ڕۆژێ هەینی ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردیی لە گەشتێکی زانستیی مێژووییدا که له لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگیی ئاڵای سنەوە پێک هاتبوو سەردانی ئەشکەوتی کەرەفتوومان کرد.لە سەردانەکەدا بەڕێز دوکتور نەجمەدین جەباری مامۆستای زانستگای کوردستان لە چەند پاژدا وتارێکی تێروتەسەلی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
بەڕێزیان وێڕای باس و شرۆڤەی ئاینی میهریی واتە میتراییسم، تیشکی خستە سەر لایەنە شاراوەکانی مێژووی ئەم ئەشکەوتە و بە نیشانە بەرچاوەکان کە دەستکەندی مرۆڤە و لە زۆر جێگای ئەشکەوتەکەدا ماوەتەوە وتی ئەم ئەشکەوتە ڕەنگە گەورەترین مێهرکەدە بووبێ لە جیهانا و شوێنی گەورە موغێکی میتراییەکان بووبێ.
هەروا ئاماژەشیان بەوە کرد کە مێژووی میترایی و هەموو نیشانەکانی ئەم ئەشکەوتە ئەوەمان پێ ئەڵێن کە ئێرە قوربانگا بووە و قوربانیی تیا کراوە و ئەو ئاژەڵە وا تێیدا سەر بڕدراوە جوانەگا بووە کە دوای سەربڕینی وەک ئەڵێن بۆ تەشەڕڕوف لەپی دەستیان لە خوێنەکەی داوە و بە ڕوخساری خۆیاندا هێناوە.
زۆر باسی تریش وەک ئەوەی کاتی خۆی بوومەلەرزە دەرگانەی ئەشکەوتەکەی داڕماندووە و ئەفسانەی سێ کچ و کوڕە خەیات لە ماوەی سەردانەکە لە هەر چوار نهۆمی ئەشکەوتەکە هاتە گۆڕێ.
بڕیار وایە ئەم وتارە کە سەرلەبەری فیلمی لێ هەڵگیراوە بە ژێرنووسی ئینگلیسییەوە کە لە لایەن کچی د.جەبارییەوە ئەنووسرێتەوە وەک فیلمێکی دیکۆمێنتاری لە ڕایەڵکە جیهانییەکانەوە بڵاو بکرێتەوە، دیارە ئەم حەولە بۆ بە جیهان ناساندنی ئەم شوێنە کە ئاکنجیگا بووە بەڵگەیەکی زۆر بایەخدار و گرانبەها و گرینگە بۆ نەتەوەی کورد کە زۆر ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەشکەوتی کەرەفتوو کە قەڵای کەرەفتوویشی پێ ئەڵێن لە نێوان شارەکانی سەقز و دیواندەرە هەڵکەوتووە.
لە گەڵ سەقز ٧٤ کیلۆمەتر و لە دیواندەرەوە ٦٧ کیلۆمەتر مەودایەتی.
دوانیوەڕۆ دوای ئەو کۆنیشتە لەو ئەشکەوتە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاڵای سنە کە بە ئوتووبووسێک هاتبوون گەڕانەوە و دەستەی ئێمەش کە لە سەقزەوە چبووین بە ماشێنی خۆکەسیی گەڕاینەوە و ڕۆژێکی ترمان لە تەمەن بردە سەر کە پڕ بوو لە بیرەوەریی خۆش و پڕ لە ئاگاداربوونەوە .
وێڕای سپاس لە ئەنجومەنی ئاڵای خۆشەویست بە سەرۆکایەتی مامۆستا حامید حیسامی و دوکتور نەجمەدین جەباری کە بە شێوەیەکی زانستیانە و بە پشوودرێژییەکی بێ وێنە وتاری پێشکەش کرد و هەموو ئەندامانی بەڕێزی ئەنجومەن کە لەم گەشتەدا ئامادەبوون،
هیوادارم بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی خۆناسینمان لەم بەرنامانە زۆرتر بەڕێوە بچێ، دیارە ئەرکێکی گرینگە و زەحمەتێکی زۆریشی هەیە. ههژان بابامیری
هەژان بابامیری

