لهگەڵ هاتنی مانگی گەڵاڕێزان کولەکە سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، ئەم خۆراکە رەنگ پرتەقاڵییە پڕ لە سوودە؛ سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لەو خۆراکانەی کە زۆرترین سوودی هەیە فرەچەشنه و لە وەرزی پاییز و زستاندا له ههمووشوینێکی کوردستاندا ههیه.
کولەکە کارۆتیناتی تێدایە کە ڕەنگە پرتەقاڵییە درەوشاوەکەی پێی دەبەخشێت، و دیارترینیان بێتا کارۆتینە کە لە جەستەدا دەگۆڕێت بۆ ڤیتامین "A”، کە بۆ تەندروستیی بینین و پێست و بەرگری پێویستە.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی کولەکە مێشک بههێز دهکات و سیستمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بەکارۆتینات هەوکردن کەمدەکاتەوە و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە، کەمدەکاتەوە.
هەروەها کولەکە سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین "C”یە کە بەرگری بەهێز دەکات و یارمەتی بەرهەمهێنانی کۆلاجین دەدات، جگە لە پۆتاسیۆم کە ئاستی سۆدیۆم هاوسەنگ دەکات و پشتگیریی تەندروستیی دڵ دەکات.
هەر ١٠٠ گرام کولەکەی کوڵاو زیاتر لە دوو گرهم ڕیشاڵی تێدایە کە یارمەتی جێگیرکردنی شەکری خوێن و باشترکردنی تەندروستیی ڕیخۆڵەکان دەدات و هەستی تێربوون دەبەخشێت.
سروشتی شیرینییەکەی وای لێدەکات ببێتە جێگرەوەیەکی تەندروست لە خواردنەکاندا.
تۆوی کولەکە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەی سروشتیی کانزاکان ناسراوە، بەتایبەتی زینک، مەگنیسیۆم و سێلینیۆم، کە توخمگەلێکی سەرەکین بۆ بەرگری، تەندروستیی غودەی دەرەقی و هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان.
زینک، بۆ بەهێزکردنی خانەکانی بەرگری و خێراکردنی چاکبوونەوە لە هەوکردن پێویستە.
سێلینیۆم، هەوکردن ڕێکدەخات و پشتگیریی غودەی دەرەقی دەکات.
مەگنیسیۆم، بەشدارە لە خاوبوونەوە و باشترکردنی خەو و ڕێکخستنی جووڵەی ڕیخۆڵەکان.
هەروەها تۆوەکان ڕیشاڵ و پرۆتینی ڕووەکییان تێدایە کە تەندروستیی ڕیخۆڵەکان باشتر دەکەن لە ڕێگەی خۆراکدانی بەکتریا سوودبەخشەکانەوە.
توێژینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆنی تۆوی کولەکە لەوانەیە هەوکردنی ڕیخۆڵەکان کەمبکاتەوە و هەرسکردن باشتر بکات.
تۆوی کولەکە ترایپتۆفانی تێدایە، ترشێکی ئەمینییە کە لە جەستەدا دەگۆڕێت بۆ سیرۆتۆنین و مێلاتۆنین، کە هۆرمۆنەکانی میزاج و خەونن، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت بڕێکی کەم لەم تۆوانە پێش خەوتن بخورێت وەک ڕێگەیەکی سروشتی بۆ باشترکردنی کوالێتیی خەو.