rojanpress.ir | گۆرانییەکانی کۆن نابن

گۆرانییەکانی کۆن نابن

ڕۆژان‌پرێس: ساڵیادی کۆچی دوایی کەریم کابانە، ئەو هونەرمەندە نیشتیمان پەروەرەی بەرهەمی نیشتیمانیی نەبوو، ئەو دڵداریی نەکرد و سەرجەم بەرهەمەکانیشی عاشقانە بوون. دەنگی کەریم کابان بۆ هەتاهەتایە لەنێو ڕۆحی کورددا دەمێنێتەوە.
کەریم کابان؛ ناوی تەواوی عەبدولکەریم جەلال مەحمود عەزیز کابانە، لە ساڵی ١٩٢٧ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.
ناسناوی کابان لە دەستڕەنگینیی دایەگەورەیانەوە بۆیان ماوەتەوە. دواى تەواوکردنى خوێندنى سەرەتایى بووە بە پۆلیس، ساڵی ١٩٤١ یەکەمین گۆرانیی وتووە.
ساڵی ۱۹۴۵ دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا، هەر لەو ساڵەدا یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاو کردووەتەوە کە لە هەشت گۆرانیی پێک‌هاتبوو.
لە سەرەتاى ساڵانی پەنجاکاندا، ژیانى هاوسەرگیریی پێک‌هێناوە که به‌رهه‌می ٣ کوڕ و ٣ کچه.
ئەو کوردپەروەرێکی پاک بوو، هەر بەو هۆیەشەوە دوو جار بۆ باشووری عێراق دوور دەخرێتەوە.
ساڵى ١٩٦٣ بۆ ماوەى شەش ساڵ بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دوور خراوەتەوە. ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندیى بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە.
دواى شۆڕشی ئه‌یلوول جارێکى دیکە بۆ شارەکانى ناوەڕاستى عێراق دوور خراوەتەوە.
گۆرانییەکانی کابان گەرچی ژمارەیان کەم بوو، بەڵام عاشقانە بوون و بە نەمریی ماونەتەوە. لەگەڵ ئاوازەکانیدا لێوەکان دەجوڵێن و گۆرانییەکانی کۆن نابن.
کەریم کابان، کاری ئاوازدانانیشی کردووە، بەڵام هەرگیز لە ژیانیدا گۆرانیی نیشتیمانیی نەوتووە. چەندین جار وتویەتی ئاوازی نیشتیمانیی ناڵێم "چونکە دەبێت کارێک بێت بەقەدەر نیشتیمان جوان بێت". 
کابان، بەرەبەیانی ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠١٦  لە تەمەنی ٨٩ ساڵییدا لە سلێمانى کۆچی دوایی کرد.
ئەو بەرهەمانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە، ژمارەیان ٢٠ گۆرانیە و سەرجەم گۆرانییە فۆلکلۆرەکانی بە ئاواز و هۆنراوەوە لەبەربووە.
25 دی 1400, 22:54
بازگشت