اضمحلال و نابودی بعضی ازتمدنها صرفا" نه بر اثر جنگ بلکه بر اثر بحرانهای زیستمحیطی بوده است که مردمانش راه تعامل و همزیستی با محیط طبیعی خود را از دست داده بودند؛ از جمله نابودی تمدن مزوپتامیا (بین النهرین) و تمدن اینکاها در آمریکای جنوبی. یکی از دلایل خشکسالی و بحرانهای زیستمحیطی کشورمان در یک کلام خیانت ما انسانها به محیط طبیعی خود میباشد. آیا تاریخ بحران و نابودی محیط زیستمان تکرار میشود؟ این مقاله گفتگوی دوستانهای است با عزیزان پیرامون محیط زیست خود. زمین پایگاه زندگان است آن را دریابیم چون زمین دیگر تاب این همه خیانت و افسارگسیختگیها را ندارد. این مقاله به زبان مادری نوشته شده است که طبیعت هم مادر اصلی همه ما است.
ھەوەڵ چەخماخەی ژیان لە کوێ لێدرا.؟ ئێستاشی لەگەڵ بێ، کانگای ژیان لە کانیاوەکانی بوونەوەران جمەی دێ. ئاو سەرچاوەی ژیانە، پێوەندیی ئاو و زەوی هەتاهەتایییە، گۆلاوەکان، زەریاکان، چۆمەکان، کانیاوەکان، هەموو بوونەوەرەکان کەلکیان لێ وەردەگرن. هیچ چتێک بە تەنیایی بەردەوام و بەرووبووی نابێ. ئاو، هەوا، خاک، خۆر، ڕازی گووران، زەوی ئێمە کات و ساتی بە پێوەرەی ملیارد ساڵ هەڵدەسهنگێنرێ.
لە میرات و گەنجینەیەک کە 4/5 میلیارد ساڵ زەوی پێشکێشی کردبوو، کەلک وەردەگرین. مرۆڤ بە هەموو چکۆلەیی خۆی هەموو شت دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ به قەرای پێویست، زەوی ژێر و ژوور دەکرا. هاوسەنگی لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا بوو. زەوی پیرۆزییەکی هەبوو، تەنانەت کەوتە نێو ئایین. بە پارێزەوە لەگەڵ زەوی دانووساندن دەکرا.
سروشت وێنەیەکی دی بە خۆیەوە گرت، بەڵام مرۆڤ بە عداڵەتەوە دانووساندنی لەگەڵ سروشت نەکرد. بۆ ڕاحەتی خۆمان هەموو شتێکمان ژێر و ژوور کرد. دادپەروەر نەبووین. وەک ئەوەی هاتووينەته سەر ئەم عەرزە کە کانگا و میراتی هەزاران ساڵەی ئەم سروشتە داپهڵۆسێنین.
لە گەنجینەیەک کە لە خۆلقاندنی 4/5 میلیارد ساڵ زەوی پێشکێشی ئێمەی کردووە، تەنیا بە 200 هەزار ساڵ ژیان ژێر و ژوورمان کردووە کە نیزیک بە 180 هەزار ساڵ ژیانی قەلەندەری و ئاوارەیی بوو، بەڵام بە یارمەتی هەوای خاوێن، ئاو و خاک و ژینگەی لەبار ژیانێکی نوێمان دەست پێکرد کە پەرەپێدانی دەسەڵاتی مرۆڤی لێ کەوتەوە. بووین بە سەییاح و گەڕیدەی وشیار، چووینە کوورەی مانگ، شاری گەورەمان پێکەوە نا، لە سەرەتای شش هەزار ساڵ پێش ئێستا کە شارنشینی کەوتە گەڕ، بیر و سەروەت و سامان کەوتە کایە. ژیان دیمەنێکی دیکەی بە خۆیەوە گرت. چەرخی ژیان بە پەلە کەوتە سووڕان، مرۆڤ بە هێزی باسک و تیشکی ئاسمان، سروشتی لەبار، بە دڵی زەویدا چۆوە، پلانێکی مێژوویی دادەڕێژرێ. مرۆڤی وشیار و زانا بە زکی برسی لە سەر سروشت، دونیا داگیر دەکا. زانایی لە سەر کشتوکاڵ، زۆر بوونی حەشیمەت و شاری ئاوەدانی لێ دەکەوێتەوە. پیشەی کشتوکاڵ بوو بە ئیشێکی پیرۆز، وەک ئایین لە باوک بۆ منداڵ بوو بە میرات؛ چونکە داڵدەی ژیان و بەڕێچوونە. مێژوو بە هەموو قۆناغەکانییەوە کەوتە ڕاوێژ. ژینگە و مرۆڤ کەوتنە ئامێزی یەکتر.
دۆزینەوەی نەوت سەرکەوتنێکی بە پەلە و سەرسوڕمانی لێ دەکەوێتەوە کە لە 50 ساڵ دوایی بە قەد تەواوی ژیانی سەرکەوتن و سامان دەستەبەر دەکا، هەموو شت بۆنی نەوت دەدا، شاری گەورە چێ دەکرێ. لە حەوت میلیارد حەشیمەتی ئەوڕۆ، نیوەی لە شارەکان پوورەیان داوە. یەک لیتر نەوت لە ڕۆژێکدا بە قەرا 100 باسکی کرێکار توانایی و وزهی هەیە. حەوت میلیارد حەشیمەت نانی دەوێ. بۆ تێر بوونی زکی ئاپۆرەی ئەو حەشیمەتە 70 لە سەدی ئاوی جیهان بۆ کشتوکاڵ سەرف دەبێ. بۆ حەشیمەتێک کە لە برسيایەتی ڕزگاری بووە کشتوکاڵ دۆخێکی دیکە دەخۆڵقێنێ. زۆرتری بوونەوەر، قۆرغ و دارستان دەفەوتێن. بوورە و بەیار نامێنێ. لە دەسەڵاتخوازیی مرۆڤ بە هەزاران جۆر دار و باڵندە و گیاوگوڵی لێڕەوار تێدادەچێ. کشتوکاڵی بە پەلە دەبێتە کاری هەموو ڕۆژمان، جاڕەکان دەکێڵدرێن، دەشت و کێو بە ئاسن ژێر و ژوور دەبن، شاخ و کێو بە دەست جادە و گۆڕەپان دەناڵێنن. مرۆڤی زگەرۆ چاوی تەماح و ناپاک دەبڕێتە هەر زیندەوەرێک. بە یارمەتیی نەوت و کاری هەرزان ئاڵوگۆڕی بە پڕتاو و به پەلە وەک شێرپەنجە وڵات دادەگرێ؛ دهسکرد و ئاڵووێر. نەوتی هەرزان خەریکە دوایی بێ، بەڵام نامانهوێ باوەڕ بکەین، بۆیە لە مێژوو کەلک وەرناگرین، بە هێزی سەنعەت و ماشێن، هەموو کانگاکان لە دڵی زەوی دێنە دەرێ. لەو 20 ساڵەدا بە قەد تەواوی مێژووی مرۆڤ، کانگا و مەعدەنمان دەرهێناوە کە لە دوایی ئەو سەدەدا شتێک لە سەروەت و سامانی زەوی نامێنێ. لە ساڵی 1950 زایینی بەو لاوە ئالووێر 20 بەرامبەر بووە کە 90 لە سەدی لە ڕێگای زەریاوەیە. هەرا و هەنگەمەی شارەکان زۆرتر بووە. بە داهاتی نەوت،لە وڵاتی دوبەی هەموو شتێک دەکرێ، وەک چێ کردنی بەرزترین بورجی بەرزی دونیا بە 800 میتر بەرزایییەوە، باڵاخانەی سەیروسەمەر، عەییاشخانەی سیحراوی کە لە خەون و خەیاڵی خەلیفەکانی عەباسیشدا ناگونجێ. شاری دەستکرد لە سەر زەریا چێ دەکەن. بە پوولی نەوت هەموو بەرهەمی خەڵکی وشیار و ڕەنجدەری دونیا دەکڕن، بە تەنیا فرۆشتنی نەوت، زرینگەی سککەیە کە دەیناسن، لاسایی وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەنەوە. وەها سەرمەستی دراوی نەوتن کە دونیا سەرسام دەکەن، لە هیچ کوێی دنیا وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەرچاوەی ژینگە و سروشت دوور نەکەوتووەتەوە، بە تەنیایی نەوته و نەوت. ئایا ئەو سەرخۆشیيە دەتوانێ بەردەوام بێ؟ لە دەستکرد و جەوهەری ئەوان شتێک بەدی ناکرێ، دەنا گەورەترین هێزی خۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دایە، ئەگەر زانایی و هەڵسووڕاوییان هەبێ. جارێ سەرمەستی نەوتن، قەیران و داپلۆسان کاتێکە کە نەوت تەواو بێ، حەشیمەتی دونیا لەو سەدەیەدا دوو بەرامبەر بووە. ڕادەی ڕاوچی 5 بەرامبەر، سەرمان لە سروشت تێکداوە. گەرمین و کۆێستانی باڵندەی کۆچەر تێکچووە، گاوانی «سێروو» جاری وایە ناڕواتەوە گەرمین، تا 2050 شتێک لە ماسی نێو زەریا و چۆماوەکان نامێنێ.
باغ و بێستان بۆ بێبەرن
گوڵ دەکەن و هەڵدەوەرن
زەوی لە 4/5 میلیارد ساڵ لەمەوبەر، هەموو بەروبوویەکی بە دڵاواییهوه پێشکێشی ئێمە کرد. مرۆڤ تەنیا بە 200 هەزار ساڵ ژیان هەموو شتێکی ژێر و ژوور کرد! نامانەوێ دەروویەک لە گرفتەکان بکەینەوە، وێرانکاری حاشاهەڵنەگرە.
کەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێ، گرمەی ڕووخان و وێرانی دەبیسین، پێش ئەوەی هەموو شتێک بەرەو قەیران و وێرانی بڕوا، بە چاوی وردبینەوە ڕووداوەکان ببینین، ڕێکاری بۆ بدۆزینەوە، تاکوو ژیان لەوە ئاڵۆزتر نەبێ. ڕادەی ئاوی ژێر زەوی خەریکە تەواو دەبێ، تێر بوونی حەوت میلیارد مرۆڤ بە نرخێکی گران تەواو بووە، تەنیا لە «هێند» 21 میلیۆن چاڵاو لێدراوە. بۆچی دوور بڕۆێن، دەشتی قوروە و هەمەدان هەتا 25 ساڵ لەوبەر چاڵاوەکان لە 10 میتری دەگەیشتنە ئاو، ئێستا لە 150 میتریش ئاوێک نەماوە! زۆربەی زەویوزارمان دەبێتە شۆرەکات. زۆربەی چۆماوەکان ناگەنە زەریا، چۆمی جەغەتوو و تەتەهوو لە زۆربەی وەرزەکان ناگەنە گۆلاوی ورمێ.
بڕا لە سفرە نان و دۆ
سن دەمژن شیرەی گەنم و جۆ
هەتا 2030 زایینی دوو میلیارد حەشیمەت ئاوی خواردنەوەی نابێ، چ دونیایێکی ناخۆش، مرۆڤ و سروشت ڕایەڵ و پۆی ڕاخەرێکن ئەگەر واقیعخوازی و هاوسەنگی لەگەڵ سروشت نەبێ، ژیان چەتوون و ڕووداوی نالەبار دێتە ڕێمان. ئاو، خاک، خۆر و دارستان پەیکەرێکن بۆ ژیان. کە قەیرانی هەر کام پەڕاوێزی ژیانی لێ دەکەوێتەوە. بوورە و بەیارمان خەریکە دەبێتە ڕەمڵ و شۆرەکات. ئەو ئاوەی کە لە دڵی زەویدا ماوهتهوه، بەرهەمی 25 هەزار ساڵەی زەوییە کە پاشەکەوتی کردووە. ئەگەر هەڵینجرێن، تازە ئاوێک کۆ نابێتەوە. لە زۆر شوێن و دەشت و ساراکان لە بێئاوی کشتوکاڵ بووەتە خەونێک.
ویشک، ویشکن، دەنکی باران
کانی ناگەنە ڕووباران
بەسەرهاتی «گۆلی بەختەگان» و «پەرێشان» و «ورمێ» ئیدی زۆر بۆمان نامۆ نییە. بە سەدان هەواڵی ناخۆش، مردنی گۆلاوەکان، چۆمەکان، زەریای مردوو؛ وەک گۆلاوی ئاڕاڵ دەبینین، زۆری پێناچێ گۆلاوی ورمێش بەو دەردە بچێ. وەک شتێک مرۆڤ گاڵتە بە ژیان دەکا. تەواو وێرانکاری. کام ڕێگا هەیە ڕووی تێکەین؟ بەم بێبڕوایییە، کێ هەیە وڵاممان بداتەوە؟
لاسوگاس لە ئەمریکا لە دڵی شۆرەکاتدا چێ کراوە، کە لە هەموو شوێنێکی جیهان پتر لە ئاو کەلک وەردەگرێ. بۆ زۆریەک خەونی ئەمریکا لە شاری «لۆس ئانجلس»ە کە پانایی دووجای 100 کیلۆمیترە بە قەرای حەشیمەتەکەی ماشێنی هەیە، وەک شتێک مەبەست تێکدان و ڕووخانە.
چ تراویلکەیەکە ژیان، زەوی تاقەتی ئەو هەموو غەدر و قەیرانەی نەماوە، پەیکەرەی زەوی دەرگای خێر و بێری دانەخستووە. لە شام و سەراوەکان ئاوی پاشەکەوتکراوە هەیە. تاڵاوەکان وەک هەور وان، نم و شێی زەوی دەگرن. لە ویشکەساڵیدا ئاوی کۆوەبوو دەدەنە دەرێ لە نەزانکاری خۆمان زۆربەی سەراوەکانمان ویشک کرد. ژیان پێوەندی زیندووی مرۆڤ و سروشتە، ئاو، خاک، هەوا، دارستان هەموویان جەستەی پەیکەرێکن. دارستان داڵدە و پشتیوانی مرۆڤ و مەکۆی بارانە. لێرەشدا خەریکی کاولکارین. لە ساڵێ 1960 قەیرانی فەوتانی دارستان تراژدییەکی دیکەی ئەو داستانەیە. ساڵێ 13 میلیۆن هێکتار دارستان بە قەد ڕووبەری وڵاتی فەڕانسە تێدادەچێ، یان بۆ کشتوکاڵ بەتایبەت لە وڵاتانی دەستتەنگ و هەژار کە هیچ شتێک لە جێی خۆیدا نامێنێ. کاتێ لە چۆکی خۆمان دەدەین، کە هیچ میراتێکمان لێ بە جێ نامینێ. چ ناخۆشە ژینگەیەک کانیاوەکانی ویشک بێ. چۆماوەکانی بێ ئاو بن، دارستانی تاپۆ بێ، ئەو دەمە دەرفەتی بزەیهکمان بۆ نامێنێ. دەستتەنگی و ئاکامی شەڕ و ئاژاوە، پێکدادان، قین و قاڕ، چۆڵ کردن، کۆچی بە کۆمەڵ. ئایا وڵاتێکی دیکە هەیە ڕووی تێبکەین؟ قەیرانی گەورەی ئەمڕۆ ئاگر تێبەردانی دارستان و سروشتە کە بووەتە هۆی گەرمتر بوونی گۆی زەوی کە هاوکاتە بە تێکچوونی ژینگە و گیانی هەزاران پەلەوەر و باڵندە و تەواوی گیانلەبەران. وڵاتی «بورنوئۆ» کە ژینگەی گەورەترین دارستان بوو، بۆ کارگەی کاغەز فەوتا و هاتن داری «ئۆکالیپتووس»یان چەقاند. ماکی کارگهی کاغەزە، بە هۆی ژەهراوی بوونی گەڵای ئەو دارانە هیچ گیا و پەلەوەرێک لەو دارستانە هەڵناکا و ناژی. هیچ دارستانێک جیگای قۆرغ و دارستانێکی دیکە ناگرێتەوە. لەو تراویلکەیە کە ناوی ژیانە، وڵاتانی هەژار و دەستتەنگ تێدا دەمێننەوە، وەک «هائیتی» کە بەشی هەژارترین وڵاتی دونیایە و بەبێ یارمەتیی وڵاتانی دەرەکی، ڕۆژێکیش ناتوانێ خۆی بەڕێوەبەرێ، شاخ و پێدەشتەکانی هائیتی 2 لە سەدی دارستانی تێدا ماوەتەوە. وڵاتێکی ویشک و قاقڕ و بێلەوەڕگە و دارستان. لە 50 ساڵی ڕابردوودا زۆربەی دارستانەکانی پارێزگای کوردستان لە یەک ملیۆن هیکتار گەیشتووەتە 300 هەزار هیکتار کە ئەویش کۆمەڵێک داری بەربڵاون کە ناکرێ ناوی جەنگەڵ و دارستانی لێ بنێی.
بولبول لە گوڵزار سڵ دەکەن
ڕێوی شۆخی بە گوڵ دەکەن
زەوی کارگەی گیانلەبەرانە، لە لایەک سەخت و قاقڕ، لە لایەک بە هەڵەی مرۆڤ وەک ئاوێنە درز دەبا، بەسەرهاتی زەوی بیرمان دەخاتە گەڕ، برینە قووڵەکان تەشەنیان هێناوەتەوە، بوورە و لەوەڕگەکان تێداچوون، دوور نەڕۆین، لە 120 هەزار هیکتار بوورە و بەیار دەرەجە یەکی ناوچەی ساراڵ (دیواندەرە) کە لە 40 ساڵی ڕابردوو، کێلدرا و تێداچووە، 10 هەزار هیکتاری بوورەی دەرەجە 3ش نەماوە. بە هەر هەورێکی پیس زەوی وا ڕووتاوەتەوە، دەشۆرێتەوە و دادەچۆڕێ. زەوی بێ گیا و لەوەڕ ئاوی باران هەڵنامژێ. کارەساتی بارانی ئەمڕۆ، سێڵاو و وێرانکارییە. برینەکانی سەر زەوی ئاوەها ساڕێژ نابنەوە. توێکڵی ناسکی زەوی که بە هەزاران ساڵ وەدی هاتووە تێدادەچێ. زەوی پێگە و جێگەی ئێمەی مرۆڤە، دەبێ فریای کەوین و لە قۆناغی هەلپەرستی بیهێنینە دەرێ. بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی، سروشت و زەوی بپارێزین. زەوی ویشک، ئاسمان ڕووگرژ، ئاو لەگەڵ زەوی دڕدۆنگە. یەخسیری حەشیمەتی زۆرە، گەورەترین ڕازێک کە مرۆڤ دەبێ بزانێ، پێش ئەوەی دەرفەتەکان لە دەست بچن، شۆڕشی کوێرانە، برسییەتی، شەڕ، کۆچ. هەڵویستی ژیرانە بگرین، تەنیا لە 50 ساڵدا بە قەد 200 هەزار ساڵ ژیان لە سەر زەوی کاریگەری نەرێنیمان بووە. ئەوە بەشێکە لە دێرۆکی ژیانمان، لەو قۆناخەدا چارە چییە؟ وەرن بنوارن، 70 لە سەدی خەڵکی «نیجریە» دەستتەنگن و نیوەی خەڵکی هەژاری دونیا لەو وڵاتانە دەژین کە سەرچاوەی سامان و دارایی وەکوو نەوت و کانگا و مەعدەنن. تەواوی سەروەت و سامانی جیهان کەوتووەتە دەستی دوو لە سەدی خەڵکی دونیا، کە ئاکامی ئەو بێ عەداڵەتیيە و نابەرامبەریيە هەوێنی شەڕ، شۆڕشی کوێر و ناسەقامگیریی جیهانی لێ دەکەوێتەوە. چۆڵ بوونی دێهاتەکان و پێکهێنانی شاری بێقەوارە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بە ئاپۆڕەی خەڵکی دەستتەنگ و نەدار دەتەنرێ. هەر حەوتوویەک یەک میلیۆن بە حەشیمەتی شارەکانی جیهان زیاد دەبێ کە لە بەستێنی شاری بێ شوناس (حاشیەنشینی) خۆی دەنوێنێ و دەبێتە دەستەچیلەی بەیداخی مافیای حاشیەنشینی کاری ڕەش و قاچاخ و لەشفرۆشی .
20 لە سەدی خەڵکی سامانداری دونیا 80 لە سەدی کانگا و دارایییەکانی ژێر زەوی هەڵدەلووشن.
شاری «لاگۆس» وێنای شارێکی هەراو و بێقەوارەیە. ساڵی 1960 زایینی شارێکی چکۆلە بە 700 هەزار حەشیمەت هەتا ساڵی 2025 زایینی 16 میلیۆن حەشیمەتی هەژار و دەستتەنگ لە خۆ کۆ دەکاتەوە کە زۆربەیان کۆخنشینن کە دەستیان بە ئاو، کارەبا، ناگا و تەنانەت ئاودەستيشیان نابێ، بۆچی دوور بڕوێن، لە ئاوایی «نایسەر» لە دەوری شاری سنە، هەتا 30 ساڵ پێش ئاوایییەکی چکۆلە کە ڕادەی حەشیمەتی نەدەگەیشتە 1000 کەس، بەڵام ئێستا 70 هەزار خەڵکی ڕەشوڕووتی تێدا کۆ بووەتهوه کە کڕین و فرۆشتنی ماده سڕکەرەکان و هێلانەی لەشفرۆشی لەوێدا ئاپۆڕەی بەستووە. ئەمڕۆ 1 ملیارد لە خەڵکی دونیا برسین، کێ بەرپرسیارە؟ ئێمەش بۆ تەماحی خۆمان دونیا دەپشکنین. مرۆڤ قەد ئەوەندە ئاو و هەوای خراپی بە خۆیەوە نەبینیوە، دەستدرێژی و کەلک وەرگرتنی زیادە لە سەرچاوەکانی ژیان، ئاو و خاک و هەوا و دارستان و هاودەنگی و هاوڕيزی سروشتی تێکداوە. سەربردەی کەربۆنە کە هەوای زەوی وەک کوورە لێ کردووە. گەرمايەک کە سروشت بە میلیۆن ساڵ لە خۆیدا ڕایگرتبوو، لە نەبوونی بەرژەوەندی گشتیدا خەریکە تێدادەچی. پەیکەری شاخی «کلیمانجاڕو» زامار بووە، 80 لە سەدی گۆلاوەکانی ئەو شاخە ویشک بوون. ئەو گۆلاوانە لە وەرزی زستاندا ئاویان لە خۆدا ڕادەگرت و لە هاویندا بۆ ئاودێری پێدەشتەکان لۆزەوییان دەبەست. گەرمای زەوی وەک هۆکارێکە تا جەمسەری زەوی (قطب) 40 لە سەدی سەهۆڵەکان بتوێنەوە، بەو شێوە هەتا ساڵی 2030 ئاسەوارێک لە سەهۆڵەکانی دوو جەمسەری زەوی نامێنێ. ئاوەکانی زەریا لێڵ دەبن و زۆربەی گەرمای ڕۆژ دەگرن. هەتا 30 ساڵ پێش لە شاخی دەماوەند، لاجانگ و قۆڵەکانی بە سەهۆڵ تەنرابوو، وەک سەهۆڵخانەی سروشتی (یخچال طبیعی) لە قۆڵی باکوور (دوبی سل و سیولە) و لە یاڵی باکووری ڕۆژهەڵات (یەخار، عەروسکها وەک دەمی چەقۆ تێژ، وەک هەسان لووس کە خورپەی دەخستە دڵی هەر شاخەوانێک؛ لە گەرمای ئەمڕۆدا ئەو سەهۆڵخانە سروشتیيانە بەرەو قەیران دەڕوا.
هێلانەی پۆڕ و کەو چۆڵن
قەل چاوی بولبول دەکۆڵن
له دوای ئهم سهدهیه زهوی چۆن ههڵگری 9 میلیارد حهشیمهته؟ وڵاتانی دونیا 12 بهرامبهر پتر لە جاران بۆ کڕینی چهکوچۆڵ و بۆ شهڕ سهرف دهکهن تا بۆ بهرژهوندی گشتی و ئاشتی و تهبایی. 5 ههزار مرۆڤ ههموو ڕۆژێ به خواردنهوهی ئاوی پیس تێدادهچن. زۆرتر له یەک میلیارد مرۆڤ برسین 20 له سهدی زهویوزاری کشتوکاڵ تێداچووه. زۆر دهمێک نییه پێوهندیی ئاو، خاک، دارستان بڕاوه. ماوهیەکی کورتمان بۆ ئاڵوگۆڕی ئهرێنی ماوه، 20 لە سەدی دەسەڵاتداران و دەوڵەمەندانی دونیا زۆرتر لە 80 لە سەدی لە بهروبووی دونیا کەلک وەردەگرن. زۆر لە خەڵکی دونیا هەن دەستیان لە کێشەکاندا نییە، بەڵام لە بێدەسەڵاتی و نەبوونی ڕيزەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەونە بەر پەلامار و تەوژمی ئاڵۆزی ناڕەواکانی ژیان. هەتا 2050 زایینی 1/4 (یهک چوارم) پەلەوەری دونیا تێدادەچن. سەرمان لە سروشت تێکداوە.
ئەو خەڵکە چەندە بێ وەفان
بۆ یەکتری جەورن جەفان
لە 30 ساڵی ڕابردوودا جەمسەری زەوی (قطب) 30 لە سەدی سەهۆلەکانی تواونەتەوە. قەوزە (مەرجان) کە بۆ وەدی هێنانی هەوای خاوێن یارمەتیدەرە، ئەویش خەریکە تێدادەچێ. جیگای شەماڵ و زریان گۆڕاوە. چ دەورێکی ناخۆش! پێش 2050 لانیکەم 200 میلیۆن حەشیمەتی ئاوارەمان دەبێ. ئاوی چاڵاوەکان سوێر دەبن، ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو هەموو حەشیمەتە چلۆن دابین بی؟
کۆچی بە کۆمەل بەڕێوەیە، بەڵام بۆ کوێ؟
وڵاتی بەنگڵادش بە هۆی هەستانی ئاوی زەریا، نیوەی زەوییەکانی کەوتوونەتە ژێر ئاو، نیوەی حەشیمەتیشی لە قەراخ شەقام و ڕێگا لە کۆخەکاندا دەژین. وڵاتانی دارا، واتە ڕۆژئاواییش ئاڵۆزییان تێدەکەوێ. ئەو سەروەرییەیان نامێنێ. هاوشاری تازەمان «جووتبەندەی دەستتەنگ» و خەڵکی هەژاری دێهاتن کە هاتوونە شارەکان. زۆربەی شارەکانی ئەمڕۆ لە سەر هەژاری و دەستتەنگی چەق دەبهستێ و نە بوون و سەروەری و دارایی، ئەویش لە شارۆچکە بێناسنامەکانی قەراخشار و ئیشی دوور لە کەڕامەتی ئینسانی. هەر حەوتوویەک یەک میلیۆن حەشیمەت بە ئاپۆرەی خەڵکی شارەکانی دونیا زیاد دەبێ کە ڕۆچنەیەکیان لە دونیای تاریک بۆ ناکرێتەوە؛ نە پردێک بۆ پەڕینەوە لە دونیای پڕ لە تەنگەژە.
بهڵام زيندوو دهبينهوه
بهھاريش دهبينينهوه
چرۆ لە خەو ڕادەچەنێ
گەڵاش بۆ خۆر پێدەکەنێ
گرووپی موستەنەدسازی بەرنامەی (ژيوان و ژيوار) ژينگه پارێزانی شاخەکانی کوردستان، له شاخی چلچەمه- لەڕاست بۆ چەپ:
ئهرسهلان بەھمەنی – حاميد شکاری – کەيوان مەجيدی – سهفوورا سهحافی – سهلام ئیسماعيلسورخ- کيانووش موشيروەزيری
ڕووناکی هیوا و ئومێد لە دڵمان ئەدرهوشێتەوە، بەرامبەر ڕەنج و ئازاری مرۆڤ بە میلیۆن مرۆڤی خۆبەخش دەبینين. چاوپاک، دەستپاک، بێدەمارگرژی، بۆ بەختەوەری مرۆڤ و زیندوو کردنەوەی سەرچاوەکانی ژیان و ژینگە تێدەکۆشن. کە مێژووی تەماوی ڕابردوومان ڕابماڵن. جەمسەری خوارووی زەوی(قطب جنوب) 20 لە سەدی ئاوی پێویستی گۆی زەوی لە خۆدا کۆ کردووەتەوە، کە مڵکی گشتیی مرۆڤە. 49 وڵاتی دونیا یەکدەنگ پەیمانێکی جیهانیان مۆر کردووە بۆ بایخدان بەو سامانە بەنرخە.
ئەگەر «دوازدە سوارەی مەریوان» نەماوە، نەوەکانی دوازدە سوارە، جیلی تازە پێگەیشتوو بۆ بەرژەوەندی خاک و نەتەوە، ژینگەی سەوز و ئارام، مەکۆی چیای سەوزی مەریوانيان پێکهێناوە. بیر و هزری ژینگەپارێزی بووەتە کەلتوور و خولیایەک کە ڕەگاژۆی کردووە بۆ هەر کۆڕ و ئاوەدانییەک کە لە 15 ساڵی ڕابردوو زۆر لێپرسراوانە لە ئاستی دارودەوەن و هەموو بوونەوەرێکدا هەڵسووڕاون. بەرامبەر بە نەزانکاریی بەرپرسان هەڵوێستی مەدەنییان گرتووە. ئەگەر «مەحموودخانی کانیسانان» نەماوە، نەوەی مەحموودخان، ناجی کانیسانان بە تێگەیشتوویی خۆیی دیاردەیەکی تازەی بە چیای سەوز بەخشی کە وەک شاکاری مرۆڤایەتی قەد لە بیر ناکرێ.
وڵاتی هەژاری «کاستاریکا» لە مابەینی هێزی نیزامی و پارێزگاری لە سروشت و ژیان، فێرکاری و ڕاهێنان، دەسەڵات بۆ پاراستنی سروشت و فێرکاری خستووەتە گەڕ. وڵاتی «لۆسۆتۆ» هەژارترین وڵاتی جیهان زۆرترین سامان و پارەی بۆ پاراستنی ژینگە و بەرژەوندیی گشتی خستووەتە گەڕ نە بۆ شەڕ و تێچووی نیزامی. ئاوی پێداویستی شاری نیۆیۆرک لە دارستان دابین دهکەن.ئاوی ژێرزەوی بە کار ناهێنن. وڵاتی «کورەی باشوور» دارستانەکانی کە لە شەڕی دوو کورەدا تێداچووبوو، 70 لە سەدی دارستانەکانیان زیندوو کردووەتەوە، لە زۆر وڵاتانی پێشکەوتوو لە وزەی خۆر کەلک وەردەگرن. وەک وڵاتی نیوزیلەند، ئوتریش، سوئێد جیا لە وزەی خۆر لە هێزی با و شەپۆلی ئاوی زەویش بۆ وزهی کارەبا کەلک وەردەگرن. 30 لە سەدی کارەبای وڵاتی هولەند لە ئاو و شەپۆلی زەریا بەدی دێ. ئەگەر زاناییمان هەبێ، خۆر لە سەعات و نیوێکدا وزەی پێویستی یەک ساڵی مرۆڤ دابین دەکا. هەنووکە 80 لە سەدی وزە لە کانگاکانی ژێرزەوی بەدی دەکەین. لە چین دا هەر حەوتوو 3 هێزگە (نیروگاە)ی خەڵووزی بەرد چێ دەکرێ، بەڵام لە بەرانبەردا وڵاتی پێشکەوتووی دانمارک کەربۆنی بەدیهاتوو لە هێزگەکانی دەخاتە ژێر زەوی هەتاکوو هەوا پیس نەکا. لە «ئایسلەند» هێزگەی کارەبا لە دڵی زەوی دەگەڕێ. لە دانمارک 20 لە سەدی کارەبا لە وزەی با بەدی دێنن.
مرۆڤەکان ئەگەر لە وڵاتێکیشدا نەژین و پێداویستيشیان جیاواز بێ، بەڵام دەبێ هاندەر و پیشتیوانی یەکتر بن. ناکرێ خۆمان حەساوه بین، وڵاتانی تر پڕ ئاژاوە. لە سەرچاوەکانمان بۆ فێرکاری و بارهێنان و ژیانەوەی سروشت و دارستانەکان و بەرژەوەندی مرۆڤ لە ئاشتی پێکەوە ژیان کەلک وەرگرین، جێگایەک بۆ بیر کردنەوە لە ڕابردوومان نەماوە، ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بیپارێزین، دەستی یەکتر بگرین با سەربردەی ژیان پێکەوە بنووسین.
ئەو چەند بەیت شێعرە هی وهستا ئەحمەدی بوداغی شاعیری هاوچەرخی بۆکانیيە کە، کۆچ کردوو سماییل ئاغای چەوگالی بە گۆرانی کوتوویەتی.
نووسەر: سهلام ئیسماعيلسورخ
منابع:
- حریریان، محمود، شناخت پیکر زمین(دانشگاه تهران 1356).
آر.یو.کوک وجی.سی.دورکمپ. ژئومورفولوژی و مدیریت محیط، ترجمه شاپور گودرزینژاد(جلد اول – 1377).
FAO web site:www.fao.org
له ڕۆژنامهی ڕۆژان بڵاو کراوهتهوه
ویشکە ساڵ
ئەم هەوایە بۆوا مژە؟
ئەم دەورە چەند هەژار کوژە
ئەم شارانە چەند خامۆشن
ئاوایی بۆچی ڕەش پۆشن؟
ئەم خەڵکە بۆوا بێ وەفان؟
بۆ یەکتری جەورن جەفان
بولبول لە گوڵزار سڵ دەکەن
ڕێوی یاری بە گوڵ دەکەن
هێلانەی پۆڕ و کەو چۆڵن
قەل چاوی بولبول دەکۆڵن
باغ و بێستان بۆ بێبەرن
گوڵ دەکەن و هەڵدەوەرن
کەرێز گەرووی هەڵقرچاوە
پڕ بوونەوە چاوی چاوە
جۆگە نەما نارە ناری
تازیە بارە بۆ زناری
ئەستێر زووخاو هەڵدەڕێژن
کانیش هەڵقوڵین دەنێژن
دڵی خاک زوو زوو لێدەدا
هەر دەڵێی هەنیسکان دەدا
هەور چەن وشک و بێ ئاون
دەڵێی لە خۆڵت وەرداون
وشک وشکن دەنکی باران
کانیش ناگەنە ڕووباران
زەرد هەڵگەڕا لێوی چۆمان
خوڕێنک ناگەنە گۆمان
ئاو لە بنی گۆمان بڕان
بێچووی ماسیش کردیان قڕان
بۆ چیمەنیش نەما خۆشی
سەوزی دانا زەردی پۆشی
بۆ دیمن دەگری نواڵە
دەشت لە ناو تۆزا شەڵاڵە
مێرگ شین دەکا بۆ چیمەن
شنە دەلاوێنێ دیمەن
بە دەست باوە دار وەڕەزن
گوڵ کزی دەستی هەرەزن
خشڵی دارن چڵ و گەڵا
هەر دەوەرن دوور بێ بەڵا
گەڵا خۆڵی کرد بە سەردا
دەستی لە بەژنی چڵ بەردا
بڕا لە سفرە نان و دۆ
سن دەمژن شیرەی گەنم و چۆ
هەڵپڕۆزا چیای بەفرین
تاڤگە بۆ ئاوهەڵدێر دەگرین
وشکە ساڵە توونیانە گوڵ
قەناری دەگری بۆ سەر چڵ
وەنەوشە توونی و بێ ئاوە
بیزا گیانی داهێزاوە
دەفتەر زیزە لە نووسەری
وشەی چڵی ڕستە وەری
شل بووە شلێرە گیانی
سەری خستۆتە سەر شانی
جاترە و نەعنا خۆڕاگرن
گوڵ وەک وان بەرگە ناگرن
بێژان ئەوساڵ نەیبوو لەنجە
ماچی چەپکان نەکرد پەنجە
لاسەر بۆ گوڵ چاوەڕوانە
گوڵیش بۆ ڕێژنەی بارانە
مالۆنچە نوقمی ماتەمە
ئەوساڵ تەرز و تولی کەمە
تازیە بارن بەند و گیا خاو
بۆ ڕیحانەی پشتی دێراو
کەنگر بە ڕمب و زەرگەوە
چۆتە خەیاڵی مەرگەوە
مات و کزە دووش داماوە
چاوەڕێی قەترەیەک ئاوە
کیفار دڕووی بەرزە بەڵا
بەژنی وەکوو داری ئاڵا
دەستی وەبەر چەنەی داوە
بۆ چۆڕە ئاوێک داماوە
توێسی وەڕەزن لە بوونیان
لێویان دەلەرزێ لە توونیان
مەندێ شاجوانی کوێستانێ
ئەوساڵ نەچۆتە سەیرانێ
پرچی بەرداوە چوار تەنیشت
ئەوساڵ شەونم لە ڕووی نەنیشت
بێتاقەتن هەڵز و کەما
لێیان شێوا سەیر و سەما
بێ بارانە وشک و گڕە
سروشت تابڵێی قاقڕە
گیا بەرخۆلە و گوڵە ڕۆنە
کێ دەزانێ حاڵیان چۆنە؟
مات و کز دوور لە یارانن
هەمیشە چاو لە بارانن
قجی و دروولە و قازیاخە
شنگ و پنگ و مام گێلاخە
ئەوەندە بێ تین و تاون
بۆ چۆڕە ئاوێک داماون
گڕاڵک بێحەوسەلەیە
هەڵدەچێ زۆر بە پەلەیە!
بێ باران رووت و ڕەجاڵە
خوێنی شیرینیش بێ تاڵە
تاڵوو ئەو تاڵی خوێن شیرین
کوڵمە پان و زۆر نازەنین
باڵای بەرزە جوان هەڵچووە
بنی دەڵێی دار بەڕووە
پیرایشۆکە و مام گۆزروان
قلقلە و کەرکۆڵی سەرپان
وشکن توونین زۆر بێ ئاون
دەروون قرچاو و سووتاون
خشڵی ڕازێنەوەی سروشت
هەمووی وەری و جواناوی ڕشت
بەڵام زیندوو دەبینەوە
بەهاریش دەبینینەوە
چرۆ لە خەو ڕادەچەنێ
گەڵا بۆ خۆر پێدەکەنێ
خونچە دەکا خەو و خەونم
خۆ داوێتە حەوزی شەونم
پۆڕ دێنەوە نێو هێلانە
کەو دەخوێنن لەو کەلانە
دێنەوە بەر باغ و بیستان
شەمامە دێنە نێو دەستان
هەڵدەقوڵێن کەرێز و کانی
دەستیان پڕ لە ئاوەدانی
هەڵدێنێ چاوە چاوانی
کەرێز دەچێ بۆ سەردانی
پڕ دەبنەوە لە ئاو جۆگە
خۆر دێتە سەر ئەو ئاسۆگە
دەشکێ ماتەمینی زنار
لە خڕ و دۆڵ و بەر پەسار
پڕ دەبنەوە گۆل و ئەستێر
دەڕژێتە زەوی خێر و بێر
وەقوڵەقوڵ دێنەوە کانی
دەبنە هێمای عەشق و جوانی
ئارام دەگرێ دڵی زەوی
ڕوون دەبێ وەک ئاوی شەوی
باران دێنەوە نێو هەوران
دەگۆڕێ زەمان و دەوران
بە شەونم دەست و چاو دەشۆن
لە خۆیان دەدەن عەتر و بۆن
کانی دێنەوە ڕووباران
تەڕ دەبنەوە دەنکی باران
سەوز دەبنەوە لێوی چۆم
خوڕێنک دەگاتەوە نێو گۆم
پڕ لە ئاو دەبنەوە ڕووبار
بۆ بێچۆ ماسیلەی هەژار
چیمەن ڕاسا گەشایەوە
سەوز بۆوە حەسایەوە
دەست لە دەستی نواڵە و دیمەن
دەشت خەمڵا وەک دەشتی خوتەن
مێرگ و دیمەن نوێ دەبنەوە
چیمەن بووکە دەیگوێزنەوە
بەهارە، دەچنە دیلانێ
شنە سەرچۆپی دەزانێ
دار دەشنێ ڕاوەستاوە
وەڕەز نابێ بە دەم باوە
سوورە گوڵ لە لای لاولاوە
چەندە شۆخ و شۆڕ و لاوە
دەست بە سەری یەک دادێنن
چڵ و گەڵا ناوەرێنن
دەست بەر نادا گەڵا لە چڵ
خۆی جوان دەکا بە خونچە و گوڵ
چیای بەفرین سەوز و زەنوێر
پڕپڕ لە تاڤگە و ئاوهەڵدێر
گوڵ پاراون تەڕە ساڵە
قەناری کەوتەوە گاڵە
وەنەوشە لێوی پڕاوە
بیزا بە کلە ڕشتی چاوە
شلێرە شۆخی چیایە
خاوەن بەڵێن و وەفایە
سبەی میوانی مێلاقن
شۆخ و شۆڕ و جوان و تاقن
جاترە و نەعنا خۆ دەنوێنن
لەو ناوە عەتران دەپژێنن
لە شایی گیاو گژە بێژان
عەتری بەسەر دا دابێژان
لاسەر بە گوڵەوە چەند قۆزە
ماچ دەکا لا ملی گۆزە
مالۆنچە خوشی لە عەرزی
ورەی دا بە تول و تەرزی
بەند و گیا خاو سەما دەکەن
وردە خەمان بە با دەکەن
سروشت راساوە ڕازاوە
هەڵپەڕینە لە چوار لاوە
ئەو سروشتە هونەرمەندە
ئەوەی هەیە و بووە و چەندە
چی دەریا و چاوە و ڕووبارە
پەنجەی ئەوی پێوە دیارە
دەچمەوە شوێنی ئاوایی
دەگرمەوە گەڕی شایی
شارم هەڵدەستێنمە سەر پێ
ئەویش دەبەم بۆ شایی دێ
لە ئاسمانم هەوری وەفا
دەبارێنێ شادی و سەفا
باوەش دەکاتەوە سوور گوڵ
بولبول دێتە سەر پۆپە و چڵ
لە بست بە بستی کوردوستان
دێنەوە بەر باغ و بێستان
ئەحمەد بوداغی