rojanpress.ir | پەردە لە سەر کتێبی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا» لادرا/ عیماد کەریمیان

پەردە لە سەر کتێبی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا» لادرا/ عیماد کەریمیان

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیران»، بەرهەمی توێژینەوەو کۆکردنەوەی مامۆستا «مستەفا ئاسوور»(هۆنەر)، لە هۆڵی یانەی ئۆمێدی خانەنشینانی سەقز بەڕێوە چوو.
لە دەستپێکی ئەم ڕێوڕەسمە کە لە لایەن هۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ کرا، دوکتور «شەهباز موحسێنی»، دوکتور «ئەحمەد ئەحمەدیان،» خاتوو «پەری کەرەمی» و مامۆستا «هەژان بابامیری» وتار و روانگەی خۆیان لەبارەی ئەو کتێبە رەنگینەو بابەتە پەیوەندیدارەکانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە بەشی ئەدەبی بەرنامەکەشدا، مامۆستا «ئاسۆ»، مامۆستا «کەریم دافعی»، مامۆستا «ئەمین گردیگلانی» و مامۆستا «خالید فەتاحی» هەر یەکەیان بە خوێندنەوەی شیعری رازاوە، رەنگ و بۆنێکی ئەدەبییان بەخشی بە بەرنامەکە.
هەروەها بەڕێزان: «هێمن ئاسوور»(کوڕی مامۆستا مستەفا)، «ئیمان ئاسوور»(کوڕەزای مامۆستا مستەفا)، «موحسێن بەرقیزانی» و «ئارەش خورشیدی» چەند پارچە مۆسیقای جوانیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، مامۆستا مستەفا ئاسوور سەرەڕای خێرهاتن کردن لە میوانەکان، لەبارەی چۆنیەتی ئامادەکردن و چاپی کتێبەکە و هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە شیعر و دەقە پەیوەندیدارەکان بە شاری سەقز، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و چەند پارچە شیعریشی ئاراستە کرد.
دوایین بەشی بەرنامە، پەردەلادان لە سەر ئەو کتێبە بەنرخە بوو لە لایەن هاوسەری بەڕێزی مامۆستا مستەفا ئاسوور.
شایانی باسە، پێشکەشکاری ئەم ڕێوڕەسمە هێژا «سارۆ کەریمی»  بوو و ئەرکی وێنەگرتنیش لە سەر شانی رێزداران: «ژوان حسێنی»، «نامۆ» و «فەربۆد باوەیی» بوو.
کتێبی «سەقز لە ڕوانگەی شاعیران» کە لە سەر ئەرکی بڵاوگەی «هەژان»ی شاری سەقز لە چاپ دراوە، هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە و ناساندنی ئەو دەق و شیعرانەی کە شاعیران لە سەردەمە جیاوازەکاندا لەبارەی شاری سەقز و شوێن و ناسنامە کەلتوورییەکەی ئەو شارە نازدار و خۆشەویستەی کوردستان نووسیویانە.
لە لایەن ستافی رۆژنامەی رۆژانەوە، زۆر بە گەرمی، دەستخۆشی لە مامۆستا مستەفا ئاسوور و گشت ئەو خۆشەویستانە ئەکەین کە ئەم کتێبە رەنگین و زەنگینەیان پێشکەش بە کتێبخانەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کردوە.

18 مرداد 1405, 00:43
بازگشت