بەخشین تەنها لێخۆشبوون لە هەڵەی کەسێک نییە؛ بەڵکو هەڵبژاردنی دڵێکە، بۆ ئەوەی کینە و تووڕەیی نەکەینە بەشێک لە ناخمان.
هەندێک جار خۆشەویستی بە وشە ناگوترێت؛ لەوە دەردەکەوێت کە دڵمان هێشتا توانای لێخۆشبوون هەیە، هەروەها توانای ئەوەمان هەیە کە بەبێ ڕقگرتن لە کەسێک دووربینەوە.
بەخشین واتە هەڵەکەی کەسێک نەکەینە هەموو ناسنامەی ئەو کەسە، و ڕابردوو نەکەینە زنجیرێک کە خۆمان پێوە ببەستین. واتە ئازارەکە بناسین، بەڵام ڕێگە نەدەین ئازارەکەی کینە لە دڵماندا دروست بکات.
بەڵام بەخشین بە مانای لەدەستدانی ماف نییە؛ دەتوانین ببەخشین و هێشتا سنوورەکانمان بپارێزین، دەتوانین کینە نەگرین لە دڵ و لە دووبارەبوونەوەی ئازار خۆمان بپارێزین.
لە ڕوانگەی عیرفانییەوە، بەخشین ڕزگارکردنی دڵێکە لە بارێکی قورس. پەیامێکی بێدەنگە کە دەڵێت:
«من ئازارت لەبیر ناکەم، بەڵام ڕێگە نادەم ئازارەکەت ئارامیی دڵم لێ بسەنێت. من دەتبەخشم، نەک بۆ ئەوەی هەڵەکەت ڕاست بکەمەوە؛ بەڵکو بۆ ئەوەی خۆم لە کینە ڕزگار بکەم.»
بەخشین، کاتێکە کە دڵ لە نێوان یادکردنەوەی ئازار و هەڵگرتنی کینە جیاوازی دادەنێت؛ چونکە دەتوانیت هەموو شتێک لەبیر نەکەیت، بەڵام هەموو شتێک لە دڵتدا هەڵنەگریت.
مرۆڤی بەخشیندە ئەو مرۆڤەیە کە توانای بەخشینی هەڵە و کەموکورییەکانی خۆی و ئەوانی دەوروبەری هەیە، نابێت بەخشین بە مانای پشتگوێخستنی ماف و ڕێز بێت.
بەخشین واتە دڵت لە کینە و تووڕەیی پاک بکەیتەوە،لە ڕووداوەکە تێبگەیت، و هەلی دەستپێکردنەوە بدەیت.
مرۆڤی بەخشەر لاواز نییە؛ بەڵکو مرۆڤێکە کە هێزی هەست و عەقڵی خۆی بەڕێوە دەبات و ناهێڵێت ئازارەکانی ڕابردوو ژیانی داهاتووی کۆنترۆڵ بکەن.
بەخشین، لەبیرکردن نییە؛ بەڵکو ئازادکردنی خۆتە لە دەست ڕابردوو.
بەخشین واتە: لە هەبوونت بەشێک ببەخشیت بۆ ئەوەی ژیانی کەسێکی تر جوانتر، ئاسانتر یان پڕ لە هیوابکەیت و
بەخشینی ڕاستەقینە لە دڵسۆزی، میهرەبانی و هەستی بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە دەگرێت؛ و گەورەترین بەخشین هەندێک جار پارە و سامان نییە، بەڵکو کاتێکە، گوێگرتنێکە، وشەیەکی جوانە، یان دەستێکە کە لە کاتی پێویستیدا بۆ کەسێک درێژ دەکرێت و یارمەتی ئەو کەسە دەدەیت
حەقیقەتی بەخشین تەنها ئەوە نییە کە شتێک بە کەسێک بدەین؛ بەڵکوو دەبێت بەخشین لە ناخی مرۆڤەوە دەست پێدەکات.
بەخشینی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بێ چاوەڕوانی پاداشت، بێ منت و بێ بەرامبەر شتێک یان زانستک ببەخشین و هەندێک جار بەخشین پارە و شتە مادەییەکان نییە؛ کاتێکە، گوێگرتنە، وشەیەکی جوانە، یارمەتیدانە، لێخۆشبوونە و هیوابەخشینە.
مرۆڤی بەخشەر تەنها دەستی پڕ ناکات، بەڵکو دڵی کەسانی دەوروبەری خۆی پڕ لە هیوا دەکات
حەقیقەتی بەخشین ئەوەیە کە بزانین:
ئەوەی دەبەخشین لە دەستمان ناچێت؛ بەڵکو لە دڵی کەسێکی تر جێگیر دەبێت و وەکوو چرۆیەک ئەگەشێتەوە.دەبەخشین، چونکە بەخشین پێش هەموو شتێک شێوازێکە بۆ مرۆڤبوون.
دەبەخشین بۆ ئەوەی دڵی کەسێک شاد بکەین.
دەبەخشین چونکە مرۆڤ تەنها بە وەرگرتن گەورە نابێت، بە بەخشین گەورە دەبێت.
دەبەخشین بۆ یارمەتیدانی کەسێک لە کاتی پێویستیدا.
دەبەخشین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی میهرەبانتر و مرۆڤانەتر دروست بکەین.
دەبەخشین بۆ ئەوەی خۆمان لە خودپەرستی و شتە مادییەکان ڕزگار بکەین.
هەندێک جار دەبەخشین، چونکە دەزانین لە ڕۆژێکدا خۆمانیش پێویستمان بە دەستی بەخشەرێک دەبێت، بەخشین بۆ ئەوە نییە کە کەسێک تەنها شتێک وەربگرێت؛ بەخشین ئەوەیە کە مرۆڤ لە دڵی مرۆڤێکی تر شوێنێکی جوان بەجێبهێڵێت. بەخشین هونەرە، چونکە پێویستی بە دڵێکی گەورە، تێگەیشتن و لێبووردەیی هەیە.
کاتێک کەسێک دەبەخشین، تەنها ئەو کەسە ئازاد ناکەین؛ خۆمانیش لە بارگرانی کینە، تووڕەیی و ڕابردوو ئازاد دەکەین.
ئەوەی وا دەکات ئێمە ببەخشین، تەنها یەک هۆکار نییە؛ کۆمەڵێک هەست و تێگەیشتنە کە دڵمان بەرەو بەخشین دەبات:
خۆشەویستی: کاتێک کەسێکمان خۆش دەوێت، دڵمان نایەوێت هەڵەیەک بکەین و پەیوەندییەکەمان تێک بدات.
تێگەیشتن: کاتێک لە هۆکار و بارودۆخی ئەوی بەرامبەرمان تێدەگەین، ڕق و تووڕەیی کەمتر دەبێتەوە.
هەستکردن بە ئازادی: دەزانین کینە زنجیرێکە؛ بەخشین یارمەتیمان دەدات خۆمان لەو زنجیرەیە ڕزگار بکەین.
پەشیمانی و داوای لێبووردن: کاتێک کەسێک بە ڕاستی هەڵەکەی دەبینێت و داوای لێبووردن دەکات، دڵمان ئاسانتر بەرەو بەخشین دەچێت.
گەشەی دەروونی: هەرچی مرۆڤ پێگەیشتووتر بێت، زیاتر دەزانێت کە هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات.
هەڵبژاردنی ئارامی: هەندێک جار دەبەخشین، نەک بۆ ئەو کەسە، بەڵکو بۆ خۆمان؛ چونکە نامانەوێت ئازارەکانی ڕابردوو بەردەوام ژیانمان کۆنترۆڵ بکات.
بەڵام گرنگە بزانین بەخشین بە مانای لەبیرکردنەوەی ئازار، پشتگوێخستنی سنوورەکان، یان قبوڵکردنەوەی هەڵە نییە. بەخشین دەتوانێت لەگەڵ هێڵی سوور و پاراستنی خۆت هەبێت
ئێمە کاتێک دەبەخشین کە بڕیار دەدەین ڕابردوو مافی دزینی ئارامیی ئێستامانی نەبێت. هەر کاتێک مرۆڤ شتێک بە کەسێکی تر ببەخشێت، بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک یان بەرامبەرێک بێت، ئەو کردارەی پێ دەوترێت بەخشین.
ئەگەر ئەو بەخشینە بۆ ڕەزامەندی خوا و لە پێناوی چاکە بێت، ناوی خێر و کارێکی چاک وەردەگرێت. بەڵام ئەگەر شتێک لە کەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر یان لە شوێنێکەوە بنێردرێت بۆ شوێنێکی تر بۆ خۆشحاڵکردنی کەسێک، ئەوا پێی دەوترێت دیاری.
بەخشین بێ چاوەڕوانییە، خێر بۆ ڕەزامەندی خوايە، و دیاری بۆ دروستکردنی خۆشی لە دڵی کەسێکە.
بەخشندە ئەوەیە کە لە «من چی وەردەگرم؟» زیاتر بیر لە «من چی دەتوانم ببەخشم؟» دەکات. بەخشینیش لە بنەڕەتدا هونەری دڵە، نە تەنها دارایی. هونەری بەخشین بە چەند بنەمایەک پێک دێت
دڵی فراوان: مرۆڤ کاتێک دڵی لە کینە و خۆپەرستی پاک دەکات، توانای بەخشین لە ناوخۆیدا گەشە دەکات.
تێگەیشتن لە پێویستییەکانی کەسانی تر: بەخشین تەنها دانانی شتێک نییە، بەڵکو زانینی ئەوەی کەی، چی و چۆن ببەخشینە.
بێ چاوەڕوانی پاداشت: بەخشینی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ چاوەڕوانی سوپاس و قەرەبوو نەکات.
هەستی هاوبەشی و میهرەبانی: کاتێک مرۆڤ خۆی لە شوێنی کەسێکی تر دادەنێت، بەخشین بۆی دەبێتە پێویستییەکی مرۆیی.
ڕاهێنان: وەک هەر هونەرێک، بەخشینیش بە کردار و دووبارەکردنەوە بەهێز دەبێت.
لە ڕوانگەی عیرفانییەوە، بەخشین لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ دەزانێت ئەوەی هەیە تەنها بۆ خۆی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بەهرە و ئەرکی ئەو بۆ خەڵکی تر.
هونەری بەخشین لە دەست پێ ناکات، لە دڵێک دەست پێدەکات کە فێری خۆبەخشین بووە.
کاک ڕازی دەروێش شیعرێکی زۆر جوانی هەیە بە ناوی «بەخشندە»، کە لە ڕوانگەی عیرفان، مەعنەویت و مرۆڤایەتییەوە باس لە بنەمای بەخشین دەکات. لەو شیعرەدا بەخشین تەنها دانانی شتێک بە دەستی کەسێکی تر نییە، بەڵکوو ڕەفتارێکی ناوخۆیی و نیشانەی بەرزی ڕۆحی مرۆڤە؛ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە خۆپەرستی دووربکەوێتەوە و خۆی ببەخشێت بۆ خزمەت، خۆشەویستی و یارمەتیدانی ئەوانی تر.
منیش بە پێی تێگەیشتن و ئاگایی خۆم هەوڵم داوە ئەم شیعرە لە دیدێکی عیرفانی و مرۆڤایەتییەوە تەفسیر و شیکاربکەم، بە شێوەیەک کە مانا ناوخۆیی و پەیامی گەورەی بەخشین ڕوونتر بکرێتەوە.
بەخشندە بە: دەستپێکردن بە بەخشین وەک پەیکەرێکە بۆ مرۆڤ؛ چونکە لە بنچینەدا مرۆڤ بانگهێشت دەکرێت بۆ ئەوەی بەخشندە بێت، نەک تەنها وەرگر. بەخشین لەم شیعرەدا تەنها دارایی نییە؛ دەتوانێت کات، زانست،ئاگایی خۆشەویستی، یارمەتی و خزمەت بێت.
«چاک ئەزانم لێرە ژیان هەر دەم ڕیتێمێکە»
شاعیر ژیان بە ڕیتێم یان ئاوازێکی بەردەوام پێناسەدەکات واتە ژیان وەستانی نییە؛ بەردەوام لە جوڵان و گۆراندایە هیچ شتێک لە ژیاندا لە سەر یەک حال نامێنیت هەر بەردەوام دەڕوات وەک ئاوی دەریاکان، ئەتوانم بڵێم کە شاعیر مەبەستی ئەوەیە دەستپێکە بێت بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنەوە لەخۆی پرسیار نەکات کە ژیان چۆنە، بەڵکوو ئەوەی کە لە ژیان ئەزموونی کردووە بیخاته ڕوو، و وشەی (لێرە) منی سەرسامی کرد چونکە دڵنیام شاعیر تەنها باس لە ژیان ناکات بە گشتی ، بەڵکوو باس لەو مەکان و باردۆخه دەکات کە ئێمە لەناویا دژین ژیانێک کە پڕە لە گۆڕان، پێشبرکێ ، شکست ، سەرکەوتن، هەواز و نێشو، و ئاماژەیەکە بە کاتیبوونی هەموو شتەکان و ژیان وەستان نییە هەردەم دەگۆڕێت.
کامێ دەستی لەسەر دادەنێیت خۆی ئاوی تۆواوەی چەمێکە
هەر کەسێک دەستی لەسەر دادەنێیت، لە ڕاستیدا لەگەڵ ژیانێکی بەردەوام و سەرچاوەیەکی پڕ لە هەست و توانادا پەیوەندی دەگریت و لە پشت ئەو ڕووکەشەی ژیانەوە سەیمایەک و جوولەیەک هەیە وەک ئاوی چەم کە ناتوانیت هەمان ئاو بێت هەردەم لەڕۆشتندایە ئەمە وێنەیەکی جوانە بۆ ئەوەی بڵێت: هیچ شتێک لە ژیان جێگیر نییە، و دەستی لەسەر دادەنێیت لە ڕووی مەعنەوییەوە ئەتوانم بیلێم بۆ نزیکبوونە، پشتگیری کردن یارمەتیدانە. لە ڕووی دونیای شیعریشەوە، «ئاو» و «چەم» دوو هێمای گرنگن بۆ ژیان و بەردەوامی، شاعیر بەکاری هێناوە بۆ ژیان و بەردەوامبوون بە وێنەیەکی زیندوو و جوڵاو.
وەک چیا دەرئەکەوێ، وەک پێشەنگ سەر ئەکەوێ کەچی خۆی لە نێو سنوور و پەرچەمێکە
وەک چیا دەرئەکەوێ: چیا نیشانەی بەرزی، بەهێزی، جێگیری و شکۆیە. واتە مرۆڤ لە دەرەوەی خۆی، وەک شتێکی گەورە و بەهێز دەرئەخات لەناخەوە وا نیە
«وەک پێشەنگ سەر ئەکەوێ»: پێشەنگ ئەو کەسەیە کە لە پێشەوە دەڕوات و ڕێگا بۆ خەڵکی تر دەکاتەوە. لێرەدا ئاماژەیە بە بوونی مرۆڤێکی متمانەپێکراو و ڕێبەر دەکات
«کەچی خۆی لە نێو سنوور و پەرچەمێکە»: لەم دێرە پەراوێزەکە دەگۆڕێت. ئەو کەسەی لە دەرەوەدا وەک چیا و پێشەنگ دەبینرێت، لە ناخەوە خۆی لە سنوورێکدا بەند کردووە.
«پەرچەم» لێرەدا دەتوانێت وەک نیشانەی ناسنامە، سنوور، پابەندی، یان شتێک بێت کە کەسەکە خۆی پێوە بەستووە. بەو مانایە کەنابێت پیرۆزی و گەورەیی مرۆڤ وای لێ بکات کە کۆتایی خۆی لەبیر کات. بەڵام شکۆ و دەسەڵاتی دەرەوە هەمیشە نیشانەی ئازادیی ناوەوە نییە
لێرە گەورە و بچووک عەقڵ تا چۆک هەمووی لەسەدای زێیل و بەمێکە
لێرە جیاوازییەکانی نێوان گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، زانا و نەزان کەم دەکاتەوە. هەمووان لە کۆتاییدا بەشێکن لەو ژیانەی کە دەنگی تێپەڕبوون و کاتیبوونی لێدەهێت.
شاعیر لەم دێرەدا ڕەخنەیەکی کۆمەڵاتیی لەهەموو مرۆڤەکان گرتووە بەشێوازێک کە لەدەنگ و ڕەنگ و قسە و هەڵسووکەوتی دەوروبەر کاریگەری وێردەگرن و لەو بارودۆخەدا هیچ کەسێک لە کاریگەریی ئەو شڵەژانە بەدەر نییە؛ هەموومان، خاوەنی هەر پلە و پایەیەک بین، بەشێکین لە هەمان ئاڵۆزی ناو ئەم سروشتە.
فەهەمی بێ بەدی حەیاتی بەسێرەدی کەچی سیمای دەوری شەمێکه
تێگەیشتنی مرۆڤ لە ژیان سنووردارە بۆیە
ئەم دێڕە لەسەر تێگەیشتن لە ژیانە. مرۆڤ هەندێک جار ژیان بە شتێکی گەورە و بێسنوور دەبینێت، بەڵام لە ڕاستیدا وەک شەمێکە؛ ڕووناکی دەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی دەسوتێنێت و کەم دەبێتەوە
شەم وشەیەکی فارسییه واته مۆم لەم دێرەدا وێنەی ڕووناکییەکی لەناو تاریکیدا
واتە ئاگایی و زانستمان هەر چەند زۆر بێت بەرامبەر بە نهێنییەکانی ژیان هێشتا نەزانین.
لەخۆم دەست پێبکەم، دەمەوێ ئاوا ڕێ بکەم
ئێرەوە شاعیر لە قسەکردن لەسەر ژیانەوە دەگاتە خۆی. واتە گۆڕان نابێت لە کەسانی تر دەست پێ بکات؛ دەبێت مرۆڤ لە خۆیەوە دەست پێ بکات، ئەمە خاڵی وەرچەرخانەی ئەم دێرەیە شاعیر واز لە ڕەخنە گرتن لە جیهان دێهێنێت دەگەڕێتەوە بۆ خۆی.
کوا ئەمە شیعرە دڵنیابە گلەیی و زەمێکە
شاعیر لە خۆی دەپرسی: ئەمە شیعرە یان گلەیی؟ بە ڕوونی دەڵێت ئەم نووسینە تەنها جوانکاریی وشە نییە، بەڵکو دەرد، گلەیی و هەستی ناوخۆی و ئازاری ژیانە کە بەگلەیی و زەم تەعبیری دەکات.
دواتر هاودەمی ژینم، پڕ بار تەواوکەری دینم
شاعیر لێرە ئەو بیرۆکەیی بۆ دێت بگات بەهاودەمی ژیانی و تەواو کردنی ئەرکی مرۆڤایەتی و ئەڵێت: مرۆڤ تەنها خۆی ناتوانێت تەواوکەر بێت؛و بەتیا بژی بۆیە پێویستی بە هاودەم، بەرپرسیارێتی و باوەڕ هەیە. «پڕبار» دەتوانێت ئاماژە بێت بەو بارە ئەخلاقی و مرۆییەی کە مرۆڤ لە ژیاندا هەڵیدەگرێت.
ئەویش بەرهەمی خۆشەویستی بەرهەمێکە
لە ڕوانگەی شاعیرەوە ئەو خزمەت و کارە چاک و بەهەرهەمە جوانانەی مرۆڤ دەیکات، ئەگەر لە خۆشەویستییەوە سەرچاوە بگرن، بەرهەمی ڕاستەقینەیان دەبێت و بەخشین لەگەڵ خۆشەویستی گرێ ئەدات و بەخشینی ڕۆحی ئەگەر لەخۆشەویستییەوە نەهاتێبێت دەکرێت تەنیا کردارێکی دەرەکی بێت، و خزمەت بەبێ خۆشەویستی دەکرێت بگۆڕێت بۆ ئەرک؛ بەڵام خزمەت لەگەڵ خۆشەویستی دەبێتە بەخشین واقعی.
خۆشەویستی لەناو ئەم دێرەدا سەرچاوەی کردارە نەک هەست.
تۆ کە خاوەن خەزێنە و سامانی، دونیا پێنج و دوو ڕۆژێکە نیە ئامانی
«تۆ کە خاوەن خەزێنە و سامانی»
ئاماژەیە بە مرۆڤێک کە پارە، سامان، موڵک و دەسەڵاتی زۆری هەیە. بەڵام دێرەکە تەنها خاوەن سامان بوون کۆناکاتەوە؛ بەڵکو ئاگاداری دەکاتەوە کە سامان نابێتە هۆی مان و نەمرین.
«دونیا پێنج و دوو ڕۆژێکە»
لەناو ئەم دێرە «پێنج و دوو ڕۆژ» بە مانای ژمارەی ڕۆژکان نییە؛ هێمایەک لە کورتبوونەوەی ماوەی ژیان و ناپایداریی دنیا. واتە هەرچەند ژیان لەبەرچاوی مرۆڤ درێژ بێت، لە بەراورد لەگەڵ مێژوو و ئەبەدیەتدا تەنها ماوەیەکی زۆر کورتە.
وشەیە ئامانی کە لە کۆتایی دێرەکە هاتووە هەستی حەسرەت، ئاگاداری و داخ و خەفەت دروست دەکات؛ وەک ئەوەی بڵێت:
ئەی مرۆڤ، ئەو هەموو سامانەت بۆ چییە،لەوەی هەتبوو چەندت بەخشیووە کاتێک خۆت لە دنیا ماوەیەکی کەم دەتوانی بژی و ژیانت سنووردارە بۆیە شاعیر پرسیاری ئەوە ناکات کە مرۆڤ خاوەنی چییە و چی دەزانێت.
سامان هەموو شتێک نییە؛ چونکە مرۆڤ خاوەنی سامانە، بەڵام خاوەنی کات نیە پێم خۆشە لە ڕوانگەی عیرفانییەوە لێکدانەوە بکەم، دەڵێت دڵت بە دنیا مەبەستەوە؛ چونکە دنیا ماڵی هەمیشەیی نییە. ئەوەی لە مرۆڤ دەمێنێتەوە خەزێنە و سامانە نییە، بەڵکو کردار، مرۆڤایەتی و کاری چاکەیە کە بۆ خەڵکی دیکەی کردووە.
بەخشندە بە، حەقی سەهمی سەمێکە
بەخشندە بە، چونکە لە سامان و تواناکانتدا تەنها خۆت نییت؛ کۆمەڵگا و مرۆڤانی دەوروبەرتیش سەهمیان هەیە و بەخشین مافە و بەشێکە لە مرۆڤایەتی، مرۆڤ نابێت هەموو ئەوەی هەیەتی بۆ خۆی بیپارێزێت.
ئەی عاریف و ئەدیب و ولا، چەتری سێبەری تاوێ ولا
بانگەشەیەکە بۆ عارفان، ئەدیبان و مرۆڤی خاوەن تێگەیشتن و هۆشیار کە ببنە سێبەر و پەنا بۆ ئەوانەی لە گرمای ژیاندا و ولەدەست ئاڵۆزەییەکانی ژیان ماندوون.
خوسلداری سەر زمانی قۆمێ ئاوی زەم زەمێکە»
ئەم دێڕە بە وێنەی «زەمزەم» پەیوەندییەکی ڕۆحی و پیرۆزی هەیە. واتە مرۆڤی باش دەتوانێت وشە و کردارەکانی سەرچاوەی پاکی و ژیانبەخش بن، وەک ئاوێکی پیرۆز.
ئەم دێرە دێرێکی ئایین و مەعنەوییە بۆیە شاعیر ئەلێت زانین کاتێک بەبەهاییە کە بیبەخشین بە ژیان.
شەهادە و تەجربە لە پێ دەشتێ دەکەوێ کەخۆی دەبینێ لەبەر ئامێکا
شاعیر جیاوازیی نێوان شەهادە/زانین و ئەزموون دەخاتەڕوو. مرۆڤ زۆر شت بە قسە دەزانێت، بەڵام تا خۆی لەناویا نەژیا بێت ناتوانێت لە قووڵاییەکەی تێبگات.
ئەزموون و شایەدەتی ژیان زۆرجار لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆت دروست دەبێت. مرۆڤ کاتێک خۆی دەبینێت، دەزانێت چییە و چی نییە.
نازانێ لێرە کاتییە و دەڕوا چ بێ سوودە ویستی مەفایە
مرۆڤ دەبێت بزانێت میوانی ئەم جیهانەیە و ڕۆژێک دەڕوات. ئەگەر هەموو ویست و هەوڵەکانی بۆ شتی کاتی بن، لە کۆتاییدا پووچە.
کەسێک کە کاتیبوونی ژیان نازانێت، زۆرجار بەدوای شتێکی بێکۆتایی دەگەڕێت. شاعیر دەڵێت: ئەگەر بزانین دەڕۆین، بۆچی هەموو هەوڵەکانمان بۆ شتێکی بێسوود بێت؟
تەرازانە ڕێژانی لێواری جامێکە
وێنەیەکی زۆر جوانە: ژیان وەک جامێکە کە تا لێوار پڕ کراوەتەوە؛ هەر هەنگاوێکی زیاتر لە سنوور دەکرێت ببێتە هۆی ڕژان، ژیان پێویستی بە هاوسەنگی و تەرازویە.
ژیان لەسەر لێواری جامێک وەک تەرازوویەکی ناسکە. هەر هەنگاوێک دەکرێت هاوسەنگی بگۆڕێت. وێنەیەکی بەهێزە بۆ ناسکی و نائاساییی ژیان.
تۆ کە نیتە عەرشی عەرف بۆ خۆ دزینەوەت سەد هۆکار دێنی
ئەگەر مرۆڤ نەچێتە بەرەوپێشەوەی ناسین و عیرفان، دەتوانێت هەزار پاساو و بیانۆ بۆ خۆی بدۆزێتەوە. بەهانەکردن و بیانۆ گرتن ڕێگایەکی خۆدزینەوەیە لە ڕاستیی چونکە زۆربەی مرۆڤەکان لە پلەی زانین و عیرفاندا نین.
ئەتوانم بڵێم لە ڕوانگەی تەسەوەفەوە، وێنەی ئەو دەکەم کە ڕەخنەیە لە مرۆڤێک بێت کە دەیەوێت بەرەو حەقیقەت بڕوات، بەڵام نەفس، ترس، و بیانووەکانی خۆی دەبنە کۆسپ لەم ڕێگاکەدایە بۆیە بۆخۆدزینەوە سەد هۆکار دێنێت.
ئاسانترینیان گۆزەری ژیان و تامێکە
ئاسانترین بیانوو یان پاساوا هێنانەوە ئەوەیە بڵێین: «ژیانە، وا بووە، هەموومان ئەمەمان بەسەر هاتووە.» واتە مرۆڤ دەکرێت هەموو شتێک بە تامی ژیان و ڕۆژگار پاساو بدات، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ڕزگاربوون لە بەرپرسیارێتی.
شاعیر دەڵێت: هەموومان کۆچی دوایی دەکەین لە دونیای فانی، یان کات تێدەپەرێت بەڵام تێگەیشتن لە کاتی بوونی ژیان ناکرێ بێبێتە هۆی بێ هەڵوێستیمان.
وەلاهی دەست لەخزمەتکردن هەڵناگرم چونکە چاک ئەزانم، کۆتایم مردن و پۆشینی چەن مەترە خامێکە
ئەمە دێری کۆتایی کۆدێکی ئەخلاقییە چونکە شاعیر دەڵێت: من دەست لە خزمەتکردن هەڵناگرم، چونکە دەزانم کۆتایی ژیان مردنە و مرۆڤ لە کۆتاییدا تەنها بە چەند مەترێک کفنەوە دەڕواتە ژێر خاک. بۆیە شاعیر ئەلێت سامان، ناوبانگ ، پلە و خەزێنە لەگەڵ مرۆڤ نامێنێت، بەڵام ئەو بەخشین، خزمەت و خۆشەویستییەی لە پێناو مرۆڤایەتی بەجێی دەهێلێت مانادارەترە.
بۆیە پێش ئەوەی ژیان کۆتایی بێت، دەبێت لە خۆمان دەست پێبکەین و ببینین چۆن دەتوانین ببەخشین.
لەکۆتاییدا، ئەتوانم بلێیم ئەوەی مرۆڤ لە خەوی غافڵبوون هەڵبێت و بزانێت ژیان کاتییە، بەڵام کردارە مرۆییەکان وەک بەخشین و خۆشەویستی دەتوانن مانایەکی درێژتر لە ژیانمان بەجێبهێڵن. ئەوەی لەگەڵمان دەڕوات نە سامان نە ناوبانگە، نە پلە و دەسەڵات؛ بەڵکو ئەو خزمەت و خۆشەویستی و بەخشینەیە کە لە دڵی مرۆڤەکانمان بەجێمان هێشتووە.
مرۆڤ کاتێک حەقیقەت دەناسێت، دەزانێت بەهانەکان نابنە ڕێگای ڕزگاری؛ بەڵکو خزمەتکردن و بەخشینە کە ژیان پڕ لە مانا دەکات. چونکە کۆتایی هەموومان چەند مەترە خامێکە و کۆچێک بەرەو خاک. بۆیە پێش ئەوەی بەو کۆتاییە بگەین، با ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ خۆشکردنی ژیانی کەسانی دەوروبەرمان بیکەین؛ چونکە مرۆڤ بەوە ناژی کە چەندی هەیە، بەڵکو بەوە دەژی کە چەندی بەخشێوە و چەندی خزمەتی کردووە.
ژیان کورتە، بەڵام دەتوانین بە کردارە جوانەکانمان ماناداری بکەین ئەویش بەخشینە و جوانترین پێناسە بۆ مرۆڤ.