جمعه، 4 اسفند 1402
روژان پرس » اخبار » ماڵی بێ کتێب وەک چرایەکی کۆژاوە وایە

دیمانەی ڕۆژان لە گەڵ وەرگێر و نووسه‌ر؛ «حەیدەر ئیبراهیم»

ماڵی بێ کتێب وەک چرایەکی کۆژاوە وایە

0
کد خبر: 1626

ماڵی بێ کتێب وەک چرایەکی کۆژاوە وایە

بەداخەوە خوێندنەوە لەلاى ئێمە هیشتا نەبۆتە کولتوور، تەنانەت خەڵکانێک کە لە مستەوایەکى بەرزى خوێندەواریشدان بەڵام بەساڵیش نامیلکەیەک ناخوێننەوە..
كتێب یان پەرتوك بریتییە لە چەند کاغەزەێکی سپی پڕ لە ووشەی نوسراو، چەندین لاپەڕەی پێكهیناوە و کۆکراوەتەوە و خراوەتە ناو دوو توێی بەرگیکدا؛ ئەمە پێی دەوترێت پەرتوك - کتێب. ئەو ووشانەی کە تییدا نوسراوە بەخامەی نووسەرێک نووسراوە کە لەچەند زاراوە و سەرچاوەیەکی ڕوون ڕستە و واتای مانادار خۆی دەبینێتەوە.
كتێب خوێندنەوە یەكێكە لەو رێگایانەیه كە دەروونی مرۆڤ ئارام دەكاتەوە، سەرەڕای زیادبوونی ئاستی رۆشنبیری كەسەكان.
لەگەڵ ئەوەش یەكێك لەسوودەكانی تری كتێب خوێندنەوە، یارمەتی  كەمبوونەوەی   دڵەراوكێ دەدات ‌و توانای بڕوا بە خۆبوون لای خوێنەر زیاددەكات، جگە لەمانە هۆكارە بۆ بەهێزبوونی هزر و هۆشی كەسی خوێنەر. خوێندنەوەی كتێب توانای كەسەكان بۆ گوێ گرتن لە شتانی دەوروبەر زیاددەكات ‌و یارمەتی خوێنەر دەدات بۆ تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی دەوروبەر و كۆمەڵگا.

گرنگیه‌كانی كتێب خوێندنه‌وه‌ چیە؟
کتێب جیهانێکی پڕ لە بیرۆکەیە! خوێندنەوەی کتێب کاریگەری لەسەر بیر و تێروانینەکانی خوێنەر دەکات، و کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز لە خۆی دەگرێ؛ بۆ نموونە کتێبە فیکریەکان یان ئەدەبیاتەکان زۆر کات کۆمەلێك بیر و بۆچونی دژ بەیەک و ناتەواویش دروست دەکا لە لای خوێنەر، بەڵام خوێنەر دەگەرێت تا ڕاستیەکان بدۆزیتەوە.

کتێب رۆچوون لە خەیاڵ!
زۆر کات خوێنەر ڕستەیەك دەخوێنیتەوە ڕاستەوخۆ دەچیتە خەیاڵ و وێنای ئەو ڕستەیەک دەکا لە مێشکیدا. هەر وەکو وتراوە و دەڵێن: بەسەرهات و گێڕانەوە جوانترە لە فیلم. نووسینی کتێبیش لە چەند باس و تەوەرێکی پڕ لە مانا و کات و شوێنی جیاواز، خستنە ڕووی فیکری جیاواز دەگرێتە خۆ، کە کار دەکاتە سەر مرۆڤ و لە کاتی خوێندنەوەیدا ئارەزوو دەکات لێێ نەپچڕێ و بەردەوام بخوێنیتەوە تا دەگاتە کۆتایی، وە هانی دەدات دەست بۆ کتێبێکی تر ببات و بخوێنیتەوە.

کتێب زانین!
خوێندنەوەی پەرتوك توانای زانینی مرۆڤ زیاد دەکات، و سەرچاوەیەک دەبیت بۆ زانستە جیاوازەکان، وەکو زانستی سروشتەوایی، بایۆلۆژی، زمانەوانی، پەیوەندی گشتی، مێژوو، ئاینەکان و وە هەروەها.

کتێب شوێنیکە بۆ ناسینی مردوان!
لەپەرتوکەکاندا مێژووی زانایان و نوسەرانی خاوەن زانستەکانی تیدا باس کراوە کە لەژیاندا نەماوون. باسی کەسایەتیەکانی سەدەکانی ڕابردوو، هەروەها پاڵەوانەکانی قەومەکانی پیش ئیمە و لە کۆن و نوێدا..

کتێب بەڵگەی رۆشنبیرێتیە!
خوێندنەوە بەڵگەیەکە لەسەر رۆشنبیری بیری ئەو خوێنەرە، چونکە خوێنەر وەرگری رۆشنبیری و وڵاتە جیاوازەکان دەبێت، بە یارمەتی ئەو وەسف و وێنە و هێمایانەی کە لەناو کتێبەکەدا نوسراوە و کێشراوە ئاشنایان دەبێت. لەلایەکی ترەوە خوێنەر زانیاری جیاواز و زیاتری لە فەرهەنگی وڵاتان دەست دەکەوێت.

کتێب هێزە
کتێب دەتوانێت هێز و ووزە بدات بەخوێنەر، ڕێگایەکی ئاسانە بۆ شارەزابوون و ناسینی خود، وە متمانە بە خۆبوون زیاد دەکات کە بەرامبەر ئازارەکانی ژیان چۆک دانەنەێت و ڕاوەستاوبیت و بەردەوام بیت. هەندێ کتێبی جۆراو جۆر هەیە کە شیاوە بۆ وەرگرتنی وزە و زیادبوونی هیوا و ئومێد بەژیان، نموونەی کتێبێکی ئەمریکی هەیە بەناوی (القیام بعد النکسة) واتە هەستانەوە لەدوای کەوتن. خوێندنەوەی ئەم کتێبە سودی زۆرە کە سەرەتای ئەم چیرۆکە دەست پێ دەکات بە باسکردنی ئەو رووداو و کارەساتانەی لە نێوان خیزان و، خۆشەویست و، دایک و، وون بوونی کەسێك بە مردن یان بە جیابوونەوە، بەڵام لەکۆتاییشدا هەستانەوەو هیوایەکی تر باس دەکات کە جێگای ئەو ئازارانە پڕ دەکاتەوە.

کتێب ئاراستەیەکە بۆ ڕەفتار و ڕەوشت!
بە کتێب خوێندنەوە مرۆڤ دەتوانیت بەهای تازە بناسیت، وە خراپەکانیش بناسیت، باش و خراپ جیابکاتەوە. ڕێگایەکی ئاسانە بۆ ناسینی ڕاستگۆیی و درۆ، بەکارهێنانی زمانی جوان و ناشرین، هەروەها خوێنەردەتوانێت ڕقی لە ناشرینەکان بیت و ئارەزووی جوانیەکان بکات و بیچینێت لە دڵیدا، لەبەرئەوە کتێب یەکەم مامۆستای مندال و گەورەیە.

کتێب ژیانێکی ترە!
کتێب خوێنەر ئەناسێنێ بە ئەزموونی مرۆڤەکان، فێردەبیت لە بەکارهێنانی ئەو ئەزمونانەی لەژیانی رۆژانەیدا، جیگرەوەیەکی چاکە لەوانەپێدان بە خوێنەرو دوورکەوتنەوە لە ئەزموونی خراپ، وە فێری ئەوەت دەکا کە چۆن چارەسەری کێشەکانت بکەیت.

کتێب باشترین هاوڕێیە!
بەپێی ماوەیەك خوێنەر دەزانێت کە کتێب باشترین هاوڕێیە، بۆ ئەوەی کە کتێب کاتت ناکوژێت و هەڵە بەرامبەرت ناکات و بەردەوام فێرکارێکی بی ماندووەو کەمتەرخەمی ناکات لە پێدانی زانیاری بەبێ بەرامبەرو بەبێ بەرژەوەندی!
دیمانەی ئەمجاره‌مان لە گەڵ کەسێکە که ساڵهایه کاری وەرگێرانی کتێب دەکات ئەو کەسه‌یش کاک «حەیدەر ئیبراهیم»ە، دانیشتووی هەڵەبجەی تازە. 

لەخۆم دەپرسم وەرگێڕ کێیە؟
وەرگێڕ ئەو کەسەیە کە دەقێکی چەمک یان بابەتێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر وەردەگێڕێت و ئەم وەرگێڕانە  ئەبێته هۆی ئەوەی کە تێگەیشتنی خەڵک لە زانستە جیاوازەکان و جیهانی دەرەوە فراوانتر بێت لە  کەسانی تر ، لە ڕاستیدا  وەرگێڕ ئەو کەسەیە کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ئاڵوگۆڕی کولتووریدا، بۆیە پێویستە وەرگێڕەکە وەرگێڕانێکی ئاسان و ڕاست و دروست بۆ دەقەکان دابین بکات، و دەبێت بە تەواوی لە مانای قسەکەر تێبگات و بە تەواوی بیانناسێتەوە؛ چونکە چەمکی قسەکەر یان وەرگێڕ لەوانەیە جیاواز بێت لە یەکتر و هەر وەرگێڕێک یان بینەرێک تێگەیشتنێکی جیاوازی هەیە لە دەقێک یان چەمکێک. ئەم جیاوازییانە دەکرێت بەهۆی چەندین فاکتەرەوە بێت جگە لە دەنگ، ڕێزمان و وشە.
منیش بەم شێوازە پرسیارەکانم ئاراستە وەرگێڕەکەمان دەکەم.
مه‌رزیه خاکی
                                                                            ----------------------------------------------------------

*وەک هەموو کاتێک دەپرسم حەیدەر ئیراهیم کێیە؟
- ناوم «حەیدەر ئیبراهیم محەممەد»ە. لە ساڵی ١٩٩١ لە هەڵەبجەی تازە لە دایک بووم. ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بەشی ئینگلیزی-زانکۆی سلێمانی بەدەست هێناوە.

* کەی بوو بۆ یەکەمجار بە دونیای کتێب ئاشنا بوون؟
- لە قۆناغی ناوەندییەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە قۆناغی زانکۆوە بەدواوە زیاتر دەرفەتی خوێندنەوەی کتێبم بۆ ڕەخسا.

* چۆن دەستت بە کاری وەرگێڕان کرد؟
- دوو ساڵ دوای زانکۆ و لە مانگی یانزەی ٢٠١٧ەوە دەستم بە وەرگێڕانی یەکەمین کتێب کرد بە ناوی «شوێن دڵت بکەوە!». لێرەوە پێم خۆشە ئەم دەرفەتە بگۆزمەوە تا سوپاسی کتێبخانەی بەختیاری بکەم بە تایبەت هەردوو بەڕێزان کاک «کامەران عومەر» و مامۆستا «عومەر تۆفیق» کە دەرفەتیان پێ دام وەرگێڕانیان بۆ بکەم و بێمە ناو دونیای وەرگێڕانەوە.

* ئاستی خوێندنەوە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بۆ دیاریکردنی ئاستی خوێندنەوە لە ناو هەر میللەتێکدا پێویستە توێژینەوە بکرێت تا بەڕوونی دەربکەوێت لە چ ئاستێکدایە. 
بە ڕای من، ڕێژەی خوێندنەوە لای تاکی کورد لە ئاستێکی باشدا نییە، بە تایبەت لەناو ئەو گەنج و لاوانەی خوێندنیشیان تەواو کردووە. بە داخەوە، لەناو نووسەر و وەرگێڕەکانیشدا لە ئاستێکی زۆر پێویستدا نییە، هەرچەندە ئەم کەسانە زیاتر لە هەمووان پێویستیان بە خوێندنەوە هەیە بۆ بەردەوام بەرەوپێشچوون لە نووسین و وەرگێڕاندا.

* ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان لە ئاستی وەرگێڕ و نوووسەراندا چۆن دەبینن؟
- بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست ڕۆڵیان نەبووە لە خزمەتکردن و گرنگیپێدان بە نووسەر و وەرگێڕەکان. ڕەنگە کۆمەڵێک نووسەر و وەرگێڕی نزیک لە حیزبەکان سوودمەند بووبن لێیان. 
بە هەمان شێوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش وەک پێویست گرنگییان پێ نادەن، بە تایبەت وەرگێڕە لاوەکان کە کۆمەڵێکیان  لە ئاستێکی زۆر بەرز و پێشکەوتوودان و خزمەتێکی زۆریان کردووە. ئەو گرنگییەیشی پێیان دراوە، بە زۆری تەنها لە ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕاندا بووە.

* کۆی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانت چەندە و چین؟
- ١٣ بەرهەمی وەرگێڕانم هەیە لەگەڵ پێداچوونەوە و هەڵەچنی بۆ چەند کتێبێک. کتێبەکانم بە گشتی لە بواری گەشەپێدانی خودی، سەرکردایەتیکردن، باوەڕبەخۆبوون، چیرۆک و ڕۆماندان. 
ناوی کۆمەڵێک لە بەرهەکانم:
- هەنگاو بنێ!
- شازادە بچکۆلەکە
- هێزی تەرکیز
- ناوی منداڵ
- ملیاردێری خێرا
- شوێن دڵت بکەوە
- ببە بە سەرکردەیەکی کاریگەر

* ئایا هەموو کارەکانت بەتەنهان، یان کاری هاوبەشیشت کردووە؟
- بەشێکی کارەکانم بەتەنها کردوومن، چەند کارێکی هاوبەشیشم کردووە لەگەڵ کۆمەڵێک وەرگێڕی بەڕێز و لێهاتوودا، ئەوانیش: کەلسوم عومەر، خەنسا مەعرووف و سارا ئەنوەر. ناوی کۆمەڵێک لە کارە هاوبەشەکانم:
- (زیرەک بە!) لەگەڵ وەرگێڕ کەلسوم عومەر
- (هێزی باوەڕبەخۆبوون) لەگەڵ وەرگێڕ کەلسوم عومەر
- (هێزی خوو) لەگەڵ وەرگێڕ خەنسا مەعرووف
- (نیشانکراو بە زەرد) لەگەڵ وەرگێڕ سارا ئەنوەر.

* کتێبخانەی کوردی بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- کتێبخانەکان درێغییان نەکردووە و بەردەوام سەرقاڵی لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نوێن، بەڵام ئەوەی وا دەکات ئەوانیش جۆرێک لە ساردییان پێوە دیار بێت ئەوەیه ڕێژەی خوێنەر و خوێندنەوە لەناو میللەتی کورددا لە ئاستێکی زۆر بەرز و چاوەڕوانکراودا نییە.

* وەرگێڕی باش کێیە؟
- بۆ بوون بە کەسێکی شارەزا و سەرکەوتوو لەهەر بوارێکدا، سەرەتا پشتبەستن بە خوای گەورە و لەگەڵیدا پێویستە حەزێکی زۆریشت بۆ بوارەکەت هەبێت. دواتر بەردەوام خۆتەرخانکردن و خۆبەرەوپێشبردن لەو بوارەدا. متمانەبەخۆبوون و گوێنەدان بە ڕەخنەی ڕوخێنەری دەوروبەر.
کەسێک بێت بزانێت چی وەردەگێڕێت، نەک هەر کتێبێکی بۆ پێشنیار بکرێت دەستبەجێ پەسەندی بکات. بۆ ئەوەی زیاتر جێی خۆی لەناو خوێنەراندا بگرێت دەبێت بە زمانێک وەرگێڕان بکات و شێوازی ڕێکخستنی دەقەکانی هێندە باش بێت زۆرینە لێی تێبگەن و لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بێزار نەبن.
بۆ بوون بە وەرگێڕی باش نەک دەبێت تەنها شارەزایی لە زمانی بێگانەدا هەبێت، بەڵکوو دەبێت لە زمانی کوردیشدا شارەزایییەکی زۆر باشی هەبێت و گرنگیی تەواو بە ڕێنووس و خاڵبەندیش بدات.
* تا چەند خزمەت بە وەرگێڕ کراوە؟

سەرەڕای ئەو خزمەتە بەرچاوەی وەرگێڕەکان بە کتێبدۆستان و زمانی کوردی دەکەن، بەڵام وەک پێویست خزمەت نەکراون. کۆمەڵێک لە وەرگێڕە ناسراوەکان نەبێت، زۆرینەیان هەق دەستی ئەو ماندووبوون و خزمەتەیشیان پێ نادرێت کە شیاویان بێت

* ڕاگەیاندنەکان چ هەوڵێکیان بۆ بەکلتورکردنی خوێندنەوە داوە؟
ئەو هەوڵانەی کە هەیە لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکانەوە زۆر کەمە. بە زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان- لە ڕێگەی چەندین گرووپ و پەیجی سوودبەخشی هاوشێوەی پڕۆژەی کتێب، میتاکتێب و ئەهلی کتێب و چەندینی دیکەوە- هەوڵێکی زۆر دراوە و دەدرێت بۆ بەکلتوورکردنی خوێندنەوە و چەند هەوڵێکی تاکەکەسیش هەبووە لە ڕێی نووسەران و وەرگێڕەکانەوە. هەندێک لە ڕێکخراوەکانیش لە شار و شارۆچکەکانیش ڕۆڵی خۆیان هەبووە لەم بوارەدا.

* ئێوە ڕاستەوخۆ لە زمانی دووەمەوە وەرگێڕان دەکەن بۆ سەر زمانی کوردی، یان لە زمانی سێیەمیشەوە؟ جیاوازییان هەیە زمانی دووەم و سێیەم بۆ وەرگێڕان؟ کامیان باشترە؟
- من ڕاستەوخۆ لە زمانی دووەمەوە وەرگێڕان دەکەم. بەڵێ، جیاوازییان هەیە. گەر لە زمانی دووەمەوە بێت زۆر ئاسانتر و باشترە، چونکە زۆر جار لە زمانی سێیەمەوە بێت دەقەکان بە دروستی و وەک پێویست وەرنەگێڕدراون و تام و چێژی دەقەکە کەم دەکات.

* کاریگەریی چ وەرگێڕێکت لەسەرە؟ 
- لە کوردستاندا سوپاس بۆ خوا وەرگێڕی زۆر باش و لێهاتوومان هەیە و خزمەتی زۆریان کردووە چ بە زمانی کوردی وە چ بە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی. من زۆر سەرسامی وەرگێڕانەکانی مامۆستا هەژار و کاک ئازاد عەبباس گڵێجاڵیم. 

* ئەگەر وەرگێڕ نەبویتایە حەزت دەکرد ببیت بە چی؟ 
- من سوپاس بۆ خوا مامۆستام و وەرگێڕانیشم وەک حەزێک کردووە تا بتوانم لەو ڕێیەوە سوود بە خوێنەران بگەیەنم.

* پڕۆژە و کاری داهاتووت چییە؟
- سەرقاڵی کۆکردنەوەی کۆمەڵێک وتە و بابەتی جوان و بەسوودی فارسیین بە هاوبەشی لەگەڵ وەرگێڕێکی بەڕێز و ئامادەکردنی لە دووتوێی کتێبێکدا. خوای گەورە بۆمانی ئاسان بکات و بتوانین کارێک بکەین بە دڵی خوێنەران بێت و سوودی هەبێت.

* لێرەوە دەتەوێت سوپاسی کێ بکەیت و خۆت بە قەرزداری کێ دەزانیت؟
- من وەک وەرگێڕێک، سەرەتا سوپاسی خوای گەورە دەکەم بۆ هەموو نیعمەتەکانی، بە تایبەت ئەو زانست و زانیارییە کەمەی پێی بەخشیوم. پاشان سوپاس بۆ تەواوی مامۆستا بەڕێزەکانم لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن، هەموو هاوڕێ بەڕێزەکانم کە زۆر هاندەر و پشتیوانم بوون لە بەردەوامیدان بە وەرگێڕان.
سوپاس بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەیش کە کاتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانم تەرخان دەکەن. خۆشحاڵ دەبم بۆ باشترکردنی کارەکانمان لە سەرنج و ڕەخنەکانیان ئاگادارم بکەنەوە، چونکە هیچ کەسێک لە هەڵە و کەموکوڕی بەدەر نییە. 
سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و ماندوویینەناسیش. خوای گەورە کارتان ئاسان بکات و بەردەوامیتان پێ ببەخشێت بۆ خزمەتی زیاتر بە نووسەر، وەرگێڕ و کتێبدۆستان.
منیش بەم وتە جوانە کۆتایی دێنم بە دیمانەکەم کە دەڵێت: «کتێب باشترین هاوڕێى مرۆڤە». یان دەڵێت: «ماڵى بێ کتێبخانە وەکوو خانووى بێ پەنجەرە وایە».
بەڵام بەداخەوە زۆربەى ئێمە لەو هاوڕێ بەنرخە بێ بەشین و هاوڕیەتى ناکەین.هێندێکمان لەبەر تەمبەڵى و هەندێکیشمان لەبەر بێ کاتیە و هەندیکیشمان نامانەوێ هاوڕێیەتى کتێب بکەین.
لە ڕوانگەى منەوە، «عەیب»ترین شت ئەوەیەکە مرۆڤ بڵێ «دەرفەتى خوێندنەوەم نییە». لە کاتێکدا مرۆڤ چۆن پێویستە ڕۆژانە سێ ژەم نان بخوات، دەبێ ژەمێکى دیکەش زیاد بکات ئەویش ژەمى خوێندنەوەیە. ژەمى چوارەمیشمان هەیە کە ئەویش وەرزش کردنە.
هەڵبەت کتێبیش دەزانێ هاوڕیەتى کێ بکات و خۆى لەکێش بەدوور بگرێت. ئەو مرۆڤانەى کە هاوڕێى کتێبن و خوێندنەوە بۆتە بەشێک لە ژیانیان، هەمیشە خاوەنى دنیابەکی ڕووناک و ڕۆئیایەکى جوانترن بۆ دەوروبەر و بۆ ژیانیان.
بەداخەوە خوێندنەوە لەلاى ئێمە هیشتا نەبۆتە کولتوور، تەنانەت خەڵکانێک کە لە مستەوایەکى بەرزى خوێندەواریشدان بەڵام بەساڵیش نامیلکەیەک ناخوێننەوە..
سەبارەت بە خوێندنەوە و کتێب وەرگرتن قسەیەک هەیە کە دەبێت باسی بکەم هەرچەند «لەڕووم نایە باسى بکەم و بەداخەوه زۆربەی کتێبخانەکەمان لە چۆڵیدا پەپوو تێیاندا دەخوێنێ».
هەڵبەت لەوچەشنە کەسانەش زۆرن کە لەماڵەوە خاوەنى کتێبخانەن بەڵام ساڵانە تەنها دوو دێڕ لەو کتێبانە ناخوێنێتەوە و تەنها بۆئەوەیە بڵێن خاوەنى کتێبخانەیەکى دەوڵەمەندن!
لەوبارەیەشەوە قسەیەکى بەناوبانگ هەیە کەدەڵێ «ئەو جۆرە کەسانە کتێبخانە بۆجوانکردنى ماڵەکانیان بەکار دێنن نەک بۆ جوانکردنى عەقڵ و دنیابینیان بۆژیان».
بەداخەوە کەوایە و ئەو حاڵە دەبینین، و هیچ دەسەڵاتێکیشمان نیە کە کەڵتووری کتێب خوێندنەوە زیاد بکەین. 
لەوانەیە بڵێن یەکێک لەهۆکارەکان بوونى فەیسبووک و پێشکەوتنى ئینتەرنێت و زانست و تەکنەلۆژیایە، بەڵام خوێندنەوەى کتێب  لەسەر کامپیۆتەر هەرگیز تامى ئەو خوێندنەوەیە نادات کە کتێبەکەت بەدەستەوەیە و چۆنت پێ خۆش بوو بیخوێنیتەوە چونکە گوێ گرتن لە دەنگی لاپەڕەی کتێبەکان جوانترین چێژ دەبەخشێت بە مێشک و ناخ و دەروونی مرۆڤەکان.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان
دسته بندی: اخبار / کوردی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید