rojanpress.ir | چۆنێتی مامەڵە لە گەل ئاڵنینۆ

چۆنێتی مامەڵە لە گەل ئاڵنینۆ

ئەگەر رۆژێک وتیان خۆر لە خۆرئاواوە هەڵدێ یا ئورووپای سەوز دەبێتە بیابان و،،،تاد، گوومانتان نەبێت کە ئەو دیاردە روودەدات. بە راستی گۆی زەوی زەختێکی زۆری لە سەرە و بەردەوام خاک، ئاو و هەوای لە پیسبوون دایە. 
کاتێک ترەمپ لە لوتکەی جیهانییدا دەڵێت ،"باسی هەچی ئەکەن بەس باسی ژینگە مەکەن" یا ئەوەیکە وڵاتی چین رۆژانە زیاتر لە سێزدە ملیۆێن بەرمیل نەوت بەکار دەهێنێت و،،، ئیتر باسێک بۆ وتن نامێنێت و شایەد ئەو رووداوە سرووشتیانە کۆتایی مێژووی مرۆڤانی بە دواوە بێت. 
بە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی ئاڵنینۆوە ژینگە و سرووشت رووبەرووی خەساری قەرەبوونەکراو دەبێتەوە کە کونترۆڵ و چاوەدێری ئەوانە لە دەستی ئێمەدا نیە بەڵام لێرە لە کوردستان بۆ مامەڵەکردن لە گەل ئەو باروودۆخەدا پێویستە کەرتی کشتووکاڵی ئاڵوگۆری بە سەردا بێت و میکانیزم و رێکارگەلی تایبەت بۆ جووتیاران دیاری بکات.
لێرەدا هه‌ندێک خاڵ دیاری ئەکرێت کە بە کورتی بریتین لە: 
* دامودەزگا پێوەندییدارەکانی وەک ئیدارەی کشتووکاڵ و ئیدارەی ئاو لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە بە پەلە و بەشێوەی ئورژانسی بێنە سەر هێڵ و لە هەموو بوارەکانی کشتووکاڵییدا رەچاو و رێنوێنی کاروباری هەموو  جووتیاران بکەن.
* بە هۆی گۆرانی کەشوهەواوە، گۆران لە کات و رەوتی وەرزەکاندا پێکهاتووە هەر بۆیە هەموو کەسێک هەستی بەوە کردووە کە مانگێکی بەهار لە سەر هاوینە، مانگێکی هاوین بۆ پایزە و،،، جا کەوایە پێویستە جووتیاران لە وەرزی بەهاردا مانگێک زووتر وەخۆیان بکەون هەتا بتوانن ئەو ماوە و مۆڵەتە کاتییە لە پێگەیاندنی بەرهەمەکانیاندا پڕ بکەنەوە.
* هندێک بەرهەمی خۆماڵی کە پێویستیان بە ئاوی لە رادەبەدەرە و هەروەها ئەرک و مەترسی بۆ جووتیاران زۆرترە، لە پرۆسەی کشتووکاڵییدا وەلا بنرێن و بەرهەمی دیکە بکرێتە جێگرەوەیان.
* جووتیاران هەوڵ بدەن بە میکانیزاسیۆن کردنی کەرتی کشتووکاڵی هەم رەچاوی بارودۆخی ژینگە و پرسی ئاو بکەن و هەم کوالیتی و داهاتەکانیان زیاتر بکەن.
* شێف و وەردکردن یا پشوودان بە زەوینی کشتووکاڵی کە لە رابردوودا باوی هەبووە پێویستە لەو سەردەمەشدا رەچاو بکرێت. ئەگەر چەن ساڵ جارێک جووتیاران زەوییەکانیان بە بوورەیی بهێڵنەوە ئەوا پشت بەستن بە پەینی کیمیایی کەمتر دەبێتەوە و زەوییەکان لە نەزۆکی، کەمایەسی کانزایی و بێ پیتی، رزگاریان دەبێت.
* سیاسەتی دابەشکردنی زەوی(تقسیم اراضی) خەسارێکی گەورە بوو لە کەرتی کشتووکاڵییدا چوونکا جووتیاران بە هۆی پیتکەپیتکە بوونی زەوییەکانەوە تووشی سەرلێشێواوی لە چاندنی دانەوێڵەدا بوونەتەوە و داهاتەکانیان بەشی زەحمەتەکانیان ناکات. لێرەدا پێشنیار دەکرێت کە جووتیاران هەوڵ بدەن بە ئاڵووگۆر یا سەندن و،،، زەوییەکانیان لە یەک شوێندا کۆ بکەنەوە.
* پێکهێنانی رێخراوی تایبەت بە پیشەی جووتیاران. رێخراوی برنج کاران، رێخراوی باخەوانان، رێخراوی توتنکاران و،،، چەن نموونەیەک لەو رێخراوانەیە کە پشتیوانی لە پیشەی جووتیاران دەکات و هەروەها لە رێگای جۆراوجۆرەوە زانیاری و  رۆشنبیری بۆ جووتیاران دەکات. رێخراوی جووتیاری جۆرێک گەرەنتی ئەدات بە جووتیاران کە لە ئەگەری بێ نیازی بازاری ناوخۆییدا، بەرهەمەکانیان بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە بکرێت. سەرئەنجام؛ ئاڵووگۆری کەشوهەوا و سەرهەڵدانی دیاردەی ئاڵنینۆ پرسێکی گرنگ و بێ گەرانەوەیە و پێویستە هەموو تاکێک بە تایبەت جووتیاران بایەخ و گرنگی بەو بابەتە بدەن و هەموو رەهەندەکانی ژیان بەلای پرسی ژینگەدا بشکێننەوە. بەرزکردنەوەی زانیاری و گەشەدان بە خوێندەواری ژینگەیی، پێویستییەکی بە پەلەیە کە هەموو پسپۆرانی ژینگە و سرووشت دەبێت لە دەزگاکای راگەیاندندا ئاوری خێرای لێ بدەنەوە و هەروەها دەزگای پەروەردە و راهێنان لە خوێندنگەدا وەک وانەکانیتر بە خوێنکارانی بڵێنەوه.
8 آبان 1405, 11:24
بازگشت