جمعه، 7 بهمن 1401
روژان پرس » اسلایدر » وتوبێژێک لەگەڵ خاک و ئاو

دایە خەجێ، تریفەیەک لە سۆز و ڕاز

وتوبێژێک لەگەڵ خاک و ئاو

0
کد خبر: 849

وتوبێژێک لەگەڵ خاک و ئاو

دایەخەجێ وەک ئافرەتێکی بیرمەند بیری دەکردەوە. دوای کۆچی مامۆستا مەلا عەبدولخالەقی هاوسەری لە ساڵی 1363ێی هەتاوی شان وەبەر تەواوی ئەرکەکانی ژیان و بنەماڵە لە سەڕافەتی بەسەر باخ و مەزرا هەتاکوو خوێندنی کچ و کوڕەکانی. بیرمەندی و قسەزانی و دڵاوایی ئەوی لە مەلاژنێکی ئاسایی تێپەڕاندبوو بۆ «کەیخودا ژنێک» لە ناوچەدا دەناسرا کە ناسنامەکەی تایبەت بوو بۆ خۆی و ئاوایی میانە. ئەندیشە و ئاواتەکانی «دایە خەجێ» ئەندیشە و خەم و ئازارەکانی کوردستان بوو.
چۆنتان بۆ بدوێم! دیمەنی مەلێکی کۆچەریی دێننە بەرچاو، پڕ لە سۆز و ڕاز، باڵ دەکوتێ بۆ گەیشتن بە هێلانەکەی. دەرگای گەورەماڵێک کراوە کە بە ڕووی خۆشەوە لە میوان دەڕوانێ. ڕەنج و ئازار و مەینەتیی نەتەوەیەک کە بڕگە‌بڕگەی دەستی چەپگەردی ڕۆژگار بە تەوێڵیەوە نەخشێندران، بەڵام ڕاوەستاوە کە هەڵگری گەلێک هۆنراوە و باسە؛ کێوێکی زۆر بەرز و بە دیمەن کە هەڵگری سیفەتی زۆر بێوێنە بێ کە شان لەشانی کێوە بەرزەکانی دونیا بدا و لە داوێنی چۆم و دەراوی بە خوڕ قەڵپەزە بکا و دەشت و دەر ئاوەدان بکاتەوە. ئافرەتێکی بە دیمەن و دەست و دڵاوا کە زایەڵەی دەنگی یادگاری «کانی چیاوە»1 و دڵی پڕ لە ژانی بەقەد نشێو و لووتکەی (کوڕەی میانە)2 پڕ لە ڕازە و کەسایەتییەکی کەم وێنە کە ملکەچی هیچ بێداد و بێدادگەرێک نەبووە.
لە ڕاست بۆ چەپ:
سەهەند زارعی، کەوسەر، دایەخەجێ، رۆناهی
سەلام ئیسماعیل سورخ ١٣٨٨ی هەتاوی

ئەو ڕێبوارە دڵ پڕ لە ئەوینە، «دایە خەجێ»ی ئاوایی میانە بوو. «دایە خەجێ» پێناسەیەکی تایبەت لە ئافرەتی کورد بوو؛ کە بەدەم خەم و مەینەتییەکانی ڕۆژگار و بەرپرسیاریەتی بەکار بە حەز و تاسە و بزەی هەروا ڕاوەستاو بوو. جیا لەوە کە لە بنەماڵەیەکی گەورەماڵ چاوی بە دونیا هەڵێنابوو، لە ژیانی هاوبەش لەگەڵ کەسایەتیەکی مەزبووت و زانا وەک «مامۆستا مەلا عەبدولخالق شافعی» و لەسەر دەستی بەرهەمی ژینگە و سروشتی دڵڕفێنی داوێنی مەڵبەندی کێوی «کوڕەی‌میانە» و کەسایەتیی بەهێزی خەڵکی میانە گەنجینەیەکی دەوڵەمندی لێ بەرهەم هاتبوو. وەک مرۆڤێکی چڕوپڕ لە وەفاداری و ئەمەگناسی بەکار و کردەوە، ئاوێنەیەک بوو لە پێناو تاسە و حەز و کاو بۆ نیشتمان. لە دەلاقەی زەمانەوە، شوێن پێی کە بە ڕەهەندێکی سەختی ژیان ڕێگای دەبڕی. جیهانێکی تایبەت کە وەک بنەماڵەی پەیکەر و قەڵا و کارکردی گێڕانەوەکەمان جێگیر دەکات کە لێی بدوێم و باسی بکەم.
سەبووری و دڵاوایی و دووری و دابڕانی جگەرگۆشەکانی و دەسکەوتی ئەو کەسایەتییە بوو کە بەلای خەڵکەوە، پێکهاتەیەکی ئاشنا بوو کە کردبوویە ڕووسووری گوڵاڵەی بەهار. ئەوە ژیانی ئێمەیە لە تەرازووی تاقی کردنەوە و هەڵسەنگاندن و کێشانە.
پرۆفیسۆر مەلا عەبدوڵڵا فەیزی
مامۆستای زانکۆی کیل، لە وڵاتی ئاڵمان
کوڕی وه‌ستا ڕەسوڵی میانە کە ساڵی ١٣٨٢
لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد

تایبەتمەندیی ئەو بەرە لە ژنان و دایکانی کوردستان و خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە جیا لە ڕەنج و مەینەتیەکانیان کە ئەزموونیان کردبوو هەڵگری گوتارێکی تایبەتن کە دەبێتە هۆی جیاوازیی ئەوان. پەروەردەی مناڵ و بەڕێوەبردنی ماڵ بە هەموو نالەبارییەکانی ژیان و کەم و کورتی، سەبووری و دڵاوایی و پابەندیی بە مێرد و بنەماڵەوە دەبنە کەڵکەڵەی چارەنووسی ئەوان. کە ئەو هەڵوێستە ئینسانیانە لە هەموو دەورانێکدا بایەخ و گرینگی خۆی هەیە؛ بەتایبەت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگای کورد و پێوەندیی چڕوپڕی لە ڕاهێنان و ڕێکخستنی بنەماڵە، کە بۆخۆی چیرۆکێکە دەبێ مێژوو تۆماری بکا.
بە پێی جوغرافیا و تایبەتمەندیی کۆمەڵگای کوردستان کە تێیدا چرۆیان کردووە و ڕیشەیان داکوتاوە. بەپێی باوی ڕۆژگار و شێوەی بیرکردنەوە و دۆخی دەوران لە کۆمەڵگا کاریگەرییان بووە و خاڵی هاوبەش وەک بەدیهێنەر  بە درێژایی مێژوو ئافرەتی کوردی خستۆتە ئیرادەی خۆدۆزینەوە لە ئاسمانی تەم و توومانی کوردستان.
ئاوایی میانە لە وەرزی بەهاردا

ئەو ئەندێشە وەک گەنجێکی بە نرخ دەبێتە یاری سەفەر و بووژانەوە. هەرچەند بەهۆی هەلومەرجی ئەوکاتی کۆمەڵگای کورد خوێندەوارییان نەبوو؛ بەڵام خاوەنی ئەدەب و زانایی بوون. بەڕێوەبردنی بنەماڵە لەسەر دەسەڵات و ئیرادەی پیاوسالاری دامەزرابوو؛ بەڵام ئافرەتی کورد بەهۆی کەسایەتی و خەمخۆری و عەشق و سۆز بە بنەماڵە و بەڕێوە بردنی ئەرک و فەرمانەکان، شان بەشانی پیاو لە ئیرادەی دەسەڵاتی بنەماڵەدا نەقشی کاریگەریان بووە و بە کارامەیی و بیرمەندی بوونە بنەمای گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتی بنەماڵە و بەرە بەرە، کاریگەرییان لەسەر ویژدانی کۆمەڵگا و بنەماڵە زۆرتر دەبێ و بیر و گوتاری نوێ بڵێسە دەستێنێ و ڕەوتی پێشکەوتن بۆ بیر و ئەندێشەی مۆدێڕن و کەرەسەی بەرهەمهێنان و بیری ئازاد ڕەنگدانەوەی زۆرتر بۆ ئاڵوگۆڕی زۆرتری دەسەڵاتی ژن دێنێتە مەیدان و لە بنەماڵەدا نەخش و گوتاری ژن پەرە دەستێنێ و بارگەوبنەی ماڵ لە جێهەوارێکی بژوێن سەقام دەگرێ.
1388ی هەتاوی:
لە کاتی شاخەوانی گرتوومانە
دوو نەوەی دایە خەجێ
کەوسەر و روناهی

دایە خەجێ لەو دایکانەی کوردستان بوو کە زۆر زوو وەخەبەر هاتبوو. بەهۆی هاتوچۆی شار کە لە قەدیمەوە بنەیەکیان لە شاری سنە بوو، ئاگای لە کار و شێوەی ژیانی شار و بیرکردنەوەی مۆدێڕن هەبوو. وەک ئافرەتێکی بیرمەند بیری دەکردەوە. دوای کۆچی مامۆستا مەلا عەبدولخالەقی هاوسەری لە ساڵی 1363ی هەتاوی شان وەبەر تەواوی ئەرکەکانی ژیان و بنەماڵە لە سەڕافەتی بەسەر باخ و مەزرا هەتاکوو خوێندنی کچ و کوڕەکانی. بیرمەندی و قسەزانی و دڵاوایی ئەوی لە مەلاژنێکی ئاسایی تێپەڕاندبوو بۆ «کەیخودا ژنێک» لە ناوچەدا دەناسرا کە ناسنامەکەی تایبەت بوو بۆ خۆی و ئاوایی میانە. ئەندێشە و ئاواتەکانی «دایە خەجێ» ئەندێشە و خەم و ئازارەکانی کوردستان بوو.
کەڵکەڵەی دایە خەجێ هەڵوێستی مرۆڤی بەش خوراو و ئازار چێشتووی کورد و خۆڕاگری هەڵویستەیەک بوو کە خەزان و چەرخی چەپگەرد زەفەری پێ نەدەبرد. ئازادیی بیروبۆچون و قسەزانی و شێوەی ڕوانین و ئاخاوتن  هەڵویست و کرداری کەسایەتییەکی جیاوازی بەو بەخشیبوو. لە نەبوونی ڕۆڵەکانی خۆی تێکەڵ بە هیچ گومان و دوودڵییەک نەکرد.
ژیان بۆ ئەو هەر وا سەرچاوەی خۆڕاگری و چاوەڕوان بە هیوا و ئومێد و مناڵانی نەتەوەکەی. هیچ ڕۆژ و ساڵێک نەبووە کە ژیانی بێ ئەرک و کار تێپەڕێ. لەفز و کەلامی خۆش ئاوێتە و تایبەت بەو بوو کە پێی دەکاڵایەوە. ڕوانینی گەرم و جەستەی پڕ لە هەڵویست بۆ ژین کە ئاوێتەی هیوا و قاڵ کراوی ڕەنج و کار بوو کە وەک پێناسەیەک بۆ دوور دەیڕوانی. دەیکوت ئاسۆ ڕوون دەبێ...
وێنەی کەوێڵەکەی دایەخەجێ
لە باخی سێف کە لەلایەن
عەباس داوودی بە سیا قەڵەم کێشراوە
کە دوای نەخۆشی دایە خەجێ
بە هۆی کەمتەر خەمی و نەبوونی
خەمخۆرێک تێک ڕووخا

«دایە خەجێ» وەک کەسایەتییەک لە ئافرەتی کورد پەیوەندییەکی هاونەزمی لەگەڵ ژینگەی کوردستان هەبوو. هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕووداو و بەسەرهات و چلۆنیاتی ژیانی نەتەوەی کورد لە ڕابردوویەکی زۆر کەونارا هەتا جیهانی واقیعدا هەبوو کە ئەوانی بەرجەستە کردبۆوە. ئەوە میراتی گشتی گەلی کوردە، ئەگەر دەرفەتێک بێ بۆ داوەرییەکی بێ لایەن لەو دونیا پڕ لە کێشە و گرفته، حەقیقەتەکان وەک ئاراستەیەکی تایبەت ئیرادە سۆز، دڵاوایی و هۆگری بە خاک و نیشتمان و ڕێکخستنی بنەماڵە، دەسنیشان کەین وەک میراتی ئافرەتی کورد لە جیهانی واقیعدا بەرجستە کردۆتەوە. بۆ هەژدە ساڵ لەوە بەر دەگەڕێتەوە کە وەک شاخەوانێک بەرەو هەوارگەکانی شاخی کوڕەی میانە ئاخری وەرزی هاوین، سەرەتای پاییز _ شای وەرزەکان_ لە دوای ڕێبڕین و ماندوویی دەرکردن شەو لەبەر تریفەی مانگەشەو لەسەر کوچکە ئاور چایەکی بە تام دەم دەکەین و بە دەم چایی خواردنەوە لەگەڵ مانگ و ئەستێران چاوبڕکێن دەکەین.
نزیک «کانی چیاو» و کەوێڵەکەی «دایە خەجێ» ئەوە سەرەتای ناسیاویم لەگەڵیان بوو. چێژگەی میهرەبانی و خۆشەویستی کە ڕۆچنەیەک بۆ دونیای نادیار و ناسیاوی فەرهەنگ، هەست و خوست و کەلتووری دەوڵەمەندی ئەو ناوچەیە لە کوردستان و خەڵکی بە مشووری ئاوایی میانە هەناسەیەکی تازە بۆ نێو دەمارەکانی لەشم کە بۆنی ئازادی لێوە دەهات.
دایە خەجێ لە کاتی نان کردن
لە تەنیشت کەوێڵەکەی
بە ساج و نانی تیری
1388ی هەتاوی

ئەندیشەکانم کەوتنە گەڕ کە هەتا ئەوڕۆ هەر لە خۆشەویستی چاو پێکەوتن و چێژکەی مێهرەبانییەکانی «دایە خەجێ» جار لەگەڵ جار زۆرتر خولیای شاخ و بەندەن و باخ و هەوارەکانی «کوڕەی میانە» و خەڵکی بە مشووری ئەو ناوچەیە بووم. 
داخی گرانم لە ڕۆژگاری پڕ لە کەنەو لەندی خەم و پەژارەی دووری ئازیزانی، دوایین ڕۆژەکانی پاییزی  1401ی هەتاوی کە بای زریانی پاییز، دار و دەوەنی داماڵیوە، بە چاوی پڕ لە حەسرەت و خەم و ئازارەکانی بۆ نیشتمان کە فرمێسک تیا قەتیس مابوو لە سەر دڵی پڕ لە ئێشی قورسایی دەکا و ڕۆژی یەکشەممە ۲۶ی سەرماوەزی ۱۴۰۱ دوای ۷۳ساڵ تەمەنی پڕ لە ژان لە دونیای بێ بەقا ماڵ ئاوایی دەکا.
وشکە ساڵێکە لەبەر خونچە دەڕێژم ئەسرین
چون دەڵێی دێیەوە با فەفشی گوڵت بۆ ڕاخەم «ڕامیار»
وە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی ئەمەگناسی ئاوایی میانە و ناوچە لە پەنا گڵکۆی مامۆستا«مەلا عەبدولخالق»ی هاوسەری لە گۆڕستانی بنەماڵەیان لە ئاوایی میانە ئەسپەردەی خاک دەکرێ و زێد و ئاواتەکانی بە هەزار خۆزگە و بریا بۆ نەوەکان بەجێ دێڵێ.
یادی تۆ ڕەنگی قەشەنگی لە هەموو ماڵمدا
باخەوان گەرچی سەدان بەردی لە شاباڵمدا «ڕامیار»
ئەم نووسراوەیە هەموو شتێکی لە سەر کەسایەتی «دایە خەجێ» پێ نیە. بەڵام وەک شاخەوانێک کە زۆرجار بە ئاوی «کانی ڕەزڵە» توونیایەتیم شکاوە، و لە کانی «سڵێمان بەگ» حەساومەتەوە و بە سەر چوار قۆڵی شاخی کوڕەی میانەدا هەڵگەڕاوم؛ سیمای دایکێکی مێهرەبان وەک ڕەمزێک لە دڵمدا ئۆقرەی گرت. وتوبێژێک بوو لەگەڵ خاک و ئاو.
با درود
همە عمر بر ندارم سر از این خمار مستی
کە هنوز من نبودم کە تو در دلم نشستی
تو مثل آفتابی  که حضور غیبت افتد
دگران روند و آیند و تو همچنان که هستی
سەلام ئیسماعیل سورخ

ژێدەر:
ئاوایی میانە لە ۶۷کیلۆمیتریی ڕۆژاوای شاری سنە و ۷۰ کیلومیتریی ڕۆژهەڵاتی شاری مەریوان،سەرووی ئاوایی «نگڵ»لە داوێنی کێوی بەرزی۳۰۰۰میتری«کوڕەی میانە»هەڵکەوتووە و زیاتر لە ۲۰۰ماڵ دەبێ. خەڵکێکی زۆر بە مشوور و زەحمەتکێشی تێدایە کە هەر لە زۆر کۆنەوە بە پیشەی دارتاشی (نەججاڕی)، ئاسنگەری، بەننایی، ئاشەوانی و باخەوانی، جۆڵایی، هەلاجی، تەونگەر، هۆڕیەر و شکستەبەندی سەرقاڵ بوون.
خوێندەواری چاوکراوەی زۆری تێدا هەڵکەوتووە و جێگای مامۆستای وانەوێژ وەک مامۆستا مەلا عەبدولخالق و باوکی زانای مامۆستا مەلا شەریف و فەقێ و موستەعید و مەدرەسە بووە و هەڵکەوتەی بەناو بانگی کورد پڕۆفیسۆر مەلا عەبدوڵڵا فەیزی کە ۲۰ ساڵ مامۆستای زانکۆی شاری کیل لە وڵاتی ئاڵمان بووە کوڕی وەستا ڕەسووڵی نەججار بووە لە ئاوایی میانە چاوی بە ژیان پشک ووتووە. لە لە ساڵی ۱۳۸۳ی هەتاوی لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.
۱: کانی چیاو: کانییەکی پڕ ئاو و سازگارە و ئاوەکەی زۆر سارد و خۆشە کە لە باخەکەی«دایە خەجێ»دا واتە باخی سێف، هەڵکەوتووە.
۲: کێوی کوڕەی میانە بە ٣٠٠٠ میتیر بەرزی سەر لە ئاسمان دەسوێ. بە هۆی کوێستانی بوون زستانان بەفر و ڕندووی زۆر لە قەد و لاپاڵی میوان دەبێ. لە داوێنیەوە سەدان کانی و جۆگە و چۆمیلکەی لێ سەرچاوە دەگرێ. کە ئاوەدانی دێهاتی ئەو ناوچەیە لە سەر دەستی کێوی«کوڕەی میانە»یە. چەندین ئاوایی وەک:نسڵ،نگڵ،گۆشخانی،سەوڵاوا، میانە، نێزڵ، بنیەر،زوەنج لە داوێنی ژیوار دەکەن و مەکۆی شاخەوانانە.
۳: کانی ڕەزڵە: ڕەزڵە لە زاراوەی ناوچەی مەریوان یانی شاعەسەب لە مۆغەرەی پشت کە نزیک دوندی کێوی«هێلانەی داڵ» هەڵکەوتووە. نیزیک دەشتایی گموڕ(گامۆڵ) کە دایمە ئاوی سارد و سووکی هەیە .
۴: کانی سڵێمان بەگ: کانییەکی زۆر پڕ ئاوە کە لە هەوارێکی کۆن هەڵکەوتووە بە نێوی خاوەن هەوارەکەیە- کە گۆیا جاف بووە- نێودێر کراوە.

سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید