پاشان مادەکان هاتن و لم شوێنەدا نیشتەجێ بوون کە گۆڕی فەخریکا ئاسەواری ئەم سەردەمەیە. ئەمجار ئەم ناوچەیە کەوتە بەر شەپۆلی ئاشووریەکان و هێمنی و سەقامگیری لە ناو چوو.
مەهاباد یەکێک لە شارەکانی باشووری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە داوێنی کێوەکانی (لەند شێخان)ه. ئەم شارە سەرسەوز و دیمەن نەقشینە لە ناو چەند کێوا گهمارۆ دراوە و چەمێک بە ناوی چەمی مەهاباد لە ناو شارەکە دا تێئەپەڕێ و سوروشتی ئەم شارەی جوانتر کردووە بۆیە ئەم شارە بە نقێم (نگین)ی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناو براوە.بەرزایی ئەم شارە لە ئاوی دەریا١٣٢٠ مەترە و خاوەن کەش و هەوای مام ناوەندیە کە زستانەکانی زۆر سارد و هاوینەکانی گەرمە.
ئەم شارە لە باکوورەوە لەگەڵ میاندوواو، لە ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ بۆکان، لە ڕۆژ ئاواوە لە گەڵ شاری نەغەدە و پیرانشار و لە باشوورەوە لەگەڵ سەردەشت هاو سنوورە.
مەهاباد لە بابەت ماناوە لە وشەبژێرەکان دا مانای زۆرە، بەڵام هیچ کام لەم مانایانە متمانەی درووستیان لە سەر نییە، دەستەیەک ئەڵێن مەهاباد هەر مادئابادە و وردە وردە ناوی بە مەهاباد گۆڕاوە، دەستەیەک لەسەر ئەو بڕوایەن کە مەهاباد کەشوهەوای تەم و مژ بووە و ناوی «مِە ئاباد» بووە واتە هەمیشە تەماوی، دەستەیەکی تر وەک ئەوەی لە وشەنامەی فارسی برهانی قاتێع دا هاتووە ئەڵێن مەهاباد لە ناوی هەوەڵ پێغەمبەری عەجەم وەرگیراوە کە کتێبەکەشی ناوی (دساتیر) بووە.
بەڵام بڕێک لە خەڵک ئەڵێن مەهاباد واتە جێگەیەک وا کەڵە پیاوان و گەورە پیاوانی کورد ئاوەدانیان کردۆتەوە وئەم ناوچەیە هەرلە مێژە جێگەی شارستانیەت و دانیشتنی کوردەکان بووە.
هەڵکۆڵینەکانی ناوچەی شاروێران و یوسفکەندی ئەم ڕاستیەمان بۆ دەرئەخات کە ئەم ناوچەیە تەنانەت پێش ئاشوریەکان لە سەردەمی شارستانییەتی شووشدا خاوەنی شارستانییەتێکی بەرچاو بووە و لە کاتی هوروژمی ئاشووریەکان و تێکشکانی شارستانیەتی ئۆرارتو و مانا خەلكی ئەم ناوچانە بۆ باکور و باکوری ڕۆژئاوای ئازەربایجانی ئێستا کۆچیان کردووە و چەند قەڵایەکیشیان لەم شوێنانە درووست کردووە کە قەڵاتی شا یەکێک لەم قەڵایانەیە .
پاشان مادەکان هاتن و لم شوێنەدا نیشتەجێ بوون کە گۆڕی فەخریکا ئاسەواری ئەم سەردەمەیە. ئەمجار ئەم ناوچەیە کەوتە بەر شەپۆلی ئاشووریەکان و هێمنی و سەقامگیری لە ناو چوو.
ناوچەی مەهاباد لە سەردەمی حکوومەتی هەخامەنشییەکاندا بەشێکی گەورە لەم حکوومەتە بووە، پاشان لە دوای ئەم حکوومەتە لەگەڵ هاتنی ئەسکەندەر بۆتە بەشێکی گرینگ لە (ئاتۆپاتن) ماد کە ژنڕاڵی هەخامەنشی بە ناوی ئاترۆپات و لە دوای ئەویش جێنشینەکانی لەم ناوچەیەدا حکومەتیان ئەکرد.
لە کاتی هێرشی یۆنان بۆ ئێران ئەم ناوچەیە هەمیشە بەر هێرشی یۆنانیەکان کەوتووە و تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بووە.
بەتلەمیووس لەم سەردەمەدا ئەم شارەی بە ناوی(داروشا) و ڕاویڵستۆن بە ناوی(داریاس) ناوی بردووە کە ئێستاکەش ناوی یەکێک لە گوندەکانی قەراخ مەهابادە.
لە سەردەمی سەفەوییەکاندا ئەم ناوچەیە شوێنی شەر و پێکدادانی نێوان حکومەتەکانی سەفەوی و عوسمانی بووە و بە پێی توانایان هەرجار یەکێکیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ بوون.
ئەم شارە پێشتر بە هۆی عەرزهەژێنێکی گەورە نابووت بووە و سەرلەنوێ بونیات نراوەتەوە.
هەتا پێش سەردەمی حکوومەتی پەهلەوی ئەم شارە ناوی (ساوجبلاغ) کە وشەیەکی تورکیە و بە مانای (کانی سارد) بووە کە بە زاراوەی کوردی سابڵاخ یان پێ وتووە پاشان لە سەردەمی حکوومەتی ڕەزا شا بە ناوی مەهاباد ناو نراوە.
شاری مەهاباد هەوەڵ جار گوندێکی بچووک بووە کە لە ساڵی ١٣٠٨ مانگی لە ڕۆژگاری حکوومەتی شا عەباسی سەفەویدا ئاوەدان بووە و سارم بەگ لە حاکمانی کوردی ساوجبڵاغی موکری لە بەشی باکوری نزیک چەمی مەهاباد لە شوێنی گەڕەکی باخی سیسەی ئێستاکە ئەم شارەی بنیات ناوە، پاشان بوداق سوڵتان حاکمی تایەفەی موکرییەکان جێگەی خۆی بۆ ئەم شوێنە گوێستۆتەوە وبۆ ئاوەدان کردنی ئەم ناوچەیە زۆر هەوڵی داوە.
ئەم شارە بە هۆی ئەوە کە خاوەنی دەشت و بەری پڕپیت و بەرەکەتە، لە قەدیمەوە جێگەی دانیشتن وکشت و کاڵ بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە.
زمانی خەڵکی مەهاباد کوردی سۆرانی و زاراوەیان موکریانیە، ئەم شارە پێنجەم شاری گەورەی کورد نشینە و خەلكی ئەم شارە جل و بەرگی کوردی لە بەر ئەکەن و زۆربەیان زمانی تورکی ئازەری بەڵەدن.
ئەم شارە زیاتر لە ٣٠ گرووپی موسیقی و کۆڕی ئەدەبی و شێعری لێیە و لە مێژە گەورە پێاوانی نووسەر و شاعیر و ئەدیبی بە ناوبانگی لێ هەڵکەوتووە کە ئەتوانێن بە ئاماژە بەمانە بکەین:
لە نێو عالمانی دینی دا علامه ابن آدم، ملا جامی چوڕی، شیخ یوسف شمس الدین بورهانی (شیخ برهان)، علامه ملا عبدالله پیره باب، علامه ملامحمد قزڵجی، شیخ بابا سعید بەرزنجی (صدرالسادات)، ملا عبدالکریم شاریکندی، ملا احمد تورجانی زاده، دکتر مصطفی خوڕڕەم دڵ ئەتوانێن ناو بەرین.
لە نێو نووسەران دا: علی حسنیانی (هاوار) شاعر ونووسەر، عبدالرحمن ذبیحی(مامۆستا علما .ع. بیژن)، صلاح الدین پایانیانی فەرهەنگ نووس، محمد قاضی وەرگێڕی بە ناوبانگ، ئەحمەدی قازی، وەرگێڕ و نووسەر، علی نانوازاده، علی ئیسماعیلزاده( ڕێبوار)، طه فەیزی زاده زمانناس و فەرهەنگ نووس و لێکۆڵەر و هەروەها لە نێو شاعیران دا: سید محمدامین شیخ الاسلامی موکری (هێمن) ، عبدالرحمن شەرەفکەندی (هەژار) هەردووکیان شاعیر و وەرگێڕ و نووسەری مەزن، معروف کۆکهای، میرزا عبدالڕەحیم ساوجبلاغی( وەفایی)شاعیر، مەلا ساڵح حەریق، خالید حیسامی(هێدی)، عبدالله بیگ(مصباحالدیوان ئەدب)، ڕەسول کەریمی (سوتاوو)، ابوالقاسم مؤید زاده (هەڵۆ)، مەلا غەفور دەبباغی، موحەمەد ئەمین بەرزنجی (خاڵەمین )، ئەبوبەکر ڕەشیدزاده(فورات)، ناسر ئاغابرا، ڕەسول ڕەش ئەحمەدی و لە نێوان مێژووناساندا: حوسین حوزنی موکریانی، گیو موکریانی، سیدمحمد سەمەدی و لە نێوان هونەرمەندان دا: موحەمەد ماملێ، عەزیز شاروخ، موحەمەد دانش، ڕەسوڵ نادری ئەتوانین ناو بەرین.
جێگەی گەشتیاری ئەم شارە زۆرە کە بریتیە لە: گۆلی بەنداوی مەهاباد، ئەشکەوتی سەهۆڵان یان کونە کۆتر، قۆپی کانی بەرازان، فەقرگا، قوپی بابە عەلی، قەبری بوداق سوڵتان،( لە باشووری ڕۆژئاوای شاری مەهاباد لە ناو گۆڕستانی گشتی ئەم شارە بینا نراوە) حەمامی مێژوویی میرزا ڕەسووڵ، حەمامی لج، بەردە نووسراوەکانی خەرە هەنجیران، قەڵاتی شا، حەوزخانەی ڕۆستەم بەگ، حەوزخانەی شا دەروێش
ئەم شارە٢٥٧ مزگەوتی تێدایەکە نزییک ٧٢ مزگەوت لە ناو شارە و باقی لە دێهاتەکانی ئەم شارەدایە. بە ناوبانگترینیان مزگەوتی جامێعای سوورە کە ئەم مزگەوتە لە سەر دەمی بوداق سوڵتانا درووست کراوە و شا سولەیمانی سەفەوی کارە ناتەواوەکانی ئەم مزگەوتەی تەواو کردووە و یەکێ لە جوانترین بینا مێژووییەکانی ئەم شارەیە.
لە گۆڕستانی شاعیران یان مقبرة الشعرا ئەم شارە شاعیران و نووسەرانی بە ناوبانگی ئەم شارە وەک: مامۆستایان هێمن و هەژار و مەلاغەفور و ماملێ و خاڵەمین و هێدی و محمەدی قازی و مارفی ئاقایی لێ نێژراوە. هەروەها گڵکۆی مەلا جامی لە گۆڕەپانی مەلاجامی دایە و گڵکۆی شێخی بورهانیش لە گوندی خانەقای مەهابادە.
مەهاباد باخ و باخچەی زۆری هەیە کە باخە گرینگەکانی برییتیە لە: باخی سیسە،( کە لە مێژینە ترین باخی ئەم شارەیە) باخی سماییل ئاغا، باخی چاوشین، باخی میکاییل، باخی ئەسحابی، باخی شێخی، باخی قۆپی و...
هەروەها سەوزی خانەکانی ئەم شارە زۆر بە ناو بانگە وەک: سەوزی خانەی خات نازدار، سەوزی خانەی میرزا سوڵتان، حە سەن بەبری ، ... کەخاوەنی ئەم سەوزی خانانە سەوزییەکان دەستوو ئەکەن و بە شێوازێکی زۆر پوخت و جوان ئەیفرۆشن.
نان و چێشتی خەڵکی ئەم شارە هەر وەکوو شارە کوردەوارییەکانی دیکە برییتیە لە: دۆکڵیو، ماشێنە، بەربەسێڵ، سەنگەسیر، دۆڵمەی سڵق و کەلەم، قولیچە و شۆرمەزە، کەلانە، کولێرە، پەنجەکێشی و نان رۆغەنی.
مەهاباد سەنتەری تاناکۆرا لە رۆژئاوای ئێرانە و هەر کەس سەردانی ئەم شارە ئەکات بە یەقین سەردانی تاناکۆرایش ئەکات.
هیوادارم سەردانی ئەم شارە بکەن و جێگە گەشتیارییەکانی سەیرکەن و جێژ لە گەڕان وخواردنەکانی ئەم شارە جوانە بەرن.
آدرس کوتاه خبر: