سه شنبه، 18 اردیبهشت 1403
روژان پرس » کوردی » کڵێسه‌ی ئاغه‌زەمان

به‌سه‌رهاتی سێ سەدە لەمەوپێشی پایتەختی ئەردەڵانەکان(سنه)

کڵێسه‌ی ئاغه‌زەمان

0
کد خبر: 991

کڵێسه‌ی ئاغه‌زەمان

عمارەتی کلیسا هەڵکەوتوو لە خوار گەڕەکی ئاغەزەمان، ئەوڕۆکە بە بێنازی ماوەتەوە. دووبارە حەقایەتی پاییز و زستانی لە بن نەهاتوو کە قەت بەهاری بە سەردا نەهاتەوە.
پێشکەش بە رۆحی دایە ئامینی کەلیمی کە لە ئاوایی عەزیزکەند شیری داومەتێ و دارە‌دارە‌ی پێ کردووم.
تۆێژینەوەیەک که ئەوڕۆکە زۆر گرینگایەتی پێ دەدرێ، سەرنج و ئاوڕدانەوەیه بۆ ڕابردوو، مێژوو و ئاسەواری مێژوویی و یارمەتی وەرگرتن لە که‌لتوور و فەرهەنگه بۆ چارەسەری و ڕزگاری له چه‌رمەسەرییەکانی شارستانییەتی ئەوڕۆ. پرسیار ئه‌مه‌یە سەرنج و ئاوڕدانەوە بۆ مێژوو و ئاسەواری مێژووییه‌کان بە چ شێوەیەک دەتوانێ یاریدەری ژیانی ئەوڕۆمان بێ. هۆگری بە سوننەته مێژوویه‌کان، نه تەنیا ڕێگای داهاتوو ڕوون ناکەنەوە، بەڵکوو تا ڕادەیەک لە هەلومەرجی مێژووی خۆمان بێ خەبەرمان دەکەن و ڕابردوو و داهاتوو بە فیڕۆ دەدا. ئەگەر سەرنج و گرینگیدان بە مێژوو و ئاسەوارە فەرهەنگی و که‌لتوورییەکان بە شێوەیه‌ک بێ کە نەبێتە پردی نێوان ڕابڕدوو و داهاتوو، ئەو کاتەیە ڕابردوو و داهاتو ون دەبن و لە بیر دەچنەوە و کار له سه‌ر مێژوو، بۆ هێندێک کەس ده‌بێته شوغل و ئیشێکی بێ ڕووح و مردوو.
تەنیا شانازی کردن بە ڕابردوو و ئاسەواری مێژوویی و فەرهەنگی یاریدەمان نادا بۆ بونیادی تەمەدوون و شارستانیەتی نوێ؛ بەڵکوو داهۆڵ و تاپۆیەکی لێڵاوی مێژووە کە تێکەڵاو بە ئەفسانە و ئوستوورە بووە و له عەینی حاڵ دەبێتە هۆی لە خۆبایی بوون و بێ خەبەری. تەنیا شانازی بە ڕابردوو کە تێکەڵاوە بە ئەفسانە و ئوستوورە، نابێتە چارەسەری ژیان! بەڵکوو دەبێتە هۆی دواکەوتوویی زەین و ئەندێشە، لەشقورسی و ترسەنۆکی و دوورەپەرێزی لە دەستئەندازی واقیعەکانی دونیای ئەوڕۆکە.
لە دونیایەک کە ژیانی ئینسانەکان وەک قالۆر، هڵۆڵ و بێ نێوەرۆک دەبێ، گەڕان بە شوێن ڕێگە و پێگەی تازە کە بتوانێ مانا بە ژیان ببخشێ، میراتی فەرهەنگی کوردستان کە مانا و مەفهوومی تایبەتی خۆی هەیە دەبێ بکەوێتە بەر سەرنج و تۆژینەوە و بێ دەمارگرژی ڕابردوومان بۆ باس بکا؛ بۆ وەی نیشانە و شۆناسێک بێ بۆ داهاتوو. باش دەزانین هەر نەتەوه‌یەک، شێوە و پیسکۆلۆژییه‌کی تایبەت بە خۆی  هەیە کە لە هەموو ئوستوورەکان، ئافەریدگارانێک وەک خودا لە نێو دڵ و دەروون و مێشکی ئەو نەتەوەیە وەک دەسەڵات، پێوەندی بە موعجیزەوە هەیە، دەزانین کە ئوستوورەکان ڕیشەیان لە وەهم و ئەفسانەدا هەیە، زۆرێک لە ئوستوورەکان مردوون، بەڵام ئوستوورە و ئەفسانەیەک هەیە کە پێوەندی بە نەتەوە یا کوو نژادێکی تایبەت نییە، بەڵکوو هی هەموو ئینسانەکانە بە هەر ڕەنگ و نژادێکەوە؛ یانی هی تەواوی ئینسانەکانە، ئەو ئوستوورەیە بەپێچەوانەی میتولۆژی کۆن و فەوتاو لە سەر ئەفسانە و حەقایەت ڕاوەستاو نییە، بەڵکوو ڕیشەی لە ڕاستییەکاندایە. هەر لەبەر ئەوەیه ئوستوورە کۆن نابێ. زانایی و هونەر دوو خوداوەندگاری گەورەن کە زاڵە بە سەر نێوەرۆک و زاتی بەشەردا. زانینی ئاسەوار و که‌لتوور و شوێنی چاک و خراپی لە سەر کۆمەڵگا ڕۆحێکی گەورە و ئینسانی دەوێ کە ئەویش وه‌لانانی تەعەسووبی ئایینی و نەتەوەیییه تا ڕاستییەکان لە وەی زیاتر پێشێل نەبن و ئیمە لەوە زیاتر تاوانی ڕابردووەکانی خۆمان نەدەینەوە.
بیرەوەرییەکی تاڵی منداڵی، زۆرم دەهەژێنێ و ئاڵۆزم دەکا، هەر چەند وەک بیرەوەرییەک باسی ناکەم، بەڵکوو واقعییەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەشێک لە مێژووی وڵاتەکەم بووە. زۆر منداڵ بووم، ماڵمان لە ئاوایی عەزیزکەندی شاری بۆکان بوو. پیاوێکی خوێنتاڵی بەساڵاچوو، خەڵکی ئاوایی خوراسانە هاتوچۆی عەزیزکەندی دەکرد، مەنشوور بە «جووکوژ»؛ کە دێتم بەو ناوە تاسام. لە بابم پرسی بۆ پێی دەلێن جووکوژ!؟ دوو جوولەکەی وردەواڵەفرۆش بوون و ئازاریان بۆ کەس نەبوو؛ بگرە چاکەیان زۆر لەگەڵ خەڵک بوو. بۆ موعامەلە هاتوچۆی ئەم مەڵبەندەیان دەکرد، ئەو کابرایە تەماحی لە پووڵ و ماڵیانی کرد، لەو دێمەکاره‌ی پشت ئاوایی بە ناحەق کوشتنی! کەس لە خوێنی ئەوانەی نەپرسی!... جووکوژ وەک ئەوەی مێشوولەیەکی لێ میوان نەبێ، دەیکوت خەزام کردووە! خەڵک بە ناوی دینپەروەری چاوپۆشییان لەو تاوانە گەورە کرد. یاسایەکیش لە گۆڕێدا نەبوو تا ئەم پیاوکوژە بە سزای خۆی بگەیەنێ، ئەلحانەکەش قیتوقۆز دێ و دەچێ، ناوی جووکوژی ئاوا بە سەردا مایەوە.
ئەوە کۆنەبرینێکە و نامەوێ خوێ بە برینەوە کەم، بەڵام لە بیرەوەری مندا قەت ساڕێژ نەبۆوە. ئه‌وه‌ش بمانەوێ، نەمانەوێ بەشێکه لە مێژووی

ساڵی 1328ی ھەتاوی: بەرانبەر 1944ی زایینی: مسیۆپۆلۆسی گرگیزی هەرمەنی وینەگری گەورەی شاری سنە و مامۆستاهووشەنگی ڕادپوور لە 9ساڵیدا کە شاگردی بووە: جێگا(باڵکۆنی عەکاسی لۆکس ـ شەقامی شاپوور)


وڵاتەکەمان، هەر چەند لێی بدوێم و بینووسم، پێ لە جەرگی خۆم دەنێم! بەڵام حەقیقەت و ڕاستی خاوێنە، ئەگەر دەمانەوێ خاوێن بمێنینەوە.
شەپۆلی بێبڕانەوەی ڕۆژ و شەو دێ و ڕادەبڕێ، حەوتوو، مانگ و ساڵ بە سەر دەچێ، تاریکی و ڕووناکی ژیان بەردەوام و لە جیێەکی دیکە لەنگەر دەگرێ، وەک لەنگەری کاتژمێر هێدی و قورس، بەڵام بە چرکە.
دەمێکە بە هۆی کاروکاسبی لەگەڵ داربەڕووه‌کانی دارستانەکانی خوارووی کوردستان، هەناسەمان لێک دەگەڕێتەوە، چاوە زیتەکانی سمۆرەکان کە بە دارە گوێزەکان هەڵدەگەڕێن دوندی بەرزی چلچەمە و کوره‌‌میانە دەمخاتە وتووێژ لەگەڵ خاک و ئاو. شاری سنە، شارستانییەتێکی گەشاوەی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئەوڕۆکە ناوەندی پارێزگای کوردستانە و سێ سەدە لەوە پێش پایتەختی ئەردەڵانەکان بووه!
لە هەمان کات مێژوو، حەقایەتی بەشێک لە که‌لیمی و ئەرمەنییەکان بوون کە لەو شارە نیشتەجێ بوون و خاک و ئاویان بووە، هەر وا حەقایەت و داستان و گەنجێکی سەربەمۆرە. لە سەنه‌دێکی کۆنی کونسولی ڕووسیە لە سەنەدا حەشیمەتی شاری سنە 160 ساڵ لەوەبەر ئاوا بەراورد دەکا: تەواوی حەشیمەتی سنە 10240 کەس بووە کە 600 کەسیان یەهوودی، 300 کەسیان ئەرمەنی بوون. 2120 ماڵی تێدابووە کە 100 ماڵیان هی که‌لیمییەکان بووە و 60 ماڵی ئاسۆڕییەکان.
عمارەتێکی زۆر کۆن و مێژوویی لەو شارە هه‌یه هەڵکەوتوو لە خوار گەڕەکی ئاغەزەمان، ئەوڕۆکە بە بێنازی ماوەتەوە. دووبارە حەقایەتی پاییز و زستانی لە بن نەهاتوو کە قەت بەهاری بە سەردا نەهاتەوە. داستانی کۆچی کەلیمیه‌کان و ئاسۆرییەکان لەو شارە داستانی سەفەری بێ گەڕانەوە، دڵیان هەڵکەندراو وەکوو کۆچی پڕەسڵێرکە بۆ هەندەران و...
لە جێژنی سەری ساڵی تازەی میلادی 2012، (کریسمەس) بۆ تۆژینەوە و دیتنی ئەو کلیسه‌یە بە ئاغەزەماندا تێدەپەڕم. ئاغەزەمان یەکێک له گەڕەکە کۆنەکانی شاری سنەیە، دانیشتووانی زۆرتر کەلیمی و ئەرمەنی بوون. بۆ بیرەوەری بەشێک لە بنەماڵە ناوەبەدەرەوەکانی ئەرمەنی و کەلیمی کە لە پێشکەوتنی شارستانیەتی ئەم شارە ده‌وری بەرچاویان بووە و بۆ پەرەپێدانی عیلم و زانایی تێکۆشان، دێنمەوە.
بەشێک لە بنەماڵە کەلیمییەکانی شاری سنە:
1ـ بنەماڵەێ زەڕینییەکان: زۆربەیان کاسب و لە بازاڕدا بوون.
2ـ بنەماڵەی به‌راتییان: لە بازاڕی ئاسەفدا عومدەفرۆشی کەلوپەلی ماڵ بوون و بە ئینسافەوە موعامەلەیان لەگەڵ خەڵک کردووە.
3ـ بنەماڵەی مشکینفامەکان: دوکتۆری ناوبەدەرەوە بوون و لە بازاڕیش دوکانیان بووه.
4ـ بنەماڵەی سێونییه‌کان: ئەو بنەماڵەیە، پزشکی ژن و پیاویان تێدابوو و لە بازاریش دوکانیان هه‌بوو.
5ـ بنەماڵەی سادەقنوورییەکان: بازاڕی بوون و فرۆشیاری ڕادیۆ و کەرەسەی سەوتی لە شەقامی شاپوور.
6ـ بنەماڵەی ویجدانییەکان: ئەوانە دارووساز بوون و ده‌واخانەیان لە خیابانی شاپوور هەبوو.
7ـ بنەماڵەی مه‌سیح: فرۆشیاری داوودەرمانی گیایی بوون و لە بازاڕی ئاسەف خواردەمەنیشیان دەفرۆشت.
8ـ بنەماڵەی دوکتۆر تەبیبزادە: ماوەیەکی زۆر ڕەئیسی نەخۆشخانەی سنە بوو.
9ـ بنەماڵەی دوکتۆر ئەجلال: پزیشکی قانوونی شاری سنە بوو.
10ـ بنەماڵەی دوکتۆر ئەمینی: بنەماڵەیەکی گەورە بوون کە ددانساز (ددانپزشک) و دوکتۆری تایبەت بوون، یەکێکیان دوکتۆری ئەرتەش بوو کە لە شەڕێکدا کوژرا.
11ـ بنەماڵەی ئاقاجانییه‌کان: سێ برا بوون و تاجر و عومدەفرۆشی ویشکەباری میوە بوون.
12ـ بنەماڵەی مسرییەکان: ئەم بنەماڵەیە مڵک وماڵیان زۆر هەبوو. زۆرتر لەگەڵ ناوچه‌ی دیواندەرە سه‌ودا و موعامەلەیان بوو.
13ـ بنەماڵەی کالانییه‌کان: ئەم بنەماڵەیە قوماشفرۆش بوون.
14ـ بنەماڵەی سەڕافییه‌کان: ئەم بنەماڵەیە لە بازاڕدا دوکانیان هەبوو و دوکتۆر سەڕافی، گەورەی ئەم بنەماڵەیە بوو و ماوەیەکیش پزیشکی قانوونی شاری سنە بوو.
15ـ بنەماڵەی نوورئومید: زۆرتر فرۆشیار و لە بازاڕدا بوون و کەرەسەی ماڵێیان دەفرۆشتن.
16ـ بنەماڵەی غەبیری: ئەوانە وردەواڵەفرۆش بوون و بەرموور و شتی ئەنتیکەیان دەکڕی و دەفرۆشت. هاتوچۆی ئاوایییەکانی دەوری سنەیان دەکرد.
17ـ بنەماڵەی پنحاس حەنۆکە: تەواویان لە بازاڕدا بوون، تەنیا کەسێکیان نەبی لە ئەرتەشدا خزمەتی دەکرد.
زۆر بنەماڵەی دیکە لە گوزەری سیروس دەژیان. پێشنۆژیان “خەلیفەیایا” بوو.

وێنەی کڵێسەی ئاغەزەمان: کێلە شکاوەکانی کەسایەتی ئەرمەنیەکان، و دایە مریەم و هاوسەریی(خزمەتکاری کڵێسەی ئاغەزەمان)


بەشێک لە بنەماڵە ئەرمەنییەکانی گەڕەکی ئاغەزەمان
1ـ بنەماڵەی پانووسییه‌کان: کارمەندی ئیدارە دەوڵەتییه‌کان بوون و کاسب و بازاڕیشیان تێدا بوو.
2ـ بنەماڵەی هورموزییه‌کان: ئەم بنەماڵەیە فەرهەنگی بوون و مامۆستای مەدرەسە و ده‌بیرستانەکانی شاری سنە بوون.
3ـ بنەماڵەی هورموزییان: ددانساز و مامۆستای مەدرەسەکانی شاری سنە بوون.
4ـ بنەماڵەی ئادارییه‌کان: فەرهەنگی و دەبیری زمانی ئینگلیسی بوون و لە مەدرەسەکان دەرسیان دەگوته‌وە.
5ـ بنەماڵەی سەلیبییه‌کان: پزشکیاری نەخۆشخانە و کارمەندی ئیدارات و دوکاندار بوون.
6ـ بنەماڵەی یەسوعییەکان: گەورەی ئەم بنەماڵەیە کارمەندی پێشکاری ئیدارەی دارایی بوو، لە فەننی عەکاسیدا شاره‌زا و مامۆستا بوو و لە شوێنی بانکی میللی مەرکەزی ئێستا بە ناوی عەکاسی کەلدانی و لە شوێنی خیابانی شاپوور بە ناوی عەکاسی ساکۆ وێنەگری هەبوو.
7ـ بنەماڵەی گەرگیزییەکان: ئەوانە چوار برا بوون بە ناوی مسیوپۆلوسی گەرگیزی کە مامۆستای وێنەگرتنی جەنابی ئوستاد هووشنگی ڕادپوور بووە و ماوەی 14 ساڵ بە لایەوە کاری کردووە. برایەکیان کارمەندی قەند و شکر بوو.
8ـ بنەماڵەی پترۆسییان: زۆرتر لە بازاڕدا بوون.
9ـ بنەماڵەی ئادارییەکان: مامۆستا و دەبیری ئینگلیسی بوون.
10ـ بنەماڵەی یوحەننا: تا ساڵی 1338ی هەتاوی لە ئاوایی نگڵ خاوەن مڵک وماشی نگڵ بوون.
11ـ بنەماڵەی دوکتۆر خوزێن: ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه هه‌ر له زۆر کۆنه‌وه زانا و عیلم‌پەروەر بوون و دوکتۆر خوزێن سەد ساڵ لەوە‌وبەر زانا و پزشک بووە. سەنجەرخان لە شەڕ لەگەڵ سپای ڕووسی تەزاری زامار ده‌بێ؛ دەنێڕێتە شوێن دوکتۆر خوزێن، ئه‌و جەڕڕاحی دەکا و چاک دەبێتەوە.
کلیسای ئاغەزەمان دوای ئەم هەمووە به‌سه‌رهاته و مانه‌وه لە بەر با و باران و تۆفان، وەک عیمارەتێکی دڵڕفین وەک بووکی ڕازاوە وایە.
دوایین کەشیشی که‌لیسای ئاغەزەمان، یوحننا بووە؛ لە نێو که‌لیساکه‌دا نێژراوە.
ڕۆژی سێشەممە 6ی بەفرانباری 90 (26 دیسامبر 2012 زایینی) دەچمە که‌لیسای ئاغەزەمان کە لە سنەی قەدیمدا ئەو گەڕەکه “شاەبەندرخانە” بووە و که‌رەسەی لەشکر و دەوڵەت و جبه‌خانە لێرەدا سەنگ و سووژن کراوە. سنە چوار دەروازەی هەبووە، تەپۆڵە، فەیزاوا، شوێنی مه‌یدانی ئیقباڵ، گەڕەکی ئاغەزەمان.
دیتنی که‌لیسای چۆڵوهۆڵ بە جۆڕێک له سەر هەست و ویژدانم قورسایی دەکا. دەمباتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی  کە ئاسۆرییەکانی ئەم شارە بە بەرگی ئاڵوواڵاوە لەو کلیسایە کۆ دەبوونەوە و جێژنی کریسمەسیان دەگرت و دوکتۆر خوزێنی ئەرمەنی جێژنانەی بە منداڵان دەدا.
عیمارەتی کلیسای ئاغەزەمان یەکێک لە شوێنەوارە هەرە‌کۆنەکانی شاری سنەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی سەفەوییە و نیشاندەدا پێگەوجێگەی ئاسۆری و ئەرمەنییەکان لە کوردستاندا زۆر لەوە کۆنترە که دوای قەڵاچۆ کردنیان بە دەست تورکانی عوسمانی پەنایان هێنابێتە ئەم وڵاتە. لە کۆڵانێکی تەنگەبەر به‌ره‌و باکوور، دەروازەیەکی گەورە لە دارەگێوژ بە سەردەرانه‌یه‌کی گەورە و ئاجۆرکاری جوان و دوو (غوڵام گەردەش) لە چەپ و ڕاستی دەرگای عیمارەتێکی کۆن بە ڕووماندا دەکاتەوە. داڵانێک کە ڕێگای بۆ بەرهەیوانی کلیسا هەیە و لەوێشەوە بە 12 پلیکانی بەردین دەچێتە حەوشە و حەسارێکی گەورە بە پانایی 1000 گەزی چوارگۆشە: کە لە‌وێدا قەبری 17 کەسایەتی ئەرمەنی لە حەوشەی کلیسا نێژراوە. بەردەکێلەکانیان هەر بە ڕێنووسی، ئەرمەنی هەڵکەندراوە. لە نێوەڕاست حەوشەی کلیسا حەوزێکی بەردین بە فوارەوە تێدایه و ئاوی پێویستی ئەم کلیسایە بە گۆڕیچە واتە کارێز لە سەرووی شارەوە بۆ نێو کلیسا هاتووە.
کلیسای ئاغەزەمان بە درێژایی 80 گەز و پانای 30 گەز، دیوارەکانی بە ئاجوری چوارگۆشە و جوان بە پانای گەزێک، میچەکەشی بە تاق و خەرپشتە هاتۆتەوە سەر 8 پایە و ستوونی بەرد بە بەرزایی 6 گەز کە قورسایی تاقەکان کەوتوونەتە سەر ئەم پایە بەردینە. کلیسا، موستەتیل بە درێژای ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی هەڵکەوتووە، واته قیبلە و جێگای کەشیش لە لای ڕۆژهەڵاتی کلیسایە کە بە خاچ و نمادی مه‌سیحییەکان ڕازاوەتەوە.
نێو کلیساکه قەبری دوو کەسایەتی گەورەی ئەرمەنی لێیە کە بە بەردەکێلێکی جوان و بە زمانی ئەرمەنی ڕازاوەتەوە. بینا بە بیروڕای کاک هووشەنگی ڕادپوور، یەکێک لە وێنەگرەکانی هەرە‌کۆنی شاری سنە کە لە ژێر چاوەدێری “میسیوپولوس”ی ئەرمەنی بۆ ماوەی 14 ساڵ فێری عەکاسی بووە و سەربوردە و مێژووی نزیک بە 80 ساڵی ئەم شاڕەی لە سینگدایە و وێنەی نزیک بە 100 ساڵ لەوە پێشی سنە کە بە دەستی مامۆستا ئەرمەنییەکی (میسیوپولوس) و خۆی گیراوە، ئاڵبۆمەکانی گەنجی سەر بە مۆرن. ئه‌و پێیوایە یەکێک لەو زیارەتانە دەبێ قەبری یوحەننا، کەشیشی ئەو کلیسایە بێ کە لەو کلیسادا نێژراوە؛ بەڵام داخی گرانم هەر دوو بەردەکێلەکان کە لە تەختی عەرزی گیراون، شکاندوویانن.
بە دیتنی ئەم کێلە شکاوانە حەسڕەت دڵم داده‌گرێ و بیر له کێلەشکاوەکەی “سوارە ئیلخانیزادە” دەکەومەوە کە دوای ئینقیلاب بە دەستی “سوورەکان” کە پیێان وا بوو کوڕی فئوداڵ نابێ ببێتە شاعیر و زانا و نەتەوەدۆست، مەزاری ئەو کەڵەهونەرمەندە لە گونبەزی ئاوایی حه‌مامیانی بۆکان کێلی ئه‌و و بنەماڵەکه‌یان شکاند.

کێلە شکاوەکانی کڵێسەی ئاغەزەمان

لە بەر نووری خۆرا، کەمێ کوێرەکانی شەوارەن
زنەی دەم بە هاواری هاری درۆزن هەزاران
هەر لەو سەروبەندەدایە بەداخەوە ئەم کلیسایە دەبێتە ستادی یەکێک لە دەستە سیاسییەکانی ئەودەم. زیانی زۆر گەورە لەو کلیسایە دەکەوێ. کۆتەڵەی حەزرەتی مەریەم لەو سەردەمانەدا تێدادەچێ.
ڕابردوو پیشانی داوە، وڵاتی ئیمە وڵاتێکی پێکەوە حه‌وانه‌وه نەبووە، بڵێی لە داهاتوودا پێکەوە بحه‌وێینەوە؟ دیارە، هومێد کارکردی هیوابەخشانەی هەیە، لەو ڕۆژگاره ناخۆشانەی ئەوڕۆدا، ڕۆحی خۆڕاگری و بە خۆدا هاتنەوەمان وەبەر نه‌یە؟ هەر چەندە کەس بە خەیاڵ نەبووە بە ماڵ، بەڵام دەستم لە هومێد بەرنەداوە.
لە دەلاقەی په‌نجه‌رەکانی کلیسادا ڕۆم لە ڕۆژەکە بەرەو ئاوا بوونە. دووبارە حەقایەتی کۆچی ئەرمەنی و که‌لیمییەکانی ئەم شارەیە کە سەفەری بێ گه‌ڕانەوە، وەبیر دێنمەوە. کلیسای چۆڵوهۆڵ، بەڵام وه‌فادار بە هەموو بیرەوه‌رییەکانی خۆی؛ هێدی و هێور هەروا لە سەر پێ ڕاوەستاوە. لەگەڵ دایە مریەم و هاوسەری پیری کە خزمەتی ئەم کلیسایە دەکەن، وێنەیەکی یادگاری دەگرم. دەڵێم دایە مریەم کێ ئاوڕتان لێ دەداتەوە؟ لە جوابدا دەڵی؛ ویژدانم ئاسوودەیە. ئێرەش ماڵی خودایە، خزمەتی ئەم کلیسایە دەکەم؛ تەنیا خێرخوازانی ئەرمەنی لە شاره‌کانی تاران و ورمێ دێن و ئاوڕێک لەو کلیسایە دەدەنه‌وه و ئێمەش بە سەر دەکەنەوە، دەنا کەسی دیکە دستمان ناگرێ. دەڵێم ئەی ئیدارەی میراسی فەرهەنگی؟!
ڕۆژ، بەرەو ئاوابوونە، لەگەڵ عیمارەتی کلیسای ئاغەزەمان خوداحافیزی دەکەم و زۆر بریا و خۆزیا لە دڵمدا جێ دەگرێ. بە کۆڵانە تەنگەبەڕه‌کەی ئاغەزەماندا وەک سێبەرێک ده‌خوشم، چاو لە ماڵی چوڵوهۆڵی دوکتۆر خوزێن دەگێڕم، بڵێی بیبینمەوە؟ غەزەلێکی ماموستا ئاسۆ دڵم هێور دەکاتەوە.
هەرچی یارت بوو وەفایان بوو بە نەخشی سەر شەپۆل
هەرچی شێعرت بوو لە کووچەی دەفتەرا شارانەوە
نا مەترسێ هاتوو ڕۆژێکیش کە دەرکەوت ڕازەکەت
دەبیە شێعر و دەچیه نێو چیرۆکی دڵدارانەوە
سپاس و پێزانین بۆ مامۆستا هووشەنگی ڕادپوور وێنەگری هەڵکەوتەی شاری سنە کە ماوەی 14 ساڵ لەگەڵ گەورە مامۆستای عەکاسی ئەرمەنی (میوپولوسی گه‌رگیزی)کاری کردووە و “فەهیمە قەدەمخێریان”ی هاوسەری کە بە ناردنی چوار وێنه‌ی مێژوویی سنە و خۆی و مامۆستاکەی و ئاماری بەشێک لە بنەماڵە ناودارەکانی کەلیمی و ئەرمەنی شاری سنە ئەم نووسراوەیه‌یان ڕازاندەوە. ڕەنج و هونەری ئەم بنەماڵەیە وڵامێکە بو ئینسانیتر کردنی ژیان.
ئەم نوسراوەیە پێشکەشە بە ڕۆحی دایە ئامین که‌لیمی کە لە ئاوایی عەزیزکەند، خیزانی کوێخا حەسەنی باغەوان بوو؛ شیری داومەتێ، دارەدارەی پێ کردووم، دایمه‌ودەرهەم گیرفانەکانمی پڕ کردووە لە گوێز و مێوژ. تێرم که دەخوارد، بە بەدفەڕی منداڵانە دەمکوت خاتووئامین میاو میاوم بۆ بکە (یانی بە عیبری قسە و گۆرانیم بۆ بڵێ)؛ قەت دڵی نەدەشکاندم.
لە ئەوڕۆدا تۆژینەوە گەلێکی زۆر لەبارەی ڕابردوو و مێژوو و ئاسەواری مێژوویی دیکەی نەتەوەکان و چۆنیەتی یارمەتی وەرگرتن لە کەلتوور و فەرھەنگی دراوسێ بۆ ڕزگاری و چارەسەری لە نوشوستییەکانی شارستانییەتی خۆماڵی ھاوچەرخ بە ئەنجام دەگات. بەڵام بە گشت ئەمانە‌شەوە زۆر کەم و بە دگمەن بووە کە لە خۆمان بپرسین ئەم سەرنج و ئاوڕدانەوە لە مێژوو و ئاسەوارە مێژووییەکان بە چ شێوەیەک دەتوانێ یاریدەری ژیانی ئەوڕۆمان بێت. ھۆگریی بە نەریتە مێژووییەکان نە تەنیا رێگای داھاتوو ڕوون ناکاتەوە، بەڵکوو تا ڕادەیەک لە ھەلومەرجی مێژوویی خۆمان بێ خەبەرمان دەکات و ڕابردوو و داھاتوومان بە فيڕۆ دەدات. ئەگەر سەرنج و گرینگیدان بە مێژوو و ئاسەوارە فەرھەنگی و کەلتوورییەکان بە شێوەیەک بێت کە نەبێتە پردی نێوان ڕابڕدوو و داھاتوو، ئەو کاتەیە ڕابردوو و داھاتو ون دەبێ و لە بیر دەچێتەوە و مێژوو تەنیا شوغڵ و ئیشێکی بێ ڕۆح و مردووی بۆ تاقمێک لێ دەمێنێتەوە.ھەڵبەت،بە پێچەوانەش شانازی کردنی سەڵت بە ڕابردوو و ئاسەواری مێژوویی و فەرھەنگی خۆشمان ناتوانێ یاریدەدەرمان بێت بۆ بناغه‌دانانی شارستانییەت و شارستانییەتی نوێ، بەڵکوو دەبێ دەست بە گۆچان و ڕەخنەگرانە بەرەو ڕوویان ببینەوە و خۆمان بە دوور بگرین لە ڕایەڵ و تاپۆ لێڵاوییەکانی مێژوو کە بە ئەفسانە و ئۆستوورە چنراوە و لە ھەمان کاتدا دەبنە ھۆی لە خۆبایی بوون و بێ خەبەری. لە خۆبایی بوون و بێ خەبەرییەک کە لە بەستێنێکی پاشکەوتوو باشترین دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت تا دواکەوتوویی زەین و ئەندێشە،کەمتەرخەمی،ترسەنۆکی و دوورە پەرێزگرتن لە واقیعەکانی دونیای ھاوێری ئەو کەلتوورانە بتنێتەوە.ھەر بەم پێیە میراتی فەرھەنگی و کەلتووری کوردستان لە جیھانێک کە ژیانی ئینسانەکان وەک قالۆر، ھەڵۆڵ و بێ نێوەڕۆک بووە و پێوشوێنگرتنی رێگە و پێگەی تازە کە بتوانێ مانا بە ژیان ببەخشێ وەک پێداویستییەک خۆی دەردەخات، دەبێ بە وردی بە دوور لە دەمارگرژی بکەوێتە بەر سەرنج و تۆژینەوەی خۆماڵی، واتە بکرێتە ڕەھەندێک کە ھاوکات ڕابردوومان بۆ باس کات و ناسنامە و شۆناسێک بە داھاتوو ببەخشێت. باش دەزانین کە ھەر نەتەوەیەک، نەست و پێسیکۆلۆژی تایبەت بەخۆی ھەیەکە لە ھەموو ئۆستوورەکان،ئافەریدگارانێک وەک خودا لە نێو دڵ و دەروون و مێشکی ئەو نەتەوەیە لە قەوارەی دەسەڵات و موعجیزە بیچم دەگرێت و دەزانین کە ئوستوورەکان ھاوکات کە ڕیشەیان لە وەھم و ئەفسانەدا ھەیە و زۆربەیان مردوون و لەناوچوون، بەڵام ھەن ئۆستوورە و ئەفسانە گەلێک کە پەیوەندی بە نەتەوە یاکوو نژادێکی تایبەتەوە نیە، بەڵکوو ھی ھەموو ئینسانەکانە بە ھەر رەنگ و نژادێکەوە، ئەو ئوستوورەیە بە پێچەوانەی میتوڵوژی کۆن و فەوتاو لە سەر ئەفسانە و حەقایەت چەقی نەبەستووە، بەڵکوو ڕیشەی لە ڕاستییەکان دایە، ھەر لە بەر ئەوە کۆن نابێت.کۆڵەکەی ئەو ئۆستوورەیە، زانایی و ھونەرە، کە وەک خوداوەندگارێکی گەورە و زاڵ ناوەڕۆک و زاتی مڕوڤ لە کۆنەوە دەتنێتەوە. ئۆستوورەیەک کە ڕۆحێکی گەورە و ئینسانی خاوەن پێزانین و ناسینی ئاسەوار و کەلتووری دەوێ. ئەمەش مسۆگەر نابێت مەگین بە وەلاوەنانی دەمار گرژییەکان. ھەتا راستییەکان لەوە زیاتر پێشێل نەکرێن و ئێمە لەوە زیاتر تاوانی ڕابردووەکانی خۆمان نەدەینەوە. بەڵام بە گشت ئەمانەوە لێرەدا ھەوڵ دەدرێت ئاوڕ لە کۆپلەیەک لە مێژووی ئەم وڵاتە بدرێتەوە و من بۆ ئەم مەبەستە دەڕوانمە یەکێک لە ئاسەوارە بەنرخەکانی شاری سنە. شارێک کە بە گوێرەی مێژوو تەژییە لە حەکایەتی کەلیمییەکان و ئەرمەنەکان و ئەوانەی سەردەمانێک لەو شارە نیشتەجێ بوون و خاک و ئاویان بووە و ئەمڕۆ تەنیا حەقایەت و داستان و گەنجی سەربەمۆریان لێ بەجێماوە. بۆ وێنە لە بەڵگەیەکی کۆنی کونسوولی رووسیادا جەماوەری دانیشتووی شاری سنە لە 160ساڵی ڕابردوو 10240 کەس بەراوەرد کراوە کە لەو جەماوەرە 600 کەسیان جوولەکە و 300 کەسیان ئەرمەنی بوون.ھەروەھا لە سنە 2120 ماڵی تێیدا بووە کە 100 ماڵیان ھی کەلیمییەکان و 60 ماڵیان ھی ئاسۆرییەکان بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە عیمارەتێکی زۆر کۆن و مێژوویی تایبەت بەو سەردەمە ئێستاش لە خوار گەڕەکی ئاغەزەمان ھەڵکەوتووە و ئەمرۆ بە بێ ناز ماوەتەوە. کەچی ئەمڕۆ لەو جەماوەرە کەلیمی و ئاسۆرییە کەسیان لەم شارەدا نەماون یان ئەگەریش مابێتن خۆیان لە بابەتی ئایینی و ئێتنیکی تێکەڵ بە جەماوەری ناوچە کردووە و تەواو جیاوازییە کەلتوورییەکانی خۆیان فەرامۆش لە بیر کردووە. ئەمانە وا دەکەن لە جەژنی کریسمەسی 2012ی زایینی و ڕۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا(د.خ)، بە مەبەستی توێژینەوە و دیتنی ئەو کڵێسەیە سەردانی ئاغەزەمان بکەم.
بنەماڵە کەلیمییەکانی سنە
سنە چوار دەروازە بووە: سەرتەپۆلە، فەیزئاوا، مەیدانی ئێقباڵ و گەڕەکی ئاغەزەمان. ئاغەزەمان خۆی یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی ئەم شارە کە سەردەمێک دانیشتووانی کەلیمی، ئەرمەنی و ئاسۆری لەخۆ دەگرت و کۆمەڵێک بنەماڵەی نێوبەدەرەوەی لەم ئایینانە تێدا نیشتەجێ بوون کە بە گوێرەی مێژوو دەوری سەرەکییان بووە لە پێشکەوتنی ئاستی شارستانیەتی ئەم شارە و تاقمێکیان بە پێی کۆکراوەکانی«مامۆستا مەحیەدین حەق شناس» لە کتێبی «شارەکەم سنە» بریتین لە:
1- بنەماڵەی زەڕینیەکان: زۆربەیان کاسب و لە بازاڕ دا بوون.
2- بنەماڵەی بەراتییان: لە بازاری ئاسف عومدە فرۆشی کەلوپەلی ناوماڵ بوون و لەبەر بێ دەرەتانی خەڵک شتیان بە قیست فرۆشتووە و لەم رێگاوە یارمەتی خەلکی ھەژاریان داوە.
3- بنەماڵەی مشکین فام پزیشکانێکی ناسراوە بوون لە بازاریش دووکانیان بووە.
4- بنەماڵەی سێونییەکان: پزیشکی ژن و پیاوی زۆریان لێھەڵکەوتووە.
5- بنه‌مەماڵەی سادق نوورییەکان: ئەوانە بازاڕی بوون و فرۆشیاری ڕادیۆ و کەرەستەی سەوتی بوون و لە شەقامی شاپور دووکانیان بووە.
6- بنەماڵەی وجدانییەکان: دارووساز بوون و لە خیابانی شاپوور دەواخانەیان ده‌گەڕاند.
7- بنەماڵەی مەسیح: لە بازاڕی ئاسف فرۆشیاری دەواو دەرمانی گیای سروشتی بوون.
8- بنەماڵەی دوکتۆر تەبیب زادە: ماوەیەکی زۆر سەرۆکی نەخۆشخانەی سنە بوو. 9- بنەماڵەی دوکتۆر ئێجلال: پزیشکی یاسایی شاری سنە بووە.
10- بنەماڵەی دوکتۆر ئەمینی: بنەماڵەیەکی ددان ساز و ددان پزیشک و دوکتۆری تایبەت بوون.
11- بنەماڵەی ئاقاجانییەکان: سێ برای تاجری ناو بازار بوون و بە شێوەی عومدە وشکەباری میوەیان موعامەلە دەکرد.
12- بنەماڵەی  مسرییەکان: ئەو بنەماڵەیە مڵک و ماڵیان زۆر بووە ، زۆرتر لە گەڵ ھەرێمی دیواندەرە موعامەلەیان دەکرد.
13- بنەماڵەی کالانییەکان: ئەو بنه‌ماڵەیە قوماش فرۆش بوون.
14- بنەماڵەی سەڕافییەکان: ئەو بنەماڵەیە لە بازار دوکانیان ھەبوو و دوکتۆر سەڕافی پیاوی گەورەی ئەو بنه‌ماڵەیە بوو، کە ماوەیەک پزیشکی یاسایی شاری سنە بوو.
15- بنەماڵەی نوورئومید: زۆرتر فرۆشیار و بازاڕی بوون و کەرەستەی دەنگ و ڕەنگییان سەودا دەکرد.
16- بنەماڵەی غەبیری: ئەوانە وردەواڵە فرۆش بوون و بەرمۆر و شتی ئەنتیکەیان دەکڕی و دەفرۆشت و چەرچی ئاسا ھاتوچۆی ئاواییەکانی دەوروبەری سنەیان دەکرد.
17- بنەماڵەی پنحاس حەنۆکە: بازاڕی بوون. و زۆر بنەماڵەی دیکە کە ھەنووکەش کەنیسە‌کەیان لە گوزەری«سیروس»دا ماوەتەوە و ڕۆژانی شەممە دەچوونە کەنیسە و بانگ و سەڵایان ھەبوو و «خەلیفەیایا» ناوێک. پێشنوێژی بۆ دەکردن و خوێنەر دەتوانێت بۆ زانیاری زیاتر بڕوانێتە کتێبەکەی مامۆستا حەق شناس.
بنەماڵەی ئەرمەنییەکانی سنە
1- بنەماڵەی پانووسییەکان: کارمەندی ئیدارە دەوڵەتییەکان بوون و کاسب و بازاڕیشیان تێدا بوو
.2- بنەماڵەی ھورمۆزییەکان: ئەو بنەماڵەیە تەواو فەرھەنگی بوون و مامۆستای قۆتابخانە و دەبیرستانەکانی شاری سنە بوون.
3- بنەماڵەی ھورمۆزییان: ددان ساز و مامۆستای قۆتابخانەکانی شاری سنە بوون.4- بنەماڵەی ئادارییەکان: فەرھەنگی و مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوون و لە قوتابخانەکاندا وانەیان دەوتەوە. 5- بنەماڵەی سەلیبییەکان: پزشکیاری نەخۆشخانە و کارمەندی ئیدارات و دووکاندار بوون. 6- بنەماڵەی یەسووعییەکان:گەورەی ئەو بنەماڵەیە کارمەندی گەورەی پێشکاری دایره‌ی دارایی بوو، لە فەنی عەکاسیدا ماھیر و مامۆستا بوو. لە جێگای ئەمڕۆکەی بانکی میللی مەرکەزی«عەکاسی کەلدانی» و لە خیابانی شاپور «عەکاسی ساکۆ»یان بوو.
7- بنەماڵەی گەرگیزییەکان: ئەوان چوار برا بوون و یەکەمیان بە نێوی مسیۆپۆلوسی گەرگیزی کە مامۆستای وێنە گرتنی ئوستاد ھووشەنگی ڕادپوور بووە و ماوەی 14 ساڵ بە لایەوە کاری کردووە، برایەکیان کارمەندی قەند و شەکەر بووە، برایەکی دیکەیان لە ئەرتەش بوو و ئەوەی دیکەیان لە سنە نیشتەجێ نەبووە.
8- بنەماڵەی پترۆسیان: زۆرتر لە بازاڕدا بوون.
9- بنەماڵەی ئادارییەکان: مامۆستا و دەبیری زمانی ئینگلیزی بوون.
10- بنەماڵەی یووحەننا: ئەوانە خاوەنی مڵک و زەوی و زار بوون و ھەتا ساڵی 1338ی ھەتاوی لە ئاوایی نگڵ خاوەن مڵک و ماشی نگڵ بوون.
11- بنەماڵەی دوکتۆر خوزێن: بنەماڵەی زانا پەروەر بوون و لە سەد ساڵی ڕابردوودا زانا و پزیشکی ناوداری وەک «دوکتۆر خوزێن»یان لێکەوتووەتەوە. بەڵگە وایە سەنجەرخان لە شەڕ لە گەڵ سوپای ڕووسی تێزاری بریندار دەبێ و بۆ چارەسەری دەنێرێتە دوای دوکتۆر خوزێن و ئەو جەڕاحی دەکا و خۆشی دەکاتەوە.
12- مسیۆ زۆزی که‌لدانی: خاوه‌نی گاراجی «ئێران په‌یما بوو».

وێنەی گەڕەکی ئاغەزەمان: بەشی زۆری ماڵە کەلیمی و ئەرمەنێکانی سنە لەوگەڕەکە بوون

ماڵە 3نهۆمەکێ ئەحمەدزادە وەک بووکی ڕازاوە ديارە


ئەم کڵێسەیه دوای ئەو ھەمووە ڕۆژگاری تاڵ و ناخۆشە لە بەر با و باران و تۆفان و ناسازگاری ڕۆژگار وەک عیمارەتێکی دڵڕفێن بە بێ ناز و بانگ و سەڵا سەرفەراز ماوەتەوە و ڕۆژگارێکمان بیر دەخات کە دەنگی خۆشی زەنگی کڵێسە لە ڕۆژانی یەکشەممە ئاییندارانی خۆی کۆ دەکردەوە. دوایین قەشەی کڵێسەی ئاغەزەمان «یووحەننا» بووە و ئێستا زیارەتەکەی لە نێو کڵێسەدا ھەڵبەستراوە و لەوێدا نێژراوە. رۆژی سێ شەممە 26ی دیسێمبێر/6ی بەفرانباری 2012، بەرامبەر بە ڕۆژی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا (د.خ) و ڕۆژی له‌دایک بوونی میترا (خوداوەندی خۆر و ڕووناکی) دەچمە کڵێسەی ئاغەزەمان کە لە سنەی کۆن بە شابەندرەخانە دەیانناسی و تێییدا کەرەستەی لەشکەری و دەوڵەتی و جبەخانە سەنگ و سووژن دەکرا. دیتنی کڵێسەی چۆڵ و ھۆڵ بە جۆرێک لە سەر ھەست و ویژدانم قورسایی دەخات و لەنگەر دەگرێت و دەمباتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە ئاسۆرییەکانی ئەو شارە بە بەرگی ئاڵ‌وواڵاوە لەو کڵێسەیە کۆدەبوونەوە و کریسمەسیان جەژن دەگرت و دوکتۆر (خۆزێن)ی ئەرمەنی خاوەنی موڵکی ئاوایی نگڵ جەژنانەی بە منداڵانی ئەرمەنی دەدا. عیمارەتی کڵێسەی ئاغەزەمان یەکێکە لەو شوێنەوارە ھەرە کۆنەکانی شاری سنە کەمێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و ئەوە دەسەلمێنێت کە پێگەو جێگەی ئاسۆڕییەکان و ئەرمەنییەکان لە کوردستاندا زۆر لەوە کۆنترە کە بیرکەینەوە کە دوای قەڵاچۆ کردنیان بە دەستی تورکانی عوسمانی پەنایان ھێنابێتە ئەم وڵاتە. ھەر چەند دوور نییە ھێندێک لەو سەردەمە ھاتبێتە کوردستان، بەڵام پێموایە ئەوانە بەشێکن لە مێژووی کوردستان. لە کۆڵانێکی تەنگەبەر و ڕوو لە باکووری ئەم شارەدا دەروازەیەکی گەورە لە دارە گوێز بە سەردەرانێکی گەورە و ئاجۆرکاری ڕازاوە و دوو «غوڵام گەردەش» لە چەپ و ڕاستی دەرگای عیمارەتێکی کۆن بە ڕووماندا دەکرێتەوە. کە دەچێتە ژوورێ لە داڵانێک تێدەپەڕێت کە دەتگەیێنێتە بەر ھەیوانی کڵێسە و لەوێشەوە بە 12 پلیکانی بەردین دەچێتە حەوشە و حەسارێکی گەورە بە پانانی 1000 گەزی چوار گوشە دەبینیت کە بە 17 گۆڕی ئەرمەنی رازێندراوەتەوە. لە سەر بەردە کێڵەکانیان بە ڕێنووسی ئەرمەنی ھەڵکندراوە و لە ناوەڕاستی حەوشەی کڵێسە حەوزێکی بەردین بە فەوارەوە شکۆیەکی سەیر بە فەزا دەبەخشێت، کە ئاوەکەی لە ڕێگای گۆڕیچە یان کارێز لە سەرووی شارەوە بۆناو کڵێسە ڕاگوێزراوەتەوە. کڵێسەی ئاغەزەمان بە درێژایی 80 گەز و پانایی 30 گەز، دیوارەکانی بە ئاجۆری چوار گۆشە و جوان بە پانایی 1 گەز، میچەکەشی بە تاق و خەرپشتە پێکھاتووە و 8 ستوونی بەرد بە بەرزایی 6 گەز شانیان داوەتە بەر قورسایی تاقەکان. بینای کڵێسە، موستەتیلییە، واتە بە درێژایی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی ھەڵکەوتووە: یانی قیبلە و جیگای قەشە لە لای ڕۆژھەڵاتی کڵێسەیە کە بە ھێمای خاچ و نۆمادی مەسێحیەکان وەکوو جێگای کۆڕ و پیانۆ ڕازاوەتەوە. ئەوەش ھاوئاھەنگی لەگەڵ دین و ئایینی میتراییە. میترا یان خودای ڕووناکی، ژیان و خۆشی بۆ زەوی بە دیاری دێنێ و بەتین و تاوی خۆی سروشت دووگیان دەکا، ئاو بۆ ئاوەدانی لە ئاسمانەوە بۆ زەوی ڕەھێڵە دەکا و گژ و گیا و دارستان دەڕوێنێ، مزگێنی سەرکەوتن بۆ کەسانێک دێنێ کە خاوەن کرداری چاک و پاک دین بوون. ئەو ئایینە 1200 ساڵی پێش زایین ھەتا کۆتایی دەورانی ساسانییەکان لە ئێران بڕەوی بووە و دواتر لە ئاسیای سەغیرەوە چووەتە ئەورووپا و بە نێوی ئایینی مەسیحی پەرەی سەندووە. ئایینی میترا یان بە گوێرەی مێژووی کارتاژ«مێھری ڕۆمی» دواتر لە قەوارەی ئایینێکی نوێ گەشە دەکات و خەڵک باوەڕی پێ دێنن و ڕۆژی لە دایکبوونی میترا دەکەنە سەرەتای مێژووی خۆیان. بۆ وێنە دەکرێت ھاوشێوە بوونی ئەم دوو ئایینە لە پەیوەند و ڕەچەڵەکی خودایی بنیاتنەرەکەی بدۆزینەوە (میترا خودایە  و عیسا کوڕی خودا)، یان وەک پڕۆفیسۆر وەھبی دەڵێ: لە باری زمانییەوە مەسیح گۆڕدرواەی میسرا و میترایە لە کەلتووری ڕۆمی. بەم چەشنە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی عیسا و میترا دەبێتە یەک ڕۆژ و لە جیھانی مەسیحی پەسەند دەکرێت. لە نێو کڵێسەی ئاغەزەمان مەزاری دوو کەسایەتی گەورەی ئەرمەنی ھەیە کە بە بەردە کێلێکی جوان و بە ڕێنووسی ئەرمەنی ڕازاوەتەوە. «ھووشەنگی ڕاپوور»وەک یەکێک لە وێنەگرەکانی ھەرەکۆنی شاری سنە کە لە ژێر چاوەدێری «میسیۆپولۆس» ئەرمەنی بۆ ماوەی 14 ساڵ فێری وێنەگری بووە و مێژووی نزیک بە 80 ساڵی ئەو شارە‌ی لە سینگ دایە و وێنەی نزیک بە 100 ساڵ لەوە پێشی سنە کە بە دەستی مامۆستا ئەرمەنیەکەی و خۆی گیراوە لە ئالبۆمەکانیدا پاراستووە، لای وایە: یەکێ لەم دوو مەزارە، گۆڕی «یووحەننا» دوا قەشەی ئەم کڵێسەیە.
بەڵام بەداخەوە ھەر دوو بەردە کێلەکان کە لە تەختی عەرزی گیرابوون، شکێندراون و من بە دیتنی ئەو کێلە شکاوانە وەبیر چەن دێڕە شێعری سوارەی ئیلخانی زادەی شاعێر دەکەومەوە کە ئەویش دوای مەرگی چارەنووسێکی ھاو شێوەی لە بابەت بەردە کێلەوە بەرکەوت، ئەو کاتەی (سوورەکان) لایان وابوو کوڕی بەگزادەیەک نابێ ببێتە شاعێر و زانا و نەتەوە دۆست و بەم شێوە کێلی ئەو و تەواو ئەندامانی بنەماڵەکەی و مەحموود ئاغای ئیلخانی زادە دەشکێنن. ڕەنگە سوارە پێش مەرگی ئاوەھا چارەنووسێکی بۆ خۆی پێشبینی کردبوو، بۆیە دەنووسێت:
«لە بەر نووری خۆرا، کەمێ کوێرەکانی شەوارەن   

سالی 1336ی ھەتاوی بەرانبەر 1956ی زایینی: وێنەی بەشێک لەشاری سنە

کەگەڕەکی سیرووس، ئاغەزەمان، قەتارچیان وپیرمحەممەد لەوێدا دیارە


زنەی دەم بە ھاواری ھاری درۆزن ھەزارن، که ته‌سلیمی سیحر و ته‌لیسمی بنارن»
ھەر لە سەروبەندی سەرەتای شۆرشی ئیسلامی ئەم کڵێسەیەش دەبێتە بنکەی یەکێک لە دەستە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە و لەشەڕ و شۆڕی ئەمان زیانێکی زۆر بەو کڵێسەیە دەگات؛ بۆ وێنە کۆتەڵەی حەزرەتی مریەم لەو سەردەمەدا لە ناو دەچێت.
تۆ بڵێی کێل شکاندن و گۆڕ غەریب کردن میراتێکی کۆنە کە لای ئێمە ماوەتەوە و پەرەی سەندوە؛ ئاوەھا کە ئەوڕۆ دەبینین چۆن لە دوای تێکشکاندنی بەردە کێلەکان زمان تووشی مەرگ و بێ مانایی و بێ بەڵگەیی ھاتووە و وەک بۆشاییەک لە ژیانماندا خۆدەنوێنێ و تەنگی بە گێرانەوە مێژووییەکانمان ھەڵگرتووە.
مێژوو دەگێڕێتەوە کە چۆن کاتێک ئەنجومەنی خاخامەکانی ئوورشەلیم فەرمانی لە خاچدانی حەزرەتی عیسایان نووسی داوایان لە «پونس پیلات» فەرمانداری ڕۆمی شاری ئوورشەلیم کرد، ئەم داواکارییان پەسەند بکات و ئەو داوای لێکۆڵینەوە لە کابرای ناسری حوکمی لە خاچدانی عیسای مۆر کرد. بەڵام ھەر دوای نووسینی حوکمەکە دەستووریدا ئاویان بۆ ھێنا و ئەو دەستەکانی خۆی تێیدا شۆرد و وتی: «من بە شۆردنی دەستەکانم نەخشی خۆم لە چارەنووسی عیسادا دەسڕمەوە».
ھەندێ جار بیر دەکەمەوە، نەتەوەی کوردیش تا ئێستا وەک «پونس پیلات»ی کردووە. ئاوا دەگەڕێمەوە سەر وتەکانی سەرەتام و دڵنیام گەر بمانەوێ لە ھەمبەر مێژووی بەرەی دوای خۆمان شەرمەزار نەبین، نابێ چیتر مێژوو بەم چەشنە بمانخەمڵێنێ و دەبێ شێلگیرانەتر بە کار و بڕینی تەمبازییەکان و ڕۆحی حاوانەوە سەرقاڵ بین و تەنیا بە زەحمەت و تێکۆشان دەتوانین داھاتوویەکی رێک‌وپێک بونیاد بنێین. لە کۆتایی گەڕان و تێڕامانم لە کڵێسەی ئاغەزەمان لە ڕۆژی کریسمەس و لە دایکبوونی پێغەمبەری رەنج و ئاشتی بەھەڵکردنی مۆمێک لەجێی میحرابی کڵێسەدا ھەر بە ڕەسمی مەسیحییەکان لە خودا پاڕامەوە کە؛ ساڵی نوێی زایینی ساڵێکی پڕ لە ھێمنایەتی و ئاشتی و حاوانەوەی پێکھاتە جۆراجۆرەکان بێت. لە دەلاقەی کڵێسە دەڕوانمە ڕۆژێک کە لە ئاوابووندایە، دووبارە حەقایەتی کۆچی ئەرمەنی و کەلیمیەکانی ئەم شارە و سەفەری بێ گەڕانەوەيان دەھێنمەوە پێش چاوی خۆم و تەمێک بە قەرای ئێوارە دام دەگرێ ؛ کڵێسەیەکی چۆل و تەریک دەبینم کە بە ئەمە‌گەوە ھەموو بیرەوەرییەکانی خۆی پاراستووە و ھێدی و ھێور ھەروا لەسەر پێ ڕاوەستاوە. لە گەڵ دایە مریەم و ھاوسەری پیری کە خزمەتی ئەو کڵێسەیە دەکەن وێنەیەکی یادگاری دەگرم و بەر لە چوونم لە دایە مریەم دەپرسم: کێ ئاوڕتان لێ دەداتەوە و بەسەرتان دەکات؟ لە وەڵامدا دەڵێ: ویژدانم ئاسوودەیە، ئێرەش ماڵی خودایە و ئێمە خزمەتی ئەو کڵێسەیە دەکەین، تەنیا خێڕخۆازانی ئەرمەنی لە شاری تاران و ورمێ دێن و سەردانی ئەم کڵێسەیە دەکەن و ئێمەش بەسەر دە‌کەنەوە، دەنا کەسی دیکە دەستمان ناگرێ. دەڵێم؛ ئەی ئیدارەی میراتی فەرھەنگی؟!
ڕۆژ بەرەو ئاوابوونە، لەگەڵ عیمارەتی کڵێسەی ئاغەزەمان ماڵئاوایی دەکەم و زۆر بریا و خۆزیا لە دڵمدا جێدەگرێ و بە کۆڵانە تەنگە بەرەکەی ئاغەزەمان وەک سێبەرێک ڕادەخوشێم و لە ڕێگا چاو بۆ ماڵی چۆڵ و ھۆڵی دوکتۆر خوزێن دەگێڕم؛ بڵێی بیدۆزمەوە، دڵنیام دیتنەوەی ھەندێک لە قورسایی دڵتەنگییەکانم کەمدەکاتەوە.
نووسه‌ر: سه‌لام ئیسماعیل‌سورخ
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژن
دسته بندی: کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید