براوه‌کان خەڵاتی "یۆڵماز گۆنای" وه‌رده‌گرن
ده‌سبه‌کار بوونی فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک"
بەرپرسی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دھۆک" گوتی: یەکێک لە تەوەرە سەرەکییه‌کان که ئەمساڵ دەمانەوێت باسی بکەین، گرنگی زمان و بەکارھێنانی لە سینەمادایه.
مەنسوور جیهانی/ دهۆک: سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک" ڕایگەیاند: باوکی سینەمای کوردی "یۆلماز گۆنای" Yılmaz Güney بە فیلمی سینه‌مایی "رێگا" Yol لە ساڵی 1982 خەڵاتی چڵه خورمای زێڕی فێستیڤاڵی فیلمی "کان"ی فه‌ره‌نسا بەدەستهێنا؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە، باشترین خەڵاتی ئێمە خەڵاتی "یۆڵماز گۆنای"ە.
کردنەوەی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "دھۆک" بە فیلمی "مێسی بەغدا"
دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دھۆک" Duhok بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی دادوەرانی بەشه‌کانی رکابه‌ری "سینەمای جیهان" و "سینەمای کوردی"، سینەماکارانی ئێرانی و بیانی و هۆگرانی هونەری سینەما لە هۆڵی "کۆنگرە" له زانکۆی دهۆک کرایه‌وه و تا رۆژی ١٦ی دێسامبر/ کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.
رێوڕه‌سمی فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک"
لە سەرەتای ڕێوڕەسمی کردنەوەی دەیەمین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک"، کەسایەتییە دیارەکان، ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان" و به‌شی کێبڕکیی "سینەمای کوردی" و هەروەها ژمارەیەک له میوانانی تایبەتی ئەم رووداوه پڕبایخ و بەناوبانگەی سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوونە سەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە و لە بەرامبه‌ر کامێرای کەناڵە تەلەفزیۆنییە جۆراوجۆره‌کان و فۆتۆگرافەران ده‌رکه‌وتن.
ناساندنی هه‌ر چی باشتری کو‌لتوور و هونەری کوردی
لە درێژەی ئەم رێوڕه‌سمه‌دا، بەرپرسی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک" گوتی: لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەم فێستیڤاڵە، بووەتە سەکۆیەکی سەقامگیر بۆ فیلم و ڕۆشنبیریی سینەمایی و هەروەها پەیوەندییه‌کانی نێوان کولتوورە جیاوازەکانی بەهێز کردووه و لە هەمان کاتدا، بۆ پێشخستنی هونەری سینەما لە هه‌رێمی کوردستاندا یارمەتیدەر بووە. فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک" نه‌ک تەنیا مەیدانێکه بۆ گفتوگۆ و تێگەیشتنێکی باشتر لە پێگەی سینەماکارانی ناوخۆیی و بیانی، بەڵکوو فاکتەری سەرەکییە بۆ ناساندنی هه‌ر چی باشتری کو‌لتوور و هونەری هه‌رێمی کوردستان. چونکە لەم بوارەدا، هونەری سینەما ڕۆڵێکی سەرەکی و زۆر گرنگ دەگێڕێت. ئه‌مه فێرمان دەکات کە خه‌ڵکی چۆن دەتوانن لە رێگای چاوی سینەماوه جیهان ببینن و ئێمه فێر دەکات کە سینه‌ما سەرەڕای هه‌بوونی جیاوازییه‌کانی کولتووری، تێڕوانینی جۆراوجۆر و بیرۆکە تایبەتهکان، چۆن گەلان له ده‌وری یه‌کتر کۆ دەکاتەوە.
سینەما دەتوانێت ئاشتی لە جیهاندا جێگیر بکات
"ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر" هەروەها گوتی: جیهانی ئێمه هەڕەشەی گەورەی وەک؛ کێشەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و قەیرانه‌کانی ئابووری و شەڕی وێرانکەری تێپەڕاندووه. سینەما بە باشی هێزی تایبه‌ت و ناوازەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ململانێیانە بە بیرکردنەوەیهک له‌وپه‌ڕی دامەزراوە بیرتەسکەکان و تێپه‌ڕین و بەزاندنی سنوورەکان نیشان داوە. سینەما دەتوانێت پردێک لە نێوان کولتوورەکاندا دروست بکات، دیواره‌کانی توندوتیژی بشکێنێت، پەیوەندییه‌کان نێوان نەتەوە جیاوازەکان بەهێز بکات و هەروەها ئاشتی لە جیهاندا بەرقەرار بکات.
فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک" دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دۆزینەوەی سیحری سینەما
"ئەمیرعەلی محەمەد تاهیر" ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: فێستیڤاڵی "دهۆک" دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی باشتر سیحری سینەما بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی که ئێمه بتوانین بە شێوازێکی دیکە سەیری ئەم جیهانە بکەین. چونکە کاریگەری لەسەر ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوەمان دەبێت. ئەم جه‌ژن و ئاهەنگگێڕانە، گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه له په‌یوه‌ندی لەگەڵ دەنگ و ڕەنگدا کە دەرئەنجامەکەی ئەوەیە؛ ئارامیی دەروونی، هەستێکی خۆش و بیرکردنەوەیهکی گەورە به دوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەم به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی ڕۆشنبیری ڕایگەیاند: ئەمساڵ، بە شانازییەوە پێشوازی لە سینەمای فەرەنسا دەکەین وەک وڵاتێکی میوانی تایبەت. فەرەنسا نەک ته‌نیا هەر لە ڕووی مێژووییەوە دەوڵەمەندە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا، ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە جیهانی سینەمادا هەیە، وه‌کوو پازلێکی هه‌رمان له جیهانی سینەمایە کە هەمیشە دەتوانێت هه‌ستی ئێمه بەئاگا بهێڵێتەوە. سینەمای فەرەنسا بە فراوانی و فرەچەشنییەکەی ناسراوە و نیشان دەدات کە گرنگی شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکە، لە خودی چیرۆکەکە گرنگترە. مێژووی سینەمای فەرەنسا، دەرهێنەران و سیناریۆنووسانێکی زۆری ناساندووە کە بە سەرکەوتوویی، له هێزی زمان لە بەرهەمەکانی خۆیاندا که‌لکیان وه‌رگرتووه؛ که چۆن دیالۆگی ورد و دیمەنە بێدەنگەکان، دەتوانن هەستهکان و بیرکردنەوەکان به باشی بۆ بینەر بگوازنه‌وه.
گرنگی زمان و بەکارهێنانی لە سینەمادا
بەرپرسی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دھۆک" گوتی: یەکێک لە تەوەرە سەرەکییه‌کان که ئەمساڵ دەمانەوێت باسی بکەین، گرنگی زمان و بەکارھێنانی لە سینەمادایه. سینەما زمانێکی جیهانی و گشتگیرە کە دەتوانێت مرۆڤەکان لە کولتوورە جیاوازەکانەوە له ده‌وری یه‌ک کۆ بکاتەوە، ڕێگەمان پێدەدات که چیرۆکێک بە باشترین شێوە بۆ ڕۆحی مرۆڤ بنێرین. زمان، ئامرازێکی گرنگە لەم بوارەدا و له جیاوازییە کولتوورییەکان، ئاسته‌نگه‌کان و بەربەستە جۆراوجۆرەکان تێده‌په‌ڕێت و ده‌بێته هۆی گوازتنه‌وه‌ی پەیامی فیلمەکان.
سوپاس بۆ ئه‌و سینەماکاره کوردانه‌ی کە بە زمانی دایکی فیلم دروست دەکەن
ئه‌و له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: لە هەموو ئەو سینەماکارە کوردانەی کە لە بواری سینەمای کوردی‌دا و بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات و لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان چالاکی و تێکۆشان دەکەن؛ سوپاس و قه‌درناسی دەکەین و داوایان لێدەکەین که لە دروستکردنی بەرهەمەکانیاندا زیاتر له‌وه، گرنگی و سه‌رنج بە زمانی کوردی بدەن؛ بۆ ئەوەی زمانی دایکیی ئێمەش لەناو زمانە زیندووەکانی جیهاندا بە نەمری بمێنێتەوە و وەکوو هەموو میله‌ته‌کانی جیهان، زۆر شانازی بە زمانەکەی خۆمانەوە دەکەین.
کۆمه‌ڵکوژی و ژینۆسایدی نەتەوەیەک
لە درێژەی رێوڕه‌سمەکەدا، دکتۆر "عه‌لی ته‌ته‌ر" پارێزگاری دهۆک گوتی: میله‌ت و نیشتمان و نیشتمان و میله‌ت، پێکه‌وه گرێ دراون و هیچ کات ئه‌م په‌یوه‌ندییه گرنگ و مێژووییه له نێو ناچێت. هەندێک جار نەتەوەیەک، تووشی ژینۆساید و کۆمه‌ڵکوژی بووە و ئەو میللەتە، شڵەژاوە و یەکپارچەیی خۆی لەدەست داوە؛ ژینۆساید و لەناوبردنی نەتەوەیەک، لابردنی زمان، کو‌لتوور و ئەدەبیاتی ئەو نەتەوەیە. ئەگەر هەموو ئەم شتانە له ناو بچێت؛ ئیدی هیچ شوێنەوارێک لەو میللەتە نامێنێتەوە، بەڵام ناوی ئه‌وان لە مێژوودا دەمێنێتەوە.
گوتیشی: ئێمە ئه‌رزش و بایخ و نرخی سینەما دەزانین، چونکە لە ڕێگەی سینەماوه به باشی دەتوانین پەیامی خۆمان بە جیهان بگەیەنین. هونەری حەوتەم، کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و شارستانییەتی مۆدێرن پێکه‌وه گرێ ده‌دات و بەیەکەوە دەیبەستێتەوە و ئێمه هه‌میشه وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دهۆک" و بۆنە و رووداوه‌کانی دیکه‌ی کولتووری، هونەری و وەرزشی پاڵپشتی و پێشوازی ده‌که‌ین.
میلەتی کورد، تراژیدیا و کارەسات و ژینۆسایدی تێپەڕاندووە
پارێزگاری دهوک ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئێمە ڕووداوه‌کان، کارەساته‌کان، به‌ڵا و نه‌هامه‌تی، تراژیدیاکان و کۆمه‌ڵکوژی زۆرمان بەخۆوە بینیوە و تێپه‌ڕاندووه؛ ئەگەر سینەماکارانی سه‌رتاسه‌ری جیهان، سه‌باره‌ت به تراژیدیاکان و ئه‌و زوڵم و ستەمانەی کە بەسەر میلەتی کورددا هاتوون، به‌رهه‌مێکی سینه‌مایی زۆر بهێننه بەرهەم، هێشتا تەواو نابێت، بەڵکوو تەنیا گۆشه‌یه‌ک لەو کارەساتانەیان وێنا کردووە.
پەرەپێدان و بەهێزکردنی سینەمای کوردی لە پێوەندی لەگەڵ سینەمای نێودەوڵەتی
عه‌لی ته‌ته‌ر، له کۆتایی قسه‌کانیدا جه‌ختی له‌وه کرده‌وه: په‌ره‌پێدانی سینه‌مای کوردی و بههێزکردنهکهی، به‌بێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سینه‌مای نێوده‌وڵه‌تی نایه‌ته دی. خۆشحاڵین کە فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "دهۆک"، لەم خوله‌دا میواندارێتی سینەمای فەرەنسا دەکات؛ وڵاتێک کە به یەکێک لە دۆستە کۆنەکانی خەڵکی کوردستان دێته ئه‌ژماردن. خەڵکی کوردستان لە رۆژە سەختەکاندا، هەمیشە حکومەت و گەلی فەرەنسای لە تەنیشت خۆیدا هه‌بووه و ئێمه هەمیشە بەو پەیوەندییە دێرینە کولتووری و مێژووییە شانازی دەکەین. بابه‌ت و تەوەری سەرەکی فێستیڤاڵی ئەمساڵ، زمانی دایکیە، ئەو زمانە شیرینەی کە منداڵ بۆ یەکەمین جار لە دایکییەوە فێری دەبێت؛ پاراستنی زمانی دایک پێویستییەکی یه‌کجار زۆر گرنگە بۆ هەموو نەتەوەیەک. بۆ یەکەمین جار، لەم خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌دا، فیلمه‌کانی "منداڵان و مێرمنداڵان" به‌شدارییان کردووه و ئێمه پێشوازی له‌وان دەکەین.
ههمهجۆرایهتیهی هونه‌ر و كو‌لتور، ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه بۆ ناساندنی كوردستان به جیهان
له به‌شیکی دیکه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، "ئاریان سه‌لاحه‌دین" بریکاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گوتی: ئێمه ئه‌مڕۆ لێره‌دا كۆبووینه‌ته‌وه، بۆ نمایشكردنی به‌رهه‌می سینه‌ماكاره به ئه‌زموون و لاوه‌كانمان، بۆ شێركردنی ئه‌زموون و دیدگا جیاوازه‌كانمان و هێنانه‌كایه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی فراوانتر له پێناو ناسینی كولتووری ئه‌وانی دیكه و ناساندنی كو‌لتور و فه‌رهه‌نگی خۆمان به دنیای ده‌ره‌وه‌مان. ئه‌م فره ده‌نگی و فره ڕه‌نگیی و ههمهجۆرایهتیهی له هونه‌ر و كو‌لتوردا له بۆته‌ی به‌رهه‌می سینه‌مایی نمایش ده‌كرێت، ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه بۆ ناساندنی كوردستان به دنیای ده‌ره‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: له‌و پێودانگه‌شه‌وه، به له‌به‌رچاوگرتنی ڕۆڵی سینه‌ما له پاراستن و گه‌شه‌كردن و مانه‌وه‌ی زمانی دایكی، ئه‌م گه‌ڕه‌ی فێستیڤاڵه‌كه له ژێر دروشمی زمانی دایكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌ڵگری په‌یامێكی گرنگ و كاریگه‌ره، چونكه به‌یه‌كه‌وه ژیانی ئاشتیانه و چه‌سپاندنی كولتوری به‌یه‌كه‌وه‌بوون و قبوڵكردنی ئه‌وی دیكه، مانای سڕینه‌وه ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه مانای گه‌شه‌كردن و مانه‌وه و پێشكه‌وتنی تایبه‌تمه‌ندییه كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.
چاوەڕوانیمان زۆرە له شاره‌زایانی بواری هونه‌ر و ڕۆشنبیری
گوتیشی: وه‌ك وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەرکی ئێمەیە جگە لە پشتیوانی کردنی ئه‌م پڕۆژه ناوازه‌یه‌ی هونه‌ر و ڕۆشنبیری، دەرفەتی زیاترمان لە ڕووی دارایی و بەرنامەی کورتخایەن و ستراتیژییەوە، بۆ بڕەخسێ کە ژێرخانی ئەم کایە پڕ بایەخ و کاریگەرە پەرە پێ بدەین. وه‌ك وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی تایبه‌ت به هونه‌ر و ڕۆشنبیری هه‌ر یه‌ك له پێكهاته جیاوازه‌كانمان دامه‌زراند و به‌رده‌وام ده‌بین له پشتیوانیكردنی ئه‌و دیدگا نیشتمانییه‌ی كه له پێناو خزمه‌تكردنی داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیدا تێده‌كۆشێت. بۆ ئەم ئامانجەش چاوەڕوانیمان زۆرە کە شاره‌زایانی ئەم بوارە، هەماهەنگتر و خەمخۆرانەتر لە کایەکەدا کار بکەن و بەرچاوی ئێمە لە ئێستا و بۆ ئایندە ڕۆشنتر بکەنەوە.
آدرس کوتاه خبر: