rojanpress.ir | «په‌نجه» ئاواییەکی مێژوویی و کەونارا لە ناوچه‌ی دیوانده‌ره

«په‌نجه» ئاواییەکی مێژوویی و کەونارا لە ناوچه‌ی دیوانده‌ره

لە دونیای پڕ لە ڕاز و تەوژمدا کە کۆی ڕووداوەکان و مێژووی بەسەرهاتەکان وەها بەسەر یەکدا هەڵپەسێردراوە، کە ناپەرژێیە سەر تاک تاکی ئەو ڕووداوانە کە بە جێ جێی ئەو خاکوئاوە، ناوچە و ئاوەدانییەی کە دەستی تاڵانکەری زەمان هێشتا بە ڕوخساریانەوە، جێ تاڵان و بڕۆشیان نەداوە، بە لادانی ژەنگی فەرامۆشی، تۆز و گەردی بێ موبالاتی؛ دنیایەک زانیاریی دەگمەن کە بە دیتن و بیستنی بەسەرهاتیان دڵ سەبووری دێت و لاپەڕەیەکی مێژوویی دەگمەن و زۆر ئەفسووناوی خۆی وەدیار دەخات. ڕۆژگار بە هەموو تەمبازاییەکانی (دست انداز) دا تێپەڕ دەبێ. 
مادام ئەگەر بمانهەوێ وڵاتمان ئاوەدان بمێنێتەوە؛ دەبێ خوێندنەوەیەکی وشیارانەمان بۆی هەبێ. پێم وایە نێوی «کوردستان» لە هەناوی خۆیدا پیرۆزییەکی هەیە کە سەدان پرسیار و بەرپرسایەتی بۆ ئێمە دێنێتە گۆڕەوە کە ئێمە وەک میراتگری ئەو خاکوئاوە بە هەڵسوکەوت و دانووساندن و ڕووژێنەری زۆر بەسەرهات و کۆی ڕووداوەکانین. 
ئاوایی «پەنجە»ی ژووروو، هەڵکەوتوو - لە 40 کیلۆمیتری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری دیواندەرە و 35 کیلۆمیتری جادە ڕێی شاری بیجاڕ – تیکاب،  دەستی تاڵانگەریی ڕۆژگار زەفەری پێنەبردووە و بەردئاشی زەمان نەیهاڕیوە وەک مووزەیەک لە کەسایەتییەکانی ڕابردوو، گۆڕستانێکی زۆر مێژوویی و تایبەت، کە بە سەدان کێلی بەردینی قیمەتی و نەخشێندراو و هەڵکەندراوی بە خەتی زۆر خۆشی تێدایە؛ کە مێژوویان بۆ چوارسەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. مێژووی کەسایەتیی وەک سەید عەبدولڕەحمانی پەنجە، وەچەکانی وەک سەید ئەحمەد و ئاغا جەمیل و گەورە ماڵەکانی تر؛ هەتازانای گەورەی سەردەم لەو بنەماڵەیە، یانی: «مەلا عەلی پەنجە» کە میراتگری سامانێکی گەورەی مرۆڤایەتی بوو. مرۆڤدۆستی ئەو زاتە بێ وێنەیە.  لە دەلاقەی زەمانەوە بڕوانین، نازانین گوندی «پەنجە» بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیوە، بەڵام ئاسەواری قەڵایەکی بەردینی چوار گۆشە لەسەر شاخی زاڵ بەسەر «پەنجە»- کە لە هەر چوار گۆشەی قەڵا جێگای قەڕاوڵخانە هەر بە ساغی ماوەتەوە- نیشان لە خۆڕاگری و دەست کردنەوەی خەڵک و جەماوەری ئاوایی «پەنجە» و ناوچە دەکا کە لە بەرداشی زەماندا دەستیان بەرنەداوەتەوە. لە کەیان خاک و نیشتمانی خۆیان پارێزگارییان کردووە و بە وتەی کەسانی بەتەمەنی ئاوایی لە سەردەمی هەڵات هەڵات و شەڕ و قەیراندا، خەڵکانی ئەو ئاواییە لەو قەڵایەدا بەرگرییان کردووە و وڵاتی خۆیان پاراستووە و دوژمن بەسەریاندا زاڵ نەبووە و کەسایەتیی ئایینی «سەید عەبدولڕەحمانی پەنجە» کە دووسەد ساڵ لەمەوبەر ژیاوە و میرایەتیی دڵی خەڵکی ناوچەدا ماوەتەوە و تێکەڵ بە ئەفسانە بووە. کە گۆیا لە کاتێکی تەنگانەدا کە خەڵک پەنایان بۆ قەڵای سەر شاخی پەنجە بردووە، قەڵا بێ ئاو بووە. سەید عەبدولڕەحمان داوا لە خودا دەکا کانییەک هەڵقوڵێ با ئاو پەیدا بێ. 
گۆمیلکە ئاوێک پەیدا دەبێ و دەبێتە سەرچاوەیەک و  خەڵکەکە لە توونیەتی ڕزگار دەبن. بەڵام کۆی ڕووداوەکان و بەسەر هاتی تەواوی ئاوایی «پەنجە» و بنەماڵە گەورەکانی نیشانمان دەدەن،لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژوویی ناوچە، بنەماڵەی «سەید عەبدولڕەحمانی پەنجە» و وچەی ئەوان «کوڕ و نەوەکانی» هەتا دوایین سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەو بنەماڵەیە لە ناوچە «ئاغا جەمیل» هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی لە ناوچە داوە؛ و ئەو کارتانەی لە دەستیاندا بووە بۆ پاراستنی ئارامی و هاوسەنگی بەکاریان هێناوە و بە جۆرێک کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان ئەو پێوەندیانەی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە ڕابردوودا بووبێ بۆ بەرژەوەندی خەڵک و کوردستان کەڵکی لێ وەرگیراوە و بۆ پاراستنی ئارامی و هاوسەنگی بەکاریان هێناوە و بە جۆرێک کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان و ناسەقامی زیانی کەمتر بە خەڵک و ناوچە بگات. ئەوە ڕازی ئەهوەنی و ئاوەدانیی ئەو ناوچەیە بەتایبەت ئاوەدانیی «پەنجە» بووە؛ کە ئاوەدانیی ناوچەی لێ کەوتووەتەوە.

لە دەلاقەی زەمانەوە بڕوانین، نازانین گوندی «پەنجە» بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیوە، بەڵام ئاسەواری قەڵایەکی بەردینی چوار گۆشە لەسەر شاخی زاڵ بەسەر «پەنجە»- کە لە هەر چوار گۆشەی قەڵا جێگای قەڕاوڵخانە هەر بە ساغی ماوەتەوە- نیشان لە خۆڕاگری و دەست کردنەوەی خەڵک و جەماوەری ئاوایی «پەنجە» و ناوچە دەکا...

بۆ دیتنی ئاوایی «پەنجە» لە مانگی ڕەزبەری ئەوساڵ (1401)ی هەتاوی ڕووم لەو ئاواییە کرد. ئاواییەکی زۆر کۆن و مێژوویی و ئاوەدان کە دڵت پێی دەکرێتەوە، لە پاشماوەی بنەماڵەی «ئاغا جەمیل» سەید حەسەنم بیست کە لە ڕابردوودا بنەماڵەی حاجی ئێلخانی لەبەر بشێوی ناوچەی خۆیان و بە هۆی ئەهوەنی و ئارامی ئێرە لە بۆکانەوە هاتوونەتە «پەنجە» و ماوەی نزیک شەش مانگ لێرە ماونەتەوە. ئاوایی «پەنجە» بەتایبەت گۆڕستانەکەی؛ باس لە ڕبردوویەکی گرینگ دەکا.
گۆڕستانێکی زۆر مێژوویی کە هەزاران کەس لەوێ لە دڵی خاکدا ئارامیان گرتووە و بە دیتنی کێلە بەرزەکان کە تاریخ و مێژووی کەسایەتییەکان وەک سووڕەیەک وایە کە لەسەر کێلەکان هەڵکەندراوە؛ خەیاڵ لە ڕابردوو و کاتەکانی دەتباتەوە بۆ دونیایەکی نادیار، کە بەردەوام ئاخاوتنیان لەگەڵدا دەکەی وات لێدەکا لە ناخەوە خۆشحاڵ بی. وا هەست ناکەی میوانی مردووەکانی، بەڵکوو بە زمانی بێ زمانی لەگەڵت دەکەنەوە ڕاوێژ و قسە. ئاوایی «پەنجە» وەکوو کتێبێک دەچێ کە وەرەق و لاپەڕەکانی بە وتەی جوان و نووسراوەکانی بەکەڵک ڕازاوەتەوە. کە بۆ نووسینی ئەم کتێبە لە زۆر دوورەوە هەتاکوو ئەو ڕۆدەستی ئاشنا و خەمخۆر لە کاردا بووە و ئاوەدانیی پێوە دیارە. لە مەدرەسە  کۆنەکەی _ کە بە میعماری کوچکین وەک قەڵایەکی چکۆلە دەچێ _ هەتاکوو قەڵا مێژووییەکەی «ئاغا جەمیل». ئەو کتێبە کۆنە دیارە کە لە دەوروزەماندا دەست بە دەست کراوە، سەر لە نوێ نوسراوەتەوە و وتەی جوان و بە کەڵکی لێ زیاد بووە. ماڵی ئاغا جەمیل وەک بنەماڵەیەکی گەورەماڵ بە مێژوویەکی درەوشاوە بە «خوا پەرەستی» و نیشتمان دۆستی و کرداری مرۆڤایەتی؛ نەتەنیا لەلایەن دەسەڵات و حکوومەتی ناوەندیی ڕێزیان لێ گیراوە، بەڵکوو لە دڵی جەماوەر و خەڵکی ناوچەش جێی ڕێز و پشتیوانیی بوون. ماڵیان جێگای لێقەوماوان و سەغیر و بێپەنایان بووە بەجۆرێک کە کەس لە ماڵی ئاغا جەمیل خۆی بە غەریب نەزانیوە، نان بدە و دڵگەورە بووە. خوا کێوان دەبینێ و بەفریان تێدەکا.
دیتنی ئاوایی «پەنجە» و ناسینی ئەو بنەماڵە ڕەسەنە «ئاغا جەمیلی پەنجە» خۆدۆزینەوەیەکە لە بابەتگەلی مێژووی هاوچەرخ؛ کە ئەو بنەماڵە گەورانە بەشێوەی گشتیی کە ڕەستە و دەسەڵاتی خۆیان لە پێناو مەنفەعەتی گشتی و جەماوەری خستووەتە گەڕ. بۆیە دوای چل و سێ ساڵ دوور کەوتنەوەی ئەو بنەماڵە، لەو ناوچە و ژیانی تاراوگە بەردەوام یاد و سەروەرییان لە دڵی خەڵک ماوەتەوە.
ئاغا جەمیل خۆی مناڵی نەبوو، زاوای بنەماڵەی موجتەهیدیی سنە بوو. ئەو وەها شەیدای مناڵی خەڵک بوو، گۆیا ئەگەر مناڵێ نەخۆش کەوتایە، سەری ئەدا و بۆ چارەسەریی دەکەوتە کار و قەزای لە خۆی ئەخست. تەنانەت لە تاراوگەش دا مەسڵەحەتی گشتیی لەبەر چاو بووە. بە هۆی کەسایەتیی تایبەتی کە بوویەتی، بێزۆری لە دەست زۆرداران ساندووەتەوە.
 ڕۆژ بەرەو ئاوا بوونە؛ لەلایەن بنەماڵەی «ئاغا جەمیل» تەنیا سەید حەسەن لە قەڵادا دەژی، فەرموومان لێ ئەکا. قەڵایەکی مێژوویی و گەورەماڵ، کە بە سەدان ساڵ لە بیناکردنی قەڵا تێپەڕیوە. ئەو عیماڕەتە کە لەسەر پێ ماوەتەوە هاو ئاهەنگیی تەواو لە نێو قەڵا و ڕووکاری قەڵا دەبیندرێ. بۆ هەموو شتێک بیر کراوەتەوە و بە فەننی میعماری و جوانکاریی ڕازاوەتەوە. دیوەخانی بێدەنگی ئەو عیماڕەتە دڵی پڕە لە خۆزگە و ئاواتی ئەو ڕۆژانە کە کەیخودای گەورەی تێیدا دەژیا و سەروەرییان دەکرد و کاروباری هاووڵاتییانی ڕادەپەڕاند. خەم و حەسرەت لە دڵمدا پۆنگاو دەخواتەوە بۆ عیماڕەتی کش و مات و بێدەنگ، کە بە سەدان کەس لە گەرمێن و کوێستان ڕا دەهاتن بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکانی ژیان و تێگیراوییان.
ئاغا جەمیل دوایین کاتەکانی ساڵی 1398ی هەتاوی دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێ. بەو وتەیە دوایین ئاواتەکانی دەباتە ژێر خاک:«خۆزگە لەسەر تاشەبەردەکانی دۆڵ باخ سەرم نابایەتەوە و جارێکی تر ڕوانیبامە (پەنجە) و خاکی پیرۆزی کوردستان». لە سلێمانی بە خاک دەسپێردرێ. ئێمە خەم و پەژارە و دڵخۆشبوون و ئاواتەکانمان سەرچاوەکەی ڕابردووە و ئێستامان بە ڕابردوو پڕ دەکەینەوە لە پێناو داهاتوویەکی ڕوون. سەفەرەکەم بۆ ئاوایی «پەنجە» بەرەو کۆتایی دەچێ. دوای ماڵاوایی لە سەید حەسەن لە قەڵای «ئاغا جەمیل» دێینە دەرێ. بە بەر ڕیزەدارێکی بڵیند و بە نەشەدا کە بە بزەی شەماڵ وەبزە هاتوون و گەڵاکان کەوتوونەتە ڕاژاندن، بەرەو گۆڕستانە مێژووییەکەی «پەنجە» وەڕێدەکەوین. دیسان خەیاڵ دەمباتەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور. دەمباتەوە و دەڕوانم بۆ سووڕی دەوران.

1- دۆڵباخ _ مەزرای ژوور پەنجە
سپاس بۆ عەلی شەهابی کە ئەو سەفەرەی بۆ ڕێکخستم.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژن
1 آذر 1401, 11:25
بازگشت