سه شنبه، 3 تیر 1404
روژان پرس » اخبار » خاڵۆی کۆماسی و فەردەخوان

ئیرەج مورادی

خاڵۆی کۆماسی و فەردەخوان

0
کد خبر: 2604

خاڵۆی کۆماسی و فەردەخوان

ئێژن جارێ خاڵۆی کۆماسی بۆ کەوەڕاو ئەچێتە بناری سڵتان ئەحمەو. کۆڵیتی ڕاوی بووە لە کانی سپۆن. جارێ لە کۆڵیتەکە خەو ئەیباتەوە و سڵتان ئەحمەو دێتە خەوی و گەلێ ئامۆژگاری دەکا و فەردی بۆ ئەخوێنێتەوە.
سڵتان ئەحمەو، جانەوەرە، گیای تەڕەبنە، بالووکە
وەک دەزانن لە وێژەی کۆنی کوردیدا، کاتێ چیرۆک و ڕازێ دەگێڕدرێتەوە ـ‌بەتایبەت لە ناوچەکانی مەریوان و سەقز و دیواندەرە و سنە‌ـ ئەگەر ڕازەکە بەشێوەیەک بێ کە بەشێکی شێعر و ئەوی وەک قسەی ئاسایی بێت، ئەوەی شێعرەکەی بە (فەرد: هەمان منظوم) و قسەکانیش بە (تەخت: هەمان منثور) دەناسرێ.
خاڵێکی‌تر، بەشێک لە ئاواییەکانی ناوچەی بەرپلەی ساراڵ (لای جانەوەرە) بە بەری فەردەخوان دەناسرێ، وەکوو: ئاواییەکانی شێخ شەروەتی، بییەڕەشان، ئاڵیهەمان، دەرەوەزان، ساوسڵێمانە، تەیناڵ، مەیدۆڵ و قەتەون و ‌ـ‌ هەندێجارـ جانەورە. ئەڵبەت ئەم ناوە، کۆنترە لە ساراڵ و بەرپلە و سەرشیو کە ئیستە ناوەکەیان زاڵە.
وەک دەیگێڕنەوە کاتی خۆ دوو برای فەرماندەی سپایەک بوون، سڵتان ئەحمەو و سڵتان ئەغزەتوو. ئەمانە لە ناوچەکە شەڕێکی قورس دەکەن و لە کۆتاییدا دەکوژرێن. مەزاری هەر کام لەسەر لووتکەی ئەو شاخانەوەیە. ئەوەی سڵتان ئەغزەتوو دەکەوێتە سنووری گوندی گۆگجە لە ناوچەی چلچەمە.
من بۆخۆم بە منداڵی لە دەمی پیرەکانی دێی خۆمان باسی ودمی سڵتان ئەحمەوم بۆ بالووک‌بڕین بیستووە. لە پشتی دێی ئێمە ــ باقلاوا‌ـ کێوێ بەرز هەیە بە کوڕەی دەرەکێ ئەناسرێ. ئەوسا ئەیانگوت کەسێ بالووکی پێو بێ، بە بناری ئەو کێوە هەڵگەڕێت، لە هەر کوێ لووتکەی سڵتان ئەحمەوی لێ دەرکەوت، بنێ تەڕەبنە (بنچکێ کوێستانییە، بە فارسی دەبێتە دافنە یا برگ‌بوی زاگروسی) بگرە و بە ئەندازەی ژمارەی بالووکەکان، چڵی تەڕەبنە با بدا. دوایی دەست بهێنە بە سەر بالووکەکان و بێژێ: تەڕەبنە تەڕەبنە ماڵ و عەمرم، ودم سڵتان ئەحمەو فریای ئەم بالووکەیلە بکەوێ.
خاڵی‌تر، باسی گردی قەڵاخوان یا قەڵای فەردەخوان لە ئاوایی بییەڕەشانە. ئێژن ئەوێ سەنگەری فەرماندەیی شەڕەکەی سڵتان ئەحمەد بووە. لە شەڕەکە هەتا کۆتایی جەنگاوە و پشتاوپشت لە قەڵاخوان هەتا بان لووتکە چووە، ئاخری لەوێ کوژراوە. مەزارەکەی لەسەر لووتکەکەیە و بەردەچن کراوە.
ئەگێڕنەوە لە قەڵاخوان، فەردەخوانێکی لێ بووە (گوایە هەر خودی سلتان ئەحمەد بووە). هەر کەس گوێی داوەتە فەردەکانی، خێرا لەبەری کردووە و ڕۆژانە بۆخۆی دووپاتی کردووەتەوە و بە گوێی خەڵکیدا داوە. یا ئێژن: وتوویانە کەسێ ئامۆژگاری فەردەخوان نەچووێت بە گوێچکەیا، قسەی خوا و قورئانیش کاری تیا ناکا.
سەبارەت بە ئەحمەد بەگی کۆماسی و فەردەخوان:
لە تەمووی شاخی سڵتان ئەحمەو (بەرزی: ۲٨۷۲ میتر) مێرگ و ئاوێ هەیە بە کانی سپۆن دەناسرێ. جاران ئەو تەمووە شوێنی گیای ئەسپۆن بووە، خەڵک بۆ کاروباری شۆردەمەنی بەکاریان هێناوە.
ئێژن جارێ خاڵۆی کۆماسی بۆ کەوەڕاو ئەچێتە بناری سڵتان ئەحمەو. کۆڵیتی ڕاوی بووە لە کانی سپۆن. جارێ لە کۆڵیتەکە خەو ئەیباتەوە و سڵتان ئەحمەو دێتە خەوی و گەلێ ئامۆژگاری دەکا و فەردی بۆ ئەخوێنێتەوە. کاتێ بێدار دەبێتەوە، هەر جارێ ئەو فەرد و ئامۆژگاریانە دێتەوە یادی، دەبێتە هەوێنی شێعرێک. بەو شێوە خاڵۆی کۆماسی هەستی شێعریی دەپشکوێ و دەبێتە خاوەنی دیوانی شێعر.
تێبینی کۆتایی: لە کتێبی (نورالانوار، لاپەڕە ۲۷) سەبارەت بە سڵتان ئەحمەد و کێوی فەردە ئاماژەیەک بچووک هاتووە. واتە پێشتر ئەو کێوەی سڵتان ئەحمەو، لەناو کوردەکانا بە (کوە فردە: کێف فەردە) ناسراو بووە.
ئیرەج مورادی - ۲۳ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید