ڕۆژان: لە ئاهەنگی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی بەنرخ و گرنگی «ناڵەشکێنە»، کە بەرهەمی ساڵانێک ماندووبوونی هونەرمەند، نووسەر و توێژەر، کاک "قادر نەسیرینیا"یە و ژیان و گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، پێویستی بە دۆزینەوەیەکی نوێ و وردتر لە ژیان و بەرهەمی ئەم ئەستێرەی گۆرانیی کوردی جەختی لەسەر کرا.ئەم بۆنەیە ڕۆژی ٢٦ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥ لە سینەما بەهمەنی شاری سنە بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئەدەبی و هونەرییەکان، لەوانە محەمەد ناهید، ناصر رهوشەن، حوسێن محەمەدزادە و ڕەحیم لوقمانی، بەشدارییان کرد و هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە بەشێک لە لایەنە شاراوەکانی ژیان و هونەری حەسەن زیرەکیان خستەڕوو.
دکتۆر حوسێن محەمەدزادە لە قسەکانی خۆیدا حەسەن زیرەکی بە «دائرةالمەعارفی فۆلکلۆری کوردی» و "باخ"ی کورد ناوبرد؛ ناونانێک کە ڕەهەندی قووڵی بەستەر و کاریگەریی زیرەک لە پاراستن و گواستنەوەی میراتی گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی پیشان دەدات.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، گۆرانیبێژان، چەن گۆرانیەکی مامۆستا حەسەن زیرەکیان پێشکەش کرد و یاد و دەنگی ئەم گۆرانیبێژەی نەمر بۆ ماوەیەک هەوای سالۆنی سینەمای بەهمەنی سنەی گرتەوە. هەروەها کاری پێشکەشکردنی بەرنامەکە لەلایەن خەشایار مەتیپور بە شێوەیەکی باش و ڕێکخراو ئەنجام درا.
لە کۆتاییدا، کتێبی «ناڵەشکێنە» بە ئامادەبوونی میوانان و هونەردۆستان ناسێنرا و پەردە لەسەر ئەم بەرهەمە لادرا؛ کتێبێک کە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ ناسینەوەی زیاتر و خوێندنەوەیەکی نوێ لە ژیان، هونەر و میراتی ماندووی مامۆستا حەسەن زیرەک؛ ئەو ئەستێرەیەی کە دەنگی لە سنووری سەردەم و شوێن تێپەڕیوە و هێشتا لە گوێ و دڵی نەوەکانی کورددا دەژیت.
عیماد کهریمیان/ رۆژنامەوان