پێشەکی: کوردستان خاکێکە کە سروشت و مێژوو لە زۆر شوێنێکدا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە یەک تێکەڵ بوون. لە ناو شاخەکانی زاگرۆس و لە نزیکی دیواندەرە، ئەشکەوتی مێژوویی کەرەفتوو هەڵکەوتووە؛ شوێنێک کە بەشێکی لە کاری سروشت و بەشێکی دیکەی لە ئەنجامی هەوڵ و توانای مرۆڤ لە سەردەمە جیاوازەکاندا دروست بووە.کەرەفتوو تەنها ئەشکەوتێکی سروشتی نییە؛ بەڵکو نموونەیەکی دەگمەنە لە پەیوەندی مرۆڤ و سروشت، کە مرۆڤ لە دڵی بەرد و شاخدا ژوور، ڕێڕەو و پەنجەرە و شوێنی ژیاند دروست کردووە.
سەرەتاکانی مێژووی کەرەفتوو
ئەشکەوتی کەرەفتوو لە بنەڕەتدا پێکهاتەیەکی سروشتییە کە بە درێژایی ملیۆنان ساڵ بەهۆی کاریگەری ئاو و پرۆسەکانی سروشتی پەرەی سەندووە.
لە دواتردا مرۆڤ هاتە ناو ئەم شوێنە و بە پێی پێویستی خۆی دەستی بە گۆڕانکاری تێدا کرد. ئەم بەکارهێنانە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بە شێوەی جیاواز بەردەوام بووە و هەر قۆناغێک نیشانەی خۆی لە کەرەفتوو بەجێ هێشتووە. بەم شێوەیە، کەرەفتوو بووەتە شوێنێک کە مێژووی سروشت و مێژووی مرۆڤ لە یەکدا کۆدەبنەوە.
شوێنی جوگرافیایی کەرەفتوو لە ناوچەی کۆێستانی زاگرۆس، بەرزی و قورسایی دەستگەیشتن بۆی، لە ڕابردوودا تایبەتمەندییەکی گرنگی پاراستنی هەبووە.
ئەم تایبەتمەندییە سروشتییەکان دەکران ئەشکەوتەکە بکەنە شوێنی گونجاو بۆ پەنابردن و نیشتەجێبوون. بەڵگەکانی ناو ئەشکەوته نیشانی دەدەن کە مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ لەم شوێنە سوودی وەرگرتووە.
یەکێک لە گرنگترین بەڵگە مێژووییەکانی کەرەفتوو، کتیبەیەکی بە زمانی یۆنانییە کە لە ناو ئەشکەوتەکەدا هەڵکەوتووە.
لە ناو ئەم کتیبەیەدا ناوی هێراکڵس هاتووە؛ ئەمەش کەرەفتوو دەکاتە شوێنێکی گرنگ بۆ توێژینەوە لە پەیوەندییە کولتوورییەکانی ناوچەکە لەگەڵ جیهانی یۆنانی.
بوونی کهتیبەی یۆنانی نیشانەی ئەوەیە کە کەرەفتوو لە قۆناغێکی مێژووییدا لە ژێر کاریگەریی کولتووری یۆنانی بووە و ناوچەکە پەیوەندییەکی فراوانتری لەگەڵ جیهانی دەوروبەر هەبووە.
معماریی دەستکرد؛ شارێک لە دڵی شاخ
یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین تایبەتمەندییەکانی کەرەفتوو، مێعماریی دەستکردی ناوەوەیەتی.
مرۆڤ بەشێکی زۆر لە بەردەکانی ناو ئەشکەوتهکهی تاشیوه و ژوور و ڕێڕەو و پەنجەرەی دروست کردووە. بەشێک لە ئەم ژووره بەردینییەکان لە چەند نهۆمێکدا پێک هاتوون.
ئەم مێعمارییە نیشانی دەدات کە مرۆڤ تەنها بۆ پەنابردنی کاتی لەم ئەشکەوتە سوودی وهر نهگرتووه، بەڵکو لە قۆناغێکدا هەوڵی داوە ئەشکەوتەکە بگۆڕێت بۆ شوێنێکی گونجاو بۆ ژیان.
لە کەرەفتوو، مرۆڤ لەبری ئەوەی خانوو لە تەنیشت شاخ دروست بکات، خۆی شاخی کردووەتە خانوو.
کەرەفتوو لە دوای سەردەمی یۆنانی و لە قۆناغە دواترەکانیش بە شێوەی جیاواز بەکارهاتووە.
زاگرۆس لە مێژوودا ناوچەیەکی گرنگ بووە کە شارستانییەکان و دەسەڵاتە جیاوازەکان تێیدا هاتوون و ڕۆیشتوون. شوێنێکی سروشتی وەک کەرەفتوو، بەهۆی پێکهاتەی کوێستانی و تایبەتمەندیی بهرگری له ئاست هێرشی دوژمنان، دەتوانێت لە سەردەمە جیاوازەکاندا وەک پەناگە و شوێنی نیشتەجێبوون بەکار هاتبێت. لەبەر ئەوە، مێژووی کەرەفتوو نابێت تەنها بە یەک سەردەمی سنووردار بکرێت؛ بەڵکو دەبێت وەک بەشێک لە پرۆسەیەکی درێژی مێژوویی لە ناو زاگرۆس بخوێندرێتەوە.
کەرەفتوو و مێژووی زاگرۆس
کەرەفتوو یەکێکە لەو شوێنانەی کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە و مێژوو تێبگەین.
ناوچەی زاگرۆس بە درێژایی مێژوو شوێنی ژیانی کۆمەڵە مرۆڤ و گۆڕانکارییە کولتووری و سیاسییەکان بووە. کەرەفتوو وەک بەڵگەیەکی بەردین، بەشێک لەو مێژووەی لە ناو خۆیدا پاراستووە.
ژوورەکان، ڕێڕەوەکان و کهتیبەکە هەموویان وەک پەڕەکانی کتێبێکی کۆن دەکرێن بخوێندرێنەوە.
گرنگی باستانناسی
کەرەفتوو لە ڕووی باستانناسییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لە یەک شوێندا سروشت، مێعماریی دەستکرد و بەڵگەی مێژوویی لە یەک کۆمەڵەدا کۆبوونەتەوە.
توێژینەوە لەسەر ئەم شوێنە دەتوانێت زانیاریی گرنگ لەسەر شێوازی ژیان، مێعماری، بەکارهێنانی شوێن و پەیوەندییە کولتوورییەکانی دانیشتوانی کۆنی ناوچەکە بدات.
کەرەفتوو لە سەردەمی نوێدا
لە سەردەمی نوێدا کەرەفتوو زیاتر بە ناوەندی مێژوویی، باستانناسی و گەشتیاری ناسراوە. ئەم شوێنە ئێستا سەرنجی گەشتیاران، سروشتگەڕان، شاخهوانان و توێژەران ڕادەکێشێت. ئەوەی کەرەفتوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە گەشتیار لە یەک شوێندا دەتوانێت سروشت و مێژوو و مێعماری بە یەکەوە ببینێت.
کەرەفتوو و گەشتیاریی کوردستان
کەرەفتوو دەتوانێت یەکێک لە بنەما گرنگەکانی گەشەپێدانی گەشتیاریی مێژوویی و سروشتیی کوردستان بێت. ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی و پایدار بناسێنرێت و بەڕێوەببرێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە ناساندنی مێژوو و سروشتی ناوچەکە و هەروەها گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆیی هەبێت.
پاراستنی کەرەفتوو تەنها پاراستنی بەرد و ئەشکەوت نییە؛ پاراستنی بەڵگەیەکی زیندووی مێژووییە. هەر گۆڕانکارییەکی نەگونجاو، هەر دەستکارییەکی نابەرپرسانە و هەر زیانێک بە کهتیبە و مێعماریی ئەشکەوتەکە، دەتوانێت بەشێک لە میراتی ئەم ناوچەیە لەناوببات بۆیە پێویستە گەشتیاری و پاراستن بە یەکەوە بڕۆن و کەرەفتوو بە شێوەیەکی زانستی بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێت.
کۆتایی
ئەشکەوتی کەرەفتوو دەتوانرێت بە کتێبێکی بەردینی مێژووی زاگرۆس ناوببرێت؛ کتێبێک کە پەڕەکانی لە بەرد و ژوور و ڕێڕەو و کهتیبە پێکهاتوون.
کەرەفتوو تەنها شوێنێکی سروشتی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووە لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت و مێژوو.
مرۆڤ لە سەردەمە جیاوازەکاندا لەم شوێنە ژیاوە، پەنای بۆ بردووە و بەشێکی لە شاخی بۆ پێویستییەکانی خۆی گۆڕیوە. لە کهتیبەی یۆنانییەکەوە تا مێعماریی دەستکردەکان، هەر بەشێک لە کەرەفتوو چیرۆکێکی مێژوویی لە خۆیدا هەڵگرتووە.
کەرەفتوو ئەمڕۆش وەک شاهیدێکی بێدەنگ لە دڵی شاخەکانی کوردستان وەستاوە و بە هەر بەردێک و هەر ژوورێک و هەر کهتیبەیەک، بەشێک لە چیرۆکی ڕابردووی ئەم خاکە دەگێڕێتەوە. کەرەفتوو؛ چیرۆکی بێدەنگی مرۆڤ، شاخ و مێژووە لە دڵی زاگرۆسی کوردستان.


