جمعه، 10 بهمن 1404
روژان پرس » اخبار » جیهانگیری و ناسیونالیزمی کوردی

نووسەر: دکتۆر لۆقمان قەنبه‌ری

جیهانگیری و ناسیونالیزمی کوردی

0
کد خبر: 3415

جیهانگیری و ناسیونالیزمی کوردی

لەگەڵ فراوانبوونی تەکنەلۆژیای نوێی پەیوەندی و زانیاری و هەمەچەشنبوونی بازاڕی میدیای کوردی لە سەردەمی جیهانگیریدا، وا دیارە قۆرخکاری و تایبەتمەندی بەرهەمهێنانی مانا و حەقیقەت لەلایەن میدیا و پەروەردە و کولتووری دەوڵەتانی باڵادەستەوە بەرەوڕووی تەحەدای بنەڕەتی بووەتەوە.
جیهانگیری نەک تەنیا لایەنی بابەتیی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد، بەڵکو کاریگەریی لەسەر تیۆریزەکردن و میتۆدۆلۆژیای پەیوەست بە لێکۆڵینەوە لە شوناس و ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی کورد هەبووە. بە واتایەکی تر، وا دیارە دینامیکی باوی جیهانگیری، تەرازووی کۆنی شیکاری تێگەیشتن لە بناغەکانی شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵت- نەتەوەییەکاندا تا ڕادەیەکی زۆر لاواز کردبێت؛ بۆیە دەبێت مۆدێلی شیکاری نوێ بۆ ئەم مەبەستە پەرەپێبدرێت و بەکاربهێنرێت.
لە ڕاستیدا بە پشتبەستن بە بۆچوونی تیۆریه‌کانی جیهانگیری دەتوانین بڵێین کە ئەمڕۆ لە سەردەمی جیهانگیریدا، لەگەڵ ڕزگارکردنی بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی کورد لە هەژموونی بیرۆکەی جیۆپۆلیتیکی کۆلۆنیالیستی کە بەسەر فەزای خاک و هزریی خەڵکی کوردستاندا سەپێنراوە، قسەکردن لەسەر شوناس و ناسیۆنالیزمی کورد لە چوارچێوەی گریمانەکانی میتۆدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی چیتر نابێت زۆر بەسوود و کارامە بێت بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای بزووتنەوە فکری و پراکتیکییەکانی شوناسخوازی کورد. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەردەمی جیهانگیریدا بە  دیاردەکانی تری ترانزتێریتۆریالیزمەوە دەبەسترێتەوە؛ بە واتایەکی تر جیهانگیری ئەمڕۆ وەک پێکهاتەیەکی خاوەن دەرفەتی نوێ، دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بە یارمەتی میتۆدۆلۆژیای جیهانگیری لە شێوەی ڕوانگەیەکی پانۆرامادا و لە سەرووی کۆت و بەندەکانی ناسیۆنالیزمی جیۆپۆلەتیکی و میتۆدۆلۆژی کۆلۆنیالیزمەوە، بەدواداچوون بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی بکەین.
بە گشتی دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە لە لایەک؛ جیهانگیری وەک دیاردەیەکی بەربڵاو نەک تەنیا جیهانی ژیانی کوردی گۆڕیوە؛ بەڵکو وەک نیشاندەرێکی شیکاری و میتۆدۆلۆژی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، وای لێکردووین کە ناسیۆنالیزمی کورد لە چوارچێوە و دەرفەتەکانی سەرهەڵدانی جیهانگیریدا هەڵسەنگێنین.
 لەم پێوەندییەدا دەکرێ بگوترێ کە ڕەوتەکانی جیهانگیری بەم شێوازانەی خوارەوە کاریگەرییان لەسەر پۆلی ناسیۆنالیزمی کورد هەبووە.
-پێش هەموو شتێک جیهانگیری لە لایەک تەحەدای ئۆنتۆلۆژییە بۆ دەوڵەتانی سایکس- پیکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی و لە لایەکی دیکەشەوە دەرفەت و ئەگەرێکە بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی سوبژێکتیڤیتی جیۆپۆلەتیکی کورد لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا.
- لە لایەکی دیکەوە لە سەردەمی جیهانگیریدا، زیادبوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی ڕەوەند یا تاراوگەی کوردی(Kurdish diaspora) وەک بریکارێکی ستراتیژی بۆ پێشخستنی ناسیۆنالیزم لە دەرەوەی خاکە کوردییەکان زیاتر دەبێت.
- -جگە لەوەش، جیهانگیری جۆرێک لە داماڵینی سنوور و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی سوپەرتریتۆریالیزم (Supraterritorialism) لە نێوان کورددا وەک هەڵگری پرسی ناسیۆنالیزمی کوردی دابین کردووە. لە ڕاستیدا داماڵینی خاکی بووەتە هۆی هاودەنگی و پەیوەندی زیاتر لە نێوان چالاکانی کورد لە بواری شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی.
- ئەگەر قبووڵی بکەین کە یەکێک لە پایە گرنگەکانی جیهانگیری گرنگی لۆژیکی جیاوازی شوناسە، ئەوا دەتوانین بڵێین جیهانگیری دەرفەتێکە بۆ دووبارە لەدایکبوونەوەی شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی. ئەمڕۆ لە سەردەمی سیاسەتی شوناس و لامەرکەزی گێڕانەوەی ناسنامەسازی ناکوردی، بە کردەیی شاهیدی بووژانەوەی زمان و کولتوور و مۆسیقا و ئەدەب و سینەمای کوردی و دواتر گەشەسەندن و پەرەسەندنی هۆشیاری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کوردیین.
- لە سەردەمی جیهانگیریدا، پانتایی و قەبارەی دامەزراوەی توێژینەوەی کوردی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەگەر سەردەمانێک کورد ئۆبژە یان بابەتی دەستنیشانکردنی لێکەوتەکانی ڕۆژهەڵاتگەرایی، فارس، عەرەب و تورک بووبێت، ئەمڕۆ لەگەڵ گەشەسەندنی دەرفەتەکانی دەرئەنجامی جیهانی-لۆکاڵیزەکردنی مەعریفە، ئەوە کورد خۆیەتی کە لەسەر خۆی دەنووسێت.
- جگە لەوەش لەگەڵ فراوانبوونی تەکنەلۆژیای نوێی پەیوەندی و زانیاری و هەمەچەشنبوونی بازاڕی میدیای کوردی لە سەردەمی جیهانگیریدا، وا دیارە قۆرخکاری و تایبەتمەندی بەرهەمهێنانی مانا و حەقیقەت لەلایەن میدیا و پەروەردە و کولتووری دەوڵەتانی باڵادەستەوە بەرەوڕووی تەحەدای بنەڕەتی بووەتەوە.
لە کۆتاییدا بەگوێرەی ئەوەی وتراوە، تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان جیهانگیری و ناسیۆنالیزمی کوردی یەکێکە لە پرسیارە گرنگەکانی بواری توێژینەوەی زانستە سیاسییەکانه، هەرچەندە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە لەو بارەوە ئەنجام نەدراوە. بە واتایەکی تر، چەندین لێکۆڵینەوە لە لایەن ئەوانەی ئارەزووی بواری خوێندنی کوردی دەکەن لەسەر مێژوو، کولتوور، ئایین، جوگرافیا، زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی کورد نووسراون؛ بەڵام دەگمەنە کتێبێک یان بابەتێکی گشتگیر بدۆزرێتەوە کە پەیوەندی نێوان جیهانگیری و ناسیۆنالیزمی کوردی بکۆڵێتەوە.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، لێکۆڵینه‌‌وه‌ی ئێستا هه‌وڵ ده‌دات به دواداچوون له لایه‌نه ئاشکرا و شاراوه‌کانی په‌یوه‌ندی نێوان جیهانگیری و ناسیۆنالیزمی کوردی بکات، هاوکات بۆشایی لێکۆڵینه‌وه له‌م بواره‌دا داپۆشێت.

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید