شنبه، 1 اردیبهشت 1403
روژان پرس » اسلایدر » بەردە نەخشێنراوەکانی کوردستان/ ناوچەی باینچۆ

سەلام ئیسماعیل سورخ

بەردە نەخشێنراوەکانی کوردستان/ ناوچەی باینچۆ

0
کد خبر: 95

بەردە نەخشێنراوەکانی کوردستان/ ناوچەی باینچۆ

لە ڕاستیدا ئەم شوێنە وەک خەزێنەیەک و مۆزەیەکی سرووشتییە. بە مەبەستی دیتنی بەردە نەخشێنراوەکانی «باینچۆ» و چیاگەریی لە کێوی «سەخناخ»ـدا کۆڵەی سەفەر لە کۆڵ دەکەین. ڕۆژی هەینی، ١٢ـی سەرماوەزی ١٤٠٠ـی هەتاوی، لە دیواندەرەوە ڕێ دەکەوین. پێمان خۆشە لەم سەفەرەدا لە گەڵمان بن و پێکەوە بەرەو چاخی بەر لە مێژوو بڕۆین.
روژان پرس: ئەم نووسراوە پێشکەشە بە «کاک جەماڵ لەحافیان» بۆ سەرجەم زەحمەت و چالاکییەکانی و خوێندنەوەی زانستیی لە سەر بەردە نەخشێنراوەکان.
گەردوونی بێگەرد لە چەرخ و خولدایە. گەڕان و پشکنین لە زەریا و ئاسمانگ بۆمان هەراو و هاسان بووەتەوە. لە گەنجینەیەکی ٤.٥ ملیارد ساڵی بە دیی هاتنی زەوین کە پێشکەشی کردووین، تەنیا بە ٢٠٠ هەزار ساڵ ژیان و دەستێوەردان، بە هەڵوەدایی، ژێروژوورمان کردووە. مرۆڤی چاخی سەرەتایی ژیانێکی زۆر ساکاری هەبوو. کەرەستەی بەرهەمهێنان، زمانی ئاخاوتن و خەت لە گۆڕێدا نەبوو. هونەریش وەک وێنەکێشی و نیگارکێشی لە گووراندا بوو. بەڵام وشیاری و پێداویستیی لە درێژەی زەمەندا بنچینەی بنیاتنانی ژیان بوو. مرۆڤ لە دڵی ئەشکەوتەکان هاتە دەر و بە زانایی و نوێگەریی ژیانی شوانەوێڵەیی دەست پێ کرد. بە شوێن ڕاو و خواردندا زۆر سەرگەردان بوو. دەمێکیش کە تێر بوو و پشووی بە بەری خۆی دا، دەستی بۆ هونەر برد. هونەری ئەو دەم زۆرتر حەز و خولیا و ئاواتە سادە و ساکارەکانی ڕۆژانە بوو. جاری وا بوو، وەک هێما و سەمبوڵی بیر و هزری مرۆڤی ئەودەم، بە نەخشاندن و هەڵکەندنی پەلەوەر و نێچیری ڕۆژانە لە سەر گابەردەکان و، لە نێو دڵی ئەشکەوت و نشێو و دەربەندەکاندا، شوێنپەنجەی خۆی تۆمار دەکرد. ئەم شتانە وەک ڕووداوی کەلتووری بە ئەژمار دێت و نیشانەی هەوڵ و دەوڵی مرۆڤە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە. بەردە نەخشێنراوەکان و هونەرە دەستکردەکان، لە ڕاو و ژیانی بەر لە مێژوو، تەنیا وێنای ژیانی ڕۆژانە نەبووە، بەڵکوو بە یارمەتی ئەو هەڵکەندنانە لە هەناویدا جۆرێک نائارامی و سۆز و ئیرادە لە ئارادا بووە. بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت و بڵێت من بوونم هەیە.
وێنە نەخشێنراو و نیگارە بەردینەکان بە ڕواڵەت سادە و ساکار دەنوێنێ، بەڵام سەرت لە ترووسکەی هونەر و گەشەی خولقاندنیان سووڕ دەمێنێ. لەوەی کە پاش هەزاران ساڵ چۆن لە سەر ئەو گابەردانە و لە ژێر ڕەهێڵەی باران و سەرما و گەرمادا بە جوانی ماونەتەوە؟
کوردستان هەر لە بەرەبەیانی مێژوو و، بەر لە مێژووەوە، لانکەی ژیواری مرۆڤ بووە. بەردە نەخشێنراوەکانی کوردستان بۆ ناسینی مێژووی شارستانیەتی ئەو سەردەمە، بەڵگەیەکی گەورەن. ئەو کاتەی نە زمانی ئاخاوتن هەبوو، نە کشتوکاڵ و خەتێک خولقابوو، باوک و دایکی ئێمە ڕچەشکێن بوون. بەو دەستکردانە ڕێگای خولقاندنی خەت و دەلاقەی هونەریان بۆمان کردەوە. مرۆڤی ئەو دەم لە ئەزموونێک وا لە ڕاودا بە دەستی هێنابوو، بەوە گەیشت کە ئەگەر سەری پەیکانی ڕمبەکانی قایم و بتەوتر بێت، چاکتر نێچیر دەپێکێت. هەر بەو بۆنەوە بە شوێن ئەو بەردانەوە بوون کە سەخت و بتەو بن و پەیکانی سەری ڕمبەکانیانی پێ درووست کەن. هەر لەو دەمەوە ئەو بەردانەی وا کانزای «سیلیس» بوون [کە کانزایەکی گڕکانییە] دۆزرایەوە و ڕاویان پێ کرد. ئەم شتە بوو بە هۆی ئەوەی کە بۆ نەخشاندنی وێنە، ئەو ئەشکەوت و گاشەبەردانە هەڵبژێرن کە سیلیسی لە نێویدا بوو. ئەم بەردانە لە درێژەی زەمەندا سەخت و خۆڕاگر بوون و لە بەردە قسڵیەکان(ئاهەکیەکان)، کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا هەیە، زۆر جیاواز بوون.
پڕۆفسۆری زەوینناس «حوسەین موعین وەزیری» بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە، کتێبێکی هەیە بە ناوی «آتشفشان‌های جوان، منطقەی قروه، تکاب، بیجار»، کە پاش ئەوەی ئەو بەردە نەخشێنراوانە دۆزرانەوە، بەشێکی تر لە مێژووی سرووشتی ئەو بەردانە و ئەو ڕاستییە بە گۆ دێنێت. گەر وردبینانە سەیری ئەم شوێنەوارانە بکەین، لە زۆر شوێنی ئەستەم و شاخاویی کوردستاندا ئەم ئاسەوارانە نەخشێنراون. لە ناوچە ڕژد و شاخاوییەکانی هەورامان ئەو بەردانە بەکۆمەڵ لە یەک شوێندا هەڵنەکەوتوون و شوێنی جیاجیان هەیە. هەندێک لەو ئاسەوارانە لە شوێنگەلێکی هێندە ڕژد و سەختدا هەڵکەندراون کە بۆ دیتنیان دەبێت لەو شاخە هەزاربەهەزارانەدا چەندین ڕۆژ ڕێگا ببڕی. بەڵام لە ناوچەی «ساڕاڵ»ـی دیواندەرە و ناوچەی «باینچۆ»ـی سنەدا، بە پۆل وێنەکان لە سەر گابەردەکان نەخشێنراون. بە هۆی ئەوەی کە ئەو ناوچەیە هەراو و لێرەواری پان و بەرینی هەیە و نێچیری زۆری هەبووە. ئەم شوێنانە بۆ مرۆڤی ئەو دەم جێگای مانەوەی زۆرتری هەبووە و نێچیری هاسانتر پێکاوە.
ناوچەی «باینچۆ» لە ڕۆژگارێکدا بە هۆی دەشتی بەرین و سەرسەوز و چۆمی «سەخناخ»، کە لەو ناوچەیەوە و لە کێوەکانی «ئەفراسیاو» و سەنگەری «سەید عەتا»وە سەرچاوە دەگرێ، ئاقارێکی دڵخواز بۆ ڕاو و ڕاوچی بووە. ئەم ناوچەیە هەر لە «حوسەین ئاوا»وە دەست پێدەکا و گوندگەلی «دەلیی مەوە»، «تفتێڵە»، «بازی ڕەوا»، «گەزانی خواروو و ژووروو» و «قەڵاتەڕەشکە» تاوەکوو «باینچۆ» و «کوچک چەرموو» بە سەر دەکاتەوە. لە ناوچەیەکی بەرین و لە باشووری گوندی «باینچۆ»ـدا شاخی «سەخناخ» بە بەرزایی ٢٦٨٠ میتر، کە سەر لە ئاسمانگ دەسوێ، هەڵکەوتووە. لە شانی ڕۆژئاوایدا کێوەکانی «ئەفراسیاو» و «سەنگەری سەید عەتا» هەیە. خولیا و کەڵکەڵەکانی مرۆڤی بەر لە مێژوو لە سەر گاشەبەردەکانی ئەو ناوچەیەدا، کە لە جۆری بەردی گڕکانین(Metamorphic)، بە شێوەی کوتانەوەی بەرد یاکوو ئاسنگ لە سەر ئەو بەردانە نەخشێنراون. ئێرە پێشانگایەکە و ژیانی ئەو سەردەمەمان پێ دەناسێنێ.
کوردستان، وڵاتێکی شاخاوییە لە زاگرۆسدا. لە ئاکامی بازنەی دووهەمی زەوینناسیدا، بەشێ لە پاشماوەکانی قسڵ(ئاهەک)ـی سەردەمی «ژۆراسیک» سەریان لە ژێر ئاو دەرهێنا و، وکوو ناوچەیەکی گەورە یان چەندین دوورگەی تاک و تەرا دەر کەوتن. (مەحموودی ٧٤-١٩٧٣) کوردستان یەکێک لە شوێنەوارە هەرە کۆنەکانی نیشتەجێ بوونی مرۆڤ بووە. تایبەتمەندیگەلی ئێکۆلۆژیک، ژئۆگرافیک، دارستان و شاخ و چۆم و پێدەشتەکان، ناوچەیەکی جوان و دڵڕفێن پێک دێنێت.
ئەوڕۆکە کوردستان بووەتە جێگای سەرنج و ڕامانی هەمووان و لەم نێوانەدا بەردە نەخشێنراوەکانی «ساڕاڵ»، ناوچەی «باینچۆ»ـی سنە، دێولان، ئەشکەوتی کەرەفتوو لە دیواندەرە، دەربەندی گوندی «ژیوار» لە هەورامان و زۆر شوێنی تر بوونیان هەیە. ئەو ناوچە و شوێنانە بۆمان دەر دەخەن کە مرۆڤ لە ٣٠٠٠ تا ٦٠٠٠ هەزار ساڵ لەمەو پێش، لەم شوێنانە نیشتەجێ بووە و جڤاک و کەلتوورێکی دەوڵەمەندی پێک هێناوە.(کوردەوانی ١٩٦٩ز) شوێنەوارەکانی مرۆڤی نێئاندێرتاڵ لە ئەشکەوتی کوول تاریک و کوول خۆرەتاو لە بێستوونی کرماشان، ئەشکەوتی کناچێ و سیچڕ لە هەورامان، کانی میکائیل لە هۆبەتووی دیواندەرە، ژیانی مرۆڤی سەرەتاییان لە کوردستاندا بۆ ٤٠ هەزار ساڵ لەمەو پێش گەڕاندەوە. شاخ و بەندەن، داڵدە و پشتیوان و ڕازی مانەوە و حەوانەوەیان بوون. لە هەزاران ساڵ لەمەو بەر باوک و دایکی ئێمە لە شاخ و ئەشکەوتەکان هێور بوونەتەوە و شوێنەواری خۆیان بە هونەری «نیگارکێشی» لە سەر بەرد و نێو ئەشکەوتەکان نەخشاندووە. هەندێک لە زانایان لە سەر ئەو بڕوایەن کە نیگارە بەردینەکان هەنگاوێک بەرەو خولقاندنی خەت بووە. دیتنی ئەو شوێنەوارانە زۆر هەست بزوێنە. لە گەڵ هەر هەنگاوێکدا هەست و هێزێکی شاراوە، کە پەیوەندییەکی سەرسووڕهێنەری لە گەڵ شانازی و زاڵ بووندا هەیە، ئێمە بۆ لای خۆی پەلکێش دەکات. ئەم جارە بەردە نەخشێنراوەکانی «باینچۆ» بۆ سەردەمێکی دوور و کەڤنار دەمانباتەوە. لە گەڵ هەناسەی مێژوودا تێکەڵاو دەبین. گەڕان و دیتن خولیایەکی بەرزە کە بە درێژایی مێژوو تەمەنی هەیە و،  لە پێک هاتنی ئاڵوگۆڕ، بیر و باوەڕ، ئەزموون و مەعریفەی مرۆڤدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. بنەمای ئیرادە، سۆزی هەناو، بوێری، ڕسکان و، لە ئاکامدا، بە دی هێنانی ڕاستییەکانی سرووشت و ژیان، بە گەڕان و دیتنەوە گرێی خواردووە. پرسیارێک مێشکی مرۆڤی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.  شتێک کە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا. ڕۆحی نەسرەوتووی مرۆڤ لە یەک کات و ساتدا ئۆقرە ناگرێت و، ئەگەر تێبکۆشێ، هیچ شتێک ناتوانێت بەربەستی بێت. ئەوەش ڕەفتارێکی سروشتیە و لە جەوهەری مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ ئەوەی بە مەعریفەی زۆرتر و سوکنایی بگات و بە سەر کۆسپەکانی ڕێگای نادیاردا زاڵ ببێت.
چیاگەریی دیارییەکی زۆر ڕەنگینی بۆ هێناوم. لە هەر چوار قوڕنەی ئێران دۆست و ناسراویی زۆرتری بۆم دۆزیوەتەوە و، بووەتە هۆی ئەوەی لە کەلتوور و چۆنییەتی ژیانی نەتەوەکانی تر نزیک ببمەوە. یەکێک لەو زانا و توێژەرە دڵسۆزانە «کاک جەماڵ لەحافیان»ـە و، گەرچی لە دوورەوە ناسیومە، بەڵام زۆر لە دڵمەوە نزیکە. زیاتر لە ٢٥ ساڵە بە زەحمەت و زانایی، خاکەڕایانە و خۆبەخشانە، تیشکی زانایی خۆی بۆ ناسین و توێژینەوە لە سەر «بەردە نەخشێنراوەکانی کوردستان» بە شێوەی زانستیی و ئاکادمیک بە گەڕ خستووە. توێژینەوەکانی لە کوردستان و ئێراندا، بە شێوەی وتار و وێنە و پێشانگا، سەرچاوەیەکی گرنگی مێژویی و مێژینەناسی پێک هێناوە. لە ئاستی جیهانیشدا، لە زانکۆگەلی گەورەی ئۆسترالیا و ئەمریکا پشت بە زانیارییەکانی دەبەستن. بۆ ئەوەی دەری بخات کە کوردستان یەکێک لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی مرۆڤ بووە. منیش ئەو شوێنە مێژوویی و بەردە نەخشێنراوانەم لە ئەشکەوتی «کەرەفتوو» و «کانی میکائیل» لە هۆبەتووی دیواندەرە و گوندی «ژیوار»ـی هەورامان دیتبوو. زۆر تامەزرۆی ناسینیان بووم کە «کاک جەماڵ» دڵاوانە زانیارییەکانی خۆی لە گەڵمدا بە بەر باس خست. هەروەها زۆر خولیای دیتنی بەردە نەخشێنراوەکانی ناوچەی «باینچۆ»ـم بوو. باینچۆ، بێجگە لەوەی کە پانتاییەکی زنوێرە و لە ناوچەی سنەدا ئاوەدانییەکی بەرچاوی هەیە، زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە شوێنی عیرفان و تەریقەتی خوداناسی بووە. بێجگە لەوەی ژینگەیەکی ئایینی و دەروێشانە بووە، سۆزی نەتەوەدۆستییەکی بەهێز لەوێدا چرۆی کردووە. سەرگەورەی هەموویان «شێخ ئەحمەدی باینچۆ» بووە؛ کە دڵپاکی، ئاکار، سلووکی مرۆڤانە و نەتەوەدۆستی ئەو، وەک یادگارێک لەو ناوچەیەدا ماوەتەوە. شاخی بەرز و بڵیندی «سەخناخ» لە باشووری گوندی «باینچۆ»، کە بەرزایی ٢٦٨٠ میترە و سەر لە ئاسمانگ دەسوێت، شایەتی ڕووداوە مێژووییەکان بووە. چیاگەریی بەرەو کێوی «سەخناخ» و گەڕان و پشکنینی شوێنەوارە بەنرخەکانی مرۆڤی بەر لە مێژوو، کە «باینچۆ»ـی زۆرتر دەوڵەمەند کردووەتەوە، بایەخێک و ئەزموونێکی ترە. ئەم پانتاییە، ناوچەیەکی پان و بەرینە کە هەر لە «حوسەین ئاوا»وە، لە ٤٥ کیلۆمیتری نێوان سنە و دیواندەرە، دەست پێدەکات و ١٨ کیلۆمیتری تر بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات. واتا «باینچۆ» ٦٣ کیلۆمیتر لە دیواندەرەوە دوورە.
بەردە نەخشێنراوەکان لە داوێنی کێوگەلی «میرزا دەروێشان»، «ئاڵمەڵوو»، «شاجۆ»، «شێخ مەعرووف»، «سەنگەر سەید عەتا»، «چەرخەلان»، «هێلانە داڵ»، «هەنگەژاڵ»، «تەپشخان»، «کانی بەرامبەر»، «چیای شێخ بەیان»، «مەلەکە»، «بابەحاجی»، کە هەموویان سەر بە «ساڕاڵ»ـن، هەڵکەندراون. لە وەرزی بەهاردا ئەو ناوچەیە بە هەزاران جۆر گیا و گوڵی سرووشتی دەڕازێتەوە. چۆمی «سەخناخ» کە لە کێوگەلی «سەنگەر سەید عەتا» و «ئەفراسیاو»ەوە سەرچاوە دەگرێ، لە ساڵی پڕبارشتدا، چۆمێکی پڕئاوە و دەڕژێتە نێو بەنداوی «سەراو قامیش». ئاوەڕۆی شاخی «سەخناخ» لە باشوورەوە بۆ ناوچەی «چڕنۆ» دەڕوات. ئەم شاخە هەروەها لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ گوندی «کوچک چەرموو» و کێوەکانی «ئەفراسیاو»ـدا هاوکەوشەنە. لە باکووریشەوە سێبەری خۆی لە سەر گوندی «باینچۆ» خستووە.
لە ڕاستیدا ئەم شوێنە وەک خەزێنەیەک و مۆزەیەکی سرووشتییە. بە مەبەستی دیتنی بەردە نەخشێنراوەکانی «باینچۆ» و چیاگەریی لە کێوی «سەخناخ»ـدا کۆڵەی سەفەر لە کۆڵ دەکەین. ڕۆژی هەینی، ١٢ـی سەرماوەزی ١٤٠٠ـی هەتاوی، لە دیواندەرەوە ڕێ دەکەوین. پێمان خۆشە لەم سەفەرەدا لە گەڵمان بن و پێکەوە بەرەو چاخی بەر لە مێژوو بڕۆین. لە شارۆگوندی «حوسەین ئاوا»وە بەرەو ڕۆژئاوا لا دەکەینەوە. گوندگەلی «دەلی مەوە»، «تفتێڵە»، «بازی ڕەوا» و «گەزانی خواروو و ژووروو» بە جێ دێلین و بە گوندی «باینچۆ» دەگەین. گوندی «باینچۆ» ٢٠٠ ماڵە و مزرایان لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی «قەڵاتەڕەشکە» لێک جیا دەبێتەوە.  بۆ هەڵکشان بەرەو لووتکەی «سەخناخ» خۆمان تەیار دەکەین. تاکوو لە ڕۆژگاری کورتی پاییزدا بتوانین «بەردە نەخشێنراوەکان» ببینین. هەوراز و نشێوەکانی چیای «سەخناخ» لە هەست و هەناسەی خۆی نزیکمان دەکاتەوە و سەربەرزانە بۆ چواردەوری خۆی دەڕوانێت. ئەو سیما بەهەیبەتە بەرەو دنیای قووڵی ڕاستییەکانی سرووشت دەمانبات؛ کە هەگبەیەکی نیشتمانی خۆشەویستمانە. بەلام مخابن لە کاوڵاشی سرووشت و گەرم بوونی وڵاتدا ئەویش بێ‌ناز ماوەتەوە و بەفر گشت شاخەکەی نەگرتووە.
بەردە نەخشێنراوەکانی «باینچۆ» لە نێوان گوندی «باینچۆ» و «کوچک چەرموو»ـدا، کە نزیک ٨ کیلۆمیترە، هەڵکەوتووە. لە داوێنی کێوگەلی «سەنگەر سەید عەتا» و «ئەفراسیاو»ـدا لە شوێنێک بە ناوی «مێرگەدرێژ»ـدایە. لە سەر چەند گاشەبەردی سەخت و تووش لە جۆری «بەردی گڕکانی»، کە لە باهۆزی ڕۆژگاردا ڕەش هەڵگەڕاون، ڕوو لە باکوور و لە چەن شوێنی جیادا، بەکۆمەڵ وێنەی ئاژەڵ [بە تایبەت بزنەکێوی] و مرۆڤی ڕاوچی نەخشێنراون. بە دیتنیان ئۆقرە دەگرم و سوکناییم دێ و، ماندوویی چیاگەریی «سەخناخ» لە جەستەمان دەر دەکا. ئەم نیگارە بەردینانە تابلۆی ڕاستییەکانی بەر لە مێژوون؛ کە ٦ هەزار ساڵ لەمەو بەر بە هزری داهێنەرانە و خەیاڵەکانی مرۆڤی ڕاوچی لە سەر گاشەبەردەکان نەخشێنراون. پڕن لە ڕەمز و ڕازی ڕابردوویەکی هێندە تەماویی کە بە هاسانی تیشکی زانست ناخرێتە سەریان و لێمان ڕوون نابێتەوە. بە وتەی «ماری ژوزەتیل» ئاخاوتنێکی کەلتووریی و سەرەتای بە دی هاتنی خەت بووە. مرۆڤی ئەو دەم، زۆر جوان و هونەرمەندانە، نەخشاندوویەتی. ئەوڕۆکەش هونەرمەندگەلێک وەک «هادی زیائەدینی»، «خاتووزین» و «ڕێبین» میراتگر و درێژەدەری هونەرەکانی ئەوانن. لە سەر گاشەبەردەکان زۆرتر ئاژەڵی کێویی وەک «بزنەکێوی» و «پەزەکێوی» نەخشێنراون. شاخەکانیان بڕگەبڕگەیە و بەرەو پشتەوە ڕۆیشتووە و، زۆرتر شێوەی «پەزەکێوی ڕەگەزی ئەرمەنی» دەدەن. هەنووکەش ئەو جۆرە پەزەکێوییە لە ناوچەی پارێزراوی «کانی کوچکین - قەم چوخە» لە ناوچەی بیجاڕدا ماوەتەوە و لە لایەن «یانەی ژینگە»وە چاوەدێرییان لێ دەکرێ. لە نێو زۆربەی بەردە نەخشێنراوەکان وێنەی گورز، خنجێر و کەرەستەی تیژ، کە کەرەستەی دەستی مرۆڤی ڕاوچی بوونە، دەبیندرێت. هەروەها جێ پەنجەی سەگ، گورگ و ورچ و، وێنەی وشتر، ڕێوی و ئاژەڵی تر لە سەر گاشەبەردەکان هەڵکۆڵاون. لە ڕاستیدا «سەگ» هەر لەو دەمەوە هاوڕێی مرۆڤ بووە و لە ڕاودا یارمەتی داوە و، لە مەترسیی و مەرگدا پاسەوانی لێ کردووە. مخابن ئەوڕۆ بنەمای ئەخلاقیی کز بووە و زۆربەی سەگەکان بە بێ‌خاوەنی و نەخۆشی و برسیەتییەوە، لە کۆڵان و شەقامەکاندا، بەرەڵا کراون.
لە «باینچۆ»ـدا ئەو نەخشێنراوانەی وا کاری زۆرتری لە سەر کراوە چۆنییەتێکی جوانتریان هەیە و هەندێکیشیان لە درێژەی زەمەندا سەرما و گەرما زەفەری پێ بردوون. بە بڕوای «کاک جەماڵ» ئەو وێنانە لە سێ بازنەی جیاجیادا، واتا لە ٦٠٠٠ ساڵ، ٤٠٠٠ ساڵ و ٣٠٠٠ ساڵ پێشدا، نەخشێنراون. لە هەندێک شوێنی تردا، لە سەر گاشەبەردەکان، دەستەیەک نیگاری هیندەسی وەکوو بازنە(دایەرە)، چوارسووچ(مورەبەع)، سێ‌سووچ(موسەلەس) و، وێنەی ئەسپ و چاروا و مرۆڤی چارواسواریش دەبیندرێ. لە چەن شوێندا هەندێک کێشراوە و وێنە هەن کە لێمان ڕوون نییە چین و وەک هێما دەنوێننەوە. پێویستە توێژەران لە سەر ئەمە ورد ببنەوە و لە سەری باس بکەن. وێدەچێ هەندێک لەو نەخشێنراوانە باسی ئوستوورە، یان هەمان شەڕی ڕووناکی و تاریکی، بکەن؛ کە لە درێژەی مێژوودا بنەمای زۆربەی ئوستوورەکان بووە. پێویستە بزانین کە تاوتوێ کردنی بەردە نەخشێنراوەکان لە وڵاتی ئێمەدا زانیارییەکی نوێیە. لە زۆربەی وڵاتانی چوارقوڕنەی جیهانیشدا، بێجگە لە جەمسەری باکوور و باشووری زەوین کە مرۆڤ لەواندا نەژیاوە، دەبیندرێ. هەر وەک «جەماڵ لەحافیان» دەڵێت، کۆنترین وێنە و نیگاری بەردینە لە هەوراماندا دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی «بۆڕۆنز» دەگەڕێتەوە. ئەو بەردە نەخشێنراوانە پێناسەیەکی نەتەوەیین و گوزارە لە مێژوویەکی زۆر دوور و کەڤنار دەکەن. مخابن ئەوڕۆکە بە خەمساردی و کەمتەرخەمی ناوەند و لایەنە زانستییەکان پشت‌ گوێ خراون. هەروەها خۆشمان وەکوو پێویست، ئاوڕێکمان لە کەلەپوور و شوێنەوار و ئاسەوارەکانمان نەداوەتەوە تاکوو لێی بحەسێینەوە. ئوم شوێنەوارانە بەرهەمی بیر و هزری مرۆڤی بەر لە مێژووە و، سیمای پرشنگداری ئەوان دەنوێنێتەوە. هونەری ئەو وێنانە، هەوێنی ژیانە؛ کە بە هەموو تام چێژێکیەوە بەرەو پێش دەڕوا.
ترووسکەی ڕووناکی بەرەو ئاوا بوونە. شەو و تاریکی خۆی مەڵاز داوە. ملی ڕێگا لە بەر دەگرین. هەست، تەنیا شتێکە کە ناسرەوێ. هیوادارم لە گەڵمان ماندوو نەبووبێتن.
ژێدەر:
- گوندی «قەڵاتەڕەشکە» هاوکەوشەنی گوندی «باینچۆ»یە و مزرایان لە گەڵ یەکدا هاوسنوورن. زێدی «عەتا کەل» بووە؛ کە لە کاتیی حکوومەتی «ڕەزا شا» لە گەڵ «حەمە تاڵی بانە» شەن و کەویان کردووە.
- شێخ ئەحمەدی «باینچۆ» لە ساڵی ٨٤٢ی کۆچی مانگیی لە گوندی «مەلەکشان» لە ناوچەی سنەدا لە دایک بووە. لە بەغدا و میسر و حوجرەکانی کوردستان وانەی هەڵگرتووە و تەریقەتی سوهرەوەردی ڕەچاو کردووە. کاتێک گەڕاوەتەوە کوردستان شاعیر و خواناسێکی مەزن بووە و موریدی زۆر بووە .لە گوندی «باینچۆ» سپەردە کراوە.
بەشێک لە شێعری شێخ ئەحمەد:
چو نبود بی قلم یک حرف قابل
قلم  را  هم  زمرد  کرد حاصل
قلم  از  زمرد   ساحت  حق  را
نظر کرده به او چو یافت شق را
که امرش بر نوشتن  آغاز کرد
که فهرستش به بسم‌الله ساز کرد
لەم دواییانەدا چلەخانەکەی نۆژەن کراوەتەوە. جیا لە بەشداری بەکۆمەڵی خەڵک، لە بەردی بناغەیەوە «وەستا خالید مکانیک» خۆبەخشانە دەستی دایە.
- جەماڵ لەحافییان، دایکبووی ساڵی ١٣٣٩ـی هەتاوی لە شاری سنەیە و، 2٥ ساڵە بە شێوەی زانستیی و ئاکادمیک لە بەردە نەخشێنراوەکانی کوردستان دەکۆڵێتەوە. توێژینەوەکانی سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی زانستین و لە سەر مرۆڤی بەر لە مێژوو توێژیوەتەوە. نووسراوەکانی لە زۆر گۆڤاری دەرەوە و ناوەوەی وڵات وەک «Australian Rock Art Research Association (Aura)»، «مجلەی میراث کورد - سال اول - شماره ٢» و «گۆڤاری هەزار مێرد - ژمارە ٢٦ - ساڵی ٢٠٠٥ز» بڵاو بووەتەوە.
Email: esmaeilsorkh.salam@gmail.com


تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید