rojanpress.ir | ئەو دەنگە ڕەسەنەیە کە قەت لەبیرناچێت

ئەو دەنگە ڕەسەنەیە کە قەت لەبیرناچێت

ئـێمە گیانێکیـن لە دوو جەستەدا
وەک شیعر و ئاواز لەیەک بەستەدا
دنیا نـــاتوانێ لێـکـمـان کــــاتــــەوە
مـــەگــــەرخوا بۆخـۆی بمانباتـــەوە
ئێمە پەروەردەی یـەک خــۆڵ و ئـاوین
بۆ یــەک مەبەســت و بۆیەک پێناوین
لــــە نــــاو یــــەکــتردا تـوواویـنـەوە
ڕێبواری یـــەک ڕێین جیـانـــابیـــنەوە
پـــەیمانمــانداوە تـــا لـــە ژینـــا بین
بۆتــەنها ســــاتێ بێ یــــەکتر نابین
ئـــەگــەر لـــەودنیاش زیندوو بینەوە
هــەر وەکو ئێســتا یــەک ئـەگرینەوە
یــەک بۆیــەکتری خۆراکی گــیــانین
لــــە تــــەنــگــانەدا بۆیەک قوربانین
عشــقی پیرۆزی ئێـمـە وەهــایـــە
هه‌تــــا خواوندیش لێمان (ڕه‌زا) یه
ئەم شیعرە، نمونەیەکە لەو شیعرانەی ڕەزا حەمە، کە لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا، بووە ویردی سەرزمانی زۆربەی خەڵک، بە تایبەتیش کە ڕەوانشاد ئیبراهیم خەیات کردییە یەکێک لەو گۆرانیانەی، بە دڵنیاییەوە تا چەند سەد ساڵی تریش بە زیندوویی دەمێننەوە.

کورتە چیرۆکێک لەژیانی هونەرمەند ئیبراهیم خەیات

ناوی «ئیبراهیم محەمەد مستەفا»یە و لە ساڵی ١٩٣١ لە خێزانیکی هەژاری شاری سلێمانی لە دایکبووه، تەمەن یەک ساڵان بووه، کە باوکی کۆچی دوای کردووه، لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەچێتە قوتابخانه، لەبەر هەژاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لای وەستا تۆفیقی برای ئەبێت بە شاگردی خەیات. ئیبراهیم خەیات لە ساڵی ١٩٥٦ خێزان پێك ئەهێنی و دەبێتە باوکی چوار کوڕ و پێنچ کچ.
لەسەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرهەمی لەگەڵدا ئامادەکردوون، لە شۆڕش چواردەی تەمموزدا سروودی نیشتمانی وتووه، هەروها گۆرانی بۆ خۆشەویستی و تووه، لە ساڵی ١٩٥٨بانگهێشت کراوە بۆ ڤیینا، کە هەموو تیپە لاوەکانی جیهان بانگهێشت کرابوون و ئەمانیش بەشداریان کردبوو، کە سروودی نیشتمانیان وتووه.
دواتر بووە بە ئەندامی تیپی موزیکی سلێمانی و هەموو تیپە موزیکیەکانی بەتیپی خۆی زانیوه، هە روە ها لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا لە رادیۆی بەغداد چەندین گۆرانی تۆمارکردووە لەوانەش: «بۆ رەنجەڕۆت کردم، ئیستعماری گەڕ، حیلفی بەغداد، تۆ جوانتری لە گوڵ و خۆشم ئەوی وڵاتەکە م.»
ئیبراهیمی خەیات دەستی بۆ هەر هەڵبەستێک بردبێ و کردبێتی بەگۆرانی، ئەوەندەی دیکە بووە بەهۆی ناساندنی هەڵبەستوانەکە، بۆ وێنە کە دەچینە نێوگوڵزاری گۆرانییەکانی، لەگەڵ «عەبدوڵڵا بەگی گۆران»دا دەستمان دەگرێ و بەگشت کوردستاندا دەمانگێڕێ، دۆڵاو دۆڵی وڵات، شارو دێ و هەموو قەدپاڵ وجوانییەکی نیشتمانمان پیشان ئەدات، جارێکی دیکە «ژیان» بەبەر گۆرانیا دەکاو دەیهێنێتەوە ئەم «جیهانە» و لەگەڵ کوڕان و کیژانی ئەم نەوەیەو نەوەکانی داهاتوودا ئاشنای دەکا، تەنیا بەوە هەدا نادا، بەڵکو بارگەو بنەی سەفەری لە «سۆرانە»وە بەرەو ناوچەی «گۆران» لەکوڵ دەکاو تا دەگاتە ئەوێ، بۆ ساتێکیش راناوەستێ، لەوێش دوای پشوویەکی کورت، لایەک لە «ست فاتیمە»ی هەردی دەکاتەوە و دەیدا بەگوێی سابڵاخدا، هەر ئەو ئاوازە رەسەنەی ئەمیشە دەبێ بەهۆی ناساندنی «خەلیل سدیق»ی و دەیباتە ریزی نەمرانەوە.
بەدەگمەن دەستی بۆ وتنی سروود بردووە، بەڵام بەتەنیا سروودێک و بەهەڵبەستێکی پڕ لەهەستی «کاکەی فەللاح» وای لێکردووین، پڕ بەدڵ بڵێین: «خۆشمان دەوێی مامە برایم، چونکە بەوتنەوەی ئەو سروودە جارێکی تر فێرت کردین کوردستانمان خۆش بوێ و کاکەی فەللاح بەرز بنرخێنین.»
خاڵێکی دیکەی جێگای باسی هونەری ئەم نەمرە، شێوازی گۆرانی وتنی بووە، ئەو وەک چۆن لەهەڵبژاردنی هۆنراوەدا توانیویەتی زانایانە هەنگاو بنێ، ئاواش لەدەربڕینی دەنگدا وەستایانە جوڵاوەتەوە، لەگەڵ کێشی هۆنراوەدا، دەنگ و سۆزێکی ئەوتۆی داوە بەگوێی بیسەراندا کە دەستبەجێ بۆی لەمل بداو بڵێ: «بەڕاستی کاڵا بەقەد باڵایە.»
گۆرانییەکانی ئیبراهیمی خەیات تەنیا شوێنی لەسەر خەڵک دانەناوە، بەڵکو بووە بەهەوێنی خوڵقاندنی گەلێک بەهرەی دیکە لەنێو خێزانەکەیدا، بۆ وێنە «گۆران ئیبراهیم» هەر کە ڤیۆلینەکەی دەست دەداتی و ئاوازێک دەژەنێ، بیسەر دەبا بۆجیهانییەکی ئەفسوناوی.
سەیری سەکۆی شانۆ دەکەی، «ژیان ئیبراهیم» دەبینی، کە ئەکتەرێکی بەتوانایە و فێری کوردایەتی و بەرخۆدانت دەکا.
لەگۆرانیدا «جیهان ئیبراهیم» و «کیژان ئیبراهیم» دوو دەنگی جیاواز و دەگمەنی ئەو بنەماڵە هونەرییەن.
ئاوڕ لە «سۆران» دەدەیتەوە، قوتابییەکی باشی «گۆران ئیبراهیم» و پەنجەیەکی شیرینی هەیە، ئەمە بەڵگەی ئەو راستییەن، کە مامۆستا ئیبراهیم هەم وەک باوك و هەم وەک هونەرمەند کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بنەماڵەی هەبووەو لەگەڵ ئەوەدا دەرەتانی داون خۆیان تاقی بکەنەوە.
لەناوەرڕاستی هەشتاکاندا کە گۆرانی (ئێمەن گیانێکین)ی تۆمار کرد لەتەلەفزیۆنی کەرکوکدا بڵاوکرایەوە، سۆلۆژەنیگۆرانییەکە گۆرانی کورِیەتی.
ئیبراهم خەیات زیاتر لە 100 گۆرانی پێشکەشی گەلی کورد کردووه، کە دواهەمین بەرهەم بەناوی «سەرنج» بوو، ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٠دا پێشکەش بەئەنجامی گەیاند، هەروەها دوو مەقام و گۆرانییەکی پێشوویی نوێکردەوه، ئەوانەش «ست فاتمە و دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە و بەهار.»
هونەرمەند ئیبراهیمی خەیات خاوەن بەهرەیەکی دڵپاک و کوردێکی خودان هەڵوێستیش بووە، کۆچی یەکجاری ئەو هونەرمەندە نەمرە کە بەبێدەنگی لەشەوی ٣ لەسەر٤ مانگی گوڵان ساڵی ٢٠٠٥ بەجێیهێشتین. ولە گردی سەیوان نەژێراوە
ناوی مامۆستا ئیبراهیم خەیات لەگەڵ ناوی سلێمانیدا ئاوێتە بووە و یەک مانا و دڵسۆزی خۆشەویستی بۆ مێژوو ئەبەخشێ. ڕۆحی شاد
مه‌رزیه خاکی
1 تیر 1401, 10:57
بازگشت