گۆڕەپانی بەرخۆدانی «دەوڵەتیارخان» و کوردانی «سیامەنسوو»
شکۆی قەڵای «قەم چوخە» یان «قەمچیان»/ سهلام ئیسماعیل سورخ
لە چوار جۆر پهزەکێوی ئێران (لارستان، ئیسفەهان ئوریاڵ، ئەرمەنی)؛ ڕەسەنترینیان نژادی ئەرمەنییە کە لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە و چاوەدێریان لێدەکرێ. پهزەکێوی ئەرمەنی بە خۆوەن و شاخەکانیان بڕگەبڕگەیە کە مەنشوورە بە «عەمامەیی»

لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاویدا لە گەڵ ژینگەوان (محیطبان) بەرپرسی یانەی ژینگەی (محیط زیست) ئەو ناوچەیە لە شاری بیجاڕ ڕۆیشتین بۆ ئەو دەڤەرە و لە گەڵ «کاک مەسعوود ئیلاهی» یەکمان گرت و، زۆر دڵئاوانە، بۆ ڕێنوێنی و دیتن و پشکنینی ئەو شوێنەوارانە بە پیرمانەوە هات.

لە چوار جۆر پهزەکێوی ئێران (لارستان، ئیسفەهان ئوریاڵ، ئەرمەنی)؛ ڕەسەنترینیان نژادی ئەرمەنییە کە لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە و چاوەدێریان لێدەکرێ. پهزەکێوی ئەرمەنی بە خۆوەن و شاخەکانیان بڕگەبڕگەیە کە مەنشوورە بە «عەمامەیی» و، تەنیا و تەنیا لە گەڵ پهزەکێوی ئەرمەنی جووت دەبن، بۆیە بە ڕەسەنی ماونەتەوە. لەو ناوچەیە گورگ، کەمتیار، سیچڕ(تشی)، چەقەڵ، کوڕکوڕ (باقرقرە شکم سیاه)، قوونهەڵتەکێنە و هتد ئەژین؛ کە لە شوێنەکانی دیکە دەگمەنن. بەختەوەرانە کە بە شانەتیرەی «کەمتیاران» بەرەو ئەشکەوتی «کانیکوچکین (کەمتیاران) لوور بووینەوە لە بەر دەممان ڕەوەیەک پهزەکێوی کە نزیک بە ٢٠ سەر دەبوون، هەستان. دیتنیان بۆ من کە قەد لە زاگرۆسدا نەمدیتبوون، زۆر چێژبەخش بوو و بیر و زەینمیان ختۆکە دەدا. ئەوە ڕاستە یا خەونە؟ چ شانسێک ڕووی تێکردبووین. هەتا لە ئاسۆدا ون بوون تێمان ڕوانین؛ هەتا بڵێی جوان بوون. دەبێ مرۆڤ چەندە بێبەزەیی بێ تاکوو بتوانێ ئەوانە بکوژێ؟! کاک مەسعوود دەڵێ: خەو و خواردنمان لێ حەرام بووە. قەد تاوێک خەو بە ئاسوودەیی بە چاوماندا نەگەڕاوە بۆ پاراستنیان کە تەنیا لەم ڕووبەرەدا ماونەتەوە. هەر جارێ لە لایەن ڕاوچی و خەڵکی هەلپەرست ئەگەر وشیار نەبین دەیانپێکن. لە ڕابردوو لە جادە و ڕێگا وا لێنەدرابوو، حەشیمەت وا زۆر نەبوو، ئەو پهزەکێویانە گەرمێن و کوێستانیان دەکرد. بەهاران دەچوونە کوێستانەکانی چلچەمە و سوڵتان و بۆ سەرما و کاتی زستان دەگەڕانەوە کوێستانەکانی بیجاڕ کە گەرمترە و، لە نێو ئەشکەوت و شاخەکانی دەگیرسانەوە. بەڵام ئەوڕۆکە گەرمێن و کوێستانیان بۆ ناکرێ و لەو مەڵبەندە گیرساونەتەوە.
• ئەشکەوتی کەمتیاران لە تیرەشانێکدا لەو ناوچە پارێزگاری لێ دەکرێ. چۆمی «قزڵ وەزان» بەو ناوچەیەدا ئەڕوات و لە گەڵ گوندی «کانیکوچکین» هاوکەوشەنە. زارکی ئەشکەوت ڕوو بە خۆرە و لە دوورەوە دیارە؛ یەکێک لە ئەشکەوتە دەگمەنەکانی کوردستانە کە شوێنەواری «مرۆڤی نێئاندێرتاڵ»ـی تێدا بەجێماوە. واتا مرۆڤی ئەشکەوتنشین کە بۆ هەوەڵذجار توانی کەرەسەی ڕاوچێ بکا، مرۆڤی نێئاندێرتاڵی وێنا کرد. لێرەدا مێژووی ڕابردووان دەبینین و شوێنەواریان بەسەر دەکەینەوە. کەلێن و کاژێر و دیوی ئەو ئەشکەوتە کە قەندیلی «ئستالاگمیت- ئستالاکتیک»ـی تێدا دەبیندرێ، نیشان ئەدا کە ئەشکەوتێکی جحێڵە و لە دەورەی سێهەمی زەوینناسی «سنۆزۆئیک»ـدا گووراوە. پێویستە بزانین کە بۆ درووست بوونی یەک سانتیمیتر قەندیل لە ئەشکەوتدا پێویستە دایکی سرووشت ١٠٠ ساڵ لە کاردا بێ. لێرەدایە دەبینین کە دایکی سرووشت چ مێژوویەکی دوور و درێژی پێواوە. شوێنەواری چاروایەکی دەستکەند بە لادیواری ئەشکەوتەکەوە خەون و خولیاکانی مرۆڤی ئەشکەوتنشین پیشانمان دەدا کە بە دیتنی شاگەشکە دەبین. ئێسک و پرووسکی ئاژەڵی گەورە لە ئەشکەوتەکەدا پاشماوەی مێژوویەکی نادیار و ئەفسووناوییە. لە کوردستان چەندین ئەشکەوت هەن کە شوێنەواری مرۆڤی نێئاندێرتاڵیان تێدا دۆزراوەتەوە؛ وەکوو ئەشکەوتی کناچێ(کەنیشک) لە هەورامان کە کەوتووەتە ژێر بەنداوی داریان، ئەشکەوتی سیچڕ (تشی - جوجە تیغی بزرگ) لە هەورامان، ئەشکەوتی کوول تاریک و کوول خۆرەتاو لە بێستوونی کرماشان، ئەشکەوتی کانی میکائیل لە هۆبەتووی دیواندەرە، ئەشکەوتی قالووجە لە دیواندەرە و ئەشکەوتی کەمتیاران لە بیجاڕ؛ کە مێژووی مرۆڤی کوردستانی لە ٤ هەزار ساڵ بۆ ٤٠ هەزار ساڵ گەڕاندەوە و بێگومان مێژوویەکی درەوشاوەیە بۆ زانیاری و شارستانیەتی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦٧ـی زایینی، تەرمی ١٤ مرۆڤی نێئاندێرتاڵ لە ئەشکەوتی «شانەدەر» لە کوردستانی گەرمێن دۆزرایەوە کە ڕۆڵێکی گرینگی لە ناساندنی مرۆڤی نێئاندێرتاڵ لە زاگرۆسدا هەبووە. تێکڕای ئەو تەرمانە لە مووزەی ئامریکادا چاوەدێرییان لێ دەکرێ.

دیتن و گەڕان لە ئەشکەوتی «کەمتیاران» یا «کانی کوچکین» کات و ساتی زۆری دەوێ. بەڵام بۆ ئەوەی بگەینە قەڵای «زەڕینکەمەر (قەڵا قەورە)»، لە ئەشکەوت هاتینە دەرێ و به دونیایەک زانیارییەوە بەرەو «قەڵا قەورە» کە لە سەر چۆمی «قزڵ وەزان» هەڵکەوتووە بە ڕێ کەوتین. کە دەڕوانین لە نێو دۆڵ و دەراوێکی سەخت و حەستەم لە سەر تەپۆڵکەیەک شوێنەواری قەڵای خاپوورکراوی «زەڕینکەمەر» خۆ دەنوێنێ. لە سێ لاوە بە دیواری بەرز و لووس کە سەر لە ئاسمانگ دەسوێ، لە سەر شاخەکە، ئاسەواری ماوەتەوە. تەنیا لە باکوورەوە ڕێگا بۆ چوونە ژووری قەڵا هەیە و لە داوێنی قەڵا شوێنەواری ماڵە خاپوورکراوەکان کە بە کاولی ماوەتەوە وە بەر چاو دەکەوێ.
ڕۆژ لە ئاسۆدا بەرەو ئاوا بوونە. وردە وردە تاریکی باڵ بە سەر وڵاتدا دەکێشێ. دوای وچانێک خۆ دەگەیەنینە بنکەی چاوەدێری ژینگەی (محیط زیست) سەڵەواتئاوا، کە لە لایەن بەرپرسی ژینگەی شاری بیجاڕ «سەید عەلی ئەسغەری هیدایەت» مێوانداریمان لێ دەکرێ و، دوای شێو خواردن، بۆ گەڕانێک لەو ناوچە پارێزراوە، کە مەبادا ڕاوچی دزەیان تێکردبێ، سێ کەسی هەتا نیوەشەو دەخولێینەوە.

بە سروەی بەیانی وەخەبەر هاتین؛ لەشی ماندوومان زیندوو دەکاتەوە. بۆ دیتنی «قەڵای قەمچوخە» بە دۆڵ و دەڕەیەکی بەسام، کە مەنشوورە بە دەڕەی «شاهان» بە ڕێ کەوتین. ئەمبەر و ئەوبەری شاخ و ڕەوەزی بەسام کە کەسایەتی و هەیبەتی خۆی بە سەر هەر بینەرێکدا دەسەپێنێ. ئەم قەڵایە لە سەر شاخێک چێ کراوە کە لە سێ لای شاخەکەوە دیوارێکی حاستەمی سرووشتی بەرد، کە زیاتر لە ٤٠٠ میتر بەرزە و سەر لە ئاسمانگ دەسوێ، ڕاوەستاوە. قەڵا نزیک ٢ هێکتار ڕووبەری هەیە. یەکێک لە شوێنەوارە گرینگەکانی مانناکان بووە کە بە دەستی دەسەڵاتی «دەوڵەتیارخان» کەوتووە. بە داخەوە زانیاری لە سەر مانناکان زۆر کەموکۆڕی هەیە و، لێرەشدا قەڵەممان لە سەری کولە. چۆمی «قەمچوخە» لە سێ لای خۆرئاوا و باشوور و خۆرهەڵاتەوە بە دەوری ئەم قەڵایەدا گینگڵی خواردووە.
نزیکی ٥٠ گەز شوێنەکەی خۆی دابڕیوە و قووڵی کردووە. ئەم چۆمە، قەڵاکە کە لە سەر شاخەکە هەڵکەوتووە لە زەوی دەوروبەری خۆی جیا کردووەتەوە؛ بە جۆرێ کە دیواری کوچکین و هەڵدێر و پێچ پێچ و بەرز و، شاخەکەی لە سێ لاوە زیاتر لە ٤٠٠ گەز لە دیواری بەردین و لووسی ئەوبەری چۆم دوور خستووەتەوە. ئەوەندە جوان و ڕازاوەیە کە سەرت لە ئاستی ئەو هەموو شکۆی بەسامی سرووشتە و، بەو دیمەنە، سووڕ دەمێنێ. ئەو دیوارە سرووشتییە وەک شوورەیەکی قایم لە کوچکێکی ساف و لووس داتاشراوە کە سەرکەوتن و هەڵگەڕان پێیدا تەنانەت بۆ زەردەوانی (سنگنورد) بلیمەت و لەخۆبردوو، بە بێمەترسی ناکرێت و زەفەری پێ نابرێ. لە سەر ئەو شاخە بەسامە قەڵای «دەوڵەتیارخان» چێ کراوە. ئەو قەڵایە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە بۆ دەورەی «مانناکان» دەگەڕێتەوە. مانناکان حەوت سەدە بەر لە زایین دەسەڵاتیان لەو ناوچەیەدا بووە و بەرەو سەرووی ئێران پەلکێش بوونە. زانیاری لە سەر مانناکان زۆر کەموکۆڕی هەیە کە دڵسۆزان و زانایان پێویستە بە وردبینییەوە و مشوورانە تیشکی زانایی بخەنە سەر ئەو بەشە لە مێژووی ڕابردووان و ئەو لاپەڕە تاریکانە. ئەو قەڵایە لە دەورانی سەفەوییەکان نۆژەن کراوەتەوە و لە ساڵەکانی ٩٦٠ـی هەتاوی جێگای حوکمڕەوایی «دەوڵەتیارخان» لە کوردەکانی «سیامەنسوور» بووە.

شتی زۆر گرینگ بۆ مانەوەی خەڵکی ناو قەڵا لە کاتی شەڕ و گەمارۆدراویدا ئاو بووە. لە قەڵای «قهمچیان - قەمچوخە» بە کاردانی و زەحمەتی بێوێنە، ئەویش بە تونێل و ڕەهەند، لە سەر قەڵا بۆ نێو چۆمەکە بە دڵی ئەو شاخەدا ڕۆچوون و قەد تەنگانەی ئاویان نەبووە. چونکوو زۆرتری ئەو قەڵایانەی لە کۆندا تووشی ڕۆژەڕەشی هاتوون و قڕ بوون، بە هۆی نەبوونی ئاو بووە. وەکوو قەڵای «دمدم» کە سەرچاوەی ئاو لە دەرێ بووە، کە بە ناچاری لە توونیەتیدا دەستیان بەرداوەتەوە و، یان کوژراون یان بە زەلیلی و دیلی دوژمن وە بەری داون. کۆنترین ئاسەواری مێژوویی قەڵای «قەمچوخە» کە بە ساخی ماوەتەوە و دەستی بێبەزەیی سرووشت و تاڵانچییان کاولی نەکردووە، ئەو تونێلانەیە؛ کە بە ڕەهەند و تونێلی «چلپلیکان» مەنشوورە.


ڕۆژ بەرەو ئاوا بوونە. دڵمان نایە قەڵاکه جێ بهێڵین. دار و بەردی کەوتوونەتە وتووێژ. کاتێ کە هەزار ساڵ ئەم گەلە چەوساوەتەوە، بە دوای سەری ئاڵۆزی مەبەستیدا خولاوەتەوە، هێشتاش لە بەر و بۆی تێکۆشانی بێ وچانی نەحەساوەتەوە. زۆر زۆریشی لە نێو گەلانی تردا توواوەتەوە. لەو ناوچەیە کە بە گشت کورد بوون؛ بریتی لە سوهرەوەردی (سوورەبەردی)، قەیدار، ماهنیشان، باکووری زەنجان و تەنانەت گوندی «قەمچوخە» لە بێخاوەنیدا بەرە بەرە تورکی فێر بوون و لە نێو گەلی تورکدا توواونەتەوە. هەر بۆیە قەڵای «قهمچیان»ـیش دەبێتە «قەمچوخە»! هیچ ناوێک نییە کە کوردی نەبێ. وەرن بڕۆینە دۆڵی «حەوت ئاسیاو» لە پەنای «قەم چوخە». ئاشی خەجوستە، ئاشی کەربەلا عەلی ئەکبەر، ئاشی چنارە، ئاشی چەقەڵ و ئاشی سوور بە سەر کەینەوە؛ کە نە لە ئاش هەواڵێک هەیە نە لە ئاشێڕ.
دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم، دڵ کە نالاوێتەوە
ئەو گڕووی گرتوویە چ بکەم، بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە، بێ بای وەعەدە قەد ناچێتەوە
ئەی خودا کەنگێ عەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە
«هێدی»

تاریخ که بر باد رود رنج و سرورش
نازد به سزاوار به گردان غیورش
یک گرد که در معبد تاریخ فنا گشت
همپایه همی دان به هزار و به کلورش
لەو سەفەرەش کە لە گەڵمان بوون، هیوادارم کە لە کەلی هومێد دانەکەون. هەتاکوو سەفەرێکی دیکە، زەردەی خۆری دەم کەلێکی دیکە و جێژوانێکی دیکە ماڵئاوا.
ژێدەر:
- کۆگوندی «سیامەنسوور»، لە ٢٠ گوند پێکهاتووە. لە باکووری خۆرئاوای شاری بیجاڕدایە و ڕووبەرەکەی ٧٣٦ کیلۆمیتری چوارگۆشەیە و حەشیمەتی نزیک ٨٠ هەزار کەسە. زمانیان کوردی و مەزهەبی سوننی و شێعە پێکەوە جۆشیان خواردووە. هەندێک تورکی تێدایە کە کوردیش دەزانن. فەرمانڕەوایی بەناوبانگی «مەنسوور» حاکمی ناوچە دەبێ کە نیشانەیان لە بەر کردنی جلی ڕەش بووە. بە شێوەزاری ئەم ناوچەیە دەبێتە «سیا»، کە بەم جۆرە بەم ناوچەیان وتووە «سیامەنسوور». سنووری لە باکوور بە ناوچەی تیکاب، لە باشوور بە ناوچەی دیواندەرە، لە خۆرهەڵاتەوە بە کۆگوندی تەغامین و سێڵتانەوە نووساوە.
- ساڵی ڕووخانی قەڵای دمدم ١٠١٩ـی کۆچی واتە ١٦١٠ـی زایینی بووە.
- قەڵای «قەم چوخە - قهمچیان» لە ساڵی ١٠٠٠ـی کۆچی، ١٦٢٩ـی زایینی، دوای کوژرانی «دەوڵەتیارخان»، کە لە دار دراوە، خاپوور کراوە.
- مێژووی ئەشکەوتە گرینگەکانی کوردستان، کە شوێنەواری «مرۆڤی نێئاندێرتاڵ»ـی تێدا دۆزراوەتەوە، لە چوار بەڵگەفیلمی (موستەنەد) تەلەڤیزیۆنی بە ناوی «میراث زمین» بە کارگێڕی مەسعوود ڕوخزاد، ئارش یاسەمەنپوور (توێژەر و چیاگەر)، سەلام ئیسماعیل سورخ (توێژەر و چیاگەر) و زۆرێک لە دۆستان فیلمبەرداری کرا و لە دەنگ و ڕەنگی سنەدا بڵاو بووەوە، کە بەرهەمی یەک ساڵ زەحمەتی ئێمە بوو.
- قەڵای «قەم چوخە» ناوی «قاچیان» بووە؛ کە ناوێکی ڕەسەنی کوردییە. لە داوێنی کێوی «حاجی سەیید» لە ناوچەی تیلەکۆ، گوندێک بە ناوی «قاچیان» هەیە. هەروەها لە ناوچەی مەریوانیش گوندێک هەر بەو ناوە هەیە. بەڵام لە بێ خاوەنیدا ئەو ناوەیان گۆڕیوە و تورکاندوویانە و، ئەوڕۆکە پێی دەڵێن «قەم چوخە».
- سپاس بۆ ویراستاری ئەم دەقە «کاک فەریاد مورادی».
- سپاس و پێزانین بۆ «کاک مەسعوود ئیلاهی» و «کاک موختار مینوویی» ژینگەوان (محیطبان) کە زۆر یارمەتییان دام.
سهلام ئیسماعیل سورخ
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان ژماره: 535- 6ی خەزەڵوەری 2721ی کوردی- 6 آبان سال 1400 هجری شمسی
آدرس کوتاه خبر: