rojanpress.ir | چیرۆکێک لە ژیانی باوا عەولەییز

چیرۆکێک لە ژیانی باوا عەولەییز

باوا عەولەییز، ناسراو بە مامۆ عەولەییز یان دەروێش عەولەییز، کوڕی ئەولمحەمەدی زەریف، لە بنەچە دەگڕێنەوە بۆ گەوره دێی زلان و بنەماڵەی گەورەی غەفوور، بەڵام دانیشتووی دێی سێ تەپان، ئەم ئاواییە لە عەشیرەتی کزێیی، سەر بە هۆزی قۆچاڵی باوەجانین، باوا عەولەییز بە شارەزایی لە دروستکردنی خانوو و بە ڕەوشتی مرۆڤانەی خۆی ناسرابوو. خاڵۆوانی خەڵکی گوندی چەمەنزار بوون و هۆساکانی چەمەنزاریش بە شارەزایی لە خانووسازی ناوبانگ و ناسراو بوون. بەم شێوەیە، خانووسازی لە دەستی ئەودا، لە پیشەیەک زیاتر، هونەرێکی میراتی بنەماڵەیی بوو.
کاتێک شەڕی جوانڕۆییەکان لەگەڵ دەوڵەتی حەمەڕەزا شا، بە سەرکردایەتی حسەین بەگ، ڕووی دا، باوا عەولەییز لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چەکدارەوە لە سێ تەپانەوە بەرەو یارمەتی خەڵکی جوانڕۆ چووبوون. ئەم هەڵوێستە، وێنەی ئەو ڕەوشتە بوو کە لە کاتی خەبات و تەنگانەدا، مرۆڤ خۆی بەرامبەر بە ئازاری هاونیشتمانی و هاوڵاتییەکانی بەرپرسیار دەزانێت و خۆنەویستانە و بەبێ چاوەڕوانی پاداشت، ئامادەیە بۆ پاراستنی ئاو و خاک و نیشتمانی.
بەڵام تاقیکردنەوەی دڵی باوا عەولەییز لە مەیدانی خەبات و شەڕدا کۆتایی نەهاتبوو؛ ژیان ئازارێکی قووڵتریشی تاقی کردبووەوە، لەدەستدانی دوو کوڕ لە منداڵەکانی.
پەتا و نەخۆشی سوورکە لە بەهارێکدا دوو کوڕ لە منداڵەکانی لێ سەندبوو و خەمەکەی باڵی بەسەر گونددا کێشابوو. پاییز هات و گۆرانیبێژەکان گەیشتنە گوند، بەڵام خەڵک بە ڕێزگرتن لە ماتەمی باوا عەولەیز، دەستیان لە گۆرانی و هەڵپەڕکێ هەڵگرتبوو.
باوا عەولەیز کە ئەو بێدەنگییەی بینی، خۆی پێشەنگی کرد؛ پارەی بە گۆرانیبێژەکان دا و داوای کرد گۆرانی بڵێن. پاشان خۆی هەستا و چووە سەرچۆپی.
باوا خەلیفە عەلی، پیاوێکی بەتەمەن و ناوبانگی گوند، لێی پرسی: چۆن لەگەڵ ئەو هەموو خەمەدا دەتوانێت هەڵپەڕکێ بکەیت؟
باوا عەولەیز وڵامی دایەوە:
ڕاستە، بەڵام ئەم گەنج و لاوانەی ئاوایی ئێستا ئەوانن جێگای هیوا و یارمەتی‌دەری گوند و خەڵکن، منداڵە کۆچکردووەکانم تازە کۆچی دواییان کردووە و چوونەتە ژێر پەنا و ڕەحمەتی خوای گەورە؛ بەڵام با ئەم گەنجانە ئێستا دڵخۆش بن، شایی بکەن، پێبکەن و ژیان بەردەوام بێت.
لەو وڵامەدا، خەمێکی قووڵ و دڵێکی گەورە لە یەک کاتدا دەبینرێن. باوا عەولەییز جەرگ سووتاویی و ماتەمی خۆی لەبیر نەکردبوو؛ بەڵام نەیویستبوو خەمەکەی شادی خەڵکی دیکە بکوژێنێتەوە. ئەو دەیزانی کە ژیان، تەنانەت لە نێو ئازار و لەدەستدانیشدا، پێویستی بە گۆرانی و هیوایە.
لەو ڕۆژەدا، سەرچۆپی باوا عەولەییز زیاتر لە هەڵپەڕکێیەک بوو؛ بوو بە وێنەیەک لە ڕەوشتی کوردانە، دڵێکی خەمبار کە هێشتا دەتوانێت شادی ببەخشێت، و مرۆڤێک کە بە کردار نیشانی دا ژیان بەردەوامە، تەنانەت کاتێک دڵ زۆر بریندارە.
ئەم چیرۆکە لەسەر بنەمای ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ژیانی باوا عەولەییز ئەولمحەمەدی زەریف، ناسراو بە عەبدولعەزیز مورادپور، نووسراوەتەوە.  لە ۵ی بەفرانباری ساڵی ١٣٠۵ی کۆچی هەتاوی لەدایک بووە و لە ٢٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧١ی کۆچی هەتاوی، کۆچی دوایی کردووە. مەزارەگەی ئیستا لە گۆڕستانی حاجی ئیبراهیم، لە شاری جوانڕۆیە.
3 آبان 1405, 12:07
بازگشت