rojanpress.ir | بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی چیا و هۆگرانی

بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی چیا و هۆگرانی

ڕۆژانپرێس: "چیا" ناوان بەرزن وەک چیاکان و سەوزن وە گەڵاکان؛ هانادەرن وەک شنەبای دارستانەکان، خاوێنن وەک کانیاوی دەشتەکان، خزمەتگوزاری سروشتن و خەمخۆری زینەوەر.
لە هەر کوێ و لە هەر کات پێویست بێ ئامادەن، چەکی دەستیان ورەی بەرزیانە و تۆشەی ڕێیان تۆشەبەرەی پڕ لە ئەوینە.
بەم هەست و هیمەتەوە ئاوڕ لە ئاور دەدەنەوە، لە بڵێسە و چڵێسی دەخەن و دەرفەتی ژیانی نوێ بە گیا و گیانلبەر دەدەن.
بێ منەت و بێ بەرانبەر باخەوان و دشتەوان و شاخەوانی نیشتمانن و لەم ڕێبازەدا هەر وەک بینیومانە ئامادەن گیانیش بە قوربانی بکەن.
دەپرسی ئەم هەموو هەستە لە کوێ و لە چی سەرچاوەی گرتووە؟ وڵامەکەی ڕوونە، ئەمانە ڕۆڵەی بە ئەمەگی گەل و نیشتمانن، بە شیری خاوێنی دایکی نیشتمان پەروەردە بوون؛ لە ئامێزی گەلدا ژیاون و هەوای خاوێنی دەشت و دوڵی نیشتمانیان هەڵمژیوە.
دەک سەلامەت بن ڕۆڵە باشەکان، دەک هەر سەر بەرز بن وەجاخە ڕۆشنەکان، بیر و کار و کردوەی ئێوە شیاوی هەزاران ئافەرینە، خۆتان شیاوی هەزاران ڕێز و حورمەتن، بەڵام داخەکەم نە من و نە زۆرینەی گەل بایەخی ئەوتۆ بە خۆتان و بیر و کارتان نادەین. ئەم پێنەزانینە پاشماوەی نەریتێکی کۆنە کە هەر لە ڕابردوو تا ئێستا لە نێو ئەم گەلەدا باو بووە و ماوەتەوە؛ نەک هەر بۆ ئێوە، بەڵکوو یەخەی فرەیەک لە تێکۆشەرانی گەل و نیشتمانیشی گرتووە، بەڵام ئەو کەمایەتیە کە خاوەن بیر و هەستن، ئێوە بە باشی دەناسن و بە باشی دەتاننرخێنن.
هەر بەرزن وەک چیا و هەر سەوزن وەک گەڵا، سەربەرزی و سەوزی وڵات لە ئێوەس.
خواتان لەگەل.
مه‌ریوان- ۱۴۰۱/۱۳/٠۶
13 شهریور 1401, 22:13
بازگشت