پوختەی وتاری «سەلام ئیسماعیل سورخ» لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کۆتەڵەی (تندیس) دوکتور خوسرەو خوسرەوی کوردستانی لە «خێرەزنە»ی سنە
سپاس و پێزانین بۆ شاری سنە. خۆمان بە بەختەوەر دەزانین لە ڕۆژێکی پیرۆز لە «خێرەزنە»ی سنە هەڵکەوتوو لە داوێنی شاخی ئابیدەر کۆ بووینەتەوە، بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی گەورەی ئەو شارە «دوکتور خوسرەوی» کە عومرێک بەپێ تەمەن لەپێناو زانایی و خاک و نیشتمان بەدیهێنەری عەشق و خزمەت و خۆشەویستی بووە. دوکتور خوسرەوی زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا بە ناوی دوکتور هەڵبسەنگێندرێ و مەزەندە بکرێ. ئەو مرۆڤە واتە ئینسانێکی ڕاستەقینە کە خۆشی دەبەخشێتەوە و خۆشەویستی دابەش دەکا.دوکتور خوسرەوی هەر ناوی بیۆگرافێک نییە؛ بەڵکوو چیرۆک و داستانی عەشق و بەسەرهاتی گەلی کوردە. دەتوانین بڵێین سیمبولی ئازار، عەشق، حەول و دەولە بۆ ئازادی و ئاوەدانی کوردستان. هێمای ئاواتەکانی گەلی کورد بۆ ژیانێکی باشتر و وڵاتێکی ئارامتر و یەکریزی کۆمەڵگای کوردستان. زۆر جێگای ڕێز و شانازییە لە جێگای پیرۆزی «خێرەزنە» یاکوو خدری زیندە کە وە شوێن ئاوی حەیاتدا گەڕاوە، کۆ بووینەتەوە. ئەو مهکانە لە دوور زەمانەوە لە لای خەڵکی سنە و دەوروبەر پیرۆز و جێگای ڕێز بووە. خەڵک نیازیان لێی گرتووە و بۆ وەدیهاتنی ئاواتەکانیان لێرە دەست بە دوعا بوون و چل دانەوەیان گرتۆتەوە.
لە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان ئەو قەدەمگایانە هەیە کە باوەڕ وایە قەدەمگای حەزرەتی خزری زیندوو بووە؛ وەکوو کێوی «پیرخزری شاهۆ» لە هەورامان بە 3360 میتر بەرزایی و... کە جێی ڕێزی خەڵکە. ئەو باوەڕ و تێڕوانینە لە بەستێنی زەمان بۆتە «ئوستوورە» وەکوو ئایین لە باوەڕی خەڵکی کورد ڕیشەی داکوتاوە.
ئوستوورەکان وەکوو زمان پێناسەی نەتەوەیین، کە مرۆڤ دەتوانێ دەستکەوتگەلێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێدا بخۆلقێنێت. وڵاتی یۆنان چاو لێ کەن مێژووی ئەدەبیات و وێژەیان سەیر تێکەڵاوە بە ئوستوورەکان، کە بەهۆی ودم و هەناسەی قەڵەم بەردەنگ و موخاتەبێکی زۆریان لە جیهاندا بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە؛ کە بۆتە شوناس و بنەما فەرهەنگییەکان. و ئوستوورەکان گرینگییەکی زۆری بۆیان هەیە، کە نووسەرانی پێش لە زایین وەک «هومێر» تاکوو ئەوڕۆ وەک پێناسەیەکی نەتەوەیی حیسابی بۆ کراوە.
چاو لە شاکاری وێژەی هاوچەرخی تورکییە بکەن، کە بە قەڵەمی گەورە نووسەری کوردی جیهانی «یاشار کەماڵ» هاتۆتە دونیای وێژەی ڕۆمان، ئەویش «ئینچە مەمەد» یاکوو «حەمەدۆک» کە بەختەوەرانە بە زۆر زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوەتەوە. بە کوردی و فارسی لە بازاڕدا دەست دەکەوێ. کاتێک دوژمنانی «حەمەدۆک» دڕندانە لە هیچ فڕوفێڵ بۆ لە داوخستنی حەمەدۆک و کوشتن و قەڵاچۆکردنی خەڵکی ناوچە دەست ناپارێزن، کە کۆمەڵی مرۆڤایەتی شەرم لە بوونی ئەو دڕندانە دەکا، بەڵام حەمەدۆک هەر لەداو ناکەوێ و بۆیان ناکوژرێ، بوێرانە دەست دەکاتەوە و فێڵەکانییان پووچەڵ دەکاتەوە و لە بۆسەیان خۆ ڕزگار دەکا. دوژمنانی «حەمەدۆک» نیشتمان فرۆشەکان و دەست و پێوەندی فاشیستەکانی تورک و ژاندارمەکانی ئاتاتورک واق دەمێنن کە دەبێ چ هۆیەک هەبێ! و چ سڕڕێک بێ کە ئەوان نایزانن کە بۆچی ناکوژرێ! هەتاکوو ئەو وڵامە خۆیان بە خۆیانی دەدەنەوە: کە «خزری زیندە» و چل سوارەی غەیبی ئاگای لە حەمەدۆکە و نەتەوەی کورد، کە دەیانپارێزێ. ئەو ڕەهەندە مێژووییە و ئوستوورەییە بە سەر دوژمنەکانیشمان دا یەکانگیر بووە کە خزری زیندە ئاگای لێمانە! ئەوە ڕازی مانەوەیە، ڕازی تێگەیشتن لە نهێنییەکانی کوردەوارییە. ئوستوورە ئوتۆپیای ئاواتەکانە کە ئێستاش لە داوێنی کێوی ئابیدەر لە هەناسەدایە و لە نێو میشک و بیرەوەریی خەڵکدا کارتێکەری هەیە.
خێرەزنە لە دڵی کێوێکی مەزن واتە «ئابیدەر» هەڵکەوتووە کە لە چەند ڕەهەندەوە جێگای تێڕامانە. کێوێک کە سەر لە ئاسمانگ دەسوێ و لە مێژووی شارستانییەتی شاری سنە نەخشی بەرچاوی هەبووە. ژیان و حاوانەوەیی ئەو شارە بە ئابیدەر گرێ دراوە. بە سەدان کارێز و کانی کە سەرچاوەی ژیان و ژیوار بوون، لەو شاخە مەزنە سەرچاوەی گرتووە و دەیان ئاشی ئاو لە دۆڵی «کانی ماماتکە» لە نێوان ئابیدەری چکۆلە و گەورە لە کاردا بووە، کە زمهەڕی ئەو شارەیان یەکانگیر کردووە کە بۆتە هۆگری و شانازی خەڵکی سنە بەو کێوە و مەکۆی شاخەوانانە. ئەو کێوە مێژووی گەردوولوولی ڕۆژگارێکی کەونارایە کە هەر لەو شاخە مەزنە بەشێک لە گاتاکان (سرودە ئایینییەکانی) زرتشت بۆی بە خەڵات هاتووە. و لە ئاوێستادا بە «ئابدەڕە» نێودێر کراوە. ئەو تایبەتمەندییە بۆتە بنیاتنانی پێوەندی زۆرتری جەماوەری سنە لەگەڵ خێرەزنە و ئابیدەر. بەڵام لە دەوری زەمان و مێژووشدا ئابیدەر گرینگایەتی خۆی هەیە. لە چوارچێوەیەکی زەمانی دا بۆ هەوەڵین جار لە داوێنی کێوی ئابیدەر واتە «قەڵای حەسەن ئاوا» خان ئەحمەدخان 250 ساڵ لەوەبەر، هەوای سەربەخۆیی کەوتە سەر و قەڵای حەستەمی بیری پێ گۆڕی و نوکەری کردنی قزڵباشەکانی پێ سەرشۆڕی بوو. تاجی شاهی لەسەر نا و بوو بە پادشای کوردستان و بۆ ماوەی 4 ساڵ سنە و کرماشان و شارەزوور هەتا مووسڵ و کەرکووک و بەغدای لەژێر رکێفی خۆی نا و ڕەوتی نەتەوەخوازی لە قۆناخێکی مێژوویی دا دەگوورێ و شکڵ دەگرێ. ئەو سێ کوچکەی «ئوستوورەی خێرەزنە» و ئابیدەری مەزن کە جێگای لە ئاوێستادا کردۆتەوە و ڕۆڵەیەکی کورد وەکوو «خان ئەحمەدخان» کە دەبێتە پێشەنگی بیری نوێ نەتەوەیی لە قەڵای «حەسەن ئاوا» ئوستوورە و مێژوو تێکەڵ بە یەک دەکا و شکۆیەکی تایبەت بەم شاخە مەزنە دەبەخشێ. ئەوانە شایەتگەلێکن بۆ شکۆی کۆبوونەوەی جەماوەری لە «خێرەزنە» و تێفکرێن و توێژینەوە لە ڕابردوودا، هەتا ئەزموونەکانمان بەڵگەدار بکرێت و بە ڕێگای زانست و زانیارییەوە بتوانین کەلێنێک لە دونیای ئەوڕۆکەدا بۆ خۆمان مسۆگەر کەین. دوکتور خوسرەوی ڕۆڵەی دونیای خۆیەتی کە بە زانیاری و عیلم و زانین گۆش کراوە و لە گەورە ماڵێکی خەمخۆر بە ڕۆحی نەتەوە گەورە دەبێ کە لەوێدا ئەدەب، زانین و بەخشەندەگی دەریایەکی بێ کۆتا بووە.بۆ مانەوەی کەسێک لە ڕۆحی کۆمەڵگا دوو تایبەتمەندی پێویستە. هەوەڵ: کە سۆز و ڕووحێکی گەورەی بە خاک و نیشتمانەکەی هەبێت و هەر ئەو سۆزە بەرپرسیارییەتی و تێگەیشتن لە کۆمەڵگای خۆی دێنێتە ئاراوە. دووهەم: کە بیر و هەڵسووکەوتێکی ئینسانی هەبێت. دوکتور خوسرەوی سیمبولی ئازار، عەشق، حەول و دەولی مرۆڤی کوردە. بۆ یەکڕیزی و ئاوەدانی و عەشق و بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئینسانی. هەوراز و نشێوەکانی ژیان لەگەڵ نەتەوەکەی بەپێ تەمەن تێپەڕ کردووە؛ و پێناسەیەکی نەتەوەییە. هەستی مرۆڤایەتی، خاکی بوون و شاخەوانی وەک مرۆڤێکی لێبوردە و بەخشەندە و ڕووح سووک پشت بەستن بە توانایی تەمەن مرۆڤێکی خۆشەویستیی لێ بەدی هێناوە کە لە دونیای تواناکانی خۆی زۆر هەڵسووڕاوە.
لە بیرەوەریی دێهاتەکانی ناوچەی سنە (کەڵاتەرزان، ژاوەڕۆ) ناوی دوکتور خوسرەوی بە گەورەیی یاد دەکرێتەوە. دوای تەواوبوونی خوێندنی پزیشکی لە ساڵی 1345 هەتاوی بۆ درێژەپێدانی خوێندنی پزیشکی باڵا ڕوو دەکاتە وڵاتی ئەمریکا و درێژە بە خوێندنی پزیشکی دەدا. سەرمایە و ڕاحەتی وڵاتی ئەمریکا بۆ ساتێکیش ئەوەی ختۆکە نەداوە و چاوی بە شەوارە نەخستووە.
دوای تەواوبوونی لە ساڵی 1351 هەتاوی گەڕاوەتەوە کوردستان و وەک دوکتورێکی بە مشوور و پرنسیب لە شار و ئاواییەکانی سنە وەک نگڵ و ژاوەڕۆ لە خزمەت خەڵکی فەقیر و بێدەرەتاندا بووە. چێکردنی خوێندنگەی کشتوکاڵ (دانشسرای کشاورزی) لە ئاوایی «کەڕەونان» و دروست کردنی ناوەندی پزیشکی فریاکەوتن (بهداری) لە کارە بەرچاوەکانی دوکتورە؛ کە بە سەرمایەی دوکتور چێ کراوە. قەت لە کۆمەڵگای خۆی نەتۆراوە.
ڕازی مانەوەی دوکتور ئەوەیە کە لەگەڵ نەتەوەکەی ژیاوە. ئەوە ڕازی خۆشەویستی و داستانی خاک و نیشتمانە! جێی شانازییە بۆ خەڵکی سنە بۆ ڕێزگرتن و تێگەیشتن لە یەکتر و ڕێز لە دوکتور خوسرەوی. بەتایبەت بە بۆنەی چێکردنی کۆتەڵەی (تندیس) دوکتور خوسرەوی کە بە دەست و پەنجەی کاک هادی زیائەددینی چێ کراوە و لە جێگەی پیرۆز وەک خێرەزنە هەڵبەستراوە؛ ئێرە بۆتە پێشانگایەک بۆ بەسەرکردنەوەی گەورە ناودارانی ئەو شارە. هونەر و ئەدەبیات و وێژە پێناسەی نەتەوەییە. ڕۆڵەی مێژووی هاوچەرخە.
هەر لە خێرەزنە کۆتەڵەی (تندیس) کۆچکردوو «مامۆستا مەحیەددین حەقشناس» وێژوان و شاعیر لە ساڵەکانی پێشوو بە دەستی کاک هادی زیائەددینی دانراوە و تیشکی پڕ لە ڕازی کتێبەکەی (شارەکەم سنە) بوو بەهۆی بووژانەوەی زاراوەی ڕەسەنی زمانی سنەیی. کە بوو بە مارتین لوترکینگی دەورانی خۆی، دەنا خودا عالمە زمانی شیرینی سنەیی بەو ئاقارەدا دەچوو کە نەیارانی زمانی شیرینی کوردی کرماشانییان بەو ئاقارەدا برد. هێندێک ساویلکەش کەوتنە ئاویلکە کە ڕاستی ڕاستی فارسی کرماشانییە! ئەوەیە ڕازی هونەر کە تیشکی لە زەبری وەکوو کۆلکەزێڕینە بەری ئاسمانی تەمگرتوو و ڕووناک دەکاتەوە.
لە گەردەلوولی زەمان دوکتور کە لە داوێنی شاخەکانی ئابیدەر و شاهۆ و عەواڵان گۆش کراوە. ئەوکات لە ساڵەکانی 1340ی هەتاوی لە زانکۆی پزیشکی تارانە، دیتنی هێلانەی سیمورغ و ئاڕەش کەمانگیر واتە دوندی دەماوەند هەستی دەهاروژێنێ کە بچێتە سەر ئەو کێوە پڕ لە ڕەمز و ڕازە، بۆ ئەوەی دەرس و وانەی فیداکاری لە ئاڕەش کەمانگیر فێر بێ، و وەک مرۆڤێکی نەتەوەیی هەستیار بە خەم و ئازاری نەتەوەکەی بێت.
(آری، آری جان خود در تیر کرد آرش/ کار صد هزاران تیغە شمشیر کرد آرش). وەک شاخەوانێکی بەئەزموون کێوی دەماوەند بۆی دەبێتە پێگەی ڕازەکان. وەکوو پێشڕەوانی شاخەوانی کورد بووە لە ساڵەکانی 1341 هەتاوی چۆتە سەر دوندی دەماوەند.
دوکتور بە هەموو هەست و هەناسەی خۆی لە دونیای چاو و ڕاو و سنگ ڕەپیشخستن و خۆویستی دزیوە و ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ نەتەوەکەی کۆتایی نەکردووە.
دوایین وتەم لەسەر خێرەزنەیە، کە لەگەڵ هەست و هەناسەی خەڵکی سنە تێکەڵاوە و لە دوورزەمانەوە مێژووی پیرۆزی ئەو شارە بووە، بەڵام ئەگەر وەبیرتان بێت، هەتاکوو سی ساڵ لەمەوبەر ئێرە کاولەمەکان و وێرانەیەک بوو، کە نەیاران خۆیان لێ مەڵاس دابوو و ئێرەش هەڵلوشن. وەک چۆن دەستی ناپاکییان گەیوەتە بورە و بەیار و جەنگەڵ و دارستانەکان، تەنانەت پارکە گشتییەکان، بۆ خۆیان پاوان دەکەن و تاپۆی بۆ وەردەگرن.
هەست و هەناسەی عاتیفەی بەشێک لەو خەڵکە دەکەوێتە گەڕ، بەتایبەت کۆچکردوو ئەندازیار ئەدەب و ئەندازیار ئیرەج زندەدڵ و خێرخوازان و پوڵ و دراوی خەڵکی دڵاوای شاری سنە. ئێرە کەوتە هەناسە، ئاوەدان بووەوە. بوو بە بەهەشتی خودا.
با چاوی دیتنی یەکترمان هەبێت، بۆ ئەو کەسانەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەتاکوو ئەوڕۆکە بێوچان بۆ ئاوەدانی ئێرە هەڵزووڕان و ماندوونەناسانە بۆ ئاوەدانی ئێرە لە هەوڵدا بوون بە تایبەت کاک ئیرەج زندەدڵ. بە قەوڵی شێخی سەعدی (ابروگشادە باش/ چون دستت گشادە نیست).
لە کۆتایی وتەکانم، هەرچەند کەسایەتیی و خێرخوازی و زاناپەروەری دوکتور خوسرەوی بە هیچ زمانێک ناگوترێ، بەڵام وەک پێزانین کە دوکتور بە شنەی کوێستان مەست دەبوو و بە ئاوی ڕندووە بەفرەکان نە با تاسەی نەدەشکا. وەک ئەمەگناسی کە لە ساڵی 1345 هەتاوی لە ئاوایی نگڵ و میانە مناڵانی ناوچەی لە سوورێژە ڕزگار کردووە، دەچمەوە سەر کێوی (کوڕەی میانە) بۆ سەربەرزیتان سڵاو دەنێرم. هیوام وایە قەت هەناسەتان سوار نەبێ و سێبەری ژیانتان لەسەر نەتەوەکەتان بەتایبەت هاوشارییانی سنە بەردەوام. ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لەسەر دوکتور خوسرەوی کوردستانی پێ نییە، بەڵام وتووێژێک بوو لەگەڵ خاک و ئاو.
ئێوە سڵامەت، کوردستان ئاوەدان.
نووسەر: سەلام ئیسماعیل سورخ
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان



