورشید، دامەزراندنی ناوەندی (ھاوسانی)ـیە، لەگەڵ ھەندێک لە قوتابی و ھاوڕێکانیدا ئەم ناوەندەی دامەزراندووە.‎
هاوسانی، ناوەندێکە بۆ پەروەردە و مەعریفە، ئەم دامەزراوەیه‌ چەندین پڕۆژە لە خۆ دەگرێت، سەرەتا لە وەرگێڕانی کتێبەوە دەستی پێ کردووە و پاشانیش ناوەندەکە دەستی بە نووسین و چاپکردنی چەندین کتێبی فیکری، ئایینی، فیقھی و ئەدەبی کردووە، تاکو ئێستایش لە چاپکردنی کتێب بەردەوامە.
لە ئێستادا سایتێکی چالاک و دیاری ھەیە کە لەو ڕێگەیەوه‌ نووسین و توێژینەوە و بابەتی ئەدەبی و فیکری و زانستی و ئایینی و فیقھی بڵاو دەکەنەوە، ئەم سایتە بووە بە بڵندگۆیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و چەندین نووسەری بەتوانا و خامەڕەنگین بابەتی تێدا بڵاو دەکەنەوە و نووسینەکان بەبەردەوامی خوێنەریان ھەیە. ھاوکات ئەم سایتە ھاوکارییەکی باشی گەنجان دەکات تاکوو لەو ڕێگەیەوە نووسینەکانیان پیشانی خەڵکی بدەن و لە جێیەکی شایستەدا دایبنێن.
لەگه‌ڵ ئەم سایتەدا، ھاوسانی پەیج و ئەکاونتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ترلیگرامدا ھەیە و بابەتی جددیی تێدا بڵاو دەکەنەوە.
ئەمە جگە لە کەناڵێکی یوتیوب کە زۆرێک لە وانە و کۆڕ و سیمینارەکانی مامۆستا قانع خورشیدی تێدا بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ڤیدیۆی ئامادەکراو و وەرگێڕدراو لە بوارەکانی ئایین و فیکر و ئەدەبدا، کە ھەموویان بابەتی گرنگ و بەسوودن.
ئەم ناوەندە، جگە لە نووسین و وەرگێڕان و چاپکردنی کتێب، چەندین چالاکیی تری مەعریفیی ھەیە، بۆ نموونە ساڵانە ناوەندی ھاوسانی هەشت کۆڕبەندی ڕێک خستووە کە ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە زۆرینەی شارەکانی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کردووە.
لەم کۆڕبەندانەدا ھەر جارەو بابەتێک دیاری کراوە و بە زنجیرەیەک وتار و سیمینار و چالاکیی جۆراوجۆر قسەی لەبارەوە کراوە. ھەر بابەتێکی ئەو کۆڕبەندانە، لە چەندین ڕەھەندی جیاوازەوە باسی لێوە کراوە، لە ڕووی فیکری و ئەدەبی و ئایینی و زانستی و مێژوویی و تەنانەت پزیشکییشەوە، چەندین مامۆستا و توێژەر و بیرمەندی دیاری کوردستان بەشدارییان لەو کۆڕبەندانەدا کردووە و وتاریان تێدا پێشکەش کردووە.
ئەم کۆڕبەندانە بەشێک بوون لە ھەوڵەکانی ھاوسانی بۆ ھۆشیارکردنەوەی گەنجان، ئەو بابەتانەی قسەیان لەسەر دەکرا، ھەموو بابەتی گرنگی فیکری و ئایینی بوون، ڕوونکردنەوە و قسەکردن لەبارەیانەوە کارێکی پێویست و گرنگ بووە بۆ کاتی خۆی و ئێستا و داهاتوویش.
زۆرینەی وتارەکانی نێو ئەو کۆڕبەندانەیش لە کەناڵی یوتیوبی هاوسانیدا دانراون و دەتوانرێت سوودیان لێ ببینرێت.
قانع خورشید سەبارەت بە تەمەنی پیری لە وتارێکدا ئەڵێت: «باوکی یه‌کێ له‌و دۆستانه‌ی هاتوچۆمان به‌سه‌ر یه‌کدا زۆره‌، به‌ ته‌مه‌ن زۆر له‌ ئێمه‌ گه‌وره‌تره‌، هه‌ندێ جار دێته‌ لامان و تێکه‌ڵمان ده‌بێت و به‌ قسه‌ و نوکته‌ی خۆش کۆڕمان گه‌رمتر ده‌کات، یه‌ک دوو جارێک خۆی گوتوویه‌تی «به‌ خوا زۆر جار حه‌ز ئه‌که‌م بێمه‌ ناوتان و ته‌کتانا دانیشم، به‌س ئه‌ترسم ده‌مه‌ته‌قێکه‌تان لێ تێکبده‌م و بێژن مه‌جلیسمان ده‌شێوێنێت“. چه‌ند جارێکیش له‌ زوبانی خێزانی و کوڕه‌که‌یه‌وه‌ که‌ هاوڕێمانه‌ هه‌مان ئه‌م قسه‌یه‌م بیستووه‌. ئه‌م هه‌ست و ده‌ربڕینه‌ی منی بردووه‌ته‌ نێو خه‌یاڵی زۆره‌وه‌، تاوێک دڵم بۆی ده‌سووتێت و گاهێک خه‌یاڵمی پێ ده‌بزوێت. لێره‌دا کورته‌یه‌کی یه‌کجار خێرای ئه‌و بیر و خه‌یاڵانه‌م ده‌نووسمه‌وه‌ که‌ زاده‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ن.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، هیچ که‌سێک هه‌ست ناکات پیر بووه و پیر ده‌بێت‌، یا وردتر بێژم، حه‌ز ناکات ددانی پێدا بنێت که‌ پیر بووه‌، ئه‌وه‌ی وا له‌ گه‌وره‌کان ده‌کات ده‌ستبه‌رداری زۆر شتی حه‌زلێکراو و که‌یف و خۆشی و گاڵته‌کردن ببن و بۆ پیربوونیان کۆڵ بده‌ن، چاوه‌ڕوانیی نابه‌جێی ده‌وروبه‌ر و گچکه‌کانه‌، نه‌ک ویستێکی ناخی خۆیان.
مرۆڤ که‌ ته‌مه‌نی هه‌ڵکشا، ئه‌وانی له‌ ته‌مه‌ندا لێی به‌ خوارن، بۆ په‌ڕی پاڵ ده‌نێن و له‌ خۆیانی دوور ده‌خه‌نه‌وه‌، که‌نارگری ده‌که‌ن و ئه‌وه‌نده‌ ڕووی لێ وه‌رده‌گێڕن و له‌ سووچی ژوور و ماڵ و کۆڵانانی توند ده‌که‌ن، تا حه‌وسه‌ڵه‌ی هیچ شت و که‌سێکی نامێنێت، به‌م کاره‌ نه‌شیاوه‌یان زۆر زووتر له‌ کاتی خۆی پیر و په‌ککه‌وته‌ی ده‌که‌ن. ئه‌و، هه‌ر وه‌ختێک بیه‌وێت سوحبه‌تێک بکات، یا جووڵه‌یه‌کی چالاکانه‌ بنوێنێت، وه‌ها لێی تێڕوماش ده‌بنه‌وه‌ و به‌ جۆرێک چاوی تێ ده‌بڕن، که‌ خێرا به‌سه‌ر خۆیدا بشکێته‌وه‌ و هه‌موو جه‌سته‌ی به‌ عه‌ره‌قه‌ی ساردی شه‌رمه‌زاری ته‌ڕ ببێت‌!
مرۆڤ گه‌ر لێی گه‌ڕێن، به‌ ئاسانی نازانێت پیر بووه‌، به‌شێکی زۆری پیری، هه‌ستکردنه‌‌ به‌ پیری. یا به‌ جۆرێکی تر بڵێم: هه‌ستکردن به‌ پیری، کرۆکی پیربوونه‌. به‌ هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر که‌مێک له‌ هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نمان غافڵ بین، هه‌ر به‌ ڕاست جه‌سته‌ و ته‌مه‌نیشمان ده‌غافڵێن و دره‌نگتر سست و کۆن ده‌بن‌!
یه‌کێک له‌و پاکی و جوانییه‌ی منداڵان هه‌یانه‌ و جڵه‌وی گشتمانی کێشاوه‌ و هه‌مووانی وا لێ کردووه‌ منداڵمان خۆشبوێت، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ منداڵان به‌پێچه‌وانه‌ی گه‌وره‌کانه‌وه‌، حه‌ز ده‌که‌ن هه‌ر که‌س، له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێکدایه‌ منداڵ ببێته‌وه‌ و له‌ته‌کیاندا کایه‌ بکات.
ئه‌گه‌ر پیرێک زمانی خۆی خوار و ده‌موله‌وسی لار کرد و ڕوخسارۆچکه‌ی ساوایانه‌ی ده‌رهێنا و جووڵه‌ی گچکانه‌ی نواند، ئه‌وان نه‌ک زویر نابن و توڕانه‌ی پێ ناکه‌ن، زۆریشیان دڵ پێ خۆش ده‌بێت و دنیایه‌ک که‌یفیان پێ دێت، هێنده‌ی تر له‌ ده‌وری جه‌م ده‌بن و داوای زیاتر مناڵبوونه‌وه‌ی لێ ده‌که‌ن.
ده‌کرێت پیری بغافڵێنین، وه‌لێ ئه‌مه‌ بۆ به‌شێک له‌ پیری و بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو ڕاسته‌، ئه‌گه‌رنا هیچ که‌سێک ناتوانێت به‌ر به‌ گه‌وره‌بوون بگرێت و به‌ هیچ فێڵێک تا سه‌ر کڵاو له ‌سه‌ر پیری نانرێت، هیچ که‌سێکی ساغ و ته‌واویش کارێک ناکات، له‌ گه‌وره‌ییدا هه‌رزه‌ ببێته‌وه‌، وه‌لێ جارجاره‌ و ناوه‌ناوه‌ گشت
مرۆیێ پێی خۆشه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ساڵانی پێشووی عومری ڕۆیشتووی، ئیتر ئه‌رکێکی مرۆییه‌ له‌و ده‌مانه‌دا لێگه‌ڕێین لاوێتی بکات و خۆی به‌ گه‌نج و ته‌ڕ و تازه‌ بنوێنێت، هه‌ر ڕه‌وتار و ئاکارێکی په‌یامێکی خراپ ناگه‌یه‌نێت و نیشانه‌ی لادان نییه‌، عه‌یبێکی نییه‌ و مرۆڤ له‌ هه‌ر قۆناغێکی ژیان و وێستگه‌یه‌کی ته‌مه‌نیدایه‌، ئاساییه‌ ئه‌نجامیان بدات، ئیتر بۆچی ئێمه‌ گڕوتینی ئه‌و حه‌زه‌ی بکوژێنینه‌وه‌ و ئاوێکی سه‌ردی به‌ قاڵبدا بکه‌ین؟!
له‌مه‌ ناخۆشتر ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی ئه‌و کارانه‌ی که‌سێکی سه‌روو په‌نجا ساڵ ده‌یانکات، نه‌ک نه‌نگی و خراپ نین، به‌ڵکو زۆر شیاو و سروشتین‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ وێنای هه‌ڵه‌مان بۆ ته‌مه‌ن و به‌ چاوه‌ڕوانیی نابه‌جێمان بۆ پێگه‌یشتوویی، به‌ حه‌رام و شه‌رم و کاره‌ساتیان ده‌زانین و ڕێگه‌ له‌ سه‌ره‌تاییترین حه‌ز و هه‌ستی مرۆڤه‌کانی چوارده‌ورمان ده‌گرین و ناخیان ڕه‌ش ده‌که‌ینه‌وه‌ و چرۆی ده‌یان خه‌ونی جوان و خه‌یاڵی ناسکیان له‌ دڵ و مێشکدا له‌ بار ده‌به‌ین.
ڕه‌وای حه‌ق نییه‌ به‌ گێلێتی و بێئاگاییمان خۆ کاس بکه‌ین و ئاوه‌ها بجووڵێینه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو وزه‌یه‌ به‌ خه‌سار بده‌ین و ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ که‌مه‌ی عومر که‌متر بکه‌ینه‌وه‌ و ببینه‌ بایزی خه‌فه‌ت و ژاکانی ئازیزانمان.»
مامۆستا قانع خورشید دەڵێت: «نابێت هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە پزیشک و ئەندازیار و دادوەر بن، خوا مرۆڤەکانی وا درووست کردووە حەز و توانستی جیاوازیان هەبێت و بەم شێوەیەیش پیشە و کارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ڕایی دەبێت و دێتە دی.
کە ئەو ڕاستییەمان زانی، ئەوەمان لا ڕوون دەبێتەوە ناکرێت مناڵی ئێمە و هەموو خەڵکی یەک نمرە بێنن، تەنانەت ناکرێت هەموو مناڵەکانی یەک خێزانیش ئاستیان وەکو یەک بێت. بە هەمان شێوە ئەوەیش دەزانین کە چەندە پێویستمان بە پزیشکێکی شارەزایە، ئەوەندەیش ئاتاجی مامۆستای پسپۆڕ و کارمەندی بەویژدان و نانەوا و چێشتلێنەر و فیتەر و دوکانداری چاک و پاکیشین.
ئەوی گرنگە ئەوەیە لە داهاتوودا گەنجەکانمان تا چەند لە پسپۆڕییەتییەکەی خۆیاندا لێهاتوو و دەستپاک دەبن و چەنێک شیاوی ئەو کارە دەبن وا ئەنجامی دەدەن و تا چ ئەندازەیەک بەدڵسۆزییەوە دەچنە سەر پیشەکەیان و چەنێک دەبنە هۆی ڕەزامەندیی خوا و دەبنە مایەی دوعای خێر بۆ ئێمەی دایکان و باوکان، نەک ئەوەی ئێستا چەنێک دەبنە هۆکاری خۆهەڵنانی کاتیمان.»
قانع خورشید لە بابەتێکی تردا دەڵێت: «ئەو قوتابییانەی کە تازەپێگەیشتوون هێشتا ئەزموونی ئەوەندەیان نییە کە بزانن هەموو ئەوینێک چەشنی یەک نییە، ماوێتی پەی بەوە ببات عیشقی وا هەیە ژیان و پلانیان سەرەوبن دەکات و نەخشەی بوونیان سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
ئەو تازەلاوانەی کە دڵساف و نیازپاکن و ئاگایان لەوە نییە هیچ ئەوێنێک بە ئەوینێکی تر ناچێت و زۆر جار ئەوین هیچ ساتێکی خۆیشیان پێک ناچێت، ئەوان چوزانن هەندێ خۆشەویستی سەرەتا وەک گەمەیەک دەردەکەون و وردە وردە دەبنە ڕاست و دواجار لووشیان دەدەن و خۆتێکی تریان دەدەنەوە.
ئەم عیشقانە نەک هەر پلانەکانیان، بەڵکوو خۆیان و تەواوی هەست و بوونیان دەگۆڕن. ڕەنگە کاتێک دەریاوانێک باسی سامی دەریا و سەختیی شەپۆلەکانی و مەترسیی تۆفان دەکات، کەسێک کە لە مەلەوانگە و گۆم و تەنانەت ڕووباریشدا بەباشی مەلە بکات بەمتمانەوە بڵێت من مەلەوانی دەزانم و باکم لە دەریا و زەریا نییە. ئەوکات دەریاوانەکە چون ناتوانێت بەباشی لە جیاوازیی دەریا و گۆماو تێیگەیێنێت، ناچارە بزەپێکەنینێک بکات و بڵێت دەی هەر بژییت شێرەپیاو!
هەرگیز بڕوا ناکەم ئەوان بەئاسانی لە حافزی شیرازی تێبگەن کە دەڵێت:
ألا یـــا أیهـا الســـاقی أدر کأســا ونـــاولها
که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکل‌ها
شـب تاریک و بیم موج و گردابی چنین هایل
کجـا داننــد حـــال مـا سبکبـاران سـاحل‌ها
واتە:
تخوا تۆ زوو بە ئەی ساقی، لەبۆم تێکە مـەیی بـاقی
کە عیشق ئاسـانە هەوەڵجـا وەلێ زۆر سەختە تۆفانی
شەوی تاری، شـەپۆلی سەخت و گێژاوی وەکو شێتی
لـە کوێ دەیـزانێ حـاڵی مـە کەسـی بێبـاکی وشکانی!
ئەوینێک چاوێکی تری بۆ بینین پێ بەخشیبیت، دڵی مردووی ژیاندبێتیەوە، ڕووحێکی تری کردبیت بە بەردا، ناکرێت وا سانا لەبەر بڕیار و پلانی عەقڵت فەرامۆشی بکەیت، ئەو جڵەوت لە دەست دەستێنێت و ژێربار و فەرمانبەردارت دەکات. سەعدی بە ڕەحمەت بێت دەربارەی ئەمەیە کاتێک دەڵێت:
فریاد می‌دارد رقیـب از دست مشـتاقان او
آواز مطرب در سـرا زحمـت بود بواب را
«سعدی! چو جورش می‌بری نزدیک او دیگر مرو»
ای بی‌بصـر! مـن می‌روم او می‌کشـد قلاب را
چون ئاوازی موتریب و عاشقان دەرگەوانی پادشای سەر عەرشی دڵ بێزار دەکات، ڕەقیب و ناحەز دەڵێت: دوور کەونەوە، مادامە گلەییتان لە دەستی هەیە و دەڵێن بە ئەوین و یادی شیرینی، ماڵی وێران و ژینی لێ تاڵ کردووین، بڕۆن و لێی نزیک مەکەونەوە.» سەعدی لە وەڵامی ئەم کاڵفامەدا دەڵێت: «ئەی نابینا، هەی بێئاگا، من دەڕۆم و دەمەوێت دوور بکەومەوە، بەڵام ئەو قولابەکەی -وا لە دڵی گیر کردووم- ڕادەکێشێت و بۆ لای خۆیم دەبات!»
ڕەنگە بتوانیت لەوی بە دڵ خۆشتدەوێت، بە جەستە دوور بکەویتەوە، لە دەستی هەڵبێیت و سەفەر بکەیت، وەلێ چی لە هەستت دەکەیت؟ چی لە دڵت دەکەیت کە نەقشی ئەوی تێدا کێشراوە و هەرچی دەکەیت ناسڕێتەوە؟
اوست نشستە در نظر، من بە کجا نظر کنم؟
اوست گرفتە شهر دل، من بە کجا سفر برم؟
مەولانای ڕوومی دەڵێت: «ئەو لەنێو چاومدا دانیشتووە، ئیتر من لە کوێ نەزەر بکەم؟ ئەوە گرتوویە شاری دڵ، ئیتر من بۆ کوێ سەفەر بکەم!»
لەبیرکردنی خۆشەویست مەحاڵ نییە، بەڵام کارێکی وا ئاسانیش نییە و تەمەن و زەمەنێکی زۆری دەوێت. بریا کرابا عەقڵ وا خێرا فەرمانەکانی بسەپێنێت و داو و قولاوی ئەوین بەئاسانی بپسێنێت. بەڵام شوکر بۆ خوا کە ناکرێت!
ئاماژە بەوەیش دەدات کە مرۆڤەکان نابێت کورتبین و تەنگبین بن و چاویان تەنیا لەسەر سەرکەوتنی بەشەکی بێت، کە لە قۆناغێکدایە و کاتییە. ڕەنگە ئەوی ئێستا نمرەی بەرزە و لە پێشەنگەکانە سبەی بچێتە کۆلێژێکی بەرز و خوێندنی سەختی بێتە پێش و نەتوانێت سەرکەوتوو بێت، دوور نییە سەرکەوتنی ئێستای ببێتە هۆی شکستی گەورەی داهاتووی. لەبەرانبەریشدا ڕێی تێ دەچێت ئەو قوتابییەی ئێستا نمرەیەکی کەمی هێناوە و لە کۆلێژێکی نزم وەردەگیرێت، سبەی لە خوێندنەکەیدا سەرکەوتوو و بەرچاو بێت و لەم سەرنەکەوتنە ڕووکەشییەوە بگاتە سەرکەوتنێکی گەورە و درێژخایەنتر. حەق وایە چاومان دوورتر ببینێت و فراوانتر بڕوانین.
بەرهەمە تازەكانی قانع خورشید ئەمانەن:
1. پێكەوەژیان. كە باس لە چەمكێكی فیكری-سیاسی-دینی دەكات و یەكێكە لە دیارترین ئەو چەمكانەی چەند دەیەیەكە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
2. الغیرة، دراسة في أعماق النفس، لیكۆڵینەوەیەكی گرنگە دەربارەی چەمكی غیرەكردن بە مانا و جۆرە جیاوازەكانییەوە. بە زمانی عەرەبییە.
3. محمد بین العبقریة والنبوة، لێكۆڵینەوەیەكە دەربارەی پێغەمبەرایەتیی دوا پێغەمبەر سەلامی خوای لەسەر بێت و وردبوونەوەیەكە لە گومانی بلیمەتێتی و ڕەواندنەوەی لێكچوونی پێغەمبەرایەتییە بە بلیمەتێتی و دەردەكانی. ئەمیش هەر بە زمانی عەرەبییە.
ب. بەرهەمە دووبارە چاپبووەكانیش بریتین لەمانە:
4. عیشق لەنێوان عەقڵ و ئاییندا، ئەم كتێبە یەكەم كتێبی منە و خۆشەویستییەكی تایبەتم بۆی هەیە، خوێنەرانیش زۆریان بەدڵ بووە، ئیتر نازانم لە چاوپۆشییانەوەیە یا بەجدی كتێبێكی باشە. لێكۆڵینەوەیەكی وردە دەربارەی عیشقی نێوان دووڕەگەز و ئەو مەسەلانەی پەیوەندییان بەو هەستەوە هەیە چاپی پێنجەمێتی و لە 2014وە چاپ نەکراوەتەوە.
5. لەبارەی تەنیاییەوە، ئەم کتێبە یەک دوو ساڵێکە چاپی یەکەمی کراوە، بەڵام خوێنەران زۆریان بە دڵ بوو و هەر زوو چاپی یەکەمی نەما، بۆ ئەمیسالیش چاپ کراوەتەوە.
منیش لە کۆتاییدا دەڵێم نووسەر واتە هەستی نێوان پێنووس و کاغەز، کە ناتوانم بە یەک وشە داتای بکەم، چونکە نووسەر و کتێب پردێکن کە مرۆڤ دەبەستنەوە بە جیهانێکی ناسراو و نامۆوە و دەیانبەن بەرەو جیهانی ڕۆشنبیری. نووسەر واتا بنووسە بە کەسێک دەوترێت کە بەرهەمی نووسراو و چاپکراوی هەبێت، هەرکەس دێڕێکی نووسی نووسەر نییە، نووسین شتێکی سروشتییە کە هەموو مرۆڤێک خاوەنی ئەوە بەهرەیە نییە.
دسته بندی: اخبار / اسلایدر / کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید